Skip to Content

102 Views

کاك ئارام سدیق وا نابێت! … خدر حسين

کاك ئارام سدیق وا نابێت! … خدر حسين

Be First!
by July 21, 2018 General, Literature
image_print

کاك ئارام سدیق کە زیاتر بە ڕانانی کتێبی رۆمان لە رۆژنامەی هەولێردا ناسراوە، لێگا لێگا بە پێخاوس وەناو بەرهەمەکان دەکەوێت و سەرو کلکی زۆر شیعر و چیرۆکیشی هەڵپاچیوەو دەیهەوێت بڵێت (ئەنجا لە تەیر دەچن!).
میللەتی کورد هێند کەسی تێگەشتووی تێدایە بەکاك ئارام بڵێ تکایە بوەستەو کەمێك بیر لە نووسینەکانت بکەوە، بەس مەگەر نووسەری زۆر بە توانا و مەوسوعی بتوانێت لە یەك کاتدا رەخنەی ئەکادیمی لە رۆمان و چیرۆك و شیعر بگرێت- چونکە سێ دنیای جودان، پاشتریش زۆر نەنگییە سەرپێی خۆدان لە دەقی قوڵ و بشڵێت ئاگاداری وردو درشتی شیعری دوای ڕاپەڕینم، وەکو قەشەکانی سەدە تاریکەکانی رۆژئاوا کلیلی مەزنی بە هەندێك شاعیر و شیعر بدات و هەندێکیش بە رەو دۆزەخی نەفرین بەڕێبکات و لە دیدی کاڵوکرچی خۆیەوە بە (توڕەهات!) ناویان بێنێت.
ئەو ئێستا دەیهەوێت کتێبێکی نەبەکامی تر بخاتە سەر خەرمانەی ڕاو بۆچوونە ناشیعرییەکانی و دنیایەك هەڵەو حوکمی نابەجێ بەسەر کاری وێژەیی هەندێك نووسەرو شاعیردا بدات، کتێبەکەشی نەك ناوی رەخنەیە بەڵکو رەتکردنەوە واتە رەفزکردن.

پێویستە سەرەتا بزانین وتەو بنەماکانی کاری رەخنەیی و تێگەشتنی کاک ئارام بۆ شیعر چییە؟ ئەی بۆچی وەکو کاری رۆژنامەگەریی بە شێوەیەکی سەرپێی خۆی دەدات لە دنیای ئاڵۆزو پڕ بایەخی رەخنە؟
فەلسەفەی کاک ئارام ئەم وتەیەی (حەمەی مەلا)یە کە لە ژمارە ٤ی شیعردا نووسیویەتی و کاک ئارام لە چەند جێیەکدا ئاماژەی پێداوە:
((ئەرکی شیعری ڕاستەقینە سەرەتا خۆڕزگارکردنێتی لەو پاسیڤیزمەی وەک تانە دێت بەسەر بیناییدا و دواجار ئیشکردنێتی بە ئاڕاستەی ڕزگارکردنی سوبێکێت لە ئالودەبوونی بەو پاسیڤیزم و سستییەی ئەمڕۆ کۆی ڕەهەندەکانی ژیانی تەنیوەتەوە))
((شاعیرە ڕاستگۆو خاوەن بەهرەکان ئەوانەن کە ڕیتم و ئیقاعی شیعرییان زایەڵەی لەرزەی عەرشی ئیمپڕاتۆرەکانە))
هەر لە سۆنگەی ئەم وتەوەیە کاک ئارام دەربارەی کتێبە نوێکەی دەنووسێت:

((ئەم پڕۆژە ڕەخنەییەم هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەی جۆرێک لە تێکست کە مرۆڤی پاسیڤ و ئینسانی بوودەڵە دروست دەکەن و نەک مرۆڤێک کە خاوەنی بڕوا و متمانە و ئیرادەیەکی بەهێز بێت)).
پێویستە لێرەدا بە کاک ئارام و حەمەی مەلا بڵێین ئەو تێڕوانینە بۆ شیعر دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی (ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانە) کە ئایدۆلۆژیاو شۆڕشیان دەدایە پاڵ شیعر و دەبوو رۆڵی هەبووایە وەکو چەکێکی گۆڕانکاری ڕادیکال و حیزبیی، بەڵام شیعر کە گیانی هەموو سەردەمەکانی مرۆڤ و هەموو بوارە جیاوازەکانی دنیای فیزیك و میتافیزیکە زۆر لەو پێناسە سەقەتە فراوانترە کە شیعر وەك هۆکارێکی (بژی و بڕوخێ) بەکاربهێنرێت و تەماشا بکرێت، تەنانەت زۆر لە رەخنەنووسان و شاعیرانی جیهانی رۆڵ لە شیعر دادەماڵن، بگرە ئەوانەی کاک ئارام بە شیعریان دەزانێت بەس شیعری چەپڵە و قەرەباڵغیین. پاشان کاک ئارام و کاک حەمە زۆر واقیعیتر دەبوون گەر لەسەر شاخی ئەو یۆتۆپیا هەڵخەڵەتێنە بهاتنایەتە خوارەوەو بیانزانیایە تیشکخستنە سەر پاسیفیزم کە بە داخەوە لە %٨٠ی تاکی کورد ئاوهایە، بەرجەستەکردنی لە وێنەیەکی شیعریی نایابدا داهێنانە، یان ئاماژەپیدانێکی هونەری ئەو حەقیقەتە رەنگە گۆڕانکاری بەرپا بکات، جا لەم رووەوە نموونە زۆر هەن: بۆ نموونە ئەوانەی کە بێ بەرهەمن و بە پاسیفزمی لەسەر سۆشیال دەژین لە وڵاتان ، یان ئەو هەموو پاسیفیزمە موچەخۆرەی بن دیوارو کارمەندی بێ بەهرەو بێ ئیش و تا سەدان نموونەی تر.

من بوومایە لە جیاتی کاک ئارام دوو ساڵ هیچم نەدەنووسی و هەوڵمدەدا دیراسەی ئەوە بکەم ئایا رەهەندو کرۆکی شیعری باش چییە، چی گوتراوە لەمبارەوە؟ بەڵگە زانستییەکان چین بۆ سەلماندن؟ بە زمانی جیاو لە سەرچاوەی جیاوە زۆر تێشووم کۆ دەکردەوە تا خۆم پڕ چەك بکردایە بە باکراوندێکی مەعریفی و ڕاکانم بە بەڵگە پشت ڕاست بکردایەتەوە، ئەوسا خوێندنەوەکانیشی پڕ بەهای ڕاماناوی دەبوون.
بەڵکو شیعری باش زۆر بە پێچەوانەی ڕای کاک ئارام و کاک حەمەوەیە، هەمیشە ئەو شیعرانە دەمێننەوە لە دەرەوەی شوێنکاتەوەن، بەو مانایەی سنووری شوێنکات کەلەپچەی دنیای شیعرەکان ناکات، تا هەر بە تازەیی بمێننەوەو ببینرێن، یەکێکیش لەو کۆتانە کە شیعر دەمرێنێت سیاسەتە، لە کاتێکدا شیعر زوبانی ژیانە بە هەموو پێچو پەناکانیەوە، هی هەموو سەردەمەکان و هەموو مرۆڤەکان.

لەسەرێکیشەوە گلەییش لە کاک ئارام ناکەم، چونکە لە حاڵێکدا گەر لای مرۆڤەکان نووسین وەك بژێوی ژیان بەکاربهێنرێت، هەوڵدەدرێت نووسین هروژێنەر بێت و شتی زەق و سەرپێی دەرببڕێت.
لە جێیەکدا کاك ئارام دەفەرمێت:

((نووسەریی پیشەیەکە مرۆڤ ئازادانە هەڵی دەبژێرێت)) جێی خۆیەتی لە کاک ئارام بپرسین ئایا نووسین بۆ کەسی داهێنەر پیشەیە؟ ئایا دەتوانێت لەسەری بژی؟ تا چەند ئەمە هاندەرە بۆ داهێنان؟
لە کۆتاییدا وەك خاڵێکی گشتی بۆ هەمووان ئەو یادە دەهروژێنم؛ یەکێك لە نیشانەکانی نێرگزییەتی مرۆڤ حەزکردنە بە بینینی وێنەکانی خۆی بە جۆرەها شێوەو لە زۆربەی شوێنە جیاجیاکاندا، ئەمە رەنگە سەربکێشێت بۆ خودپەرستی ، لە بیرمە لە چاوپێکەوتنێکدا لە رۆڵان بارت دەپرسن تۆ بۆچی لە مێژە وێنەی تازەی خۆت بڵاوناکەیتەوە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت سەردەمێکی زوو لەمەوپێش وێنەی خۆم بڵاوکردەوە ئیتر هەر ئەوە بەسەو من ئەو قۆناغەم تێپەڕاندووە.

ڕێزو حورمەتی زۆرم بۆ کاکە ئارام سدیق و هیوادارم ئەم بیروبۆچوونانە بە سنگێکی فراوانە تاوتوێ بکات و لەسەریان بوەستێت، دەستخۆشی بوێریی دەکەم. با هیچ لێکدانەوەیەکی هەڵەی بۆ نەکات چونکە من لە دەڤەری پشدەر دەژیم و هەرگیز کاك ئارامم نەبینیوە.
خۆزیا کاک ئارام و کاک حەمەی مەلا وەڵامی ئەم خالانەیان دەداینەوەو گوتوبێژەکەیان زیاتر دەوڵەمەند دەکرد بە را و بۆچوونەکانیان.

Previous
Next

Leave a Reply