Skip to Content

ڕۆحم تای لێیە ، بەماچەکانت نێوچەوانم فێنک بکەوە … حەمەی شانۆ

ڕۆحم تای لێیە ، بەماچەکانت نێوچەوانم فێنک بکەوە … حەمەی شانۆ

Closed
by ئاب 6, 2018 General, Literature

تک تک خوێنی زامەکانم ئەتکێتەسەرجێخەوەکە ، سیسەمەکە خوێناوی بوو ، ئەوەندەم تیغ لەدەستم
داوە ،لاشەم سڕ بووە ، خۆشم توانام تیا نەماوە
بێ هۆش و بێ ئاگا ،خوێنێکی سارد بەلەشم ئەچۆڕێ
،بەڵام لەلای چەپی سینگم ،هەست بەدۆزخ ئەکەم ،لەو
ڕۆژەی تۆم وون کرد ، کۆڵانەکەمان پڕە لە ئەهریمەن ، هەموو ژیانم بۆتە کابوس ،لەچاوی منەوە
دنیا سەڕابێکی گەورەیە ،بەدەم خەوەو وڕێنە ئەکەم ، هەندێک قسە هەیە نەتوانی دەریبڕی ،
بێچارە بەدیواری دڵتەوە دەینوسی ،
یاخود کاتێک لەشوێنکی چۆڵ لەگەڵ خۆت قسە ئەکەی ئەکەویتە پرت وبۆڵە و توڕەدەبی ،هاکا “کەرێکت” لێ پەیا ئەبێت و خەڵوات و تەنهایەکەت لێ تێک ئەدات ئەڵێت : ئەوە چیە کاکە شێت بوویتا؟ لەگەڵ خۆتە قسەئەکەیت ؟
بەخوا تۆ جنۆکت لەگیانە ئەزانم .
تۆش بەبێدەنگی ، پێکەنینێکی بێ مانای بۆ،دەخەیتە سەرڕووخسارت تا تێبگە لەو ئازارەی کەهێندە نەماوە ناوسکت بخوا ، وەک بڵێی پارچەیەک پشکۆی ئاگرم قووت دابێ وا ناوسکم ئەسوتێێ ، بەهەڵپەیەکەوە بەرەو دەستشۆرەکە دەڕۆم دەست ئەکەمەوە دەممەوە تا هەرچی ئەو قسەنەی کە نەتهێشت بۆ دواجارپێتی بڵێم دەیڕشێنمەوە ، دایکم لەدەرکی موبەقەکەوە ، ئەبۆڵێنێ :دیسان ئەو قوزەڵقوردەت خواردۆتەوە ،ئۆی ڕەبی سەیارەیەک لێت بات پانت بکاتەوە و نەجاتم بێ لەدەستت ..

لەئاوێنەی تەڵخی تەمەنم ئەڕوانم ،ڕەنگ و ڕووم زەرد هەڵگەڕاوە سەرم گێژەخوات ، دایکم هێشتا خەریک بۆڵە بۆڵە ، سوێن بەپیرۆزیت دایە ،پێشتریش ووتومە بۆنی چێشتەکەی تۆ کە حەوت کۆڵان هەڵدەگرێ ئەمە نەهێڵێت خۆکوژی کەم ،فەقەت دەست مەنێ بەسەر دڵمەوە دایە داغی زۆرشت پەنگی خواردۆتەوە تیایە ئەسوتێ، دەزانم لای تۆش بێنرخ بومە ،هەرخۆی یەک و دوو حەوتوویەکم ماوا لەم ژیانەی ئێوە منتان بۆ ساتێک ئۆرگازم هێنایە سەرم ئەم زەویەسیانەوە ، لەحەوشەکە وەستاوم سەرم دائەگرم لەئاست جلی ئیشی باوکم کە بەتەڕی لەسەرتەنەفەکە هەڵخراوە ، بەرەو قادڕمەکان دەڕۆم ،پێیەکانم لەتر ئەدەن ،، دائەنیشم لەسەر ڕیزی دووەم قادڕمەکە لەتەنیشت ئینجانەی گوڵ و ڕێخانەڕەشەکە ،
بانگی مستەفای برای بچکۆلم ئەکەم ، ئێمە سێ برایەن ،جەعفەر کە لەمەڕی پێغەمبەر ئەچو ،هەرچی دایە و باوەبیانووتایە بەگوێیانئەکرد ،زۆربەی کارەکانیان بەو دەکرد ، لەهەڵدانەوەی جۆزی کارەبا وا تاکو کڕینی قوتوی ئاوتەماتەش ، یانی لەوجۆرانە بو کە مەڕێنراوی دەستوری دایک وباوک ئەبێ بۆ ئەوەی لەناوخزمان بێژن ماشەڵا کوڕێکی ئاقڵ وسالارە ، منیش منداڵە لاسارەکەی ماڵێ بووم ژیان داغی زۆری کردم بەڵام من هەرخۆم بووم ، زۆر تەمبێ کرام بەڵام کۆڵم نەدا نەمهێشت بمگەوجێنن ، مستەفای بچکۆلیش خۆ ئیتر ئەو کولەکەی ڕووحیانە ، لەگوڵ ناسکتری پێ ناڵێن ،بەهەرحاڵ پاکەت و شقارەتەکەی بۆ هێنام ئەویش ئەزانم ئا ئەویش ڕقی لەکاکەی ئەبێ بەم کارەنەی ئەیکات ، ماریبۆڕۆیەک دائەگیرسێنم ، پااااح ئەم مێشانە بۆ دەستم لێ هەڵناگرن ، گزە گز بەسەر جێی موس وزامەکان دەنیشێنەوە ، جگەرەکە بەنیوە کێشراوی ئەکوژێنمەوە ، توند توند بەهەردوو دەستم ملەوانی بلوزەکەم ڕائەکێشم، خنکام ، ناخم قوڵپ ئەدات ، چەن قوورسە پێویستت بە تۆزێک گریان و خۆ سووک کردن بێ لەو خەمەی لەسەر شانتە بەڵام دڵۆپێک فرمێسکت نەیەت ، گالیسکەی خەونەکانم شکاوە ،بەرەو ژوورە ئینفرادیەکەم دەچمەوە ، لەسەر عەردەکە ئەکەوم ، چەن چۆڵەکەیەک بەدەور و خولی سەرم دەسوڕێنەوە ، دەزانی دەبێ ئینسان گێل بێ تاکو بەرگەی ئەم مرۆڤانە بگرێ ، وازم لەگشت هاوڕێکانم هێنا عەجەب نامەرد دەرچون ، وازم لەعەتر و چون بۆ سینەما و پیاسەی ئێواران وچونە قاوەخانە و خوێندنەوەی شیعرەکانی نیچە هێنا ، سیزیفیش گەر لەکوردستان بژیبا دەستی لەو بارە قورسەی سەرشانی هەڵدەگرت و بەدوای مەرگ وێڵ دەبوو ، تۆ وەرە بۆ لام دوایین ئومێدمی وەرەوە چوون ، زیارەتکارێکی ئۆمەرمەندان ، سەرپۆشەکەتم بەرێ سەرمی پێ شەتەک بەم مێشکم تەقیوە بە دەست ئەم شەقیقەیەوە ، وەرە ڕۆحم تای لێیە بەماچەکانت نێوچاوانم فێنک بکەوە…

حەمەی شانۆ

فۆتۆ: لهۆن کاروان🌸

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish