Skip to Content

سیناریۆ:  گەزۆی سلێمانی … ن/ جەلال قادر

سیناریۆ: گەزۆی سلێمانی … ن/ جەلال قادر

Closed
by ئاب 14, 2018 General, Literature


ئەڵقەی یەکەم: دەرگەی دۆزەخ!.

لە ساڵی (٢٠٠٠) شوفێری تاکسی بووم، (سامان)م وەک موسافرێک گەیاندە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆلم. سامان لاوێکی رووخۆش وبەختەوەر دیاربوو.
سامان وتی : لە پاش چاوەڕوانی و پارە سەرفکردنێکی زۆر ئەمڕۆ هاوسەرەکەم دەگاتە فڕۆکەخانە.
پێکەوە چاوەڕووان بووین کەچی فڕۆکەی دەزگیرانەکەی لە سکرینی فڕۆکە خانەکە تۆمار نەکرابوو.
لە پرسگەکەمان پرسی : وتیان ئەو خەتە بەیانی زوو گەیشتووە!.
سامان خێرا تەلەفۆنی بۆ ماڵی خوشکی دەزگیرانەکەی کرد. وتیان بەڵی گەیشتووە وا لە ماڵ ئێمە دانیشتووە.
هەرچەندە (سامان) سەری سووڕمابوو. لی من یەکسەر هەستمکرد فێلیان لێکردووە وئەم ئەم برادەرە دەرگەی دۆزەخی لێکرایەوە!.
لە ڕێگە پێمووت : برا…ئەم ماستە موویەکی تیایە. دانبەخۆتا بگرە و جوان گوێ لەوان بگرە. پاشان تا پێتدەکرێت لەم وڵاتە خۆت لە کێشەی ژن مەدە.
وتی : من نازانم تۆ باسی چیدەکەیت. من هیچ کێشەیەکم نییە و هیچش لەخۆم شک نابەم. بەس تێناگەم ئەم ژنە بۆ بێڕیزی لەگەل کردووم؟!.
-برا تۆ دەلێی لە گوێی گایە نووستووی، جار هەیە کە ژن کە دەگاتە ئێرە هەر لە مەتارەوە لە پیاوەکەی جوودا دەبێتەوە.
+ باوەڕناکەم چونکە هیچ خەراپەیەکم لەگەل نەکردووە.
بە پێکلەنینەوە وەلامیمدایەوە : وەلا تۆ یەک چاکەت لەگەل کردوە پاداشتێکی جوانشت دەداتەوە.
+ چییە پێمان ڕادەبوێریت؟
بێدەنگ بووم تا گەیشتینە بەردەم ماڵی (سەیران) خانم کە دەکاتە خوشکی (سۆزان) دەزگیرانی سامان.
زەنگی لێدا سەیران هاتە دەرەوە و وتی : ببورە (سۆزەی) خوشکم جارێ ماندووە و نووستوە ، حەزدەکات سبەینێ بتبینێ.
+ ئەوە تۆ باسی چیدەکەیت..سۆزە هاوسەری منە و خۆشمدەوێ دەمەوێت بیبینم.
-سامان گیان…من حەقم بەسەر پەیوندی ئێوەوە نییە. لی سۆزەی خوشکم دەیگووت کات خۆی لەکوردستان ئەزێتت داوە!.
+ بۆچی ئەو لەکوردستان هێشتوویەتی پەنجەم بەر پەنجەی کەوێت؟
-من نازانم ئەوە پەیوەندی بە خۆتانەوە هەیە.
+ تۆ هەمووشت دەزانیت و هەموو شتت لەژێر سەر تۆیە. هەر تۆ نەبووی ئەو خوشکەت پێناساندم. باشترە ڕاستییەکەم پێ بلێیت؟
-خۆت تووڕي مەکە تا خەبەری پۆلیسم لێنەداویت.

لەم کاتە کە بینیم سامان تووڕەیە خێرا پیلیم ڕاکێشا و خستمە ناو ماشێنەکەم. پێگووت : دان بەخۆتا بگرە…بەزاتی خوا تەڵەیان بپۆ داناوی!.
+ ئاخر من هیچ لەخۆم شک نابەم، تەڵەی چی؟ سۆزە تا دوێنێ دەیگووت بە ساقە وبم…
-برا با ئێـە لێرە دوورکەیینەوە…سبەی لەگەڵ خۆی قسە بکە و هەمووشت ڕووندەبێتەوە.
+ بۆچی من دەتوانم تا سبەی خۆم چاوەڕوانبم…ئێستا خەریکە شەق بەرم.
لەگەڵ سامان بەناو گەڕەکەکانی شۆڕبووینەوە تا گەیشتینە گەڕەکی (ئێنخیدا) کە ماڵی سامانی لێبوو.
کاتێ گەیشتینە بەردەم دەرگە وتی ؛ بەخوا بەتەنیا جێم ناهێڵی دێیتە ژوور.
-ناتوانم دەبێت کاسبی بکەم.
+ کاسبی چی…من ناتوانم بەتەنیا هەناسە بدەم. دەزانم ڕۆژانەکەت قەرزارم، بەلام بە زیاوە پارەت دەدەمێ، لەگەڵم بە تا تەلەفۆنێک دەکەم.
سامان پڕ قوڕگی لەگریان بوو!.
دەستم خستە سەرشانی و وتم : خۆراگر بە براکەم..بەتەنیا جێت ناهێڵم…خۆزگەش هەموو کێشەیەک بە پارە چارەسەر دەکرا.

ئەڵقەی دووەم : درۆ کردن!.

لە ماڵی (سامان) کتریم کردە سەر ئاگر تا چایەک بخۆیینەوە. بەلام سامان ئۆقرەی بەخۆی نەدەگرت و بەردەوام لە هەیوانەکە هات وچۆیبوو!.
وتی : با زەنگێکیتر بکەم بۆ (سۆزە) بەڵکو وەلامیدایەوە!.
-ئەلوو…سەیران خان سۆزە بێدارە؟
+ بەلێ…وا خۆی دەشوات، تەڵەفۆنت بۆ دەکاتەوە. بەلام تۆ چیتر تەلەفۆن مەکە بۆ ماڵم. هەرچیت هەیە لەگەڵ سۆزە بیبڕێنەوە. (تەڵەفۆنەکە داخرا)
-ئای لەم بێ ئابروە خۆ تەڵەفۆنەکەی لەسەر داخستم.
+ مەبەستت چییە…
-ئاخری خێربێت…
هەستمکرد وردە وردە سامان تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت. لەبەرخۆیەوە ورتەی دەهات و منیش هیچ تێنەدەگەیشتم.
لەپاشئەوەی چایەکە دەمی کێشا زەنگی موبایڵەکەی سامان لێیدا. خێرا وەلامیدایەوە : ئەلوو…
-سامان من سۆزەم…دەمەوێت پێتبلێم کە حەزناکەم ژیان لەگەل تۆ بەسەر بەرم!.
+ باشە…خۆ بەزۆر نابێت..بەس پێمبلێ لەبەرچی؟
-خۆت باش دەزانیت؟
+ من نازانم باسی چی دەکەیت، ناشزانم بۆچی ئاوا لەپڕێکا گۆڕاوییت و منت قۆڵ کرد وکاتی رەحلەکەشت بەهەڵە پێدام.
-من پێم باشە بەخۆشی لەیەکتر جوودا بینەوە. لەمڕۆ بەدواوە نە من تۆ دەناسم و نە تۆش من دەناسیت.
+ سۆزە…دەتۆ ڕاوەستە، بەس پێمبلێ چیبوە؟
-هیچ هەروا بە هەوەس…دەتەوێت بەزۆر بمکەیت بە هاوسەرت؟
+ باشە…ئەی هاوار ئێـمە بە کوردی قسە دەکەین. یەک هۆم پێ بلێ تا منیش بە خۆما بچمەوە.
-بەخوا ئێوەی پیاو درەنگ تێدەگەن!.
+ باشە، ئێستا من درەنگ تێدەگەم بەلام پێمبلێ لەسەرچی؟
-ماوەیەکیتر نامەی جیابوونەوە دەگاتە دەستت، ئیمزای بکە بێ سەرێشە.
+ جیابوونەوە پێویستی بە نامە نییە، کە تۆ منت نەوێت بەزۆر نابێت.
-باشە سامان نەکەی چیتر تەلەفۆن بکەیت خۆم پەیوەندیت پێوە دەکەم.
+ دەتۆ ڕاوەستە پێت نەوتم لەسەرچی وازم لێدێنی؟
-لەبەرئەوەی من و تۆ دوو دونیای جیاوازمان هەیە.
(تەلەفۆن داخرا)
سامان ئارەقی شین و مۆری کردبوو. وتی : وەرە خوات بمێنێ…تا دوێنێ بەدەنگی ناسک و نازدار قسەی لەگەل دەکردم. کەچی ئێستا دەنگیشی گۆڕیوە.
-ناوی خوا بهێنە و هێور بەرەوە، هێواش هێواش وا کێشەکەمان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە.
+ هێواش هێواش بۆم ڕووندەبێتەوە کە ئەمانە چ دەعبایەکن، چۆن کلاویان کردە سەرم. لەماوەی بیست و چوار سەعات چوونەتە پێستەی شەیتانەوە.
-چایەکەت بخۆرەوە برا…
پێکەوە چاییمان خواردەوە. چایەکەی سامان گەرم بوو ئاگاشی لەخۆی نەبوو لەناکاو فڕێکی لێداو هاواری لێ هەڵسا.
+ ماڵێکت بۆ پێتنەووتم گەرمە، هەر تۆ ماوییت بمان سووتێنیت.
دەلێم : تۆ بە بەتەنیا لەم خانووە دەژیت؟
+ بەلێ..
-ئەی چۆن کرێ خانووت پێدەدرێت؟
+ ئەمە خانووی خۆمە.
-ببورە سامان گیان…ئیش چیدەکەیت؟
+ من هەموو کارەم.
-ئەویش کێشەیەکیتر…
+ مەبەستت چییە؟
-ئەگەر ماڵی سۆزە بزانن خاوەن خانوویت، نیوەیت لێدەسێنن.
+ نا برا ناتوانن…ئەو یەک ڕۆژ لەگەڵم نەژیاوە بە چ حەقێک نیوەی بەردەکەوێت؟
-لەم ژیانە باسی حەق مەکە. بەلام بیرم لەشتێ کردەوە.
+ خێر…
-دەمەوێت نامەیەک بۆ وەزیر سوید بنووسم، یاسایەکی نوێ دەرکەن سەبارەت بەم کارەساتەی تۆ و پەنابەرانیتر.
+ لەم ولاتە تا یاسایەک دەردەکەن شەیتان شەق دەبات. من سبەینێ تەڵەفۆن بۆ دایک و باوکی سۆزە دەکەم.
-تووبڵێی ئەوان ئاگاداری هەمووشت نەبن.
+ خەسووم نازانم، بەلام باوکی سۆزە پیاوێکی مەردە.
بە پێکەنینەوە وتم : خەسووی چی؟ خۆ پەنجەت بەر پەنجەی سۆزە نەکەوتووە.
ئاخێکی هەڵکێشا و وتی: ڕاسدەکەیت… هەرچەندە سۆزە دەیگووت سقەم بە خارجییەکان نییە، کەچی خۆی قۆڵبڕوبێ وەفا دەرچوو. هەروەها دەیگووت کاتێ گەیشتینە سوید ئاهەنگێکی خۆش سازدەکەین و پێکەوە دەخەوین.
دام لە قاقای پێکەنین.
وتی : بەچی پێدەکەنی؟
وتم : بمبوورە، لاموابێت دەبێت ئەمشەو لەگەل من بخەویت!.
هەردووکمان دامان لە قاقای پێکەنین.


(scenario 3)ئەڵقەی سێیەم : سامان زیندانی دەکرێت.

ئەو شەوە نازانم (سامان) خەوت یان نە؟ لی من خەوێکی خۆشمکرد. بۆ بەیانی زوو هەستام دوشم گردت، حەمامەکە پاک وخاوێن بوو، پێدەچووسامان هەموو شتێکی بۆ (سۆزە) ئامادەکردبوو. خاوڵی نوێ وشامپۆی بۆندار، وتم ماڵی نەخۆر بۆ چەکمەسۆر!.
سامان لەخەو هەڵسا و وتی: بە خاوڵییە نوێیەکان خۆت وشککردەوە؟
-بەڵێ.
پاشان لەگەڵ سامان چووین بۆ کافتریایەک نانی بەیانیمان خوارد. لەهەمان کات سامان زەنگی بۆ شاری سلێمانی لێداو لەگەڵ دایکی سۆزە کەوتە ئاخافتن!.
-دیارە کچەکەم تۆی ناوێت بۆیە چووەتە لای خوشکی.
سامان هەستیکرد دایکی سۆزەش بەشدارە لەم پلانە، خێرا داوایکرد کە لەگەڵ باوکی سۆزە قسە بکات!.
+ خاڵە فەرەج…بەڵکو بتوانیت و هەوڵێک بدەی ئەم کێشەیەم بۆ چارەسەر بکەیت؟
-کوڕی خۆم..دەزانم منداڵەکانم خەدرێکی گەورەیان لە تۆ کردووە، بەلام بەزاتی خوا من هیچم لەدەست نایە وکەس گوێ لە قسەم ناگرێت!.
+ ئاخر خاڵۆ…چ ویژدانێک قەبووڵ دەکات، ئەو هەموو زێڕەم بۆ کڕی و دەە سێجارش سەفەرم کردوە، پارەم لە معامەلە خەرج کردوە. تو ویژدانت خۆت قەبووڵ دەکەیت وات بەسەر بهێنن.
-هەرچی تۆ دەیلێی ڕاستە…حەق بە تۆیە، لی من لەم دوورەوە هیچم لەدەست نایەت، حاشا ئەوانە منداڵی من نین.
خەتی تەڵەفۆنەکە بچڕا!.
سامان وتی : بەخوا برا باوکی سۆزەش وەک من داماوە، گیری خواردوە بەدەست منداڵەکانییەوە.
وتم ؛ سامان گیان وا باشترە ناوی خوای لێ بهێنی و دەست بە کارکردن بکەیتەوە.
+دەستم ئیش ناگرێت.
-وەرە لەگەڵم دەچینە شوقەکەم و سەیرێکی حەمامەکەم بکە بزانە دەتوانی زەوییەکەی کاشی کەیت؟
بە سواری تاکسییەکەم بەرەو ماڵم بەڕی کەوتین. لەڕێگە بەتەنیشت کەناڵ و ڕووبارەکان لەسەرخۆ لێمدەووڕی تا سامان لەگەڵ ئەو دیمەنە جوانانە سۆزەی لەبیرچێتەوە. کەچی ئاخێکی هەڵکێشا و وتی : جاران ستۆکهۆڵم چەند جوان بوو!.
وتم : جاران عاشق بوویت هەموو شت جوان بوو، ئێستا کە زامارییت هەموو شت لەلات زشتە!.
+ لەبەین خۆمان کاکی شوفێر تۆ زۆردەزانیت….
-بەڵێ..جاران دەیانگووت فلان کەس زۆرزانە و فێڵبازە و بز بە شەیتان دەکات، کەچی ئێستا شەیتان لە دەستیان ڕاسەکات!.
+ من کەسم نییە پەنای بۆ بەرم، تەنیا دوعا دەکەم خوا تۆڵەم کاتەوە.
(KARMA-سامان گیان…تۆ وشەی (کارما ) بەزمانی سویدی دەزانیت مانای چییە؟ (
+ نەخێر…
-ڕۆژێک دێت خوا تۆڵەت دەکاتەوە ئەوە مانای وشەی کارمایە!.

گەیشتینە بەردەم ماڵم. چووینە ژوور و حەمامەکەم بە سامان پیشاندا.
وتی : ئەمە هیچ نییە کاری ڕۆژێکە و پێویستە پەردەی حەمامەکەشت بگۆڕی!.
-بەسەرچاو وەستا…
+ پێکەوە دەچینە فابریک یان ئایکییە، شتەکان دەکڕین. بەلام سامان گیان من وامزانی بەڕێزتان خێزاندارییت؟
-خێزاندار بووم…هاوسەرەکەم لێمجوودا بوەوە.
+ لەسەرچی؟
-حەزم چوە ژنێکی پۆڵەندی تا ماوەیەک پێکەوە بووین…ئەویش جێیهێشتم.
+ دەکەواتە تۆش لەمن نەگبەتتری؟
-نەخێر…من ئێستا بڕوام بە هاوسەرگیری نەماوە!.
+ لەبەرچی/
بە پێکەنینەوە وەلامیمدایەوە : ڕاستی ئێمەی پیاو چاو زۆردەگێڕین..من بۆخۆم وام…بۆ نموونە هاوسەری یەکەمم زۆر خۆشدەویست و وامدەزانی کەس لەو جوانتر نییە. کەچی دوای ئەوەی خواستم بینیم دەیان ژنیتر لەو جوانترو ناسکتر هەیە. لەو ڕۆژەوەی دڵم چوە ئەو ژنە پۆڵەندییە، تێگەیشتم کە ژیان تێر بوونی نییە و ژن و پیاو دوو مرۆڤی جوودان!.
+ بەڵی زۆر جیاوازین…دەبێت ئێمە ڕاوچی باش بین!.

ئێوارە کە سامانم گەڕاندەوە ماڵی..بینیمان سەیارەی پۆلیس لەبەردەرگەی وەستاوە.
لە پۆلیسەکان چووینە پێش. پۆلیسێک ڕووی دەمی لە سامان کرد ووتی : تۆ سامان حەمە کەریمیت؟
+ بەڵێ..
-ئێمە مۆڵەتی گرتنی تۆمان پێیە…هەردوو دەستت بخەرە پشتت تا کەڵەپچەت کەین!.
+ پێویست ناکات کەڵەپچەم کەن خۆم لەگەڵتانە دێم.
منیش لە پۆلیسەکان چوومە پێش و وتم : دەتوانم بزانم چی ڕوویداوە؟
پۆلیسێکیان وتی : سامان هەڕەشەی لە ژنێک کردوە!.
سامانیان برد…نەبدەزانی چیبکەم. ناچار بەرەو ماڵی سەیران و سۆزان چووم بەڵكو لێیان بپاڕێمەوە، لەگەڵم بێن بۆ بنکەی پۆلیس و سامان ئازاد کەن.
کاتێک گەیشتمە بەردەم ماڵ سەیران خان…گوێم لە هەنیسکی گریان بوو.
زەنگم لێدا. سەیران دەرگەی کردەوە…چاوی سوور هەڵگەڕابوو…یەک دوو ژنیترش لە پشتییەوە خەمبار وەستابوون.
وتم : چی ڕوویداوە؟
+ تۆ کێیت؟ بۆ ناتناسم!.
-من لای سامانەوە هاتووم…پۆلیس گرتوویەتی.
+ چاوی دەرەها ئەو باوک مان کوشت!.
-بۆ باوکت چی بەسەرهاتووە؟
+ ئەم لەگەل سامان قسەیکردوە، پاشان لە خەفەتا جەڵتە لێیداوە…ئەگەر سامان تەڵەفۆنی نەکردایە باوکم عەیبی نەبوو.
وتم : لاحولا وەلاقوەتە ئیلا بیلا…بە ئاسپایی کشامە دواوە!.

ئەڵقەی چوارەم : سامان لەزیندان ئازاد دەبێت، لی سۆزە زەنگی لێدا.

لەبەرئەوەی بەزەییم بە سامان دەهاتەوە، ناچار بۆ ڕۆژی دوایی چووم بۆ لای پارێزەرێک بەڵکو بتوانێت یارەمتیمان بدا.
پارێزەرەکە ناوی (هاوارتسن) بوو. زۆر بەجوانی گوێی لێڕاگرتم. پاشان وتی یەک دووڕۆژتر سامان ئازاد دەکەم.
پاش دوو ڕۆژ چاوەڕوانی زەنگم بۆ پارێزەرەکە لێدا… وتی کەیسەکەی زۆر خەراپە، بەلام سبەی سەعات دەی بەیانی وەرە بۆلام، خۆم بە کەفاڵەت دەری دەکەم.
بۆ سبەی پێکەوە چووین بۆ سەنتەری پۆلیس… سامان یان هێنایە دەرەوە چەند فۆڕمێکیان پێ ئیمزاکرد.
پارێزەرەکە بە سامانی وت : هەفتەی داهاتوو وەرە بۆلام…مانگی داهاتووش ڕۆژی دادگایی کردنتە.
کە چووینە دەرەوە سامان بە گریانەوە باوەشی پێماکرد و وتی : نازانم چۆن پاداشتی چاکەی تۆ بدەمەوە!.
لەناو ماشێنەکەم لە (سامان)م پرسی : بۆ کوێ بچین؟ بۆ ماڵی من یان تۆ!.
–؛ لێخووڕە بۆ جێشتخانەیەکی خۆمانە، با تێر نان و کەباب بخۆم.
+زۆر برسیتە…
-نەخێر…تا ئێستا نەمزانیبوو زیندانی ئەوەندە ناخۆشە…ئێستا بیری هەموو شەقامەکانی ستۆکهۆلم و دارودرەختەکانی دەکەم.
+کەواتە تۆبەت کرد لە ژن هێنان؟
-تۆبە ئەگەر ڕۆژێکش بیرکەومەوە لە ژن….ڕاستی من سەیری ئافرەتم دەکرد لەچاوو دڵی دایکمەوە…قەد باوەڕم ناکرد ڕۆژێک ژن پێمەوە بدات!.
+بەلێ.. هەردەلێن پیاو دڕندەیە کەچی ژنش هەیە پیاو دەکات بە فڕفڕۆک.
-ئەمانە زۆرخەراپ بۆیان تێگووشیوم…وتیانە گوایە من هەڕەشەم لەباوکیان کردووە بۆیە لەترسا جەڵتە لێیداوە مردووە…منیان وەک پیاوکوژێک بە پۆلیس ناساندووە…پاش ئەوەی لێکۆلەوەرەکە گوێی لە داستانەکەی من گرت. وتی هیچ مەترسە ئەمە کەیسێکی خێزانییە. بەلام دەبێت بەپێی یاسا بەدواچوون بکەین!.
+جار هەیە ئێمە ئەم سویدیانە بە گەمژە دەزانین…کەچی زیرەکن.
-وەلا برا گەمژەبوون…بەلام وا هێواش هێواش سەر ڕەش بەقەولی خیان فێریان دەکەن.
لەگەڵ سامان چووینە رەستوورانێکی ئیرانی تێر قورمە سەبزی و برنج و کەبابمان خوارد. لەکات چای خواردن سامان وتی : تۆ بەڕاستی پیاوییت…کە منت هێنا بۆ رەستورانی ئێرانی!.
+مەبەستت چییە؟
-کە لەناو زیندان بووم دەمگووت دەوەرە کوردبیت و هاوشاری خۆت و نمەکی ماڵی یەکتر بکەیت ئینجا نمەک حەرام دەرچیت…بیرم لەوە دەکردەوە کە چیتر لەگەڵ کوردی خۆمان تێکەڵ نەبم، بەلام کە تۆ پارێزەرت بۆ گرتم و پشتت گرتووم…پەشیمان دەبمەوە لە بڕیارەکانم.
+گوێی مەدەرێ…سوار تانەکەوێت نابێت بەسوار!.
سامان بە پێکەنینەوە وتی : ئاخر من سواری هیچ نەبووم تا بکەوم.
ئەو بڕیارانەی پۆلیس بۆ سامانی دەرکردبوو: کە نابێت پێنچ سەد مەتر لەماڵی سۆزە نزیک کەوێتەوە. نابێت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سۆزان و سەیرانەوە بکات.
سامان وتی : من تۆبەم کردووە…بەلام بەڕاستی خەم لە مردنی باوکی سۆزان دەخۆم…ئاخر بۆ کەسە باشەکان دەبێت بمرن.
+جار هەیە باوک ودایک باشن لی منداڵ نەعلەتی دەردەچن…جارش هەیە لە ئەنجامی پەروەردەی خەراپ خێزان دەشێوێ.
بەرەو ماڵی سامان بەڕێ کەوتین..لە ڕێگە سامان داوای لێکردم کە ژمارەی بانکیم بدەم پیی تا پارەم بۆ بکاتە سەر ئەکاوەنتەکەم.
وتم : قسەی قۆڕ..
-ئەی تۆ نەتووت ئەگەر هەر کێشەیەک بە پارە حەڵ بێت خۆشە…
بەتەنیشت سپاربانک تێپەڕین…سوێنی خوارد ووتی : ماشێنەکە هەڵدەگەڕێنم ڕاویگرە…چیتر بۆ من پارە مانای نەماوە.
هەرچەندە منیش لە دڵەوە حەزمدەکرد شتێک وەرگرم …بەلام شەرممدەکرد.
ئینجا سامان بە پێکەنینەوە وتی : ئێ برا خۆ هێشتا ئیشم پێت ماوە.
+سامان تۆ دەست بکە بەگیرفانت من تا لای پەتەکە لەگەلتام.
سامان چووە ناو سپاربانک و پارەی کاشی بۆ ڕاکێشام.
کە گەیشتینە لای ماڵیان وتم ئیتر دەبێت بە جێت بهێلم.
وتی : ئارەزووی خۆتە…بەس تووخوودا ئێوارە بگەڕێوە لام چایەک دەخۆیینەوە.
+سامان گیان..ماڵی تۆ دوورە و خۆت دەزانی ئەم ماشێنە بەنزین زۆر دەخوات.
خێرا سویچی سەیارەکەی لێسەندم و وتی : بابچیبن بۆ بەنزینخانە.
تانکی سەیارەکەم لەسەر زەرد بوو…دوبارە لەدڵەوە حەزمکرد پڕی کاتەوە.
هەرچەند بەدرۆ خۆم وانیشاندا کە نابێت…لە پاشان حیزانە بۆی خشام و چووین بەرەو بەنزیخانە.
لەپاش ئەم ڕووداوو سیناریۆیەی بەسەر سامان هات…پێکەوە بووین بە باشترین برادە.
سامان هەر لە حیسابی خۆی حەمامەکەی بۆ کاشی کردم وپەردەی شووشەیی جوانی لە ئاکییە بۆ دانا!.
سەر شاوەرەکەشی گۆڕی کە ئاوی بەجوانی دابەش دەکرد. کە منداڵەکانم لە هەفتەی دوەم لای من دەمانەوە لە خۆشیا ڕۆژی یەک دووجار خۆیان دەشوری…کەچی جاران دەیانووت : باوکمان پیسە!.
چەند ڕۆژێک پێش دادگایی کردنی سامان….سۆزە زەنگی لێدابوو بە سامانی وتبوو: ئیمە دەمانەوێت لەگەل بەختیاری برادەرت قسە بکەین!.
سامان بەمنی وت : بڕۆ بیان بیینە، بەلکو خێری پێوە بێت.
+سامان گیان. خێر لەم خێزانە نابینیت…باشترە دادگا بڕیار بدات.
-نا..ئەمجارە سۆزە زۆر بەنەرمی قسەیکرد و ڕێزی گرتم.
+هەی گەمژە ئەوە مەکری ژنانە و پلانێکیان بەدەستەوەیە.
-تۆ بڕۆ چونکە تۆ زیرەکیت و لەتۆ نابانەوە…من بەرگەی زیندانی ناگرم!.
ژمارەی تەلەفۆنەکەم لە سامان وەرگرت و پەیوەندییم بە سۆزەوە کرد. وتی : سبەینێ لە لە مۆڵی شیستە دەتبینین!.

ئەڵقەی پێنجەم : خاوە وەرگر!.

لە ناو مۆڵەکەی (شیستە) چاوم کەوت بە (سەیران و مێردەکەی و سۆزان). لە قاوەخانەیەک دانیشتین. هەرچەندە سەیران و سۆزان ڕەشیان پۆشی بوو لی دوو خوشکی ناسک و جوان بوون. سووراوی لێویان قاوەیەکی کاڵ، برۆ درێژ و ناوقەد باریک بوون. هەرگیز بەوە نەدەچوون کە پرسەیان هەبووبێت.
مێردەکەی سەیرانش خۆی پێناساندم وتی : من ناوم (ڕزگارە). ئێوە قسەی خۆتان بکەن پاشان منیش دەمەوێت پێکەوە دوو قسە بکەین!.
ڕزگار جێیهێشتین، لام سەیربوو کە ئەم ئەفەنییە بە چاکەت و پانترۆنی گرانبایی دەڕوا بەڕێوە دەلێی کوڕە وەزیرە کەچی تا ئێستا کێشەی سامان و سۆزەشی چارەسەر نەکردووە.
سەیران ڕووی دەمی لەمن کرد و برۆی هەڵتەکاند و وتی : کاک بەختیار لە کەیەوە سامان دەناسیت؟
-لەمێژە دەیناسم و حەزدەکەم هەرچی زووە چی لە دڵتانە بیدرکێنن!.
سەیران : وەک خۆت ئاگاداری چەند ڕۆژێکیتر سامان دادگایی دەکرێت، لەوەبێت سزای تووندش بدرێت….وتمان بۆ ئەوەی سزاکەی کەم کەینەوە و لێیخۆشبین.
-جا ئێوە گەر بتوانن هاوکاری سامان کەن…ئەوە لەمهرەبانی خۆتانە!.
+بەلێ…بەلام ئێمە لەبڕی ئەم پیاوەتییە پارەمان دەوێت.
-ئەگەر پارەتان بوێت…ئیتر پیاوەتی چی!.
سەیران ڕووی لە سۆزان کرد و وتی:سۆزە بۆ خۆت قسە ناکەیت؟ هەموو شتە خەراپەکان بە من مەکە…فەرموو چ ڕاسپاردەیەکت هەیە بە کاک بەختیار بلێ!.
سۆزە درزی مەمکی داپۆشی و بەشەرمەوە وتی : کاک بەختیار ئێمە چیت پێدەلیین تۆ ئەوە بگەیەنە بە سامان…ئێمە لەبڕی خوێنی باوکمان پارەمان دەوێت…بەو پارەیەش دایک و (دانا)ی برامی پێدەردەکەین. چونکە ئێستا ئەوان کەس نییە بە خێویان کات. ئەم هەموو کارەساتە سامان بەسەر ئێمەی هێناوە!.
وتم : لەسەرخۆ…ئێوە هەموو شتتان تێکەڵ کردووە…ئەگەر مۆڵەت بدەن منیش قسەیەک بکەم!.
سەیران چنگاڵی لە کێکەکەی سەر مێزەکە گیر کردوو وتی : بەس باسی ئاشت بوونەوە و لێخۆشبوون نەکەی…ئێمە نامانەوێت ئەو سەروجۆڵاکەی سامان جارێکیتر ببینینەوە.
-گوێبگرن ئێوە بایی ئەوەنەتان تیا نەهێسشتووەتەوە کە ئاتان کەمەوە. بەلام وەک من دەیبینم ئێوە دوو خوشکی جوان ومهرەبانن. کەچی سەرتان لێشێواوە. نازانم کێ هانتان دەدات وپالنتان بۆ دادەنێ…بەلام ئێوە هەڵە دەکەن. من بە تەمەن لە هەردووکتان گەورەترم، دوجار ژنم هێناوە ومنداڵشم هەیە.
سۆزان وتی : ئێمەش منداڵ نین دەزانین چیماندەوێت لە ژیان.
وتم : سۆزان تۆ لەمنداڵ منداڵتری…تۆ لەژیانە شەقت لە بەختی خۆتدا، سامان ماڵەکەی بۆت ڕازاندبوەوە. خاوڵی نوێ ومەتبەخی جوان و دەیان سوپرایزیتر… بەلام تازە هەرچی بلێم کات بەفیڕۆ دانە…لە کۆتاییدا یەک ئامۆژگارییم هەیە بۆ تۆ سۆزان…بڕۆ کەمێک بەدوای ژیانی خۆت کەوە. تۆ گەنجی هاتووی بۆ سوید خۆت فێری زمانەکە بکە و خوێندن بێت یان ئیشێک بدۆزەرەوە…ئەگەر لەم لاتە بەدوای کێشەی خێزان بکەویت دوا دەکەوییت، کاتێ بێدار دەبییتەوە نیوەی عومرت بەزا ڕۆیشتووە. وابزانم سەیران خان باش لە مەبەستم دەگات.
سەیران : تۆ هاتووی ئامۆژاگاریمان بکەیت یان ڕاسپاردەکەمان بگەیەنیت.
-من ڕاسپاردەکەتان دەگەیەنم…بەلام دووشت بزانن یەکەمیان لە کۆتاییدا ئێوە دەدۆڕێن، دوەمش واز لە سامان بهێن با ئەو بەدبەختەش ژیانی خۆی بکات!.
لەم کاتە ڕزگار قاوەیەکی بەدەستەوە بوو هاتە سەر مێز و وتی : سەیران ئێوە قسەی خۆتانکرد؟
+بەلێ…
-زۆرباشە…دە هەڵسن بڕۆن پیاسەی خۆتان بکەن، منیش دوو قسە لەگەڵ کاک بەختیار دەکەم!.
کە سەیران و سۆزان بە کراسی ڕەش هەستانە سەرپێ هەرچی موشتەری هەیە لەو قاوەخانەیە دەیانڕووانییە جوانی ئەو دوو خوشکە.
ڕزگار وتی : کاک بەختیار خۆت باش دەزانیت شەڕی ئەم دونیایە هەمووی لەسەر پارەیە.
-بەلێ…
+زۆرچاکە، کەواتە من درێژەی پێنادەم…من ئاگادارم سامان خاوەنی ڤیلایە، بەلام سەیران و سۆزان نازانن، ئەگەر دوو دەفتەر پارە نەدات بەمن ئەوە سۆزانی لێ ئاگادار دەکەمەوە. ئەو کات دادگا فیفتی فیفتی بەشی دەکات چونکە ژن و مێردن.
-وەلا کاک ڕزگار پێت ناخۆش نەبێت، من کە قیافەی جەنابتم بینی بەم قات و ڕباتەوە وامزانی تۆ دەتوانی کێشەکان چارەسەر کەیت، کەچی تۆ لەوان خەراپتر دەرچووی.
+ئەی ئێستا نەمانووت شەڕی دونیا لەسەر پارەیە. من نە تۆ دەناسم و نەسامان. هەقشم بەسەر کێشەی سۆزەوە نییە.
-ئەی تۆ ئەندامێک نییت لەم خێزانە..تۆ زاوایان نیت؟
+کاک بەختیار تۆ مەحامی سامانیت؟ (وما علی الرسولی الا بلاغ)..کەواتە لەسەر تۆیە ڕاسپاردەکە بگەیەنیت.
-تۆ ئەم عەرەبیە جوانە دەزانییت ئەی بۆچی ویژدانت بەکار ناهێنیت.
لەم کاتە ڕزگارتووڕە بوو، هەستایە سەرپێ و وتی : من قسەی خۆمکرد…تا دوو ڕۆژتر وەلام نەبوو ئەوە پارێزەرەکەی سۆزە ئاگادار دەکەیینەوە لەسەروەت و سامانی برات.
پاشان ڕزگارسەری هێنایە پێش و دەمی خستە بنگوێچکم و بە ئاسپایی وتی : لەبیرت نەچێت دەتوانم تۆش بخەمە زیندانەوە. چونکە بە پێی یاسا نابوو ناڕاستەخۆ پەیوەندی بکەن بە سەیرانی هاوسەرم و سۆزانەوە.
ڕزگار وەک شەقاوە کۆنەکانی بەغدا باڵ کراوە بەناو مۆڵەکەوە شۆڕبوەوە.
لەسەر کورسییەکە دانیشتمەوە…گارسۆنەکە هاتە لامەوە وتی: وەسڵەکەت بۆ بهێنم؟!.
لە دڵ خۆمەوە وتم ئای لەم خێزانە چەند سەیرن پارەی قاوەکەشیان بە مندا!.

بۆ ئێوارە سەردانی سامانم کرد، بە وردی هەمووشتم بۆ گێڕایەوە.
ئەویش سەرێکی باداو وتی : بەخوا لەسێدارەشم بەن. یەک کرۆن نادەم. چونکە ئەمانە چاچنۆکن و تێر نابن.
وتم : ئەی ئەم ڕزگارە کێیە تۆ دەیناسی؟
-بەلێ…بۆ نەگبەتی دەیناسم…ئەو ڕزگارە ڕۆژێک منی بینی بەجڵ وبەرگی ئیشەوە لەناو بازاڕ. بێشەرم هاتە لام و وتی: تۆ کوردیت؟ وتم بەلێ.
وتی : کەس ناناسیت کرێکاری بوێت.
بەزەییم پێ هاتەوە هەفتەیەک بردم بۆ سەرکار…بەلام هەر کەناسیم و زانیم ناخی پیسە لێی دوورکەوتمەوە. چەند جارێک زەنگی بۆ لێدام، والامیم نەدایەوە…لە دواجار لەناو (ئایکییە) بینیم لەگەڵ سەیرانی خێزانی…دەستی گرتم و وتی : وەرە دانیشە خەبەرێکی خۆشم پێیە.
ئەو کاتە بوو وێنەی سۆزانیان نیشاندام. کە رووخساری بە سەیران دەچوو، دەتووت دوو سێون کراونەتە دوو لەتەوە. منیش هەستی سێکسیم بزواو ڕازیبووم کە بگەڕێمەوە (سلێمانی) و سۆزان ببینم وبیخوازم.
+تازە کار لەکار ترازاوە…پێمبلێ چیبکەین؟
-باشترین شت ئەوەیە پەیوەندی بە پارێزەرکەمەوە بکەین و ئەم زانیاریەشی بدەینێ!.
بە پێکەنینەوە وتم : وابڕوا منیش پێویستم بە پارێزەرێک دەبێت.
-تۆ بۆچی؟
+ئەوە نییە کاک ڕزگار هەڕەشەی کردووە ئەگەر خاوەی نەدەینێ بمانکاتە زیندانەوە.
سامان بە ئاسپایی وتی : ئەو ئاگری بن کایە!.
-سامان گیان…هەستدەکەم ئەم (ڕزگارەم) لە شوێنێک بینوە!..


ئەڵقەی شەشەم: (بڕیاری دادگا)

لە هۆڵی دادگای (تنگسرایت) چاوەڕوان بووین ژووری دادوەر بکرێتەوە بچینە ژوور. (سەیران وسۆزان)ش لە هۆڵەکە دانیشتبوون، ئافرەتێکی سوورەی رووخسار هێڵکە قەتێ وپرچ لوولیان لەگەڵدابوو. بە منداڵی بەو پرچ لوولمان دەگووت: سەرسەبەتە!.
ئەوەی جێی سەرسووڕمان بوو (ڕزگار) مێردی سەیران نەهاتبوو. ڕەنگبێ لەسەر کاربێت!.

هەرچەند دوو دڵ بووم لە سلاو کردنێک، بەلام پێم لەجەرگم ناو هەستامە سەرپێ و چۆنی باشییەکمکرد!.
سەیران وتی : ئەگەر دادگا سزای تووندی بەسەر (سامان)دا ئوباڵی لە مڵ خۆی!.
ژنە سوورەکە وتی : تۆ کاک بەختیاری؟
-خۆشحاڵم..
+تۆش خزمی سەیران خانمیت؟
-خزم نین، بەلام ناسیاوین.
هەستمکرد ئەم ژنە سوورە پەیامێكی پێیە بۆم!.
دەرگەی دادوەر کرایەوە. ژوورێکی ساردوسڕ بوو. مێزێکی بازنەیی وکورسی بەدەوریا ڕازاوابوەوە!.
بە ژووری کۆڕ وکۆبوونەوە دەچوو. چونکە پۆلیسی لێنەبوو. وەک لای خۆمان ترس نەچووبوە جەستەمانەوە.
ژنە کارمەندێکی سویدی لەپشتی مێزەکە دانیشتبوو سەرگەرمی نووسینەوە بوو بەرانبەر شاسەی کۆمپیتەرەکەی!.
سەیران و سۆزان دووبارە جڵی ڕەشیان پۆشیبوو.لی ئەمجارە سەرپؤشیان کردبوو، وەک ئەوەی بۆ پرسە هاتبن!.
هەردوو پارێزەرەکە، نە ئەوەی ئێمە نە ئەوەی سۆزان دیار نەبوون.
دەرگەی پشتی کارمەند کرایەوە هەردوو پارێزەرەکە وەک دوو هاوڕێ فایڵ بەدەست هاتنە ڕیز و دانیشتن!.
پاشان ژنە کارمەندەکە وتی: داداگا کرایەوە!.
هەموو هەڵساینە سەرپێ. جەنابی دادوەر بە خەندەیەک کە نیشانەی سلاو بوو لە هەمان دەرگەی پارێزەرەکان هاتە ژوورو ڕووبەروومان دانیشت.
هەستمکرد دادوەرو پارێزەرەکان لە کۆبوونەوەی سێ قووڵی بوونە و بڕیاری خۆیان داوە.
کە ناوی سامان خوێندرایە…سامان هەستایە سەرپێ.
پاشان ناوی سۆزانش خوێنرایەوە.
لەم کات دوو لاوی جوان باڵا بەرزی سویدی هاتنە ژوور و لە گؤشەیەک دانیشتن. لە دەفەرێکدا سەرگەرمی یاداشت نووسینەوە بوون.
من وامزانی ڕۆژنامە نووسن، لی پاشان بۆ ڕوونبوەوە کە دوو قوتابی بەشی یاسان هاتوون پراکتیک بکەن!.
بە کورتییەکەی دادوەر سزای بەسەر (سامان) دەرکرد. کە پێکهاتبوو لە خزمەت کردن لە کۆمیونیتیەک بۆ ماوەی مانگێک!.
ئێمە و سۆزان و سەیرانش سەرسووڕمان بووین بەم بڕیارە.
دادوەر فەرمانی بە ژنە کارمەندەکە کرد کە کەیسی داهاتوو بانگ بکات!.
ئێمە چووینە دەرەوە. سەیران و سۆزانش بە تووڕەییەوە لەچکیان فڕیدا و دوورکەوتنەوە.
پارێزەرەکە بانگی سامان ی کرد و وتی : وەرە بەدوام هەندێک فۆرم هەیە دەبێت ئیمزای بکەیت!.
منیش بەغاردان بەدوای سۆزان و سەیران کەوتم. لەدەرەوە لای پارکی ئۆتۆمبیڵەکان بانگیانم کرد و وتم : دەمەوێت لەگەڵتان بدوێم!.
سەیران : فەرموو…کاک بەختیار..
-حەزدەکەم لەمڕۆ بەدواوە بەردێک بنێنە سەر ئەم کێشەیە و هەرکەس لە ماڵ خۆی!.

سەیران و سۆزان هیچ وەلامێکیان پێنەبوو. بەلام سوورە ژن بە ڕووخۆشیەوە وتی : من تازە لە سلێمانی گەڕاومەتەوە…گەزۆم هێناوە…چەند دانەیەکت بەدیاری دەدەمێ!.
سەیران لچی هەڵهێناو لێمدوور کەوتەوە.
سوورە ژن بەپەڵە خۆی گەیاندە لای ماشێنەکە وچەند دانە گەزۆی سپی کە هێشتا ئاردەکەی وەک تۆز لێ بەردەبوەوە، بەرەو ڕووم هات.
بە خەندەیەکی جوان کە دەتگووت هیچ شتێ ڕووینەداوە. فەرمووی لێکردم و وتی : ببورە کە لەناو لەپی دەستم بۆم هێناوییت!.
بە پێکەنینەوە وەلامیم دایەوە: تۆ شیرینیت بۆ هێناوم…هیوادارم بتوانیت هاوکاری سەیران و سۆزان بکەیت کە بیر لەژیانی خۆیان بکەنەوە.
-ڕاستی من ئەمڕۆکە ناسیانم، چونکە دایکیان لە سلێمانی گەزۆی بۆ ڕەوانە کردوون. مژدەی داخوازی (سۆزان)شم پێیە.
+داخوازی چی، هێشتا ئەو بە ڕەسمی تەلاق نەدراوە!.
-کێشە نییە، دەتوانێت چاوەڕوان بێت…هەر ئێستا لەناو ماشێنەکە مزگێنی دەدەمێ!.
+باوەڕ ناکەم ئێستا کاتێکی باشبێت!.
-بە پێچەوانەوە…دایکی وێنەی زاوای بۆ ناردووە گەنجێکی سحراوییە. هەر کە وێنەکە ببینێ…سامان لەبیردەکات!.

-خوا بکەم وابێت، بەلام من یەک تکام هەیە…خۆت لەو (ڕزگارە) بەدوور بگرە، کە دەکاتە مێردی سەیران.
سوورە ژن هێواش هێواش لێمدوورکەوەتەوە…منیش لەپشتەوە لێمدەڕووانی، لە دڵی خۆم وتم ئەگەر ئاووڕێکم لێبداتەوە مانای وایە حەزی لێمە!.
پێشئەوەی دەرگەی ماشێنەکەی سەیران خان بکاتەوە…ئاوڕیدایەوە و چاوەکانی بوون بە دووربین و نزیکی کردمەوە سەرێکی باداو ولچی لێقرتانم و وەک ئەوەی بلێت خەمی هیچت نەبێت!.
دڵشاد بووم، گەڕامە ژوورەوە. سامانم بینی لەگەڵ پارێزەرەکەی ڕاوەستابوون. چووم بەلایانەوە. دوای سوپاسگووزاری بە پارێزەرەکەم وت : چۆن دەبێت هەر ژنێک بگاتە سوید و لە مێردەکەی جیابێتەوە و ئێوەش ئیقامەی بەنێ!.
وتی : پیاوانش ئەم کارە دەکەن. بەلام ئێستا لە دادگای باڵا خەریکی داڕشتنی یاسایەکی نوێین. کە هەرکەس هاوسەرگیری بکات دەبێت بە لایەنی کەم ساڵێک پێکەوە بژین ئەگەر نا هاوسەرگیرییەکە هەڵدەوەشێتەوە. ئیقامەکەش نادرێت….
لەگەڵ سامان چووینە دەرەوە…
ناوشار پڕبوو لە ڕێبوار…کەسش ئاگای لەم جەنگەی نێوان (سامان و سۆزان) نەبوو. هەرکەس سەرگەرمی کێشەی خۆیبوو!.
لەقاوەخانەیەک سەروقاوەیەکمان کڕی و بەسواری ماشێنەکەم بەرەو ماڵی سامان، کەوتیینە ڕێ!.

لەڕێگە سامان وتی : ئەرێ لەبیرم چوو ئەوە بۆ دەستت بە ئاردە و سپییە؟
دەستم خستە گیرفانم وتم : بخۆ گەزۆی سلێمانی بخۆ!.
-ئەمەت لەکوێ بوو…
+سوورە ژنەکە دایمێ..
-من ساڵێک زیاترە ماڵی سۆزان دەناسم…هەرگیز ئەم خزمەیانم نەبینیوە!.
+ژنێکی ڕووخۆشە و بەلێنیداوە کە کۆتایی بەم کێشەیە بهێنێ!.
-ئەمە تۆ کەی قسەت لەگەڵ کرد؟
+قسەم لەگەڵی نەکردووە، لی بەچاو ئیشارەتی دامێ!.
-بەختیار گیان… تۆ زۆردەزانیت و کەم دەردەخەیت!.

کاتێ گەیشتینە بەردەم ماڵ سامان..هەرچەند سامان هەوڵیدا دابەزم و میوانبم…وتم ئەمجارەیان نایەمە ژوور، ئیتر بەسە سەریەشەی تۆ و سۆزان تەواوبوو.
دەستی گرتم و وتی : ڕاستی دیارییەکم بۆ داناوییت دەبێت بێیتە ژوور.
ناچار و بە حەزو شەرمەوە لە ماشێنەکەم دابەزییم و چووین بەرەو دەرگەی ماڵ سامان.
هەر کە دەرگەکەمان بینی شکاوە یەکسەر هەستمانکرد شتێک ڕوویداوە.
بە ئاسپایی چووینە ژوور…ماڵەکەیان گسگ دابوو.
سامان سەیرێکی کردم و وتی : خۆزگە ئەمڕۆ دز نەدەهاتە ماڵم…چونکە دیارییەکەی تۆشیان بردووە.
-دیاری چی …خۆ تۆ ماڵەکەت دزراوە…ئایە پارەی کاشت هەبوو لەـاڵەوە.
+نەخێر…بەلام هەستدەکەم ئەوەی ئەم دزییەی کردووە، زانیوویەتی من لەـماڵ نابم.
-حەتمەن…پلانی بۆ داڕشتووە. ماڵەکەشت بە پیکابێک بارکراوە.
+چیبکەین…
-دەست لەهیچ مەدە…زەنگی پۆلیس بکە و بابێن ڕاپۆرتی خۆیان بنووسن.

لەچاوەڕووانی پۆلیس بووین.
سامان وتی : بەختیار گیان…هەرچەندە دزییم لێکراوە، بەلام هەر هەست بۆ خۆشییەک دەکەم کە ئەمڕۆ ئازاد کرام و لە کۆمینیەتیەک خزمەت بکەم.
-ڕاستدەکەیت …مانگێک چییە…کات خێرایە…
+ئەوەش دڵخۆشی کردم کە ڕزگار مێردی سەیران نەهاتبوو بۆ دادگا!.

-دەزانیت من ئێستاش هەستدەکەم ئەو ڕزگارەم لە شوێنێک بینوە!.

+ منیش هەستدەکەم ئەم ماڵەم بۆنی ئەو ڕزگارەی لێدێت….ئەها بەسەری تۆ بۆنی دەکەم..
بە پێکەنینەوە وتم : بۆ تۆ لە ڕەگەزی سەگیت؟
سامان بە بۆنکردن ژوور ژوور گەڕا…منیش خەریک بوو بدەم لە قاقای پێکەنین.
وتی : گاڵتەت پێ نێت…ئەو ڕزگارە کە لەگەل من کاری دەکرد بۆنێکی پیس و تایبەتی لێدەهات…هێستا بۆنەکەی لە ماڵەکەمدا ماوە!.
هەستێکم ڕاگرت…وتم : تۆ ڕاستدەکەیت..هەندێک لە پێست ڕەشە ئەفریکیەکانش بۆنیان دێت…کەواتە ئەمڕۆکە ڕزگار لە جیاتی بێتە دادگا هاتووە بۆ ماڵی تۆ؟
-ئەی چۆن ئەمە بە پۆلیس بلێین؟
+ئاسانە بە پۆلیس بلێ من لە ڕەگەزی سەگم و بۆنی ئەو کەسە دەکەم.
-ئەگەر باوەڕش نەکەن هەردەیلێم…
لە کۆتاییدا وتم : سامان گیان ….من نازانم ئەم دزییە ڕزگار کردوویەتی یان نە؟ بەلام ئەو ڕزگارەم لەشوێنێک بینیوە!.

ئەڵقەی حەوتەم: بۆن کردن!.

ماشینی پۆلیس گەیشتە بەردەم دەرگە. بۆ چەند چرکەیەک پۆلیسەکە لەناو ماشێنەکەی سەرگەرمی داتەکەی بوو. ئینجا بە دەفتەروقەڵەمێک هاتە ژوور و وتی : خۆ دەستان لە هیچ شتێ نەداوە؟
-نەخێر…
پۆلیسەکە مەتبەخ و ژوورەکەی پشکنی و سەیری دەرگە شکاوەکەی کرد و وتی : چییان لێت دزیوە؟
سامان وتی : هەموو شت…تەڵەفزیۆن و ڤیدیۆ و لاپتاب و کامیراو تاخم چەقۆ و بڕێک وێنەی سیرامیک…لەگەڵ دیارییەکی گرانبایی کە دوێنێ بۆ ئەم برادەرەم کڕی بوو بیکەم بە سوپرایز!.
+دیارییەکە چیبوو؟
-لاپتابێکی نوێ لەناو باکسەیبوو!.
+پسووڵەکەیت ماوە!.
-نەخێر، چونکە پسووڵەکەییم لەسەر باکسەکە دانابوو. بەلام لە کۆنتۆکەم نیشان دەدا کە لە (سیبە) پارە دەرکراوە!.

پۆلیسەکە چاوێکی بە پشتی خانووەکە گێڕا…پاشان چووە دەرەوە. لە کۆلان هەندێک سووڕایەوە.
چاوی بڕییە سەر کۆلانەکە کامیرایەک بەسەر باڵا خانەیەک هەڵواسرابوو.
پۆلیسکە چووە ناو ماشێنەکەی و پەیجەری بۆ سەنتەر کرد.
گەڕایەوە لامان و وتی : هیچ پێویستیەک دەوێ؟ گومانت لەکەس هەیە.
سامان وتی : شتێک دەلێم بەلام ئەمە جۆک( ) نییە…کەسێک هەیە کات خۆی چەند ڕۆژێک لەگەلم کاری کردووە وماڵم پێدەزانێت. پاشان بووەتە ناسیاوم بۆنی لەش و پێستەی ئەو دەکەم!.
-کەواتە تۆ هەستی بۆنت بە هێزە؟
+بەڵێ…ئەو کەسە ناوی ڕزگارە…ماڵی نزیک بە مۆلی شیستەیە…من و ئەم برادەرەم ئەمڕۆکە لە دادگا بووین…گومان لەودەکەم و ئەو بە کات و شوێنم دەزانێت بەلام هیچ بەڵگەیەکم نییە.
-لە داتەکەم ناوی تۆم دەرهێناوە و زانیاریم هەیە، بەلام ئەم بۆنەی تۆ بەڵگە نییە کە بتوانین لێکۆڵینەوە لە ڕزگار بکەین!.
لەناکاو دوو پۆلیسی ترش پەیدا بوون. پاش ئاخافتن لەگەڵ یەکتر.
بە سامانی برادەرمیان وت سبەی وەرە بۆ سەنتەری پۆلیس لە (ئینخێدە ).

منیش بە سامانم وت ؛ دەبێت بڕۆم…ئەگەر دەشتەوێت بێیت بۆ ماڵم سەرچاو.

-نەخێر…لەمەو دوا تۆ ئەزێت نادەم…بەلام خەم لە دیارییەکەی تۆ دەخۆم.
بە پێکەنینەوە وتم : کوڕی باش پارەکەت بدایە بەخۆم باشتر نەبوو.
سامان پێکەنی و وتی : من تا مردن قەرزاری تۆم.
-دەباشە قەرز کۆن دەبێت، بەلام لەبیر ناکرێت…

ماڵی سامانم بەجێهێشت. لەسەر کۆلانەکە بینیم پۆلیسەکان چوونە ناو باڵە خانەکەوە. بۆمدەرکەوت کە دەیانەوێت سەیری کامیرا بکەن تا بزانن بە چ ماشێنێک ماڵەکەی سامان بار کراوە!.

داتەی ماشێنەکەم داگیرسان بە نیازی کاری تاکسی. کەچی لەناکاو سوورە ژن هاتە خەیاڵم. دەستم برد بۆ گیرفانم هێشتا یەک دانە گەزۆی تیا مابوو. وتم ئەمشەو لەماڵ دەیخۆم.

شەو درەنگ زەنگی تەڵەفۆنەکەم لێیدا. وەلامم دایەوە. دەنگێک وتی : دەمناسیتەوە؟
+بەخوا برا من کۆڵەوارم دەنگ ناناسمەوە…بەلام دەنگی تۆ غەریب نییە!.
-من ڕزگارم…مێردی سەیران..
+بەلێ فەرموو…
-دەتوانم بەیانی زوو بتبینم!.
+بەسەرچاو کاتژێر چەند باشە؟
-حەوتی بەیانی زوو…
+خێر…بۆ وازوو..
-زۆر گرنگە..تکایە بتبینم…
+بەسەرچاو…ناکرێت ئێستا بە تەڵەفۆن پێملێیت!.
-نا ناکرێت…
+ باشە دەتبینم…

ئەم دەنگەی ڕزگار لە گوێچکم دەزرینگایەوە…دڵنیا بووم ئەم ڕزگارەم لە شوێنێک بینیوە و دەنگەکەی غەریب نەبوو!.
زڕ خەوبووم…کەچی دووبارە زەنگێکیتر بۆ هات…خۆشبەختانە ئەم جارەیان سوورە ژن بوو!.

ئەڵقەی هەشتەم : ڕزگار دەکەوێتە زیندانەوە!.

لە کافتریاکی نزیک بە تونێڵ بانەیەک لەگەڵ ڕزگارم بینی. ڕزگار پەشۆکا و ناڵەبار دیاربوو!.
بە ترسێکەوە وتی : هەواڵی کاک سامان چییە؟
-ئەویش باشە…بەلام تووخوا سەرم مەیەشێنە چی بووە و پێم بلێ!.
+ئاخر نازانم چۆن پێتبلێم…
-تۆ دەتوانیت هەمووشت بلێیت بێ شەرمیت..
+ تکا دەکەم کاک بەختیار ڕق و کیینە لەدڵت دەرکە تا بتوانم لەگەڵت بدوێم!.
-سەرچاو گەرموو…
+ دەکرێت تۆ دوا دەنگ وباسی (سامان)م پێ بلێیت؟
-هەتیو خۆ ئێمە ژن ومێرد نیین…دوا دەنگ و باسی خۆشت دەیزانی کە دوێنێ دادگا بڕیاری چیدا..

(لەم کاتە هەستمکرد کە مەبەستی ماڵ دزیینەکەیە)
+ من دوێنێ لای مەغریب پۆلیس تەڵەفۆنی بۆ کردم و دەیانەوێت ئەمڕۆکە کاتژمێر نۆ بمبینن!.
-نەیانووت…بۆچی دەیانەوێت بتبینن؟
+ بەلێ دەیانەوێت بزانن من لە کاتی دادگایی کردنی (سامان) لە کوێ بوومە!.
-زۆرباشە…دوایی..
+ دوایی چی…من تووزانم بلێم لە کوێ بوومە!..
-ڕزگار تۆ شێت بوویتە یان شێتم دەکەیت….دەبینم هەموو گیانت دەڵەرزێ چی هەیە وەک هێڵکە پاکی کە بیکە دەستم…شێروگورگم بۆ مەهێنەوە چونکە خۆت دەزانیت من متمانەت پێت نییە و دەترسم داوای پارەیترمان لێ بکەیت..

+ بەختیار گوڵەکەم پێویستیم بە یارمەتیتە…ئابرووم چووە!.
-چیبووە بڵێ..یارمەتیت دەدەم..
+زۆرباشە…من من من ئەزموونم هەیە لەگەڵ پۆلیس وئەوشتانە…پۆلیس و حکوومەت کەروێشک بە عەرەبانە دەگرن…دوێنێ من هەڵەیەکم کردووە.
(ئیتر دڵنیا بووم کە ڕزگار دزەکەیە)
-هەڵەی چی…
+ کاک بەختیار…هەستدەکەم تۆ بە هەمووشت دەزانیت… چونکە چاوەکانت دەخوێنمەوە؟
-چییت خوێندەوە؟!
+ هەموو شت…
-کاک ڕزگار من لەوساوەی تۆم بینیوە گومانم لا دروست بووە کە ڵەشوێنێک جارێک لە جاران یەکترمان بینیوە؟!
+باوەڕ ناکەم…بەلام با بێینە سەر کێشەکەی من چونکە کاتم زۆر بەدەستەوە نییە.
-بیلێ…
+ خۆتدەزانی مرۆڤ هەڵە دەکات….ڕووداوەکەی دوێنێ من بوومە…
-کام ڕووداو؟
+ ئەوەی ماڵی کاک سامان!.
(هەستێکم ڕاگرت و تاوێک بێدەنگ بووم…نەمویست چیتر خۆم لە گێڵی بدەم)

-دەزانم باسی چیدەکەیت…من چیم پێدەکرێت، ڕەنگبێ پۆلیس شوێن پێی تۆی دۆزیبێتەوە!.

+بەلێ…دڵنیام..پۆلیس لەسەرخۆ کار دەکەن….بەلام لە پۆلیس گەڕێ…من دەمەوێت پەیوەندی بە کاک سامان بکەیت کە ئامادەم هەموو شتەکانی بۆ بگەڕێنمەوە بە زیادەوە، ئەگەر لای پۆلیسش کەشف بووم ڵە کەیسەکەم خۆشبێت…چونکە خۆتدەزانیت (سەیرانی) خێزانم بەمە بزانێت لێم جیادەبێتەوە.
بە بزەی پێکەنین وەڵامیمدایەوە : کاک ڕزگار ماشالا بەڕێزتان پێویستی بە ئامۆژگاری من نییە…خۆت چاکدەزانیت ئەگەر خۆت بدەیت بەدەست پۆلیس و ڕاستییەکان بدرکێنی و هاوکارییان بکەیت، دادگا سزا کەمتر دەکاتەوە. بۆ مەسەڵەی (سەیران)خانمی هاوسەرت تووبڵێی تا ئێستا تۆی نەناسیبێت و نەزانێت چەند موو بە قوونتەوەیە!..

+ بەڕاستی کاک بەختیار تۆ قسەت زۆر ڕەقە، لەجیاتی ئەوەی ئێستا من کەوتوومەتە نا وکێشەوە و هاوارم بۆ هێناوییت کە هاوکارییم کەییت لەم غەرییبیە، کەچی پێمڕادەبوێریت!.
-کاک ڕزگار..تۆ وشەی (کارما) دەزانیت مانای چییە بە زامی سوێدی؟
+ هەرچەند باشدەزانم مانی چییە، بەلام باوەڕم پیی نییە!.

دەمویست بدەم لە قاقای پێکەنین، بەڵام نەدەکرا لەناو کافتریاک هاوارکەم و بڵێم خەڵکینە فریام کەون…
بەئاسپایی لە بن گوێی چرپاندم : لەبیرتە…یان بەبیرت بهێنمەوە…کە نابێت ناڕاستەخۆ پەیوەندی بە دزەوە بکەیت…چونکە بەپێی یاسا ناڕاستەخۆ دیدار وگفتوگۆ لەگەڵ تۆ تاوانە!.
+ قسەی قۆڕ…من لەتۆم ڕادەبینی هاوکارییم کەیت…
-باشتریین کردارو هاوکارییم ئەوەیە کە بچییتە لای پۆلیس دان بەتاوانەکەتە بنێیت، لەبیرت نەچێت کامیرایەکش لەسەر باڵەخانەکەی سەر کۆلانەکەی ماڵی سامان هەبوو!.
+ئەوە بەڕاستە…من زانیم پۆلیس بەڵگەیەکیان بەدەستەوەیە….تووخوودا…تووسەری منداڵکانت با ئەم ڕووداوە کەس پیینەزانێت و هاوکارییم کە…لە کۆتاییدا هەموومان کوردین..

-هەستە بابڕۆین و خۆت بدە بەدەستەوە…بەلام ئایە شتەکان ماوە، چونکە دیارییەکی منی تیابوو.
+ نازانم …من.. لەگەڵ کابرایەکی (ئەڵبانی) دزییەکەم کردووە…تا دوێنێ شتەکان لەناو (ڤانەکەی) بوو!.

ڕزگارم گەیاندە بەردەم سەنتەری پۆلیس و بەجێم هێشت…گەڕامەوە ماڵ کە خۆم بشۆم …چونکە نیوەڕۆ ژووانم لەگەڵ (سوورە ژن) هەبوو لەسەر شەقامی (کینگس گاتان). بەلام لەبەرئەوەی زۆر مانوو بووم…وتم کەروێشکە خەوێک دەکەم پاشان خۆم دەڕازێنمەوە بۆ ژووانەکەم.

خەو بردمییە تا دوای نیوەڕۆ ( سامان ) زەنگی لێدا و وتی : ئەوە تۆ لە کوێی…ئەم بەیانییە لای پۆلیس بووم…هەواڵی خۆشم پێیە.
وتم: دەزانم..
+چی دەزانییت؟
-دزەکەیان گرتووە…
+ دزی چی…باسی چیدەکەیت؟ خەوتووی…کەی بتبینم؟
-کاتژمێر چەندە؟
+لەدەوری یەکی نیوەڕۆ..
-چیی…بەڕاستە…من ژووانم هەبوو، بەزاتی خوا لەدەستمچوو ئابرووشم چوو..
+ ئەوە چییە خەونت بینیوە؟ بەختیار گیان من وادەچم بۆ تونێڵ بانە و تا نزیک ماڵتان دێم…

سامان بەرەو ماڵم دەهات…
منیش بەدوای ژمارە تەلەفۆنەکەی (سوورە ژن) دەگەڕام تا زەنگی بۆ لێدەم و داوای لێبووردنی لێبکەم!.


ئەڵقەی هەشتەم:

زەنگم بۆ ( سوورە ژن ) لێدا وەلامی نەبوو!.
پاشئەوەی دوشم گرت و تراشمکرد، سامان گەیشتە ماڵم.
سامان وتی : سبەی دەبێت بچم بۆ شارەوانی تا بزانم بۆ کوێ دەمنێرن!.
-مەبەستت بۆ سزای دادگاکەیە…زۆربەی کات دەتاننێرن بۆ پاککردنەوەی پارک و شەقامەکانی شار…ئەی چیتکرد لەگەڵ پۆلیس؟
+ پۆلیسەکان ئەوەنددەی پەرۆشی لێکۆلینەوەی لووتم بوون…هیچ هەواڵێکیان پێنەدام بۆ ماڵەکەم!.
-لووت …هەتیوو ئەوە تۆ باسی چیدەکەیت؟
+ ئەی من بە تۆم نەگووت…لە بۆنکردن بەهێزم و بۆنی لەشی ڕزگار دەکەم.
-شەنست هەیە، (سەیران) خانم گوێی لەم وتەیەت بێت، گومانی لەلا دروست دەبوو..
+ کاتی شۆخیکردن نییە…با پێت بلێم پۆلیسەکان بەداوای لێبووردن و ڕێزەوە تاقییانکردمەوە!.
-بەچی تاقییانکردییەوە؟
+بە سوخمەی ژنێک!.
-کورە هەتیوو..فشە فش مەکە..
+ دەزانم..باوەڕناکەیت…پۆلیسێکی ژن لەوێ بوو هەرکە گوێی لە کەیسەکەم بوو، بە پێکەنینەوە دەستی خستە نێو کراسەکەیی و سوخمەکەی داکەند و وتی : تووڕە نابیت…ئەم سوخمەیە باشترین تاقیکردنەوەیە. بۆنی سوخمەکەم کرد. بۆنی پێستی کچێکی عازەبی لێدەهات…هەستمکرد ئەم ژنە هەرگیز منداڵی نەبووە..

-باشە ئەوە تۆ ئەو هەموو ئەفسانەیە لە کوێ فێربوویتە؟
+ لەبیرتە پێمووتی من هەموو کارەم. باوەڕکە خوا ئەم بەهرەیەی پێشکەش کردووم….پاشان سوخمەکەیان لە ژووری جڵ گۆڕینی پۆلیسەکان شاردەوە…منیش هەر بە بۆن دۆزییمەوە. هەر هەموو پۆلیسەکان چەپلەیان بۆ لێدام…وتیان : تۆ لەگەڵ سەگ ژیاوییت؟
-باوەڕناکەم…
+ ئارەزووی خۆتە…با پێت بڵێم، لووتی مرۆڤش هەروەک گوێچک و زمان وایە..پێویستە بەکار بهێنرێت…ئایە تۆ تا ئێستا ناتوانیت بۆنی سێو و پرتەقاڵ لە یەکتر جیاکەیتەوە؟
-هەموو کەس هەندێک بۆن هەیە لەیەکتری جیادەکاتەوە…وەک بۆنی ماسی،سیروپیاز..
+ باشە قەد لەخۆت پرسیوە بۆدەتوانی ئەو بۆنانە لەیەک جیاکەیتەوە، چونکە لەمنداڵییەوە فێرکراوییت…بووەتە کارێکی سرووشتی.
-مەبەستت چییە؟

+ مەبەستم ئەوەیە کە منداڵی فێری هەستەکان دەبین، لەگەڵ ڕۆژگارهەندێک لەو هەستانە پشت گوێ دەخەین هەر بۆیە ئەو هەستە لەدەست دەدەین…وەک بۆن یان بیستن…هەست ناکەیت نابینایەک هەستەکانی بەهێزترە لە چاو ساخێک؟
-ئافەرین…دکتۆر سامان…تۆ ڕاستدەکەیت…منیش ئەگەر ئەوە هەستەی تۆم هەبوایە، ئێستا ئەو (ڕزگارەم) دەناسییەوە!.
+ ئەرێ ڕزگار دەنگی نییە…ئەو سەگبابە داوای خاوەی لێدەکردم.
هەتا پێمکرا دام لە قاقای پێکەنین و خۆم پێڕانەدەگیرا….سامان وتی : بەچی پێدەکەنی؟

لەپێکەنینا چاوم ئاویکردبوو. بە سامانم وت : ئەمجارەیان نۆبەی تۆیە کە خاوە وەرگریت!.
+ مەبەستت چییە و چی ڕوویداوە؟

هەموو شتم بۆ سامان گێڕایەوە…سامانش کەوتە سەما کردن و پێکەنین.
+باشە ، بەختیار ئێستا ئێمە چێبکەین…پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەین؟
-شێت بوویتە خەلکی لەدەست پۆلیس ڕادەکا…سەبرت هەبێت..

+ دەبا ئەوەشت پێ بڵێم…بەلام لای کەس نەیدرکێنی…دوای ئەوەی سزای مانگەکەم لە کۆمیونیتی تەواو کرد…پۆلیس داوایان لێکردووم ئیش لەگەڵیاندا کار بکەم.
– دەبیتە موتەرجم؟
+ ئیشی بۆنکردن…دەبمە سەگی پۆلیسی..

دووبارە هەردووکمان پێکەنین ….و وتم : ڕادەبوێریت؟
+ نەخێر بەڕاستمە…بەلام پێمووتن بیری لێدەکەمەوە.
-ئاسانترین ئیشە، بۆ خۆت هەر بۆنی سوخمە و مەمان بکە!.

لەم کاتە زەنگی تەڵەفۆنەکەم لێیدا…خێرا وەڵامم دایەوە. سوورە گوڵ بوو. هەر کە داوای لێبووردنم لێکرد…ئەویش وتی : بە قسەکانت هەستدەکەم کەسێکی ڕاستگۆت…با ئێوارە یەکتر ببینین.
وتم : من میوانم هەیە…کاک سامان لە ماڵمە.
+ جا کاک سامان هاوشارییمە، ئەویش لەگەڵ خۆت بهێنە.
-بۆ کوێ بیهێنم؟
+ چێشتم لێناوە…هەردووکتان وەرن.
-نا ئەزێتت نادەین..
+ وادیارە گەزۆکان کاریگەری نەبووە..

بە پێکەنیەوە وتم ؛ ئەو گەزۆیانە لەبیرناچنەوە.

لای ئێوارە( من و سامان ) بە دوو قۆڵی بەرەو ماڵی سوورە ژن یان سوورە گوڵ بەڕێکەوتین.
پێشئەوەی بگەینە بەردەم شوقەکەی ماڵی سوورە گوڵ…سامان وتی : هەستدەکەم ئەم ژنە بۆت لێدراوە…با من نەیەمە ژوور…بەڵکو تۆ چالاکی خۆت بکەیت.

-پێشم کەوە…ژن درەنگ خۆیان دەدەن بەدەستەوە…هەرکە (تەڵەکە) گرتی ئیتر ماڵی دەبن.
+ ئاخر ئەو گەزۆ هێنان و بردنە شتێکی تیایە!.
-تێیدایە…
لەگەڵ سامان بە پەیژەکان سەردەکەوتین…سامان یەک دووجار هەڵوێستەیەکی کرد و بۆنی هەڵمژی و وتی : دۆڵمەی لێناوە.
سوورە گوڵ دەرگەی کردەوە…وەک جاران دەم بەخەندە و ڕووخساری خۆشەوە بەخێرهاتنی کردین. شووقەیەکی بچکۆڵانەی هەبوو..هەرچەندە پەنجەرەکانی کردبوەوە…بەلام بۆنی دۆڵمە شێتی کردبووین.
پاش بەخێرهاتن لێمانی پرسی : حەزدەکەن سەرەتا نان بخوێین یان چای بخوێینەوە.
وتمان : بە ئارەزووی خۆت…
گوڵە سوور چووە مەتبەخەکەوە…سامان وتی : بیخوازە شازی ژنە.
بە بزەی پێکەنین و شەرمێکەوە هەستامە سەرپێی و وتم : گوڵێ یارمەتیت ناوێت؟

+ بەلێ، کاک بەختیار پێویستیم پێت دەبێت…ئەگەر بتوانیت مەنجەڵێک پڕ لە دۆڵمە هەڵڕێژییە سەر سینیەک؟
-بەلێ دەتوانم…
+ دەکەواتە من و تۆ کێشەمان نابێت…

ئیتر پێکەنین بوو بەگریان…دڵ کەوتە لێدان.

ئەڵقەی نۆیەم : بەرەو سوید!.

لەگەڵ چایی خواردنەوە (سوورە گوڵ) بۆی گێڕایینەوە:
مێردی پوورم لەسەر شەقامی بەختیاری دوکانی چەرەزات فرۆشی هەیە، گەزۆیەکی تایبەتی هەیە کە پوورم دروستیدەکات. بەلام تا ئێستا ئێمەش نهێنی ئەو تامە خۆشەی نازانین، بێ فڕت وفێڵە.
دایکی سۆزان و سەیرانشم لەوێ ناسی. هەر کە زانی من دەگەڕێمەوە بۆ (سوید)…فرمێسکی ڕشت و وتی : بەساقەی ئەو خاڵە جوانانەی سەر ڕوومەتت بم…کیسەیەک گەزۆ بۆ کچەکانم بەرە لەگەڵ خۆت.
هەر لەوێش وێنەی ئەو لاوە جوانەی نیشانمدا کە بۆ سوزانی کچی ڕێکخستبوو!.
لەم کاتە (سامان) سەریسووڕمابوو، پرسی : مەبەستت سۆزانی منە؟
دەستی (سامان)م تووند گووشی و وتم : ئەو چۆڵەگەیەی ناو دەستت هی تۆیە…ئەوانەی سەر درەختەکە دەدەن ڵەفڕین.

سوورەگوڵ وتی : ببورە کاک سامان، ڕاستی من وامزانی کاک بەختیار هەموو شتی بۆ باسکردووی…ئاگاداری سۆزان داخوازی هاتووە.
سامان بە پێکەنینەوە : جا ئەو هێشتا لە سەر کاغەز هاوسەرمە…نە من دەتوانم ژن بهێنم نە ئەو دەتوانێت شوو بکات، تا کاغەزی جیابوونەوە نەگاتە دەستمان.
-سامان گیان…ئێستا ئەگەر (سۆزە) شوو بکات تۆ ئیرەیی پێ دەبەیت؟
+ نەخێر..وەها لەبەرچاوم کەوتووە نامەوێت بیشی بینمەوە…بەڵام خەم لەوە دەخۆم کە بە پارەی من گەیشتە خارج و بەگژ منیشدا چوەتەوە.
سوورەگوڵ بە پێکەنینەوە وتی : ئەگەر زاوا هاتە سوید، پێیبلێ کە چەندە قەرزارتە.
منیش وتم : سامان…ئەگەر ژن ومێڕد جیابوونەوە. ژنەکە شووبکاتەوە ئیتر کێشەکە تەواودەبێت!.

گوڵەسوور وتی : ئەی ئەگەر پیاوەکە ژن بهێنێت؟
-ژنی یەکەم بەدوای پلانێک دەگەڕێت کە تۆڵەی خۆی کاتەوە.
گوڵە سووور: ئای کە وانییە…من مێردەکەم حەزی چووە ژنێکیتر…سەرەتا زۆر پێمناخۆش بوو، ژیانم بووبوو بە دۆزەخ. کەچی لەپاش چەند مانگێک هەستم بە ئازادی خۆم کرد و مێردەکەم لەبیر خۆم بردەوە..
سامان وتی : ئەی تۆ کاک بەختیار. کە ژنەکەت لێت جیابوەوە و شوویکردەوە. هەستت بەچیکرد؟
-هاوسەرەکەم حەقی خۆیی بوو لێم جیابێتەوە، چونکە من ڕاستگۆ نەبووم لەگەڵی…بەلام لەو ڕۆژەوەی شووی کردووە نامەوێت نە خۆی نە مێردەکەی ببینم!.
+ بۆچی…
-واهەستدەکەم..خانووەیەکم هەبوەو و کرێچییەک داگیری کردووە.
لەم کاتە سوورەگوڵ وتی : واز لەقسەی زڵ بهێنن، لەم گەزۆیە بخۆن و خەفەت مەخۆن.
سەروگەزێکمان لە گەزۆکە دا.
سوورەگوڵ : سامان گیان کەس نازانێت خێر لە چییە؟ تۆ دوعا بکە سۆزە شوو بکات.
سامان : من حەقم بەسەرییەوە نەماوە!.
-دەزانم…با پێت بڵێم…دایکی (سۆزان) زۆرزانە…پلانی داناوە خانووەکەیان بفرۆشن..خۆیی (دانا)ی کوڕی و (سۆران)ی زاوایان بە قاچاغ بێن بۆ سوید!.
سامان : ئەگەر باوکی سۆزە بمایە هەرگیز قەبووڵی نەدەکرد ئەو خانووە بفرۆشن.
سوورەگول : تەنیا ئەو خانووە نییە، پارچە زەوییەکی تریان هەیە لەپشت (معمل شەکرەکە) ئەویش دەفرۆشن.
سامان : هەرچی دەفرۆشن کێشەی من نییە، بەلام یەک تکام هەیە کە تۆ هاتوو چۆیان دەکەیت با (دانا) نەهێنن بۆ سوید. چونکە من دانا باش دەناسم بەرگەی غەریبی ئەم ژیانە ساردوسڕەی سوید ناگرێت.
سوورەگوڵ : ئیتر بڕیاریان داوە…لاموابێت قسەکەی تۆ ڕاستە…سەیران بەدرۆ و دەڵەسە (دانا)ی برای ڕازی کردوە.

منیش بە تەنزەوە وتم : واز لە دانا بهێنن…ئەم کاک (سۆرانە) دووشەشی بۆ دەرچووە.
سامان : ئەمەیە کە دەلێن کێ کردی و کێ خواردی..
هەموو بەپێکنینەوە وتمان : مام حاجی (باوکی سۆزان) کردی و زاوا خواردی!.
سامان : ئێستا هاتە یادم…(دانا) دەیگووت هەموو سویدم لەسەر تاپۆ کەن ناچم، چونکە ئەو (ڕزگار)ی زاوامانی لێێە.
وتم : زۆر ڕقی لە ڕزگار بوە…نەتزانی لەبەرچی؟
سوورەگوڵ قسەکەی پێبڕییم و وتی : دەزانیت ئەم کاک ( ڕزگارە) کەرکووکییە…من لە سەیران خانم پرسی کە چۆنچۆنی یەکتریان ناسیوە؟ وتی لەکەرکوک!.
منیش بە سەرسووڕمانەوە وتم : کەرکووکی…دەڵێم لە شوێنێک بینیوومە!.
سامان : لە کوێ بینیووتە؟
-خەریکە بێتەوە یادم…لێمگەڕێن با بیرکەمەوە!.
گوڵەسوور وتی : تۆ ڤیتامین (ب ١٢) کەمە …پێویستە بچییتە لای پزیشک.

بە پێکەنیینەوە وتم : ئەی گەزۆکان تۆ ڤیتامین (ب١٢) تیا نییە؟
سامان وتی : بەختیار گیان…تکایە بیرکەرەوە منیش دەمەوێت بزانم ئەم ڕزگارە کێیە؟!
سوورەگوڵ وتی : سەیران خان، دەیگووت (ڕزگار) زمانی عەرەبی و تورکی فارسی فووڵە!.
لەم کاتە هاتەوەیە یادم کە لە (هەیئەی کەرکووك) زیندانی بووم ئەم ڕزگارە موتەرجم بوو!.
بە هاوار و ناڵیینەوە ئاگام لەخۆم نەمابوو وتم : بەلێ ئەمە موتەرجمی دائیرەی ئەمنی کەرکووک بوو…
+موتەرجمی چی ؟ بۆ تۆ زمانی عەرەبی نازانیت؟
سوورەگوڵ : کاک بەختیار ئەم تۆ زیندانیش کراوییت!.
وتم : بەڵێ زیندانی کراووم…لەدوای ڕاپەڕیینەوە زۆربەی گەنجانی سڵێمانی بەزمانی عەرەبی باش تێناگەن…من لە زیندانی فێری ئەو زمانە بووم.
سامان وتی : دەکەواتە ئەم ڕزگارە دەستی لەگەڵ موخابەرات هەبووە!.
وتم : بەڵێ…ئێستا هاتەوە یادم..ئەم ڕزگارە چاومانی دەبەست ئینجا چاوپێکەوتنی لەگەل دەکردین. بەلام دەنگەکەی ئێستا لەنێو گوێچکما دەزرینگێتەوە.
سامان وتی : ئەم ئیشانە تەنیا لەو کوڕە دەوەشێتەوە.
سوورەگوڵ : زۆر هەوڵمدا بە سەیرانی دەرخەم کە چۆن شووی پێکردووە؟ کەچی وەلامی ڕاستی نادامەوە.

لەم کاتە (سەیران) زەنگی بۆ سورە گوڵ لێدا و وتی : مێردەکەم (ڕزگار) لەزیندانە و نەگەڕاوەتەوە…دەتوانیت بێیت بۆلام پێویستیم بە یارمەتیتە.
سوورە گوڵ : لەسەرچی زیندانی کراوە؟
-لەسەر دزی…
+ جا ئەوە مێردی من بێت…تەلاقی دەدەم.
-ئاخر من منداڵم لەگەڵی هەیە ناتوانم..
+ دەباشە پێمبلێ من چیم پێدەکرێت…؟
-تۆ زۆرشتت پێدەکرێت بە تەڵەفۆن ناکرێت پێت بڵێم…یا وەرە بۆلام یان دێم بۆلات.
-دە تۆ پێمبلێ چی بە من دەکرێت؟
+ تۆ کاک بەختیاروسامان دەناسیت؟
-بەلێ…
+ دە ئیشکەمان لای کاک بەختیارە..
-جا ئێوە پێش من بەختیار دەناسن، بۆ خۆتان ناچن بۆلای؟
– گوڵە سوور…ئەی تۆ نەبووی گەزۆت دا بەو (بەختیارە) چاو حیزە.

هەموومان دامان لەپێکەنین.

ئەڵقەی دەیەم : ماڵی سەیران و سۆزان!.

دوای ئەوەی دایکی سەیران و سۆزان لەگەڵ (دانا و سۆران) بە قاچاغ گەیشتنە سوید…هەموویان لەماڵی سەیران کۆ بووبوونەوە.
سەیران زۆر دڵخۆشبوو…بەتایبەت کە (سۆران)ی زاوایانی بینی حەپەسا بوو لەجوانی ئەو کوڕە قۆزو سەرخڕە ، زوو دەچووە لای سۆزان و دەیگووت : ئەمە چییە، ئەم کوڕە ناسکە دەلێی پەپووڵەیە.
سۆزان بە پێکەنینەوە وەلامیدەدایەوە ؛ لە دایکت بپرسە، بەوە دەچێت کون بە کون شاری سڵێمانی گەڕابێت…تا ئەم شازادەیەی بۆ پەیدا کردووم.
-سۆزە …تا کچی تر لێیان نەفڕانوویت مارە بڕیینە کە بکە..
+ بەس من خەمی (دانا)ی برامە. لەو ڕۆژەوەی هاتووەتە سوید یەک وتە لەدەمی نەهاتووەتە دەر.
-خەمت نەبێت بچێت بۆ خوێندنی زمانی سویدی چاوی دەکرێتەوە.
+ باوەڕناکەم…من لەگەڵ دان ژیاوم ئەو دڵی بە سلێمانی و برادەرەکانی دەکرێتەوە.
-تۆ پەڵە مەکە…با زمان فێربێت و بچێتە دیسکۆ کوردستانش لەبیرداکات.

دایکی سەیران هاتە ژوور و بە سەیرانی وت: وەرە کچێ قسەم پێتە.
پێکەوە چوونە باڵکۆنەکە…دایکی سەیران وتی : سەیران هەندێک ئامۆژگارییت دەکەم…جوان گوێم لێبگرە.
سەیران : فەرموو دایکە گیان.
دایک : ئێمە …بە تایبەت من، هەستدەکەم زۆر لە (سۆران) نزیک دەبیتەوە وشۆخی و دەستبازی لەگەڵ دەکەیت…من دەزانم هیچ شتێ ڕووینەداوە. دانا و سۆزەش هەستیان پێکردووە، ئەوان لەوەبێت شەرم بکەن پێتبڵێن.
سەیران : سۆران لەوەتەی هاتووە دڵخۆشە و قسە دەکات، کەچی دانای برام خەمبار و بێدەنگ، سۆزەش نەخۆیی جوان دەکات و نەڕوو دەدات بە سۆران…ئێ خۆ دەبێت تا کارەکە ئەنجامدەدەین سۆران دڵخۆشکەین.
دایک : سەیران ..من تۆ دەناسم پێویست ناکات هیچم بۆ ڕوونکەیتەوە.
سەیران : مەبەستت چییە؟
دایک : دەستمان پێکرد…ئەوەی لەتۆ دەمەوێت کە لەگەل سۆران دەستبازی مەکە…
سەیران : دایکە ئێرە سویدە، ئاساییە…من وەک برادەرێک شۆخی لەگەڵ کەم. خۆ لە کوردستان کچ ناوێرێت بەخێرهاتنی میوانش بکات.
دایک : لەوە گەڕێ…ئەی کات خۆی من وباوکت چەند پێمان وتی لە ڕزگار دوور کەوە…بەس بۆ ئەوەی کاری پاسەپۆرتە عێراقییەکەت بۆ جێبەجێ بکات بە دووی کەوتی.
سەیران بە تووڕەییەوە : دایکە گیان تووخوودا ئەگەر کای کۆن بە با بکەیت؟
دایک : قسەکەم پێ مەبڕە با تەواوی کەم…..من دەڵێم ئێستا کە ڕزگار لە زیندانە و لەسەر دزی گیراوە… هەڵێکت ڕەخساوە لێی جوودا بیتەوە.
سەیران : تۆ شێت بوویتە. چۆن دایک بە کچی خۆی دەلێت لە مێردەکەی جیابێتەوە.
دایک : کچی کەر…دیسان گەمژە بوویتەوە…ئاخر چۆندەکرێت لەگەل دز بخەویتەوە.
سەیران : ئەوە ژیانی خۆمە پەیوەندی بە ئێوەوە نییە…

دایک : زۆرباشە بەس قسەیەک دەکەم هەڵمەچۆ…خۆتدەزانی (دانا) حەزی بە چارەی ڕزگار نییە…ئەو ڕۆژەی ڕزگار ئازاد بکرێت…ئیتر ئێمە بۆ خۆمان دوور لەتۆ دەژین.
سەیران بە پێکەنینەوە وتی : دایکە ئێرە سویدە …کچ و دایک و برا هەرکەس بۆ خۆی دەژێت و شووقەی تایبەتی خۆی دەدەنێ…تۆ سەبرت هەبێت….سەبارەت بە (دانا) برام…من چیبکەم ئەو کوڕە لەگەل تۆش تا ئێستا وشە لە دەمی دەر نەهاتووە.
دایک : با ئەو ڕۆژە قسەیەکیکرد ، وتی : دایکە ئەو کاک (سامان)ە زۆر کوڕی باشبوو…

سەیران : ئەی چۆن ..هەمووجار کە سامان دەگەڕایەوە سلێمانی پێکەوە (ئۆزۆ)یان دەخواردەوە، بەلام کە ڕزگار مێردم دەگەڕایەوە دانا خۆی دەشاردەوە..
دایک : وسکت بە کچێ خۆت و ڕزگار بە قوربان (دانا) بن..بەخوا دانا شتێکی لێبێت من شێت دەبم.
سەیران : دایکە ئێمەش دانامان خۆشدەوێت، بەس ئەو زیا لەحەد سۆزدارە بۆ شاری سلێمانی و برادەرکانی…
دایک : سەیران…من قسەی خۆمکرد…وەک وتم کەمێک لەبەرچاو ئێمە زۆر شۆخیبازی مەکە لەگەڵ سۆران.

شەو درەنگ (دانا و سۆران وسۆزان) بە مەستی گەڕانەوە ماڵ…دایکی دانا دڵگران بوو. وتی : کوڕم جارێکیتر زووتر وەرنەوە.
سەیران وتی : دایکە گەنجن…تازە هاتوون..با کەمێک دونیا ببینن.
شەو هەرکەس لەژوورێک نووستن…تەنیا (سۆران) نەبێت کە جێگە خەوەکەی لە ژووری دانیشتن بوو.

بەیانی زوو سەیران لەخەو هەڵسا و چووە مەتبەخەکە ئاو بخواتەوە…لەشی سۆرانی بینی…یەک دووجار بەجوانی سەیریکرد…هەستیکرد ئەم لەشە تازە مووی جوانی دەرکردوە هەرگیز جارێکیتر ناتوانێت بیبینێتەوە…هەر لەمەتبەخەکەوە دەیڕووانی…تۆزێک لێی نزیکتر بوەوە.
جوانی سۆران ئاگری تێبەردابوو..لەدڵ خۆی وتی : ڕەنگبێ سەرخۆشبێت ئاگای لەخۆی نەبێت.
سەیران خۆی خزاندە بن جێ و لەگەڵیا جووت بوو.

سۆران وەک ئەوەی خەونێک ببینێ پێلووی چاوەکانی بە ئاستەم بزواند، قژی سەیران بەرچاوی تاریک کردبوو. لەدڵی خۆی وتی : لەوەبێت (سۆزە)بێت لە گەڵیا درێژبووبێت…لەخۆشیا خۆی ماتکرد….سەیرانش دەیزانی (سۆران ) بێدارە…بەهەوەسی خۆی دەستبازیکرد.

لەناکاوە (دانا) بەچاوی خەوەوە هاتە هەیوانەکە و هەمووشتێکی بە چاوی خۆی بینی.
خێرا چووە مەتبەخەکە و چەقۆیەکی هێناو بە هاوارکردنەوە هێڕشی کردە سەریان!.

ئەڵقەی کۆتایی : خواردنی گەزۆی سلێمانی!.

سوورگوڵ داوای لێکردم پێکەوە بچین بۆ ماڵ (سەیران). پێمووت : من لەگەڵت دێم تا بەردەم ماڵیان بەلام نایەمە ژوور!.
-زۆرچاکە…هەر پێمخۆشە تۆم لەگەلدا بێت.
+ دە خێراکە یەک سەعاتە خەریکی خۆتی…
-ئەم سەروقژ سەبەتەیەم بۆ جوان ناکرێت.
-تۆ بەو ستایڵەوە جوانیت..
+ زۆرباشە کە تۆ ستایلی منت بەدڵ بێت کەواتە کێشەمان نابێت.

لەگەڵ سوورگوڵ بەسواری تاکسییەکەم گەیشتینە نزیک ماڵی (سەیران). بەدەروی ماڵی تێپێکی زەرد و هێمای ئاگاداری لەلایەن پۆلیسەوە دانرابوو. هەستمانکرد شتێک ڕوویداوە.
خۆمان کرد بەژوورا، بینیمان تەنیا (سۆزان) لە ماڵەوەیە و خەریکی ناو ماڵ سڕینەوەیە.
هەرکە سۆزە سوورگوڵی بینی بە شین وگریانەوە باوەشی پێیاکرد!.

سوورگوڵ پرسی : سۆزە چی ڕوویداوە بەوەدەچێت پۆلیس لێرە بووبێت.
سۆزە : دادە سوور خەراپ لێمان قەوماوە…لە دوێنێ شەوەوە پۆلیس لێرەبوونە و خەریکی لێکۆلیینەوەن…
پاشان سۆزان بە هەنسکی پڕ لەگریان ڕووداوەکەی دوێنێ شەوی گێڕایەوە:
کاتێ دانای برام (سەیران وسۆران ) دەبینێت جووتبوونە، بەچەقۆ شاڵاویان بۆ دەبات. لەگەل هاوارکردنەکە سۆران ڕادەپەڕێت زۆربەی چەقۆکان بەر (سەیران) دەکەوێت. سۆران خێرا ڕادەکاتە دەرەوە. کە یەک چەقۆ بەر قۆڵی کەوتبوو.
ئێمەش لەگەڵ هاواری دانا هەڵساین بینیمان دانا بە چەپ و ڕاست لەسەیران دەدات. من خێرا دەستی دانای برام گرت و وتم : بەسە خوشکەکەت کوشت.
لەم هات و هەرایە هاوسێکان گوێیان لەدەنگمان بوو، پۆلیسیان ئاگادارکردبوەوە. دایکشم هەر کە چەقۆی بەدەستی دانا بینی لە هۆش خۆی چوو.
ئێستا دایکم لەگەڵ سەیران لە نەخۆشخانەن.
سوورگوڵ : ئەی سۆران؟
-سۆران…کەمێک پێش ئێستا تەلەفۆنی بۆ کردم ، سوێند و قورئان دەخوات دەڵێت وامزانییوە تۆ بوویتە خۆت خزاندووەتە بن جێ….بەلام من تێر جوێنم پێدا و وتم نامەوێت بتبینمەوە.

ئێمە کە سەیری ماڵەکەمان کرد هێشتا شتەکان پەرش و بڵاو بوون. قەترە خوێنی سەیران بە دیوار و سۆفەکانەوە ڕژابوو. سوورگوڵ خێرا پەڕۆکی تەڕکردو خەریکی سڕینەوەی بوو. لەم کاتە سۆران لەبەردەم دەرگە ڕاوەستابوو، دەستی چەپی بە ڵەفاف پێچرابوو. وتی : بۆم هەیە بێمە ژوور؟
سۆزان قیژاندی : بۆ دەرەوە.
من چووم دەستی (سۆران)م گرت و وتم : وەرە دانیشە، بزانم لەکوێ بوویت؟

سۆران : بەیانی زوو لە سەنتەری پۆلیس بووم، لێکۆلینەوەیان لەگەڵ کردم منیش ڕاستی ڕووداوەکەم بۆیان گێڕایەوە. پاشان ئازادیان کردم و کاغەزێکیان پێمدا کە بچم بۆ ئوردوگا…بەلام هەرچەند دەکەم دڵم نایەت سۆزان بەم شێوەیە بەجێ بهێڵـم…بەتایبەت زۆر خەفەت لە (دانا) دەخۆم.

وتم : تازە شتەکە ڕوویدا.
سوورگوڵ : شتی چی ئەمە کارەساتە…دوا ڕۆژی داناش فەوتا.

لە پڕ منداڵەکانی سەیران هاتە یادم…وتم : سۆزان ئەی کوا دوو کچەکەی سەیران خان؟
-پۆلیس لەگەل خۆیان بردیان…وتیان مادام باوکی زیندانییە و دایکی لە نەخۆشخانەیە باشترە بیبەن بۆ شوێنێکی گونجاو.
سوورگوڵ : زۆرباشیان کرد…ماڵە سویدییەک ئەو منداڵانە بەخێو کەن زۆر باشترە..
دەستی (سۆرانم) گرت و لەگەڵ خۆم بردمە دەرەوە. لێمپرسی : دەمەوێت ڕاستی ڕووداوەکەم بۆ بگڕێتەوە!.
سۆران : هەروەک وتم ..چاوم بەخەوەوە بوو نەمتوانی ڕووخساری سەیران و سۆزان لەیەکتر جیا بکەمەوە….(سۆزانش) ئاگادارە کە شەوی پێشووتر من و( دانا ) زۆرمان خواردبوەوە.
ئیتر بەداخەوە کە لە کاکە دانا قەوما…چونکە بە درێژایی ئەم سەفەرە من ودانا بووبووینە دوو هاوڕێی جوان.

پاشان چوومە ژوور و لەگەل سۆزان قسەمکرد : سۆزان …تۆ دەزانیت کە تۆو سەیران لەیەکتر دەچن و دەڵێی دووانەن، هەربۆیە سۆران بەچاوی خەوەوە نەیتوانیوە شێوەیتان جووداکاتەوە. دڵنیام سۆران تۆی خۆشدەوێی نایەوێت بەجێت بهێلێ، پۆلیس ڕەوانەی ئوردوگای کردووە بەلام لەبەرخاتر تۆ ناڕووات.
سۆزان : کاک بەختیار…منیش هەستم بە خۆشەویستی سۆران کردووە، بەلام چۆن بتوانم لەگەلیا بژێم کاتێ دانای برام لەزیندان بێت و خوشک و دایکم لە نەخۆشخانەبن.
-سۆزە….سەبرت هەبێت هەموو کات لەکاتی جەنگ ڕووداوەکان گەرمن…بەلام پاش جەنگ بریینەکان ساڕێژ دەبنەوە.
سوورگوڵ خەریکی ناوماڵ سڕینەوە بوو.
نازانم بۆچی بەدڵێکی خۆشەوە وتی : بەختیارقووتی گەزۆم دۆزیوەتەوە کە دایکی (دانا) لەگەل خۆی هێناویەتی.
منیش وتم : ئێستا کەی کاتی گەزۆیە…
+ بەخوا گەمژەی…ئەم گەزۆیانە ناوازەن!.

سۆران لەبەردەم دەرگەوە وتی : من دەڕۆم وابزانم چیتر جێگەم لەناوئەم خێزانە نابێتەوە.
-بۆ کوێ؟
+ بۆ ئوردوگا…
سۆران ڕۆیشت…
سۆزان وتی : تووخودا لەگەڵم وەرن بۆ نەخۆشخانە سەرێک لەدایکم دەدەم.
دەرچوووینە دەرەوە . سوورگوڵ کیسەیەکی گەورەی بەدەستەوە بوو. لێمپرسی : ئەوە چییە، کیسەی زبڵە؟
+ زبڵی چی…گەزۆکانە..
-دەگ پێنەگەی…خەڵکی وا ماڵی کاوڵ بووە، تۆش لە بەزمی خۆت ناکەویت.
+ باوابێت…

پێشئەوەی سواری ماشێنەکەم بین…ماشێنێکی پۆلیس لە چەشنی ڤاڵڤۆ پێشی گرتین و وپرسیاری کرد : کێ لە ئێوە کەس وکاری (دانا) یە…
من وتم : ئێمە هەموومان کەس و کارین، بەلام ئەو کچە خوشکیەتی.
بە ئاسپایی قۆلی گرتم و وتی : هەوالێکی ناخۆشم پێیە…
-چی بووە؟
پۆلیسەکە وتی : دەتوانم بەتەنیا بەتۆ بڵێم بەمەرجی تۆش بەشێوەیەکی گونجاو بەزمانی لای خۆتان بەو کچەش ڕاگەیەنن.
-فەرموو چیبوە؟
پۆلیس : دانا…ئەو کوڕە گەنجە..خۆکوژی کردووە.
(سەیرێکی ئاسمانم کرد…یەک باڵندەم بینی بە ئاسمانەوە دەفڕی.)
پۆلیس : هەفتەی داهاتوو دەتوانن تەرمەکەی وەرگرنەوە.
گەڕامەوە ناو ماشێنەکەم، نازانم بۆچی دام لەپڕمەی گریان…سۆزان هاواریکرد : چی بووە؟ گوێم لەناوی دانای برام بوو؟
سوورگوڵ : بەختیارگیان قسەبکە چی ڕوویداوە؟ من دەزانم ئەو کوڕە بەرگەی زیندان ناگرێت.
-دانا …خۆی کووشتووە.
سوورگوڵ باوەشی بە سۆزان کرد کە لە دوای ماشێنەکەمەوە دانیشتبوون.
لەسەرخۆ بەرەو نەخۆشخانە بەڕێکەوتین.

گەیشتینە ناو نەخۆشخانە. سۆزان پڕ لەقوڕگ گریان باوەشی بە دایکی کرد. دایکی سۆزان وەک گوڵێک سیس بوو، ڕوخساری بەپیرەژنێکی حەفتا ساڵان دەچوو. وەک شێت ورتەی لەدەم دەهاتە دەر.

من و سوور گوڵ بەزۆر توانیمان سۆزان لە ئامێزی دایکی جوودا کەینەوە.
دایکی سۆزان چاوی دەگێڕا و دەیگووت : چی ڕوویداوە، کوانێ دانای کوڕم؟
ئێمە نەماندەزانی چۆن وەلامیدەینەوە، کەچی لەناکاو سۆزان دای لەپڕمەی گریان و قیژاندی : دایکە گیان (دانا)شمان لەدەستچوو.
دایکی سۆزانش وەک ئەوەی دڵی خەبەری دابێت لەسەر قەڵەوێرەکەی جەستەی لەرزی و کەوتە خوارەوە.
پەنجەمان بە دوگمەی سوورنا، تا خێرا پزیشک وپەرەستارەکان بگەنە فریای.
بەلام بەداخەوە کاتێك گەیشتن دڵی لە لێدان کەوتبوو.

دوای ئەو ڕووداوە بۆ چەند شەوێک (سۆزان) لە ماڵی سوورگوڵ مایەوە.
پاشان بڕیارییدا ئەویش بچێت بۆ ئوردوگا و لە سفرەو دەست بەژیانێکی نوێ بکاتەوە.

ئێوارەکیان سوورگوڵ داواتی کردم و وتی : بەختیار گیان…لەپاش ئەم هەموو ناخۆشییە و ماندووبوونە . من و تۆش پێویستیمان بە دانیشتنێکی خۆش هەیە.
وتم : مەبەستت چییە؟
+ دەمەوێت ئەمشەو داوەتی ماڵی خۆمت کەم…پێکێ ڤۆدگا بخوێنەوە.
بە پێکەنینەوە وتم : چییە…بەدەردی (سۆرانم) دەبەیت.

شەوێکی رۆمانسیم لەگەڵ سورگول بردە سەر…لەپآش ماندوو بوون ومەستی، جگەرەیەکم داگیرساند.
سوورگول هاتە تەنیشتمەوە وتی : ئێستاش کاتی (گەزۆ) خواردنە.
خێرا چوو قووتیە گەزۆی ماڵی دایکی سەیرانی هێنا و وتی : بمبوورە…کە ئەم گەزۆیانەم بەبێ پرس لەماڵی سەیران لەگەل خۆم هێنام. خۆت دەزانی سلێمانی تەنیا گەزۆکەی خۆشە!.

هەردووکمان پێکەنین و قوتییە گەزۆکەمان هەڵپچڕاند…سەرمان سووڕما و چاومان زەقبوەوە کاتێ لەجیاتی( گەزۆ) شەدە دۆلارمان بینی.
سوورگوڵ وتی : لەوەبێت ئەمە پارەی خانوو و زەوییەکە بێت دایکی سەیران لە سلێمانییەوە لەگەل خۆی هێنابیێت!.
وتم : چەند قووتی بوو؟
+ دوو..
خێرا ئەوەی ترشمان هەڵپچڕی…پڕ بوو لە دۆلاری ئەمریکی.
وتم : چ شەنسێکمان هەیە…بەلام بەداخەوە ئەمشەو لەجیاتی گەزۆ دەبێت دۆلار بخۆین.
سوورگوڵ لەخۆشیا وەک منداڵ خۆی هەڵدایە باوەشم و وتی : من بخۆ…گەزۆی ئەسڵی شاری سلێمانی!.

The End کۆتایی

Previous
Next
Kurdish