Skip to Content

135 Views

تیشكه‌ پڕه‌كان …. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

تیشكه‌ پڕه‌كان …. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Be First!
by July 9, 2018 General, Poems
image_print


دوای جارێكی تر خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م داهێنانه‌كانی كاروان كاكه‌سوور، بۆ ئاشبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خانمی نووسین.

به‌شی دووه‌م
له‌دایكبوون و مردن

له‌ سه‌ده‌ی بیست چاوم له‌ لاسكه‌ ماندووه‌كان ئاڵا و سه‌ركه‌وت
له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا
چاوی ئاڵاوم له‌ لاسكه‌ ماندووه‌كان ده‌كه‌وێت
هه‌ردوو سه‌ده‌ له‌و خرۆش و خولیایه‌ی له‌ منیان ڕسكاند
كرمی ئاوریشم له‌ناو له‌پیان كه‌وته‌ گڕوگاڵ
سه‌یر زۆر سه‌یر ته‌ماشای ئاگری ناو شووشه‌ی لامپای كرد
ئاوریشم به‌شه‌ میراتی منه‌
به‌شه‌ میراتی خۆم ده‌پارێزم و ڕۆژگار ده‌یهێڵێته‌وه‌
له‌ زۆر بۆنه‌دا سینیی كێكی به‌دیۆمم قڵپ كردووه‌ته‌وه‌ و په‌نجه‌ره‌ی مۆنم شكاندووه‌
ده‌رگای خه‌زنه‌م به‌ گه‌رمایی په‌نجه‌ كردووه‌ته‌وه‌
له‌ناو به‌له‌می ڕاوچییه‌كان چرام داگیرساندووه‌ و له‌ حیكمه‌تی چاره‌نووسم پرسیوه‌
په‌پووله‌م ئاشق كردووه‌ و ته‌مومژی سه‌ر ئاویشم لاداوه‌
تووڕه‌یی تێكه‌ڵی به‌زه‌یی نابێت
با شوێنی هه‌یه‌ لێی هه‌ڵبكات و خۆشی له‌ لووتكه‌ی درۆزن لادا
له‌ بیریشی ناچێته‌وه‌ بۆچی هه‌ڵی كردووه‌ و له‌ چیشدا ده‌بێته‌ سروه‌
سروه‌ باڵ ده‌جووڵێنته‌وه‌
له‌ ڕۆژێكدا كه‌ خۆره‌كه‌ی زۆر ڕۆشنه‌
به‌ بزه‌یه‌كی ئاشنا خه‌ڵاتم كه‌ و ده‌ستبه‌ردارم مه‌به‌ ئاوریشم ڕوێن
له‌دایكبوون په‌ڕه‌مووچی كۆتره‌كانی بڵاو كردمه‌وه‌ و بۆم كۆ نه‌كرایه‌وه‌
مردن فریام كه‌وت و بۆ لای هیچ شتێك نه‌گه‌ڕامه‌وه‌
ئاگری كه‌س له‌ ئاگری كه‌سدا ون نه‌بووه‌
كه‌سیش به‌ ئاگری كه‌س نه‌سووتا
له‌ به‌رپه‌نجه‌ره‌ی یه‌كیش تێپه‌ڕین و خۆشحاڵین به‌ سه‌مای زه‌ماوه‌ند
سه‌یر زۆر سه‌یر ته‌ماشای ئاگری ناو شووشه‌ی لامپا ده‌كه‌ین

ئه‌وسا و ئێستا

سروشت هه‌موو پرسیاره‌كانی ئێستا و ئه‌وسای كردووه‌ و بۆ هه‌موو شت سه‌ره‌تایه‌
خه‌یاڵ سه‌ره‌تای خۆی ده‌دوێنێ‌ و هانا بۆ شكۆی خۆی ده‌با
په‌پووله‌ ئاگری ڕاونا و كه‌وته‌ بۆسه‌ی و كوشتی
گه‌رمایی له‌ دڵی جریوه‌ی ده‌هات
به‌ ئاوی حیكمه‌ت دره‌ختی سێبووریی گۆش كرا
ئاو ڕێڕه‌و ده‌گۆڕێ‌
به‌ڵام بیر ناگۆڕێ‌
له‌ ده‌ره‌وه‌ی باخه‌كانی به‌هه‌شت میوه‌كان ناسیمیانه‌وه‌
باڵ له‌ گه‌رمیی پێگه‌یینی میوه‌ كرانه‌وه‌ و به‌ خوداوه‌نده‌كان ئاشنا بووم
له‌ خۆشیاندا سوور هه‌ڵگه‌ڕام
خوداوه‌نده‌كان مژده‌ن و دێنه‌ لام و باسی وه‌فای ده‌ریام بۆ ده‌كه‌ن
چه‌ند میهره‌بانانه‌ سه‌وڵ ده‌كاته‌ ده‌ستی منداڵێكی تازه‌ له‌دایكبوو
كاتێكیش جێم ده‌هێڵن به‌ سه‌رمدا زاڵ ده‌بن و بیریان ده‌كه‌م
پرسیاره‌كانی ئێستا و ئه‌وسا له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌ی ده‌توانم هه‌مبێت دووباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
بۆ هه‌موو شت سه‌ره‌تام
سه‌ره‌تا پێوستی به‌وه‌یه‌
هه‌موو ڕه‌گه‌كان له‌ شوێن پێی جوانیی و لێبووردن بچێنێت و شته‌كان ده‌ست پێ‌ ده‌كه‌ن
گوڵاو دێ‌ تایبه‌تمه‌ندترین نهێنیی گوڵ ده‌دركێنێت
زه‌وی له‌ په‌رده‌ی ڕاز دێته‌ ده‌رێ
ڕازاندنه‌وه‌ی خۆی ده‌داته‌ ده‌ست هه‌موو ڕه‌نگه‌كان
گوڵ سه‌رسپارده‌ی گوڵاوه‌

وه‌چه‌ و بنه‌چه‌

شوێنپێ‌ ئه‌مه‌كی ڕێگا نادیاره‌كانن
جه‌للادیش ده‌یه‌وێ‌ ئاسمان خامۆش بێت
چۆله‌كه‌كانم له‌ناو ڕه‌شه‌بادا به‌ڕه‌ڵلا نه‌كرد
دوور كه‌وتمه‌وه‌ و هه‌ڵمدان
به‌شه‌ مێوژی خۆم له‌ قه‌رتاڵه‌دا هه‌ڵگرت
هه‌نجیر و گوێز و باویم داته‌كاند و چوومه‌وه‌ یاریی گومبه‌تانێ‌
به‌رانبه‌ر چیا وه‌ستام و بزماره‌كانی كه‌شتیی نائومێدانم توند كرده‌وه‌
به‌ په‌رۆشم خودا بۆ داوه‌تی ماڵی خۆی بانگم بكات
پۆله‌ چۆله‌كه‌كه‌ی هه‌ڵمدابوون بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان پێشانی برووسك ده‌ن
له‌گه‌ڵم بنیشنه‌وه‌ و ده‌نووك له‌ زایه‌ڵه‌ی سنگی
قه‌ڵا بده‌ن و گۆرانییه‌ك له‌ لێوی جێ‌ بهێڵن
ئاوی تۆفان و لافاو له‌ به‌ر ده‌ستماندا مردن
شارمان لاوانده‌وه‌ و وه‌چه‌ و بنه‌چه‌ی ئاگرمان ژمارد
كه‌می نه‌كردبوو
شه‌قامه‌كان له‌بن پێی ڕێبواران گڕِوگاڵیان بوو
ئه‌سپ و پاڵه‌وان و په‌یكه‌ره‌كان پیرۆزه‌ی دوو چاوی تێرخه‌و ده‌به‌خشن
هه‌ردوو تای ته‌رازوویان مه‌ل له‌ناوی مه‌شقی غاردان و باڵ ده‌كات

باوه‌ڕ و گومان

هه‌سته‌ تووڕه‌كان قولابیان له‌ ئاو كێشایه‌وه‌ و باوه‌شم له‌ خودا وه‌رێنا
باوه‌ڕ و گومان باوه‌شیان پێدا كردم و خۆیان نه‌دركاند
دڵوپ و دڵۆپ كه‌وتنه‌ ناو كاسه‌ و كه‌وچكمانه‌وه‌
هه‌راسان و بێزار بووم
له‌ قسه‌ی دووباره‌ له‌باره‌ی ڕێنوێنییه‌كان
له‌ ئومێدی ئه‌وان هیچم بۆ نه‌گوازرایه‌وه‌
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆدركاندنم هه‌ڵبژارد
گردۆڵكه‌ و چیاكان سوور هه‌ڵگه‌ڕان
له‌ناو ده‌سته‌ به‌هێزه‌كانی ته‌فره‌دان خۆم ڕاپسكاند و بوومه‌ ترپه‌ و ئاوازی نووسین
به‌ناو دارستانێكی گه‌وره‌دا ڕۆیشتم یانی جێگایه‌كی نه‌ناسراو
دره‌خته‌كان به‌دوامدا هاتن
دایكێكی ئه‌فسانه‌ییم ناسی
كه‌روێشك له‌گه‌ڵی ده‌ڕۆن به‌ری دره‌خته‌كان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌
هه‌ندێك نیشانه‌ی ئاگریان دروست كرد
به‌ره‌و گردۆڵكه‌ و چیا سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان به‌رز بوونه‌وه‌
ده‌بێ‌ ته‌ماشا بكه‌ین
خوێن سه‌ر ده‌كات و فرمێسك خوڕه‌ی دێ‌
كاروان دوانه‌كه‌وت و گه‌یشت
هێمای كلیل و كلیلسازی له‌سه‌ر تاج چنی و ئاسۆیه‌ك پێكهات
بۆ فه‌رمان و به‌رفرمانی ئه‌وه‌ بكه‌ و ئه‌وه‌ مه‌كه‌
زمانی كوردییان پێ‌ به‌خشیم
له‌سه‌ر به‌رد تۆمارم كرد و هه‌تا بڵێی ڕۆشن

له‌كه‌دار و كلكدار

چه‌تری كاسه‌ی سواڵ بپێچه‌وه‌ پیاوی له‌كه‌دار و كلكدار
وه‌ك سیساركه‌كه‌چه‌ڵ چڕنووكت به‌سه‌رماندا كردووه‌ته‌ قه‌فه‌س
ئه‌سپی شه‌ل ڕاوی پێ ناكرێ‌
چاو به‌ فرمێسك سڕه‌ و ده‌خیله‌ی دڵشكاوانه‌
پایز دڵه‌ڕاوكێی سروشته‌
لاپه‌ڕه‌كانی ناوچه‌وانی هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌
مێشكێكی باش و ساده‌
كه‌ خوێنی لێ‌ ده‌تكێ‌ سه‌ردانی ده‌كات
ساتمه‌ ناكات و ناكه‌وێ‌
له‌ مێژوویه‌كی زیندوودا پشوو ده‌دا
هێشووه‌كانی پێگه‌ییوون و ده‌سته‌كانی بۆ به‌رز كردوونه‌ته‌وه‌
بووه‌ هه‌تاوێك تانوپۆی ڕه‌ش و سپی چنیوه‌
زۆر ڕامام تا له‌ چنین بگه‌م
خۆی لادا له‌ لێوی ڕه‌شی نزا خوێن
گوێی له‌ زمانێكی تر بوو
له‌ ده‌شتاییه‌كدا وێڵ مه‌به‌
كلیلی شار بخه‌نه‌ سه‌ر ئاوێنه‌ی زوڵاڵ كه‌ زمانی نه‌رم ده‌هه‌ژێته‌وه‌
شه‌رمم له‌ برین نه‌كرد
شه‌رم له‌ برسیه‌تی ده‌كه‌م

هاتن و نه‌هاتن

كه‌سێكی چاوه‌ڕێم له‌ هاتن و نه‌هاتندا ته‌نیا نه‌بم
ته‌نیایی دڵ ده‌سووتێنێت
ده‌ستیشم له‌ كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌دا گیر بووه‌
په‌نجه‌ره‌ له‌ ژووری زیندانیشدا دڵخوازی دیداره‌
مێوان له‌ به‌رپه‌نجه‌ره‌ ئاڵوواڵای ڕێژه‌نی ڕوخساره‌
دڵی سپاردووه‌ به‌ خۆرێكی سه‌د و یه‌كجار
ساده‌ و ساكار
ڕوون و ئاشكرا
ته‌نیا ڕه‌نگی هاتن له‌ چاویدا ده‌نیشێت
جۆره‌ها ده‌نگی تێكه‌ڵ له‌سه‌رت جێ‌ به‌ یه‌كتر چۆڵ ده‌كه‌ن
ده‌یانه‌وێ‌ بچنه‌ ئاسمان بزرینگێنه‌وه‌
به‌ خوماری سه‌یری زه‌مینی خومار بكه‌ن
بیر له‌و تیشكه‌ش بكه‌نه‌وه‌
به‌ نێوانی شاخی كه‌ڵه‌كێوی ڕه‌ت ده‌بێت و له‌ په‌نجه‌ره‌ی زیندان ده‌دات
تیشكێكی له‌ناكاو نییه‌
خۆر و په‌نجه‌ره‌ گۆرانیی یه‌كه‌من
ده‌چنه‌ ناو چاره‌نووسێك هێڵ و هێماكانی هیوایان لێ‌ ده‌خوازرێ‌
خۆیان به‌سه‌ر نه‌هاتن داده‌خه‌ن و به‌سه‌ر هاتن ده‌كه‌نه‌وه‌

ڕاست و چه‌پ

ڕێوییه‌كی قونگیراو له‌ ئاوێكی جادوولێكراودا ددانی شووشت
كاتژمێری فێره‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن كرد
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا ڕووی دا
ڕاست ئه‌سپی چووه‌ ڕێ‌
چه‌پ شه‌قامی ناهاوسه‌نگه‌ و ڕێبوارانی له‌گه‌ڵ یه‌كتر نامێننه‌وه‌ و بخوور ده‌كوژێننه‌وه‌
له‌ پشت شۆسته‌كانیه‌وه‌ جورج ده‌می یه‌كتر له‌ ئاوێنه‌ی چێژدا به‌ پێوانه‌ و قه‌واره‌ ده‌بینن
پیت و هێڵ و نیشانه‌كانی هاتوچوویان كڕاند
ئێمه‌ تێكسووڕاین و گاكانمان له‌ناو كێڵگه‌ بۆ نه‌هاتنه‌وه‌
هه‌ر به‌ چاو شوێنپێیه‌كانی دزین
گولله‌ی قینی كوڵاوی ته‌قاند
گولله‌ی فرمێسكڕێژیشی بۆ هه‌لێكی تر هه‌ڵگرت
له‌ خاكی ڕه‌نگه‌كان گۆپكه‌ و چرۆ و گوڵ
ژه‌هراوی ده‌كرێن ئه‌وجا پێی ده‌زانن

شه‌و و ڕۆژ

له‌ شه‌ودا سینگ ده‌رده‌په‌ڕێنم و خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م
به‌ناو ڕۆژدا بڕۆم و شته‌كان دژی شه‌و هه‌ڵگرمه‌وه‌
شه‌و زانی بێكه‌سم و به‌ سه‌رانسه‌ری دنیادا ده‌سووڕێمه‌وه‌
به‌شێك له‌ كاتی خۆی كورت كرده‌وه‌
له‌ ڕۆژدا ده‌ست له‌سه‌ر سینگ داده‌نێم و خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
به‌ناو شه‌ودا بێمه‌وه‌ و شته‌كانی هه‌ڵمگرتووه‌ته‌وه‌
له‌ مۆزه‌خانه‌ی پایته‌ختی دابنێم
ڕێگاكانی شه‌و و ڕۆژ وایان كرد
شانازی به‌ بێ‌ شه‌و و ڕۆژی خۆم بكه‌م
شه‌و و ڕۆژ گومانیان هه‌یه‌
هه‌موو ئه‌و به‌ردانه‌ی هه‌ڵمدان
نركه‌ و ناڵه‌یه‌كیان نه‌خسته‌ دڵی گۆمێكه‌وه‌
كامێراكه‌م ئاماده‌ ده‌كه‌م وێنه‌ی قڕژاڵێكی چاو په‌لكه‌زێڕینه‌یی ده‌گرم لافاو لای داوه‌
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ به‌سه‌ریدا چه‌ماوه‌ته‌وه‌ و سێبه‌ری لێ‌ كردووه‌
ئه‌ی ئه‌ستێره‌ی بچووك بڕژێ
به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆچ ده‌كه‌ین
نامه‌یه‌كم پێیه‌ هیچ له‌ سه‌ر زه‌رفه‌كه‌ی نه‌نووسراوه‌

كۆن و نوێ‌

ڕۆژێك ساده‌یی جوانیی
به‌ شتی كۆن سه‌رسام ده‌كه‌م و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكات
نوێ‌ بێده‌نگ و بێجووڵه‌ و له‌خۆڕازی
به‌ ڕێگایه‌ك كه‌ ڕووناكی لێ‌ ده‌چۆڕێ‌
به‌ره‌و پیرمه‌وه‌ دێ‌
ژیان به‌ كۆن به‌ناز و ڕێزلێگیراو ماوه‌ته‌وه‌
به‌ نوێ‌ خه‌مڵیو و زه‌ماوه‌ندگێڕ و به‌ خانه‌ و لانه‌
له‌ ته‌ماشاكردنی ڕێی خولیا ده‌ماری داده‌خورپێ‌
له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌كات و گوڵاوی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێ‌
ده‌نگی له‌ هه‌موو جێیه‌ك نه‌وا و ئه‌نوایه‌
بێده‌نگی ڕێگا له‌ كوێ‌ ده‌یهێنێته‌وه‌
هه‌موو به‌ ڕێگایه‌ك كه‌ ڕووناكی لێ‌ ده‌چۆڕێ‌
به‌هانایه‌وه‌ ده‌چین
گوڵاوی پاراوی شه‌وییمان لێ‌ ده‌دا
بیر له‌ ئاره‌قه‌ی بۆنخۆشی سه‌ره‌مه‌رگ ده‌كه‌ینه‌وه‌
گوڵاو و ئاره‌قه‌ی سه‌ره‌مه‌رگ ڕژاونه‌ته‌ ناوێك
ڕووبارێك حه‌وت پردی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌
به‌ هه‌راوهۆریا له‌ ڕووبار نه‌په‌ڕیمه‌وه‌

ناوله‌پ و ناوچه‌وان

ڕه‌گ نازناوه‌ بۆ لك و چڵ
له‌بینینیان گلێنه‌ی هه‌ردوو چاوی گه‌وره‌ ده‌بن
ناوله‌پ هێز و هێڵه‌كانی خۆی دایه‌ ناوچه‌وان
ترووسكه‌ی ئاویلكه‌یه‌ك كۆی كردنه‌وه‌
بوون به‌ باڵا و سێبه‌ره‌كه‌یانم بینی
ئاگری سێبه‌ره‌كه‌یان پێشوازی له‌ پیاوێكی به‌خته‌وه‌ر ده‌كه‌ن
قۆچی گایه‌كی له‌ جه‌للادێك وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌
ڕاوی گورگی دارستانی پێ‌ ده‌نێ‌
زه‌وی دره‌خته‌كانی خۆی كرد به‌ تێلدڕ
پێی گورگ سووتا و ئه‌و چڕنووكه‌ی له‌ گۆشتی ده‌چه‌قاند هه‌ڵوه‌ری
قۆزاخه‌ی ڕووناكی كرایه‌وه‌
ئاشنابووم به‌ سروودی شۆڕشه‌كان
ده‌سته‌به‌رز هه‌ڵبڕاوه‌كان به‌خشش و به‌خشنده‌ و مژده‌ پێ‌ دراون
مانگ مێوانی ئاسمانه‌ و خودا به‌خێرهاتنی كرد
دابه‌زی بۆ ناو ده‌سته‌ به‌رز هه‌ڵبڕاوه‌كان و به‌ چاو و ناوچه‌وانی خۆیانه‌وه‌ نا
ڕووه‌و هێمنی خوداوه‌نده‌كان غاریان دا
هێمنی خوداوه‌نده‌كان بۆ ده‌سته‌ به‌رز هه‌ڵبڕاوه‌كان گواسترانه‌وه‌

ته‌ممووزی 2018 هه‌ولێر

Previous
Next

Leave a Reply