Skip to Content

210 Views

لە رێنیسانس-هومانیزمەوە ڕووەو نوێسەردەمى ئەوروپى … کاوە جەلال

لە رێنیسانس-هومانیزمەوە ڕووەو نوێسەردەمى ئەوروپى … کاوە جەلال

Be First!
by May 19, 2018 General, Opinion, Slider
image_print

1

گۆڕانە هزرییەکان هەمیشە بەندن بە کارى خەباتئاساى هزرڤانانەوە، لێ لە زەمینەی کولتوورییان جیانابنەوە. ئاخر گەر ئەمە ئاوها نەبووایە، ئەوسا ڕێنیسانس-هومانیزمى ئەوروپى لە زۆر ناوچەى کولتووریى دیکەى دەرەوەى جیهانى کریستیانیدا دەهاتە ئاراوە، چونکە لەنێو ئەو کولتوورانەشدا هەردەم تاکەکەسان هەبوون کە خەباتیان بۆ ئازادکردنى مرۆڤ و گۆڕانی کۆمەڵایەتی کردووە. بۆیە هەڵە دەبین گەر باوەڕ بکەین، کە گۆڕانەکانى هزر و هونەر تەنیا پابەندى کارى تاکەکەسانن، بەمەش دەشێت هەمان جۆرى گۆڕان یان ئاوەڵابوونى هزر و هونەر لە ناوچەى دیکەشدا بێتە ئاراوە، ئەوجا بۆ نموونە لە بواری ئەدەبدا گۆڕانی ئەدەب وەک لای ئەوروپییەکان بەسەر کلاسیک و ڕۆمانتیک و مۆدێرنە و هتد دابەش بکرێت.
ئەم تێڕوانینە بە تایبەتی گۆڕانى ڕێنیسانس-هومانیزم دەگرێتەوە کە لە نێوان سەدەى پازدەیەم و هەڤدەیەمدا لە ئیتالیاوە بۆ نێو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا تەشەنە دەکات و لە نێوییەوە نوێسەردەمى ئەوروپى ئاوەڵا دەبێت. ئاخر ڕێنیسانس-هومانیزم کاریگەرییەکی ڕیشەیی لە گشت بوارەکانى هونەر و زانستەکان و فەلسەفەدا دەنوێنێت.

تێگەى هومانیزم لە لاتینییەوە وەرگیراوە و بە گشتى واتاى “هەوڵدان بۆ هومانێتى” (مرۆڤێتى) دەگەیەنێت، یان هەوڵدانە بۆ دامەزراندنێکى ئەوتۆی کۆمەڵگە بەڕێى فێرکارى و پەروەردەوە، کە لەتەک کەرامەتى مرۆڤ و ئاوەڵاکردنى ئازادیى تاکەکەسدا بگونجێت. لێ تێگەی هومانیزم لە واتایەکى تەسکدا بریتییە لە دیاریکردنى ئەو بزاوتە فیلۆلۆژى و کولتوورى و زانستییە کە لە سەدەى چواردەیەمەوە تا سەدەى شازدەیەم دەخایەنێت.
ڕێنیسانس و هومانیزم زۆر جار وەک سینۆنیم (مورادیف) بۆ یەکدی بەکاردەهێنرێن. لە بنەڕەتدا هەردووکیان هەمان ناوەرۆکیان هەیە، کە بریتییە لە “ئاوەڵاکردنى مرۆڤێتیى بەرجەستە و زیندوو”. تاکە جیاوازیى ئەم دوو واژەیە لە یەکدی ئەوەیە کە هومانیزم ئاوڕ بۆ نێو کولتوورى ڕۆمى ئەنتیکە دەداتەوە، لێ درەنگتر، بەتایبەتى دواى ڕاونانى گریکەکانى کۆنستەنتینۆبل لە لایەن تورکەکانەوە، ئەم جۆرە خەریکبوونە مرۆڤگەرایە یان ڕێنیسانس ئاوڕ بۆ نێو ئەدەب و کولتوورى گریکى ئەنتیکە دەداتەوە و دەیژێنێتەوە. هەر لێرەشەوە دەگەین بە واتاى ڕێنیسانس: “ژیاندنەوەى مرۆڤى ئازادى ئەنتیکە”.

ئەمەیە کێشە کرۆکیەکەى ڕێنیسانس: “مرۆڤ”، واتا ڕێنیسانس ڕوو دەکاتە ئەو زیندەوەرە یونیڤێرساڵە (گەردوونییە) کە ئاوەزمەندە و دەتوانێت جیهانەکەى ئاگامەندانە ڕێکبخات، هەروەها توانستى هزرین و جوانکاریى هەیە، بۆیە مافى هەیە بۆ ئەوەى توانستە مرۆڤییەکانى لەنێو کرۆکى خۆیەوە ئاوەڵا بکات. لێ ئەم مرۆڤە بۆ ماوەى نزیکەى هەزار ساڵ بە زەبرى دۆگمە ئایینییەکان نەوێنرا بوو، هاوکات ڕێى پێنەدەدرا “خۆى بەدیبهێنێت” (تەحقیق بکات) و گونجاو بە پێداویستییە مرۆڤییەکانى خۆى بژى، بە پێچەوانەوە، ئەم مرۆڤە ژیانێکى سادە و ناڕەخنەیى بەسەر دەبرد، بڕواى بە فریشتەى گووپن و شەیتانى پێمانگایى هەبوو، یان بە ئەودنیا و ئاشتبوونەوەى بەندەى گوناهبار لەتەک خودایەتیدا. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ناتوانین بەگونجاوى لە هومانیزم و ڕێنیسانس تێبگەین، گەر بەرەو پاش بۆ نێو چەرخى نێڤین نەگەڕێینەوە، چونکە لە بنەڕەتدا هومانیزم لەنێو هەناوى کڵێسەوە شکۆفە دەکات.
بێگومان فەلسەفەی هومانیزم و ڕێنیسانس دژبەرى ئایینى کریستیانى نییە. هومانیستەکان لە یەک ڕاستییەوە دەڕوانن، ئەمەش تێڕوانینێکە کە چە فەیلەسوفەکانى ئەنتیکەى گریک و ڕۆم، چە بیبل و “باوکانى کڵێسە” (پاتریستەکان) نوێنەرایەتییان دەکرد. هاوکات فەلسەفەى هومانیزم و ڕێنیسانس لە شێوازى کارکردنیدا هێشتا هەر بەندە بە شێوازى کارکردنى زانایانى چەرخى نێڤینەوە، ئەمەش لەو واتایەدا کە ئەم فەلسەفەیەش پابەندى تێکستەکانە و بە شێوەیەکى مەزەنەیى کار دەکات. سەرەڕاى ئەوە فەلسەفەى هومانیزم و ڕێنیسانس نوێیەتیى خۆى هەیە: ئێستا لەم فەلسەفەیەدا پەروەردەى کلاسیکى کێش بەسەر ئیمانى کریستیانییەوە پەیدا دەکات. ئاخر هومانیستەکان دەگەڕێنەوە بۆ نێو گاورێتیى ئەنتیکە و شێوازە پەروەردەییەکەی وەک نموونەیەک بۆ پەروەردەی سەردەم وەردەگرن. بەم شێوەیە هومانیستەکان هاوشێوەئ هزرڤانانی ئەنتیکە مرۆڤ بە هێز و توانستەکانییەوە دەهێننە نێو جیهانى ئەزموونەوە. هومانیستەکان نایانەوێت بوارە جیاوازەکانى ژیان و کولتوور، زانست و هونەر، بە شێوەیەکى یەکلایەنى لەنێو جیهانى کریستیانیدا ڕێکبخرێن، بەڵکو دەیانەوێت کۆمەڵگە بەڕێى فێرکارى و پەروەردەوە بە چەشنێک دابمەزرێنرێتەوە، کە ئیدی لەتەک کەرامەتى مرۆڤ و ئاوەڵاکردنى ئازادییە کەسییەکەیدا بگونجێت. لێ هومانیستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستەیان پرسیار و “مێتۆدە” هەبووەکانى زانستە سروشتییەکان بەهەند وەردەگرن و پاشان هەمان ئەم مێتۆدانە دەبن بە کێشەی سەروەرى فەلسەفەى نوێسەردەم.

2

شێوازى هزرینى چەرخى نێڤین بریتییە لە سکۆلاییزم، واتا پێگەیاندنى فێرگەیى. لێ پێویستە سکۆلاییزم لە دوو واتادا دیارى بکەین: سکۆلاییزم لە واتایەکى تەسکدا هزرینى فەلسەفەیى-فێرگەییە کە هەتا ڕێنیسانس پەیڕەو دەکرێت. ئەو دەمە فێرگەکان لەنێو کڵێسەکاندا بوون و پاشان لە سەدەى سیازدەیەمدا گوێزرانەوە بۆ نێو زانستگەکان. لێ سکۆلاییزم لە واتایەکى فراواندا شێوازى هزرینى ئەم چەرخە بەگشتى دەگرێتەوە.
بێگومان گەرچى سکۆلاییزم بەنێو سێ قۆناغى سەرەتا و باڵا و درەنگدا ڕەت دەبێت، سەرەڕای ئەوە وەک سەرجەم مۆرکێکى سەرەکیى هەیە: سکۆلاییزم بەندە بە تیۆلۆژى و سەروەریى کلێسە و بیبلەوە؛ زەمینەکەى بریتییە لەو تێڕوانینە بنەماییە کە واى دادەنێت هەقیقەتى ئیمان پێشتر لە لایەن تیۆلۆژییەوە پێناسە کراوە. پاشان مرۆ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە کە شایانى گرنگیپێدانن، پرس بە سێ دەسەڵاتەکەى بیبل و باوکانى کلێسە و ئەڕیستۆتێلیس دەکات، لێرەشدا ڕەچاوى وەڵام و پاساوەکانى ئەمان دەکات. مرۆڤ لە چەرخی نێڤیندا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بەبێ ئەم سێ دەسەڵاتە ڕاستى بدۆزێتەوە.
لە سەردەمى سکۆلاییزمى سەرەتادا (کە لە سەدەى نۆیەم هەتا سەدەى دوازدەیەم دەخایەنێت) دوو کێشەى کرۆکى زیت دەبنەوە: کێشەى دیالێکتیک و یونیڤێرساڵەکان (تێگەکان یان گشتێتییەکان). مرۆ لە پرسى دیالێکتیکدا هەوڵ دەدات ئەو کێشەیە ساغ بکاتەوە کە داخۆ ئاوەز (ڕاسیۆ) یان کڵێسە بڕیارى ڕاستى بدات. لێرەوە ناکۆکییەکى قووڵ دێتە ئاراوە کە بە “ناکۆکیى یونیڤێرساڵەکان” ناسراوە.

دەرچەی ناکۆکیى یونیڤێرساڵەکان بریتییە لە فەلسەفەى پلاتۆن، کە بوونێکى ڕەها بە ئیدێ دەدات، واتا بەو بوونەوەرە ئەزەلییانە کە تەنیا بە نووس (واتا بە ئاوەزى پەتى) شیاوى لێڕوانین و بەمەش ناسینن، بۆ نموونە یونیڤێرساڵەکانی مرۆڤ، ئەسپ، ڕووەک، کە کرۆکین بە خودی زیندەوەرە ناوبراوەکان. ئەم هەڵوێستە هزرییە ناو دەنرێت “ڕیالیزم”، چونکە ئیدێکان بە ڕیال، واتا بە هەبوو، دادەنێت. بۆ نموونە بەگوێرەی بوونەوەرێکی تایبەت کە مرۆڤە، ناو لە زیندەوەرێکی دووپێی ئاوەزمەندی پەیڤەر دەنرێت. بە واتایەکى دی، تێگەکانى هزر بۆ ڕیالیستەکان بریتین لە کرۆکى هۆشەکی. ئەوان هەبوونی ئەو تێگانە پێش هەبوونى شتە تاکە ماتەرییەکان دادەنێن. لەم ڕوانگەیەوە یونیڤێرساڵەکان سەربەخۆ لە ئاگایی مرۆڤ هەن و دەشێت وەک بناغەی بڕیاردانی (حوکمی) لۆگیکی دابنرێن، بۆ نموونە بکەری “مرۆڤ” و هەڵگیراوی “ئاوەزمەند” بە یاریدەی ئامرازی پەیوەندیی “ە” پێکەوە گرێ بدرێن و وەک سەرەنجام ئەم بڕیارە دەکەوێتەوە: “مرۆڤ ئاوەزمەندە”. هەڵوێستە دژبەرەکەى ئەم شێوازە هزرینە بریتییە لە نۆمینالیزم (ناوگەرایى) کە سەرجەم تێگە گشتییەکان بە “ئەبستراکسیۆن” (تجریدکردن) و هێما دادەنێت. لەم ڕوانگەیەوە تێگەکانی مرۆڤ و ئەسپ و مێز هەبووی ڕیال نین و سەربەخۆ لە مرۆڤ هەبن، بەڵکو تەنیا دروستکراوى مرۆڤن و مرۆڤان لەسەر بنەمای ڕێککەوتن (ئیتیفاق) بەکاریان دەهێنن. لەم ڕوانگەیەوە مرۆ لە هەر بابەتێکی مەبەستلێبوو ئەدگارە تایبەتییەکانی دادەماڵێت تا بە تێگەیەکی گشتی دەگات: لە هەر چوارپێیەک مۆرکە تایبەتییەکانی وەک گوێی تایبەت، قەوارە و موو و هتد دادەماڵێت تا دەگات بە تێگەی ئاژەڵەکە. بۆ نموونە رۆسێلین (1050-1125) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى ناوگەرایى، هەبوون (ئەکزیستێنس) تەنیا بەو بابەتانە دەدات کە مرۆڤ بە ئۆرگانە سێنسییەکانى خۆی دەرکیان دەکات، واتا دەیان بینێت، دەیان بیستێت یان بۆنیان دەکات و هتد. کەواتە کاتێک ڕیالیستەکان هەبوونی ڕاستەقینە بە تێگەکانى هۆش دەدەن، ئەوا ڕۆسێلین ئەو تێگانە بە هێما دادەنێت و ناویان دەنێت “هەواهەناسەى بە دەنگ دروستکراو”. لێ لەم تێڕوانینەى ڕۆسێلینەوە دەرەنجامێکى پڕمەترسی دەکەوێتەوە: ئەگەر تێگەکان تەنیا هێما بن، ئەوا ترینێتى (واتا سێیەکێتیى خوداباوک، کوڕ و گیانى پیرۆز) هیچى دیکە نین جگە لە تێگەیەکى ئەبستراکت کە لە سێ توخم پێکهاتووە، ئەمەش تێڕوانینێکى بێئیمانانەیە، بۆیە ڕۆسێلین ساڵى 1092 ناچار بوو بیکشێنێتەوە.

لە رەوتى ئەم ناکۆکییەى یونیڤێرساڵەکاندا هێدى هێدى ڕیالیزمێک خۆى دەسەپێنێت کە تێگەکان بە هەبووی ڕیال دادەنێت و دەبێژێت، گۆیا تێگەکان ئیدێى خودان و شتە ماتەریەکانیش بەگوێرەی ئەو تێگانە دروست کراون. لێ بەم گۆڕانە نوێیە ناکۆکیى یونیڤێرساڵەکان دانامرکێتەوە. لە سەردەمى سکۆلاییزمى باڵادا کە دەکەوێتە نێوان سەدەى سیازدەیەم و سەرەتاى سەدەى چواردەیەمەوە، زانستگەى نوێ دادەمەزرێنرێن، هەر لەم سەردەمەشدا نووسینە زانستى-سروشتییەکانى ئەڕیستۆتێلیس، هەروەها بەرهەمى زانایانى جولەکە و موسڵمان، دەناسرێن. ئێستا زانایانى کریستیانى هەوڵ دەدەن ئەو مەئریفانە کە لەنێو ئەو بەرهەمانەدا هەبوون، بە دۆگمى کلێسە بگونجێنن.

تیۆلۆژ و فەیلەسوفی ئیتالی تۆماسی ئەکوینی (1225-1274) یەکێکە لەو فەیلەسوفانە کە لە پێناوی ئیماندا هەوڵێکی بەو چەشنە دەدات، ئەوەش بە تێکهەڵکێشکردنی فەلسەفەی پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس. بە واتایەکی ڕوونتر ببێژین: تۆماس هاوشێوەی ئەڕیستۆتێلیس شتە تاکە نێوجیهانییەکانی شیاوی دەرککردن وەک زەرووری بۆ هزرین دادەنێت، لێ هاوکات هەندێک تێڕوانینی پلاتۆن لە تیۆریی ئیدێکانییەوە وەردەگرێت، بەمەش باوەڕ دەکات کۆتایی بە ناکۆکیی یونیڤێرسالەکان بهێنێت.
بە دیدی تۆماسی ئەکوینی جیهان تەنیا ریالیزەبوونی (تەحقیقبوونی) بەردەوامی ئاوەزی خودایە. خودا تەنیا بەڕێی خودی خۆیەوە زانینی هەیە، بۆیە خودا بریتییە لە کردەکێتیی پەتی (actus purus)، واتە خودا شیمانەیی نییە و بەمەش بەڕێوە بێت بۆ بوون بە شتێکی جارێ نەبوو. خودا وەک کردەکێتیی پەتی لە ئەزەلەوە فۆرمی سەرجەم شتە سروشتییەکانی هزراندووە، پاشان لە ڕەوتی ئەفراندنی جیهاندا ئەو فۆرمەی لەنێو ماتەریدا ئاوەڵا کردووە – هاوشێوەی دارتاشێک کە سەرەتا فۆرمی مێزێکی لەنێو هۆشدایە و پاشان فۆرمەکە بە کەرەسەی تەختە ڕیالیزە دەکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەموو بوونەوەرێک دوو فاکتەری هەیە کە بریتین لە ماتەری (کەرەسە) و فۆرم، لێ هەردووکیان لە پەیوەندییەکی نێویەکیدان. فۆرم دیاریکەری ماتەرییە، بەمەش هەقیقەتی پێدەدات. جگە لەوە هەموو بوونەوەرێک (چۆلەکە، گوڵەباخ و هتد) بە تاکە نموونەی یەکجار زۆر هەیە، لێ هەر تاکە نموونەیەک فۆرمی ناخەکیی هەیە و فۆرمەکەش وەک چۆنێتی بەنێو ماتەریی نموونەکەدا ئاوەڵا بووە. بۆیە ماتەری کە هەمیشە چەندێتییانە دیاریکراوە، بنەمای بوونی هەر تاکێکە و لە هەر تاکێکی دی جیای دەکاتەوە. بەم پێیە گشتێتی (فۆرم) لەنێو تاکدایە، تاکیش لە بوونی خۆیدا بەڕێی کرۆکییەوە گرێدراوە بە تاکانی جۆرەکەی خۆیەوە. هەر گوڵەباخێک فۆرمی بە خۆ تایبەتی هەیە، لێ وەک گوڵەباخ سەر بە جۆرەکەی خۆیەتی کە جۆری گوڵەباخە و جیاوازە لە جۆری گوڵەهێرۆ یان دالیا و هتد.

لەم ڕوانگەیەوە تۆماسی ئەکوینی ڕایدەگەیەنێت: گەر ئیمان دژبێژیی ئاوەز بکات، ئەوسا سەرپێچیی ئەو جیهانە دەکات کە ئاوەزی خودا ئەفراندوویەتی. جگە لەوە تۆماس پێشتری دەدات بە ئاوەزی خودا و ویست ی خودا لەژێر ڕکێفی ئاوەزی ئەودا دادەنێت، لەبەر ئەم هۆیە ناشێت خودا شتێکی بوێت کە دژبەری ئاوەز بێت. جگە لەوە گەر جیهان تەنیا ڕیالیزەبوونی بەردەوامی ئاوەزی خودا بێت، ئەوا دەبێت جیهان خاوەنی بەها بێت و ئاوەزی مرۆڤیش بتوانێت لە جیهانی ئافرێنراوەوە بە خودا بگات. لێ چۆن ئاوەز لای خودا پێشتریی لە ویست هەیە، بە هەمان شێوە لای مرۆڤیش پێشتریی لە ویست هەیە، چونکە مرۆڤ بەڕێی زەینییەوە لە خودا دەچێت. ئاشکرایە مرۆڤ لە جیهانی ئافرێنراوی خودادا دەرککردنی سێنسیی (مەحسوسی) هەیە کە هەردەم دەرککردنی شتی تاکە، لێ مرۆڤ دەتوانێت زەینی چالاکی خۆی بەکاربەرێت تاکو لە دەرککردنەکانییەوە ئیدێی یونیڤێرساڵ یان مەئریفەی بەگشتی چواندوو تەجرید بکات. مرۆڤ بەو ڕێیەوە بۆی دەلوێت کرۆکی شتەکان و پاشان ئەدگارە بەڕێکەوتەکانیان بناسێت.

بەم شێوەیە تۆماسی ئەکوینی جیاوازی لە نێوان سێ جۆر یونیڤێرساڵدا دەکات: یەکەم، ئەو یونیڤێرساڵانە کە لەنێو ئاوەزى خودایەتیدا دێنە ئاراوە و لە پێش شتە تاکەکانەوە هەن، بۆ نموونە بوونەوەرەکانی وەک مرۆڤ، ئەسپ، گوڵەبەڕۆژە و هتد؛ دووەم، ئەو یونیڤێرساڵانە کە وەک گشتێتى لەنێو شتە تاکەکاندا هەن و هەر کۆمەڵەیەکی تایبەتییان بەند دەکەن بە جۆرێکی تایبەتەوە؛ سێیەم، ئەو یونیڤێرساڵانە کە لەنێو زەینى مرۆڤدا، واتا پاش شتە تاکەکان، هەن.
لێ دەنس سکۆتوس (1266-1308) کە تیۆلۆژ و فەیلەسوفێکى سکۆتلەندییە، بە پێچەوانەى تۆماسى ئەکوینى، هزر دەخاتە ژێر رکێفى ویستەوە. سکۆتوس بەم هەڵوێستە دەیەوێت هاتنەئاراى زانینی مرۆڤ لە سەروەرێکى گەردوونى ڕزگار بکات. سکۆتوس لە لایەک لەتەک ڕیالیزمە میانەڕەوەکەى تۆماسى ئەکوینیدا یەکدەگرێتەوە، لێ لە لایەکى دی پێشتریی بە ویستى مرۆڤ دەدات. لە بنەڕەتدا بەم پێشتریدانەی ویستەوە بەرزنرخاندنى ئازادى لکاوە. ویست لە ڕوانگەى سکۆتوس لەژێر ڕکێفى هیچ ڕێنومایەکدا نییە، بەڵکو تەواو ئازادە.

لە سەردەمى سکۆلاییزمى درەنگدا کە دەکەوێتە نێوان کۆتایى سەدەى چواردەیەم و سەدەى پازدەیەمەوە، کاریگەریى زانست پەرەدەسێنێت. ئێستا بەرەى ناکۆکییەکان لە نێوان هەردوو ڕێبازەکەى تۆماسى ئەکوینى و دەن سکۆتوسدا بەش دەبن. رۆجەر بەیکن (1214-1292) کە فەیلەسوفێکی ئینگلیزییە، بە زەحمەت دەتوانین لەنێو سکۆلایزم یان ڕێنیسانسدا دایبنێین، لێ پێکانی بەزۆریی لەنێو ئاڕاستەی دووەمدان. ئەم بە ئاشکرا ڕووی دەمی دەکاتە مرۆڤ و پێی دەبێژێت: “واز لەو خەڵکە بێنە با هەر قسەی خۆیان بکەن. بڕۆ ڕێگەی خۆت بگرە بەر”. بەیکن داوا دەکات کە پێویستە زانست لە تیۆلۆژى جیا بکرێتەوە و بە شێوەیەکى ئەمپیرى، واتا پێکەوە لەتەک ئێکسپێریمێنت (تەجروبەى زانستى) و ماتماتیکدا، بەگەڕ بخرێت. گەر تەجروبە زانینێک نەڕاستێنێت، ئەو زانینە بێبەهایە. بەیکن نووسراوى قەبەى سکۆلاییستەکان وەک بێسوود دادەنێت. ئەم بە پێویستی دەزانێت کە ئەزموون و پێوان و بەڵگەى ئاوەز بخرێنە جێی سەروەریى کلێسە و دۆگمەکانی، یان تەنانەت بە پێویستى دەزانێت کە ماتماتیک و فیزیک بخرێنە جێى تیۆلۆژى. لێ کاتێک بەیکن لە بوارى زانستە سروشتییەکاندا داواى گەڕانەوە بۆ خودى شتەکان دەکات، ئەوا لە زانستە هۆشەکى (مرۆڤایەتى) و زمانەوانییەکاندا داواى گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکان و دیراسەى خودى ئەو زمانانە دەکات، ئەمەش تێڕوانینێکە کە پاشان لە هومانیزمدا بە تەواوى بەدیدەهێنرێت. بە دیدی بەیکن سکۆلایستەکان شارەزاییان لە زمانە بیانییەکاندا نییە. بۆ نموونە، وەک ئەو دەبێژێت، تۆماسی ئەکوینی کتێبی قەبە لەبارەی ئەڕیستۆتێلیس دەنووسێت بەبێ ئەوەی گریکی بزانێت و بەمەش بتوانێت نووسینەکانی ئەو بە زمانی خۆی بخوێنێتەوە. بۆیە بەیکن خۆی تەنانەت دوو کتێب لەسەر ڕێزمانی حیبری و گریکی دەنووسێت.

لە لایەکى دیکەوە ویلیەم ئۆکهام (1285-1347) کە تیۆلۆژ و فەیلەسوفێکى ئینگلیزى و نوێنەرێکى ناوگەراییە، لایەنى ئەو هەوڵانە دەگرێت کە دەدرێن بۆ جیاکردنەوەى هزرى زانستى لە بنەما تیۆلۆژییەکان. بە دیدى ئۆکهام زانینى هۆشەکیى مرۆڤ تەنیا لە ئەزموونە سێنسیەکانى مرۆڤ خۆیەوە سەرهەڵدەدات. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە زانین ئەوەندەی پێویستە کە ڕوانینی خۆى لە شتەکانى جیهانى دەرەوە بەهەند وەربگرێت، یان گرنگی بە تێڕوانینە پەرچێنراوەکانى خۆی بدات. لەم ڕوانگەیەوە سەرچاوەى زانینى شتە ڕیالەکان لەنێو ڕوانینی سێنسیانەی خودی مرۆڤدایە. مرۆڤ لێرەوە بەڕێى ئەبستراکتکردنەوە (تەجریکردنەوە) تێگەی گشتى و ڕستەکان دەهێنێتە ئاراوە، لێرەشەوە بەو توخمانە دەگات کە زانست بۆ کارکردنەکەى خۆى پێویستى پێیانە. کەواتە “کرۆک” (تێگە)، لە ڕوانگەى ئۆکهام، بۆ زانینى شتەکان پێویست نییە.

3

هومانیزم-ڕێنیسانس دەکەوێتە نێوان سەدەکانى 1400 و 1600. هومانیزم دەیەوێت مرۆڤێتیى بەرجەستە و زیندوو ئاوەڵا بکات، واتا مرۆڤ لەنێو نرخە خۆییە سروشتییەکەیدا وەردەگرێت و پێناسەی دەکات، ئەوەش هەڵوێستێکە کە پێچەوانەى تێڕوانینى سەروەرى کلێسەیە. کەواتە بزووتنەوەى هزرى لە غەیبانییەتەوە وەردەچەرخێنرێت و ئاڕاستەى ئەمدنیا دەکرێت – دەکرێتەوە. ئەم بزاوتە سەرەتا لە بوارى ئەدەب و هونەردا دەگەشێتەوە، پاشان بۆ نێو بوارەکانى دیکەى زانست و فەلسەفە تەشەنە دەکات.
سەدەى چواردەیەم بریتییە لە سەدەى نەخۆشى و جەنگ: جەنگى سەدساڵەى نێوان فەڕەنسا و ئێنگلاند (1339-1453)، تەنینەوەى تاعون بە سەرجەم ئەوروپادا (لە 1347 بەدوواوە). هەروەها لە نێوان سەدەی چواردەیەم و شازدەیەمدا دەسەڵاتی گشتگیری پابەند بە پاپا و کایزەرێتی لە ئەڵمانیا تێکدەشکێت و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی فیۆدالی هێدی هێدی بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات. ئێستا دەوڵەتانی سەربەخۆ، کە لە هەر یەکێکیاندا گەلێک بە زمان و کولتوورێکی تایبەتییەوە دەژی، جێی ئەو ڕیکخراوە کۆمەڵایەتییە دەگرنەوە. دەوڵەتی فیۆداڵی دەبێت بە دەوڵەتی فەرمانبەران و دەسەڵاتێکی سەنترالی جێی سەروەرانی فیۆدال و ڤازالەکانیان (پیاوانی دەست و پێوەندیان) دەگرێتەوە. جگە لەوە لە سەردەمی هومانیزم-ڕێنیسانسدا بواری ئابوورى هەڵچوونێکى نوێ بە خۆوە دەبینێت، هەروەها دۆزینەوەى نوێ لە شارەکانى ئیتالیادا کاریگەری لەسەر هاتنەگۆڕێی گۆڕانی نوێ دەنوێنێت. نوێکارییە تەکنیکییەکان، بۆ نموونە گۆڕانپێدانى کۆمپاس، دۆزینەوەى بارووت، سەئاتى بەکرەیى و سەئاتى ئیسپرینگدارى شیاوى قورمیشکردن، هەروەها تەشەنەى دەرهێنانى پترى کەرەسەى خاو لە زەوی، لە مۆرکە سەرەکییەکانى ئەم سەردەمەن و پتر هانی مرۆڤان دەدەن کە هەوڵ بدەن بۆ ئەوەى بە دەستکەوتى مەزنتر بگەن.

لێ گرنگترین گۆڕانى ڕێنیسانس بریتییە لە تێکشکانى گەردووندیدیى جیۆسەنترى کە لە گریکى کۆن و چەرخى نێڤیندا نوێنەرایەتى دەکرێت. بەبێ دیاریکردنى ئەم گۆڕانە هەرە کرۆکییە نە دەتوانین بەگونجاوى لە فەلسەفە و هونەرى نوێسەردەم و مۆدێرن تێبگەین، نە دەتوانین لەو بەرهەمخستنەوە قۆناغدروستکەرانە تێبگەین کە لە بوارى زانستە سروشتییەکان و تەکنۆلۆژیادا ئەنجام دران.
لە ڕێنیسانسدا گەردووندیدییە جیۆسەنترییەکەی ئەڕیستۆتێلیس هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئەویش بە ڕاگەیاندنی بێدوایەکێتیى فەزا (ڕاوم) و دابڕینی لە شتەکانی نێوی. بۆیە پێش ئەوەی بچینە نێو ئەم گۆڕانە قۆناغچێکەرەی ڕێنیسانسەوە، گەرەکە ئاوڕێک لە گەردووندیدییەکەی پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس بدینەوە و بە کورتی دیارییان بکەین. لە بنەڕەتدا پلاتۆن لە دیالۆگی “تیمایۆس”دا یەکەم هەوڵی فەلسەفەیی دەدات بۆ ئەوەی تێگەی فەزا دیاری بکات. پلاتۆن لەوێدا دەبێژێت کە دوو تێگەکەی بوون و ئارایی (سەیرورە) بەس نین بۆ ڕاڤەی گەردوون، بەڵکو دەبێت ڕەگەزێکی سێیەم ڕوونبکرێتەوە کە ئارایی “لەخۆدەگرێت”، ئەویش فەزایە. کەواتە سەرجەم دۆخگۆڕییەکانی نێو جیهانی ئەزموون (ماتەری) لەنێو فەزادان. پاشان ئەڕیستۆتێلیس ئەم ڕەگەزەی سێیەم کە پلاتۆن گریمانەی دەکات، وەردەگرێت و دەیکات بە دەرچەیەک بۆ هزرینەکانی خۆی لە پرسی بزووتن، واتە بەم ڕێیەوە ڕوو لە پرسی فەزا دەکات. ئەڕیستۆتێلیس فەزا ناودەنێت کۆی سەرجەم ئەو جێیانە / شوێنانە کە شتەکان تێیاندان.

لەم ڕوانگەیەوە جێ / شوێن بەشێکە لە فەزا، هەروەها سنووری جێ لەتەک جەستەی جێ-گردا / شوێن-گردا (شوێن-پڕکەرەوەدا) یەکدەگرێتەوە. جگە لەوە بزووتن هەمیشە سێ فاکتەری هەیە کە بریتین لە شوێن/جێ و بۆشایی و کات. لێ بزووتن لەنێو گەردوونێکی داخراودایە (دوایەکیدایە) و ئەڕیستۆتێلیس دابەشی دەکات بەسەر دوو کایەی سەروو و ژێر مانگدا. کایەی ژێر مانگ کایەی چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگرە، لێ کایەی سەرووی مانگ کایەی پلانێتەکانە کە لەسەر تەبەقە ئەزەلییەکان چەسپێنراون و کایەکەش بە ئاسمانی ئەو ئەستێرانە کۆتایی دێت، کە ئەو دەمە ناودەنران ئەستێرە سرەوتووەکان، چونکە ئەوها بۆ چاو دەردەکەوتن و وەک ڕێنومای گەشت دادەنران. ئەمیان بریتییە لە کایەی توخمێکی پێنجەم کە ئەڕیستۆتێلیس وەک نەگۆڕ و ئەزەلی دەیبینێت و ناوی دەنێت “ئەسیر”. جگە لەوە ئەستێرە سرەوتووەکان و تەبەقی گۆئاسای ئاسمان بە خێرایی نەگۆڕی خولگەیی و نەبڕاوە بە دەوری گرێژنەی زەمیندا دەخولێنەوە. ئەمە کایەیەکی نەمرە بە پێچەوانەی کایەی ژێر مانگ کە تێیدا زەیندەوەرە بمرەکانی وەک مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک هەن، یان تێیدا چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر بۆ نێو یەکدی دەگۆڕرێن. لێ ئەڕیستۆتێلیس لەپاڵ ئەم دوو کایە ناوبراوەی دۆخگۆڕی و دۆخنەگۆڕیدا بنەمایەکی دیکەی نەشیاوی دەرککردن وەردەگرێت کە هەمیشە لەتەک خۆیدا یەکە و پاڵنەری بزووتنە. ئەڕێستۆتێلیس ئەم بنەمایەی سێیەم ناودەنێت بزوێنەری نەبزۆک و وەک فۆرمی پەتی دایدەنێت، واتا بە دیدی ئەو بەدەرە لە ماتەری و بە هیچ شێوەیەک لەنێو فەزادا نییە. ئەڕیستۆتێلیس ئەم بنەمایە وەک نەبزۆک دادەنێت، چونکە گەر ئەوها نەبێت، ئەوسا شیمانەی دۆخگۆڕیی لە خۆدەگرێت، بەمەش نابێت بە بزوێنەری یەکەم، ئەوجا هۆکار-ئەنجام، هۆکار-ئەنجام هۆکاری ئەنجام تا بێدوایەکی دەخایەنێت، واتا بەبێ خودایەک ڕەوشێک لەگۆڕێ دەبێت، کە بەتایبەتی لە ڕووی مۆرالەوە بۆ ڕەفتاری نێوجیهانییانەی مرۆڤ پڕکێشە دەبێت.

گەردوونی چەرخی نێڤین بە هەمان شێوە دابەشێنراوە بەسەر کایەی ژێر و سەرووی مانگدا. یەکەمیان بریتییە لە “جیهانی تایبەت بە دۆخگۆڕی و بەسەرچوون”، دووەمیان بریتییە لە “جیهانی ئەبەدی”. هەروەها لە چەرخی نێڤیندا هەموو شتێک خوداییە، مرۆڤیش لەژێر چاودێریى خودایەتیدا دەژی و کردار دەنوێنێت. چۆن ژیانى مرۆڤ لە خوداوە سەرەتا دەگرێت و لاى خوا کۆتایى پێدێت، بە هەمان شێوە گەردوونیش داخراوە. مرۆ هەروەها ئەڕیستۆتێلییانە پێشبینیی ڕاوم (فەزا) دەکات و وەک دوایەکى و بە جەستە پڕبۆوە دایدەنێت.
لە رێنسانسدا ئەم گەردووندیدیەی ئەڕیستۆتێلیس هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئەویش بەوە کە ئێستا فەزا وەک سەربەخۆ لە شتەکان دادەنرێت. وەک جۆردانۆ برونۆ دەبێژێت: فەزا هەر دەمێنێت، گەر تەنانەت سەرجەم شتەکانی نێوی لێدەربکێشرێن. کەواتە سەربەخۆیە، جگە لەوە فەزا نە گەوهەرە و نە ئەدگار، نە چالاکە و نە ناچالاک؛ فەزا دەچێتە نێو هەر شتێکەوە و بە هەموو جێیەکدا دەتەنێتەوە. کاتێک مرۆ لە ئەنتیکە و چەرخی نێڤیندا لە ئیدێی بێدوایەکێتی دەترسا، ئەوا ئێستا لە ڕێنیسانسدا خۆی بۆ ئاوەڵا دەکات و وەک پێشمەرجی گۆڕان دەیبینێت. جگە لەوە بێدوایەکێتیی گەردوون لەتەک دیارینەکراوییەکەیدا یەکدەگرێتەوە. ئاخر لەبەر ئەوەی گەردوون بگۆڕ و کۆنتینگێنتە (بەڕێکەوتە)، ئەوا ڕێ بە دیاریکردنی ڕەها نادات، ئەوجا لەبەر ئەوەی گەردوون ڕێ بە دیاریکردنی ڕەها نادات، ئەوا دەبێت بێدوایەکی بێت و زانستیانەش بە شێوازی بێدوایەکی بپێورێت.

لێ ئایا ڕاگەیاندنی بێدوایەکێتیی گەردوون لە ڕێنیسانسدا چە واتایەکی پوخت دەگەیەنێت و بۆچی قۆناغچێکەرە؟ بەو ڕاگەیاندنە پێشبینیی فەزای پانتایی (پانی و درێژی) هەڵدەوەشێنرێتەوە، واتا ئێستا فەزا وەک سێئاڕاستەیی دادەنرێت. کەواتە فەزا هەروەها لەپاڵ پانی و درێژیدا خاوەنی قووڵییە. ڕوونتر ببێژین، فەزا لە هەر سێ ئاڕاستەکەی پانی و درێژی و قوڵیدا ڕووەو بێدوایەکێتى دەڕوات. لێ ئەوە لە بنەڕەتدا ئاڕاستەى سێیەمە، واتا قووڵییە کە دوانەکەى دى لەتەک خۆیدا بۆ نێو بێدوایەکێتى دەبات. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە: گەر مرۆڤ بە درێژایى هەزار ساڵ بە جیهانبینییەکى داخراو خرابێتە نێو گەردوونێکى دوایەکیى داخراوەوە و لەژێر چاوى خودایەتیدا دانرابێت، هەروەها گەر گەردوون وەک بە جەستە پڕبۆوە پێشبینى کرا بێت و لێوەى گەردوونناسییەک بۆ سەرجەم هزرین و ڕەفتار ئامادە کرا بێت، ئەوا ئایا چى بەسەر مرۆڤى ئەو نێوەندە کولتووریەدا دێت، گەر گەردوونی داخراو و بە جەستە پڕ بۆوە نەمێنێت، بەڵکو تێڕوانینێکى نوێ لەبارەی گەردوونێکى بێدوایەکى و سەربەخۆ لە جەستەکانى نێوى سەرهەڵبدات؟ ئێمە دەتوانین ببێژین کە هزر و ڕەفتاری ئەو مرۆڤە دەشێوێن. هزرى مرۆڤ دەشێوێت، چونکە بەرانبەر بێدوایەکێتیى فەزا بۆ دەرەوە، بێدوایەکێتیی هزرینى خۆیى دەوەستێتەوە، کە مرۆڤ دەبێت چارەسەری هزریی بۆ بدۆزێتەوە، چونکە هزرین ڕۆچوونێکە بۆ نێو بێدوایەکێتى. بێگومان هەروەها ڕەفتاریشى دەشێوێت، چونکە دواى نەمانى چاوى چاودێریکەر و داڵدەدەرى خودایەتى لە سەرەوە، دواى دەرکێشانى زەوییەکەى لە سەنتەرى گەردوون و نەمانى هیچ سەنتەرێک، ڕەفتاریشى دووچارى شێوان دەبێت. لێرەوە گومان سەبارەت بە هەر شتێکى هەبوو دێتە ئاراوە، یان گەر مرۆڤ خەریکى زانست بێت، ئەوا ناچارە لەنێو خۆیدا “پنت”ێک دیارى بکات تاکو لەسەری بووەستێت و لەنێو خۆیەوە جیهان بنیات بنێتەوە. هەر لێرەشەوە ئیدێی پێشکەوتن (ئەلتەقەدوم) سەرهەڵدەدات و لە سەردەمانی درەنگتردا تەنانەت دەکرێت بە ئیدۆلۆژی. ئاخر گەر گەردوون بێدوایەکی بێت و زەمینیش چیدی سەنتەر نەبێت، ئەوا لەوە دەچێت کە مرۆڤ خۆی لەسەر ڕێگەیەکی نەبڕاوە ببینێتەوە: بەردەوام بەرەو پێش بڕوات.
زاناى ئەڵمانى نیکۆلاوس کوزانوس (1401-1464) کە لە کلێسەدا پایەگاى کاردینالى هەبوو، پێگەیەکی دیاری لەنێو فەیلەسوفانی هومانیزمدا هەیە. کوزانوس یەکەم زانایە کە ڕایدەگەیەنێت گەردوون بێدوایەکییە. بە دیدی ئەو زەمین لە نێوەندی گەردووندا نییە، چونکە فەزای بێدوایەکی بەدەرە لە هەر سەنتەرێک. ئەم تێڕوانینە لە سەدەی چواردەیەمدا وەک لوتکەی کوفر دادەنرا.
کوزانوس لە هزرینیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکانى فەلسەفاندنى پێشسۆکراتى و سۆکراتى، هەروەها ڕوو دەکاتە میستیکى سکۆلاییزمى سەرەتا. بە دیدی ئەو دانەوەی ماتماتیکییانەی بابەتەکانى ئەزموون هیچى دیکە نییە جگە لە سەرەنجامى ڕاڤەکردنەکانى خودی مرۆڤ. ئەوە مرۆڤە کە بە هزرى خۆى خەریکی بەماتماتیکیکردنە، واتا ئەوە مرۆڤە کە هەقیقەت دروست دەکات، هەر بۆیە ئەم هەقیقەتە لە خودی ئەو جیانابێتەوە. کوزانوس دەربڕینە بەناوبانگەکەی پرۆتاگۆراسی سۆفیست جارێکی دی ڕادەگەیەنێتەوە، واتا هاوشێوەی ئەو دەبێژێت: مرۆڤ خۆى پێوەرى سەرجەم شتەکانە، چونکە بە هۆشى خۆى سەرجەم شتەکان بۆ بوونى تێگەیى وەردەگۆڕێت.

فەیلەسوف جۆڤانی پیکۆ دێللا میراندۆلا (1463-1494)ی ئیتالی جەخت لە کەرامەتى مرۆڤ دەکات. کڵێسە لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا بە تایبەتی بە واژەی “miseria” کرۆکی مرۆڤ و پێگەی ئەوی لە جیهاندا دیاری دەکرد: مرۆڤی داماو، داوەشا و خەباتار تەنیا بە خوداپەرستی و پابەندبوونی بە کڵێسەوە دەتوانێت خەڵاسی ئەبەدی بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لێ پیکۆ بە توندی دژی ئەو تێڕوانینە دەوەستێتەوە و دەبێژت: خودا جیهانى ئەفراندووە، لێ بەدووی ئەوەدا بە هیچ شێوەیەک دەست نانێتە نێو ڕەوت و ڕووداوەکانى جیهانەوە. ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە کە شکۆفە بە کەرامەتی خۆی بدات. خودا تەنیا پێشمەرجەکانی داناوە و بەدووی ئەوەدا گەرەکە مرۆڤ بەرپرسیاری بۆ پێگەیاندنی کەرامەتی خۆی وەربگرێت، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە پێشخستنى پەروەردەى هۆشەکى دەبێت بە پاڵهێزێک بۆ ئەوەی مرۆڤ کەرامەتی خۆی بناسێت. جگە لەوە گەرەکە مرۆڤ تێبکۆشێت بۆ ئاوەڵاکردنی توانستە ناخەکییەکانی، تاکو لەنێو جیهاندا بەڕێی ئەزموونی ژیانەوە فێری توانستی دیکە ببێت و سروشت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت، نەک وەک ئاژەڵان بژی کە تەنیا ڕەمەکییانە کردار و پەرچەکردار دەنوێنن. مرۆڤ کە سەرجەمێکی داخراوە، گەرەکە بەرانبەر گەردوونی دەرەکی بووەستێتەوە و کرداری ئەفراندنی خودایی دووبارەبکاتەوە، ئەوجا بە بڕیاری (قەراری) ئازادانەی خۆی پێگەکەی لەنێو ئەو جیهانەدا دیاری بکات، بەڵێ گەرەکە خۆی بڕیار بدات کە داخۆ “چۆن” بۆ خۆی بژی؛ ئەو گەرەکە هاوشێوەی نیگارسازێک کە ئازادانە دەئافرێنێت، ئەو شێوەیە بە خۆی بدات کە خۆی دەیخوازێت. پیکۆ تەنانەت بە پێویستی دەزانێت کە کولتوورى گریکى و ئایینى کریستیانى و ئایینى جوو یەکبخرێن، هەروەها 900 تێز دادەنێت و لە ڕۆما بۆ دێباتکردن دەیانخاتە بەردەست، لێ پاپا تێزەکانى یاساغ دەکات، تەنانەت پیکۆ خۆى دەکەوێتە بەردەم مەترسیى “ئینکڤیزیسیۆن”، لێ بنەماڵەى مێدیچى دەیپارێزت و دەرفەتى بۆ دەڕەخسێنێت بەسەر پاریسدا بڕوات بۆ فلۆرێنسا.

جۆردانۆ برونۆ (1548-17.02.1600) خۆی لەژێر کاریگەریى تێڕوانینەکانى نیکۆلاوس کوزانوس و کێپلەردا دەبینێتەوە. ئەم زانایە گەردوون بە بێدوایەکی دادەنێت. بە دیدی ئەم خودا هاوکات مەزنترین و بچووکترینە، هاوکات شیمانە و کردەکێتییە (پۆتێنس و ئەکتوالێتییە)، واتا خودا توانستی تەحقیقبوونی تێدایە و توانستەکەی بەڕێی کردەکێتییەوە (ئەکتەوە) تەحقیق دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە خودا لە دەرەوەى جیهان نییە، واتە خودا ڕەها / لێجیابۆوە (موتڵەق) نییە، بەڵکو لەنێو جیهاندایە. سروشت خودایانەیە و خۆى لە دۆخگۆڕییەکى ئەبەدیدا دەبینێتەوە، لێرەشدا خودا پرنسیپى دۆخگۆڕییە ئەبەدییەکەیە و تەنیا ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئاوەزى مرۆڤەوە لەنێو سروشتدا دەناسرێت. هەر بۆیە ناشێت خودا “ببێت بە گۆشت”. ئەم ئیدێ پانتاییستییەی جۆردانۆ برونۆ دەبێت بەهۆى ئەوە کە ئینکڤیزیسیۆن بیگرێت و دواى حەوت ساڵ دیلى بە زیندوویى بیسووتێنێت.
لە ڕێنیسانسدا هەروەها فەلسەفەى سیاسى سەرهەڵدەدات. نیکۆلۆ ماکیاڤێلى (1494-1512) یەکێکە لە ڕێبەرە کرۆکییەکانی ئەم جۆرە فەلسەفەیە. ماکیاڤێلی بە توندی دژی مۆدێلی کریستیانیی کۆمەڵگە دەوەستێتەوە و بنەما مۆرالی-ئاینییەکان لە کرداری سیاسی وەدەردەنێت. بە دیدی ئەم مێژوو ڕاستەوانە نییە و بە ئاڕاستەی ئامانجێک بڕوات، بۆ نموونە بە ڕۆژێکی قیامەت کۆتایی پێ بێت، بەڵکو مێژوو بازنەییە و بە هەڵچوون و داچوونی بەردەوام دەسووڕێتەوە. هەروەها مرۆڤ بوونەوەرێکی منگەرایە و تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە گەرەکە دەسەڵاتدار کردار بنوێنێت، واتا نابێت ئەنجامدانى دەسەڵاتى سیاسى مۆرالیانە بنرخێنرێت، بەڵکو ڕوانگەی سوودمەندی سەنگی مەحەکە. ئامانجی سیاسەت هێشتنەوەی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی سەروەرییە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دەسوێژێک ڕەوایە. بێگومان ماکیاڤێلی داوای دەسەڵاتی بێجڵەو ناکات کە بە یاریدەی مرۆڤکوژان و لومپۆن و بەڵتەجییان مسۆگەر بکرێت. دەسەڵاتدار گەرەکە خۆی هەردەم بە دۆخە هەڵکەوتووەکان بگونجێنێت و تەنیا دەسوێژە زەروورییەکان بەکاربهینێت، هاوکات لە پێناوی ئاژوتنی دەسەڵاتدا هەردەم دەتوانێت بنەما ئایینیەکان پشتگوێ بخات. ماکیاڤێلی بۆ “کۆمار” سێ مەبەستى دەوڵەت دیارى دەکات کە بریتین لە ئازادیى هاووڵاتیان، مەزنى و رەفاهییەتى گشتى.
لێ تۆماس مۆروس (1478-1535)، کە سیاسەتمەدار و هومانیست بوو، بە پێچەوانەى ماکیاڤێلى، لە نووسینى “یوتۆپى”دا گۆڕان بە دامەزراوەیەکى دەوڵەت دەدات کە بەدەرە لە خاوەنداریى تایبەتى. لەو دەوڵەتەدا هەروەها پەروەردەى فێرکاری بۆ هەمووان فەراهەم کراوە و ئازادیى بیروباوەڕی ئایینی سەروەرە.

ئەم تێڕوانینە نوێیانە سەراپا شۆڕشێک بوون و لە سەرەنجامدا هیچ شتێک لە زانیننوماى سکۆلایستەکان ناهێڵرێتەوە، واتا زانیننوماى تەبەقەکانى زەمین و ئاسمان، دوایەکێتیی شێوەی تەبەقییانەى جەستەکانى ئاسمان، ئەوجا خاوێنیى ڕەهاى خۆر. گەردوون بۆ نموونە لاى گالیلۆ گالیلێ بێدوایەکى و ئەزەلییە، نە سەرەتا و نە کۆتایى هەیە. هیچ شتێکى نێو سروشت بە شێوەیەکى ڕەها (ئەبسولوت) لەناوناچێت و نەشیاوە لە “هیچ” (العدم) ـەوە شت دروست ببێت، بەڵکو لەنێو ئەم ڕێکخراوەى گەردوون و کەرتەکانیدا تەنیا گۆڕانکارى ڕوودەدات. گەر سەرجەمییانە بڕوانین، ئەوا دەبینین کە کرۆکی سەرجەم هەوڵەکانی ڕینیسانس لە پێناوی ڕزگارکردنی مرۆڤدان لە دەسەلاتی ئایینی و دەگمەکانی، ئەوجا کردنی مرۆڤ بە بەرپرسیار لە ژیانی خۆی و کۆمەڵگەکەی.

4
هومانیزم و ڕێنیسانس بەزۆرى بزووتنەوەی تاکگەرایین لەنێو توێژى هزرمەندی شارنشیناندا. لێ ئەم تاکگەراییە لە ڕێفۆرماسیۆندا (نوێکردنەوەدا) شێوەى بزووتنەوەیەکى جەماوەریى فراوان وەردەگرێت و لە سەرەنجامدا یەکێتییە ئایینییەکەى ئەوروپا تێکدەشکێت. کاتێک مرۆڤ لە چەرخى نێڤیندا وەک کەرتێکى سەرجەم دادەنرا و ناچار بوو لەسەر ڕێنوماکانى کلێسە بەڕێوە بڕوات، ئەوا ئێستا لە ڕێفۆرماسیۆندا هەوڵ دەدرێت کردارى سەربەخۆی تاکەکەس بکرێت بە ڕێگەى خەڵاس و ئاشتبوونەوە لەتەک خودادا.
لە سەردەمانی بالادەستیی سکۆلاییزمدا کڵێسە هێدی هێدی وشکهەڵدێت، لەبەر ئەم هۆیەش دانوستانێک سەبارەت بە ڕێفۆرمکردنى کڵێسە لەژێر دروشمى “گەڕانەوە بۆ نووسراوى پیرۆز”دا دێتەگۆڕێ، کە پاشان دەبێت بە پاڵهێزى ڕێفۆرماسیۆن. سەرەنجام بە کارەکانى مارتین لوتەر (1483-1546)، ئولریش تسڤینگلى (1484-1531)، فیلیپ مێلاکتۆن (1497-1560)، هەروەها یۆهانس کالڤین (1509-1564)، کڵێسەی کاتۆلیکی دابەش دەبێت و لێوەی پرۆتێستانتیزم خۆی جیادەکاتەوە.
یەکەم پاڵهێز بۆ هاتنەئارای ڕێفۆرماسیۆن بریتی بوو لە دژایەتیکردنی پسۆلەی لێبوردن کە کڵێسەی کاتۆلیکی بازرگانیی پێوە دەکرد. کریستیانییەکان ئەو دەمە دەیانتوانی بە کڕینی پسۆڵەیەک ببن بە خاوەن پشک لە “سامانی کلێسە”دا. دەسەڵاتدارانی کلێسە ئەو تێروانینە بڵاودەکەنەوە، کە گۆیا قدیسەکان خزمەتی لەبڕدەرچوویان لە بەردەم خودادا هەیە و دەشێت ئەو خزمەتە زیادانە بۆ خەڵاسی کەسانی دیکەش بەکاربهێنرێن. کڵێسە وای بڵاودەکاتەوە کە گۆیا ئەم جۆرە بازرگانییە لە بنەڕەتدا فرۆشتنی خوداپەرستیی قدیسەکانە بە ئیمانداران.

مارتین لوتەر زۆرینەی ئیدێکانی ڕێفۆرماسیۆن دەردەبڕێت. لوتەر کە قەشە و پرۆفیسۆری تیۆلۆژی بوو، 95 تێز لە 31.10.1517 لەمەڕ کڵێسە و ئیمان بڵاودەکاتەوە و تێیاندا هەڵوێستی خۆی لەدژی زۆر بنەمای کڵێسەی کاتۆلیکی ڕادەگەیەنێت. بۆ نموونە کڵێسەی کاتۆلیکی دەیگۆت: خودا لە چارەی مرۆڤی نووسیوە کە چی بەسەر ئەودا بێت. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ ناتوانێت ڕەوتی ژیانی خۆی دیاری بکات. لوتەر بە پێچەوانەوە ڕایدەگەیەنێت، کە مرۆڤ گەرەکە بەرپرسیاریی بۆ ژیانی خۆی وەربگرێت، بۆ نموونە لەو ڕووەوە کە داخۆ ڕەفتاری ئەو چە سەرەنجامێکی بۆ ژیانی ئەو لە ئایندەدا هەبێت. لوتەر هەروەها داوا دەکات کە مرۆڤ گەرەکە بەرپرسیاری بۆ مرۆڤانی دی وەربگرێت. جگە لەوە لوتەر دژی ترساندنی ئیمانداران بە ئاگری دۆزەخ دەوەستێتەوە، هەروەها بەتوندی لەدژی کڵێسەی کاتۆلیکی دەبێژێت، کە پسۆڵەی لێبوردن بازرگانییەکی قازانجهێنە بۆ کڵێسە، لێ بۆ ئیمانداران هیچ سوودێکی نییە. هەموو کریستێک دەبێت خۆی لە ناخەوە ئیماندار بێت. کڵێسە ناتوانێت ببێت بە نێوەندیاری ئیمانی ئەو. تەنیا بەزەیی خودا مایەی خەڵاسی مرۆڤە، خودایەکی میهرەبانیش پێویستی بە نێوەندیار نییە. بەمە لوتەر تەنانەت توێژی قەشەکانی خستە ژێر پرسیارەوە.
داواکارییەکی دیکەی لوتەر ئەوە بوو کە پێویستە مرۆڤ بتوانێت بیبل بخوێنێتەوە. لێ ئەو دەمە زۆرینەی چاپەکانی بیبل بە زمانی لاتینی بوون، تەنانەت زمانی قەشەکان لە وتاردان و خوداپەرستی و نوێژکردندا لاتینی بوو. بۆیە لوتەر بیبلی بۆ زمانی ئەڵمانی وەرگێڕا تاکو ئیمانداران لێی تێبگەن.
گەرچی سەرەتا ڕێفۆرم ئاڕاستەی دۆخە بەدەکانی کڵێسە دەکرێت، لێ هێندە ناخایەنێت کە دەبێت بەهۆی سەرهەڵدانی جموجووڵی کۆمەڵایەتی. ڕێفۆرم بۆ نموونە لە ئەڵمانیا بە ڕاپەڕینی کشتیاران (1525) دەگاتە لوتکە. دانیشتوانی کشتیاران کە وەک کارکەری هەرەوەز و سەپان دەچەوسانەوە، لە بزاوتەکەی لوتەردا هەل دەبینن بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە ستەمی موڵکدارەکان. لوتەر دژی زەبر و ڕاپەڕینی خوێناوی بوو، سەرەڕای ئەوە لە هەڵوێستیدا لایەنی جوتیاران دەگرێت، هاوکات داوا لە موڵکدارەکان دەکات کە وەک کریست بەرپرسیاری وەربگرن و چیدی جوتیاران نەچەوسێننەوە. لێ بەگزادەکان ئامادە نابن واز لە ئیمتیازەکانیان بهێنن.
لوتەر بە ئاشکرا میانەی دووری خۆی لە فەلسەفە و زانستی سروشتیی نوێ دەردەخات، سەرەڕاى ئەوە ڕێفۆرماسیۆن رۆڵیکى کرۆکی بۆ داوەشانى کلێسە دەگێڕت. سەرەنجامێکی ئەم داوەشانە بریتییە لە بەجیهانیبوونی فێرگە و زانکۆکان.

5

چۆن زەحمەتە کاتێکى دیاریکراو بۆ بزاوتەکانى هومانیزم و ڕێنیسانس دیارى بکرێت، ئەوهایش زەحمەتە کاتی سەرهەڵدانی نوێسەردەمى ئەوروپى دیاری بکەین. بزاوتە هزرییەکان لە کۆتایى چەرخى نێڤینەوە هێندە درێژخایەن و هەمەلایەنین، هاوکات هێندە تەسک بە دەورى کێشەى مرۆڤدا دەسوڕێنەوە، کە ئیدی نزیکەى نەشیاوە بتوانین دەسپێکێکی پوخت دیاری بکەین. لێ گومانی تێدا نییە کە دێکارت باوکى ڕاستەقینەى نوێسەردەمى ئەوروپییە، چونکە بە شێوەیەکى سیستەماتیک ئەوە ریالیزە دەکات کە خۆزگەى قووڵی ئەو سەردەمەیە: بوونى مرۆڤ بە سەبژێکتى (بکەرى) زانست، ئەمەش بۆ مەبەستى نواندنى دەسەڵات بەسەر جیهان یان سروشتدا.
کاتێک ئێمە لە سەردەمێکى نوێ دەدوێین، ئەوا بە مۆرکەکانى لە سەردەمى پێش خۆى جیاى دەکەینەوە. بێگومان نوێ هەمیشە لە نێو هەناوى هەبوویەکەوە سەرهەڵدەدات و ئەم هەبووە بە سەرهەڵدانى ئەو نوێیە کۆن دەبێت بەبێ ئەوەى وەک دابێکى کۆن لەناوبچێت، بە پێچەوانەوە، لەنێو ئەو کۆنەوە چەندین هەڵوێستى جیاواز بۆ خۆهێشتنەوە سەرهەڵدەدەن: هەر لە پەرچەکردارەوە هەتا بەشداریکردن لە دانوستاندنى دەستکەوتە نوێکاندا.
کەواتە مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئیدی زانا قەدیمییەکان لە نوێسەردەمدا جانتاکانیان هەڵبگرن و ماڵئاوایی لێ بکەن، نەخێر، ئەوان درێژە بە کارەکانی خۆیان دەدەن. ئەوان هێشتا هەر لەنێو شێوەی هزرینى سوننەتیدا خەمڵیون و زیرەکانە پەرە بە زانستە باوەکان دەدەن، جا گەرچی پرسیار و دەستکەوتە نوێکان ترساندوویانن. لەم پەیوەندییەدا گرنگترین پرسیار لە نوێسەردەمی ئەوروپیدا پرسیاری مێتۆدە. ئێمە لێرەدا خۆمان لە بەردەم پرسیاری دەرچەی (مەبدەئی) هزریندا دەبینینەوە، کە دوای هەڵوەشاندنەوەی تێڕوانینی زەمین وەک سەنتەری گەردوون و دوای بزربوونی چاوی خودایەتی لە ڕێنیسانسدا سەرهەڵدەدات. ئاخر لەبەر ئەوەی چیدی ناشێت خودا و بیبل دەرچە بن، ئەوا مرۆڤ ناچارە پنتێک (نوقتەیەک) لەنێو خۆیدا دابین بکات و لەسەری بووەستێت، ئەوجا لێوەی گەردوونی تێکشکاو لەنێو خۆیدا بینابکاتەوە. بەم شێوەیە چیدی چواندن بە دەربڕینە بنەماییەکەی ئەنزێلم نادرێت کە دەبێژێت: “من ئیمانم هەیە، کەواتە من دەزانم”، واتا چیدی ئیمان بنەما نییە و لەسەری هزرین بەربخرێت، بەڵکو مرۆڤ وەک سەبژێکت دەکرێت بە بنەما.
مێتۆد واتا رێگەبڕینى هزرى لە سفرەوە. مرۆڤ گەرەکە خۆی بە ڕێی مێتۆەوە بکات بە سەبژێکتی (بکەرى) زانست یان فەلسەفە، واتا لەنێو خۆیەوە مێتۆدییانە زانست بنیاتبنێت، نەک ئاقڵانە کتێبە ئەستوورەکان بخوێنێتەوە و پەرە بە تێڕوانینەکانی نێوایان بدات، ئەوجا شانازانە خۆی لە ڕیزی زانایاندا زیتبکاتەوە. بەم شێوەیە ئێستا بەرانبەر مرۆڤ وەک بکەرى جیهان ئۆبژێکت (دانراو) دەبێت بە کێشە، ئۆبژێکتیش بە واتاى لەپێشخۆدانان و بەرخستن. ئێستا گەرەکە بکەرى هزرڤان خۆى بخاتە ژێر بارى دروستکردن، بە واتایەکى دی، گەرەکە ئۆبژێکتەکەى خۆى دابنێت و وەک ئەم دانراوە مێتۆدیانە بنیاتی بنێت.

کاتێک مرۆڤ وەک سەبژێکت لە نوێسەردەمی ئەوروپیدا دەبێت بە پنتى نێوەندى گەردوون، ئەوا هاوکات داواکارییەکى کرۆکی بەرز دەکاتەوە: خودا لەم جیهانەدا جێی نابێتەوە. خودا بۆی نییە سنوور بۆ مرۆڤ دابنێت. خودا سەر بە ئەوجیهانە و لە ئەمجیهان جێی نابێتەوە. ئەو گەردوونی هاوشێوەی سەئاتێک قوڕمیش کردووە و ئەوجا وازی لێ هێناوە، گەردوونیش بۆ خۆی هەتا ئەبەد دەبزوێت. مرۆڤ هەروەها دەبێژێت: مرۆڤ سەروەری سەرزەمینە، ئەو گەرەکە هەموو شتێک سەرلەنوێ ڕوونبکاتەوە و گۆڕان بە زانستى نوێ بدات، لێرەشدا مێتۆد دەبێت بە تاکە کلیلى ئەو بۆ گەیشتن بە زانستی نوێ. بێگومان ئێستا زانستی نوێ تەواو جیاوازە لە زانستى کۆنى ئەڕیستۆتێلی، چونکە ئەڕیستۆتێلیس و قەدیمییەکان لە “جێ”ى تایبەتیى بوونەوە دەیانڕوانى و خەریکى زانست دەبوون. بە واتایەکی دی، ئەوان لە سفرەوە دەرنەدەچوون.
زانستە سروشتییەکان لەم سەردەمەدا مێتۆدى گونجاو بەکاردەهێنن و بەو ڕێیەوە دەستکەوتى مەزن دەخەنەوە، لێرەشدا دوو مێتۆد بەردەخرێن: یەکەم، ئەزموون کە مێتۆدیانە لە ئێکسپێریمێنت (تەجروبە) و ڕوانینەوە بەدیدەهێنرێت. دووەم، بەکارهێنانى هزرینى ماتماتیکیى پەتی کە ڕووداوە فیزیکییەکان ڕوون دەکاتەوە و لە یاسادا فۆرمولەیان دەکات.
زانستەکانى ئەزموون مێتۆدى ئەمپیرى (تەجریبی) هەڵدەبژێرن، واتا ئیندوکسیۆن (ئیستیقرا!) وەک مێتۆد وەردەگرن، ئیندوکسیۆنیش بەواتای: بەئەنجامگەیاندن یان هێنانەنێوان. ئەم مێتۆدە ڕێگەبڕینێکی داماڵەرە (تەجریدکەرە) لە دەرککراوە تاکەکانەوە بەرەو ژوور ڕووەو گشتێتی یان ڕووەو فۆرمولەکردنى یاساى گشتى. بۆ نموونە دوو پێشدانراومان هەن کە بریتین لە “سۆکرات بمرە” و “سۆکرات مرۆڤە”، کە لێوەیان ئەم دەرەنجامە دەکەوێتەوە: “کەواتە سەرجەم مرۆڤان بمرن”. مرۆ لێرەدا لە تاکە ڕەوشەوە (حاڵەتەوە) سەردەکەوێت ڕووەو ئەنجام و پاشان دانانی ڕێسا.
لێ ماتماتیکى پەتی ڕێگەیەکی پێچەوانە دەگرێتە بەر؛ ئەم مێتۆدى پێشئەزموونى (ئاپریۆرى) هەڵدەبژێرێت، واتا لە بنەماى ئاوەزمەندانەى یەکەم و پەتییەوە سەرچاوە دەگرێت تاکو لێوەى سەرجەم زانین لۆگیکییانە، بەڕێی دێدوکسیۆنەوە (ئیستینبات) وەک دەرەنجام بباتەوە. دێدوکسیۆن واتای بۆدەربردن، لێوەرگرتن، لێهەڵهێنجان دەگەیەنێت، واتا مرۆ لە پێشدانراوی گشتییەوە ڕووەو دەرەنجامی تایبەتیی ئەوتۆ هەنگاو دەنێت کە لۆگیکییانە زەروورە. بۆ نموونە: پێشدانراوی یەکەم: سەرجەم مرۆڤان بمرن؛ پێشدانراوی دووەم: سۆکرات مرۆڤە؛ دەرەنجام: کەواتە سۆکرات بمرە. مرۆڤ لێرەدا لە ڕێساوە ڕووەو ڕەوش دەڕوات و پاشان ئەنجام دەردەکێشێت.

پابەند بەم دووبەرەییەوە کە لە زانستە سروشتییەکاندا هەبوو، دوو رێبازى فەلسەفەیى سەرهەڵدەدەن کە بریتین لە ئەزموونگەری و ئاوەزگەرى (1).
لە بنەڕەتدا هەردوو رێبازەکە هەمان پرسیاریان هەیە: ئایا چۆن مرۆڤ بە زانین دەگات؟ بە شێوەیەکی دی ببێژین: ئایا مەئریفە لە چە سەرچاوەیەکەوە چێدەبێت؟ ئەزموونگەری بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە لە ئەزموونى سێنسییەوە دەردەچێت، واتا دەبێژێت: ئێمە گەرەکە تەنیا پشت بە ئەزموون ببەستین. لەنێو سێنسەکانماندا توخمى دەرککراو هەن، کە ڕاستن و بۆیە ناتوانین گومانیان لێ بکەین، بەڵکو دەتوانین ڕێکیان بخەین و بەم ڕێکخستنەش مەئریفە ئاوەڵا بکەین. بە واتایەکى دی، ئەزموونگەری هیچ شتێکى لە هۆشدا ڕسکاو یان ئاپریۆرى وەرناگرێت، بەڵکو هەوڵ دەدات لە تاکە توخمى دەروونییەوە سەرجەم ناوەرۆکەکانى ئاگایی و پێکهاتەیان وەک دەرئەنجام بباتەوە. کەواتە ئەم رێبازە فەلسەفییە لە تاکەکانەوە بۆ گشتێتى یان گشتیدان سەردەکەوێت.
لێ ئاوەزگەری بە پێچەوانەوە پشت بە ئاوەزى پەتى دەبەستێت. ئەم دەبێژێت: تەنیا ئاوەز دەتوانێت بەبێ گرنگیدان بە سێنسەکانمان مەئریفەی جیهان ئاوەڵا بکات. کەواتە مەئریفە بۆ ئاوەزگەری لە دەرککردنى سێنسییەوە نایەتە گۆڕێ، بەڵکو تەنیا لە هزرى پەتییەوە، یان پوختتر ببێژین، لەو ئیدێیانەوە کە لەنێو خودی هۆشەوە ڕسکاون، بە واتایەکی دی لە قەوارەی ئاپریۆرییەوە (پێشئەزموونییەوە). کەواتە ئاوەزگەری لە گشتێتییەوە بۆ تایبەتێتى دەچێت، لێرەشدا گشتێتییەکانى ماتماتیک وەک بنەما وەردەگرێت کە تەنیا بە ئاوەز شیاوى ناسینن. هزردۆزی پیتاگۆراس هەردەم ڕاستە، جا کێ کەی و لەکوێ بەکاریبهێنێت.

6

فەیلەسوف و سیاسەتمەداری ئینگلیزی فرەنسیس بەیکن (1626-1561) وەک ئەزموونگەرا مێتۆدی ئیندوکسیۆن ئاوەڵا دەکات، واتا لە دەرککردنی سێنسییەوە (مەحسوسەوە) دەردەچێت. بەم شێوەیە وەدەرنان لای بەیکن دەبێت بە بنەمای هزرین. مەبەست لەوەیە کە گەرەکە هێدی هێدی هەموو ئەو شتانە فڕێبدرێن یان وەلاوە بنرێن کە هۆکاری چێبوونی هەر شتێک نین کە مرۆ وەک ئۆبژێکت دایناوە و بەمەش بۆ توێژینەوە تەرخانی کردووە. مرۆ گەرەکە بە دیدی بەیکن سەرەتا هیپۆتێز (گریمانە) دابنێت، ئەوجا بەڕێی ئێکسپێریمێنتەوە (تەجروبەوە) ئەزموونان کۆبکاتەوە، پاشان سەرەنجام دەربکێشێت و ڕستەی گشتی فۆرمولە بکات. بێگومان هاوکات پێویستە ڕستەکان بە یاریدەی تەجروبەی نوێ بخرێنە ژێر تاقیکردنەوەوە.
بەم شێوەیە ئێستا کاری زانستی لای بەیکن چیدی ئەوە نییە کە مرۆڤ ئاقڵانە بەبێ پرسیارکردن لە خۆی کۆشش بکات و لێبتوێژێتەوە، لای مامۆستایانی زیرەک تاقیکردنەوەی قورس ئەنجام بدات، پاشان بڕوانامە وەربگرێت و خۆی شانازانە لە ڕیزی زانایانی سوننەتیدا زیت بکاتەوە، نەخێر، مرۆڤ دەبێت بوێرێت سەرەتایەکی نوێی ڕیشەیی بچەسپێنێت، ئەمەش بە واتای مرۆڤ گەرەکە بە یاریدەی مێتۆدی ئیندوکسیۆن هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو شتێکی شیاوی ڕوونکردنەوە بدات. لێ پێشمەرجی ئەم کارە ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی سەرەتا لە وەهمەکانی، واتا لە پێشبڕیار (حوکمی موسبەق) ئازاد بکات. مرۆڤ بە دیدی بەیکن لە جیهانێکی رواڵەتیدا دەژی کە ئەو خۆی دایمەزراندووە و سەرسەختانە بەرگریی لێدەکات، چونکە ژیان تێیدا ئاسانترە وەک لەوەی مرۆڤ خۆی بخاتە بەردەم ڕاستیی “ڕەق کە حەقە”. کەواتە مرۆڤ بەبێ ڕەواندنەوەی وەهمەکانی ناتوانێت ڕێگەی ڕووەو مەئریفە بگرێتە بەر.

بەیکن وەهمەکانی مرۆڤان ناو دەنێت ئیدۆل (Idol) کە چوار دانەن و ئەوان گیرۆدەیان بوون: 1) وەهمی ڕەگەزی (Idola tribus)، واتا مرۆڤ لە سروشتییەوە، وەک مۆرکی ڕەگەزی، خۆی یەکجار بەرز دەنرخێنێت، لێرەشدا خوازیاری ئەوەیە کە ئەزموونە کەسییەکانی و سروشتی خۆی تێکەڵ بە داکەوت (ڕیالێتی) بکات. کەواتە مرۆڤ هەمیشە لەنێو خۆیەوە شتێک دەداتە پاڵ ئەو داکەوتە کە لە دەرەوەی ئەو لەگۆڕێیە و سەربەخۆ لە ئەو ڕەوتی خۆی وەرگرتووە. بەمەش ئیدی مرۆڤ دەکەوێتە نێو هەڵەوە، چونکە وێنەیەکی شێواوی یان ناڕاستەقینەی داکەوتی لای خۆی چێکردووە. ئەمە هاوکات هۆکارێکە بۆ نالەباریی زانستەکان کە مرۆڤان دەیانکەن بە وانەی فێرکاری و دەیانخەنە بەردەم مرۆڤانی دی بۆ فێربوون. 2) وەهمی ئەشکەوت (Idola specus) کە بەیکن لە پلاتۆنی وەردەگرێت. مەبەست لەم وەهمە ئەوەیە کە هەر تاکەکەسێک بەڕێی ژینگە و پەروەردەوە خۆشەدەکرێت، لێ ئەو ژینگەیە هاوشێوەی ئەشکەوتێک یان هاوشێوەی قۆزاخەیەک دەوری مرۆڤی داوە و لەنێو خۆیدا وەک دیل ڕایگرتووە، کە ئیدی لێرەوە تووشی دەردی پێشبڕیار (حوکمی موسبەق) دەبێت، واتا بەبێ ئەوەی شتەکانی ناسیبێت، بڕیاریان بەسەردا دەدات و دەبێژێت کە گۆیا ئەوهان یان ئەوها نین. 3) وەهمی بازاڕ (Idola fori) گەرەکە پێشانی بدات، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بە تایبەتی زمان دەسوێژی خۆڕاگەیاندنی ئەوە بە کەسانی دی. لێ خۆڕاگەیاندن بەڕێی زمانەوە وا دەکات کە مرۆڤان بخزێنە نێو بەسەهووداچوون و هەڵەوە، چونکە شتانی ئەوتۆ هەن کە مرۆڤ ناتوانێت بە وشە دیاریان بکات، یان ڕەوشی ئاڵۆز هەن و بە وشەی سادە ناهەنگێورێن، ئەوجا گەر مرۆڤ بە وشە ڕوویان تێبکات، یان مرۆڤ لەبارەیان بێتە گۆ، ئەوسا شتەکان واتای ڕاستەقینەیان لەدەست دەدەن. ئەمە دەشێت ببێت بەهۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان مرۆڤاندا. 4) وەهمی شانۆ (Idola theatri) کە بەڕێی قوتابخانە فەلسەفەییەکانەوە چێدەبێت، چونکە مرۆ تیۆریی ناتەواو وەردەگرێت و هەوڵ دەدات بە یاریدەی یاسای چەوتی سەلماندن بەرگری لە تیۆرییەکە بکات.
بەیکن داوا دەکات، کە مرۆڤان گەرەکە سروشت بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بە تایبەتی بۆ سوودی کۆمەڵگە، بەکاربهێنن، واتا سروشت بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. لێ ژێرڕکێفخستن واتایەکی دیکەیە بۆ ناسینی سروشت، کە بەدوویدا مرۆڤ دەتوانێت لێی بتوێژێتەوە. بە شێوەیەکی دی ببێژین، مەسەلەکە بەهەندوەرگرتنی یاساکانی سروشتە بەڕێی ناسینییەوە. گەر مرۆڤ سروشت و یاساکانی بناسێت، ئەوسا دەتوانێت لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا بەکاری بهێنێت. لەم ڕوانگەیەوە بۆ بەیکن “زانین بریتییە لە دەسەڵات” کە جیهان لە جادوو پاکدەکاتەوە.

7
فەیلەسوفی فەڕەنسی ڕێنێ دێکارت (1596-1650) دامەزرێنەرى ئاوەزگەریى نوێیە. ئەو لە ئاوەزى پەتییەوە گۆڕان بە فەلسەفە وەک زانستێکى گشتگیر دەدات، کە بە دیدی ئەو زانستێکى بە کامیلى زانراوە و لەبەر ئەم هۆیە نەشیاوە گومانى لێبکرێت.
دێکارت سەرەتا لە توانستەکانى هۆشی مرۆڤ دەڕوانێت و لە نێویاندا تەنیا “ئینتوئیسیۆن” و “دێدوکسیۆن” بە گونجاو دادەنێت. بە دیدی ئەو ئینتوئیسیۆن دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت بە مەئریفەی شتەکان بگەین بەبێ ئەوەی بکەوینە هەڵەوە، چونکە ئینتوئیسۆن ڕوانینى ساناى ئاگاییە لە کرۆک یان لە گەوهەر، کەواتە بریتییە لە کرۆکدیدی.
لێرەدا ئاشکرا دەبێت کە بۆچى بە دیدی دێکارت پێویست نیە لە ڕەوشی ئەم چالاکییەی هۆشدا لە هەڵە بترسێین. مرۆ لە کرۆکدیدیی یان گەوهەردیدیى هۆشدا “بڕیار” (حوکم) نادات. ئاخر ئەوە هەمیشە بڕیارە بەسەر پێشبینییە دەرککراوەکاندا کە مرۆڤ دەخاتە هەڵەوە، واتا دەبێژێت گۆیا پێشبینییەک بەتەواوی ئەوهایە نەک ئەوها، کەچی هەر خۆی زۆر جار بۆی دەردەکەوێت کە لەو بڕیارەیدا بەسەهوودا چووە. لێ ئینتوئیسیۆن بە پێچەوانەى بڕیار بریتییە لە تێگەیشتنى سانای هۆشى پەتی و بەئاگا، کە ئیدی لەسەر شتی ئاگالێهاتوو هیچ گومانێک چێنابێت. ئینتوئیسیۆن، یان لێڕوانینی ڕوون و ئاشکرا، یەکەم بنەماى فەلسەفەى دێکارتە. نمونەکان بۆ ئەم جۆرە لێڕوانینە بریتین لە هزردۆزەکانى ماتماتیک، کە تەنیا لەتەک بابەتى پەتی و سادەدا خەریکن و هیچ شتێکى مەحسوس (دەرکی) وەک پێشمەرج دانانێن، کە ئیدی وەک شت کێشەکە گومانشیاو بکات. بۆ نموونە هزردۆزی پیتاگۆراس، یان ڕستەى “2+3=5” هەمیشە ڕاستە، ئەوەش هیچ گرنگ نیە کە داخۆ بابەتەکان لەتەک 2، 3 یان 5 بگونجێن یان نەگونجێن، بۆیە هەر ئەوەندەی مرۆ بە ڕوون و ئاشکرایی لە کرۆکیانی ڕوانی، ئیدی دەتوانێت بڕیار بدات.

دێدوکسیۆن (هەڵهێنجان) بریتیە لە دووەم گەرەنتیى ڕاستى. هەڵهێنجان دەبێت هەمیشە دواى ئینتوئیسیۆن، دواى تێگەیشتنى ساناى هۆش، بەربخرێت. هزر بەدووى ڕوانینى ڕوون و ئاشکرادا لە کرۆکێک یان گەوهەرێک بە زەرووری دەکەوێتە هەڵهێنجان، ئەمەش وەک هزرینێکى زنجیرەیى نەپچڕاو کە هەنگاو بە هەنگاو لە خۆى بەئاگایە. بۆ نموونە مرۆ لە کرۆکی بازنە دەڕوانێت و یەکسەر بە ڕوون و ئاشکرایی بۆی دیاردەدات کە هەر پنتێکی سەر چێوەکەی هەمان دووری لە چەقی بازنەکەوە هەیە، ئەوجا مرۆ بەدووی ئەوەدا دەبێژێت، واتا بڕیاردەدات کە لە بازنەدا هەر پنتێکی سەر چێوە هەمان دووریی لە چەقەوە هەیە. کەواتە مرۆ نەچووە سەرەتا ئاقڵانە پێناسەی بازنە دەرخ بکات و وەک “توتی” بیڵێتەوە، بەڵکو دوای ڕوانین لە کرۆکی بازنە پێناسەکەی دەربڕیوە.
بە دیدی دێکارت ئەم دوو چالاکییەى هۆش گونجاوترین ڕێگەى گەیشتنن بە زانین، واتا بە ڕاستی. کایەى جیهانى ماتەری تەنیا کایەى ژماردنە، واتا کایەیەکى میکانیکیی پڕە لە پەستان و لێدان، هەروەها ئاڵۆزکاو و هەمەلایەنییە بەبێ ئەوەى چاوەڕوانیى هیچ مەئریفەیەکی جەختى لێ بکرێت
لێ پرسیاری ئەوە، کە داخۆ چۆن مرۆ بە زانین، واتا بە ڕاستی دەگات و خۆى لە هەڵە بەدوور دەگرێت، دێکارت ئەمیان بە شێوەیەکى شرۆڤەیی ڕوون دەکاتەوە.

گومان بریتییە لە مێتۆدی دێکارت بۆ گەیشتن بە زانین. لێ گومانکردن (واتا هزرین) لە جیهانى دەرککردنەوە دەستپێدەکات، کەواتە ئێمە سەرەتا مرۆڤمان هەیە کە لەنێو جیهاندا دەژی و شتەکان دەرک دەکات. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ لە گومانکردندا هەموو چالاکییەکی هۆشەکی ڕادەگرێت و چیدی ئاقڵانە بە خوێندنەوەی کتێبە ئەستوورەکانی زانایانی سوونەتی خۆی پێناگەیەنێت و لەسەر بناغەی تیۆرییەکانیان پەرە بە زانستی سوننەتی بدات، بەڵکو سەرەتا پرسیار لە خۆی دەکات کە داخۆ چۆن بتوانێت بە زانین بگات. ئاشکرایە لەم ڕەوشەدا سەرەتا دەرککردنەکانی خۆ دەبن بە بابەتی گومانلێکردن، چونکە مرۆڤ لەنێو جیهاندا پرسیار ئاڕاستەی خۆی دەکات، لێرەشدا ئەو وەک ژیاو و دەرککەری نێو جیهان ڕێگەی پرسیارەکانی ئاوەڵا دەکات. سەرەتا ئەوە ڕاستە کە مرۆڤ بەڕێی سێنسەکانیەوە شتان دەرک دەکات (درەختێک دەبینێت، موزیکێک دەبیستێت، گوڵێک بۆن دەکات و هتد)، لێ سێنسەکان زۆر جار مرۆڤ بەهەڵەدا دەبەن، لەبەر ئەم هۆیە شایانى متمانەپێکردن نین. من بۆ نموونە لە دوورەوە زیندەوەرێکی تاریکڕەنگ دەبینم و وا دەزانم بزنێکی مووڕەشە، کەچی کاتێک لێم نزیک دەبێتەوە، بۆم دەردەکەوێت کە ئەوە پیرەمێردێکە لە پاڵتۆی ڕەشدا. من لە کۆڵانی ئەودیمان دەنگە دەنگی زۆر دەبیستم و وا دەزانم شین و هاوارە بۆ مەرگی کەسێک، کەچی کاتێک بە پڕتاو بۆ ئەوێ دەڕۆم، دەبینم لەوێ شایی دەگێڕرێت. لێ لەبەر ئەوەى سێنسەکان هەڵەبەرن و لێرەشەوە گومانشیاون، ئەوا بەزەروورى ئەو زانستانەش دەکەونە ژێر گومانەوە کە بەندن بە دەرککردنی سێنسییەوە، بۆ نموونە زانستە سروشتییەکانی وەک فیزیک و پزیشکی و هتد. ئەى ئایا مەسەلەکە لەتەک ماتماتیکدا چۆنە کە بەڕەهایی بەدەرە لە هەر شیمانەیەکی دەرککردن، هەروەها ڕستە و هزردۆزەکانى لەخۆدا ڕاستن و بەمەش بەڵگەنەویستن؟ گومانی تێدا نییە کە ماتماتیک بێهەڵەیە، کەچی هەر من خۆم بۆم ئاشکرا بووە کە زۆر جار لە شیتەڵکردنی پرسیاری ماتماتیکیدا بەهەڵەدا چووم، یان چووم بۆ تاقیکردنەوەی ماتماتیک و دوای تەواو بوون بە جەختی گۆتومە کە نمرەی 90 لە 100 وەردەگرم، کەچی نمرەی 20 لە 100 ئەنجامی تاقیکردنەوەکەم بووە. ئایا هۆى ئەم هەڵەیە چییە؟ ئایا گیانێکى فریودەر (شەیتانێک) مرۆڤ بەهەڵەدا دەبات یان ئایا خودا بە چەشنێک مرۆڤی دروست کردووە کە تەنانەت لە ماتماتیکیشدا نەتوانێت بە جەختی کاربکات و هەردەم بەهەڵەدا بچێت؟ من دەبێت ئا لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەم. من دەبێت جارێ ساغی بکەمەوە، داخۆ ئەو خودایە کە بە کامیل و چاک، گشتزان و قادیر دادەنرێت، بەڕاستی من لەکاتی ناسینی شتەکاندا بەهەڵەدا دەبات یان نابات. هەتا من ئەم کێشەیە ساغ نەکەمەوە، ناتوانم متمانە بە پێشبینییەکانم لەبارەی جیهانێکی دەرەکی بکەم، کەواتە ناتوانم بە هیچ شێوەیەک خەریکی زانست بم.

بۆ من ئێستا پرسیارێکی کرۆکی ئەوەیە کە: گەر جیهانی فیزیکی و بەمەش زانستە سروشتییەکان، ئەوجا ماتماتیک و لە کۆتاییدا تەنانەت خودا شیاوی گومانلێکردن بن، ئەوا چی بۆ من بە مسۆگەری ماوەتەوە، یان ئایا چۆن من درێژە بە هزرینم لەبارەی پرسی ڕاستی/زانین بدەم؟ ئەمەش لە کاتێکدا کە من لەنێو گومانکردندا تەواو نقوم بووم؟ جگە لەوە من ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ نێو جیهان، چونکە جیهان جەختیی هزرینم پێنادات. ئەی ئایا چۆن بەرەو پێش بهزرێم بەبێ ئەوەی خۆم پەرش بکەمەوە؟ من لەم ڕەوشەدا تەنیا هێندە دەزانم کە من دەهزرێم، کە من جیهان و ماتماتیک و تەنانەت خودام خستۆتە ژێر پرسیارەوە. من. لێ ئەمە واتایەکی ئەوتۆ دەگەیەنێت کە گەر من بتوانم ئەوها ڕیشەیی گومان بکەم، ئەوا دەبێت من شتێک بم. ئێستا لێرەدا ڕووناکیم لێ هەڵدێت. ئاخر گەر تەنانەت گیانێکی فریودەر بەهەڵەمدا بەرێت یان خودا منی ئەوها جۆر دابێت کە لە ماتماتیکیشدا بەهەڵەدا بچم، ئەوا بەڵگەنەویستە کە ئەوە هەمیشە منم بەهەڵەدا دەبرێت یان دەکەوێتە هەڵەوە. لێ بۆ ئەوەی من بەهەڵەدا ببرێم یان بکەومە هەڵەوە، دەبێت من هەبم. کەواتە من هەم. ئەمە ڕاستییەکی ڕوون و ئاشکرایە و بۆیە پێویست ناکات گومانی لێ بکەم، نەخێر وەک تاکە ڕاستییەک کە پێی گەیشتووم، گەرەکە متمانەی پێ بکەم. کەواتە ئەم منە بەهۆی ڕوون و ئاشکرایی هەبوونییەوە پنتێکە و لەسەری دەگیرسێمەوە، ئەوجا دەیکەم بە دەرچەی لێهزرینەکانی دیکەم، تاکو بزانم لەکوێوە من دەکەومە هەڵەوە. من بە تایبەتی دەبێت بزانم کە داخۆ خودا هەبێت، ئەوجا گەر هەبێت، دەبێت ساغی بکەمەوە کە داخۆ ئەو خودایە فریودەرە یان نا. هەتا ئەم کێشەیە یەکلا نەکەمەوە، ناتوانم لە هیچ شتێک جەخت بم.

لەبەر ئەوەی من دەهزرێم و بۆ هزرین پێویستم بە لەش نییە، ئەوا من هزرڤانم نەک ئەو لەشە کە من خۆمم پێدەزانی و خستمە ژێر گومانەوە. ئاخر گەر سەرجەم جیهانی سێنسی (مەحسوس) شیاوی گومانلێکردن بێت، ئەوا گومان لەشی مرۆڤیش دەگرێتەوە، چونکە لەش بەشێکە لە جیهان. لێ من ئێستا دەبێت بە جەختی بزانم داخۆ ئەم من-دەهزرێمە یان ئەم من-ی-هزرڤانە چییە کە بۆ هزرین هیچی دیکەی پێویست نییە.
ئاشکرایە “من” ناوەرۆکی جیاواز لە خۆ دەگرێت، واتا ئیدێ (پێشبینی)ی هەیە. لەنێو مندا سێ جۆر ئیدێ هەن کە بریتین لە: ئیدێى لە دەرەوە هاتوو، بۆ نموونە ئەو پێشبینییانە کە من لەبارەی شتەکان هەمن؛ ئەوجا ئیدێى خۆکردوو، بۆ نموونە کاتێک من وێناى فریشتە و شەیتان یان جنۆکە دەکەم؛ لە کۆتاییدا ئیدێى لە ناخدا ڕسکاو، واتا ئەو ئیدێیانە کە لە سروشتی هزرینەوە دێنە ئاراوە، بۆ نموونە ئیدێی “من-هزرڤان-م”. کەواتە لەو ڕووەوە کە ئیدێکان تەنیا جۆری تایبەتیی هزری منن، ئەوا هێندە لە یەکدی جیاواز نین، لێ لەو ڕووەوە کە ئەوان پێشبینیی ئۆبژێکتی جیاواز دەکەن، ئەوا زۆر لە یەکدی جیاوازن.
بۆ نموونە هەندێک ئیدێ تەنیا پێشبینیی گەوهەرن (زوبستانسن)، هەندێکی دی تەنیا پێشبینیی تایبەتمەندییەکانی گەوهەرن، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەوانەی یەکەم مەزنترن و بەگوێرەی ناوەرۆکیشیان یان بەگوێرەی بابەتی پێشبینیکراویان هەقیقیتر و کامیلترن. ئاخر گەوهەر بۆ هەبوونی خۆی پێویستی بە شتی دی نییە، لێ تایبەتمەندی ئەوەیە کە چۆتە پاڵ گەوهەر و پێوەی بەندە. من لەم ڕوانگەیەوە هەرگیز ناتوانم متمانە بە پێشبینییەکانم بکەم کە من بۆ بابەتەکانی جیهان هەمن. بۆ نموونە خۆر بۆ چاو وەک سینییەکی بچووک دیار دەدات، لێ کاتێک من هەوڵ دەدەم بە یاریدەی هزردۆزەکانی ماتماتیک لە خۆر تێبگەم، ئیدی بۆم ساغ دەبێتەوە کە خۆر چەندجای زەمینە. هەمان کێشە ئیدێ خۆکردووەکان دەگرێتەوە، بۆیە ئەمانیش هیچ زەمینەیەک بۆ زانین پێکناهێنن، چونکە تەنیا وەهمن یان چنراوی هۆشن. من دەتوانم پێشبینیی شەیتانێکی پێ-مانگایی یان حۆریی یەکجار جوان بکەم، لێ من ئەو پێشبینییەم تەنیا بەڕێی توانستی وێناکردنمەوە هۆنیوەتەوە. بۆیە من گەرەکە تەنیا متمانە بەو ئیدێیانە بکەم کە لە سروشتی منی هزرڤانەوە (من-دەهزرێمەوە) ڕسکاون، ئیدێکانیش بریتین لە: ئیدێی خودایەکی بێدوایەکی، منی هزرڤان، ڕستە ماتماتیکییەکان، یاسا لۆگیکیەکان و ڕاوم (فەزا). منی هزرڤان ئەو ڕاستییە ڕوون و ئاشکرایەیە کە لە ڕەوتی گومانکردندا ساغبۆتەوە و دەرچەیەکی مسۆگەرە بۆ هزرین، چونکە هیچ پەیوەندییەکی بە ماتەرییەوە نییە. ڕاستییەکانی ماتماتیک بۆ نموونە بریتین لە ڕستەی “2+3=5” یان هزردۆزی پیتاگۆراس. یاساکانی لۆگیک بریتین لە یاسای ئیدێنتیتێ (یەکسانی، هاوشوناسی)، یاسای دژبێژی، یاسای سێیەم بەدەرکەر و یاسای هۆکاری قایلکەر. ئەوجا لە کۆتاییدا فەزا تەنیا تێگەیەکی دیکەیە بۆ “کشان” کە تەواو جیاوازە لە تایبەتمەندییەکانی ماتەری. فەزا بە سێ ئاڕاستەدا بێدوایەکییانە کشاوە و لە نێویدا هیچ بۆشاییەک نییە، بەڵکو تێیدا کەرتە گەردیلە تا بێدوایەکی پەرش بوونەتەوە و تەنیا لە شێوە و بزووتندا لە یەکدی جیاوازن.

بێگومان لە نێوان ئیدێکانی گەوهەریشدا جیاوازی هەیە: ئیدێی گەوهەرێکی بێدوایەکی پتر کامیلێتی و هەقیقەت لە ئیدێی گەوهەرە دوایەکییەکان لە خۆ دەگرێت. واتا ئیدێکان چەند زۆرتر هەقیقەتی ئۆبژێکتیڤی (پێشبینیکراو) لە خۆ بگرن، هۆکارەکەشیان هێندە کامیلتر دەبێت. لێ لەنێو ئیدێکاندا تەنیا ئیدێی گەوهەرێکی بێدوایەکی لە باڵاترین ڕادەدا کامیلێتی لە خۆ دەگرێت. ئەم گەوهەرە بریتییە لە خودا کە لەنێو ئیدێکاندا باڵاترین هەقیقەتی پێشبینیکراوە، چونکە ڕوون و ئاشکراترینە. لێ ئایا چۆن ئیدێی خودایەکی بێدوایەکی هاتۆتە نێو منەوە؟ منی دوایەکی؟
دێکارت ئەم ئیدێیە بەهۆی سەرچاوەی بوونییەوە لەنێو مندا ڕوون ناکاتەوە، بەڵکو بەڕێی تیۆریی هۆئەنجامییەوە (کاوساڵێتییەوە) کە بنەمایەکی مێتافیزیکییە. ئەم تیۆرییە دەبێژێت: لە هۆکارى هەموو ئەنجامێکدا دەبێت ئەوەندە هەقیقەتی پێشبینیکراو هەبێت کە لە ئەنجامدا هەیە. ئاخر گەر ئەنجام هەمیشە لە هۆکارێکەوە بێتە ئاراوە، ئەوا ناشێت هەقیقەتێکی هەبێت کە بە هەمان شێوە لە هۆکاردا نەبێت. ئەوجا گەر لەنێو مندا فۆرمێکی زەروری، واتا ئیدێی جیهانێکی بێدوایەکى ڕسکابێت، ئەوا دەبێت هۆکارێکی هەبێت کە ئەویش وەک ئیدێکە بێدوایەکییە. کەواتە ئەو هەقیقەتە پێشبینیکراوە لە سەرجەم هەقیقەتە دوایەکییەکان تێپەڕدەکات، بەمەش ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هەقیقەتە بێدوایەکییە تەنیا بەڕێی خۆیەوە، واتا بۆ خۆی و لە خۆدا وەک گەوهەری بێدوایەکی، لە دەرەوەی من هەیە. هەروەها دەبێت لەنێو ئەودا وەک بێدوایەکی هەموو گەوهەرە دوایەکییەکان بە خودی منەوە درابن و ڕاستییان لەنێو ڕاستیی کامیلێتییە بێدوایەکییەکەی ئەودا ڕوونبکرێتەوە. بۆیە ئیدێی بێدوایەکێتی پێش ئیدێی دوایەکێتی لەنێو مندا هەبووە. ئاخر ئایا بەچیدا دەزانم کە من گومان دەکەم، کە من خۆزگەم هەیە، کە من ناکامیلم و هتد؟ ئەوە لە بنەڕەتدا ئیدێی گەوهەرێکی بێدوایەکیی کامیلە لەنێو مندا، ئەوجا کاتێک من خۆم بە ئەو بەراورد دەکەم، ئیدی بەو ڕێیەوە کەمایەسیی خۆمم بۆ دیار دەدات. بەڵێ، دوایەکێتی تەنیا کاتێک هەیە، گەر بێدوایەکێتی هەبێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی خودا کامیلە، ئەوا هەروەها چاکە، کەواتە نەشیاوە من لەکاتى ناسینى شتەکاندا بەهەڵەدا بەرێت. ئاخر بەهەڵەدابردن نیشانەى ناکامیلییە، ئەمەش سیماى مرۆڤە وەک دوایەکی نەک سیماى خوداى کامیل وەک بێدوایەکی.

من ئیدی بەدووی جەختبوونمدا لە هەبوونی خودای کامیل و چاک، کەواتە خودای بەدەر لە فریودان، گومانم نامێنێت و دەتوانم ڕووبکەمەوە جیهان و شتەکانی نێوی. هیچ گومانی تێدا نییە کە گەر من پێشبینیی جیهانم هەبێت، ئەوا دەبێت جیهان هەبێت، چونکە پێشبینییەکەم ڕاستە. ئاخر خودا من لەکاتی ئەو پێشبینیکردنەدا فریونادات. بەم شێوەیە بۆ من دوو “شت” بەجەختی هەن کە بریتین لە گەوهەر: گەوهەری هۆش کە من خۆمم و ئیدێی جیاوازی هەیە، ئەوجا گەوهەری ماتەری. هۆش سادەیە، واتا نەکشاوە، لێ ماتەری ئاوێتەیە، واتا کشاوە. تایبەتمەندیی هۆش بریتییە لە هزرین، جۆرەکانی یادوەری و ویست بۆ نموونە توانستی ئەون. لێ تایبەتمەندیی ماتەری بریتییە لە کشان، ئەوجا جۆرەکانی شێوە و بزووتن بۆ نموونە توانستی ئەون. کایەی ماتەری جیهانێکی میکانیکیی پێکهاتووە لە پەستان و لێدان کە تێیدا تەنیا وردە ماتەریی پەرش بوونەتەوە. ئەم دوو “شت”ەی هۆش و ماتەری سەربەخۆن لە یەکدی و هەرگیز پەیوەندی لە نێوانیاندا چێنابێت، کە ئیدی هۆش هەرگیز ناکشێت و ڕاستەوخۆ کارناکاتە سەر ماتەری، هەروەها ماتەری هەرگیز ناهزرێت و ڕاستەوخۆ کارناکاتە سەر هۆش. “شتی هزرڤان” (ڕێس کۆگیتانس) و “ڕێس ئێکستێنزا” (شتی کشاو) بە ڕەهایی لە یەکدی دابڕاون.

