لەژێر هێڵی سفری سیاسەت دا … نیگار نادر


لەو ڕۆژگارەی ئێستادا
کۆمەڵگا چاڵێکە لە چڵکاوی سیاسەت دا پەنگ دەداتەوە
نوسەر و ڕۆشەنبیرانیش
تونێڵێکی تاریکن
سیاسەت لەناویاندا دەنگ دەداتەوە ..

هەرسیاسیەک ئەگەر سەرپێچی لەیاسا نەکا
لەخەتی سوری گەندەڵی نەدا
وەک پوشی بەربا بزر دەبێ و
بەهەوادا دەڕوا …

گەندەڵچێنەران پێیانوایە
گرنگ نیە چەند گەندەڵسازی ، گرنگ نیە چەند گەندەڵپەناهی
بەڵکو گرنگە چەندە گەندەڵتروکێنەری
ئەوجار کەسایەتیەک، سیاسیەکی بێ
ڕکابەری

مێدیا داوەڵێکی سیاسیە
هەموو داهێنان و ئازادیەک دەڕەتێنێ و گەندەڵی سواخدەدات ، بەتیژترین دەنگ و ڕەنگ، بازرگانی هۆشبەری گشتی کۆمەڵگا برەو پێدەدات..

زمانی کوردی نزیکی تێکشکانە
رۆژی هەزارەها وشەی لێ شەهید دەکرێ، هەزارەها دەستەواژەی دەستبەسەردەکرێ، بەهەزارەها وشەی بەعەرەبی زیندبەچاڵ دەکرێ، رێزمانیشی بەزمانی تورکی دەقرسێنرێ و بەزمانی ئینگلیزی هاوردە دەکرێ ..

ئەو سۆشیال میدیایە ئەوەندە شەکر رێژە
رۆژانە بەهەزاران مێشەنوسەر پەروەردەدەکا و هەزاران مەگەزی رۆژنامەنووس بەدەوریدا هەڵدەفرێ ،بەهەزاران مێشە سیاسی لیێدەنیشێ و لە ڕیگەیەوە پێدەگا، بەسەدان مێشەهونەرمەند دروستدەکا، بەهەزاران ژنی زڕەمێش دەکاتە ئەستێرەو بەناوبانگیان دەکا .

ئێرە دەریا نیە ئێستای کوردستانە
ئەو کوردستانە هەرچەندە زۆر زۆر لەدەریا دوورە بەڵام دروست دەریا خەسڵەتە، زۆربەی هەرەزۆری دەستەبژێر و هەر مرۆڤ و هەرشتێک کە بێسەنگ بێت، تێیدا ئاسان بەرزدەبێتەوەو بەسەردەکەوێ، هەر کەس و هەرچ شتێکی سەنگی تێیدا مابێ نغرۆ دەبێت و کەس نایبینێتەوە.

پلەو پەڵە
پلە گەورەترین پێوەرە، لەبەرئەوە هیچ گرنگ نیە مێژووت چەند پەڵەی ڕەشی پێوەیە، گرنگ ئەوەیە چەند پلەت پێبەخشراوە..

نەوتبازی
لەو سەردەمەدا ئەگەر سیاسەتمەدارێکی چەند کارامە بێت ،قومارمەدارێکی چەند یاریزان بێ، بەڵام ئەگەر نەوتبازێکی چەتەو چەور نەبێ ناتوانێ بچێتە ناو هیچ هاوکێشەیەکی سیاسی لە جیهاندا.

چۆن دەچیە سەرێ
ئاگاداربە بۆ بەناوبانگ بوون و بوون بە سیاسی و بەدەستهێنانی پلەو پێگە، نە زانست، نە شکۆ پێویستە
تەنها (بدە بەرێ دەچیە سەرێ) *

ڕاپەڕین گشتی بوو
بەڵام لەوەڕگەی تاک تاکی دروستکرد، دیکتاتۆرێکی گەورەی سەرەوژێرکرد و سەدان جۆر دیکتاتۆری گچکەی لەجێی دروستکرد…

ژیان دوو تەختی یەکلاکەرەوەی تێدایە
تەختی نەخۆشخانەو تەختی دەسەڵات ، لەسەر هەریەک لەو تەختانە هەموو کەس باش دەناسی ، یارو نەیار هاوڕێ و هاوپشت ،دۆستی مان و نەمان و دوژمنی وەک دووپشک و مار .

مێژووی ئەو کوردە
پڕپرە لە لەدەستدانی هەلی مێژوویی و دەستەبەرکردنی هەڵەی میژوویی .

مێشەکان لە پیسی دەنیشێن و کۆدەبنەوە
لەو سەردەمەدا مرۆڤەکان هەمان خەسڵەتی مێشیان هەیە ، بۆیە ئەگەر مرۆڤێک پاک بێت ئەستەمە چواردەورەی قەرەباڵغ بێ و بەتەنها دەمێنێتەوە ،بەپێچەوانەوە ئەوانی تریش هەمیشە خەڵکێكی زۆریان بەدەورەوەیە .

ئاگاداری\ بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان
ئێوە بەرپرسن لە شێواندنی سروشتی سیاسەت و سروشتی نیشتیمانپەروەری و سروشتی سامان لەهەرێمی کوردستان.

*پەندێکی کوردیە
Negar nadir/ London2017