Skip to Content

کەرکووکەخەم – دوانزدە ……….. ئەمجەد شاکەلی

کەرکووکەخەم – دوانزدە ……….. ئەمجەد شاکەلی

Closed
by ئاب 14, 2018 General, Opinion

پاش نیوەڕۆیەکی 47 پلەیەک گەرم، کۆڵەپشتەکەم بە کۆڵمەوە بوو، بە کۆڵانێکی ئەو گەڕەکەی پێی دەگوترێ”ڕێگەی بەغدا” لە کەرکووک، دەڕۆیشتم و چاوەڕوان بووم تاکسییەک پەیدا بێت و سوار بم و بگەمە گەراژی بەغدا. ئەو گەراژەی ماشێنی هەموو دەڤەرەکانی خوار یا باشووری کەرکووک(تاوغ، خورماتوو، کفری، کەلار و بەغدا و…) لەوێوە دەڕۆن. تاکسییەک پەیدا بوو، دەستم لێ بەرز کردەوە و ڕاوەستا، دەرگاکەیم کردەوە، کە سەرم وەژووردا کرد، ئاژۆرێکی گەنج تەمەنی لە 20 ساڵ کەمتر لە پشتی سوکان(فەرمان)ی ماشێنەکەوە، تا ڕادەی پاڵدانەوە یەکجار پانوپۆڕ، تەنانەت ئەژنۆی لاقی ڕاستی لەسەر لایەکی ئەو کورسییە دانابوو، کە دەبوو منی لەسەر دانیشم، ناوگەڵی بە ئارەزووی خۆی بڵاوکردبووەوە و لێی دانیشتبوو.

کوڕێکی بۆز و دێز و ڕەشتاڵەی نیوەی سەر تاشراو و ئەو کەمەقژەیشی مابووی لوول و ئاڵۆزکاو و چەور(بەو گەرمایە!)، هەر دەتگوت سەری لەکوولەکە ڕۆنەکەی سەید عەلی سەیاح یا هیزە ڕۆنەکانی جارانێ هەڵژەندووە. تیشێرتێکی بێقۆڵی گوڵگوڵی سوور و شین و مۆر و کەسک و زەرد و تووتیڕەنگ و تاووسڕەنگ و هەمەڕەنگی لەبەردا بوو و شۆرتێکی تەسکی بەلەشەوەنووساو و کورتی ڕەش و خەتخەت و پڕئەستێرە و گوڵگوڵی لەپێدا بوو و سێ چوار پێنج زریزە و ملوانکە و کلکەوانەی لە مل و مەچەک و دەست و پەنجەدا بوون و سیغارێکی باریک و درێژی لە دارسیغارێک گیرکردبوو و لە لالێوی توندکردبوو و مژی لێدەدا و دووکەڵی بە بادا دەدا، ماشێنەکەی پڕکردبوو لە دووکەڵ. لە سەروسیما و شێوەدا دیاربوو عەرەبە و منیش بەعەرەبی لێم پرسی، ئایا عەرەبی، تورکمانی یا کوردی قسە دەکات! بە دەنگێکی بڵندی پڕگەروو و پڕ بە ماشێنەکە و گەلێک باوەڕبەخۆبوو، گوتی:عەرەبی، عەرەبی”عربي، عربي…”. ئیدی عەرەبی بوو بە زمانی ئاخاوتنمان. پێمگوت دەچمە گەراژی بەغدایە. گوتی باشە.

