Skip to Content

بۆ مامۆستاکەم … سوزان واحید

بۆ مامۆستاکەم … سوزان واحید

Closed
by ته‌مموز 1, 2018 General

باش لە یادمە، ئێوارە بوو، لە گەرمەی قاقادا بووم، لەناکاو هەواڵی چارەنووسی خوێندنم پێگەیشت. نووسرابوو ” فاکەڵتی ئاداب، بەشی کۆمەڵناسی، زانکۆی سۆران” هەر کە بینیم وا نووسراوە، هەستم کرد من ناگەم بە سەرکەوتن. ئەو ئێوارەیە هەستم وابوو کە هەموو دونیا رقی لێمە، یان دژی منە، هەستم دەکرد خودا بەو هەموو گەورەییەی خۆی رقی لێمە بەڵام ئاسمان و زەوی بۆم نیگەرانن. ویستم ململانێ لەگەڵ سوپەر ئیگۆدا بکەم یان کۆتایی بە بوونم بێنم…بەڵێ شەو تا بەیانی بەدەم گریانەوە بیرم دەکردەوە کە بۆ خودا رقی لێمە.! ئاخر ئەوە حەزی من نییە، خودا و سوپەر ئیگۆ حەزەکانی منیان نەهێنا بوون بۆیە منیش بە جەستەیەکی مردوو بەدیار حەزەکانی کۆمەڵگە کەوتم و بڕیارم دا کە ” چی دەبێت با ببێت”
باش بیرمە یەکەم ڕۆژی چوونم بۆ زانکۆ، بێ خوڵقانە، لەوێ، بەشی کۆمەڵناسی، ئەو وشەیەی هەرگیز بە گوێمدا نەچرپابوو..
بەهەمەحاڵ، مرۆڤ زۆر لەوە گەورەترە بروخێ، چۆک دابدات، ئومێد لەدەست بدات.

مرۆڤەکانیش لەناو تاریکیدا بێ ئەوەی چاوەڕێی خۆر بکەن، دەکرێت خۆیان ڕووناک بکەنەوە، ئاخر مرۆڤ بۆ ئەوە نەهاتۆتە بوون تا بە تاریکی ڕازی بێت، خۆ ئەگەرچی تاریکی جوانە، دەشزانم ئێمە لەتاریکیدا درووستکراوین، ئاخر لێرە مرۆڤەکان تەنیا لەتاریکیدا درووست دەکرێن، بەڵام بیرمان بمێنێ ئەوەی لە ڕووناکیدا روودەدات جوانترە لەوەی لە تاریکیدا بۆی وێڵین.
ئەزانم ڕەنگە ئەوەی لەناو دڵدا بێت، بە نووسین نەیەتە گۆ، بەڵام لەیادمە لە ڕۆژێکی هەتاوی پاییزیدا دەرۆیشتم، لەناکاو چاوم بە کەسێک کەوت، وتم: ئای خوایە لەناو کوردا کەسی جیاوازیش هەیە؟ بە چاوێکی سەیر و بە رامان و بیرکردنەوە لێیم دەڕوانی، دەم وت ئاخۆ دەبێت چ نهێنیەک لەناویدا خۆی عەشاردا بێت، ژیانی چ تراژیدیایەک بێت؟ چ ژینگەیەک ئەوی لە باوەش گرتبی؟

زۆر سەیر بوو، بۆ ڕۆژی دواتر، هاتە ژووری خوێندنمان، بەڵی هات، قسەی بۆ کردین، هات و هەزاران پرسیاری لە مێسکی ئێمەدا سازکرد و ئێنجا ڕۆیشت… ڕۆیشت بەڵام چ ڕۆیشتنێک، هەر نەگەڕایەوە، بێ ئاگا بوو لەوەی ئێمە یان من، نازانم ئیتر، چەندە تامەزرۆی قسەکانی بووین… بەڵام بە قسەی خۆی بێت، ڕێگەی هەڵە کردبوو، ئای خوایە لەو ڕێکەوتە!
بیرمە ئەو ڕۆژە هەتاوەکو ماوەیەکی زۆر لە چۆڵایی و بەتەنیایی بیرم لە قسەکانی دەکردەوە، ئاخر ئەو وای کرد من بیربکەمەوە. هەزارەن پرسیاری لە مێشکی مندا سازکرد، یەک لەو پرسیارانەی کە منی لە تاریکی بۆ ڕووناکی برد” من بۆ دەژیم” ئاخر وایە، من بۆ دەژیم، ئەو پرسیارەی هەزاران پرسیاریتری بە دوادا دەهات. زۆر سەیرە مرۆڤێک بە درێژایی ١٧ ساڵ هێشتا بڕێاری نەدابێت کە بۆ دەژیت، بەڵام مامۆستایەک بە ٤٥ خولەک تەواوی ژیانت بخاتە ژێر پرسیارەوە!!!
بەڵێ ئەو، ئەو ئاڕاستەی ژیانی منی گۆڕی، فێری کردم ئامانجم هەبێت، فێری کردم نەوەستم، ئەو تۆوی ئیرادەی لە رۆحی مندا چاند، سا ئاخۆ ئەبێ چ شتێک هێندەی ئیرادە لا مرۆڤێکدا گرنگی هەبێت؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟

سوزان واحید

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish