Skip to Content

چەپی ئەمەریكای لاتین و هەڵبژاردنەكانی مەكسیك …عەلی مەحمود محەمەد

چەپی ئەمەریكای لاتین و هەڵبژاردنەكانی مەكسیك …عەلی مەحمود محەمەد

Closed
by ته‌مموز 31, 2018 General, Opinion, Slider

لە سێ ساڵی رابردوودا, چەپەكانی دوای 12 ساڵ لە فەرمانڕەوایی لە بەشی زۆری وڵاتانی ئەمەریكای لاتین, توشی شكستی یەك لە دوای یەك بوونەوە, ئەگەر كودەتاكانی هندۆراس و پاراگوای لێدەربكەین, لە شیلی و ئەرجەنتین و گیانا و پیرۆ لە دەسەڵات دور خرانەوە لە رێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە, لە ئیكوادۆر كودەتایەكی ناوخۆیی ئەنجامدرا لە ناو خێزانی چەپەكانەوە, لە بەرازیل بە كودەتا راستگەراكان پارتی كرێكارانیان لە دەسەڵات دەركرد و سەرۆكی پێشووی وڵاتیشیان خستە زیندانەوە, لە نیكاراگوا و پۆلیڤیا و فەنزوێلا راستگەراكان بە شێوازی جۆراو جۆر لە هەوڵی نانەوەی پشێوین ….. .

بە پێچەوانەی ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە كە پارتە كۆمۆنیستەكان لە دەسەڵات دور خرانەوە, لە راست خۆیان وەك مۆز توانەوە, كەچی لە ئەمەریكای لاتین پاش شكستە هەڵبژاردنیەكان پارتە چەپگەراكان بە گوڕو هێزو وزەی زیاترەوە دێنەوە مەیدان, لە ئەرجەنتین یەك چركە سات گۆڕەپانی پلازا دی مایۆیان بەجێ نەهێشت, لە شیلی بەردەوام بوون لە حەراكی شەقام, لە هندۆراس وێڕای فرت و فێڵ و ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی كودەتا چەپەكان بە پشو درێژییەوە بەردەوامن, لە بەرازیل وێڕای ئەوەی لۆلا لە زیندانە هێشتا لە راپرسییەكان دەری دەخات بە فرسەخ لە پێش دووەم كاندیدەوەیە, لە هەمووی دڵخۆشتر دواین هەڵبژاردنی كۆڵۆمبیاو مەكسیكە, لە كۆڵۆمبیا كاندیدی چەپ غۆستاف بیدرۆ لە بزوتنەوەی كۆڵۆمبیای مرۆڤایەتی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵات, توانی 41,8%ی دەنگەكانی بێنێتەوە, ئەمەش یەكەمجار بوو چەپ لە كۆڵۆمبیا ئەنجامی وا لە هەڵبژاردنەكان بەدەست بهێنێت, مەكسیكیش كە بابەتی ئەمجارەمانە, لە هەڵبژاردنی 1 ی یۆلی دا , سەرتاپای هەرێمەكانیان بە سور نەخشاند, بەشێوەی گشتی لە تەواوی وڵاتانی ئەمەریكای لاتین و كاریبی چەپ ئەگەر لە دەسەڵاتدا نەبێت ئەوا ئۆپۆزسیۆنی سەرەكییە, ئەگەر هێزی یەكەمی وڵاتەكانیان نەبن, ئەوا دووەمن.

لە ئەمەریكای لاتین راستگەراكان بە ئەندازەیەك لە هێزی چەپ دەترسن, كەوتونەتە چەوساندنەوەی سیاسی سەركردە چەپگەراكان لەوانە خاتوو كریستینا فرناندیز لە ئەرجەنتین, لۆلا دا سلیڤا لە بەرازیل, رۆفائیل كۆریا لە ئیكوادۆر, چەپ هەر بەوەندەوە نەوەستاو لەو وڵاتانە قەتیس نەما, پەڕیەوە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەلەكسەندریا ئۆكسایۆ كۆرتیز تەمەن 28 ساڵە بووە كاندیدی دیموكراتەكان لە شاری مەزنی نیویۆرك بۆ پەرلەمانی ئەمەریكا,دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموكراتەكان سەركەوت بەسەر جۆزیف كرۆلی پەرلەمانتاری دیموكرتەكان, كە بۆ ماوەی 10 خول پەرلەمانتاری بازنەی هەڵبژاردنە, خاتوو كۆرتیز خۆی بە سۆسیالست و لایەنگری بیرنی سادەرز كاندیدی پێشووی سەرۆك كۆماری ئەمەریكا دەزانێت, ئەو ئەندامی پارتی سۆسیالست دیموكراتی ئەمەریكایە كە خاوەند 47000 ئەندامە, تەنها لە نێوان 20 بۆ 26ی یۆلی هەزار ئەندامی زیادیكردووە, ئەمەش دەربڕی پەیوەست بوونی خەڵكە بە بیری سۆسیالزمەوە.

مەكسیك بەرەی شەڕ

مەكسیك دووەم هێزی ئابوورییە لە ئەمەریكای لاتین دوای بەرازیل و ژمارەی دانیشتووانی 123675325 كەسە,داهاتی تاكی 9304 دۆلارە لە ساڵێكدا,بەمەش مەكسیك لە ریزی 69یەمینی جیهاندایە لە روی داهاتی تاكەوە,ئابوورییەكەشی لە ریزی پانزەهەمینی پلەبەندی جیهاندایە, كۆی گشتی داهاتی نەتەوەیەكەی 1,149,239 ترلیۆن دۆلارە, لە نایەكسانی لە دابەشكردنی سەروەت و سامان لە ریزی 68یەمینی جیهاندایە, لە گەشەی مرۆیی لە ریز بەندی 77ەمینی جیهاندایە,لە گەندەڵیدا لە پلە بەندی 123مینی جیهانیدایە لە كۆی 176 وڵاتی جیهان.

لێ لە 3 دەیەی رابردوودا هێزی كڕینی مەكسیكیەكان بەرێژەی 80% دابەزی, وێڕای گەشەی ئابوری وڵات, بەشی زۆری دەستكەوتی گەشەی ئابووری وڵات بۆ 1%ی كۆمەڵگا رۆیی, 99%یش رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی ژیانیان لە دابەزیندایە. پانتایی خاكی مەكسیك وەك بەرەیەكی بەرفراوانی جەنگی بەردەوامە, پارساڵ 26 هەزار كەس تیایدا كوژرا, لە 10 ساڵی رابردوودا كۆی گشتی 200 هەزار كەس كوژراوە, تەنانەت مەكسیك بۆ رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی چەپ وەك بەرەی پێشەوەی جەنگ وایە, تەنها لە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردندا 523 كەسایەتی سیاسی و كاندید كوژران.سستەمی سیاسی وڵات تەواو گەندەڵە, هاووڵاتیان متمانەیان بە سستەمی سیاسی وڵات نەماوە, تەنها 2%ی هاووڵاتیان متمانەیان بە دیموكراسی بوونی سستەمی سیاسی مەكسیك هەیە, تەزویر و دەنگ كڕین و تەمویلی كارتلەكانی مادە هۆشبەرەكان رەوتی هەڵبژاردنەكان دیاریدەكەن.

سەركەوتنی چەپ

لۆبێز ئۆبرادۆر ناسراو بە ئەمیلۆ كاندیدی چەپی براوەی ئەمجارەی سەرۆك كۆماری مەكسیك, دووجاری پێشوتر شانسی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری تاقیكردەوە, لە هەڵبژاردنی ساڵی2006 دا رێژەی 35,3%ی دەنگەكانی هێنایەوە لە بەرامبەردا فلیپ كالدیرۆنی سەرۆكی پێشوو كە 35,9%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا, لە رێگای تەزویرەوە توانرا كالدیرۆن سەربخەن بۆ ئەوەی رێگا بگرن لە ئەمیلۆ ببێتە سەرۆككۆمار, بەهۆی ئەو سكاڵایانەی ئەمیلۆ تۆماریكرد,بڕیاردرا 11,839 سندوق بژمێردرێنەوە, كە دەیكردە كۆی 9,2%ی كۆی سندوقەكانی دەنگدان, زۆربەشیان ئەوانە بوون گومانیان لەسەر نەبوو,لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ساڵی 2012 دا لۆبێز 15896999 دەنگی هێنایەوە كە دەیكردە 31,6%ی دەنگەكان, لە بەرامبەردا ئینریك پینە نیتۆ 19226284 دەنگ و 38,2%ی دەنگەكانی هێنایەوەو بووە براوەی هەڵبژاردنەكە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كە رێژەی دەنگدان 63,43% بوو , 0,35% زیاتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2012 , ئەمیلۆ 30113483 دەنگی هێنایەوە كە دەكاتە 53,19%ی دەنگەكان, بەمەش بووە سەرۆكێك زۆرترین دەنگی لە مێژووی مەكسیكدا هێناوەتەوە , كە دووجاری دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشووە, هەرچەندە هاوپەیمانەكانی لاوازترن لەوكاتە, كاندیدی دووەم ریكاردۆ ئەنایە ” بە داوای موچەی بنەڕەتی بۆ هەمووان هاتە مەیدان” 12610120 دەنگ كە دەكاتە 22,28%ی دەنگەكانی هێنایەوە.

بە هەمان شێوەی ساڵانی 2006 و 2012 , پێشتر لە مەكسیك لە هەڵبژاردنی 1988یش كواتیمۆك كاردیناس سەرۆكی چەپگەرای پارتی شۆرشی دیموكراتی بردیەوە , وەلێ بە ساختە كارلۆس سالیناس بە براوە درایە قەڵەم و دەنگەكانی بۆ 50,7% زیادكرا.لە ساڵی 1982 ەوە كە میگۆل دی لا مەدرید بردییەوە بە هێنانی 74,3%ی دەنگەكان , كەس بەم رێژەیە براوە نەبووە لە مەكسیك وەك ئەمجارەی ئەمیلۆ .

ئەمیلۆ كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی پێكەوە مێژوو تۆمار دەكەین لە ژێر دروشمی ” دەستكەوت بۆ هەمووان, یەكەم بۆ هەژاران ” هاتە مەیدان, لە نێوان 3 هێز ” مۆرینا” لە ساڵی 2012 لە لایەن لۆبزەوە دامەزراوە ” و پارتی كرێكاران و پارتی یەكبونی كریستانی ئینجیلی” پێكهێنرا,مۆرینا 50% و پارتی كرێكاران 25% و پارتی ئینجیلی 25% كاندیدەكانیان بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران دیاریكرد, هەرسێ لایەنیش لۆبێز ئۆبرادۆریان وەك كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەڵبژارد.

هەرچەندە مەكسیك لە ساڵی 1917ەوە كە پارتی كۆمۆنیست تیایدا دامەزراوە, هاوكات ناوەندی هەڵسوڕاوانی چالاكانەی سەرجەم گرایشەكانی چەپە, دەیان پارت و گروپی چەپ لە ترۆتسكیستەوە بۆ ماوی و ئانارشیزم و ستالینستی و سۆسیالزمی سەدەی 21 و گیفارایی و ….. لەم وڵاتە چالاكن, زانكۆكانی ئەم وڵاتە شوێنی هەڵسوڕانی ماركسیستەكانە, باڵادەستی سیاسیان پێوە دیارە وەك هەیمەنەی فكر, هاوكات بەردەوام ئەم وڵاتە دەستەوگروپی چەكداری چەپگەرای لێ نەبڕاوە, بەهۆی پێگە جوگرافیاكەیەوە, ئەمەریكا وەك باخچەی پشتەوەی ماڵی خۆی لێی روانیوە, بە حەرامی زانیوە چەپەكان لەم وڵاتە دەسەڵات بگرنە دەست, بەردەوام هەوڵی سەركوتكردن و لاواز كردن و دابەشكردنیانی داوە, وەلێ ئەمجارە هەوڵەكانی بەری نەبوو.

كاتێك راپرسیەكان دەریانخست ئەمیلۆ لە پێشەوەیە, پەیتا پەیتا دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا و سەرمایەدارانی ناوخۆ لێدوانیان دژی دەداو هەڕەشەیان دەكرد, ترسی سور و گۆڕینی مەكسیك بە فەنزویلا حەژمانی لێ هەڵستاندبوون, تەنانەت سەرۆكی پێشوی وڵات فلیپ كالدیرۆنیش هاتە سەر خەت دژ بە ئەمیلۆ, ئەو سەرۆكەی لە 2006 بە تەزویر بە جیاوازیەكی كەم كورسیەكەی لێ داگیر كرد, وەزیری ئاسایشی ناوخۆیی ئەمەریكا جۆن كیلی رایگەیاند هەڵبژاردنی سەرۆكێكی چەپ بۆ مەكسیك باش نییە, هاوكات راوێژكاری ئاسایشی ئەمەریكی و تیلرسۆن وەزیری دەرەوە رایانگەیاند روسیا هەڵمەتی پشتیوانی لە لۆبێز دەست پێكردووە.

لە 1ی یۆلی شەپۆڵی بەهێزی تسۆنامی سیاسی چەپ لە مەكسیكەوە لە رێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە هەڵیكرد, ئەو رۆژە كۆی گشتی 3400 پۆست هەڵبژاردنی بۆ كرا, چەپ پارتە كۆنە گەندەڵەكانی مەكسیكی راماڵی , لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كۆی 500 كورسی, پارتی چەپگەرای مۆرینا 191 كورسی, پارتی كرێكاران”ماوی” 61 كورسی, پارتی شۆرشی دیموكراتی 21 كورسی” بزوتنەوەی هاووڵاتیان 27 كورسی “دەرەوەی ئیتلافی براوە”,پارتی بەیەك گەیشتنی كۆمەڵایەتی راستگەرای ئینجیلی 55 كورسی “لە ناو ئیتلافی دەسەڵات” یان بەدەست هێنا, چەپ بە شێوەی گشتی 300 كورسی, لێ ئیتلافی دەسەڵات 307 كورسی لە كۆی 500 كورسی پەرلەمانیان بردەوە.

هەرچی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیرانە, لە كۆی 128 كورسی ئەنجومەنەكە, مۆرینا 55 كورسی , پارتی كرێكاران 6 كورسی, پارتی شۆرشی دیموكراتی 8 كورسی” پارتی شۆرشی دیموكراتی كواوتیمۆك كاردیناس دایمەزراند كوری سەرۆك كاردیناس”, پارتی بزوتنەوەی هاووڵاتی 7 كورسی و پارتی بەیەك گەیشتنی كۆمەڵایەتی ئینجیلی 7 كورسیان هێنایەوە, واتا كۆی گشتی چەپ 76 كورسی, ئیتلافی دەسەڵات 68 كورسیان بەدەست هێنا لە كۆی 128 كورسی ئەنجومەنی پیران, هاوكات هاوپەیمانییەتیەكە شاری مەزنی مەكسیكۆی پایتەخت و 5 لەو 9 هەرێمەی هەڵبژاردنی تێدا كرا بردەوە.

هەرچەندە سەرەتا هەوڵدرا بەرەی چەپ لە نێوان 4 لایەندا” مۆرینا, كرێكاران” پارتی كرێكاران, پارتێكی ماوییە و لە 8ی دیسەمبەری 1990 دامەزراوە “, شۆڕشی دیموكراتی, پارتی بزووتنەوەی هاووڵاتی” پێك بهێنرێت, وەلێ بەهۆی ململانێی ئەمیلۆ لە گەڵ سەركردەكانی دوو لایەنەكەی دی ئەم هاوپەیمانییە پێك نەهێنرا, پێشتر هاوپەیمانی و لە یەك پارتیشدا بوون, مۆرینا لە گەڵ پارتی یەكبونی كریستانی ئینجیلی راستگەرا هاوپەیمانی كرد, كە بە پارتی پاراستنی خێزان بەناو بانگە لە مەكسیك, هەڵوێستی پارێزگارانەی لە هەمبەر لەباربردن و زەواجی هاوِەگەزەكان هەیە, هەرچەندە بڕیار وایە حكومەتی داهاتوو حكومەتی 8 ژن و 8 پیاو بێت, وە ئەمیلۆ سیاسییەكی كراوەیە لە بەرامبەر زەواجی هاوڕەگەزەكان و لەباربردن.

ئەمیلۆ لە كۆی 31 هەرێمی وڵات, لە 20ی زۆرینە بوو, ئەو دەنگەكانی زیاترە لە دەنگی هەر سەرۆكێكی پێشوی مەكسیك, هیچ سەركردەیەك بە ئەندازەی ئەمیلۆ جەماوەری نەبووە لە مێژووی مەكسیكدا, كە بە دروشمی ” هەژاران یەكەمن” هاتە پێشەوە, جگە لە لازارۆ كاردیناس لە سیەكان” لارزۆ كاردیناس 1934 بوو بە سەرۆكی مەكسیك , بە هێنانی 98,2% ی دەنگەكان و 2,225,000 دەنگ ” بوو بە سەرۆك كۆماری وڵات, كە زۆر هەنگاوی گرنگی نا لەوانە” خوێندن بە خۆڕایی, دابەشكردنی زەوی بەسەر جوتیاران, خۆماڵیكردنی كەرتی نەوت, دانی بەڕێوەبەرایەتی هێڵی شەمەندەفەر بە كرێكاران “.

هەرچەندە راگەیاندنەكان وا ئیدعا دەكەن كە یەكەمجارە چەپ لە مكسیك سەردەكەوێت, لێ لە رابردوودا 3 خول پارتی كرێكاران” 1919-1940 , چەپ” كورسی سەرۆك كۆماریان بە دەستهێناوە” 1928 ئەلیڤارۆ ئۆربیگۆن , 1925 پلۆتۆركۆ ئیلاس كالیاس, 1920 ئەلیڤارۆ ئۆبریگۆن ” و لارزۆ كاردیناسیش لە ساڵی 1934, كە هەموو لەسەر چەپ دێنە هەژماركردن.

زاباتێستەكان چیان وت و كرد

زاباتێستەكان چیابایس نەیان هێیشت سندوقەكانی دەنگدان بچێتە ناوچەكانیانەوە و بایكۆتی دەنگدانیان كرد, هەرچەندە لۆبێز یەكێكە لە داكۆكیكەرانی مافی هاوڵاتیانی رەسەن , وەلێ ماركۆس سەرۆكی زاباتێستەكان وتی: لۆبێز كاندیدی چەپی ساختەیە , بۆیە پشتیوانی ناكەین, ئەوان لایەنگیری چەپی رادیكاڵی ریشەیین.
بزووتنەوەی زاباتێست لە 17-11-1983 دامەزراوە ,پێك هاتووە لە هاووڵاتیانی رەسەن و لاهوتی رزگاریبەخشی چەپگەرا . زۆرینەیان لادێین , كەمایەتیەكی شاری , باوەڕی سیاسییان بە سۆشیالستی رزگاریبەخشە,لە گەڵ كۆكتێلێكی ئانارشیزم و دژ بە نیولیبرالیزم و باوەڕ بە ئابووری هەرەوەزی كۆمەڵایەتی, بڕیار بە دیموكراسی راستەوخۆ لە رێگای دەنگدانی بە كۆمەڵی راستەوخۆوە دەدەن,زیاتر لە بۆچونەكانی پۆكچین خاوەند تیۆری كۆمەڵگای دیموكراتیكەوە نزیكن, چیاباس و رۆژئاوا دوو دورگەن لە جیهاندا پەیڕەو لەم تیۆرییە سیاسییە دەكەن.

ئەو رۆژەی پەیمانامەی بازرگانی ئازادی ئەمەریكای باكور”ئەمەریكا, كەنەدا, مەكسیك” ناسراو بە نافتا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە , واتا 1-1-1994 ئەوان یاخی بوونی خۆیان راگەیاند,زیاتر لە 3000 گەریلای زاباتیست پەلاماری شارەكانی تشابایسیان داو زۆربەی شارەكانیان گرت و زیندانیانی سیاسیان ئازاد كرد, 2ی مانگ حكومەت پەرچە كرداری نواند و شەڕ گەرم بوو, دواجار ئاگربەست راگەیەنراو بوونە خاوەند بەڕێوەبەرایەتیەكی ئەمری واقع لە هەرێمەكەیان.هەرچەندە لۆبێز مێژووی نوێی مەكسیكی گۆڕی, وەلێ بەشی زۆری هێزە كۆمۆنیست و ماركسیستەكان پشتیوانی كەمپینی هەڵبژاردنەكەیان نەكرد.

ئەمیلۆ چی دەوێت؟ئەمیلۆ لە بەرواری 13-11-1953لە دایك بووە,ساڵی 1976 تێكەڵاو سیاسەت بووەو پەیوەندیكردووە بە پارتی شۆڕشی دەستورییەوە, لۆبێز لە حكومەتی هەرێمی تاباسكۆ دەستی كێشایەوە و ساڵی 1988 پەیوەست بوو بە حیزبی شۆڕشی دیموكراتییەوە*, ئەمیلۆ لەو چەپانەیە دوای روخانی دیواری بەرلین لە بازنەی دەسەڵاتەوە پەیوەندی بە چەپەوە كرد.

لە 2ی یۆلی 2000 هەڵبژێردرا بە سەرۆكی حكومەتی پایتەختی نیشتمانی”مەكسیكۆ” بە هێنانی 38,3%ی دەنگەكان, لە میانی سەرۆكایەتی حكومەتی شاری مەزنی مەكسیكۆدا بووە یەكێك لە گەورە سیاسەتمەدارانی وڵات, كە پۆستەكەی جێ هێشت 84%ی هاووڵاتیانی پایتەخت پشتیوانیان لێی دەكرد,80%ی بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی جێبەجێكرد, دووەم پارێزگاری جیهان بوو لە روی جەماوەرییەوە لە ساڵی 2004 دا”تەنها پارێزگاری تیرانا ئیدی راما لە پێش ئەوەوە بوو”.

ئەمیلۆ لە 12-12-2017 ئیستقالەی لە مۆرینا دا و وەك سەربەخۆیەك خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری مەكسیك. لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بڕیاری دا كاربكات بۆ ” زیاتر كردن و باشتر كردنی پشتیوانیە كۆمەڵایەتییەكان و خزمەتگوزاری گشتی و هاوكاری هەژاران و گەشەدان بە كشتوكال و دابینكردنی ئاایشی خۆراك, دژایەتی گەندەڵی, هاوكاری قوتابیان و پیرەكان, لێبووردن لە هەندێك تاوانباران, هەڵوەشاندنەوەی پارەی خوێندن لە كولێجەكان, پەیڕەوكردنی لامەركەزیەت لە كارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا, گواستنەوەی دەسەڵات بۆ هەرێمەكان.

دوای دەرچوونی بڕیاری دا یەكەم هەنگاوی موچەی خۆی و ستافی حكومەتی دابەزێنێ و لانی كەمی كرێ زیاد بكات, بۆ ئەوەی بودجە بۆ هەمووان بێت, خانەنشینی سەرۆك كۆماری رەت بكاتەوە .لۆبێز لە هەڵبژارنی پەرلەماندا دەنگی بە رۆزاریۆ ئیبارا دی بیدرا لە پارتی كرێكارانی ماوی دا نەك كاندیدانی پارتەكەی خۆی مۆرینا.بردنەوەی چەپ لە مەكسیك, ورەیەكی بەرزو توانایەكی گەورە بە چەپی ئەمەریكای لاتین دەبەخشێتەوە بۆ هەڵسانەوەیەكی دیكە, ئەو چەپەی رەگی لە خوێنی جیفاراوە بەر دەگرێت, چۆن مەكسیك بووە جێ ژوانی بەیەك گەیشتنی شۆرٍشگێڕان و دەروازەی پەروەردە كردنی جیفارا, لەم قۆناغەشدا چاوەڕوانی هەڵسانەوەیەكی كەین.

*كواوتیمۆك لە 1ی مایۆی 1934 لە شاری مەكسیكۆ سیتی لە دایك بووەو لەوكاتەی لازارۆ كاردیناس سولورزانۆی باوكی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریدا بوو, شانازی دەكرد كورەكەی لە یەكی ئایار لە دایك بووە, بە سەرۆكی ئەخلاقی بەناو بانگە بەهۆی ئاكار و رەوشتییەوە, نەیاری لیبرالیزمی نوێیە, پشتیوانی دەكات لە سیاسەتی كۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی هەژاران, 25 ساڵ لە ریزی پارتی پی ئاڕ ئای دەسەڵاتدار بوو, 25یش سەرۆكی پارتی شۆڕشی دیموكراتی بوو تا لە 2014 دەستی كێشایەوە لە سەرۆكایەتی پارتەكەی.

تەنانەت كواوتیمۆك كاردیناس بەشداری هیچ هەڵمەتێكی پارتەكەی نەكرد لە بەرامبەر لۆبێزی كۆنە قوتابی خۆی, بەهۆی ئەوەی تیپی بانگەشەكەی زۆر كەسایەتی راستگەرای سەربەدەسەڵاتی تێدا بوو, تەنها دەنگی بە پارتەكەی شۆڕشی دیموكراتی دا.

Previous
Next
Kurdish