Skip to Content

ماڵیک لە ئاسامان بۆ سۆران و کاوە و سەردەشت!

ماڵیک لە ئاسامان بۆ سۆران و کاوە و سەردەشت!

Closed
by ته‌مموز 21, 2018 General

سەربازەکان لە یادەوەری مێژوو نادیارن، لەکاتێکدا سەربازەکان مێژووی ڕاستەقینە دروستدەکەن، بەناوی فەرماندە و سەرۆکەکان تۆمار دەکرێ. گیانبەختکردوانی ڕێگای دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی لە کوردستان سەربازە قارەمانەکانی ژیانێکی باشتر و دونیایەکی باشتری ژیان و مێژووی ئەمڕۆی کوردستانن. هەر شتێکی ئەوان ڕۆژانە دەبێتە بەردێک لە بناغەی دروستکردنی ئامانجەکانمان لە کۆمەڵگای کوردستاندا. یادیان، کارەکانیان، قسە و وتەکانیان، هەڵوێست و ئازایەتی و جوامێریان، دڵسۆزی و گیانبەختکردنییان، وێنە و سیمبولەکانیان، هاوڕێ و هاوکار و دۆستانیان …. هیتر. ڕۆژانە خشتی دیواری مێژووی ئێمە دروست دەکەن. ئەوان لەگەڵ ئەوەی لە ژیاندا نەماون، بەڵام لە گەڵمان دەژین و ڕۆڵ و نەخشی گرنگیان هەیە لە ژیانی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان. بوونی ئەوان لە مێژووی ئێمە گوڕ و تینێکی گەورەیە و هەمیشە لە دڵی ژیان و مێژووی ئێمە درەوشاوەن.
ئێمە وەک ستافی وێبسایتی سەردەشت عوسمان، پڕۆژەیەکمان کردۆتەوە بەناوی”سەکۆی دەنگە ئازادەکان” یاخود ” سەکۆی دەنگە تیرۆرکراوەکان ” . پڕۆژەکەمان ئەوەیە، بۆ هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادیخواز و عەدالەتخوازەکان، ماڵپەڕ و وێبسایتی تایبەت دروست بکەین. بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و ڕێباز و ناو و دەنگی ئەو مرۆڤە گەورە و لەخۆبردوانەی لە پێناوی ژیان و ئازادی هەموومان گیانیان بەخت کردووە. مەبەستمانە هەر شتێک پەیوەندی بەو مرۆڤە بوێر و ئازایانە هەبێت، وەک نووسینەکان، کاری رۆژنامەوانی، دۆسیە و لێدوانەکان، ئەو بابەتانەی لەسەر ئەو نووسراون، ڤیدیۆ و وێنە و هەر شتێکیتر کە پەیوەندی بەوانەوە هەیە.
بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو شتانە پێویستمان بە هاوکاری خانەوادە و هاوڕێ و هاوکاران و هەر کەسێکە ئەو شتانەی لا دەست دەکەوێت. لێرەدا لە ئێوەی بەڕێز داواکارین، هەر شتێک لای ئێوە و هاوڕێیانی ئێوە دەست دەکەوێت بۆئێمەی بنێرن.
بۆ ئەوەی لەسەر سایتەکەی ئەوان دابنێین. ئەگەر هەموو ئەو شتانە لە شوێنێکی دیاریکراو کۆ نەکەینەوە لە سایتێکدا، ئەوا لەوانەیە ماوەیەکیتر بفەوتێ. وەک دەبینن کە ئێستا بۆ گەڕان و دەستکەوتنی بابەتەکانی رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو سۆرانی مامەحەمە و کاوە گەرمیانی، ئاسان نییە. ئێمە هەر ئێستا کێشەمان هەیە لە پەیداکردنی بابەتەکانیان بۆ سایتەکانیان.
ماڵپەڕ و ویبسایتی هەریەک لەو مرۆڤە تێکوشەرانە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری لەسەر ئەوان و ژیان و کار و دۆسیەکەیان.
لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی داهاتی پێویست بۆ خەرجی دوومەین و سێرڤەر، ئێمە سوود لە دومەین و سێرڤەری وێبسایتی سەردەشت عوسمان وردەگرین. بێگومان بەرنامەمانە لە ئایندەدا ئەو وێبسایتانە بکەینە خاوەنی دومەین و سێرڤەری سەربەخۆ.
لە هەنگاوی یەکەمی پڕۆژەکەماندا، دوو وێبسایتمان بۆ ئازایزانی هەموومان، سۆرانی مامەحەمە و کاوە گەرمیانی دروستکردووە. بەڵام ئەو پڕۆژەیە لەسەرەتای کارەکەدایە و بەهۆی نەبوونی بابەتەکان تەواو نیە.

لینکی وێبسایتەکان، هەر کەسێک دەتوانێ هاوکارمان بێت بە سەرنج، تێبینی و پێشنیار یا هەر شتێکیتر…
http://www.sardashtosman.com/soran/

http://www.sardashtosman.com/kawa/

بانگەوازی ئێمە ڕووی لە ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئازادیخوازان و خەمخۆرانی ئەو ئازیزانە و دۆسیەکەیانە، بۆ ئەوەی بتوانی سەکۆیەکی پتەو و بەهێزی “سەکۆی دەنگە ئازادەکان” دروست بکەین.

ستافی سایتی سەردەشت عوسمان
serdasht.osman@gmail.com
2018-07-15

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish