Skip to Content

یاداشتێک …. دابین ڕەمەزان

یاداشتێک …. دابین ڕەمەزان

Closed
by حوزه‌یران 13, 2018 General, Poems

ئێستا شەقامەکان چۆڵن
دەنگی غەمگینی باڵندەکان
بێدەنگی دەهەژێنن،
دونیا ماتەمێکی بێ تۆییە،
شنەباکان لەپەنجەرەی
ژوورەکەوە بۆنی تۆم بۆناکەنەمیوان
شنەبایەکان بێ بۆنی تۆ لەم شارە
وەکو ڕەشەبایەکی وەڕەسکەرە،
ئێستاکە وەکو جاران
ناچم بۆبینینی خۆر ئاوابوون،
هیوای دەرکەووتنی رۆژێکی نوێ
ناخوازم.

ئیدی هەڵهاتنی
هەرخۆرێک بۆ من
جگەلە بەئاگاهاتنی
تەنهاییەکانم هەستێکیترم پێ
نابەخشن.
ئێستاکە خۆری من بۆ
ئەبەد ئاوابووە..
ئیدی بۆنی گوڵەکان ناکەم،
مەگەر ئەتوانن بۆنی تۆم پێ
ببەخشن لەم شارە خامۆشەدا؟

لێرەوە کەسێکی مردووم
لەم شارەبێ هەستە،
کاپتنێکی بەجێماوم لەدەریایەکی پڕ لەتۆفان
لەگەڵ کەشتیەک لەخەم و یادەوەرییەکان…
لێرەوە ئیتر دەنگی باڵندەکان
ئاوازی مەرگ ئەچرپێنن بەگوێمدا.

شار بەبێ تۆ تۆزی مردووی هەڵمژیوە،
ئەم شارە تژییە لەخەڵک،
بەڵام ئیدی ئێرەچۆڵەوانییە بێ تۆ.

ئیدی لەم شار سەمفۆنیای مەرگ لێدەدرێت،
ئاوازێکی پڕ لەتەنهایی سەرتاپای
شار دادەپۆشێت.
دووریت بێدەنگیەکی خولقاندووە،
پڕە لەو ئاوازانەی
مرۆڤ بەرەو نامۆیی و نائومێدی،
دواجاربەرەو مەرگ دەبەن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish