Skip to Content

عيلــــم و ديـــن … 3 …. نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين

عيلــــم و ديـــن … 3 …. نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين

Closed
by ته‌مموز 18, 2018 General, Opinion, Slider


ئەم گوتارە لە هزر و بيرەكانى ئاينشتاين لە لاپەڕەكانى ٤١-٤٩دا هاتووە. بەشى يێكەمى لە نيشانەيێكى Princeton Theological Seminary لە ١٩ى ئايارى ١٩٣٩ وەرگيراوە.

کورداندنى لە ئينگليسييەوە: طاهر طيب أحمد – پسپۆر لە وەرگێڕان
——————————————

• يێك

لەو سەدەى ڕابرد و لە بەشێكيش لە سەدەى پێشتريش، وا باو بوو كە ململانێيەكى هێندە توند لە نێوانى زانست و باوڕدا هەيە كە ناكرێت خاو بكرێتەوە. ئەو هزرە ڕەوشەنانە واى بۆ دەچوون كە دەكرا زانست بە شێوەيێكى كاريگەر لە جێى باوڕ بچەسپابا؛ چونكە ئەو باوڕەى لە سەر بنەماى عيلم نەچەسپێت ئەفسانەيە، بۆيێ دەبێت بەرپەرچ بدرێتەوە. بە گوێرەى ئەم تێگەيشتنە، تاكە ئەركى پەروەردە ئەوە بوو كە دەرگەى بيركردنەوە و زانست واڵا بكات و ئەركى قوتابخانەش، وەك ئۆرگانێكێ ديارى پەروەردەكردنى خەڵكی، ئەوە بوو كە بە شێوەيێكى تايبەت بەرەو ئەو ئاقاريدا بڕوات.
ڕەنگە مرۆڤ بە دەگمەن بتوانێت هەڵوێستێكى عەقڵانى كرچ و كاڵى لەم شێوە، ئەگەر هەبێت، بدۆزێتەوە؛ چونكە هەموو هۆشمەندێك، يێكسەر دەزانێت كە ئەم هەڵوێست ڕاگەياندنە كارێكى تاكلايەنە و فرە نەوازەيە و وەك ئەوەيە كە توێژينەوەيێك بێ پەردە و ڕووت بەو مەبەستە بەيان بكرێت تا مێشكى كەسێك بشواتەوە و بە شێوازى سرووشتى و ئاسايى بە كەسە توێژەرەكەى ئاشنا بكات.
خۆ ڕاستە دەشێت متمانە پێهێنان باشتر بێت ئەگەر توێژينەوە بە پێى ئەزموون و بيركردنەوەيێكى ڕەوشەن بكرێت. بۆيێ پێويستە مرۆڤ، بێ پەراوێز، لە سەر ئەم خاڵە، دەگەڵ ئەوپەڕ هزرمەنديدا بگونجێت. خاڵى لاوازى ئەم هزرە ئەوەيە كە ناكرێت ئەو جۆرە متمانەيەى بۆ سەپاندنى ڕەفتار و بڕيارەكانمان پێويستن، تەنيا بەم ڕێگە زانستييە ڕەقەدا بدۆزرێتەوە.

ئاخر ڕێچكۆڵەى زانستى ناتوانێت شتێك لەوە پتر فێر بكات كە ڕاستييەكان چ پەيوەندييان بە يێكەوە هەيە و چۆن وەبەر كاريگەرى يێكترى دەكەون. ئومێدى وەدەستهێنانى ئەم زانستە بابەتييە لووتكەيێكە مرۆڤ دەتوانێت بيگاتێ و دڵنيام ئێوەش چاوەڕێى ئەوە لە من ناكەن كە ئەو دەستكەوت و ئەو كۆششە پاڵەوانەتييەى مرۆڤ لەم بوارەدا دەيكات، بە کەم بنرخێنم. بە هەمان شێوەش ديارە كە زانستى (چييە – what is) ڕاستەوخۆ دەرگەى (پێويستە چ بێت what should be) ناكاتەوە. پياو دەتوانێت ڕوونترين و توكمەترين زانستى چييەى هەبێت بەڵام نەتوانێت لە پێويستە چ بێت، ئامانجى مرازە مرۆيييەكانمان کەم بكاتەوە. زانستى بابەتى ئامێرێكى بە هێزى ڕاپەڕاندنى هەندێك ئامانجى دياركراومان بۆ فەراهەم دەكات، بەڵام دەبێ ئەوپەڕ ئاوات و شەيدابوونى توێژينەوە لە سەرچاوەيێكى ديكەوە بێت. پێويستە مشتومڕ لە پێناوى ئەو بۆچوونە بكەين كە بوون و چالاكى ئێمە تەنيا لە ڕێى نيشان كردنى ئامانج و بەهايە بابەتييەكانەوە ماناى دەبێت. بەم پێيە دەزانين كە ناسينى ڕاستى تا ئەم ڕادەيە قەشەنگە، بەڵام خۆ ئاستى كاركردنى هێندە كەمە كە ناتوانێت، وەك ڕێ نيشاندەر، نە پاكانە بۆ خودى ناسينى ڕاستى بكات و ناشتوانێت بەهاى هومێدە تايبەتەكانى ئەو ناسينە بسەلمێنێت. جا لەبەر ئەمە، ئێمە لێرە تووشى بەربەستەكانى چەمكێكى ژيرانەى پاراوى بوونى خۆمان دەبين.

سەربارى ئەمەش نابێت ئەوە بگريمێنين كە بيركردنەوەى ژيرانە ناتوانێت بە هيچ چەشنێك كار لە دروست بوونى بڕيارە ئامانجدار و ئەخلاقييەكاندا بكات. كاتێك كەسێك دەگاتە ئەو ڕاستييەى كە ڕەنگە هەندێك هۆى سوودمەند هەبن مرۆڤ بە ئامانج بگەيێنن، ئەو كات ئەو هۆيانە دەبنە مەبەستێك. زيرەكى هاوپەيوەندى نێوانى هۆيەكان و ئامانجەكانمان بۆ ڕوون دەكاتەوە. بەڵام بيركردنەوە، بە تەنێ، نە دەتوانێت وامان لێبكات لە كڕۆكى ئامانجەكانمان بگەين نە پێشى دەکرێت بنچينەى ئامانجەكانمان بۆ ئاشكرا بکات. تا بشێين ئەو ئامانجە بنچينەيى و قڕسێنەرانە ڕوون بكەينەوە و بشتوانين بە خێرايى لە ڕێچكۆڵەى ژيانى سۆزدارى تاكەكاندا بيانسازێنين، دەبێت دين ئەو ئەركە ڕابپەڕێنێت و لە ژيانى كۆمەڵايەتى مرۆڤدا بيچەسپێنێت. چونكە ناكرێت ئەم جۆرە ئامانجە بنچينەيييانە تەنيا بە هۆى عەقڵەوە بەيان بكرێن و ڕاست بناسرێن، بۆيێ ئەگەر كەسێك بپرسێت ئايا دەسەڵاتى ئەم جۆرە ئامانجە بنچينەيييانە لە كوێڕا دێن؛ دەشێ كەسێكى ديكە لە وەڵامدا بڵێت: ئەمانە لە ناو كۆمەڵگەى دروست و لە شێوەى نەريتى هێزدار هەنە و كار لە ڕەفتار و ئاوات و بڕيارەكانى تاكە كەسەكانى ناو ئەو كۆمەڵە دەكەن. ئەوانە هەر هەنە و هەر دەژين و پێويستييان بەوە نييە كە بە ڕاست بناسرێن. ئەمانە لە ڕێى خۆ پيشاندانەوە دروست نابن بەڵكوو لە ئەنجامى ئەو شۆڕشانەوە پەيدا دەبن كە كەسايەتييە هێزدار و دەسەڵاتدارەكان بەرپايان دەكەن.
پێويست ناكات هەوڵى بە ڕاست ناسينيان بدرێت؛ بەڵكوو لەبرى ئەوەوە، دەبێ كۆشش بكرێت تا بە سادەيى و ڕەوانى هەستييان پێ بكرێت.

باڵاترين بنەماكانى پێشبينى و بڕيارەكان لە ڕێگەى نەريتى ئايينەكانى جوولەكە و ديانەكانەوە دراومانەتێ. ئامانجێكى گەلێك باڵايە كە ئێمە، بەم هەموو بێهێزييەى خۆمان، تەنيا ئەمە بتوانين كە فرە بە ناتەواوى پێبگەين، بەڵام خۆ ئەم ناتەواوييەش بناغەيێكى توكمەى ئامانجەكان و قەبڵاندنەكانمان دەڕەهێنێت. ئەگەر يێكێك ويستبێتى ئەو ئامانجە لە ناو جغزە دينييەكەى دەربێنێت و تەماشاى لايەنە مرۆيييە ڕووتەكەى بكات، دەلوێت ئەو مرۆيە بەم شێوەيە بەيانى بكات: گەشەكردنى ئازاد و بەرپرسيارييەتى تاكە كەس، ڕەنگە بە جۆرێك لە جۆرەكان تواناكانى بە ئازادى و شادمانييەوە لە خزمەتى هەموو مرۆڤايەتى دابنێت. ئەرێ وەك ئەوەى بە زمانى ئايينى يێژن، ئێمەمانان هەموو وەچەى يێك باوك نينە؟ لە ڕاستيدا، تەنانەت خودازەدكردن divinizationى مرۆڤ، وەك هەمگەلێكى ئەندێشەيى abstract totality، لە هەناوى ئەو نموونەيييەدا پەيدا نييە. ڕاستى ئەوەيە كە تەنيا تاكى مرۆڤ ڕۆحى دراوەتێ و چارەنووسى باڵاى هەر تاكە كەسێك ئەوەيە كە خزمەت بكات نەك فەرمان بگێڕێت يان بە هەر ڕێگەيێك بێت خۆى بسەپێنێت.

ئەگەر كەسێك لەبرى كەرستە تەماشاى شێوە بكات، ئەو جار دەتوانێت ئەم وشانە وەك دەربڕينى هەڵوێستى بنەڕەتى دێمۆكراتى وەربگرێت. بە پێى تێگەيشتنى زاراوەكە، دێمۆكراتى ڕاستەقينە دەتوانێت، بە لايەنى كەم، هەندەى پياوێكى ديندار، نەتەوەكەى بپەرستێت.
جا لە ناو ئەم هەموو كەينوبەينەدا، دەبێت فرمانى پەروەردە و قوتابخانە چ بێت؟ پێويستە يارمەتى هەرزەكار بدەن تا گەشە بە جۆرە هزرێك بكات و واى لێبێت لەم چەشنە دەستمايە بنچينەيييانە تێبگات و لە لاى خۆى وەك (باى هەناسەى) لێ بێت. فێركردن بە تەنيا نەشێت ئەوە بكات.
كە كەسێك لەبەر چاوى كەسێكى ديكەوە، باوڕ بەم بنەما باڵايانە دێنێت و دەگەڵ بنەماكانى ژيان و گيانى سەردەمى ئێستاماندا بەراورديان پێ دەكات، وەك ڕۆژى ڕووناك، بۆى ئاشكرا دەبێت كە مرۆڤى ژيارمەند civilized mankind لە مەترسييێكى گەورەدا دەژيت، لە دەوڵەتە تۆتاليتارييەكاندا ديارە كە خودى فەرماندارەكان خۆيان گيانى مرۆڤايەتى وێران دەكەن. نەتەوەپەرستى و ڕەگەزپەرستى و سەركوتكردنى تاكەكان لە ڕێى ئابوورييەوە، لايەنێكى ديكەن كە گەورەترين هەڕەشەى خنكاندنێ لە نەريتە هەرە جوانەكانى مرۆڤايەتى دەكەن.

لە ڕاستييێكدا ديارە ئەم مەترسييە چەندە دژوارە، ئەويش ئەوەيە كە لە ناو بيرمەنداندا بڵاو دەبێتەوە و گەلێك توێژينەوەى تر هەنە تا بزانن چۆن ئەم مەترسييە بڕەوێننەوە – هۆيەكانى بوارى سياسەتى نيشتمانى و سياسەتى نێو نەتەوەيى و ياساسازى و بە گشتيش هەموو ڕێكخراوەكان دەگرێتەوە. بێگومان ئەم كۆششانەش فرە پێويستن. ديارە لە كۆندا باپيرانمان شتێكيان زانيوە بەڵام ئێمە فەرامۆشمان كردووە. هەموو ئەو كۆششانەى كراون شتيان سەلماندووە، لێ هەموويان ئامێرى فرە كول بوونە و ڕەنگە هەندێكيان خۆيان ئەو ڕووحە زيندووە بووبن كە لە پەنايانەوە هەبووبن و هانيان دابن. بەڵام ئەگەر شەيدايى چراخ كردنى ئامانجەكە لە ناخ خۆماندا چڕ و پڕ و بزۆز بێت، ئەو كات نابێت درێخى لە دۆزينەوەى هۆيەكانى مسۆگەر كردنى ئامانجەكەمان بكەين و دەبێت بيكەينە هەقيقەت.

• دوو

ڕەنگە ئەستەم نەبێت ڕێك بكەوين ئەگەر لە ڕێى عيلمەوە لە يێكتر ببيستين. زانست يێك سەتەيە لە ڕێى بەرنامەى داڕێژراوى هزريڕا دەيەوێت دياردە هەستپێكراوەكانى ئەم دنيايە تا بكرێت لە نێو كۆمەڵگەيێكدا ڕێك بخات. بۆ ئەوەى نەترسانە دايبڕێژم دەڵێم – ئەمە كۆششێكە لە پێناوى دووبارە دروست كردنەوەى وجود لە ڕێى وێنا كردنەوە، دەكرێت. بەڵام كە لە خۆم دەپرسم ئەرێ دين چييە؟ ناتوانم بە ئاسانى بير لە وەڵامێك بكەمەوە و تەنانەت ئەگەر ئەو وەڵامەش بدۆزمەوە كە دەشێت لەم چركە تايبەتەدا قەناعەتم پێى هەبێت، بەڵام خۆ من هەر لەم قەناعەتە دام كە لە هيچ دۆخێكدا ناتوانم، بە زرۆكەش بێت، هزرى هەموو ئەوانەى بايەخێكى زۆريان بەم پرسيارە داوە، بە يێكتر بگەيەنم.

لە پێشدا، لەبرى ئەوەى بپرسم ئايين (دين) چييە، دەبێ پەسندم بێت و بوێرم لە خۆم بپرسم: چنە ئەو تايبەتمەندييانەى كەسێك هەندە گەورە دەكەن تا وام لێبێت ئەو کەسە بە ديندار بزانم؟ بە بۆچوونى من، ڕەوشەنبيرى دينى، دەبێت بە هەموو توانايەكانييەوە، خۆى لە كۆت و بەندى ئارەزووە خۆپەرستەكانى دەرباز كردبێت و هەر خەريكى ئەو هزر و هەست و ئامانجانە بێت كە لە سەرووى بەهاى کەسى superpersonalvalueدا هەيە. واتا ئەوەى بە گرينگى دێتە بەر چاوم هێزى كڕۆكى ئەم تايبەتمەندييە باڵايە و قووڵى ئەو قەناعەتەيە كە بە واتاى باڵادەستييەوە بەستراونەتەوە، بێ ئەوەى بايەخ بەوە بدرێت ئايا هيچ كۆششێك دەكرێت تا ئەم قەناعەتە دەگەڵ بوونەوەرێكى مەزدا(خوا)ييدا يێك بكرێن، چونكە ئەگەر وا نەبێت، ناگونجێت كە بودا و سپينۆزا بە كەسايەتى ديندار بژمێرين. جا بەم پێيە، كەسى ديندار بەو واتايە ديندارە كە هيچ گومانى لە گەوراتى و بەرزاتى ئەو شتە بەرزانە و ئەو ئامانجانەدا نەبێت كە نە پێويستييان بە بنەمايێكى عەقلييەوە هەيە و نە دەشتوانن ئەو بنەمايە هزرييە بە دەست بێنن. ئەوانە زەروورەت و (هەقيقەت matter-of-factness)ن وەك خودى خۆيان هەنە. بەم تێگەيشتنە، دين كۆششێكى هاوزێى زەمانە، بە مەبەستى تێگەيشتنێكى ڕەها و ڕوونى ئەم بەها و ئامانجانە مرۆڤ دەيكات و بە بێ پسانەوە بەهێزتر و كاريگەرييان پتر دەكات. ئەگەر كەسێك بە گوێرەى ئەم پێناسەيە بە دين و بە عيلم قايل ببێت، وا پێدەچێت ئەو كات ململانێى نێوانيان نەكردە (موستەحيل) بێت. لە لايێكى تريشەوە، دين، تەنيا، بايەخ بە هەڵسەنگاندنى هزر و كردارى مرۆڤ دەدات: ناتوانێت نە قسەى ڕاست و نە پەيوەندييەكانى نێوان ڕاستييەكان بسەلمێنێت. بە پێى ئەم ڕاڤە كردنەش، پێويستە هەموو ئەو ململانێيانەى لە ڕابردوودا لە نێوان دين و عيلمدا هەبووە بگەڕێنينەوە بۆ ناتێگەيشتنى ئەو دۆخەى كە لە پێشتر باس كراوە.

بۆ نموونە، ململانێ لەوەوە گڕ دەگرێت كە كۆمەڵێكى ديندار لە سەر ئەوە مكوڕ دەبن كە هەموو ئەو قسانەى لە ئينجيلدا تۆمار بووە، ڕاستن. ئەمەش ئەوە دەبەخشێت كە دين دەست لە كاروبارى زانست وەردەدات. شەڕى كەنيسە دەگەڵ گاليليۆ و دارْوُن لە سەر ئەو هزڕۆ(مەزەب)يانە بوو. لە لايێكى ديكەشدا، نمايندە زانستييەكان گەلێك جار كۆششيان دا لە سەر بنەماى ڕێچكۆڵەى زانستييەوە بگەنە چەند حوكمێكى بنچينەيى تايبەت بەو بەها و ئامانجانە و ئێتر لەم ڕێيەدا خۆيان بە بەرهەڵستكارى دينى دانا. هەموو ئەم ململانێيانە لە ئەنجامى هەڵەى كوشندەدا هەڵقۆستنەوە.
ئەمێستا، هەر چەندە تخوبەكانى دين و عيلم بە ڕەهايى لە يێكترى جودا بوونەتەوە، بەڵام هێشتا پەيوەندى تونديان بە يێكەوە هەيە و بە چڕيش كار لە يێكتريدا دەكەن و پشتيش بە يێكترى دەبەستن. هەر چەندە ڕەنگە دين ئامانجەكە ديار بكات، لێ هێشتاكە، دين، بە ماناى بەرفرەوانەوە، لە ميانى ڕاپەڕاندنى ئەو ئامانجانەى كە بۆ خۆى سازى داون، لە عيلم فێر دەبێت. ئەم چەشنە هەستە لە كەشى دينەوە دەردەپەڕێت. ئەو ڕێنمايييانەى كە لە دنياى وجوددا پەيڕەو دەكرێن ئەوانەن كە ئاقڵانەنە و عەقڵ تێيان دەگات و پەيوەندييان بە باوڕ بە دەرفەتەوە هەيە. ناتوانم بير لە زانايێكى ڕاستەقينە بكەمەوە كە ئەم باوڕە بتەوەى نەبێت. دەشێ دۆخەكە لە ڕێى وێنەيێكەوە دەرببڕدرێت: عيلم بێى دين ئيفليجە و دينيش بێ عيلم كوێرە.

چونكـە لە سەرێ جەختم لەوە كردووەتەوە كە لە ڕاستيدا ناكرێت ململانێيێكى ڕەوا لە نێوانى دين و عيلم بقەومێت، پێويستە لێرەدا ئەم جەخت كردنەوەيەم لە سەر خاڵێكى بنەڕەتيدا دووبارە ڕاست بكەمەوە و ئاماژە بە دەقە كارايەكانى دينە مێژوويييەكان بدەم. ئەم تايبەتمەندييەش پەيوەندى بە چەمكى يەزدان(خودا، الله، God)ەوە هەيە. لە سەرەتاى گەشەى ڕووحى مرۆڤدا، ئەندێشەى مرۆڤ لە هزرى خۆيدا چەندەها خوداى داهێنا كە دەبوو بە ويستى خۆيان دياردەى دنيا بسازێنن و بە هەر ڕادەيێكى خۆيان گەرەكيان بێت كارى تێبكەن. مرۆڤ ويستى لە ڕێى جادوو و پەرستنەوە ڕەفتارى ئەو خوداوەندانە لە بەرانبەرى خۆيدا بگۆڕێت. بيرۆكەى خودا كە ئێستێكە دەگوترێتەوە، بەهادارتر كردنى چەمكە كۆنەكەى خوداوەندەكانە. بۆ نموونە، بەرجەستەى anthropomorphic كەسايەتييەكەى لەو ڕاستييەدا دەردەكەوێت كە مرۆڤ لەبەر بوونەوەرێكى خواييدا دەپاڕێنەوە و نزاى لێ دەكەن تا مرازەكانيان بۆ فەراهەم بكات. بە ڕاستی، كەس نييە نكووڵى لەوە بكات كە چەمكى بوون the Idea of Existenceى خوداى هێزدار و بە توانا و داد و سوودبەخشى گشتى omnibeneficent دەتوانێت دڵى مرۆ بداتەوە و يارمەتى بدات و ڕێنمايى بكات و هەروەها، بە هۆى سادەيييەكەيەوە مێشكى لە هەر هەمووان پتر گەشە نەكردوو دەتوانێت بيگاتێ. بەڵام لە لايەكەى تريەوە، خاڵى فرە لاواز هەنە بە خودى چەمكەكەوە بەستراونەتەوە و لە سەرەتاى ديرۆكەوە تا ئەمڕۆ هەست بە ئازارەكەى دەكرێت. واتا ئەگەر ئەم بوونەوەرە داهێنەر بێت، ئەو كات دەبێت هەموو ڕووداوێك، بە كردەوەكانى هەموو تاكەكان و هزرى هەموو تاكەكان و هەستى هەموو تاكەكان و هەموو ئامانجەكانيشيانەوە، لە سەر تا بن هەموو كارى خودا بن؛ جا چۆن دەگونجێت ئەو كات بير لەوە بكەينەوە كە مرۆڤ لە ڕەفتار و بۆچوونەكانى لە بەر دەستى ئەم خودايە مازنەدا بەرپرسيار بكەين؟ لە دۆخێكى ئاوادا، كە فەرمانى تەمێ و پاداشت دەدات، خۆى بە ڕادەيێك حوكمى خۆى دەدات. چۆن دەشێت ئەمە دەگەڵ ئەو ميهر و چاكەيەدا ڕێك بكەوێت كە وەپاڵ خۆى دراوە؟

هۆى سەرەكيى ململانێيەكانى ئەم سەردەمە كە لە نێوانى پێگە دينييەكان و ناوەندە زانستييەكاندا هەنە لەم چەمكەى خودايێكى كەسييەوە پەيدايە. ئامانجى عيلمە ئەو ڕێسايە گشتييانە ديار بكات كە پەيوەندى چشتەكان و ڕووداوەكان لە نێو كات و شوێندا دەچەسپێنن. دەبێت بزانن كە ئەم ڕێسايانە يان ئەو قانوونە سرووشتييانە، بێ چەندوچوون، ڕەوايى گشتييان پێويستە، نەك سەلماندن. ئەمە خۆى تەنيا بەرنامەيێكە و باوڕهێنان بە جێبەجێ كردنى، لە بنەڕەتدا، تەنيا هەر نيمچە سەركەوتنێكى بەديهێناوە. بەڵام خۆ ئەستەمە كەسێك بدۆزيتەوە كە نكووڵى لەم سەركەوتنە لاوەكييە بكات و بە خۆ فريودانى ئينسان خۆى بناسێت. لە ڕاستيدا، ئێمە لە سەر بنەماى ئەم جۆرە قانوونە دەتوانين، تا ڕادەيێكى زۆر لە هەندێك بوارى دياردا، بە پوختى، پێشبينى ڕەفتارى دياردە كاتييەكان بكەين و دڵنيا بين كە لە قووڵايى وشيارى مرۆڤى هاوچەرخدا قەتيسماوە، جا با هەر بە زرۆكە (بە ئاستەم) لە دەقى ئەو ياسايانە گەيشتبێت. تەنيا ئەمەى پێويستە بزانێت كە ڕەنگـە سووڕانەوەى هەسارەكان دەنێو پەرگاڵى ڕۆژێدا Solar System، پێشوەختە، تا بڵێى بە ڕاستى لە سەر بنەماى چەند ياسايێكى سنووردارى سادە بپێورێن. بە هەمان شێوەش، با بە هەمان پوختەييش نەبێت، دەكرێت پێشوەختە شێوازى كار كردنى ماتۆڕێكى كارەبايى يان سستمێكى وەشاندن يان دەزگايێكى بێتەل بژمێردرێت، تەنانەت لە كەلكەڵەى پێشڤەچوونەكانى نێو ڕۆمانێكيشدا هەمان چشت دەكرێت.

بۆ ئەوەى دڵنيا بيت، كە هەژمارى ئەو لايەنانەى لە تەڤنار(سياق)ێكى بەرچاودا بەشدارى دەكەن، زۆر بن، لە زۆربەى ئەو دۆخانەدا، ڕێبازى زانستى بە هيچمان ناگەيێنێت. دەى تەنيا بير لە سەقا بكەوە، لەم دۆخەدا پێشبينى كەشى چەند ڕۆژێك، پێشتر ناكرێت. كەس گومانى لەوەدا نييە كە ئێمە تووشى پەيوەندييێكى هۆبەندى causal connection وەتۆ بووينەتەوە كە، بە شێوەى سەرەكى، پەيوەندييە هۆبەندەكانى لە لاى ئێمەدا زاندراون. نەك لەبەر ئەوەى بێت كە سرووشت بە چاكى ڕێك نەخرا بێت، بۆيێ ئێمە نەتوانين، لەم بوارەدا، بە پوختەيى، پێشبينى ڕووداوەكان بكەين بەڵكو لەبەر ئەوەيە كە بنەماكانى كاركردنيان گەلەكن.

ئێمە زۆر كەم چووينە ناو قووڵايى ئەو شيرازانەى لە دنياى ئەشتە زيندووەكاندا دەست دەكەون، بەڵام بايى ئەوە قووڵ چووينە كە، بە لايەنى كەم، بتوانين هەست بە حوكمى پێويستى چەسپاو fixed necessity بكەين. پێويست ناكات مرۆ تەنيا بير لە ڕيزبەندييە ڕێكخراوەكەى ناو بۆماوە heredity و كاريگەرى ژەهرەكانى وەكوو مەى لە ڕەفتارى بوونەوەرە زيندووەكاندا بكاتەوە. ئەوەى لێرەدا هێشتا پێويستە تێى بگەين قووڵايى پەيوەندييە گشتييەكانە، نەك ئەوەى خودى زانستيى ڕێكخستنەكە بە خۆى بێت. تا مرۆ پتر لە ڕێكى بابەتى هەموو ڕووداوەكان ئاو بخواتەوە، قەناعەتى توندتر دەبێت بەوەى كە هيچ كەلەنێك لەم ڕێكييەى بابەتەكان نەماوە تا ببنە هۆى ئەوەى كە سرووشتێكى جياواز پەيدا بكەن. لە لاى ئەو مرۆيە نە حوكمى ئيسان و نە حوكمى ئاسمان هيچيان وەكوو هۆيێكى جوداى ڕووداوە سرووشتييەكان نابن. تا دڵنيا بيت، بنەماى ئەوەى كە ڕووداوە سرووشتييەكان بە فەرمانى خودا ڕوودەدەن، ناكرێت هەرگيز لە لايەنى زانستەوە، نكووڵى لێ بكرێت، چونكە ئەو بنەمايە دەتوانێت هەميشە لەو بوارانەدا خۆى بگرێتەوە كە هێشتا زانست سەرەدەرى لێيان نەكردووە.

بەڵام من لەو قەناعەتە دام ئەم چەشنە ڕەفتارەى كە نمايندە دينييەكان پەيڕەوى دەكەن نەك هەر تەنيا بێ بايەخن، بەڵكوو كوشندەشن. سەبارەت بەو بنەمايەى كە ناتوانێت لە ڕووناكيدا بژيت و هەر لە تاريكيدا دەمێنێتەوە، حەوجە دەبێت كاريگەرى لە سەر مرۆڤ لە دەست بدات و زيانێكى بێ شماريش لە مرۆڤ دەدات. مامۆستايانى ئايينى لە خەباتيان لە پێناوى ئەخلاقى چاكدا، دەبێت ئەو دامەزراوەيان هەبێت كە بتوانێت واز لە هەندێك بنەماى خودايێكى تايبەت a personal God بێنێت، واتا واز لەو سەرچاوەيەى ترس و ئومێد بێنێت كە لە ڕابردوودا دەسەڵاتێكى بەربڵاوى بۆ قەشەكان ڕەهاندبوو. لەميانى ڕاپەڕاندنى ئەركە ئايينييەكانيادا، دەبێت سوود لەو هێزانە وەربگرن كە دەتوانن چاكە و ڕاستى و جوانى لە ناخى خودى مرۆڤايەتيدا بچێنن. تا دڵنيا بيت، ئەمەيان ئەركێكى گەڵێك بەهادار ترە، بەڵام بە بەراورد گەلێك ئەستەمترە. (ئەم هزرە بە شێوەيێكى قەناعەتپێكەر، لە كتێبەكەى هێربرت ساموێڵى، باوڕ و كردەوە، دا هاتووە.) پاش ئەوەى مامۆستايانى ئايينى كردارى پاڵاوتنە باسكراوەكە تەواو دەكەن، لەو ڕاستييە دەگەن كە شارەزايى عيلمى، دينى ڕاستى باڵاتر و گەورەتر كردووە.

ئەگەر ئازادكردنى مرۆڤ لەو تامەزرۆيى و ترس و ئارەزووانەى كە خودى مرۆڤ دەكەنە كۆيلە، تا ئەو ڕادەيەى كە دەگونجێت، ئامانجى ئايين بێت، سۆنگە زانستيييەكان دەتوانن هێشتا پتر يارمەتى دين بدەن. هەرچەندە ڕاستە كە ئامانجى عيلمە ئەو ڕێسايانە بدۆزێتەوە كە ڕێدەدەن ڕاستييەكان كۆبكەنەوە و پێشبينييان بكەن، خۆ ئەمەش تاكە ئامانجى نييە. بەڵكوو كۆششى ئەوەش دەكات ئەو پەيوەندييە دۆزراوانەش بۆ بچووكترين نمرەى هاوبەشى گونجاو كەم بكاتەوە كە لە نێوانى توخمە هزرييە بە نۆرە سەربەخۆكاندا هەنە. لە دواى ئەم هەموو ماندووبوونەى بە مەبەستى يێككردنى فرەجياوازييەكانە كە گەورەترين سەركەوتن وەدەست دێت، لەگەڵ ئەمەشدا، بە ڕاستى هەر خودى ئەم هەوڵەشە كە مرۆڤ تووشى مەترسى گەورەترين ساهان (وەهم) دەكات. بەڵام هەر كەسێكى بەم ئەزموونە چڕە، سەركەوتووە، پێشكەوتووانەى لەم لايەنەوە كراوە، ڕەت دەبێت، ملكەچييە بێ ئەندازەكەى بەرەو هوشيارى دەبات و پێشكەوتنى گەورە لە وجوددا دەكات. لە ڕێى تێگەيشتنەوە، مرۆڤ تا ڕادەيێكى زۆر لە كۆت و بەندەكانى ئومێد و خواستە كەسييەكانى خۆى ڕزگارى دەبێت و لەوێشەوە ئەم هەڵوێستە خۆڵينە humble لە بەرانبەرى گەوراتى ئەو هزرەى كە لە وجوددا بەرجەستە بووە، پەيدا دەكات و ئەويشە، كە لە گەورەترين قووڵايى خۆيدا، مرۆڤى ناگاتێ. ئەم هەڵوێستەش، بە باڵاترين واتاى كە لە وشەيێكدا هەبێت و وەك ئەوەى لێى تێيدەگەم، هەڵوێستى دينييە. جا بەم پێيە وا بۆم دەردەكەوێت كە عيلم تەنيا ئەوە نييە كە بزاوتى دينى لە خاشاكى جەستەبەندى anthropomorphism پاك دەكاتەوە، بەڵكوو هاريكارى تێگەيشتنى ڕووحزەدەى spiritualization دينيى ژيانيشمان دەكات.

تا داهێنانى ڕووحى مرۆڤ پتر پێش بچێت، پتر دەردەكەوێت كە ڕێى ديندارى ڕاست لەوەدا نييە كە لە ژيان بترسێى و لە مردن بترسێى و ئيمانێكى كوێرانەت هەبێت، بەڵكو لەوەدايە خەبات لە پێناوى زانيارى هزرى بكەيت. لەم بۆچوونەدا باوڕ دەكەم كە گوتاربێژ دەبێت ببێتە مامۆستا ئەگەر بيەوێت لە ڕاپەڕاندنى ئەركى پيرۆزى پەروەردەيى خۆيدا، عەدالەت پەيڕەو بكات.

——————–
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن …..

Previous
Next
Kurdish