Skip to Content

سەرەگرتن …  شیعر : نزار قبانی …. وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

سەرەگرتن … شیعر : نزار قبانی …. وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

Closed
by حوزه‌یران 19, 2018 General, Poems

داوای تۆزێک
گەرمایی خۆرم کرد
پۆلیسەکان ووتیان :
وەک ئەوانی تر
سەرە بگرە !!،،
داوای تۆزێک
مەرەکەبم کرد
تا ناوی خۆمی
پێ بنووسم
ووتیان :
مەرەکەب زۆر نەماوە…!!
داوام کرد
كام کتێب بخوێنمەوە ؟
جل خاکیە لەبەرەکە
هاواری کرد :
ئەوەی داوای زانست ئەکا
با بەیانەکانی حیزب
و
بڕگەکانی دەستور دەرخ کا
داوای مۆڵەتم کرد
تا ژنەکەم ببینم
ووتیان :
دیداری ژن قورسە..!
پیاوی عاشق نابێ
لە دوور و درێژی
سەرەگرتن
بێ تاقەت بێ
داوی مۆڵەتم کرد
تا کوڕێکمان ببێ
ئەفسەر بە قاقاوە ووتی :
مناڵ بوون گرنگە
بۆیە ئەبێ
ساڵێکی تر سەرە بگری
و
چاوەڕوان بی
“””””’
داوام کرد
ڕوخساری خودا ببنم
یەکێک لە وەکیلەکانی خودا
هاواری کرد :
بۆچیتە خودا،،؟
ووتم :
چونکە من کەسێکی لێقەوماوم
بەپەنجە ئیشارەتی کرد
تێگەیشتم
کە لێقەوماوانیش
سەرەی تایبەت بە خۆیان هەیە…!!
خودایە ،ئەمەوێ بتبینم،،،
وەک سەگی بەرەڵا
لە سەرەیا جێم مەهێڵە
لەوەتەی هاتومەتە دونیا
لە سەرەیا چێنراوم
قاچەکانم تەزیون
خۆشم وەک گەڵای پەرش و بڵاوم
چاوەڕێی ووڵاتێکم
كە نایەت
چاوەڕێی کەناری گەرم و باڵندەم
نازانم چۆن شیعر بڵێم…
بۆ هەر کوێ بچم
تەور وا لەدوای هەنگاوەکانم
هەموو پەرەکان : بۆمب رێژ کراوون
هەموو قەڵەمەکان : بۆمب رێژ کراوون
هەموو مەمکەکان :بۆمب رێژ کراوون
ناو جێگەی خۆشەویستیش
پاسپۆرتی ئەوێ….!
ئەم هەرێمەی لە نێوان
ئاوێک و ئاوێکی ترا
لەنگەری گرتوە
غەمبارە وەک شمشێری شکاو
گەر ماڵ ئاواییمان
لە سوڵتان ” کافور ” ێک کرد
دەیانی تر یەنە ڕێمان
خودایە:
ئاسمان خۆڵەمێشییە..
گەر ئەتەوێ بگەیتە فریام
بمکە بە چۆلەکەیەک
چونکە پەرۆشم
پەرۆشی ( ڕووناک ) یم
گەر ئەتەوێ بگەیت بە فریام
خودایە…
بمکە بە چۆلەکەیەک
…..بە
چۆلەکەیەک،،،،

Previous
Next
Kurdish