Skip to Content

مریشک و بەچکەی هەڵۆ …. گۆڕینی: محەمەد بەرزی

مریشک و بەچکەی هەڵۆ …. گۆڕینی: محەمەد بەرزی

Closed
by ئاب 14, 2018 General, Kids Literature

منداڵە ئازاکان : لە سەردەمی کۆندا و لە کەلێنی شاخێکی زۆر بەرزی هەزار بە هەزاردا ، هێلانەیەکی هەڵۆ هەبوو . ئەم هێلانەیە چەند هەڵۆیەکی گەورە و پچووکی تێدا بوو . ڕۆژێکێان هەڵۆیەکیان بە چاوە تیژەکانی کارژۆلەیەکی پچکۆلانەی لە دامێنی شاخەکەدا بینی ، بۆیە بۆ ڕاوکردنی کارژۆلەکە ، زۆر بە خێرایی دای لە شەقەی باڵ و وەک با گڤەیکرد بۆی . کارژۆلەکە لە ترساندا خۆی لە پاڵ گابەردێکی گەورەدا شاردەوە ، هەڵۆکە ئەوەندە بە خێرایی دابەزییە خوارەوە ، خۆیدا بە لایەکی گابەردەکەدا و دەمودەست تاسا و باڵەکانی شکان و ئیتر نەیتوانی بفڕێتەوە ، کارژۆلەکەش بۆ خۆی رزگاری بوو . هەڵۆکە لەوێدا بە برینداری مایەوە و هەر لەوێشدا هێلکەیەکی کرد و پاش ڕۆژێک بــە تەنها مرد . ئەو شوێنە لە پاڵ گوندێکی پڕ لە مریشکدا بوو . مریشکەکان ، کە هێلکەکەیان بینی لە خۆشیاندا شاگەشکەبوون و زۆر زۆریش پارێزگارییان لێکرد ، ئنجا مریشکێکی پیریان ئەو هێلکە گەورەیەی خستە پاڵ چەند هێلکەیەکی خۆی و بە جوانی لە سەریان کڕکەوت .

پاش نزیکەی سێ هەفتە مریشکەکە هەموو هێلکەکانی هەڵهێنا ، کە یەکێکیان بێچوی هەڵۆکە بوو ، کە هەر زوو کەوتە یاریکردن لەگەڵ جووجەڵەکاندا و وەک ئەوانیش هەڵسوکەوتی دەکرد . مریشکەکەش هەر بە چاوی جووجەڵەکانی خۆیەوە تەماشای بێچووە هەڵۆکەی دەکرد . بەچکە هۆڵۆکەش خۆشی لای وابوو ، کە جووجەڵەی مریشکە و بە دڵیش مریشک و جووجەڵەکانی خۆشدەویست و ئەو ژیانەشی پیێ خۆشبوو ، بەڵام لە ناخەوە حەزی لە شتی زیاتر بوو . جا ڕۆژێکیان لە ناو گوندەکەدا یاریدەکرد ، کاتێ سەری بەرزکردەوە چەند هەڵۆیەکی بە هێزی بە ئاسمانەوە بینی ، بە دەنگی بەرز وتی : ( ئاخ ، خۆزگە ئێستا منیش وەک ئەوان بە ئاسماندا بفڕیمایە ) . مریشکەکەش ، کە گویی لەو قسەیە بوو خێرا وتی : وس ، قسەی وا نەکەی ، خۆ تۆ هەڵۆ نیت ، تۆ مریشکیت ، مریشکیش ناتوانێت بە ئاسماندا بفڕیت .

بەردەوام بەچکە هەڵۆکە تەماشای هەڵۆکانی ئاسمانی دەکرد ، کە خێزانی ڕاستەقینەی خۆی بوون و چاوی لیی نە دەتروکاندن ، هەمیشەش خەوی بەوەوە دەبینی ، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ ئەواندا بە ئاسماندا بفڕێت ، بەڵام هەر کاتێک باسی حەزی فرینی خۆیدەکرد ، مریشکەکە گورج پیی دەوت : تۆ مریشکیت و ناتوانیت وەک هەڵۆکان بفڕیت و تکایە بیر لە فرین مەکەرەوە . ئەوەندە ئەو قسانەیان بۆ دووبارەکردەوە ، ئیتر هەڵۆکە خۆی بە تەواوی لەبیرچۆوە و لای وابوو مریشکە و بە یەکجاریش وازی لە بیرۆکەی فرین هێنا و هەموو ژیانی وەک مریشک بردەسەر . بەڵام بە داخەوە دوای چەند ساڵێک ، کە وەک مریشک ژیا و بەبێ ئەوەی تەنها ساتێک هەوڵبدات بفرێت ، دوور لـە خێزانەکەی بۆ خۆی مرد .

*****
تێبینی : منداڵە ئازیزەکان ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت : ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ، هەستانکرد توانا و هێزی هەڵۆتان هەیە ، ئەوا ڕێک ڕێگای هەڵۆ بگرن و ببن بە هەڵۆیەکی بەرزەفڕ و گویێ لە قسەی مریشکەکان مەگرن ، کە ناتوانن بفڕن .

*****
ئەم چیرۆکە لە لایەن ( گاری بارنس ) ەوە نووسراوە و بە دەستکارییەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish