Skip to Content

ديــــــن و عيلـــــــــــم … نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين

ديــــــن و عيلـــــــــــم … نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين

Closed
by ته‌مموز 13, 2018 General, Opinion, Slider


ئەم گوتارەى ئالبێرت ئاينشتاين لە لاپەڕەكانى 24-28ى بەرگى 9ى نۆڤێمبەرى 1930ى گۆڤارى نيويۆرك تايمز New York Timesدا بڵاو بووەتەوە. پاشان لە لا پەڕەكانى 36-40ى ئايدياز ئاند ئۆپينيەنز Ideas and Opinions ى 1954يش دووبارە بڵاو كراوەتەوە و لە لاپەڕەكانى 24-28ى كتێبەكەى ئاينشتاينيش كە بە ناوى “دنيا وەك چۆن من دەيبينم The World as I see it” هاتووەتە وەشاندن كە فيلۆسۆفيكەڵ لايبرى Philosophical Library، لە نيويۆرك لە 1949دا بڵاوى كردووەتەوە.

کورداندنى لە ئينگليسييەوە: طاهر طيب أحمد – پسپۆر لە وەرگێڕان

——————————————

هەر كەسێك كە بيەوێ لە بزووتنەوە ڕووحانييەكان و گەشەكردنيان تێبگات، دەبێ هەميشە ئەمەى لە بير بێ کە تا ئێستا، هەرچى ئينسان كردوويەتى و بيرى لـێ كردووەتەوە هەمووى بۆ ئەوە بووە ئەو پێويستييە مكومانەی خۆى ڕەباس بكات كە هەستى پێيان كردووە و لەو پێناوەش بووە کە بڕی خۆی پێ بشكێنێ و ئازارەكانى بڕەوێنێتەوە.

هەست كردن و شەيدا بوون، ئەو دوو هێزە هاندەرانەن کە هەموو سۆز و توانايەکانى داهێنان لە ناخى مرۆڤدا تەيار دەدەن و واى لێ دەکەن لە پەناى پەردەڕا ترۆپكى مەزنايەتيى توانستى خۆى پێشکێشمان بكات. باشە، ئەو هەستكردن و پێويستييانە چنە وايان لە ئينسانى كردووە هزرى ئايينى و باوڕ – بە واتا هەرە بەرفرەكەيەوە – بدركێنێت؟ لێ وردبوونەوەيەكى كەم بەسە تا ئەوەمان نيشان بدات كە زۆربەى هەرە زۆرى بنەمای پەيدا بوونی دين، ئەو سۆزانەن كە كاريان لە پەيدابوونى فيكر و خودی ئەزموونى دينى كردووە.
ئەوەى پەيوەندى بە مرۆڤى سەرەتايييەوە هەبێت ئەوەيە كە ترس لە پێش هەموو شتێكدا– ترسان لە برسيييەتى و لە دڕندە و لە نەخۆشى و لە مردن – هزرە ئايينييەكانيانى لە كن وەئاگا هێناوە. چونكە لەو سەردەمى هەبوون (وجود)دا، بە گشتى، تێگەيشتنى ئاستى پەيوەندييە هۆدارەكان causal connections خراپ گەشەی کردبوو، بۆيێ هزرى مرۆڤيش بوونەوەرى ئەندێشەيى هاوشێوەی ئەو ويست و چالاكييانەى جەستاندووە کە – كەم يا زۆر – بەو ڕووداوانە بەسترابوونەوە كە مرۆڤيان ترساندووە.
بەم جۆرە هەر كەسە و گەرەكييەتى بەرژەوەندی ئەم بوونەوەرانە بپارێزێت و بۆ ئەوەش وايان لێبکات کە لێی قايل بن، هەڵدەستێ كاريان بۆ ڕادەپەڕێنێ و ديارييان بۆ دەبات و قوربانييان بۆ دەکات. بە گوێرەی ئەو نەرێتەی لە نەوەيەكەوە بۆ نەوەى پاشى خۆى گواستراوەتەوە، وا تێگەيێندراون يان وا لێکراون كە ئەم کردار و قوربانييانە، لە پاش مردنێ، دێنەوە ڕێيان.
من لەم لايەنەوە، قسە لە دينێكى ترس a religion of fear دەكەم. هەر چەندە ئەمە دروست نەبووە، بەڵام خۆ ئەمە قۆناغێكی گرينگە و لە ئەنجامی پێکهاتەی چينێكی كەهەنووتى تايبەت سەپاوە. ئەم چينە خۆی بە ناوبژيوانی نێوانی خەڵك و ئەو بوونەوەرانە دەزانێت كە خەڵکەکە لێيان دەترسن و هەر لەم ڕێگەيەشەوە بندەستيان دەکەن. لە زۆر دۆخدا، سەركردەيێك يان فەرماندارێك يان چينێكى خانەدان كە پلە و پايەكانيان بە هەندێ بنەمای ترەوە بەندن، ئەركی مەلايەتييان دەگەڵ دەسەڵاتی عيلمانييان لێك گرێ دەدەن تا دەسەڵاتە عيلمانييەكەيان توندتر بكەن، يان سەرکردە سياسی و چينە دينييەکان هۆکارێكی هاوبەش لە بەرژەوەندی خۆيان پەيدا دەکەن تا تەختەکانى بن خۆيان بچەسپێنن.

ڕوودانی گۆڕانكارى توند و نەكاوى emergency ناو كۆمەڵ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئايين ڕوون ببێتەوە. باودايكان parents و سەركردەكانى كۆمەڵە گەورەترەكانى مرۆڤايەتى كەسانێكن دەمرن و غەڵەتيش دەكەن. ئارەزووى پەيدا کردنی ئامۆژگار و خۆشەويستی و پشتيوانی، وا لە مرۆڤ دەكات کە هزرى کۆمەڵايەتی يان مەعنەوی خودا، لە کنيان دروست ببێت. ئەمە ئەو خوداوەندە ئاگادارەيە کە دەپارێزێت و ڕێك دەخات و پاداشت دەداتەوە و تەمێش دەكات؛ ئەو خودايەيە کە بە گوێرەى سنوورى ديدى ئيماندارانی – ڕيز لە ژيانى خێل يان لە توخمی مرۆڤ دەگرێت و خودی ژيانيشی خۆش دەوێ و بايەخيشى پێ دەدات؛ لە دڵتەنگى و لە كاتى نيگەرانيدا ئاسوودەی دەکاتەوە؛ ئەم خودايەيە کە ڕووحى مردووان دەپارێزێت. بەم شێوە تێگەيشتنە كۆمەڵايەتييە يان مەعنەوييە خەڵکی لە خودا دەگات.
نووسينە پيرۆزەكانى جوولەكە بە ڕەهايى ئەوە ڕوون دەكەنەوە كە چۆن ئايين لە دينى ترسەوە بۆ دينى مەعنەوى گەشەى كردووە و گەشەكردنەكەش لە ناو ئينجيليشدا دەوامى بووە و نەوەستاوە. ئايينەكانى هەموو نەتەوەيێن پێشڤەچووی، بە تايبەتيش نەتەوە خۆرەڵاتييەكان، لە بنەڕەتدا دينى مەعنەوينە. پێشڤەچوون لە ئايينى ترسەوە بەرەو ئايينى مەعنەوى هەنگاوێكى گەورەيە لە ژيێ گەلاندا وەديهاتووە.

لـێ خۆ هێشتا دەبێت لە بەرانبەرى ئەوانە لە خۆمان وريا بين كە خۆيان هەڵدەكێشن و دەڵێن ئايينە سەرەتايييەكان بە تەواوەتى لە سەر بنەماى ترسن و ئايينەكانى نەتەوە پێشکەوتووەکانيش لە سەر بنەمايێكى پاكى مەعنەوى هاتوونە. ڕاستييەكەى ئەوەيە كە ئايينەكان، هەموو لە هەموويان، تێكەڵەى هەردووك چەشنن و بە پێی ئەم هاوێر کردنەشيان: لە ئاستە باڵاترەكانى ژيانى كۆمەڵايەتيدا، ئايينى مەعنەوى باڵادەست دەبێت.

ئەوەى كە لە هەموو ئەم جۆرە ئايينانەدا هەيە جەستەبەندی کەسايەتی anthropomorphic character هزری يەزدانەکەيانە. بە گشتى، تەنيا ئەو تاكە كەسانەى كە لە زگماكييەوە بەهرەدارن، بە تايبەتيش لەو كۆمەڵانەى كە بنەماى هزرى باڵايان هەيە، ئەوانە تا ڕادەيێكى بەرچاو لە ئاستى ئەم جۆرە فيكرانە بەرزتر دەبنەوە. دەگەڵ هەندێشدا، ئەو ئەزموونە دينييەی کە هی هەموويانە پايەى سێيەميشى هەيە – هەر چەندە ئەم پايەيە بە دەگمەن، شێوە پاك و خاوێنەكەى وەدەر دەكەوێت: من پێى يێژم هەستى ئايينى گەردوونزەدە Cosmic Religious Feeling.

زۆر ئەستەمە ئەم هەستە بۆ كەسێك ڕاڤە بكرێت كە بە هيچ شێوەيێك ئەمەى لە مێشكيدا نەبێت، بە تايبەتيش ئەگەر هزرى جەستەبەندى خودا anthropomorphic conception of God لە مێشكيدا دروست نەبوو بێت.
هەر تاكە كەسێك هەست بە نسکۆی ئامانج و ئارەزووەکانی مرۆڤ دەکات و هەستيش دەکات کە ئەو فەرمانە بەرز و قەشەنگانەى هەم لە سرووشت و هەم لە دنياى هزريشدا خۆيان پێشانی ئينسانی دەدەن، هەموويان گاڵتەجاڕينە.
بوونى تاكە كەس واى لێ دەكات هەست بە چەشنە زيندانێك بکات و دەيەوێ، بە يێك جار، لە هەموو ئەو گەردوونە زەبەلاحە تێبگات. سەرەتاكانى هەستپێکردنی ئايينە گەردوونييەكان لە دۆخە سەرەتاكانى گەشەكردندا ديارن، بۆ نموونە: لە زۆر لە هۆزانەكانى داود و هەندێ لە پيغەمبەرەكانى ديكەدا ئەمانە هەنە. شۆپنهاوەر لە نووسينە قشتەكانى خۆيدا پێمان يێژێت كە ئايينى بودى Buddhism توخمى فرە لەمە بەهێزترى تێدايە.

ئايينزانە بليمەتەکان لە هەموو سەردەمانێكدا بەمە ناسراون کە هيچ عەقيدەيێکی هەستی دينييان نەبووە، باوەڕيان بەمەش نەهێناوە کە خودا لە شێوەی مرۆڤ جەستەبەند بێت. بۆيێ نابينين هيچ پەرستگەيێك هەبێ ئەم چەشنە عەقيدەيەى پەرستنى ئينسان فێر بكات و بڵاوى بكاتەوە. جا ئەمەيە بە كورتى لە نێو زينديقانى هەموو سەردەمەكانى پێشوودا دەبينين كە هەندێك بەو هەستە ئايينييە هەرە بەرزانە ڕەباس بوونە و گەلـێ جارانيش هاوچەرخەكانيان contemporaries بە كافريان لە قەڵەم داون يانيش بە پير و پياوچاكيان ناسيون. لە بەر ئەم ڕووناكييەدا سەيرى بكەين دەبينين كە پياوانى وەك دێمۆكريتيس و فرانسيسى ئاسيسى و سپينۆزا فرە لە يێکتری نزيكن.

چۆن دەكرێت هەستى ئايينى گەردوونى لە كەسێكەوە بۆ كەسێكى ديكە بگوازرێتەوە، ئەگەر نەتواندرێ تێگەيشتنى خودايێك يان هزرێكى لاهووتى بە ڕەوانى بۆ کەسێك ڕاڤە بكرێت؟ بە بۆچوونى من گرينگترين ئەركى ئەدەب و زانست ئەوەيە، ئەم هەستە لە كن ئەوانەى باوڕى پێ دێنن وەئاگا بێنن و پاشانيش لە كنيان (هزريان) هەر زيندوو بهێلنەوە.

بەم شێوەيە دەگەينە تێگەيشتنێکى پەيوەندى عيلم بە دين کە زۆر لە پەيوەندييەكى ئاسايى جياوازترە. كاتێك كەسێك کێشەکە بە مێژوويی دەبينێت؛ بەو لايەدا دەچێت کە عيلم و دين، لەبەر هۆيێكى زۆر زەق، دوو دژەوەری ئاوهان كە “لە ناو يەك مەنجەڵدا ناكوڵێن.” ئەو پياوەى قەناعەتى تەواوى بە ياساى هۆبەندى هەڵسووڕانى گەردوونی the universal operation of the law of causation يەوە هەبێت، ناتوانێت تەنانەت بۆ يێك چركەيێكيش باوڕ بەوە بێنێت كە بوونەوەرێك هەيە دەست لە ڕێچكۆڵەى ڕووداوەكان وەردەدات – بەو مەرجەی کە ئەو کەسە، بە ڕاستی، گريمەى هۆبەندى hypothesis of causalityش بە هەند بزانێت. ئاخر ئەمە فڕى بە سەر دينى ترسەوە نييە بە ئاستەميش بايەخ بە ئايينى كۆمەڵايەتى يان ئايينی مەعنەوييەوە دەدات.

ناتوانێت لەبەر ئەو هۆيە ئاسانەی پێويستی دەرەکی و ناوەکى، کە کردارەکانی مرۆڤ ديار دەکات، ئەو خودايە وێنا بکات کە پاداشت دەداتەوە و تەمێش دەکات؛ چونکە ناکرێت بە هۆی ئەو کارانەی دەيانکات لە شتێكی بەستەڵەك پتر لە پێش يەزدان بەرپرسيار بێت. لەبەر ئەمەيە کە زانست بە مەعنەوييەتی تێکدەر خەتابار کراوە؛ بەڵام خۆ خەتابار کردنەکەش ناڕەوايە. پێويستە ڕەفتاری ئەخلاقی مرۆڤ لە سەر بنەمای توندی پەيوەندييە هاوسۆزی و پەروەردەيی و کۆمەڵايەتی و پێويستييەکانەوە دروست ببێت؛ بۆيێ بنەمای ئايينی پێويست نييە. ئەو مرۆڤەی کە دەبێت ترس و ئومێدی پاداشتەکانی دوای مردن بيگەڕێنێتەوە، بە ڕاستی مرۆڤێکی بەستەزمانە.

هەر لەبەر ئەمەشە کە هەميشە کەنيسەکان بە گژ زانستيدا چووينە و سۆزدارانی زانستييان تەمبێ کردووە. لە بەرانبەريشدا، من جەخت لەمە دەکەمەوە کە هەستى ئايينى گەردوونزەدە بەهێزترين و خاوێنترين هاندەری توێژينەوەی ئايينينە. تەنيا ئەوانەی لەم هەموو کۆششە بێ ئەندازەيە دەگەن و دەشزانن ئەو کارە پێشەنگە لە زانستی هزرەکی theoretical science بە بێی ئەم کۆششە نەدەکرا، هەر ئەمانە دەتوانن لە باڵادەستی ئەو هێزە بگەن کە لە دوورەوە وەك چەقی ڕاستەوخۆی ژيانە و تەنيا ئەو خۆی ئەم چەشنە کارەی پێ دەکرێت.

ئای لەم باوڕە هۆشمەندە گەردوونييە قووڵە و لەو شەيدا بوونی ئەو تێگەيشتنانەی کە هەرچەندە لە ڕەنگدانەوەيێكی کزی هزرييان تێنەپەڕاندووە، بەڵام لەم دنيايەدا دەرکەوتن؛ دەبوو کێپلەر و نيوتن چەندين ساڵی تر بمابانا تا بيانتوانيبا بە تەنيايی بنەما ميکانيکييە ئاسمانييەکانييان هەڵبوەشاندبايەوە! ئەوەی بە شێوەيێکی سەرەکی لە ڕێی دەستکەوتە کردەيييەکانەوە practical results ئاشنای توێژينەوەی زانستی دەبێت، بە ئاسانی تێگەيشتنێكی فيکری تەواو هەڵە لەو مرۆڤانە وەردەگرێت کە دنيايێكی گوماناوی گەمارۆی داون و ڕێيان بەو ڕووحە هاوشێوانە نيشان داوە کە سەتان ساڵە لە سەرتاسەری دنيادا پەرتەيان کردووە.

تەنيا ئەو کەسەی ژيانی خۆی بۆ ئەو ئامانجە تەرخان کردووە دەتوانێت لەو پاڵدەرە تێبگات کە هانی ئەو پياوانەی داوە و ئەو هێزەی داونەتێ کە هەرچەندە بێ شمار تووشی هەرس هاتوون، بەڵام هەر ڕاست ماونەتەوە و وێڵی ئامانجەکانيان بوون و لێيان نەتەوساونەتەوە. ئەمەيە ئەو هەستە ئايينييە گەردوونزەدەيە کە ئەم توانستە بە پياو دەدات. هاوچەرخێك دەڵێت، ناڕەوا نييە کە لەم سەردەمە کەرستزەدە materialisticی ئێمەدا تەنيا زانايانی کارا و منجڕ کەسانی ديندار و ڕاست بن.

Previous
Next
Kurdish