Skip to Content

ڕۆمانی(ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی)؛ جیهانێکی جاڵجاڵۆکەیی: …  بۆتان لەتیف عەبدولقادر

ڕۆمانی(ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی)؛ جیهانێکی جاڵجاڵۆکەیی: … بۆتان لەتیف عەبدولقادر

Closed
by ئاب 7, 2018 General, Literature

ڕۆمانی(ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی)؛ لەساڵی ٢٠١٥دا دەزگای غوڕاب بۆبڵاوکردنەوەو دابەشکردن چاپ وبڵاوی کردۆتەوە. ڕۆمانێکە؛ ڕۆمانتیکیەو سەر بەئەدەبی ژنانەو، هەڵگری کێشەی کۆمەڵایەتیە، کچە نوسەری میسڕیی ئیسکەندەرانی “مونا مەنسور” نوسیویەتی، ئەم ڕۆمانە هەڵگری خەم وخولیای ژنانە؛ لەهەمبەر دەردەسەریەکانی ژیان وستەمی کۆمەڵایەتیدا، بوێرانە؛ لەبارەی ڕەوشی ژنان وگرفت وکێشە کۆمەڵایەتی ودەروونیەکانیان ئەدوێت. ئەمە؛ وەک هەوڵێک بۆ خستنەڕووی کێشەکانیان وهەوڵێکیش بۆدروستکردنی هۆشیاریی مرۆیی وکۆمەڵایەتی؛ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی ژن.

ئەگەر سەیری بنیاتی هونەری ڕۆمانەکە بکەین؛ دەبێت لەناونیشان دەستپێبکەین، ناونیشانەکە؛ لەدوو وشە پێکهاتووە، وشەی(أیام) بەواتای ڕۆژانێک دێت کەبەنەناسراو(نکرة) هاتووە، لەگەڵ وشەی (حب) کەبەواتای خۆشەویستی دێت و، بەشێوەی نەرێ خراوەتە سەر وشەی(أیام) لەڕێگای پیتی جەڕ(ب) وپیتی نەرێ(لا)دا، ئەم وشەیەش هەر نەناسراوە، بۆیە دەکرێت بڵێین: ئەم ڕۆمانە؛ گێڕانەوەی ڕۆژانی ڕابردووی ژیانی کەسایەتی سەرەکیە، کەخۆشەویستی تێدا نیە، بەواتایەکی تر؛ ڕۆمانەکە؛ یاداشتنامەی کەسایەتی سەرەکیە کەلەژیانیدا تۆماری کردوون.

ئەوەی پەیوەندی بەکەسایەتیەکانەوە هەیە؛ دەبینین کەڕۆماننوس بەچەند جۆرێکی جیا کەسایەتیەکان پێشکەش دەکات وڕۆڵ وئەرکیان پێدەدات، ڕۆماننوس هەندێ کەسایەتی پێشکەشکردووە، ناوی کەسایەتی سەرەکی ناوی(ئیمان)ە، کەژنێکی بێبەشە لەسۆزی باوکایەتی و، لەدوای مەرگی باوکیشی، لەخۆشەویستی براکانیشی بێبەش دەبێت، بەومانایەی براکانی سەرقاڵی ژیانی خۆیان دەبن، (ئیمان) کە سێ برای هەیە(محمود، مستەفا وئەحمەد)؛ بەزۆر بەمێرد دەدرێت، بەپیاوێک بەناوی(سەلاح)، کەلەلایەن دایکی(ئیمان)و براکانی؛ بەکەسێکی باش وگونجاوو بێ کێشە وەسفدەکرێت، ئەگەرچی ئەو مێردکردن بە(سەلاح) ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵام زۆریشی پێ خۆش نیە، چونکە بەشێوەیەکی کتوپڕ داواکەی لێکرا، دواتر کچێکی لێ پەیا دەبێت بەناوی(سوها)، پاشان (ئیمان) زۆر حەزی لەکاری پێشکەشکاریەو لەتەلەفیزیۆن بەرنامە پێشکەش دەکات، بەڵام وا پێدەچێت(سەلاح) زۆر حەزی لێ نەبێت، چونکە هیچ هاوکاری ناکات لەوەی منداڵەکەی(سوها) لەباوەش بگرێت وئاگای لێبێت، ئەمەش (ئیمان) پەست ونیگەران دەکات تا ئەو ڕاددەیەی لەلای دایکی بێزاری پیشان بدات وداوای جیابوونەوە بکات لە(سەلاح)، بەڵام دایکی ئەمە ڕەتدەکاتەوەو پێی دەڵێ کەتۆ کەسێکی لەخۆبایی، یان ڕەنگە لەگەڵ پیاوێکی دی دەستت تێکەڵ کردبی، هەرچی (ئیمان)ە؛ ئەمە ڕەتدەکاتەوە، ئەگەرچی لەڕاستیدا لەگەڵ پیاوێک بەناوی(هیشام) پەیوەندی هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەلەتەلەفیزیۆن، بۆمەبەستی ڕووماڵی کۆنفڕانسێکی ئەدەبی شاند دەکرێت بۆ وڵاتی تونس، وەلێ دایکی پێی دەڵێت: ئیمان؛ تۆ دووگیانی وپیرۆزبایی لێدەکات.. ئەویش زۆر سەرسام دەبێت، پاشان براژنەکەی(سەوسەن) پیرۆزبایی لێدەکات، دواتر (سەلاح)یش پیرۆزبایی دووگیانبوونی لێدەکات، هەرچەندە (ئیمان) لەلای سەیرە کەدووگیان بووە، چونکە بەردەوام حەبی ڕێگری لەدووگیانبوونی خواردووە، نازانێت کەجارێک لەبیری چووە.

لەڕووی ناولێنانەوە؛ ڕۆماننوس ڕەنگە بەمەبەست ئەم ناوانەی هەڵبژاردبێت، بۆنمونە (هیشام) بەمانای هەپڕوونبوون و وردوخاشبوون دێت، ڕەنگە ئەمە لەشوێنی خۆی بێت، چونکە ژیانی ئاسایی(ئیمان) و(سەلاح) تێکدەدات، هەروەها واتای ناوەکە لەگەڵ ژیانی ژنەکە دەگونجێت؛ بەوەی ڕۆژگار دەیهاڕێت وبێبەشە لەخۆشەویستی باوکی وبراو، هاوسەرێک کەبەخۆی بڕیاری لێدابێت وخۆشەویستی جوان هەبێت لەنێوانیان. هەرچی واتای ناوی(سەلاح)ە؛ بەواتای چاکەو چاککردن دێت، کەبەپێی دایکی(ئیمان) بێت؛ ناوەکە گوزارشت لەکەسایەتی(سەلاح) دەکات کەبەڕاست کەسێکی باش وپاکە، بەڵام لەچاوی(ئیمان)ەوە وانیە، لەوەی ئەم پیاوە؛ ئەوە نیە کە ببێتە هاوسەری. هەروەها کەسایەتی(سوهێر) کەهاوڕێی زانکۆیی (ئیمان)ە، لەڕێگای ئەم کەسایەتیەوە؛ باسی شەڕی عێراق وکوێتیش دەکات، چونکە هاوسەری(سوهێر) بۆکارکردن چۆتە کوێت و، لەوێ دەژین. بەپێی ئەم ڕۆمانە؛ ئەو کات سەرۆک کۆماری عێراق؛ هاواری لێهەڵدەستێت وداوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان لەلەشکری عێراق دەدەن ولەکوێت وەدەری دەنێن.

لێرەدا؛ کێشەی کۆمەڵایەتی ناو خێزان باس دەکات، کەئەمە وەکو ئەزمونێکە لەژیاندا، لەوەی دەکرێت مرۆڤ ڕێز لەیەکتر بگرن وژیانیان بەخۆشی وخۆشەویستی وبێ کێشە ببەنە سەر، هەروەک ڕۆڵی باوک بەرز دەنرخێنێت، چونکە سۆزی باوک سێبەرێکە بەسەر منداڵەکانیدا، ئەگەرچی کەسایەتی سەرەکی لەم ڕۆمانەدا؛ لێی بێبەش بووە، لەدوای باوکێکی بەرپرسیش، ڕۆلی برا زۆر گرینگە، وەکو سایەیەک بۆ خوشکەکانی، چونکە ژیان بەرپرسیاریێتیە، لەکۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا؛ برا؛ لەدوای باوک ئەرکی چاودێریکردن وبەرپرسیارێتی خێزانی دەکەوێتە ئەستۆ، بەتایبەت هی خوشکەکانی، هەروەها ژنیش وەک بوونەوەرێک مافی ژیانێکی خاوێن وشیاوی هەیە، کەهەم ڕۆلی دایک وخوشک وخێزانیش دەگێڕێت و، ئەمەش گەوهەرێکە دەبێت ڕێزی لێبگرێت ولەئاستیدا بێت. هەروەها دایکایەتی بەئەرکێکی سەخت دادەنێت، چونکە پەروەردەکردنی منداڵی دەکەوێتە ئەستۆ، سەرباری ئەوەی ژیانی هاوسەری بەتەنیا لەبوارێکدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو بەرپرسیاریەتێکی مرۆیی وڕەوشتیە، دەبێت بەڕەوشتەوە مرۆڤەکان لەهاوسەرگیریدا بەرپرسیاریەتیەکان هەڵگرن و، ژیانێکی شیاو بەمرۆڤبوون بژن، لەلایەکی دیکەوە باسی ژیانی هاوڕییەتیش دەکات، کە دەبێت پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان ڕێزیان لێ بگیردرێت ومافی خۆیان پێ بدرێت. ئیدی ئەم ڕۆمانە؛ جیهانێکی جاڵجاڵۆکەییە، تۆڕێکە بەچەندەها سەرەداو پێکەوە گرێدراوە، خەیاڵێکی بەربەرینی ڕۆماننوسە لەژیانی واقیعیی کەسایەتی سەرەکی(ئیمان)دا.

گێرەرەوە لەم ڕۆمانەدا؛ کەسایەتی سەرەکیەو بەڕاناوی کەسی یەکەم قسە دەکات، وەک ئەوەی هەموو شتێک دەربارەی کەسایەتیەکانی دیکە بزانێت؛ وەسفیان دەکات ودەیانناسێنێت، بۆیە لێرەدا؛ ئاستی زانیاریەکانی ڕۆماننوس(مونا مەنسوڕ فەرماوی) وکەسایەتی سەرەکی(ئیمان) وەکو یەکە. بەڵام دوو کەسایەتی جیاوازن، واتا ڕۆمانەکە بەشێک نیە لەیاداشتەکانی ڕۆماننوس، دەکرێت سودی لەیاداشتەکانی هاوڕێیەکی وەرگرتبێت، یانیش بەگشتی لەژینگەی ژیاندا کەڵکی وەرگرتووەو، ویستویەتی وەکو کچێک کێشەی ژن بەگشتی بخاتەڕوو، هەروەها پەنهانیەکانیان ودیوە شاراوەکانیان پیشانبدات، کەهۆی دەردەسەری وکێشەی زۆرن لەژیاندا بۆیان.
هەرچی پەیوەندی بەکاتی ڕۆمانەکەوە هەیە؛ لەدوو ئاستدایە، ئاستی یەکەمیان؛ هەمان کاتی گێڕەرەوەیە، هەروەها ئاستەکەی تر؛ هی ڕوودانی ڕووداوەکانە، بەگشتی ڕۆمانەکە باسی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەکات.

سەبارەت بەزمان؛ ڕۆمانەکە بەزمانێکی سادەی عەرەبی نوسراوە، هەروەها ڕۆماننوس هەژموونی هەیە بەسەر ڕۆمانەکەدا، هەوڵیداوە؛ جۆرە زمانێکی شیعری پێببەخشێت.
ڕۆماننوس “مونا مەنسور” لەڕۆمانی(ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی)دا؛ دەکرێت بڵێین: گەشتێک بەلاپەڕە بەراییەکانی ژیانی ژنانی میسڕ دەکات و، لەچاوی (ئیمان)ەوە؛ ئەوە دەخاتە ڕوو، وەک ئەوەی بەناوی کەسایەتی سەرەکیەوە قسە بکات؛ دەیەوێت بڵێت: لەتەنیایی بوونی خۆیدا بەهاو ڕاگری ژیانی هەر دایکیەتی، هەروەک ئەوەی ئەم سەرنجە خێرایە؛ بەگێڕانەوەیەکی ڕاشکاو ناخاتە ڕوو، بەڵکو وەکو پردێکی پێیزە هەڵوەریو، وەکو هێماو ئاماژەی ئەوەی ئەو لەم تەنیاییەدا؛ هۆگری لەپەیوەندیە ساردو سڕەکانی ڕۆژگاریش دەخولقێنێ، بۆیە ئەم هۆگریە؛ بارگاویە بەزۆر ئاماژەی ناڕوون، هەر ئەوەیە کە کچێک لەتەمەنێکی هەڵکشاودا؛ لەژانی دەروون وئازاری هەستدا تابلۆی دایکی جارێکی دیکە دەکاتەوە بەپێکەنینێکی خۆڵەمێشی، پێکەنینێک وەک هەناسەی مردوو لەگەڵ بەختی وەخەبەر نەهاتووی خۆیدا. لەڕۆمانەکەدا؛ بوێری وڕاشکاوی هەڵدەهێنجرێت، ڕۆماننوس سەرکەوتوو بووە لەپێشکەشکردنی بۆچوونەکەی لەڕێگای نوسینی هونەری ڕۆمانداو، توانیویەتی گوزارشت لەژیانی کۆمەڵایەتی خێزان وناخی ژن بکات. دەکرێت بڵێین: ڕۆمانی”ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی”؛ جیهانێکی جاڵجاڵۆکەییە؛ لەخەیاڵی “ئیمان”دا.

“مونا مەنسور فەرماوی” چیڕۆکنوس وڕۆمانوسەکە میسڕیە، خەڵکی شاری ئیسکەندەریەیە، ئەندامی یەکێتی نوسەرانی میسڕو، یانەی بولکلی ڕۆشنبیریە لەئیسکەندەریە، هەروەها ئەندامی تۆڕی ئەدەبی ئیسلامی جیهانی ویانەی چیڕۆکی قاهیڕەیە، هەروەک ئەندامی تاقیگەی گێڕەرەوەکانیشە لەپەرتووکخانەی ئیسکەندەریە. لەڕۆژنامەو گۆڤارە پەڕاوو ئەلیکتڕۆنیەکانی میسڕو جیهانی عەرەبیدا شتەکانی بڵاودەکاتەوە، خاوەنی سێ کۆمەڵە چیڕۆکە بەناوەکانی”لەپێناو کوشتنمدا گۆرانی دەڵیم، ئەوەی ماوەتەوە بۆم، فرمێسکەکانی دڵۆپە شەونم”، هەروەها دوو ڕۆمانیشی بڵاوکردۆتەوە بەناوی”خەونی باوکم، ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی”.

بۆتان لەتیف عەبدولقادر
هەولێر ٢٠/٧/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish