Skip to Content

هاوڕازی بێداران … ستار ئەحمەد

هاوڕازی بێداران … ستار ئەحمەد

Closed
by ئایار 19, 2018 General, Poems

ئەی خوشكی شرینم
رۆژانە كشومات
بەسەر بوخچەی كچێنیتا رادەمێنی
گرێی ئەدەیت دەیكەیتەوە
هەتا لەدەست خەم و مەینەت
هەرەس دێنی
خۆت وەڵامی دڵەی زامت ئەدەیتەوە
شەوانەچاوەكانت سوور دەگەڕێن
وەلێ ناتوانی پشوودەی
ناچار بەدەم هەنسكەوە
بۆ ئازاری رۆژێكی دی
زۆر بەپەلەی
وادەزانی
سبەی لەئەمڕۆ چاكترە
بەڵام نەخێر
ژیانی كڵپەداری تۆ
تەوژمی گڕی ئاگرە
بۆ بەیانیت
بوخچەیەكی پڕ لەشیتاڵ
دەبێتە پەڕو باڵی داڵ
لەگەڵ زریانا كۆچ ئەكەی
هەتا ئێستا نەتتوانیوە
دەست بخەیتە ملی ئۆخەی
دەرگاكان لەڕووتا دادەخرێن
دڵسۆزێك پێت ناڵێت بەخێر هاتی
نیشانەی بابردەی تەمەنی نەهاتی
ئەوەتا شەقامێك لەئاستت
بزەیەك نادوێنێ
برایەك بۆ ژینی سووتاوت
ویژدانی مردووی
كڵپە ناسێنێ
بەهێدی دێیتەوە
قەوانی بەتاڵی
چەند ساڵەی ئەشكەنجە
دەڵێیتەوە
ئەی خوشكی شرینم
چاوەكانت
دەریایەكی سووری خوێنن
لەوێرانەی ماڵەكەمدا
ساوای دەروونی بێ ئۆقرەی من دەدوێنن
بۆ سبەی لەبوخچەی نهێینیت
كاڵایەكی مناڵانە دروست دەكەیت
دەیكەیتە بەر
كۆرپەیەكی بێ نازی هەڵبەستەكانم
بڕوا بكە هەموو شەویك بەچەشنی تۆ
بەسزاوە لەنوچدانم
جیاوازی من و تۆ
پەڕتووك و شیتاڵە
چەشنی تۆ زامدارم
هاوڕازم خەیاڵە

Previous
Next
Kurdish