Skip to Content

گۆڤاری شیعر دادەخرێت؟! …  محەمەد هەنجیرەیی

گۆڤاری شیعر دادەخرێت؟! … محەمەد هەنجیرەیی

Closed
by حوزه‌یران 21, 2018 General, Literature

دەرکردنی گۆڤارێك پڕ بە پێستی دنیای شیعر بێت پێویستی بە بۆردێکی پرۆفیشناڵ هەیە، کارو لێکۆڵینەوە ئەکادیمیەکانیان لە ئاستێکی باشی ناوخۆو دەرەوەدا باوەڕپێکراو بێت و ناسراو بێت، گەر شاعیریش بن ئەوا شیعرەکانیان لانی کەم لە لایەن چەند لێکۆڵەرێکەوە پەسەند کرابێت و سنووری دەوروبەریانی تێپەڕاندبێت و خاڵی جیاکاری داهێنان تیایاندا نکۆڵیلێکراو بێت.

دەرکردنی گۆڤارێکی ئاوها دەبێتە چەقێکی بەهێزی پێشخستنی شیعرو داهێنان و هەموو دەنگ و رەنگە جوداکان کۆ دەکاتەوەو دەبێتە گۆڕەپانی تاوتوێکردنی کێشەو واقیع و تەوەرە سەرەکییەکانی شیعری کوردی و هەرواش لاکردنەوە بە لای دەنگە بزرە جوداکاندا، ئەم گۆڤارە هیچ پێودانگێکی شەخسی و حیزبی و رەفیقایەتی و پەیوەندیەکان کار لە رەوتی ناکات و نابێتە جێیەك بۆ بۆگەنکردنی ئەدەبییات، کە لە %٩٥ میدیا کە روماڵی ئەدەبی کردووە لە کوردستان راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ حیزبی بوون، بۆیە (داهێنانی راستەقینە) لای ئەوان گرنگ نەبووە.
بەڵام ئەمە ئەوەش ناگەیەنێت دەستخۆشی نەکەین گەر ٣ گەنج سەرسام بن بە ناوبانگی شاعیری فەرەنسایی (ڕامبۆ) و توانا هەڵخەڵەتێنەکانیان هانیان بدات بۆ گرتنەدەستی کارێکی وا گەورەو پێشنیادو ڕێنمونی نەکرێن..

بەڵام دوای ٦ ژمارە ئەو ٣ بەڕێزە دەبوو چاوێك بخشێننەوە بە خاڵە لاوازەکانی رابردووی ئەو گۆڤارەداو بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیی بدەن کە ئایا دەتوانن وەك گۆڤارێکی پرۆفیشناڵی ستانداری جیهانیی شیعر- بەردەوام بن ، یان کاتی ئەوەیە راستگۆیانە بڵێن وەك بیرۆکە کارێکی چاکمان کرد، بەڵام وەك مافپێدانی گۆڤارێکی وا گەورەی تایبەت بە شیعر، ئەوە پارووەیەکی زۆر گەورەیە و بە ئێمە هەرس ناکرێت.

من ڕام لەگەڵ بۆچوونی دووەمدایە؛ بەو بەڵگەیەی گەر بابەتی وەرگێڕدراو لەو گۆڤارە دەربکرێت، ئەوا رووبەڕێکی زۆر بچووکی کوردانەی دەمێنێتەوە کە هەرگیز کاری دروست و گونجاوی تیا نەکراوەو بۆ نەکراوە، کە دەبوو کارەکە پێچەوانە بووایە.. بە حوکمی ئەوەی ئەوان کوردن و لە رووبەری ئەدەبی کوردیدا گڕوگاڵ دەکەن و دەبوو کار لەسەر پانتایی شیعری کوردی بکەن نەك فەرەنسی و ئینگلیزی و ئیسپانی و ….تاد هەرچەندە لە کۆتایشدا دنیای شیعر یەك دنیایە، بەڵام بێتوانایی ئەو ٣ بەڕێزەش لەم رووەوە دیارە بە حوکمی ئەوەی زۆربەی پانتایی گۆڤارەکە بە بابەتی وەرگێڕدراوەوە پڕ دەکەنەوە، لە کاتێکدا دەیان بابەتی گرنگ و بۆشایی سەرنجڕاکێش لە شیعری کوردی ئەمڕۆدا پێشچاو دەکەوێت و بوونی هەیە.

پاشتر بە چ پێوەرو شارەزاییەك داوا لە هەندێك نووسەران دەکرێت و پێشنیاری بابەت و سەرچاوەکانیان بۆ دەکرێت تا وەرگێڕانەکان ئەنجام بدەن؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێچەوانەی ئەو یاسا سروشتییەی داروینە کە دەڵێت (مانەوە بۆ گونجاوترینە، یان بە هێزترینە) جا لەبەر ئەوەی ئەم گۆڤارە بەو کەلێنە گەورانەو توانا لاوازانەوە ناتوانێت ئاوها بەردەوام بێت چونکە خاڵی (گونجاوترین و بە هێزترین) ی تیا نابینرێتەوە، بەم هۆیانەوە ئەو گۆڤارە رووەو داخرانە، بە تایبەتیتر ئەوانەی تیایدا ئیش دەکەن گوێ لە کەس ناگرن و پێیان وایە خۆیان هەموو شتێک دەزانن و نائاتاجن بە کەسانی شارەزاو ئەزموندارتر و خۆیان لەو ئاستە بڵندەدان کارێکی وا گەورە بکەن، رەنگە هەر هۆی ئەمەش بێت هیچ ئادرەسێکی پەیوەندییان نییە! کە بۆ یەکەمجارە لە جیهاندا گۆڤارێك دەربچێت بێ ئادرەسی پەیوەندی.

دوا وتەشم ئەوەیە: تکایە با زانستی و مەوزوعی مەبەست و خاڵەکانی ئەم نووسینە بخوێنینەوە نەك عاتیفی و سادە! ئەگینا منیش دەستخۆشی دەستەبەرکردنی تێچوونی ماددی گۆڤارێکی ئاوها دەکەم، وەك بیرۆکەش پێداویستیەکی رۆژەڤی شلۆقیی بواری شیعری کوردیە، کە من قسەم لەسەر ئەم دوو خاڵە نیە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish