Skip to Content

لە چوار سندوقەوە بۆ نمایشی مێژووی با -2-… ڕزگار حەمە ڕەشید

لە چوار سندوقەوە بۆ نمایشی مێژووی با -2-… ڕزگار حەمە ڕەشید

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 13, 2016 General, Theatre

بەشی دووەم
٢-٢

کاتێك چوار سندوق لە لایەن ئەم گرووپە خەمخۆرەی شانۆی ئێمەوە نمایش کرا، کۆمەڵێك گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو کە شایانی لەسەر وەستان و لێپێچینەوەیە. ئەمەش لەبەر کۆمەڵێك هۆ:
١/ بەشدارانی ئەم نمایشە بە بەشێك لە بزوتنەوەی جاددی شانۆی ئێمە ئەژمار دەکرێن.
٢/ قسەکردن لەسەر شێواز و هۆکارەکانی دەستکاریکردنی ئەم تێکستە، پەلکێشمان دەکات بۆ گفتوگۆیەکی زۆر پێویست دەربارەی شانۆو بینەر، کە ئێستا لێرەو لەوێ لەنێو شانۆکاراندا قسەی لەسەر دەکرێت و یەکێکە لە پرسیارە چارەنوسسازەکان بۆ ئێمە.
لێرەدا هەوڵدەدەم تێبینیەکانم لەو بارەیەوە لە چەند خاڵێکدا کورت بکەمەوە:
١/ مێژووی با جیاواز لە چوار سندوق، بە جۆرێکیتر دەست پێدەکات کە ئەمە سەرلەبەری گوتاری کارە شانۆییەکەی گۆڕیوە. لای بەیزایی سەرەتا قسە لە کێشە و مەترسییە ئانی و پێشبینیکراوەکانیش دەکرێت، بەر لەوەی بڕیاری دروستکردنی داهۆڵەکەیان دابێت. بەڵام لە مێژووی با دا ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بەرجەستە دەکرێت و تا ڕاددەیەکی زۆر بۆ ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو دروستی دەکەن. جیاوازی بنەچەیی ئەم دوو تێڕوانینە لێرەدا ئەوەیە کە یەکەمیان نکوڵی لە بوونی کێشە مێژووییەکانی مرۆڤایەتی ناکات و لەسەر ئەو مێژووەوە دەیەوێت ئەوەی لە ڕابردوودا ماکیاژ کراوەو داهێنانی تیادا کراوە، لە شێوەو ناوی دەسەڵات و ئیتیكەکاندا بخاتە ژێر ڕەخنەوە. بەڵام لە دووەمیاندا جۆرێك لە ئاسوودەیی و ئارامی بەرجەستە دەکرێت کە لەزۆر شوێندا هەستدەکەیت ئەمانە وەك یارییەك داهۆڵەکە دروست دەکەن و توانای خۆیانی تیادا تاقیدەکەنەوە. بەو پێیە، ئەمان هەڵەی هەڵبژاردنی یاریەکە دەخەنە ژێر ڕەخنەوە نەك خودی ڕوداوە واقیعیەکە. لە نمایشەکەدا ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵ وەك ژیانێکی ئاسایی و خۆشگوزەران بەرجەستە دەکرێت، بەڵام لە تێکستە ئۆریژیناڵەکەدا کێشە و ململانێ مرۆییەکان بەشێکن لە ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵەکە.
shano
٢/ لە تێکستەکەدا ڕەنگەکان بەپێی کارەکتەرەکان دابەشکراون، بەڵام لە نمایشەکەدا ڕەنگەکان یەکانگیر کراونەتەوە لەگەڵ مانا لۆکاڵیە حیزبیەکاندا. لای بەیزایی کارەکتەری ڕەنگەکان هەمان واتاکانی خودی ڕەنگەکانیان هەڵگرتووە،بەمجۆرە:
سور: نوێنەری کەسێکی بازرگانی سودپەرست و سازشکار و هەلپەرستە کە بە ئاشکرا مل بۆ دەسەڵات دادەنەوێنێت و تەنیا بیر لە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکاتەوە.
سوردەڵێ: من لە بازرگانێکی بێکەڵك زیاتر هیچیتر نیم.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم هەر وەك بازرگانێکی بێکەڵك بمێنیتەوە
سور: خوایە گیان چ بەخشندەییەکە، ڕێگەم بدە دەستت ماچ بکەم. ( دواتر قاچی پێ ماچ دەکات)
کارەکتەری سەوز نوێنەری مرۆڤی ئایینی ڕیاکار و زانای درۆزنە کە ئایینی کردووە بە دوکانێك و بەرژەوەندیەکانی خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.
زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە (لینینیانە، وردەبۆرژوا) کە هەرجارەو بەجۆرێك دەردەکەون ، جارێك دژی دەسەڵاتە و جارێك لەگەڵیایەتی.خزمەتی دەکات و مەرایی بۆ دەکات. لە چوار سندوقدا زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە تا ئەو شوێنەی مەترسی لەسەر ژیانیان نییە ناڕازین، بەڵام هەر کە هەستیان بە مەترسیکرد دەگەڕێنەوە ژێرباڵی دەسەڵات بەڵام هەوڵدەدەن خۆیان ئاشکرا نەکەن. ئەوانە نەك مەترسی نین بۆ سەر داهۆڵ، بەڵکو ئەو خزمەتەی بەوان دەکرێت ڕەنگە بە دەست وقاچەکانی داهۆڵ خۆی نەکرێت. داهۆڵ بە ئاشکرا پێیدەڵێت کە خۆشحاڵە بەو ناڕەزایەتیانەی ئەو.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم دوژمنی من بیت، ئەوە غرورم تێر دەکات.

shano2

ڕەش نوێنەری حەشامات و خەڵکی بەشمەینەتی کۆمەڵگایە، هەڵبژاردنی ڕەنگەکەش بۆ گوزارشتکردنە لە چارەڕەشی خەڵکی بەشمەینەت و مرۆڤە زوڵملێکراوو بەشخوراوەکان. کارەکتەری ڕەش زمانێکی توند و تیژی هەیە و بێڕەحمانە دەسەڵات دەداتە بەر ڕەخنە. لە ڕوکەشدا گێل دیارە، بەڵام مافەکانی خۆی دەزانێت و کە دەکەوێتە سەر پێی خۆی، خاوەنی قسەی خۆیەتی، بۆیە لە تێکستەکەی بەیزاییدا بە تەنیا ئەو سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێتەوە، ڕەش: من ئێستا هەم، من ئێستا هەم. بەمەش شانۆگەریەکەی بەیزایی تەواو دەبێت.
تێکستەکە هەرچەند سیاسییەو سادە دێتە بەرچاو، بەڵام هەڵگری چەندین پرسیاری قووڵیشە. بەڵام نمایشی مێژووی با تێکستەکەی سادەتر کردبووەوە، وەك باسمکرد هەموو مانایەکی لە ڕەنگەکان داماڵێبوو وە کردبوونی بە ڕەنگی باوی حیزبەکانی ئێرە، هەر بۆیەش ڕەنگی ڕەشیان گۆڕیبوو بە سپی، تا چوار ڕەنگە سەرەکیەکەی حیزبەکانی باشوور بخاتە ڕوو. ئەمەیە کە دەڵێم سەرلەبەری گوتاری تێکستەکەیان گۆڕیوە. ئەمە کۆمەڵێك ئیشکالیاتی تریشی بەدوای خۆیدا هێنابوو، هەموو کارەکتەرەکانیتر پیاو بوون تەنها ڕەش، نوێنەری ڕەشەخەڵکەکە نەبێت، ئەویش بە بەرگێکی پیاوانەوە. بە بڕوای من ئەم ئایرۆنیەتە لەناو کۆنتێکستی نمایشەکەدا هەنگاوێك لە تێگەشتنی باو نەچووبووە پێشەوە (لە پەیوەند بە جێگەو ڕێگەی مێینەوە لە کۆمەڵگادا)، بە مانای ستریۆتایپ، مەبەستم ئەو پێناسانەیە کە لە تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگادا سەپێنراون بەسەر مێینەدا و پێناسەی مێینەی پێدەکەن وەك بێدەسەڵات و گێل و بێ کارەکتەر و بێبڕیار و نا بەرپرسیار و..هتد ڕەشە خەڵك وەك مێینەیەك بەو پێناسانەوە دەبێتە یەکەم کەس کە بێ بیرکردنەوە سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و دواتر یەك یەك بەدوای ئەوانیتردا ڕادەکات و لێیان دەپاڕێتەوە بەجێی نەهێڵن و ئەوانیش سندوقەکانی خۆیان بشکێنن. کە یەکێکیان پەشیمان دەبێتەوە، ئەو کارەکتەرە هەڵەشەیە دۆشدادەمێنیت و دادەنیشێت و بیر لە هەڵەکەی خۆی دەکاتەوە، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکان دەشکێنن. جیاوازی ئەم هەڵوێستەی کارەکتەری ڕەش لە نمایشەکەدا لەگەڵ تێکستەکەی بەیزاییدا، پەیوەندی بەو ئیرادە ئازاد و بەرپرسیارەوە هەیە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە لەگەڵ پێدراوە سەپێنراوەکاندا. بەیزایی هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە بەرجەستە بکات کە هیچ یەك لە چین و توێژە ئۆپۆرتۆنیستەکان کە لە بەرژەوەندی دەستکەوت و سوودە تایبەتیەکانی خۆیانەوە ڕەنگە خۆیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتیەکان بکەن، تا کۆتایی نامێننەوەو لە کوێدا دەستکەوتەکانی خۆیان کەوتە ژێر مەترسیەوە لەوێدا پاشەکشە دەکەن. بەڵام لە نمایشەکەدا هەریەك لەو دوودڵی و ترس و دوورەپەرێزی و پاشەکشانە بیانووی بۆ دەدۆزرێتەوەو لە دووبارە بوونەوەو داوای بەردەوامدا ( بیشکێنە بیشکێنە…) ئەو باڵە سیاسیانە یەکدەگرن و بە هەموویان کۆتایی بە تۆتالیتاریزم و کۆلێکتیڤیزم و دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنن.
کێشەیەکیتری ئەم کارەکتەرە مێینەیە کە بەرگی پیاوی لەبەردایە، ئەوەیە کە زۆر هەڵسوکەوتی پیاوانەش دەکات. بوونی کارەکتەرێکی مێینە لەناو بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا دەمانگوازێتەوە بۆ خوێندنەوەی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا. نمایشکردنی ئەو کارەکتەرە لەو فۆرمەدا بەتەواوی لەگەڵ ئەو تێڕوانینە پاتریارکیەدا یەکانگیر دەبێتەوە کە پێیان وایە ئەگەر مێینە بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بکاتەوە ئەوە لاسایی پیاو دەکاتەوە. ئەو تێڕوانینەی هەر لە شەپۆلی یەکەمی فەمێنیزمەوە ڕوبەڕووی فەمێنیستەکان دەبووەوەو وەك کۆمەڵێك ژنی تووڕە ناوزەد دەکران کە دەیانەوێت لاسایی پیاو بکەنەوە و بگەنە مەرتەبەی پیاو، ئەمە وەك نوکتەیەکی هەرزانی کۆمەڵگای پاتریارکی تا ئێستاش لە زۆر شوێندا بەردەوامە.

shano3

دواتر لە تێکستەکەی بەیزاییدا ڕەش سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و ئەوانیتر خۆیان دەخزێننەوە ناو سندوقەکان، ڕەش بە تەنیا بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێت و هاوار دەکات:
ڕەش: من ئێستا هەم، ئێستا هەم.
ئەمە بوونێکی فیعلییە. ساتەوەختێکە کە مرۆڤ بە فیعلی مومارەسەی بوون دەکات، ڕەوانە کردنیکە بۆ بیرکردنەوە لە ژیانی مرۆڤی کۆیلەو مرۆڤی ئازاد، ئەوەی دەڵێن مرۆڤە ئازادەکان بە پێوە دەمردن و لەسەر چۆك ناژین. ئەم ساتەی تێکستەکە ئەوەمان دێنێتەوە بەرچاو کە مرۆڤ بەبێ ئازادی، یان بڵێین بە ملکەچی، لە بووندا نییە، مردوویەکە لەناو ژیاندا چونکە کارەکتەری نییە. ئەمە پرسیارێکی ئەنتۆلۆژی گرنگە لە تێکستەکەدا. مرۆڤ کاتێك دەتوانێت مومارەسەی فیعلی بوون بکات کە خاوەن کارەکتەرە، کە ئیرادەی هەیە و ئازادە و بەرپرسیارە لە هەڵوێستەکانی خۆی. ئەو کارەکتەرە ئۆپۆرتۆنیست و بەرژەوەندخواز و ڕیاکار و سازشکارانە ناتوانن سندوقەکانی خۆیان بشکێنن، ئەوانە کۆیلەکانی بوونێکی سەپێنراون. بەڵام لە نمایشەکەدا، چونکە بە لۆژیکی ئێستا و ئێرەیەکی سادە داڕێژراوەتەوە، بەو لۆژیکەی کە بۆ ئەوەی ببینەران بە شانۆ ئاشتبکەینەوە دەبێت بە پێی میزاج و داخوازیەکانی ئەوان کار بکەین! (کە ئەمە بابەتێکی گرنگە و هەوڵدەدەم لە نوسینێکی سەربەخۆدا قسەی لەسەر بکەم) هەموو ڕوداوەکانی نمایشەکەش بەو ئاراستەیەدا دەڕوات، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکانی خۆیان دەشکێنن.
لە کۆتایی ئەم بەشەی قسەکانی خۆمدا، هیوای بەردەوامی بۆ ئەو گرووپە ئازیزە دەخوازم و هیوادارم لە پشکنین و شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنی شانۆ و بینەر بەردەوام بن. بە ئومێدی ئەوەی کارەکانی داهاتوویان تیۆر و ڕەخنەی جددیتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

Previous
Next
Kurdish