کە وەڕێکەوت، گوتی: تۆ ئەمەریکاییت؟ گوتم: کوێم ئەمەریکاییە، بە چیمەوە ئەمەریکایی بم، چاوی شینم، باڵای بەرزم، قژی زەردم، زمان و قسەکردنم، مەگەر من لەگەڵ تۆدا بە عەرەبی قسە ناکەم؟ گوتی: بە کۆڵەپشتەکەت ئەمەریکاییت! گوتم: چۆن دەزانیت ئەمەریکایی کۆڵەپشتیان لە کۆڵە؟ گوتی: لە بەسرە گەلێکم لێیان دیوە. گوتم: بۆ جەنابت خەڵکی بەسرەیت؟ گوتی: بەڵێ. گوتم: ئەی لێرە چ دەکەیت؟ گوتی: بە ماڵەوە هاتووین و لێرە دەژین، خزمەکانمان زۆریان لەمێژەوە لێرەن. گوتی: ئەی تۆ خەڵکی کوێیت؟ گوتم: نەتگوت کە من ئەمەریکاییم! گوتی: بەڵێ، بەڵام تۆ دەڵێی تۆ ئەمەریکایی نیت! گوتم: من خەڵکی ئەم شارەم.

لەم قسەوباسەدا بووین، نزیکەی چارەکەسەعاتێک ڕۆیشت و بەلای گەراژی بەغدادا تێپەڕی و بەرەو خوار ئاژۆتی. من لەو جێیەوە کە سواری تاکسییەکە بووم، دەمزانی و دەمتوانی هەر بە پێیان بڕۆم بۆ گەراژی بەغدا و هێندەی ئەو کاتەی پێنەدەچوو، کە لەگەڵ ئەم مرۆڤەدا بووم، چون ڕێگەکە بەڵەد و شارەزابووم و دەیان جار ئەو ڕێگەیەم بە پێیان بڕیبوو. گوتم: تۆ بۆ کوێ دەچیت؟ گوتی: ئەی تۆ بۆ کوێ دەچیت؟ گوتم: مەگەر پێم نەگوتی دەچمە گەراژی بەغدایە! گوتی: ئەی گەراژی بەغدا لە کوێیە؟ گوتم: تۆ لە بەسرەوە هاتوویت بۆ کەرکووک و خۆت بە کەرکووکی دەزانیت و بوویت بە کەرکووکی و تاکسیش داژۆیت و نازانی گەراژی بەغدایش لە کوێیە؟ گوتی: ئەی بۆ نەء! گوتم: هەر بەڕاستی ئەی بۆ نەء! لەسەر کۆڵانێکدا پێمگوت: ئا لێرە لەکن خۆت ڕاوەستە تا بێمەخوارێ. ڕاوەستا و دووهەزار دینارم دایە دەستی و نە من دەنگ و نە ئەو دەنگ دابەزیم. چون گەلێک دووری خستبوومەوە، ناچار تاکسییەکی دیکەم ڕاگرت و ئەویش هەر عەرەب دەرچوو و پێی گەڕامەوە بۆ گەراژی بەغدا.

ئەوەی دەیگێڕمەوە نموونەیەکی گچکەی کەرکووکی دوای 16ی ئوکتۆبەری 2017 یە. کەرکووک لەودەمەوەی بە پێکهاتنێکی نێوان برازاگەل و کوڕێکی جەلال تاڵەبانی و بڕێک لە سەرانی حیزبەکەی تاڵەبانی و لە پشتەوەش بە پشتوپەنا و قایلبوونی کۆمپانیای نەوتی بریتانی(British Petrolium) یا BP، لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدایە، ڕادەستی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عیراق کرایەوە، ئیدی بارێکی دیکە هاتە گۆڕێ. دەسەڵات بە دەست حیزبە کوردییەکانەوە و لەنێویشیاندا حیزبەکەی تاڵەبانی خۆی، نەما.

ئەگەر کۆمپانیای نەفتی بریتانی(BP) وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە دەسەڵاتی کوردستان بەرانبەر پێکهاتنیان لەگەڵ کۆمپانیای نەفتی ڕووسی، ڕووسنێفت یا ڕۆزنێفت (Rosneft) وەها کارێکیان پەسەندکردبێت، ئەوا ئەو دەستەیەی نێو حیزبەکەی تاڵەبانی(دەستەی 16 ئوکتۆبەر)، وەک لە ئەنجامی کارەکەیاندا دەردەکەوێت، تاکە مەبەستیان لەو کارەیان، وەدەرنانی پارتیی بووبێت لە کەرکووک و تەواوی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرێی هەرێم، ئیدی لە مەندەلی و خانەقی و قزڕەبات و جەلەولا و قەرەتەپە و خورماتوو و تاوغ و کەرکووکەوە تا دەگاتە شنگال و ئەو دەڤەرانە و داخستن و داگیرکردنی بنکە و بارەگاکانی وان و ڕادەستکردنی بە حەشدی شەعبی و عیراقییەکان بووبێت.

کەرکووکییە ئاساییەکان، کە هیچ پێوەندێکیان بە حیزب و دەسەڵاتەوە نەبووە و نییە، گۆڕانێکی زەق و لەبەرچاو لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە بەسەر ژیانی ڕۆژانەیاندا نەهاتووە. لە هەموو سەردەمەکاندا، کەرکووکییەکان، کوردی، تورکمانی، دیانی و عەرەبە کۆنەکانی، پێکەوە هەڵیانکردووە و بێ کێشە و گرفت ژیاون و ئێستایش هەر بەو جۆرەن. عەرەبی هەناردەی بەعس بۆ کەرکووک، هەر لە ساڵانی 1963ەوە و دواتریش لەتوپەتکردنی کەرکووک لەنێوان ئوستانەیلی دیالە و سلێمانی و تکریتدا، کە حیزبەکوردییەکان هەمیشە خۆیان لێ کەڕ و نەبان کردووە، هۆکارێلێکی سەرەکی تێکچوون و نائارامی و گۆڕینی ڕەوشی کەرکووک بوونە لە هەموو ڕوویەکەوە.

پیاسە و گەڕانی گەڕەک و نێو شەقامەکان، وەک من بۆ خۆم دیتم و بۆ منێکی ئاسایی، تا ڕادەیەک ئاسایی بوو. تا ئێوارەیەکی درەنگ، لە ئیمام قاسم و ئیسکان و ئازادی و شۆرجە و موسەللا و حیسابات و پریادی و ڕەحیماوا و تەپپەی مەلا عەبدوڵڵا و شاترلوو و قۆریە و ئەحمەداغا و جادەی جەمهووری و دەوروبەری مەرکەزعام و ڕێگەی بەغدا و واسیتی و تسعین، مرۆڤ دەتوانێت بگەڕێ، پیاسە بکات و بازاڕ بکات، تەنانەت ڕێگەی بەغدا و تسعین تا دەرەنگانێکی شەو کراوەیە و من بۆ خۆم دەوروبەری سەعات دوانزدە و دەوانزدەونیوی نیوەشەو لە دەرەوە بووم. ئەو ئاساییەی من بۆ خۆم دیتم، خەڵک هەن پێیانوایە کاتییە و ڕەنگە بێ ئەوەی بە خۆ بزانیت یا چاوەڕوان بیت، لەپڕێکدا شتێک بقەومێ.

خەڵکە ئاساییەکەی کەرکووک پێیانوایە:

* ئێستا لە کەرکووکدا یەک دەسەڵات هەیە، ئەویش دەسەڵاتی عەرەبە و لەنێو ئەوانیشدا عەرەبی شیعە، لێ لە پێش 16 ئوکتۆبەر یەکیەتی و پارتی وەک دوو دەسەڵاتی جیاواز کاریان دەکرد و بەوەش خەڵکی کەرکووک لەنێوان ئەو دوو هێزەدا دابەش بووبوون.
* لە سەردەمی دەسەڵاتی یەکیەتی و پارتییدا، خەڵکانی نەتەوەکانی ناکورد و هەندێ جار خەڵکانی کوردی ناحیزبییش تووشی چاولێسوورکردنەوە و تۆقاندن و پشتگوێخستن دەهاتن و لەنێوان ئەوان و دەروێشانی ئەو دوو حیزبەدا جیاوازیی دەکرا.
* ئێستا ئەگەر، لە ڕووی پلە و پایە و نێزیکی لە دەسەڵات و لووتکەی دەسەڵاتەوە، ڕیزبەندییەک بۆ خەڵکی کەرکووک بکەین، عەرەبی شیعە پلەی یەکەمە و عەرەبی سوننە پلەی دوومە، تورکمانی شیعە پلەی سێیەمە و تورکمانی سوننە پلەی چوارەمە، دیان پلەی پێنجەمە و کورد پلەی شەشەمە، واتە: لە ڕووی نەتەوەییەوە عەرەب یەکەمە، تورکمان دووەمە، دیان سێیەمە و کورد لە دوای دواوەیە و چوارەمە. دوندی هەرەمی دەسەڵات بە دەست عەرەبەوەیە و خواری خوارەوەی هەرەمەکە، کارە ئاسایی و خزمەتگوزارییەکان، کورد کاری تێدا دەکەن.
* پتر لە 60 ساڵە کەرکووک و دەڤەرێن کوردستانیێن دەرێی هەرێمی کوردستان، دەعەرەبێنرێن، ئێستاش لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە کردەی عەرەباندن گوڕ و تێنێک و وزەیەکی بەهێزی وەبەرهاتووەتەوە و بەردەوامە. هیچ جۆرە دروشم و هێما و ئاڵا و نیشانەیەکی کوردستانی و کوردی لەنێو کەرکووک و ئەو دەڤەرانەدا نەهێڵراون، هەموو لابراون.
* ئەگەر ئاشتی و ئارامییەک ئەمڕۆ لە کەرکووکدا لەبەرچاو بێت و ببینرێت، ئەوا لەبنەوە بەو جۆرە نییە و کاری تۆقاندن و هەڵکوتانە سەر خەڵک و تۆبزی و ڕفاندن و کوشتن و… لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرانبەر ئەوانەی کەرکووکیان پێ کوردستانە و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بوونە و هەن، هەیە و دەکرێ.
* دژایەتی کورد تەنێ نێو باژێڕی کەرکووک ناگرێتەوە، بەڵکە دەڤەرەکانی دووبز و خورماتوو و تاوغ و گوندە کاکەییەکان و حەویجە و هەموو ئەو دەوروبەرانەش، کە دەستەی 16 ئوکتۆبەر ڕادەستی کردوونەوە، دەگرێتەوە و کورد لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین و هەمیشە لە دڵەڕاوکێدان.

* خزمەتگوزاری و کار و باری ئابووری خەڵک بە گشتی سستی و بێهێزی تێکەوتووە و بێزاری و نائاسوودەیی و بێئومێدییەک لە ڕوومەت و دەروونی خەڵکدا دەخوێندرێنەوە.
* ئەگەر تا پێش 16ی ئوکتۆبەری 2017، بەشێک لە داهاتی هەناردەی نەوتی کەرکووک، لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای”پیترۆدۆلار”دا، دوای ئەوەی لە بەرپرسانی کارگێڕی و دەسەڵاتی حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک، بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەر هیچ نەبووایە، ڕێژەیەکی کەمی لێ دەمایەوە و ئەو ڕێژەیە بۆ پرۆژەی پێشخستن و خزمەتگوزاری شارەکە تەرخان دەکرا، لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە ئیدی ئەو ڕێژەیەش نەما و بڕا، دەستەی ١٦ی ئوکتۆبەر و حەشدی شەعبی و هەموو ئەو گرۆ و دەستانەی دەسەڵاتداری ئێستای کەرکووکن، تانکەرە نەوت لە ڕێگەی سلێمانی و گەرمیانەوە هەواڵەی ئێران دەکەن و داهاتەکەیشی، چش لە کەرکووک و کەرکووکییان، بەرەو گیرفانی خۆیان دەڕوا.

* لەنێو شاردا و لە دەیان جێگە، سەرکۆڵان و ناوەندی کۆڵان و سەر جادەی سەرەکی و ناوەندی گەڕەک و شوێنی جیاواز، چەکداری پڕچەک و جلڕەش، لە ئەوپەڕی توندتۆڵی و ئامادەییدا، بە تەنیشت ماشێن و زرێپۆشە ڕەش و زلەکانیانەوە دەبینرێن، ڕاوەستاون، ئەگەر هیچیش نەکەن، خەڵکەکە لێیان دەتۆقن. ئەو چەکدارانە سەر بە هێزی تایبەتی عیراقین.
* نەکردنەوەی ڕێگەی نێوان کەرکووک و هەولێر، زیانێکی گەلێ مەزنی بە پێوەند و بازرگانی و هاتوچۆی خەڵکی کەرکووک و گەرمیان و هەولێر گەیاندووە. خاسنەکردنەوەی ئەو پردەی پردێ، کە نیوەی ڕووخاوە، بۆ دەسەڵاتی بەغدا ئەرکێکی گران نییە و نەکردنەوەی ئەو ڕێگەیە لە لایەن بەغداوە، تەنێ سەپاندنی سزایەکە بە سەر هەولێردا و بە سەر دەسەڵاتی هەولێردا، چون دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا و پێشەنگی ئەو داخوازییە بوو، دەنا خۆ ڕێگەی نێوان کەرکووک و سلێمانی ئاساییە و هیج کێشەیەک لە هاتوچۆدا نییە.
* خەڵکانێکی زۆر لەوانەی دوای 16 ئوکتۆبەر هەڵاتبوون و کەرکووکیان جێهێشتبوو، زۆریان هێشتا نەگەڕاونەوە، چون لە سەلامەتی و پاراستنی ژیانیان و پشتگوێنەخستنیان و سزا، دڵنیا نین.
* ئەو تەقینەوە و دانانی بۆمب و مین و کوشتنی خەڵکی هەژار و بێدەسەڵاتانەی لە دەوروبەری گوندانی سەر بە کەرکووک یا خانەقی و دەڤەرەکانی دیکەی دەرێی هەرێم(ئەوانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە)، کە زۆرجاران لە میدیاکانەوە دەگوترێن، کە ئەوانە کاری داعشن، گەلێ خەڵک لەو باوەڕەدان، حەشدی شەعبییش وەها کارێلێک دەکەن، تەنیا بۆ ڕاونانی کورد و چۆڵکردنی گوندەکان لە لایەن کوردەوە و دواتر داگیرکردن و عەرەباندنیان. خەڵکی کەرکووک و تەواوی خەڵکی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرێی هەرێم، لەوە دڵنیا نین، ئەو کارانە داعشن یا حەشدی شەعبی! تێکەڵاوییەکی وا هاتووەتە گۆڕێ، کە بەو کارانە جیاوازییەک لەنێوان حەشدی شەعبی و داعشدا نەمابێ و لەیەکدی جوێنەکرێنەوە.
کەرکووکی ڕۆژانی پێش 16ی ئوکۆبەری 2017، لەتەک کەرکووکی ئەمڕۆدا، گەلێک جیاوازە. ئێستا کەرکووک بێجگە لە داگیرکراوی، ناتوانی ناوێکی دیکەی لێبنێی. ئێستا پرۆسێسی عەرەبەناندن چالاک کراوەتەوە و شێوە و سیمای شارەکە لە هەموو نیشانە و هێمایەکی کوردی دەسڕدرێتەوە. ئێستا تۆ ئەگەر خەڵکی کوردزمان لە کەرکووکدا نەبینی و نەبیسیت، وا هەست دەکەیت لە شارێکی عەرەبدایت، وەک ناسرییە، دیوانییە یا تکریت. ئێستا دەسەڵات بە دەستی حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانییەوەیە و کورد بەم ڕەوشەی ئێستایەوە، لە دەرێی هەموو هاوکێشەکانە و ناوی لە ناواندا نییە و نەماوە.

کە سپای دەوڵەتی عوسمانی هەر لە سەدەکانی سێزدە و چواردەوە هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و هەر لە سربیا و کرواتیا و دەڤەری بەڵکانەوە پێدا هات تا لە 1529دا گەیشتە شاری (ڤییەن) و وڵاتی نەمسای داگیرکرد و لەو ساڵانەشدا جێ پێی خۆی لە بوڵگاریا، بۆسنیا، قوبرس، جۆرجیا، یۆنان، کۆسۆڤۆ، رۆمانیا و ئەلبانیا کردەوە و تورکێکی زۆریان لەو وەڵاتەیلە و لەو دەڤەرەیلە چاند و جێگیرکرد، کەسێک، تاکە یەک کەس لە ئەوروپا، نەیدەگوت و ناڵێ:”سپای دەوڵەتی عوسمانی هات و دەستی بەسەر ئەو وەڵات و دەڤەرانەدا گرت..” بەڵکە دەیانگوت و دەڵێن:”تورک یا سپای تورک هات و ئەو وەڵات و دەڤەرانەی داگیرکرد..”، واتە جەخت لەسەر داگیرکاریی تورک دەکەنەوە. کە سپای ئیسلام و دەوڵەتی ئەمەوی لە دوای ساڵانی 700دا هیرشی کردە سەر ئیسپانیا و داگیری کرد و سەدان ساڵ تێیدا مایەوە، خەڵکی ئیسپانیا و ئەوروپا، کە باسیان دەکەن، ناڵێن:”سپای دەوڵەتی ئەمەوی..”، بەڵکە دەڵێن:”سپای موسوڵمانان، سپای عەرەب، داگیرکارانی عەرەب، داگیرکارانی موسوڵمان هاتن و ئیسپانیایان داگیرکرد..”. لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، کە سپای ئەڵمانیای نازی هێرشی کردە سەر وەڵاتی سۆڤیێت و تا دەوروبەری مۆسکۆ ڕۆیشت و دواتر لەهەمبەر لەشکری سووری سۆڤیێت شکا و وەدەرنرا، هیچ ڕووسێک یا کەسێکی خەڵکی وەڵاتی سۆڤیێتی جاران، نەیاندەگوت و ناڵێن :”سپای ئەڵمانیا هات و ویستی سۆڤیێت داگیر بکات..”، بەڵکە دەیانگوت و دەڵێن:”ئەڵمانییەکان، ئەڵمانییە نازییەکان هاتن و ویستیان سۆڤیێت داگیر بکەن..”.
من بۆ خۆم ساڵی 1986 لەسەردەمی گەرباچۆڤدا، کە هێشتا سۆڤیێت مابوو، لە سۆڤیێت بووم و بە گوێی خۆم چەندین جار لەو گاید(ڕێنوێنیکار، دەلیل)ەی لە لێنینگرادی ئەودەم و سانت پێتەر بورگی ئەمڕۆم دەبیست، کە لەگەڵماندا بوو و باسی ئەو هێرشەی ئەڵمانیای بۆ دەکردین، هەر دەیگوت:”کە ئەڵمانەکان یا ئەڵمانییەکان هێرشیان کرد، سپای سوور قارەمانانە تێکیشکاندن….ئەڵمانەکان یا ئەڵمانییەکان هەڵاتن….”. ئەو شێوازی دەربڕینە و ناوهێنانی سپای ئەڵمانیا بە ئەڵمانەکان و ئەڵمانییەکان، بۆ هاوڕێیەکانم و تەنانەت منیش بڕێک سەیر بوو و پێمانوابوو ئەوە جۆرێکە لە نەتەوەپەرستی و شۆڤینیزم! لێشاوی هەناردنی عەرەب، هەر لە 1963ی سەردەمی بەعسەوە تا دەگاتە ڕێژیمی ئێستای بەغدا، بە قایلبوون و خواستی عەرەبەکان بۆ خۆیان و بە شێوازێکی نەخشەبۆداڕێژراو، لە خوارووی عیراقەوە لە ماوەی دەیان ساڵدا بۆ کەرکووک و داگیرکردنی خاک و زەوی و کشتوکاڵ و گەڕەک و کۆڵانی خەڵکی کوردی کەرکووک و گۆڕینی هەموو سیما و شێوەیەکی کوردستانی و کوردیی شارەکە، دەبێ لە عەرەباندن زیاتر چ ناوێکی لێ بنرێ و کەنگێ ئیدی کورد و تورکمان و دیانی کەرکووک و دەسەڵاتدارانی کوردستان، دەتوانن و دەوێرن، ڕێکوڕەوان و بێ پێچوپەنا و ڕاشکاوانە، بەو عەرەبە هەناردانە، لەنێویشیاندا ئەو ئاژۆری تاکسییەی منی لەگەڵ سواربووم، بڵێن: داگیرکەر!
2018-07-07

————————————–
پەراوێز:

سەید عەلی سەیاح، لە سەییدەکانی گەرمک بوو و دانیشتووی کەلار بوو. خاوەنی زەویوزار نەبوو و کاری کشتوکاڵ و وەرزێری نەدەکرد و لە ڕیزی چینی”ڕەشایی”دا بوو، واتە: ئەوانەی خاوەنی زەوی نین. پیاوێکی ڕەنگسووری لووتباریکی برۆی تا ڕادەیەک تێکەڵ و کەمێک بەخۆیەوە بوو. قژێکی ماشوبرنجی درێژ بەسەر شانیدا شۆڕ بووبووەوە. کەمدوو بوو، بەڵام لە کاتی قسەکردندا برێک تەنگەنەفەس و هەناسەسوار بوو. زۆرجاران کراسێکی درێژی ڕەنگ قاوەیی یا زەدرباوی لەبەر دەکرد و لە سەرەوەیشی شتێکی مانەندی ئێلەک(سوخمە) و لە بنەوەش دەرپێیەکی سپی درێژی لەپێ دەکرد.
مشکییەکی دەدا بە سەریدا و پارچەیەکی سەوزی دەپێچایە سەرییەوە، وەک نیشانەی سەییدیەتی. زۆر دەگەڕا و دەچووە گوندانی دەوروبەری کەلار و گەرمیان، هەربۆیە نازناوی”سەیاح”یان لێنابوو. هەردەم ئەگەر بۆ ماڵە هاوسێیەکیشی چووبا، مەتارەیەکی پڕ لە ئاوی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا. دوعای دەکرد و دەنووسی و کەڵەشاخیشی دەگرت. زۆرجاران لەبری ئەو نوشتە و دوعا و کەڵەشاخە، وەک “سەرقەڵەمانە” و حەقدەست، ڕوونی ئاژەڵ و کەرە و ساوەر و دۆینەی وەردەگرت و بۆ خۆی لەو گوندانەی دەچوویە داوای ئەوانەی دەکرد. بەردەوام کوولەکەیەکی ملاوی و چەقۆیەکی گەورەی تەورئاسای یا شمشێرێکی پێبوو و هەندێ جاریش هیزەی هەڵدەگرت. ئەو کوولەکەیە، کە کوولەکە ملاوییان پێدەگوت، لە بنەوە بەرین بوو و ملکێکی هەبوو، وشک دەکرایەوە و وەک دەفر بۆ شت تیداهەڵگرتن، مانەندی ڕۆن و کەرە و خوێ و دانەوێڵە و ئەو جۆرە شتانە لە ماڵاندا بەکاریان دەهێنا، سەیید عەلی ڕۆن و کەرەی تێدەکرد.
وا باو بوو، کە سەیید هەرگیز لە ژیانیدا ڕوونی ڕووەکی و دروستکراوی نێو قوتوو و تەنەکە و ئەوانەی بە هیچ جۆرێک نەخواردووە و تەنێ ڕۆنی ئاژەڵیی دەخوارد. هەربۆیە کوولەکەکەی هەمیشە ڕۆنی تێدا بوو و چەوری لێ دەتکا. هەندێ خەڵک “سەیید عەلی ناننەخۆر”یشیان پێدەگوت، چون هەموو خۆراکێکی نەدەخوارد و حەزی بە خواردنی خۆش و چەوری بە ڕۆنی ئاژەڵ دروستکراو بوو. ئەگەر چووبایەتە ماڵێک و ڕۆنی ئاژەڵییان نەبووایە بۆوەی چیشتی بۆ لێبنێن، بۆ خۆی لە کوولەکەکەی خۆی ڕۆنی ئاژەڵیی دەدانێ. گەلێ حەزی لە کەباب بوو و وەک دەگێڕنەوە هەر چەند ڕۆژ جارێک لە کەلاری کۆنەوە، کە ئەودەمی، هەرچەندە گوندێکی گەورە بووە، لێ خواردنگە و کەبابخانەی تێدا نەبووە، بە پێیان بێ ئەوەی سواری ماشێن ببێت، چووە بۆ کەلاری شار و تازە و نێوەندی قەزاکە بۆ کەبابخواردن.
هەر کاتێک هاتبا بۆ شاکەل و کە لە پاسەکەی حاجی حەسەنی کوێخا فەرەج دادەبەزی، هەموو منداڵانی گوند هەر کە چاویان پێی دەکەوت، هەڕایان دەکرد و خۆیان لێ دەشاردەوە، چون لێی دەترسان، نەک لەوەی کە ئازاریان دەدا، بەڵکە تەنێ لەبەر شێوەی پۆشاک و پرچی درێژ و شمشێرەکەی. دادە تەلیعەی کچی ئەکبەری کەمەری ڕۆغزادی جاف، کە جاران دانیشتووی شاکەل بوو دەگێڕێتەوە، کە جارێکیان سەیید عەلی داوای ساوەر لە دادە مەنیج، کە دەبێتە میمکی دادە تەلیعە و خێزانی فەرەجی ئەحمەد ڕەمەزانی گڵاڵی، دەکات. دادە مەنیجیش دەڵێ: “سەیید گیان بوومەقوروانت هێشتا ساوەرم نەکردووە! سەیید پێی دەڵێ:”ئەی عەمرت نەمێنێ لە هاوینا هەر سێوەرێ خۆشوێ قنگی تێئەکەی، ساوەرەکە ئەخەیتە پاییز، جا ئەوەنە جیڕ ئەوێ ناخورێ، یاخوا لات وە دەوار وێ”.

2 هیزە لە پێستی بەرخ دروست دەکرێت، بڕێک نەرم و شل و لووس و بریقەدارە و تایبەتە بە هەڵگرتن و پاراستنی کەرە و ڕۆنی ئاژەڵیی.

دەگێرنەوە کە بەشیر موشیر دوای 50 ساڵ پێکەوە ژیان لەگەڵ ژنەکەیدا، کە دایکی “شامیل”یان پێگوتووە، لە ژنە جودا بووەتەوە یا بەکوردییەکەی تەڵاقی داوە. خەڵک و دۆست و ناسیاوان لێی دەپرسن، کە بۆ ئەو ژنەی تەڵاق داوە،ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ:” ئەمڕۆ بۆم دەرکەوت عەرەب دەرچوو”، واتە: دوای ئەو هەموو ساڵە بەو تازەیە پێیزانیوە عەرەبە.

Previous
Next
Kurdish