بێگومان لەشی مرۆڤیش سەر بە جیهانی کشاوە. بۆیە لەش هیچ جیاوازییەکی لە سەئاتێک نییە کە بە یاریدەی ڕێکخراویی بەکرە و دانەکانی دەبزوێت. لەش بریتییە لە مەکینە، دڵ تەنیا پەمپێکە و خوێن بۆ نێو لەش دەنێرێت، بەو ڕێیەشەوە ژیان دەشێنێت. لەم ڕوانگەیەوە هەر شتێک کە بە سێنسە ئۆرگانییەکانم دەرککرابێت، بۆ من جەخت نییە. جەستەکان سەر بە لەشی منن، لێ من وەک هزرڤان بەند نیم بە ئەوانەوە. جگە لەوە من ئێستا بە جەختی دەزانم، کە هەر شتێک بە هزرینی ماتماتیکی نەپشکنرێت، شیاوی وەرگرتن نییە. تەنیا هزرینی ماتماتیکی دەیسەلمێنێت کە خۆر چەندجای زەمینە، بە پێچەوانەی چاو کە خۆر وەک سینییەکی بچووک دەرک دەکات.
من بەم شێوەیە پێویستە خۆم لە هەست و سۆز بەدوور بگرم، یان لە ڕەمەکی کوێر، هەروەها پێویستە بزانم کە بڕیاردان پەیوەند بە هەست و سۆزەکانەوە دەمخاتە هەڵەوە. ئەوە هەمیشە بڕیارە (حوکمە) کە من دەخاتە هەڵەوە. لێ گەر من تەنیا ئەو شتانە تاک تاک وەربگرم کە زەینم بە ڕوون و ئاشکرایی زانیونی، ئەوسا دەتوانم بەبێ ترس بڕیار بدەم، چونکە خودا گەرەنتیدەری زانینی ڕوون و ئاشکرایە. بەمە ئێستا پرسێکی دیکەش بۆ من یەکلا دەبێتەوە: نەشیاوە لە جیهاندا لەپاڵ خوداى چاک و کامیل و گشتزاندا زاتێکی فریودەر یان لەخشتەبەر هەبێت. لە بنەڕەتدا هۆى هەڵە (هەروەها خراپە) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە من لە بڕیاردانمدا متمانەی تەواوەتی بە زانینی ڕوون و ئاشکراى زەینم ناکەم، بەڵکو بەزۆریى لە دەرککردنى سێنسییەوە یان تەنانەت لە ڕەمەکى کوێرەوە بڕیارەکانم دەدەم. کەواتە گەر لەنێو مندا کارى زەین و بڕیار پێکەوە بگونجێنرێن، ئەوسا شیمانەی هەڵە لەکاردەخەم، بەمەش دەتوانم تەنانەت ئەو تاکە پێشبینییانە، کە بە سێنسەکانم دەرکم کردوون، ڕۆشن بکەمەوە، واتا بییانکەم بە زانینى ڕوون و ئاشکرا و پاشان بڕیاران گرێ بدەم، بۆ نموونە بڕیارى: “دێکارت فەیلەسوفە” یان “جنۆکە بەدوێنای مرۆڤی ترسنۆکە”.
8

نموونەی باڵای نوێسەردەمی ئەوروپی بریتییە لە کەسێتییەکی نوێ کە خۆی مێتۆدییانە بکات بە سەبژێکت و خۆی بخاتە ژێر باری دروستکردن. سیستەم کە هەمیشە مێتۆدییانە بەبێ کەلێن لە توخمی یان بونیادی پێکەوەگونجێنراو بنیاتدەنرێت، گەرەکە وا لە جیهان بکات کە شیاوی ژماردن بێت. فەلسەفە وەک زانست کە بە مێتۆدى ئیندوکسیۆن لای ئەزموونگەراکان، یان بە مێتۆدی دێدوکسیۆن لای ئاوەزگەراکان ئاوەڵادەکرێت، بۆ مەبەستى دەستگرتنە بەسەر سروشتدا. ئەم هەڵوێستە لە بنەڕەتدا ڕوانگە کرۆکییەکەی نوێسەردەمی ئەوروپییە، کە زانست بۆ مەبەستی پراکتیکی بنیاتدەنێت. لە نوێسەردەمی ئەوروپیدا هزرڤانان لە پێناوى تەشەنەى دەسەڵات بەسەر جیهاندا واز لە ئیدیالى گریکەکانى ئەنتیکە دەهێنن کە ڕوانین بوو لە ڕاستییەکان، لە مەغزا، ئەوەش بەڕێى بەکارهێنانى مەئریفەی زانستییەوە دەکەن. وەک بەیکن دەبێژێت: ئیندوکسیۆن دەسەڵاتمان بەسەر جیهاندا پێدەدات، چونکە بەو ڕێیەوە بۆمان دەلوێت شێوەکانى بناسین. بەڵێ، ئێستا شێوەی جیهان واتا وەردەگرێت: شێوەى شت بریتییە لە بابەتى مەئریفەى ڕاستەقینەى سروشت، لێرەشدا ناوەرۆکە بگۆڕەکانی سروشت وەک سەغڵەتکەر بۆ هزرین دیاردەدەن، بۆیە گەرەکە وەلاوەبنرێن.

—————————————

تێبینی:
1) هزرینى ئاوەزگەری و ئەزموونگەری لە فەلسەفاندندا زۆر کۆنترن لەو ئاوەزگەری و ئەزموونگەرییە نوێیە کە لە نوێسەردەمی ئەوروپیدا سەرهەڵدەدەن. لە بنەڕەتدا ڕەگەکانى هزرینى ئاوەزگەری، نرخاندنى ئاوەزگەرییانەى هەقیقەتەکان یان ئەزموون، هەتا گریکى ئەنتیکە بڕ دەکەن. ئەمە بۆ نموونە لاى پیتاگۆرییەکان دەردەکەوێت کە نرخێکى باڵایان بە ماتماتیک دەدا. یان لە ڕوانگەى پارمێنیدێس تەنیا ئاوەز دەتوانێت بوونەوەر دیارى بکات. هێراکلیت دەبێژێت کە دەرککردنى سێنسى شایانى متمانەپێکردن نییە، نەخێر، مەئریفە بەرهەمى هزرینى ئاوەزمەندە – هزرینێک کە بە خودى مرۆڤ ناخەکییە. ئەوجا سۆکراتێس نوێکردنەوەیەک لە بوارى ئاوەزگەریدا ئەنجام دەدات، لێرەشدا لای ئەو زانینى تێگەیى کە بەگشتى چواندنی هەیە، باڵادەستی وەردەگرێت. پلاتۆنیش خۆى لەم پەیوەندییەدا دەبینێتەوە. پلاتۆن بوونەوەرى ڕاستەقینە (ئیدێ) بە تاکە بابەتى زانین دادەنێت نەک دەرککردنى سێنسى. ئەوجا گەرچى ئەڕیستۆتێلیس فەزلێکى تایبەتی بە ئەزموون دەدات و وەک مەرجى کاتەکییانەى مەئریفە دایدەنێت، سەربارى ئەمە زانینى گشتێتیى لەنێو هزرینى تێگەییدا دادەنێت – هزرینى تێگەیى کە بەندە بە پرنسیپى سەرچاوەییەوە.

——————————————

سەرچاوەکان:

– Coreth, Emerich: Einleitung in die Philosophie der Neuzeit, Band 1, Freiburg 1972.
– Coreth، Emerich / Schondorf، Harald: Philosophie des 17. und 18. Jahrhunderts، Stuttgart 1982.
– Descartes, Réné:
– Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. Stuttgart 1984.
– Regulae. In: Ausgewählte Schriften, ausgewählt vom Ivo Frenzel. Frankfurt / Main 1986.
– Meditationen über die Erste Philosophie. Reclam. Stuttgart 1971.
– Meditationen über die Erste Philosophie. Meiner. Hamburg 1972.
– Die Prinzipien der Philosophie. Hamburg 1992.

– Eisler, Rudolf: Wörterbuch der philosophischen Begriffe (In: Digitale Bibliothek der Philosophie. Zweitausendeins).
– Gerl, Hanna-Barbara: Einführung in die Philosophie der Renaissance. Darmstadt 1995.
– Hirschberger, Johannes: Geschichte der Philosophie. Bd. 1 (zweitausendeins)
– Jan Bialostocki: Spätmittelalter und beginnende Neuzeit. Propyläen-Verlag, Berlin 1990.
– Meyers großes Taschenlexikon, Mannheim, Leipzig, Wien, Zürich 1992.
– Sandvoss, Ernst R.: Geschichte der Philosophie. Wiesbaden 2004.
– Stegmüller, Wolfgang: Das Universalienproblem einst und jetzt. Darmstadt 1965.
– Storich, Hans-Joachim: Weltgeschichte der Philosophie. Stuttgart 1985.
– Windelband, Wilhelm: Lehrbuch der Geschichte der Philosophie. Tübingen 1912 (In: Digitale Bibliothek der Philosophie. Zweitausendeins)
هەروەها بڕوانە:

– Online-Wörterbuch Philosophie: Das Philosophielexikon im Internet. Dr. Günther Mensching. www.philosophie-woerterbuch.de › Online-Wörterbuch.

– گیونتەر کایل: ڕێنێ دێکارت. لە: کاوە جەلال: ڕێنێ دێکارت. دەزگای پەخشی سەردەم. سلێمانی 2008.
– کاوە جەلال: ڕێنی دێکارت. داڕشتن و ڕەخنەی فەلسەفەکەی. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
– كورت فريدلاين: ڕێنێ دێکارت. هەمان سەرچاوەی پێشوو.

—————————————–

فەرهەنگۆک

تێبینى: واتاى زۆرینەى واژەکان پەیوەست بەم نووسینەوە دیارى کراوە، لێ خۆیان لە واتاى دیکەشدا بەکار دەهێنرێن. بۆ وشە گریکییەکان پیتى (گ) و بۆ وشە لاتینییەکان پیتى (ل) دانراوە.

بڕیار / حوکم: (Das Urteil) تێگەیەکى بناغەیى لۆگیکە. بڕیار دەربڕینێکە لەسەر شتەکانى جیهانى دەرەوەى پەیڤەر کە لە دوو پێشدانراو و ئامرازێکی پەیوەندی پێکدێت. وەک: “ڕانیە شارۆچکەیە” یان “بازنە خولگەییە”.
دێبات (ل): دانوستاندنى زانستى.
ئەبستراکت (ل): (موجەرەد).
ئەمپیرى: ئەزموونى
ئەنتیکە: بریتییە لە قۆناغێکی مێژوویی کولتوورە باڵاکان لە دەوری دەریای سپیی ناوەڕاست، کە لە سەدەی دوازدەی پێش زایین دەست پێدەکات و بە نەهێشتنی دەسەڵاتی کایزەرێتیی رۆم لە 476 پاش زایین کۆتایی پێدێت. ئەم قۆناغە هەموو بوارەکانی ئەدەب و هونەر، فەلسەفە و زانستەکان لە خۆدەگرێت.
ئەزموون: بە کارکردنی کەس لە دەرککراوییە سێنسییەکانیدا سەرهەڵدەدات.
ئێکسپێریمێنت (لا): تەجروبە (ى زانستى)
فاکت: دراو (ئەوە کە بە بەرجەستەیی دراوە)
فیلۆلۆژی: زمانناسیی توێژینەوە لە تێکست.
هیپۆتێز: (گ، ل) گریمانەى زانستى، کە جارێ سەلماندنى گەرەکە. دەسوێژێکى زانینى زانستییە بۆ سەلماندنى شتە یاسادارەکان یان دراوێکى ڕیاڵ، کە لەشێوەى گەڕانەوەدا بۆ سەرچاوەى دروستبوونیان خۆى دەنوێنێت. هیپۆتێز دەبێت لە پرۆگنۆز جیا بکرێتەوە کە گۆڕانى ئاییندەیى ڕادەگەیەنێت.
ئینکڤیزیسیۆن: دادگاى کلێسە لە چەرخى نێڤیندا.
کاردینال: باڵاترین پایەگایە لە کلێسەى کاتۆلیکیدا دواى پاپا.
کلاسیکی: بوونی شێوازێکی ئەدەبی یان هونەری یان پەروەردەیی و هتد بە نموونەی کارکردن بۆ سەردەمانی دی. کوردەکان زۆر جار تێگەی “کلاسیکی” لە واتای “تەقلیدی”دا بەکاردەهێنن، کە ڕاست نییە. ئاخر ئەم دوو تێگەیە جیاوازن و هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە نییە.
کۆمپاس: پێشاندەرى ئاڕاستەى رێگە (قیبلەنوما).
لۆگۆس (گ): تێگە.
مۆرال (ل): سیستەمى بنەما ئاکارییە پابەندەکان بە داب و ئایین و فۆرمى کۆمەڵایەتییەوە.
میستیک (ل): ڕێبازى نهێنییەکان، بۆ نموونە سۆفیزم.
نەسازى: دژبەری
نۆرم (ل): پێوارە (معیار)
ئۆبژێکت (ل): بابەتى یان ڕەوشی دانراو لە لایەن سەبژێکتى ئاگامەندەوە.
پانتایزم: جیهانبینییەکە کە خودا و جیهان بە یەک دادەنێت
پەرچاندن: وێنەدانەوە، (بە ئەرەبى “انعکاس”)
سێنس (ل): سێنس ئۆرگانییە و بریتییە لە تۆمارى فیزیۆلۆژیانە لەنێو مرۆڤ و ئاژەڵە پێشکەوتووەکاندا. سێنسەکان بریتین لە سێنسى بینین، بیستن، چێژتن، بۆنکردن، گرتن.
سێنسى: (مەحسوس)
سەبژێکت (ل): بکەرى ئاگامەند، کە مێتۆدییانە زانست بینادەکات
سەبژێکتیڤى: کارێکى هزرى کە تەواو لە خۆیەکى بکەرییەوە ئەنجام دەدرێت.
سکۆلاییزم : شێوازى هزین و فێرکاری لە چەرخى نێڤینى ئەوروپیدا
تێگە: (مفهوم)
تیۆلۆژی: زانستی خوداناسی و کڵێسە.
ویست: تەقەلاى ناخەکیى مرۆڤە، کە هەمیشە ئاڕاستەى ئامانجێک لە دەرەوە دەکرێت.
یاسای دژبێژی: ئەم یاسایە دەبێژێت: ناشێت گۆزارەیەک و نەرێنیکردنی گۆزارەکە، واتا پێچەوانەکەی، هاوکات ڕاست بن. بۆ نموونە ناشێت ڕەوشێک لەگۆڕێ بێت و هاوکات لەگۆڕێ نەبێت: باران ببارێت و هاوکات باران نەبارێت.
یاسای هۆکاری قایلکەر: ناشێت ڕەوشێک یان بڕیارێک وەک ڕاست دابنرێت گەر هاتوو هۆکارێکی قایلکەر بۆ ئەوە لە گۆڕێ نەبێت کە مەسەلەکە ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دی. دەبێت بۆ هەموو بڕیارێک هۆکارێک هەبێت کە بەڕێیەوە زەروورەی بڕیارەکە ڕەوایەتی وەردەگرێت. کەواتە گەر مرۆ بیەوێت بە ڕاستی بگونجێت، ئەوا نابێت بەبێ هۆ هیچ دەرببڕێت.
یاسای ئیدێنتیتێ: (a=a)، واتا هەموو شتێک یەکسانە بە خودی خۆی. بۆ نموونە هەموو تێگەیەک دەبێت لە ڕەوتی هزریندا وەک خۆی بەکاربهێنرێتەوە. جگە لەوە تەنیا کاتێک “a” یەکسان دەبێت بە “b”، گەر لە نێوان “a” و “b”دا بەرەهایی هیچ جیاوازییەک نەبێت.
یاسای سێیەم بەدەرکەر: ئەم یاسایە دەبێژێت: لە دوو بڕیار کە دژبێژی یەکدی دەکەن، دەبێت یەکێکیان ڕاست بێت. نەشیاوە شیمانەیەکی سێیەم هەبێت.

————————————-
ئەم نووسینە سەرەتا لە گۆڤارى نۆڤین ساڵی 2009 بڵاوکراوەتەوە، لێ لەم شێوەیەی بەردەستدا پەرەی پێدراوە و سەرلەنوێ داڕێژراوەتەوە. ک.ج.

Previous
Next

Leave a Reply