Skip to Content

منداڵان ئایندەی گەشی کۆمەڵن … ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید به رزنجي

منداڵان ئایندەی گەشی کۆمەڵن … ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید به رزنجي

Closed
by ته‌مموز 3, 2018 General, Kids Literature

منداڵان ئایندەی گەشی کۆمەڵن ،ناونیشانی کۆنسێرتی گۆرانی و مۆزیکی تیپی ھونەری منداڵانی سلێمانی بوو کە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٢١/٦/٢٠١٨ کاتژمێر (٨) ی ئێوارە لە شاری یاری سلێمانی بۆ منداڵانیان پێشکەشکرد.کە (١٣) گۆرانی منداڵانی لە خۆ گرتبوو بە ناوەکانی(فیستیڤاڵ،یەکی حوزەیران،ئێوە ئێوە،گوڵ شێوە،وێنەکێشان،ھاوڕێی ئاژەڵان،ھۆ منداڵان،میوان،ئاشتی خواز،دایکی میھرەبان،دایکم،باران باری، میزەڵان) کە ھۆنراوەی گۆرانییەکانیش ھی شاعیران(ئاکۆمحمد سابیر،عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی،ئەمین محەمەد،توانا جەمال،سەلام ڕەشید،گۆران،فەرھاد ئەحمەد بەرزنجی،جوتیار ژاژڵەیی،ھیوا خگاگ)شایانی باسە کە ھونەرمەند لوقمان سەلیم کە میوانداری کرابوو بە دەنگە خۆشەکەی دوو گۆرانی بۆ منداڵان وت و دڵخۆشی کردن،ھەروەھا مامۆستا مۆفەق لھۆنیش بە دوو گۆرانی بەشداری کرد و ئەویش بە ھەمان شێوە دڵی منداڵانی خۆش کرد.

ھەروەھا ئەم ھونەرمەندە بچکۆلانانەش بە دەنگە ناسک و خۆشەکانیان کۆنسێرتەکەیان زیاتر ڕازاندەوە و ئەوانیش خۆشییەکی زیاتریان خستە دڵی منداڵان و ئامادە بووانەوە(نمە لوقمان،سارا/ سیما سیروان،سۆناتا دەرون،ھێوەند چێنەر،لالە لوقمان،لیا سەرکەوت،پەریا سەرکەوت،ئەوین دانا) کە ھەریەک لەم بەڕێزانەش ئاوازی گۆرانییەکانیان دانابوو(مۆفەق عارف لھۆنی،محەمەد عەتا،سەلام ڕەشید،توانا جەمال،ئەنوەر قەرەداغی،ئارام محمود،ئارام سەردار،ھەڤاڵ ئەنوەر، ھیوا خگاگ،ھەژار عوسمان،فۆلکلۆر)ھەروەھا ئەم ژەنیارانەش بەشدار بوون(مۆفەق عارف لھۆنی بە فلوت،محمەد عەتا بە ئۆبوا و گیتار،مازیار بەختیار بە کەمانچە،محەمەد مەولود بە عود،ڕیاز نزار بە کیبۆرد) کە کاشما ئەحمەد و لیزان عەباس پڕۆگرامەکەیان پێشکەش دەکرد و ھەرێز کەمال و گوڵان بەکر و نژۆ ئەکرەم لیژنەی پێشوازی بوون.

بە ھاوکاری شاری یاری سلێمانی و بەسەرپەرشتی مامۆستا مۆفەق عارف لھۆنی بوو.لە ڕاستیدا ساڵانە تیپی ھونەری منداڵانی سلێمانی بەبەردەوامی و لە بۆنە تایبەتەکانی منداڵانیش دا وەک ڕۆژی جیھانی منداڵان و سەرەتای دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانەکان ،چالاکی ئەنجام دەدات و دڵی منداڵانی کورد خۆش دەکات سەرباری قەیران و نەبوونی و کێشە و گرفتەکان کە ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئەو تیپە جوانە و لە ھەمان کاتیشدا وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار بە ئاسمانی ھونەری منداڵانەوە دیارە و بێجگە لە منداڵانی سلێمانی سەردانی شارەکانی تریشیان کردووە تا منداڵانی ئەو شارانەش دڵخۆش بکەن لە ڕێگەی بەرھەمە جوان و ناسکەکانیانەوە ،وەک (ھەولێر وھەڵەبجە و کەلار و کفری و دەربەندبخان و ھەورامان و خورماڵ وبازیان و سیێادق و کەرکوک و پشدەر) کە ئەمەش دڵسۆزی و خەمخۆری زیاتری ئەم تیپە ئازیزە دەردەخات بۆ منداڵان و پەرۆشییان بۆ ئەوەی بۆ ساتێک ئەوانیش بکەنە ھاوڕێی خەندە و قاقا لێبدەن و سەما بکەن لە دنیا جوانە ڕەنگاڵەییەکەی خۆیاندا. ئەم تیپە٢٨ ساڵە دامەزراوە و بەردەوامن لە کار و چالاکی ھونەری لە بوارەکانی شانۆیی و ئۆپەرێت ومۆزیک و گۆرانی و شێوەکاری بۆ منداڵان.

تا ئێستا ئەم تیپە زیاتر لە ٢٠٠ کۆنسێرت و فیستیڤاڵی گۆرانی و مۆزیکی بۆ منداڵان و نزیکەی ٣٠ شانۆیی و ئۆپەرێت و ٥ کورتە فیلمی منداڵانی پێشکەش کردووە.دوایەمین شانۆیی(بوکەکەی سۆز) بو کە لە ١/٤/٢٠١٨ دا نمایش کرا.چالاکییەکانی تیپ زۆربەی بە دیاری و بێبەرامبەر بووە بۆ منداڵان.ئەم تیپە بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن لەو خزمەتە مەزن و کەم وێنەیەیاندا بە منداڵانی کورد ،کە ئەمەش پێویستی بەوە ھەیە کە بەرپرسان لە وەزارەتەکانی پەروەردە و ڕۆشنبیری لایەکی لێبکەنەوە وھاوکارییان بکەن تا کارەکانیان کە بۆ منداڵانی کوردیان ئەنجام داوە و ئەنجامی دەدەن بگاتە منداڵانی دوور ترین گوندی کوردستان لە ڕێگەی سیدی و تیڤییەکانەوە،چونکە وەک سەرنج دەدەین سەرجەم کارەکانیان پەروەردەیین و بەشێوەیەکی ھونەری بەرھەم ھاتوون.چەندە خۆش دەبوو کە دوای کۆتایی ھاتنی ھەموو کۆنسێرتێک بەرھەمەکەیان بە شێوەی سیدی بەدیاری بدرایە بە ھەموو ئەو منداڵانەی کە بەپەرۆشەوە ھاتوون دانیشتوون و گوێ لە گۆرانییەکان دەگرن.

دواتریش بگەیشتایە قوتابخانە و ھەموو ئەو شوێنانەی کەمنداڵان ڕووی تێدەکەن.لێرەدا بەپێویستی دەزانم کە ڕوو بکەمە ئەو کەسە دڵسۆزانەش کە دەیانەوێت خزمەت بە منداڵان بکەن دەتوانن ببنە سپۆنسەر بۆکارەکانیان تا ئەوانیش زیاتر و زۆرتر پێشکەش بکەن.ھەروەھا دەتوانن ببنە سپۆنسەر بۆ ئەو شاعیر و نوسەرانەش کە کار بۆ منداڵان دەکەن ، تا لەگەڵ سیدییەکەدا کتێبێک یان دوو کتێبی منداڵان وەربگرن کە من دڵنیام ھەرگیز ئەو خۆشییەیان بیرناچێتەوە وئایندەیان گەشتر دەبێت.ئەوەتا ناونیشانی ئەم کۆنسێرتەش بریتییە لە(منداڵان ئایندەی گەشی کۆمەڵن)ڕاستە منداڵ ئایندەی گەشی کۆمەڵە،بنیاتنەری کۆمەڵە ، بەڵام دەبێت بەشێوەیەکی دروست پەروەردە بکرێت و ھەوڵ بدرێت سەرجەم پێداویستییەکانیشی بۆ دابین بکرێت بەپێی توانا تا لە بنیات نانی ئەو ئایندە گەشەدا بەشدارێکی چالاک و گورجوگۆڵ بێت و بە داھێنان و ھەوڵەکانی بەشداربێت لە پێشکەوتنەکان و سەرکەوتنەکان و دەرکەوتنەکانی نیشتمانەکەیدا.من کاتێک ئەو ناونیشانەم بینی وەک شاعیرێک کە ساڵانێکە بۆ منداڵان دەنوسم و زۆر لە ھۆنراوەکانیشم کراون بە گۆرانی و ئێستا بەرھەمی ئەم تیپە ئازیزەن ،ئەم ھۆنراوەیەم بۆ نوسین کە ھەر بە ناونیشانەکەی ئەوانەوەیە.بەو ھیوایە ئەمیش لە کارەکانی داھاتووی ئەم تیپە ئازیزو خۆشەویستەدا ببێتە گۆرانییەکی خۆش .

منداڵ و ئایندە

ھــەر منداڵان ئایندەی گەشی کۆمەڵن ھەمـوو
پڕن لە بەھرە و ھیوا و خەون و خۆزگە و ئارەزوو
بەوانەوە شــــانۆی ژین ڕەنگاوڕەنگ و شیرینە
پڕە لە قاقا و خـەندە و ھەرخۆشی و پێکەنینە
بڕۆن بۆ ھــەر جێگایەک شـــادی لەوێ میوانە
ســـیمای دڵگیری منداڵ ھەتاکو بڵێی جــوانە
دەڵێی خەرمانی گوڵن ھێندە بێگەرد و پـاکن
بنیاتنەری کۆمەڵگەن،ئایندەی گەل و خـاکن

٢٠ /٦/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish