Skip to Content

“دواهـەمیـن ڕێگـا، ئەو ڕێـگەیەی نامگەیەنێ بەتۆ …  عــزیــز حـــسێن

“دواهـەمیـن ڕێگـا، ئەو ڕێـگەیەی نامگەیەنێ بەتۆ … عــزیــز حـــسێن

Closed
by ته‌مموز 13, 2018 General, Poems

“دواهـەمیـن ڕێگـا، ئەو ڕێـگەیەی نامگەیەنێ بەتۆ
ئەو ڕێـگـەیـەی ناچـێتـەوە سەر حەقیقەت”

ڕێگاکانی خۆتم نیشاندەوە ، من وێنەیی پیاوێکی پیر بووم ، هێندە گەڕام هێـندە هەڵـبەزیم ڕۆژێ چاوم بە نەورەسێکی فڕیوی ئاسمانی تۆ نەکەوت
نەمبینی کەسێک لەو هەموو ڕێگەیە بە زیندوویی گەڕابێتەوە
گوڵێکم بۆن نەکرد لەم باغی سەرابستانی گەیشتن بەتۆیە ڕوابێ …
ڕێگاکانی خۆتم نیشاندەوە من وەک موریدێکی یاخی ئەم ڕێگایانە هاتووم و کەسێ نیە لەبەر ئەم سێبەری حەقیقەتە ڕامچلەکێنێ تۆ نەبێ
تۆ ئەو مەخلوقە پڕ لە هۆگربوونەیت لەجیاتی ئەم باخچە و ئەم باخچەیە ئاســمانت بۆ گەڕام و لە جیاتی زەردەپەڕی ئاوابووندا لە پایزێکی عاشقدا لە دڵی هەنارێکی لەتکراو بە دەستی خودات بۆ گەڕام … ئەی جوانتر لە سۆز ، میهرەبانتر لە وەفا

تۆ خامەیی نوسینەوەیی قەسیدەیی من بووی
تۆ ئەو بایە بووی ڕۆحی منت لەمندا ڕفانـــد و لەسەر ئەم گەڵای دارانە فێری غرور کرد
فێرتکرد لەگەڵ چۆلەکەکان ئاوازی تەنیایی و حەسرەت بخوێنێ و لەگەڵ گەڵاکاندا تا ئەوسەری پایز بچێت و نەگەڕێتەوە
ئەی نیشتەجێی شاری دڵ…
پایز لەو ڕۆژەوە دەستی پـێکرد کە تۆ ئەم شارەت جـێهێشت لەو ڕۆژەوە گوڵی ڕۆحم سیسبوو
لەو ڕۆژەوە ڕووناکی دڵم کوژایەوە ، لەو ڕۆژەوە تاریکی باغی سینەمی گرتەوە..
تۆ وەرە نەخشەیەکم بدەرێ بمگەیەنێ بەو باغەی تۆی لێ ڕواوی ، نوێژێکم بدەرێ بمخاتەوە نیو ئەو دوعایەیی تۆی تیا جێماوی
ئاخر من …
لەبەر خۆمەوە قسە ئەکەم ، ئەو دەمەی بیرتەکەم ….
ئەبمەوە بە قاصیدی هەورەکان و سەد جاریتر ئەبارمـەوە
ئەو دەمــەی گووڵەچێنی
ئەی قەقنەسی هەمیـــشەی نێو ماڵــی شیعری من
تۆ بخوێنە با چیتر ئەم تەنیایەی دڵم ناز بەسەر کەوندا نەکا
تۆ ئەم باڵندانە لە دەوری خۆتا کۆبکەرەوەو ،
ئەم چیرۆکی عیشقەی من ، ئەم داستانە وەهمەی خۆتیان
بۆ بگێڕەوە تا من سەرخەوێ ئەشکێنم تا من ڕێگایەکیتر ئەدۆزمەوە تا من دووبارە دەمرمەوە …

ئەمێـسـتا کە ئەمبینن کۆڵانەکان بەدەم خەندە گرتنەوە
ئەڵـێن ئەرێ لەو هەموو ساڵە کەسی تر نەبوەتە ڕێبواری ئەم ڕێگەیه تۆ نەبێ ؟ ئاخۆ ئەبێ چەند لە مناڵێکی سپی بچیــت تۆ !؟
ئاخۆ ئەبێ تەمەنت چەند لە گووڵـە نێرگزێ بچێ تــۆ !؟
کە لە سەرەوە ئەمبینن هەورەکان گریان ئەیانگرێ گریان
بەدەم بارانـی نائـومـێدەوە، پیـاڵـەیـەک لە چا لە ئـاو لە سەرابی جاویــدانی عـیشقـی خۆیــانەوە بۆم چێئـەکـەن ئەی
چاپووکترین ڕاوچــی ئەم جەنگـەلـی گـومانـە
من ئەو مەخلوقە تەنیاییەم هەمیشە حەزمکردووە بچمــەوە سەر ڕێگاکانی تۆ کەچی ئەم زەمینە جگە لە باخچەیەک و فەرشێکی حەسیری و خەیاڵـی تۆ هیچیتر نەبووە بۆمن
ڕێگایەکی تر نەبووە ئاشنام کاتەوە بە وجودی تۆ
لەو هەموو قافیــەی ژیـانە !
شیعرێک نیــە لە خۆیدا هەلمگرێ …
دیوانێ نیــە وەک وشەیەکـی هەتیوو هەڵمگرێتەوە و بمکاتەوە ناونیشانی خۆیی، ئاخر هەر لە ئەزەلەوە ئەم
مەخلووقە تەنیایە خۆی لە هیچ
شوێنێکا نەبینیوەتەوە کەس نەبووە
باوەشی پێدابکا ….
ســەراب نـەبێ
لەو هەموو ڕێگەیـە نیشانەیەک نەبووە گومانی ئەوەی لا درووست بکا کە تۆ بەوێدا گوزەرت کردبێ
ئاخر ئەم مەخلوقە چۆن ببێتەوە بە خۆی؟ چۆن لەگەل هاڕەیی خەیاڵەکانا نەبێتەوە بە یەک پارچە لە وەهم
چۆن دووبارە نەمرێتەوە چـــۆن … !

ئەمێستا ئەم بونەوەرە تەنیا یەک شت شک ئەبا تەنیا یەک شت ، هەر ئەویش بوو ……
خـەیـاڵبـوو لەو هەموو ئاسمانە
لەو هەموو مــەخلـووقــە تـەنیا تۆی ئەخـستـەوە نێــو
حیکایـەتـەکانـی قـەسـیدەیــی مـــن
ئەوە خەیــاڵبـوو منی ئەبردەوە سەر خۆی
ئــەو بوو.. حەقیقەتی لە منــدا کردەوە بە هەمان
ئەتمۆسفیری وەهم منی بردەوە هەمان کۆلانی سەراب
هەمان ڕێگا، ئەو ڕێگەیەی ناچێتەوە سەر حەقیقەت …
من .. من جارێکی تر ڕەسمی تۆ لەسەر ئەم لاشە بێگیانەی خۆم ناکێشمەوە ، نابمـەوە بەو وێنەکێشەی خەیاڵە پڕ لە تۆیەکانی منی ئەخســتە سەر ئەم تابلۆی دڵە و کەس نەبوو
لێی تێبگا… کەس نەبوو دەستی بخاتە سەر و بڵێ ئەوە تۆ تاکەی ئەم بارە ڵەگەل خۆتا ئەگێری تاکەی فێر نابی
چاوەڕێی ئەم بوونەوەرە عەزابدەرە نەکەیـــی تـاکــەی فێـرنابی !؟
تاکەی
تاکەی فێـرنابی !؟

———————
عــزیــز حـــسێن

۳/ ۷ / ۲۰۱۸
سێـشـەممـە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish