Skip to Content

مەترسییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان … رەزا شوان

مەترسییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان … رەزا شوان

Closed
by ئاب 4, 2018 General, Kids Literature

لەگەڵ بوونی مرۆڤدا، ئاژەڵ و پەلەوەریش هەبوونە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانیشدا، ئاژەڵ و پەلەوەر پێگە و گرنگییەکی تایبەتییان لە ژیانی مرۆڤدا هەبووە. گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەر و بەرووبووم و سوودەکانیان، سەرچاوەیەکی سەرکی خـۆراک و بـژێوی مرۆڤ بوونە. تا ئەمڕۆش مرۆڤ قەرزاری سوودەکانی ئاژەڵ و پەلەوەرن. لەوانەش مـەڕ و بزن و گـا و مانگا و وڵاخی بەرزە و مریشک و عەلەشیش و قـاز و مراوی.

لە کوردستان و لە وڵاتانی ئیسلامیدا، هەموو ساڵێک رۆژێک یا چەنـد رۆژێک بەر لە چـەژنی قـوربان، وەکو سونەتێکی ئاینی و داب و نەریتێکی باو، خەڵکی بە تایبەتیش دەوڵەمەندە خێرکەرەکان، بەران و جوانەگا دەکەنە قوربانی و لە ماڵان سەریان دەبڕن و گۆشتەکانیان دەکەنە خێر و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن. لە رووی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە ئەمە کارێکی باشە، کە ئـاوڕ لە خێزانانی هـەژار و نەبوو دەدرێتەوە.
لە بەهارانیشدا، کە بەرخ پێدەگات و وەرزی هات و سەیرانە، خەڵکی دەستڕۆ لە ماڵان بەرخ سەردەبڕن و گۆشتە ناسکەکەی بۆسەیران دەبەن و دەیبرژێنن.. هـەژارانیش هەناسە هەڵدەکێشن و زەقەی چاویان دێت.

ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە و کرۆکی باسەکەمانە، سەربڕینی ئەو قوربانی و بەرخانەیە کە لەبەرچاوی منداڵاندا سەریان دەبڕن، بێ ئەوەی کە سەربڕەکان ئەوە بزانن، کە سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان، چ زیانێکی خراپ و کارتێکردنێکی نەرێنی دەرووونی ترسناک و مەترسیدار بە منداڵانی بچووک دەگەێنن.
بەرخ ئاژەڵێکی ماڵی رووخسار جوانە و شیرینە. نزیکە لە جیهانی پاکی منداڵانەوە. بە تایبەتی منداڵان خۆشیان دەوێ. لە کوردەواریدا دایکان ساواکانیان بە بەرخ دەشێوێینن و پیان دەڵێن ( بەرخۆلەکەم) بەرخ کراوە بە پاڵەوانی بە دەیان چیرۆک و هۆنراوەی خۆش بۆ منداڵان، چیرۆکنووس و هۆنراوە نووسی کوردمان نییە کە بەسەر بەرخدا هەڵیان نەدابێت، چونکە زۆر خۆشەویست و ئاشنایە بە لای منداڵانی کوردمانەوە.

منداڵان وەکو هاوڕێکی پاک لە بەرخ دەڕوانن، بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی و هەستتێکی قووڵی ویژدانییان بۆی هەیە، شیر و ئاو و گیای دەدەنێ. یاری و بەزمی لەگەڵدا دەکەن، شەڕە قۆچی قەستینەی لەگەڵدا دەکەن، لە باوەشی دەکەن و ماچی دەکەن.. تەنانەت بە ناوێکی خۆشیشەوە بانگی دەکەن. ئەمەش لە رووی دەروونییەوە سوودێکی باشی هەیە.. منداڵان فێری ئەوە دەبن کە بەزەییان بە ئاژەڵدا بێتەوە.

کاتێ کە باوک بەرخە هاوڕێ و خۆشەویستەکەی کوڕەکەی دەگرێت و لەبەرچاوی بە چەقۆیەکی تیژ سەری دەبڕێت و خوێنی دەڕێژی و کەوڵی دەکات و کۆشتەکەی لەت و پەت دەکات. منداڵەکەی بە بینینی ئەم دیمە تراژیدیایە، تووشی سەدمەیەکی دەروونی زۆر خراپ و مەترسیدار دەبێت.. واقی وڕدەمێنێ و لە دڵێ خۆیەوە دەپرسێ ئاخر ئەم بەرخە بەسزمانە چی کردووە؟ چ گوناه و تاوانێکی هەیە؟ وا باوکم بەم شێوە دڕندەییە سەری بڕی و خوێنی رشت و کەوڵی کرد و کۆتایی بە ژیانی هـاوڕێکەم هێنا. باوکم ستەمکار، خوێنڕێژە ، دڕندەیەکی دڵڕەقە، رقم لێیەتی و خۆشم ناوێت.

ئەم منداڵە هێشتا لە قۆناغی دواکەوتووی منداڵیدایە، واتە نەبووە بە دە ساڵان، هێشتا چەمکە بنەڕەتییەکانی ئەم سونەتە ئاینی و داب و نەریتە تێنەگەیشتووە و نایزانێت. یا لە تەمەنێکی بچووکدایە، ناتوانێت لەم سونەت ئاینی و نەریتانە بگات.

لەوانەیەیە دیمەنی ئەو سەربڕینە لە یادیدا کاڵ نەبێتەوە و ببێت بە هۆکاری ئەوەی کە بە یەکجاری واز لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵ بهێنێت.
لە ئەمڕۆدا گەلی کەسانی گەورە هەن، کە گۆشتی سوور (ئاژەڵ) ناخۆن، رەنگە بۆ ئەم هۆکارە بگەڕێتەوە کە لە تافی منداڵییان رووبەڕوویان بووبێتەوە.
من بۆ نموونە باسی هاوڕێیەکی گەنجی کوردمان دەکەم کە لە شاری (بێرگن) لە وڵاتی (نەرویج) دا دەژیت، خەڵکی پارێزگای (دهۆک)ە، هاوسەرەکەی ئافرەتێکی نەرویجییە، تا رادەیەک کوردییەکی باش فێربووە. هاوڕێکەم وتی:” لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، کە بۆ یەکەمین جار بۆ سەردان، هاوسەرەکەم بردەوە بۆ کوردستان، باوکـم و بۆ نیشاندانی رێزگرتن و خۆشەویستی بۆ هاوسەرەکەم، وەکو نەریتێکی باوی کوردەواری، بەرخێکی لە بەردەماندا سەربڕی. کە هاوسەرەکەم سەربڕینی ئەو بەرخەی بینی.. هەموو گیانی کەوتە لەرزین و رەنگی زەرد هەڵگەڕا و هاواری کرد ئەو چیت کـرد؟ پێشی وتـم باوک خوێنڕێژ و زۆر دڵڕەقە.. چەند هەوڵشمان لەگەڵی دا لە گۆشتی ئەو بەرخەی نەخـوارد”
منیش بە هاوڕێکەم وت: هاوسەرەکەت هەقێتی، چونکە لە وڵاتی نەرویـج، ئاژەڵ و پەلەوەر لە بەرچاوی منداڵان سەرنابڕن.. ئەوەی سەرپێچیش بکات تووشی لێپێچینەوە و سزایەکی قورس دەبێت.. لە کوشتارگا فەرمییەکانیشدا، پێش سەربڕین بە تەزووی کارەبایی ئاژەڵەکان بێهۆش دەکەن.. میدیاکانیشیان دیمەنی سەربڕین پێشان نادەن.
بە داخەوە هەندێ لە وڵاتان، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئاژەڵ دەکوژن و سەردەبڕن. بۆ نموونە لە زۆر شوێنی وڵاتی (چـین)دا، لە بەرچاوی گەورە و منداڵان، پێش سەربڕین زۆر بە قایمی و دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە کوتەکێک دەکێشن بە مێشکی ئاژەڵەکەکاندا و گێژیان دەکەن، پێش ئەوەی سەریشیان ببڕن، قاچ و دەستەکانیان دەبڕن و و دەست بە کەوڵکردنیان دەکەن، ئاژەڵەکانیش دەباڕێنن یا دەبۆڕێنن و لەقەفڕکێ دەکەن.. نازانم خاوەنی چ ویژدانێکی مردوون و چ دڵێکی رەقیان هەیە.. کە بەم شێوە قێزەوەن و نامرۆییانە رەفتار لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن؟!

ئیسپانیاش ک یەکێکە لە وڵاتانی ئەوروپا، تا ئەمڕۆش وەرزشی (زۆربازی گا) یەکێکە لە وەرزشە باوەکانیان. ساڵان بە بەرچاوی هەزاران کەسەوە، بە ناوی زۆربازی گـا، چۆن دڵڕەقانە ودڕندانە، ئەشکەنجە و ئازاری گاکان دەدەن و شیر و رم لە جەستەی ئەو گایە بەسزمانانە دەچەقێنن و دەیان کوژن و رایان دەکێشن. کوشتارەکانیشیان بە پاڵەوان دەزانن و دەستخۆشییان لێدەکەن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن. خەڵاتی ئەنجامدانی ئەم تاوانانەیان پێدەبەخشن!
بە ناوە لە زۆربەی وڵاتانیشدا (کۆمەڵەی بەزەیی بە ئاژەڵ) دا هەیە. کوان ئەم کۆمەڵانە بۆ بێدەنگ و بێ هەڵویستن و ناڕەزایی دەرنابڕن؟ بۆ داوا لە ئیسپانیا ناکەن، کە ئەم وەرزشە بێ مانایە، قەدەغەبکەن.
پسپۆران و پزیشکانی دەروونی و شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵان، هۆشیاری دەدەن کە نابێت ئاژەڵ و پەلەوەر لەبەرچاوی منداڵان سەرببڕێن، چونکە ئەم دیمەنە تووشی شۆک و ئازاراری دەروونیان دەکات و گەلی دۆخی ناتەندروستی لێدەکەوێتەوە.
چەند رۆژێکمان ماوە بۆ جەژنی قوربان و بۆ سەربڕینی قوربانی. بۆیە بە پێویستمان زانی کە زۆر بە کورتی باس لە هەندێ لە مەترسی و لە زیانەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان بکەین، بۆ ئەوەی باوکان لە بەرچاوی منداڵەکانیان ئاژەڵی قوربانی سەرنەبڕن. کارتێکردنی دەروونی نەرێنی منداڵەکانیان لەبەرچاوبگرن:
١ـ منداڵ تووشی شۆک و سەدمەیەکی دەروونی دەبێت، لەوانەیە ئەو دیمەنە ترسناکە کاریگەرییەکی خراپێ تێبکات و ببێتە نەخۆشی و بە گرێیەکی دەروونی و لە داهاتوودا رەنگدانەوەیەکی خراپی لە هەڵسوکەوتی ببێت و بە درێژایی ژیانی پێوەی بناڵێنێت.
٢ـ لەوانەیە تووشی فۆبیای خوێن بێت و دیمەنی سەربڕین و خوێنڕشتنی ئاژەڵ ببێتە هۆی خەونی ترسناک و هاواربکات و لە خەو راچەنێ و تووشی خەوزڕان بێت.
٣ـ گرژی و توندوتیژی دەروونی لێدەکەوێتەوە، لەوانەشە ببێتە منداڵێکی شەڕخواز.
٤ـ زۆر جار کۆنترۆڵی خۆی پێناکرێت و بەبێ ویست میز بە خۆیدا دەکات.
٥ـ لەوانەیە بە درێژی ژیانی رقی لەو ئاژەڵ سەربڕە ببێتەوە کە بەرخەکەی لەبەرچاوی سەربڕی و خوێنی پژان و کەوڵی کرد و گۆشتەکەی پارچە پارچە کرد، ئەو کەسە باوکی یبێت یا کەسێکی تربێت.

٦ـ لەوانەیە گۆشتی ئاژەڵی لەبەرچاو بکەوێت و بە دێژی ژیانی گۆشتی ئاژەڵ نەخوات.
٧ـ منـداڵ چاولێکەری گەورەکانە، دەشی و بە دووری مەزانن کە منداڵێک لاسایی سەربڕ بکاتەوە و چەقۆیەکی تیژ هەڵبگرێت و بیخاتە سەر ملی هاوڕێیەکی بچووکی و زیانێکی کوشندەی پێبگەیەنێت، لەوانەشە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، بێ ئەوەی کە بزانێت و هەست بەوە بکات کە چ فەرتەنەیەکی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
٨ـ بێجگە لەو مەترسییانە، سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان، چەندین نەخۆشی دەروونی و دۆخی نەخوازراوی تری لێدەکەوێتەوە، کە کاردانەوەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە داهاتوویان دەبێت.

باوکان و دایکانی خۆشەویست، ئەو مەترسیانەی سەرەوە لەبەرچاو بگرن، ژیان و تەندروستی منداڵەکانتان بەلاوە گرنگ بێت.. ئەوە نەکەن کە لەبەرچاوی منداڵەکانتان ئاژەڵ و پەلەوەر سەرببڕن، مەهێلن منداڵەکانتان ئەم دیمەنە تراژیدیانە ببینن.
لە دوای تەمەنی دە ساڵانەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی لۆژێکی و زانستییانە و قۆناغ بە قۆناغ باسی ئاژەڵ و پەلەوەر سەربڕین و قوربانییان بۆ بکەن.
لەم رووەشەوە ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری دایکان و باوکان رۆڵیان هەیە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٣ی/ئاوگوست/ ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish