Skip to Content

160 Views

عەشقی هاجەرەم خوێندەوە … حەمە کەریم عارف

عەشقی هاجەرەم خوێندەوە … حەمە کەریم عارف

Be First!
by August 12, 2018 General, Literature, Slider
image_print

دیارە گوتار دەکاتە کۆڵەکەیەکی هەرە بنەڕەتی و سەرەی هەر کارێکی گێڕانەوەکاری، واتە سێکوچکەی دەقی گێڕانەوانی بریتییە لە گوتیار، دەق، وەرگر.
بەم پێیە هیچ حیکایەتێک بەبێ حیکایەتەوان نابێ، واتە نابێ بە زێدەڕۆیی ئەگەر بگوترێ هیچ کارێکی گێڕانەوەوانی لە دەرێی گوتیاردا نییە، دیارە گوتیار، گوتارێک دەگێڕێتەوە، هەر گێڕانەوەیەکیش، ئاڕاستەی وەرگرە.. گوتیار پەنا وەبەر ئامراز و ئەوزاری گێڕانەوە دەبات بۆ ئەوەی بەگوێرەی خوێندەوە و دینت و هزرین و ویژدانی خۆی، ڕووداو و کەرەکتەر و شوێنکاتی کارە گێڕانەوەوانییەکە ( سردی) بەرجەستە بکات و بیخاتە ڕوو، جا لێرەدا مەسەلەی گۆشەنیگا دێتە کایەوە کەرەستە و ڕەگەزە چیرۆکڤانییەکانی خۆی بە خوێنەر نیشان دەدات و لە ڕاستییا پەیوەندی نووسەر و دەقەکە نیشان دەدات، هەر دەقێک یا چیۆکێک دەبێ گوتیارێکی هەبێ کە بابەتێک بگێڕیتەوە یا بگوازێتەوە، ئیدی ئەم گێڕانەوەیە دەشێت لە قاڵب و شێوەی یەکەم کەس ( من، ئێمە) یا دووەم کەس ( تۆ، ئێوە) یا سێیەم کەس ( ئەو، ئێوەدا) بێ.

کاتێ یرۆک بە شێوازی یەکەم کەس ( من، ئێمە) بگێڕدرێتەوە، یا بگوازرێتەوە، بەو گۆشەنیگایە دەگوترێ گۆشەنیگای دەروونی ( ناوەوە) ئەگەر گوتیار ( ئەو کەسەی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە) یەکێک بێت لە قارەمانانی چیرۆکەکە و ئەو سەربهورد و بویەرانە بگێڕیتەوە کە بەسەر خۆیدا هاتوون و دێن، پێی دەڵێن گوتیاری قارەمان.. ئەگەر گوتیار بەسەرهاتی کاراکتەرێکی دی بگێڕیتەوە، پێی دەڵێن گوتیاری چاودێءر.. دیارە گوتیار لە گێڕانەوەدا، ئەو شێوازە هەڵدەبژێرێت کە زیاتر خزمەتی گۆشەنیگای دڵخوازی خۆی بکات، بۆیە ( ) توێژینەوە ڕەخنەییەکاندا بۆچوون و دیدی جیاواز لەمەڕ گۆشەنیگای هەیە، بەشێوەیەکی گشتی گۆشەنیگای بێرونی ( دەرەکی) و گۆشەنیگای دەروونی ( ناوەوە) هەیە.. لە گۆشەنیگای دەروونیدا ( ناوەوە) گێڕەرەوەی چیرۆک ( گوتیار) یەکێکە لە کاراکتەرەکانی چیرۆک و چیرۆکەکە بە زمانی یەکەم کەس دێتە گێڕانەوە، ئەگەر گوتیار کاراکتەری سەرەکی چیرۆکەکە بێت ( گوتیاری- قارەمان) ی پێدەگوترێ و ئەگەر کاراکتەری لاوەکی بێ ( گوتیاری چاودێر) ی پێدەگوترێ، لە گۆشەنیگای دەروونیدا، سوود لە مەنەلۆگ، مەنەلۆگی دەروونی، مەنەلۆگی دراماتیکی و مەنەلۆگی خودێنی وەردەگیرێت.

لە گۆشەنیگای بێرونیدا، نووسەر دەچێتە قاڵب و کڵێشەی کاراکتەرەکانەوە و تایبەتم،ەندی دەروونی و ئەخلاقییەکانیا شیدەکاتەوە و باسی ڕابردوو و ئێستا و ئایندەیا دەکات، ئەگەر نووسەر بچێتە قاڵب و کڵێشەی یەم بە یەکی کارەکتەرانی چیرۆکەکەوە و تایبەتمەندییە دەروونی و ئەخلاقی و خولقییەکانیانەوە و هەست و هزر و کاردانەوەکانیان بە وردی شی بکاتەوە و بگێڕێتەوە، لێرەدا بەم گۆشەنیگایە دەگوترێ گۆشەنیگای زانا بە هەموو شت، بەڵام ئەگەر نووسەر تەنها سەروکاری لەگەڵ یەک قارەمان یا کاراکتەردا هەبێ و لە زەینی ئەوەوە ڕووداوەکانی چیرۆکەکە بگێڕیتەوە، لێرەدا بەم گۆشەنیگایە دەوترێ گۆشەنیگای زانای سنووردار، لە گۆشەنیگای بیرونیدا، هەندێجار نووسەر شێوازێکی دی بەکار دەبات کە گۆشەنیگای بابەتی یا چاودێری ڕاستەوخۆی پێدەگوترێ، لەم شێوازەدا نووسەر دەوری کامێرا دەبینێ، واتە کار و کردەوەی کارەکتەرەکان، هەر وەکو خۆی بەبێ هیچ کاردانەوە و ڕوونکردنەوە و ڕاڤەیەک نیشان دەدات و گفتوگۆکانیان تۆمار دەکات و ئەنجامگیری هست و هزر و تایبەتمەندییە دەرووینی و ئەخلاقیەکانیان بۆ خوێنەر جێدەهێڵێ.

لە دەقی ( ئەشقی هاجەرە) دا، دەسەڵاتی گوتیاری زانا بە هەموو شت لە سەرانسەری دەقەکەدا زاڵە، هەرچەندە گوتیار ناوبەناو ڕیگە بۆ هەندێ لە کارەکتەرەکان خۆش دەکات، کە جڵەوی گێڕانەوەی هەندێ دیمەن و گرتەی کورت یا درێژ بگرنە دەست.. بەتایبەت (دێخاوەر) گوتیار ئاگادارییەکی تەواوی تەواوی لە حاڵی کاراکتەرەکاندا هەیە و تەنانەت ئاگاداری باری دەروونی و هەست و هزرین و گۆڕانکارییە دەروونیەکانیشیان هەیە.. گوتیار لە سەرانسەری دەقەکەدا، کاراکتەرە و ئاگاداری ئاگاداری بیرکردنەوەی قارەمانەکانە، بەڵام ( ) بواری هەندێک لە کارەکتەرەکانی دیکەش دراوە، ماراستەوخۆ لە میانەی گێڕانەوەکانی گوتیاری سەرەکیدا بەشداری لە گێڕانەوەکەدا بکەن و… بەڵام ئەمسووکە بەشدارییە لە گێڕانەوەکەدا فرە دەنگییەکی ( ) تازەدا زەروریە ئەوتۆی بە دەقەکە نەداوە کە ئۆخژنی ئەدەبی بە د و دەروونی وەرگر ببەخشێت.. گوتیار زیاتر کاراکتەرەکانی لە دیوی دەرەوە وەسف دەکات و ئەوەتا لە باسی باوکدا کە تەوەری سەرەکی دەقەکەیە و هەموو دەقەکە بە دەوری ئەودا دەسورێتەوە و حزورێکی هەمیشەیی هەیە دەڵێت: (بەڵام دەیبینین لاواز و بێڕەنگ و پەرێشانە) واتە ( ) لە دەرێ ڕا تیشک دەخرێتە سەر دەقەکە ، دەقەکە لەناوەوە خۆی تیشک ناخاتە سەر خۆی، مەگەر خوێنەر لە میانەی وەسفە دەرەکییەکانەوە پەی بە حاڵەتی دەروونی کاراکتەرەکانی دیەک ببات، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا جۆرە هاوسەنگییەک بە حزوری هونەریی کاراکتەرەکلان دەبەخشێت، باوک تەوەری سەرەکی دەقەکەیە لە میانەی گێڕانەوەکانی گوتیارەوە وەکو کاراکتەر زندوو دەکرێتەوە ئامادەگی پەیدا دەکات، گوتیار هەرچەندە هەوڵ دەدات خۆی لە ڕووداوەکا دوور بگرێت و بێلایەنانە وەسفیان بکات و بەشداری ڕاستەوخۆیا تێدا نەکات و لە پشت پەردەی گێڕانەوەدا هەژموونی خۆی بشارێتەوە، بەڵام هەر بەخۆی ناوەستێ و هەم وەکو گوتیاری قارەمان و هەم وەکو گوتیاری چاودێر، خۆنوێنی دەکات… ئەوەی مایەی سەرنجە بێدەنگی باوک، کە هاوتای پێواربوون و غیابی باوکە، غیابی باوک لە ڕووی شیکاریی دەروونییەوە دەکاتە ئاوابوون و بەسەرچوونی سەردەمی بابسالاری، لە باری لۆژیکی واقیعییەوە دەبوایە گوتیار ئەمەی پێخۆشبایە، کەچی خوێنەر پێچەوانەکەی دەبنیێت: ( کە باوک بێدەنگ بوو، یاخود خەمێکی لە دڵدا بوو، نەک زەلام، درەختیش بۆی نیە جوولە و دەنگی لێوە بێت، پەتای بێدەنگی باوک، هەموو خێزانەکە بە دەرگا و دیوار و گوڵەکانیشەوە دەگرێتەوە، لەگەڵ بێدەنگی خۆیدا، هەموو شتێ بێدەنگ دەکات سرتەیان لێدەبڕێت… خودایە.. خودایە.. بێدەنگی ڕوونەکاتە هیچ ماڵێک…! ل ٨ عەشقی هاجەرە) واقیعی چیرۆکەکە ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە سەردەمی دەسەڵاتی بابسالاری ڕوو لە داڕوخان و ئاوابوونە و گوتیار دوای ئەوەی هەست بە داڕوخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەییەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەڵاتنە لە تەنیایی- لە سۆنگەی بابییەوە دەکات، گوتیار وەک ئەوەی لە قسەکەی پێشووی ژێوان ببێتەوە دەڵێت: ( بوونی ئەم پیاوە وەک باوک بۆ من بووبووە مایەی شەرم و سەرشۆڕی لەبەردەم خەڵکیدا، ئەڵبەتە بۆ باقی ئەندامانی دیکە خێزانەکەشمان هەر وا بوو…! ل ٩ عەشقی هاجەرە) لێرەدا گوتیا بۆ ئەوەی گلەیی ئەوەی نەیەتە سەر کە لە جیاتی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەشیان بیردەکاتەوە و بڕیار دەدات، براکەی کە قارەمانێکی زۆر لاوەکی و ڕەوتەنییە، ئەهلی وەرزش و وەرزشوانییە بۆ نموونە دێنێتەوە و لەم ڕێگایەوە پاکانە بۆ درووستی و واقیعییەتی قسەکەی خۆی دەکات و دەڵێت: ( براکەم دەگریا و بەدەم هەنسکدانەوە دەیگوت: وا سووک و چرووکیان کردووم، تەنانەت لە کاتی یاریکردندا بەڕیکی پاسم نادەنێ…! ل ١٠ لە دیمەن و پاژی شار خەون دەبینێ) گوتیار: ( دەچێتە کڵێشەی گوتیارە لاوەکییەکانەوە و بە دڵی خۆی دەیانهێنێتە قسە و بەخۆی هەم دەبێ بە بەشەرێکی وەرگر و هەم شەریکی گوتیارە ناراستەوخۆیەکە و گوتیارە ناڕاستەوخۆکەش دەکات بەسەرچاوەی پاژێک لە زانیارییەکانی خۆی، ئەمە تەکنیکێکی پەسەند و ئەرێنییە بۆ ئەم جۆرە تێکستە.
*
گومان لەوەدا نییە دەقی ئەدەبی وەکو پێشتریش ئاماژەی بۆ کراوە، تەوەری پرۆسەی ئەفراندنە، هیچ دەقێکی ئەدەبی لە دێکوچکەی ( گوتیار، گوتار، وەرگر) یان ( نووسەر، پەیام، خوێنەر) بەدەر نییە، دیارە گوتیار نووسەر، ڕووی دەمی لە وەرگرە و خوێنەر بە بێ وەرگر پەیامەکەی ناگاتە هیچ کوێیەک و دەنگدانەوەی نابێ، بۆیە زۆر جار دەگوترێ وەرگر نووسەری دووەمی دەقە و نەک هەر گوێ لە کارەکتەرەکان دەگرێت، بەڵکو موناقەشەسیان دەکات، چونکە وەرگر دەبێ هەم گوێگری باش بێ و هەم گەنگەسەکاری باشیش بێت، دەبێ ئەو حەقیقەتەی لەلا ڕوون بێ وەکو چۆن نووسین هونەرە، خوێندنەوەش بە هەمان ئەندازە هونەرە.
*
کات یەکێکە لە کڵەکە گرینگەکانی بونیادی هەر کارێکی گیڕانەوەکاری، چونکە بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان و ەخنەگران هیچ دەقێک لە کات ( زەمان) بەدەر و خاڵی نییە، کاتیش یا ڕابردوو یا ئێستایە یا ئایندەیە، بەڵام کات لە دنیای چیرۆک و گێڕانەودا مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا دەکرێت، بۆ نموونە کاتی چیرۆک یا دەق، دەکاتە ئەو کاتەی کە ڕووداوی چیرۆکە خەیاڵییەکە لە واقیعدا خایاندوویەتی، بەڵام کاتی پەیام و گێڕانەوەکە دەکاتە ئەو کاتەی گێڕانەوەکە ( چ زارەکی و چ نووسراو) خایاندوویەتی و گوتیار، ڕووداوەکان بەپێی پێداویستی هونەریی دەقەکە، بە جۆرێ مونتاج دەکاتەوە کە بشێت بە شێوەیەک نا زنجیرەیی بێتە خوێندنەوە، یا پێشبینی ئاییندە بکات، هڵبەت بە گوێرەی پێداویستی و زەرورەتی هونەریی دەقەکە، بۆ نموونە لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا کاتی حەقیقی زۆرە، دوورودرێژە… دووپشت و زیاتریش دەگرێتەوە، بەڵام لە گێڕانەوەکە، ئەم کاتە وەکو خۆی و بە زنجیرەیی نەهاتووە، بەڵکو کاتەکە، گۆڕاوە بۆ کاتێکی هونەریی، پارچە پرچە کراوە، زۆری لێ پەڕێنراوە و بە گوێرەی پێداویستی هونەریی دەقەکە، مۆنتاج کراوەتەوە و نەک ناوەڕۆکی گشتی دەقەکەی نەشێواندووە، بەڵکو جوانیەکی هونەری پێ بەخشیوە، گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە کوشتنی باوکەکەوە ( فەقێ عەلی) دەست پێدەکات و ئیدی بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، لەوێندەرەوە ڕابردوو حزوور و ئامادەگییەکی چڕ لە پڕۆسەی گێڕانەوەکە پەیدا دەکات، بەڵام کاتی گێڕانەوەکە ( کاتی( هونەریی) هەر ئەو چەند سەعاتەیە ک ڕووداوەکەی تیا دێتە گیڕانەوە.. دیارە ئەم تەکنیکە جۆرە خێراییەکی بە گێڕانەوەکە بەخشیوە و ئەمە دەکاتە کورتکردنەوەیەکی چڕی ماوەیەکی زەمەنی درێژ، لە پانتاییەکی تێکستەوانی کورتدا.
*
هەڵبەتە شوێنیش لە کۆڵەکە زۆر گریگەکانی بونیادی هەر کارێکی گێرانەوەکاریدایەو… دەکاتە زەمینەی ڕووداوەکانی کاری چیرۆکڤانی، لەچوارچێوەیەک جوگرافیایی دیاریکراودا، ئیدی ئەو شوێنە چ شوێنی کەتواریی و واقیعی بێ، چ زادەی خەیاڵی گوتیار و نووسەر بێ، بەکورتی شوێن دەکاتە ئەو پانتاییەی کە ڕووداوەکان و کارلێکی ڕووداوەکان دەگەڵ ڕەگەزە بونیادیەکانی دیدا، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا لەخۆ دەگرێت، هەڵبەتە ڕووداو لە بۆشایدا ڕوونادات، بەڵکو لە شوێن و کاتدا ڕوودەدات، بۆیە هەندێ لە ڕەخنەگران شوێن بەو ماهاج و ئوتموسفرە ڕۆمانەوانییە دەزانن کە ڕووداوەکانی کاری گێڕانەوەوانی ( سردی) تێدا ڕوودەدەن، دیارا هاماج و ئوتموسفی هەر شوێنی ڕووت نییە، بەڵکو هەموو ڕەگەزە چیرۆکڤانییەکان و پەیوەندی نێوان ڕەگەزە چیرۆکڤانییەکان لەخۆ دەگرێت.
دیارە فرەشوێنی لە هونەری گێڕانەوەداکاریدا جۆرە زیندوویەتی و دنیا بینیەتێک بە تێکستە گێڕانەوانییەکە دەدات و کارێکی وەها دەکات وەرگر لە جوو\لەی بەردەوامدا بێ بۆ پێشەوە و بۆ پاشەوە و بۆ سەرەوە و بۆ خوارەوە…. شوێن لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا هەڵەبجە و دەوروبەری هەلەبجەیە، شوێنیش لەم دەقەدا بەگوێرەی پێویستی هونەریی دەقەکە، کەرت کەرت دەکرێ و مونتاژ دەکرێتەوە و سووکە فرەشوێنییەک بە دەقەکە دەبەخشێت، هەڵبەت دەبێ ئەوەش بگوترێ کە شوێنی دەقەکە حزوور و ئامادەگی لە دەقەکەدا، بە ڕادەیەک زاڵە کە شتێکی ئەوتۆی بۆ شوێنی خەیاڵی نەهێشتۆتەوە… بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، شوێن لەم دەقەدا تەواو بەرجەستەیە…!
*
دیارە ڕووداو یەکێکە لەو پایە هەرە گرینگانەی کە دەقی ئەدەبیی لەسەر ڕۆدەنرێ… جا ڕووداو دەکاتە بوویەرێک یا کۆمەڵە بوویەرێکی زنجیرەیی یان پچڕ پچڕ و پەڕاگەندە لە توێ کات و زەماندا… هەر ڕووداوێک بکەرێک یا کۆمەلە بکەرێکی هەیە، کە لە دنیای هونەردا زیاتر لە کاراکتەردا بەرجەستە دەبێت و خۆی دەنوێنێ، جا بەوپێیەی کە کاری چیرۆکڤانی ڕەنگدانەوەیەکی هونەریی ڕووداوە واقیعییەکانی ژیانە و هیچ ڕووداوێکیش لە دەرێی کات و شوێندا نییە، واتە هەر سێ ڕەگەزی ڕووداو، کات و شوێن، یەکانگیر دەبن و زەرورییەتی لەدایکبوونی دەقێکی چیرۆکڤانی پوختە و خەمڵیو وا دەخوازێت کە ڕووداو پەیوەندییەکی هونەریی دەگەڵ ڕەگەزە سەرەکیەکانی دەق دا واتە ( کات، شوێن، کاراکتەر و دیالۆگ) دا هەبێت، بەڵام ڕووداو وەکو ڕەگەزێکی بونیادیی ڕۆمان، بەدەم پرۆسەی ئەفراندنەوانییەوە، داڕشتنەوە و خوێندنەوەی تازەی بۆ دەکرێت و بەجۆرێ دەهونەرێنرێت، کە مۆرک و شەقڵێکی ئیستاتیکی و دەلالی بە دەقەکە و گێڕانەوە چیرۆکڤانییەکە ببەخشێت، جا لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا جۆرە ( ) نۆرە کاری بەکار هاتووە، هەرجارەی پاژێکی ڕووداوەکە لە کات و شوێنێکی جیاوازدا دێتە گێڕانەوە و کە ئەمە لە بنەڕەتدا تەکنیکی سینەماییە و پێی دەگوترێت مونتاژی سینەمایی و بووە بە یەکێک لە سیماکانی ئەدەبی تازە… دیارە ئەم تەکنیکە وا لە خوێنەر دەکات، لەپاڵ ئەرکی خوێندنەوەدا، بەناجاری پەیگیی ڕووداوەکان بکات و لە زەینی خۆیدا بیانداتەوە دەم یەک و مۆنتاژیان بکاتەوە، بۆ ئەمەش ناچارە بەردەوامی بە خوێندنەوە بدات تا دەگاتە تیمەی دەقە ئەدەبییەکە و کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەکاتە خوێندنەوەیەکی کەشفکاریانە و خوێنەر لەزەتێکی ئیستاتیکی زیاتر لە دەقەکە وەردەگرێت.
ڕووداوی سەرەکەی لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا عەشقێکی ناکامە، لە کۆمەڵگەیەکی غەیبانباوەڕ، ئەقڵیەتی خێڵەکی، بابسالاری دا، هەڵبەتە لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا تاک حیسابی بۆ ناکێت، لەنێو بنەماڵە و خێڵ و قەوم و دەسەڵاتدا تواوەتەوە و بۆی نەبووە لە ئاقاری دابونەریت هێوەتر بڕوات، بۆی نەبووە کەمتری گومان لەو شتە بکات کە دابونەریی کۆمەڵایەتی مۆری کردووە، چجای دەربڕینی ناڕەزایی، واتە لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئازادی تا نەبووە.. جا لە کۆمەڵگەیەکدا خەڵکی لە ئازادی مەرووم بن، عەشق دەرفەتێکە بۆ جەڕباندنی ئازادی، لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا هەردوو لایەنی عەشقە ناکامەکە هەوڵ دەدەن لە میانەی پەیوەندییە ئاشقانەکەیانەوە، لە میانەی ئاشقێینیەوە خۆ بدۆزنەوە، بەڵام بێهودەیە، قەرارساز و دەمراستی ماڵباتی (فەقێ عەلی) کە دابونەریتی کۆمەلایەتی ڕێگەی داوە لە جیاتی هەموو بنەمالەکە بیربکاتەوە و قەراربدات، بەبیانووی جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، نەک هە ئەو ئەشقە زندەبەچاڵ دەکات، بەڵكو ئامادەشە لە خوێنی هەڵکێشێ.
گوتیار بە وەرگر دەڵێت کە باپیری ( دەمڕاستی ماڵە) مەلا و خزم و کەسوکار و پیاوماقولا کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێت: ( ئاخر بەڕیشی کێ رەوایە تێکەڵاوی و خزمایەتی ماڵەقەرەجێک بکەم، کە کەس نازانێ ئەسڵ و فەسڵیان چییە؟ ل ٩٢- ٩٣ عەشقی هاجەرە).

هەروەها خالۆگەورەکەی ( فەقێ عەلی) کە ڕاسپێردراوی باوکی فەقێ عەلییە، بە خەیال و وێنای گوتیاری دەقەکە: ( دەمانچەی ژێر پشتوێنەکەی دەهناوە و هاواری کردووە کە ئەگەر بەیانی هەستێ و لێرە بیانبینێ، بەم دەمانچەیە هەردووکیان دەکوژێت…! ل ٩٤ هەمان سەرچاوە).
دیارە کاردانەوە و هەڵوێستی فەقێ عەلی ئاشقی هاجەرەهەمان کاردانەوە و هەڵویستی خەڵکی سایەی سیستەمی کۆمەڵگەی بابسالارییە، هەڵویستیکی نەرێنییە، کە بریتییە لە هەرەشەی خۆکوژی! کە ئەمەش بە چارەسەرێکی خێڵەکیانە پینە دەکرێت، ژنی بۆ دێنن، هەڵبەتە بەبێ پرسی خۆ، چونکە دمڕاستی ماڵبات لەجیاتی ئەو بیردەکاتەوە، بڕیار دەدات، ئەو تەنها ملکەچی وگوێڕایەڵی لەسەرە، دەنا وەک ڕۆژی ڕووناک عەیانە کە مەجنوون بۆیە مەجنوونە کە جگە لە لەیلا بە کەسی دی ڕازی نییە… بەڵام لە دواییدا، فەقێ عەلی دوای ئەوەی قۆناغەکانی خوێندنی فەقیاتی تەواو دەکات، مەلایەتی ناکات بە پیشە، دەبێ بە دوکاندار، دوکانی کەمالیات و بابەتی ژنانە دادەنێت، کە دەشێ ئەم هەڵوێستە بە جۆرە قەرەبووردنەوەیەکی بێ هەڵوێستی ئەو دەرهەق بە ئەشقە ناکامەکەی ڕاڤە بکرێت، بە جۆرە زندوو راگرتنێکی ئەشقە ناکامەکە لێک بدرێتەوە و بە زمانێکی گۆنگ و مەجازی بڵێت ئاینێک پشتیوانی دەسەڵات بێ، ئایینێک ڕەگی لە ئاشقان بێ، هەر بۆ ئەوە باشە پشتی تێ بکرێت.

دیارە لە سیستەمی بابسالاریدا، تاک ئازاد نییە، ملکەچ و گوێڕایەڵی دابو نەریتی باوە، دەمسپی و دەمڕاستی کۆمەڵگە دەکاتە لوتکەی دەسەڵات، ئازادی ڕەهای ئەم لوتکەیە لەسەر حیسابی تاکە.. بۆیە دەبینین لەم دەقەدا ( عەشقی هاجەرە) دێخاوەریش، کە ئافرەتە و لە سایەی سیستەمی بابسالاریدا، لە پیاو زۆر پەراوێزخراوترە هەمان بۆچوونی بابسالاری کاوێژ دەکاتەوە و کاتێ هاجەرە، پەردەی شەرمی دڕیوە و خۆشەویستی خۆی بۆ فەقێ عەلی، لای ئەو دەدرکێنێ نەک پشتیوانی لە هاجەرە ناکات- کە ئەگەر بیکردایە بە لەبری دەیکردە داکۆکی لە ژنایەتی خۆیشی بەڵو ساردیشی دەکاتەوە، ئەوەتا گوتیار و قارەماسنی دەقەکە بە گومانەوە دەڵێت ( ڕەنگە دێخاوەریش بە هاجەرەی گوتبێ کە فەقێ عەلی هێستا مێردمنداڵە و تاقانەی دوو خوشکە، پێناچێت باوکی رازی بێت تۆ بۆ کورە تاقانەکەی بخوازێت، بەتایبەتی کە زانراوە ئێوە لە خێڵەقەرەجەکانن…! ل ٨١ عەشقی هاجەرە) ئەمە کاوێژکردنەوەی هەمان بیروبۆچوونی بابسالارییە و هەمان زامنی نێرسالاری.
*
دیارە کاراکتەر، یەکێکە لەکۆڵەکە هەرە گریگەکانی کاری چیرۆکڤانی دەکرێت بە دانەمۆی سەرەکی کاری چیرۆکڤانی دابنرێت، زۆر جار نووسەر لە ێگای کاراکتەرەوە هەموو ڕەگەزە سەردییەکانی دی کۆدەکاتەوە و دەیانخاتە خزموتی نەشونما و پەرەسەندنی گوتارە سەردییەکە… دیارە کاراکتەر ئەوزارێکی زۆر گرینگە بەدەست نووسەرەوە و لەڕێگای کاراکتەرەکانییەوە، واقیع و دینامیکیەتی ژیان کەشف دەکات، هەڵبەتە گرینگی کاراکتەر لە دنیای چیرۆکڤانیدا، وەستاوەتە سەر رادەی حوزور و کاریی ئەو کاراکتەرانە لە بونیادی ڕووداوەکاندا، واتە کردار و گوفتاری کاراکتەر، پێوەرە بۆ گرینگی ڕۆڵی لە بونیادی کارە ڕۆمانەوانییەکەدا.
زۆر جار کاراکتەر، هەڵگری ڕەهەندێکی دەلالییە، دەکرێت وەکو کۆد بۆ کردنەوەی نهنییەکانی دەق سوودی لێوەربگیرێت، زۆر جار گوتیار یا نووسەر کاراکتەرەکان لە ڕیگەی وەسف یا دیالۆگەوە نمایش دەکات، هەم کار لە ڕووداوەکان دەکەن، هەم دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانەوە… هەڵبەتە زۆری ژمارەی کاراکتەرەکان و فرە جۆرییان هەوڵێکە لەلایەن نووسەرەوە هەم بۆ دابینکردنی گۆشەنیگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی هەم بۆ نمایشکردنی نموونەێن جیاوازی کۆمەڵگە، بۆیە کاراکتەر لە هەردوو ئاستی بونیادەوانی و دەلالی دا زۆر گرینگە و دەکاتە ئە داینەمۆیەی کە جوولە دەخاتە دەقەکە و هەموو پەیوەندییە حیکایەتوانییەکە دەجوڵێنێ.
جاران گوتیار زاڵ بوو بەسەر تێکڕای پڕۆسە گیڕانەوانییەکدا، بەڵام لە سەدەی نۆزدەوە، ئیدی کاراکتەران لە هەژموونی گوتیاری هەموو شت زان ڕزگار بوون، لە ڕێگای مەنەلۆگ یان دیالۆگی ڕاسەوخۆوە گوزارشتیان لە ناخی خۆیان کردووە.

بەهەرحاڵ دەقی چیرۆکڤانی بێ کاراکتەر، وەک ئاواییەکی بێ ئاوەدانییە، بۆیە هیچ نابێ بە زیادەڕۆیی گەر بگوترێ بایەخی کاراکتەری چیرۆکڤانی لە بایەخی ڕووداو، کات و شوێنیش گرینگترە، چونکە نووسەر لە ڕێگەی کاراکتەرەوە دەتوانێ گوزارشت لەو بۆچوون و مەبەستانە بکات کە دەیەوێ لە ڕۆمانەکە، واتە کارە چیرۆکڤانییەکەدا دایبچێنێت، لەڕێگای کاراکتەرەوە دەتوانێ بگاتە ئەو حەقیقەتانەی باوەڕی پێیان هەیە و گەرەکیەتی بیگەیەنێتە خوێنەر ( وەرگر) بە کورتی و کرمانجی کاراکتەر لە دنیای کاری چیرۆکڤانیدا، چ حەقیقی بیت یا خەیاڵی، چ سەرەکی بێ چ لاوکی، وەک ئەو تەلی کارابایەیە کە ڕووناکی دەگەیەنێتە زری نووسەر و ئەو حەقیقەتانەی گەرەکیە بیگەتیەنێت خوێنەر، هەڵبەتە دەکرێت یەکێک لە کاراکتەرەکان لە ژیانی واقیعی نووسەرەوە هەڵێنجنرابێ، بەڵام دەبێ ئەوە ڕەچاوکرابێ کە کاراکتەری ئاسایی لە کاری ونەریدا، مەحاڵە وک چۆن لە ژیاندا هەیە، بەو ئاوایە بەرجەستە بکرێت، چونکە جیاوازی کاراکتەری چیرۆکڤانی ( هونەری) لەگەڵ کاراکتەری ئاساییدا، لەوەدایە کە کاراکتەرت چیرۆکڤانی زاەی خەیاڵی نووسەرە و بۆ مەبەستێکی هونەری دیاریکراو هاتووتە ئەفراندن، واتە کاراکتەری ئاسایی کە دێتە ناو دنیای کاری هونەرییەوە، ئەرککی تازەی دەکەوێتە ئەستۆ و ژیانی مانا و ئاراستەیەکی هونەری تازە وەردەگرێت و دەبێت بە بەشێک لە تابلۆیەکی هونەری گەورەی ئەوتۆ کە ئەسڵەکەیمان لەبیر دەچێت و تەنها کاراکتەرە خەیاڵییە هونەرییەکە دەناسین، دیارە هەر کاراکتەرێک لە ژیاندا ڕەگوڕیشە و ئەسڵێکی هەیە، بەلام کاراکتەری هونەری جیاوازە لە کاراکتەری ئاسایی، ئەگەر ئەو جیاوازییە نەبێ هەرگیز هونەریەت وەرناگرێت.

لە دەقی ( عەشقی هاجەرە) دا چەند قارەمان و کاراکتەرێک هەن، کە زۆربەی هەرە زۆریان سادەن، زیاتر لە میانەی گێڕانەوە و وەسفی گوتیارەوە دەناسرێن، تا لە ڕیگای هەڵسوکەوتی خۆیان، یا بەشداری ڕاستەوخۆیان لە ڕووداوەکاندا، کە ئەمە بووەتە هۆی غیابی فرە دەنگی، تاک دەنگی، لەسەر حسابی فرە دەنگی، لە سەرانسەری دەقەکەدا زاڵە… کاراکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە گوتیاری دەقەکە کە بێ ناوە! باوک ( فەقێ عەلی) کە باوکی گوتیارە، هاجەرە کە دلبەری ( فەقێ عەلی) یە، ئایشێ، دایکە کە دەکاتە (دایکی گوتیار) و دێخاوەر کە پوری ( باوکە) گوتیار لەم دەقەدا کە خۆی نووسەرە، بەدەم ڕەوتی کارە چیرۆکڤانییەکەوە، بەرە بەرە بۆ خوێنەر دێتە ناسین، بەخۆی دەڵێت: ( دەڵێن ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووم، بەڵام لە پشتی تەسکەرەکەمدا ڕیکەوتێکی تر نووسراوە ل ٢٢ عەشقی هاجەرە) دیارە ئەم ێکەوتە هەڵوەستە و ڕامانێک هەڵدەگرێت، لەم ساڵەدا هەڵەبجە، لە شوێنی کارە هونەرییەکەیە، لە ٢٦/ ٤ دا لەلایەن فڕۆکەکانی ڕژێمی وەختی عێراقەوە بۆردومان کراو خەڵکانێکی زۆر شەهید بوون و زەرەرو زیانی مادیشی لێکەوتەوە و بۆ ئەو سەردەمە کارەساتێکی گەورە بوو و لە یادگەی هەلەبجەشدا نایەتە سڕینەوە، وا دیارە گوتیا، لەڕێگای ناوهێننی ساڵی ناوبراوەوە، کە ساڵی لەدایکبووی خۆیەتی و و دایکی لەکاتی لەدایکبوونی ئەودا بوراوەتەوە و ئەوانی دەروبەری وایان زانیوە مردووە، ویستوویەتی کارەساتی بۆردومانەکە ساڵ ١٩٧٤ لەیادگەی خوێنەردا زندوو بکاتەوە.. ئەوەتا یەکێک لە پورەکانی گوتوویەتی: ( ئەم نداڵە اسەرەخۆرەیە…! ل ٢٤، عەشقی هاجەرە).

گوتیار، ڕۆژنامەنووسە، ئەوەتا بەخۆی دەڵێت: ( بەتایبەت کە ماوەیەک لە ڕۆژنامەدا کاری بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاریم کردووە…) دیارە ڕۆژنامەنووس دەبێ کەسێکی لاپرەسەن و کونجکاو بێت، شتەکان لە بنج و بناوان بکات و سەرچاوەی سەرچاوەی زانیارییەکلانی هەمەجۆر بێت، تا متمانەی زیاتری پێ بکرێت، کە ئەم قارەمانە ڕیک هەمسن شتی کردووە و زۆربەی قارەمانەکان بوون بە سەرچاوەی زانیارییەکانی، لەوانە دایک، مام حوسێن، دێخاوەر و… هتد، ( بڕوانە ل ٣٤، ٣٥، ٣٦، ٧٥ ) : گێڕانەوەکانی دێخاوەر لە ڕابردوودا بۆ ئێستای من، باشترین و ڕاستگۆترین سەرچاوەن و…)
زۆر جار گوتراوە ڕۆژنامەنووسی و سیخوڕی داوە موویەکیان بەینە، واتە ڕۆژنامەنووسی دیوە سپییەکەی جاسووسییە، جا قارەمانەکەی لەمەڕ ئێمە کە ڕۆژنامەنووسە، بە هەمان کونجکاوی ڕۆژنامەنووسییەوە ڕەفتار دەکات و بەخۆی دەڵێت: ( بە کوردی و کرمانجی، فرت و فێڵی خۆم بەکار هێنا و ئەوەی لەژێر بەڕەکەیدا بوو، بۆی خستمە سەر ڤەڕە… ل ٩١ عەشقی هاجەرە) لێرەدا خاڵۆگەورەکەی باوکی بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ و پورزا کتێبفرۆشەکەی خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبن بە سەرچاوەیەکی تری زانیارییەکانی… هەروەها چوونی گوتیاری قارەمان بۆ گوندەکەی زیدی باب و باپیری، بەمەبستی نووسینەوەی بەشە هەستیارەکەی ئەم دەقە، کارێکی ڕۆژنامەوانییە و ئەوە لە زەینی خوێنەردا زندوو دەکاتەوە کە ئەم گوندە مەڵبەندی ئەشقە ناکامەکەی فەقێ عەلی و هاجەرە بووە: ( پێم نەگوتن کێم و کوڕی کێم، پێم نەگوتن کوڕی ئەو پیاوەم کە ڕۆژگارێک لەم گوندەدا مێردمناڵێکی عاشق بووە و دڵی شکاوە و لەتاو ئەوین خوێنی بووە بە ئاو.. ل ٧٨، عەشقی هاجەرە)
لێرەدا زەینی خوێنەر ئامادە دەکرێت، لە دەوری نووسەری دووەمی دەقدا، بەخۆی نەوتراوەکان کەشف بکات و بەخۆی بۆشاییە هونەرییەکان، کە ئەمەش جۆرە تەکنیکێکە، پڕ بکاتەوە، ئەوەی مایەی سەرنجە، گوتیار کە لە هەمان کاتدا قارەمانی دەقە هونەرییەکەشە، ناوی نییە، وێڕای ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لە سەرانسەری دەقەکەدا هەیەتی، ناوی نییە، پێموایە ئەم پێوارکردنی ناوە، لێرەدا و بەش بەحاڵی ئەم دەقە، تەکنیکێکی پوسەندە، گوتیار ( نووسەر) ناو و شێوەی خۆی بۆ خەیاڵی خوێنەر بەجێهێشتووە، کە بێ چەند و چوون نووسەرە، واتە ( ئیدریس عەلی) یە، بەڵام وەکو گوتراوە، مانگی چواردە ئەنگوستی ناوێ.

باوک ( فەقێ عەلی): وەکو وەکو کاراکتەر تەوەرێکی هەرەگرینگی دەقەکەیە و لە میانی لە میانەی گێڕانەوەکانی گوتیارەوە، وەکو کاراکتەر زندوو دەکرێتەوە و ئامادەگی و حزوور پەیدا دەکات، ئەمە تەنها باوکێکی ئاسایی و ڕووت نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی دەلالی وەرگرتووە، ( ) سیستەمی بابسالارییە، بۆ ئەم دەقە و لەناو دەقەکەدا، دەکستە نوێنەری نەوەی دووەمی سیستەمی بابسالاری، هەر بۆیە دەبینرێ هەمان جۆش و خرۆشی باوک و خاڵۆگەورەکەی ( فەقێ عەلی) دەرهەق بە سیسیەمی ناوبراو نییە، و واقیعی دەقەکە و چۆنیەتی حزووری ( فەقێ عەلی) لە دەقەکەدا، ئەوەمان نیشان دەدات کە سەردەمی سیستەم و دەسەڵاتی بابسالاری ڕوو لە داڕوخان و ئاوابوونە… بەڵام ئەم ئاوابوونە بەرە بەرە لە سەرانسەری دەقەکەدا دەردەکەوێت تا لە کۆتاییدا دوای ئەوەی دەبێت بە کەسێکی دوورەپەرێز و لاواز، لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە تەواو دەپوکێتەوە و بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە ( قادسیەی سەدام) بە قەسف و تۆپبارانی ئێرانەوە دەکوژرێت، گوتیار دەڵێت: ( بەخۆم بەر لە کوژرانەکەی بینیم، بەجۆرێک بچووک بووبووەوە کە بە ئاستەم دەناسرایەوە، تاکو گەیشتە ئەو ئێوارەیەی کە شەوەکەی بە قەسف دەکوژرێت و لەبری خوێن ئاو لەلەشی دەڕژێت، ئەو ئێوارەیەی کە ئیتر تەواو هەستمان بە نەبوونی ئەو دەکرد و ماوەیەکیش بووبووە مایەی شەرم و تەریق بوونەوەمان کە ئەوە باوکمانە ل ١٠٠ عەشقی هاجەرە) لەبن دێڕی ئەم پەرەگرافەدا خوێنەر جۆرە پەشیمانییەک لە گوتیاردا دەخوێنێتەوە زادەی نەمانی باوکە، کە بۆشاییەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی لەلا درووست کردووە، ئاساییە ئەو بۆشاییانە تا پڕ دەبنەوە جۆرە هەستێکی وەکو پەشیمانی لای بەرانبەر درووست دەکەن.. کە ئەرکی دەقی هونەری لە بنەڕەتدا ئەوەیە ئەزموون بگۆڕێت بۆ هەست.

گوتمان ئاوابوونی دەسەڵاتی بابسالاری بەرە بەرە لە سەرانسەری دەقەکەدا دەردەکەوێ.. ئەوەتا شەوێک لە ترسی تۆپباران خەڵکی خۆ کۆدەکەنەوە کە بچنە پەنا و ژێرزەمینان، گوتیار دەڵێت: ( دایکم بێ پەروا جانتا ڕەشە بچوکەکی ناو تاکی بۆفێکە دەگەرا و دەیدا بەیەکدا.. کوا؟ دایکم هەر دەیگوت کوا؟ تەسکەرەکەی باوکتا بۆ دیار نییە؟ چی لێهاتووە؟ ئەی خۆی ئێستابەم ئاگر و ئاسنبارانە لە کوێیە؟ ل ١٦، ئەشقی هاجەرە) لێرەدا دیارنەمانی تەسکەرەی باوک، ئاماژە و زەمینەسازییە بۆ بۆ غیابی یەکجارەکی باوک.. ئەمە جگە لە جانتا ڕەشەکە، کە ڕەنگی ڕەش لە کوردەواریدا زیاتر ڕەنگی ماتەمباری و ڕەشبینییە.

وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە، باوک ( فەقێ عەلی) لەم دەقەدا دەکاتە نوێبەری نەوەی دووەمی سیستەمی بابسالاری، چونکە سیستەمەکە ڕوو لە هەرەس و داڕوخانە هەمان جۆش و خرۆش و تاسووبی باوک و خاڵۆ گەورەکەی باوکی دەرهەق بە سیستەمی ناوبراو نییە و تەنانەت وەکو پێویست مومارەسەی باوکایەتیش ناکات و کە قۆناغەکانی خوێندنی فەقیاتیش تەواو دەکات، مەلایەتی ناکات، کە خۆی لە خۆیدا پشتیوانی دەسەڵات و سیستەمی بابسالارییە، دەڵێت: ( لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووم، بەڵام لە پشتی تەسکەرەکەمدا ڕێکەوتکی تر نووسراوە… بۆیان گێڕاومەتەوە کە باوکم هیچ گرنگییەکی بەم شتانە نەداوە و خۆی لەم کاروبارە یاسایی و خێزانیانە دوور گرتووە و جگە لە کاسپی و دوکانەکەی، هەقی هیچ شتێکی دیکەی خءزانەکەی نەبووە…! ل٢٢، عەشقی هاجەرە) حزووری باوکایەتی باوک لە خێزانەکلەدا هێندە لاوازە، کوڕەکەی هەست بە بوونی باوکی ناکات، لە دیمەنێکی دابەشکردنی جلوبەرگدا بەسەر منداڵە هەتیووەکاندا لە قوتابخانە، دەست هەڵدەبڕێ و دەڵێت: ( مامۆستا منیش هەتیوم باوکم نیییە…! ل ٢٩، عەشقی هاجەرە) مامۆستایەکی دراوسێیان دەڵێت: ( من ەم شەو باوکتم لە مزگەوت بینی، بۆ درۆ دەکەیت سیسی پیس؟ ل ٢٩، عەشقی هاجەرە) لێرەدا گۆشەیەکی ڕواڵەتی گوتیاریش خراوەتە ڕوو کە کەسێکی سیس و پیسە، لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێ کە فەقێ عەلی، پێش ئایشێ، ژنێکی تری هەبووە، لێی جیا بووتەوە، کوڕ و کچێکی لەو ژنە هەیە، بەڵام هیچ مامەڵە و مالیجەیەک لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا نەکراوە، تۆ بڵێی ئەمە پرسیار لای خوێنەر دروست نەکات، یا خوێنەر بە ئاسانی چاوپۆشی لەم غەفڵەتە هونەرییە بکات…!
*
زۆربەی هەرە زۆری کاراکتەرەکان، ئەگەر نەڵێین هەموویان، کەم نمودن و کاراکتەری سادەن، کەمتر بەشداری ڕووداون، دەکرێن بەشەریکی گێڕانەوە و سەرچاوەی زانیارییەکانی گوتیاری قارەمان، کاراکتەرەکان لەناو ڕووداو و بەدەم ڕەوت و گەشەی ڕووداوەوە بەرجەستە نابن، لەمیانەی گێڕانەوەی گوتیارەکانەوە دێنە ناسین و زیاتر کاراکتەری سادەن و بەدەم ڕووداوەوە گەشە و نەشە ناکەن ناگۆڕین، بەڵکو لە زمانی گوتیارەکانەوە دێنە ناسین و وەسفکردن، بۆ نموونە دایک، کاراکتەرێکی زۆر بێ نمودە، تەنها ئەوەندەی لەبارەوە دەزانین ناوی ( ئایشێ) یە، لە بنەماڵەیەکی شیوعی و هەواداری سۆڤیەتە، بێ هیچ پرس و رایەکی خۆی دەدرێت بە کوڕی بنەماڵەیەکی ئاینی، واتە باوک بەگوێرەی دابونەریت و سیستەمی بابسالاری لەجیاتی ئەو بیر دەکاتەوە و بڕیار دەدات، کە تاک بە گشتی و ژن بەتایبەتی کەڕەتی سفر دەکرێت، ئەوەتا گوتیار دەڵێت: ( دایکم جارێکیان گێڕایەوە و گوتی: کاتێ هاتە خوازبێنیم، تەنها ناویم بیستبوو، بیستبوووم کە پیاوێک دووکانی کەمالیات و بابەتی ژنانەی لە قاپی قەیسەرییەکدا هەیە و بە پیاوێکی دڵتەڕ و قۆزیش باسی دەکەن… گوایە پێشتر ژنێکی تری هەبووە و تەڵاقی داوە… ل ٦٧، عەشقی هاجەرە) لێرەدا دوو گێڕانەوە تێکەڵ دەبێت، واتە دایک دەکرێت بە شەریکی گێڕانەوەی گهوتیارتی قارەمان، واتە گوتیاری سەرەکی بۆ ماوەیەکی کەم دەستبەرداری گێڕانەوە دەبێ و دەوری وەرگر دەبینێ! کە ئەمە جۆرێک لە فرەگێڕانەوە دەستەبەر دەکات و جوانییەکی ژونەری بە دەقەکە دەبەخشێت.

هەروەها لە زمانی گوتیارەوە دەزانین کە گوایە ژنێکی هۆشیارە، بەتایبەتی کە بە نهێنی کاری ڕێکخستنی لەگەڵ لەناو ژنانی شاردا بۆ حزبێکی پێشکەوتوو، واتە ( حزبی شیوعی) کردووە.. بۆ منداڵەکانی گێڕاوەتەوە کە زانیویەتی باوکیان کەسێکی نائاساییە، ترساوە لەوەی لەگەڵیا هەست بە بەختەوەری نەکات…!
بەڵام گوتیاری سەرەکی دەقەکە، ڕێگە بە دایک نادات خۆی خۆی بگێڕیتەوە، دێت لەجیاتی ئەو بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ( ڕەنگە دایکم هەر لە خۆشییەوە وای بۆ چووبێت، کەسێک ئەم هاوسەرگیرییەی پێ خۆش نەبووبێت و دوعای ڕەشیان لێکرابێت… ل ٦٨. عەشقی هاجەرە) دیارە ئەم بۆچوونە دەگەڵ کەسێکی مەتریالیستیدا تێک ناکاتەوە، بۆیە دەشێت خوێنەر وای لێک بداتەوە کە شیوعیەت وێرای ئەوەی لەسەر بناغە و بنەمای مەتریالیزم ڕۆنراوە، لە کوردستاندا نەیتوانیوە بۆچوون و باوەڕ و ماکە غەیبانییەکان، لە نەستی خەڵکانی شیوعیدا بسڕێتەوە… و شیوعیەت جۆرە مۆدێکی خزبایەتی سەرڤە سەرڤە ( سطحی) بووە…!

وا دیارە گوتیار ( قارەمان، نووسەر) هەستی بەم غەفڵەتە کردووە و دەیەوێت پینەی بکات، بۆیە هەر تۆزێک دواتر دەڵێت: ( بێگومان دایکم بەخۆیدا چووەتەوە و ببڕای ببڕ شتی لەو جۆرەی نە هێناوە بە خەیاڵی خۆیدا، نە بیری لێکردووەتەوە… ل ٦٨، عەشقی هاجەرە)
پرسیار ئەمەیە، ئایا ئەم پینەکردنە لەڕووی مالیجەی هونەرییەوە قەناعەتبەخشە؟ لە نموونەی یەکەمدا گوتیار دەڵێت: ( ڕەنگە دایکم) وشەی ( رەنگە) بە گومان بارگاوییە، گومان لەپێناو گەیشتن بە حەقیقەت، ئەمە لەڕووی هونەرییەوە قەناعەتبەخشە! بەڵام لە نموونەی دووەمدا گوتیار دەڵێت: ( بێگومان دایکم) وشەی ( بێگومان) بە یەقین و دڵنیایی بارگاوییە.. کە ئەمە لەڕووی هونەرییەوە قەناعەتبەخش نییە، دەشێت کاراکتەر بڵندگۆی نووسەر بێ، بەڵام کە نووسەر بڵندگۆی کاراکتەر بێ، ئەمەیان لەباری هونەرییەوە جێگەی پرسیارە، لێرەدا گوتیار لەیاتی کاراکتەر بیر دەکاتەوە، ڕیگە بەخۆی دەدات بوختان بۆ کاراکتەرەکە بکات، بەڵام ئەوەندە ئازادی بە کاراکتەرەکە نادات خۆی گوزارشت لە خۆی بکات، بەمە بڕست لە کاراکتەر و گەشەکردنی دەبڕێت و کاراکتەرەکە هەر بە سادەیی دەمێنێتەوە و دیارە ئەمە نەک هەر کاراکتەر بێ نموود دەکات، بەڵکو بە زیانی نەخشە و پڵۆتی کارە چیرۆکڤانییەکەش دەشکێتەوە.. پڵۆت لە کاری چیرۆکڤانیدا، ڕووداوەکان بەجۆرێ ڕێک دەخات کە لەبەرچاوی خوێەردا لۆژیکی بنوێنێ، واتە لەم پێودانگەوە پڵۆت تەنها ڕێکخستن و دانەدەمیەکی ڕووداوەکان نییە،، بەڵکو گواستنەوەی ڕووداوەکانە بەگوێرەی بەندیواری هۆ و ئەنجام… بۆ نموونە ئەم ڕستەیە ( شا مرد و پاسان سابانۆ مرد) ئەمە حیکایەتە، بەڵام ( شا مرد و پاش ماوەیەک شابانۆ لە سوێیاندا مرد) ئەمە پڵۆتە.
*
( دێخاوەر یەکێ بوو لەو پیرەژنە خڕیلە و جوان و خانومان و قسەخۆش و میهرەبانانەی کە من بەو منداڵییەی خۆمەوە زۆرم خۆش دەویست و هۆگری بووم… ل ٦٠، عەشقی هاجەرە) ئەمە وەسفی گوتیارە بۆ ( دێخاوەر) و لێرەدا بووە بە گوتیاری چاودێر… و لەڕێگەی گوتیارەوە، دەزانین کە دێخاوەر حیکایەتبێژێکی بەسەلیقە بووە و نەک هەر دەبێ بە سەرچاوەی زانیارییەکانی گوتیار، بەڵکو دەبێت بە شەریکی گێانەوەش.

( دێخاوەر لە گیڕانەوەکانیدا دەیناردیت بۆ ڕۆژگارێکی دێرین، بۆ ناوجەرگەی ئەو گۆڕەپانەی بەسەهاتەکەی لێوە بۆ دەگێڕایتەوە، ئاشنای دەکردیت بە پاڵەوانەکان… ٦٣، عەشقی هاجەرە) یان ( پاش چەندین ساڵ زانیم، باوکم یەکێکە لە پاڵەوانە راستەقینەکانی یەکێک لە چیرۆکە واقیعییەکانی دێخاوەر… ل ٦٢. عەشقی هاجەرە) یان ( من: دێخاوەر ئەو ماڵانە بۆ کوێ دەڕۆیشتن؟ دێخاوەر: بۆ شوێنێکی تر ڕۆڵە… بۆ شوێنێکی دوور… من: ئەی بۆ لە گوندەکەی ئێوە نەدەمانەوە… خۆ گوندەکەی ئێوەش دوورە… ل ٧١، عەشقی هاجەرە).

هەر لەڕێگەی گوتیارەوە ئەوەش دەزانین کە دێخاوەرلەزەتی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و بیرەوەرییەکان دیتووە، کاتێ فەقێ عەلی بە کوڕەکەی خۆی ( گوتیاری دەقەکە)گوتووە کە ئیتر ئەوەندە دێخاوەر ماندوو نەکات و لێگەڕێ بخەوێت.. دێخاوەر وەڵامی داوەتەوە: ( ئێوە بۆ خۆتابن بخەون و حەقی ئێمەتان نەبێت… ل ٧٢، عەشقی هاجەرە) ئیدی دێخاوەر چ وەکو سەرچاوەی زانیاری و چ وەکو گوتیاری ناڕاستەوخۆ لە هەندێ دیمەنی ناو دەقەکەدا، پێگەیەکی هونەری جوان لەناو دەقەکەدا پەیدا دەکات و دەبێت بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی دەقەکە، تا لە کارەساتی کیمیابارنی ساردا دەمرێت، کە ئەگەر ڕۆژ و سالەکەی دیاری بکرایە، ڕەهەندێکی هونەری گەورەتری پەیدا دەکرد و خوێنەری بەڕادەیەک دەهاڕوژاند کە لەبەر خاتری تێکردنی لاپرەسەنی و کونجکاوی خۆی پەیجۆرییەکی زەینی جدی کارەساتەکە بکات.
*
هاجەرە کە لایەنێکی هەرە رگرینگی بابەتی کارە چیرۆکڤانییەکەیە، زیاتر لەلایەن گوتیارەوە لە میانەی گێڕانەوە جۆراوجۆرەکانی ترەوە، دێتە ناساندن و ئەوەتا لە یەکێک لە گێڕانەوەکاندا دەردەکەوێ کە دایکی هاجەرە، بەسەر هاجەرەوە چووە و مردووە، لە خێڵەقەرەجەکانن.. خۆی و بابی لە گوندەکەی مالە باوانی فەقێ عەلیدا دەگیرسێنەوە.. هاجەرە کچێکی جوان و بێدەنگ و شەرمن و ئیشکەرە.. ئاشنایەتی و پەیوەندی دەگەڵ دێخاوەردا پەیدا دەکات و گرێی دڵی بۆ دەکاتەوە کە فەقێ عەلی خۆش دەوێت و حەز دەکات شووی پێ بکات، بەڵام کە وەڵامی نەرێنی لە دێخاوەر دەژنەوێ و دەزانێ هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەرەج بوونی ئەسڵ و فەسڵی.. زۆری لەبەر گران دەبێت و دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە دەبینێ دەبینێ باوکی لە غورابی خەودایە و پرخەی ڕۆژەڕێیەک دەڕوات..زمانی گوتیارەوە دەبیستین کە دەڵیت: ( ڕەنگە هاجەرە لەو کاتەدا ڕقی لە باوکی هەستابێت و ویستبێتی لەخەو خەبەری بکاتەوە و پێی بڵێت: باوکە من تاوانم چییە کە کچی تۆم؟ ئاخر من بۆ دەبێت قەرەج بم؟ دەسەڵاتی من چییە کە هێشتا منداڵ بووم، دایکم عاشقی پیاوێکی بەلەموا دەبێت و تۆ جێدەهێڵێت؟ ل ٨٤، عەشقی هاجەرە) لێرەدا لەم دیمەنەدا گوتیار چووەتە کڵێشەی کاراکتەرەوە، بە زمانی خۆی دەدوێت، نەک بە زمانی کاراکتەرەکە، چونکە ئەو زمانە کە هەڵگری ماکێکی فەلسەفییە، زمانی نووسەرە نەک زمانی هاجەرەیەکی قەرەجی نەخوێندەوار.. هەڵبەتە ئەم زانیارییەی لێرەدا و لە میانەی کاردانەوەیەکی دەروونی تووند دا دەربارەی دایکی هاجەرە دەخرێتە ڕوو، تەواو پێچەوانەی زانیارییەکی پێشووترە و خوێنەر هیچ پاکانەیەکی هەنەری بۆ ئەم هەڤدژییە نابینێ!
هەر سەبارەت بە زمان، گوتیار ( نووسەر) بە خەیاڵ دیالۆگێک لەنێوان فەقێ عەلی و هاجەرەدا درووست دەکات و لەشێوەی لەشێوەی گوتیاری هەموو شتزان دا ناخیان دەخوێنێتەوە و بەم جۆرە دەیانهێنێتە قسە:

فەقێ عەلی: دەستەکانت.. هاجەرە دەستەکانت چەند گەر،من.. ئەڵیی خۆرت پێ هەڵگرتوون.
هاجەرە: فەقێ عەلی.. چ عەترێک تێکەلاوی هەناسەت بووە.. ئەڵێی پەلکە ڕێحانەت قوتداوە.. ل ٨٩، عەشقی هاجەرە) دیارە ئەم زمانە کە هەڵگری ماکێکی شیعرییە زمانی نووسەرە، نەک زمانی فەقێ عەلی و هاجەرە، بەتایبەتی لەسەردەمی ئاشقێنییەکەی ئەواندا… کە وێنا ناکرێت ئەمە لەباری هونەرییەوە بۆ وەرگر ( خوێنەر) قەناعەت بەخش بێ، گەمەی زوبان و بەکاربردنی زمان لە کاری چیرۆکڤانیدا، بەتایبەت لە ڕۆماندا دەبێت بەشێوەیەک بێت کە ڕێنوێنی خوێنەر بکات بۆ تێگەیشتن لە لایەنە هەرە گرینگ و ڕاز و ڕەمزئامێزەکانی ڕووداوی تەوەرەیی و ئەسڵی چیرۆکەکە، یانی پێویستە زمان نە ئەوەندە ڕوون بێت هیچ شتێک بح خوێنەر و زیرەکی و هزرینی خوێنەر نەیەڵێتەوە و نە ئەوەندە ئاڵۆزبێ، ببێت بە مەتەڵۆک و بە کەس هەڵنەیەت.

کە ئەم حاڵەتە خۆی لەخۆیدا دەکاتە سنووردارکردنی فرە زمانی و جۆراوجۆری زمان، کە یەکێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی دنیای مۆدێرن، کاری چیرۆکڤانیش، بەتایبەتی ڕۆمان، دەرهاوێستەی دنیای مۆدێرنە، دەبێ فرە زمانی و جۆراوجۆری زمان ڕەچاو بکرێت، هەڵبەتە زمانی کاری چیرۆکڤانی زمانێکی ( ) چڕ و پوختە و پاراوە، نە جێگەی درێژدادڕی تیا دەبێتەوە نە ڕێگەی ئاخافتنبازی دەدات… یانی زمان ئەوزاری گوزارشتە لە خودی خۆیدا و بە مجەڕەدی نازنامە و ماهیەت و بونیادێکی سەربەخۆی نییە، بەگوێرەی ئەو بابەتەی باسی دەکات دگۆڕێت، لە کاری چیرۆکڤانیدا، بەتایبەتی ڕۆمان، بونیاد و پێکهاتەی پەیڤ و دەستەواژە و بونیادی ڕێزمانی ڕستە، بۆ خۆی و بە تەنیا ئەو بایەخەی نییە، کە نووسەر زۆر لە خەمی جوانی و ناسکییاندا بێت، بەڵکو گرینگ دەربڕینی ورد و بێ خەوشی ئەو بابەت و شتەیە کە قەرارە بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە، هەڵبەت زمانی پوختە و ئاهەنگدار، جوانی بە کاری چیرۆکڤانی دەبەخشێت، بەڵام ئەم جوانی و جوانکارییە بۆ خۆی و لەخۆیدا دیاردەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تێکڕای کارە چیرۆکڤانییەکەوە، وەکو یەکەیەکی یەکپارچەی هونەری هەیە، بابەتی چیرۆکەکە و چۆنیەتی دەربڕینی بابەتەکان، تایبەتمەندی زمانەکە دیاری دەکات… هتد.

ناوی هاجەرە بۆخۆی ڕەهەندێکی دەلالی هەیە، کە بەلای منی خوێنەرەوە و بەش بە حاڵی ئەم دەقە هێمای ئەوەیە کە ئەوەی نیشتمانی نەبێ، مەحکومە بە هیچرەتی بەردەوام و چارەنووسی هەر موهاجرییە، دیارە بێ نیشتمان هەر نیشتمانی لەبیرە و هاخەرە، نیشتمانی خۆی لە عەشقدا دەبینێتەوە و لە دیم،ەنێکی ناسک و شاعیریدا و بە ڕاشکاوی و بەبەرچاوی خەڵکییەوە وەفاداری خۆی بۆ عەشەکەی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: ( فەقێ عەلی دەرمانێک شک نابەیت ئاو بکاتەوە بە خوێن… ل ١٠١، عەشقی ژهاجەرە) ئەم هەڵوێستتەی هاجەرە ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەشق پیر نابێت، عەشق هەوێنی ژیانە، عەشق نەبێ ژیان دەپوکێتەوە!

لە کۆتایی دەقەکەدا گوتیار ( نووسەر) جارێکی دی ئاوابوونی دەسەلاتی بابسالاریمان بیر دەخاتەوە: ( بیرتان دێت منداڵ بووم دایکم و براکانم لە چاوەڕوانی باوکمدا منیان نارد بۆ کۆڵان؟ بیرتان دێت ئەو ئێوارەیە سێ جار لەسەر یەک باوکم بانگ کرد؟ باوکە، باوکە، باوکە، خۆتان ساهیدن کە وەڵامی نەدامەوە… ل ١٠٤، عەشقی هاجەرە)
بە هەرحاڵ دەقی چیرۆکڤانی، زیاتر نیشاندانە تا گوتن، گوتن و گەنگەشە پتر ئەقڵی قورگر دەنوێنی کە ئەمە کاری فەلسەفە و زانست و مێژووە و لێکۆڵینەوە و وتارە… بەڵام نیاندان و نواندن، پتر هەست و سۆزی وەرگر دەدوێنی کە ئەمە کاری هونەرە و دەقی چیرۆکڤانی هونەرە.

بەر لە کۆتایی حەز دەکەم ئەم چەند سەرنجەش، کە زادەی ( ل ٩٠- ٩١) ی دەقەکەیە، بخەمە ڕوو، ئەگەرچی پێدەچێ کەمێک لە سیاقی نووسینەکە بەدەربێ، بەڵام وەکو ناوەڕۆک دەگەڵ ناوەڕۆکی نووسینەکەدا هەڤبەندە و بیرم چوو لەشوێنی خۆیدا تۆماری بکەم، بۆیە بە داوای بوردنەوە لێرەدا تۆماری دەکەم: هەر کارێکی چیرۆکڤانی بەتایبەتی ڕۆمان، ئەزموونی واقیع بە وردی و موو بە موو، وەکو خۆی، کۆپی بکاتەوە و بگێڕیتەوە، تەنیا ناکامی بۆ دەمێنێتەوە، چونکە گەرەکیەتی واقیعی واقیعی بگۆڕێت بۆ واقیعێکی خەیاڵی، واقیعێکی جیاواز بەرهەم بێنێت و بخولقێنێ، سەرکەوتن و غیرەت لەوەدایە کە نووسەر بتوانێ لە حەقیقەتی واقیعی لە ئەزموونی واقیعەوە شتێک بخولقێنێت، کە پێش ئەم کارە هونەرییە ئاشکراو دیار نەبووە، واتە کەشفێکی هونەری ئەنجام دابێت، کاری چیرۆکڤانی و ڕۆمان، حەقیقەتێکی سەربەخۆیە، واقیعیەتەکەی لە خودی خۆیدایە، لە خەیاڵ و پەیڤ پێکهاتووە، هەر ئەمەشە کە ئەدەبیات لە ژیان جیا دەکاتەوە، چونکە ژیان لە خەیال و وشە درووست نەبووە، بۆیە نووسەر لەسەرێتی جڵەو بۆ خەیاڵ شل بکات و سڵ لە درۆکردن نەکاتەوە، بەڵام درۆی هونەری قەناعەتبەخش، تا خوێنەر درۆکەی وەکو حەقیقەت و راستی- حەقیقەت و ڕاستی بە گوێرەی گوێرەی واقیعی دەقەکە لێ قبوول بکات لەزەتی ئیستاتیکی لێ وەربگرێت.

لە کۆتاییدا بەدەر لکە هەر وردبینییەک ڕاستگۆیانە دەڵێم ئەم دەقە وێرای ئەوەی دەقێکی داخراوە، یەکدەستی و یەکنەوایی زمان تا رادەیەکی زۆر بڕستی لە فرە زمانی بڕیوە، سەرباری ئەم سەرنج و بۆچوونانەی بەندەش، یەکێکە لە دەقە ئەدەبییە جوانەکان، دیمەن و ڕووداو، شوێن و کات، هونەرمەندانە مونتاژ کراوە لە یەکەیەکی یەکپارچەی هونەریدا، کە دەقی ( عەشقی هاجەرە)یە، یەکانگیر بوون و بەڕاستی شایسەی خوێندنەوەیە، هێڤیدارم خوێنەرانی بەڕیز ئەم نووسینەی بەندە بە ئەڵتەرناییڤی خوێندنەوەی دەقەکە نەزانن و خۆیان لە لەزەتی خوێندنەوەی مەحرووم نەکەن، دڵنیام هەنگێ وەکو ئێستای ،م سوپاسی گوتیار و نووسەری دەقەکەی برای شاعیرمان ( ئیدریس عەلی).

Previous
Next

Leave a Reply