Skip to Content

سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان … رەزا شوان

سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان … رەزا شوان

Closed
by حوزه‌یران 26, 2018 General, Kids Literature

یۆگـا وەرزشێکی جەستەیی و دەروونییە، مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا، بە تایبەتیش لە وڵاتی هیندستان، وەکو رێوڕەسمێکی ئایینی باو و بڵاوبوو.
وشەی (یۆگـا) لە (زمانی سەنسکریتی) یەوە وەرگیراوە، کە زمانی کۆنی هیـند بوو.
لە ئەمڕۆشدا وەرزشی یۆگـا رۆژ لە دوای رۆژ لە جیهاندا تەشنە دەکات، هەوسداران و هەوادارانی لە زۆربووندان، سوود و گرنگی زیاتری ئاشکرادەکەن، راهێنان و داهێنانی تازە دەخەنە سەری. لە شارەکانی کوردستانی ئێمەشدا وەرزشکەران و حەزلێکەرانی یۆگـا لە زۆربووندان، کۆمەڵەی یۆگـا و چەندین گـروپی تری ئەم وەرزشە هەن.
یۆگـا جۆر و شێواز و راهێنانەکانی زۆرن، لە ئاسانەوە بۆ قورس دەستپێدەکات، گەورە و منداڵان حەزیان لێی هەیە و بە تاک و بە کۆمەڵ دەیکەن.
یۆگـای منـداڵان، بریتییە لە کۆمەڵێک مەشق و راهێـنانی سووک و ئاسان، کە لەگەڵ توانای جەستەی منداڵاندا گونجاو و لەبارن بۆ تێکەڵبوونی رووح و هۆش و جەستەیان و بە دیهێنانی گونجـانی ناوەکی خـودی منـداڵان.. سەرەڕای سوودی زۆری جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی، منـداڵان وەکو یارییەکی خۆش وەرزشی یۆگـ دەکەن و خـۆشی و شادییەکی زۆریان پێدەبەخشێت.

سوودەکانی یۆگا بۆ مندان:

سوودەکـانی یۆگـا بۆ منـداڵان زۆرن، بە کـورتی لەم خـاڵانی خـوارەوەدا، گـرنگترینی ئەوسوودانە باس دەکەیـن:
١ـ یۆگـا یەکێکە لەو وەرزشانەی کە پشت بە هێمنی و ئارامی دەبەستێت. کار بۆ ئەوە دەکات کە منـداڵان زیاتر لە زمـانی جـەستە و هـۆشی خۆیان بگەن، لە ڕیـی وەرزشی یۆگـاوە فێری هیمنی و ئارامی و ئاسوودەیی دەبن. لە رووداو و کارەساتەکـاندا، زیاتر لەسەرخـۆن و ئـارامگـرن و نەرمـڕەوییان پێوە دیـارە.
٢ـ یۆگـا ماسوولکەکان خاودەکاتەوە، رێگری لە خەوزڕان دەکات و یارمەتی منداڵان دەدات کە باشتر بنوون، زۆر لە لێکۆڵینەوەکان لە بارەی سوودەکانی یۆگا بۆ منداڵان، جەختیان لەسەر ئەوە کـردوون، کە منـداڵانی خـوار تەمـەن دە ساڵان، ناتـوانن بە شێوەیەکی گونجاو و پێویست بوەستن، بەڵام گەر هەنـدێ لە راهێنانەکانی یۆگـا بکەن، دەبنە هۆکارێکی گـرنگ بۆ پشـوودان و باشـتر نووستن.

٣ـ یۆگـا یارمەتی رێکخستنی هەناسە دەدات، بە تایبەتیش ئەو منـداڵانی کە تووشبووی هەناسەتەنگی (رەبـۆ) بوونە. لە زۆربەی فـشارە دەروونییەکـانیش رزگـاریان دەبێت. رێـز لە خـۆیان دەگرن و لەگەڵ خـودی خۆیانـدا بە ئـارامی و ئاشـتی دەژیـن.
٤ـ زۆر لە لێکۆڵینەوەکـان، جەختیان لەسەر ئەوە کـردوون، کە یۆگـا یـارمەتی ئەو منـداڵانە دەدات، کە زۆر جوڵە و بزێو و بێئۆقرەن و ناوریـان، لە رێی وەرزشی یۆگاوی رێک وپێکەوە، ئاسانە کە بەسەر ئەم کێشە نەرییانـەدا سەربکەون.

٥ـ یۆگا یارمەتی خاوبوونەوە و حەسانەوەی لەشی منداڵان دەدات و دەروون ومێشکیان هـێوردەکاتەوە. ئازار جەستەش کەمتر دەکاتەوە. یۆگـا یارمەتی منـداڵانی نەخۆش دەدات کە خێراتر لە نەخۆشییە درێژخـایەنە جەسـتەیی و دەروونییەکـانیان چـاک ببـنەوە. یۆگـا چارەسەرێکی تەواوکەری چـارەسەرەکـانە. ئەو منـداڵانی کە وەرزشی یۆگـا بکەن، کەمتر تووشـی نەخۆشییە مەتـرسیدارکان دەبن، چونکە یۆگـا هـێزی بەرگـریی لەش چالاکـتر دەکات. هەروەها چارەسەری ئـازاری ئەژنـۆ و پشـت و پێیەکان دەکـات.
٦ـ یۆگـا دڵ و دەروونی منـداڵان خـاوێن دەکـات، لە بیر و نیـازی خـراپ و لە خەیـاڵی ناپەسەند و لە بەدکـاری و لە چکوسی (ئیرەیی) دووریـان دەخـاتەوە.. دەتـوانن بە رووحێکی وەرزشی و هاوڕێتی و لێبووردن لەگەڵ منداڵانی تردا بگونجێن و هەڵبکەن.
٧ـ بەشێکی زۆر لە منـداڵانی بچووک، یۆگـا بە یارییەکی خۆش دەزانـن، پێکەوە جۆرە یۆگـایەکی ئاسان دەکەن. شادییان پێدەبەخشێت و خـۆشی لێوەردەگـرن.
٨ـ بە لێکۆڵینەوە ئەوە سەلمێنراوە، کە یۆگـا روانین و سەرنجی منداڵان تیژتر دەکات، فـێری ئەوەیان دەکات کە بە وریایی و بە وردی سەرنـج بـدەن، تا بە سەرکەوتـوویی راهێنانەکـان ئەنجام بدەن.
ئەو منـداڵانی وەرزشی یۆگـا بکەن، وا هەست دەکەن کە هۆشیارن و توانایەکی باشیان هەیە، لە خوێندنـدا سەرنج وردتـرن لە منـداڵانی تر. لە تاقیکردنەوەکانی وانەکانیشدا، بـڕوا و متمانـەیەکی زیاتـریان بە سەرکەوتن و بە دەرچـوونی خۆیان هـەیە.

٩ـ یۆگـا وەرزشێکی ململانێ و کێبڕکێ نییە، لە پێناوی بردنەوە و بەدەستهێنانی خەڵات و دەسکەوتدا نییە. قـەوارە و قەڵافـەت و کێش و شێوەی جەستەی منداڵانیش مەرج و گرنگ نییە، هەموو منداڵێک بە پێی حەز و کێش و توانای خۆی دەتوانێت یۆگـا بکات.
١٠ـ یۆگـا وزە و گـوڕ و تینێکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشێت.. کێشی زۆر دادەگرێت و کەمتری دەکاتەوە.. منداڵانیش لە دڵەڕاوکێ و مشەوەشی و خەمۆکی و گۆشەگیری و لە گرژی و لە پەستی و هەڵچوون و رق و کینە و توندوتیژی و خۆپەرستی و شەڕانگێزی دوور دەخاتەوە. دەتـوانن کۆنترۆڵی خویان بکەن.. بە زمـانی گـوڵ یەکتری بـدوێنن.
١١ـ یۆگـا گەشـبینی و هـیواخوازی و دڵـخۆشی و شـادی و رووگـەشی بە منـداڵان دەبەخشێت. وایان لێدەکات کە چـێژی زیاتر لە جوانییەکـان وەربگرن و ژیـانیان لا شێرینتر بێت و لە ژیـانێکی خـۆشتر و لە داهـاتوویەکی باشـتر و گەشـتر بـڕوانن.
١٢ـ سوودێکی گرنگی تری یۆگـا بۆ منـداڵان، هۆش و هـزر و خەیاڵی منداڵان فراونتر دەکـات، واشـیان لێدەکـات کە هـەمیشە نوێخـوازبن و هـەردەمیش بـیر لە داهێـنان و لە دۆزینەوە و لە پێشـکەوتن بکەنـەوە.
١٣ـ یۆگـا هاوسەنگی و گونجـان لە نێوان جەستە و هـۆش و دەروون و سـۆزداریدا پێکدەهێنێت، منـداڵان لە هـەڵەشەیی دوور دەخـاتەوە، بە پەلە رەفـتار ناکەن و بە بێ بیرکـردنەوەش بڕیار نادەن.. بە شێوەیەکی لـۆژیکیش بڕیار دەدەن و بە دروستیش گۆزارشت و کار و رەفتار دەکەن.

رەزا شوان
نـەرویج: ٢٤ی/یوونی/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish