Skip to Content

زمان لە ئەدەبی منداڵان دا … رەزا شوان

زمان لە ئەدەبی منداڵان دا … رەزا شوان

Closed
by حوزه‌یران 9, 2018 General, Kids Literature

زمـان گرنگترین کەرەستەی دەربـڕین و گۆزارشتکردن و گەیاندن و تێگەیشتنە. چ بە شێوەی ئاخـاوتنی سەرزارەکی بێت یا بە نووسـین بێت.. زمـان کۆڵەکەیەکی گـرنگە لە کۆڵەکەکـانی هەر نەتەوەیەک، بەڵکو ناسـنامەی نەتەوەییە.. زمـان کەرستەیەکە بۆ دروستکردنی پـردی پەیوەنـدی و لەیەکگەیشتن لە نێوان نەتەوەکـاندا.. زمانی دروست پێـوەری یەکەمی دەقـە ئەدەبییە سەرکەوتووەکانە.

زمان نامرێت و هەمیشە بە زینـدوویی دەمێنـێتەوە، وەکو هەر ئەندامێکی گیانی مرۆڤ گەشەدەکات، پێشدەکەوێت و وشەگەلێکی تازە دەگرێتە خـۆی.
زمانی رەسەن و شیرینی کوردیشمان، کە نزیکەی پەنجا ملیۆن کورد لە کوردستان و لە دەرەوەدا پێی دەدوێـن.. سەرەڕای هەموو ئەو پیلانانەی کە داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان بۆ دژایەتیکردن و شێواندن و بۆ کاڵکردنەوە و لاوازکردنی دایان و دەیـدەن، سەرەڕای قەدەغەکـردنی خوێنـدن بە زمانی کـوردی لە زۆربەی کوردسـتاندا، بەڵام لە سایەی خەبات و تێکۆشان و بەرگـری و خۆڕاگـری گەلە قارەمان و کۆڵنـەدەرەکەماندا، زمانی کوردیشمان خۆی راگرت، زیندووە و قەت نامرێ و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە ، تا بێت زیـاتریش گەشە دەکات و زیـاتریش دەوڵەمەند و رەنگین و شیرین دەبێت.

زمـان کلـیلی گەیشتنە بە هـۆش و دڵ و دەروونی منـداڵان.. زمـان لە ئەدەبی منداڵاندا، ئەو وشە و واژە و رستانەیە، کە نووسەری ئەدەبی منـداڵان، بو داڕشـتنی بیرۆکە و ئامانجەکانی، بە شێوازێکی سەرکەوتوو لە نووسینی (چـیرۆک، هۆنـراوە رۆمـان، شانـۆ، پەخـشان) بەکاریان دەهێنـێت.. دەیان خاتە بەردەمی منـداڵان.
بێگومان زمانی نووسین بۆ منداڵان جیاوازی هەیە لەگەڵ زمانی نووسین بۆ گەورەکان. نووسەرانی ئەدەبی گەورەکـان، بە دوای جـوانکاری و رەوانبـێژی و فەنـتازی و تا رادەیەکیش بە دوای شێواز و بـیرۆکەی دژەبـاودا دەگـەڕێن.. بەڵام نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان لە زمـانێکی سادە و ساکـار و وشە بـاو و واتـا زانـراوەوە خۆیـان نزیک دەکەنەوە، بە شێوازێکی ناسکی بێ گرێ و گۆڵیش بابەتەکـانیان دەڕازێننەوە.

ئەگەرچی هەر نووسەرێکی بواری ئەدەبی منداڵان، شێوازی خۆی هەیە لە نووسیندا بۆ گەیشتن بە ئەو ئامانجانەی کە لە بیرۆکەکانیدا هەن، بەڵام زۆربەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان و توێـژەران، کە باسیان لە گـرنگی زمان و لە شێوازی سەرکەوتووی نووسین بۆ منـداڵان کردوون، هەمـوویان هاواڕن و جەختیان لەسەر ئەوە کردووە، کە پێویستە لە نووسیندا بۆ منداڵان، لە رووی جەستەیی و دەروونی و توانای زەینی و فێربوون و تێگەیشتن و وەرگرتنەوە، تابەتمەندییەکـانی قۆناغەکانی منـداڵی لەبەرچاو بگێرێن، کە هـەر قۆناغێک ئاستێکی زمـانی و فەرهـەنگی و رۆشنبیریی گونجـاوی خۆێ هـەیە.

بۆ نموونە ئەو بابەتانەی بۆ قۆناغی تەمەن دە و دوانزە ساڵان دەنووسرێن، بۆ منداڵانی قۆناغی تەمەن پێنج و شەش ساڵان ناگونجـێن و قورسن و ناتوانن لێیان تێبگەن. بە پێچەوانەشەوە، ئەو بابەت و دەقانەی بۆ تەمەنی پێنج و شەش ساڵان دەنووسرێن.. بۆ دە و دوانـزە ساڵان سادە و ساکارن و هیچ چـێژێکیان لێوەرناگرن، چونکە ئەوان ئەو قۆناغەیان بە جێهێشتوون، لە ئاستێکی هۆشی و زەینی و رۆشنبیریی بەرزتـر دان.

بۆ نموونە هۆنراوەی (بەبە، بەبە، بچکۆلەی) مامۆستا (عەلی عەبدوڵڵا شەونم) کە بۆ منداڵانی قۆناغی باخچەی ساوایانی نووسیوە.. بۆ منداڵانی حەوت ساڵان بەسەرەوە، هۆنراوەیەکی ساکارە و منداڵانی لەو تەمەنە گەورەتـر شەرم لە خۆیان دەکەن کە لە بەردەم هاوڕێکانیاندا بە ئاوازەوە هۆنراوەی (بەبە، بەبە، بچکۆلە) یان بۆ بڵێنەوە.
نووسەری پسپۆر و سەرکەوتووی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد، پێویستە تا رادەیەکی باش زمانزان بێت و شارەزاییەکی باشی لە زمان و لە رێزمانی کوردی و لە جوانکاری و رەوانبێژیی زمانی کوردیمان هەبێت.. بە تایبەتیش لە فەرهـەنگی زمـانی منـداڵان. چۆنکە شارەزایی و باڵادەستی لە زماندا، هۆیەیەکی سەرەکییە بۆ نووسین پوخـت و پاراو بۆ منداڵانی کوردمان. شارەزایی لە زمـاندا توانای ئەوەی پێدەبەخشێت، کە بە شێوازێکی جـوان و ساکار و ئاسان، بیرۆکەکانی لە لە فـۆرمی جـواندا بـڕازێنێتەوە و بیان خاتە بەردەست منـداڵانی کوردمان. بیـرۆکە و ناوەڕۆکێکی نایاب، لە چوارچێوەی داڕشـتن و فۆرمێکی خـراپ و لاوزدا، بابەتەتەکە بێ تـام و بێ چـێژ و بێ پێـز دەکەن.. نـاوەڕۆکی نایاب و فـۆرمی قەشەنگ و جـوان تەواوکەری یەکترین.. زۆر بابەتی منداڵانمان بەرچاوکەوتوون، کە لە رووی بیرۆکە و ناوەڕۆکەوە جـوان و مەبەستدارن، بەڵام بە شێوەیەکی کـاڵ وکـرچ، یا وشک و رەق و زەق نووسەرەکانیان داڕشتوون، پـڕن لە هەڵەی زمانی، منـداڵان هیچ چـێژيکیان لێوەرناگرن و لەبەرچـاویان دەکەون. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نابەڵەدی نووسەرەکانیان لە بواری زمانی کوردی و لە شێوازی جـوان و شیرینی داڕشتن و هۆنینەوە بۆ منـداڵان.

منداڵانی کوردمان لە رێی ئەدەبی منداڵانەوە، سوودی زمانی زۆر وەردەگرن و سامانی وشە و رستەکانیان زیاتر دەبێت.. بە هۆی زمان پاراویشەوە دەتوانن باشتر و جـوانتر و تەسەلتر، بە زاری و بە نووسین، گوزارشت لە را و بۆچـوون و، لە راز و نیـاز و لە سۆز و هەست و دڵسۆزی و لە ئەنـدێشە و خۆشەویسی ناخیان و لە خاکی و سادەیی و لە جیهانی پاک و بێگەردی پڕ لە سەیر و سەمەرەی خۆیان بکەن.. بەشێکی شانازیی ئەم دەرئەنجامە ئەرێنییە خـوازراوانەش، بەر نووسەرانی شارەزایانی زمانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان دەکەوێت.

(مەکسیم گۆرگی) دەڵێت:”دەتوانین بە زمانێکی شیرین و گونجاوی دوور لە شێوازی راپـۆرتەزانیاری، بە راشکاوی بۆ منـداڵان بدوێین”
کەواتە نابێت نووسەری ئەدەبی منداڵان بە زمانێکی فەنتازی دوور لە توانا و تێگەیشتن و وەرگرتنی منداڵان بنووسێت. نابێت بە زەوق و ئارەزووی خۆی بنووسێت و بڵێت.. بەڵکو بە زمانی منداڵان و بە بە پێی حەز و ئارەزووەکانی منداڵان بنووسێت.. نـەڵێ وتـم، بەڵکو بڵێ وتـی یا وتیـان.. زیاتریش بیر لە چـۆنیەتی نەک چـەنـدێتی بکاتەوە. گرنگ ئەوەیە کە بـزانێت پەیامـەکەی ئاراسـتەی منـداڵان دەکات.

بە کورتی نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منـداڵان، ئەو نووسەرەیە کە شارەزایی لە
خەسڵەتەکانی قۆناغەکانی منداڵی هەبێت. بابەتەکانی نووسینەکانی گونجاوبن بۆ ئەو قۆناغـە مندالییەی بۆیان دەنووسێت.. بە شێوازێکی ئاسان و بە زمانێکی پەتی و ناسک و شـیرین و روون و رەوان و نـەرم و نیـان و تـەڕ و پـاراو دایـان بڕێـژێت یا بیان هۆنێتەوە، وشەکانیان سادە و ساکار و بـاو واتـا زانـراوبن، رستەکانیان کـورت بن. بیرۆکەکانی نووسینەکانی روونبن و بێ گـرێ و گۆڵ نەبن، گرێ کوێرە و پێچ و پەنایان تێدا نەبن.. لە ئاستی هۆش و بیر و ئەندێشەی منداڵان بن، لە جیهانی پاکی پڕ لە هیـوا و خۆزگەی خەونی شیرینی منـداڵانەوە دووە نەبن.. ئەگەر نووسینەکـانی نووسەری منداڵان وانەبن، منـداڵان لێیان لووتەلا دەبـن و بە ئـەدەبی خۆیانیان نـازانن.
دکتۆر (عەلی الحدیدي) دەڵێت:” زۆر کەم لە منداڵان لە ساڵەکانی سەرەتادا، درک بە هـێزی وشە و جـوانی زمـان دەکەن، لەبەر ئەوە بەکارهێنانی زمانی لەبـار و سووک و ئاسان و رەوان، لە مەرجەکـانی ئەدەبی باشی منـداڵانە”
زۆر بە کورتی لەم خاڵانەی خـوارەوەدا، باس لەو سیما پێویستییانە دەکەین کە پێویستە نووسـەرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان کـوردمان، لە کـاتی داڕشتنی نووسینەکـانیان بۆ مـنداڵان لەبەرچـاویان بگرن:

١ـ پێویستە وشەکـانیان سووک و ئاسان و واتـا زانـراوبن، لە وشە و واژەی نـامۆ و واتـا ناروون دووربکەوێەوە.
٢ـ تا بکرێت رستە کـورت و ئـاسان بەکـاربهێـنن.. تا منداڵان بتوانن لێیان تێبگەن.
٣ـ پشتبەستن بە فەرهەنگی زمانی منداڵان بە پێی قۆناغەکانی منداڵی و گەشەکردنیان.
٤ـ ئاستی رۆشنبیری و کۆمـەڵایەتی و تـوانای جەستەیی منداڵان لەبەرچاو بگرن.
٥ـ وشەکان و رستەکانیان، لە زمانی ناوچـەیی و بـازاڕی و کـۆڵانییەوە بە دووربن.
٦ـ گەر پێویستی کـرد، دەکرێت وشە دووبـارە بکرێنەوە.
٧ـ لە نووسینی چـیرۆک و شـانۆ بۆ منـداڵان، پێویستە زیاتر پشت بە دیالـۆگ و بە سیناریۆ ببەستن وەک لە گێڕانەوە.
٨ـ لە نووسینەکانیاندا، کەم کەم ئاستی زمانی بەرزبکەنەوە، بە مەرجی کە بگونجێت لەگەڵ زەین و توانای وەرگرتنی منداڵانی ئەو تەمەنەی کە بۆیان دەنووسن.
٩ـ راستی و دروستی زمـان، مەرجـێکی گـرنگ و هـۆیەکە، بۆ ئەوەی منـداڵان بتـوانن لە ناوەڕۆکی بابەتەکان تێبگەن و وەریان بگرن و لە مەبەستیەکانیشیان نزیک ببنەوە.
١٠ـ رەچاوکردنی نیشانەکـانی خـاڵبەنـدی و دانانـیان لە شوێنی راستیدا. بەشی زۆری نووسەرانی ئـەدەبی منـداڵان، ئەم پێویستییەیان پشتگوێ خستوون. دەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە شارەزاییان لە بەکارهێنانیان نەبێت.
١١ـ باشتر وایە کە نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان، پێش بڵاوکردنەوەی نووسینەکـانیان، پیشانی زمانزانێکی شارەزای بواری زمانی کوردی بدەن، بۆ ئەوەی هەڵە زمانییەکانی نووسینەکانیان بۆ راست بکاتەوە، چونکە هەر هەڵەیەکی زمـانی و زانیـاری زیانێکی زۆر بە منـداڵان دەگەیەنن. منـداڵان زۆر کەم درک بە هەڵەکان دەکەن، ئەو هەڵانە لە هۆش و بیریاندا دەچەسپێن و راستکردنەوەیان ئاسان نییە.
هیـوای سەرکـەوتن و پێشـکەوتن و داهێـنان بۆ هەموو نووسەرانی دڵسـۆزی بـواری ئەدەبی منـداڵانی کوردمـان دەخـوازم.. خزمەتکردنیان لەم بوارەدا خزمەتێکی پیرۆزە. شایانی ئەوپـەڕی رێـز و خۆشەویستی و پێـزانین.

رەزا شوان
نەرویـج:٨ی/ یۆنی/ ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish