Skip to Content

ساتێک لە سایەی هونەر و وەرزش،لەتەک مامۆستا “عەلی لەتیف” دا …  سازدانی: هەڵۆ بەرزنجەیی

ساتێک لە سایەی هونەر و وەرزش،لەتەک مامۆستا “عەلی لەتیف” دا … سازدانی: هەڵۆ بەرزنجەیی

Closed
by ئاب 16, 2018 General, Literature

پێشگووتنێکی کورتیلەی پێویست:

پێش ئەوەی مەرگی دزێو،هونەرمەند و وەرزشکاری دیار و هەڵکەوتووی شاری سلێمانی و کوردستانمان لێ دوور بخاتەوە،دەرفەتێکی گونجاوم قۆستەوە و ئەم چاوپێکەونەم لەتەکدا، ئەنجام دا،کە ڕەنگە دوا چاوپێکەوتنیشی بێت،بۆ میدیا کوردییەکان. چاوپێکەوتنەکە بەشی سەرەکی بە نووسین بوو، هەندێکی هەروا دووراودوور لە نێوان بەرلین و دارمشتاد دا بەرهەم هاتووە.
کاتی خۆی ئەم هەڤپەیڤینە لە سنوورێکی تەسکدا، بڵاوکرایەوە و بەداخیشەوە کۆمەڵی هەڵە و کەماسی تێکەوت بوو، کە شایانی گەورەیی و دڵسۆزیی ئەو هونەرمەند و وەرزشکارە بەتوانا و دڵسۆزە نەبوو. ئاخر دەبوو ئاوڕێ زێتر لەم کەسایەتییە بە خۆیی نزیکەی نیو سەدە ئامادەگی لە پانتایی هونەر و وەرزش دا بدرێتەوە و بایەخ بە ئەزموون و بۆچوونەکانی بدرێت.
ئێستا وەک ئەمەکێک بۆ ئەم کەسایەتییە جوانە دوانەی هونەریی و وەرزشییەی کورد، بەباشم زانی،جارێکی تر بە کارەکەدا بچمەوە هەڵەکان و کەماسیەکان نەهێڵم و کۆمەڵی زانیاری لەمەڕ ژیانی بۆ زیاد بکەم. هاوکات، چەند نموونەیەک لە کارە هونەرییەکانی نیشان بدەم و بەداخەوە دەستم بە کەس دا،نەگەشت هاوکاریم بکات لەمەڕ هەندێ وێنەی وەرزشی.
بە هیوام بەم قەرزدانەوەیە،رەوانی کاک عەلی لەتیف شاد بێت و دۆست و لایەنگرانیشی دڵخۆش بن و ڕۆشنبیریی و هونەری کوردیش خزمەتێکی پێ ببڕێت.

عەلی لەتیف: لە ١/٧/١٩٤٤ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە ١٨/٧/٢٠٠٩ دا لە شاری دارمشتاد کۆچی دوایی کردووە. خوێندنی لە سلێمانی تەواو کردووە. وەرزشکار و هونەرمەندێکی گەورەی شاری سلێمانی بووە. دەیان پێشانگای هونەری لە سلێمانی،بەخدا، وڵاتی یابان، ئیتالیا، فەرەنسا، پۆلپنیا، تورکیا، رۆمانیا، هۆڵەندە، ئەڵمانیا، کەنەدا کردۆتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە پەڕاگەندەی وڵاتی ئەڵمانیا بووە و لە شاری دارمشتاد جێگیر بوو بوو. میدیا و نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەڵمان بایەخیان زۆر پێداوە و بەرنامە و وتار و کتێبیان لەسەر نێسان داوە و نووسیوە. لە دوای خۆی دوو منداڵی بەجێهێشتووە.

١٥/٨/٢٠١٨
**********

لە هەناوی مێژووی بەرخۆدان و شکستی نەتەوەکەمان دا، هەمیشە چرکەساتی گەش و ڕۆڵەی بەئەمەک و تاکی هەڵکەوتوو ،وێڕای سیاسەتی دڕندانەی داگیرکەران بە زیندوویی بەرچاو دەکەون. تاکە جەسوور و دڵسۆزەکانمان، هەرگیز کۆڵیان نەداوە لە خزمەت و داهێنان. تا ڕۆژگارەکانیش سەخت و دەیجورتر بووبن، ئاوات و تێکۆشانەکان گەورەتر و بە بڕشتر بوون. ئەدەب و هونەری کوردیش لە هەوراز و نشێوی ئەم پرۆسەیەدا بەشی شێری پێ بڕاوە و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شکۆیە.

مامۆستا “عەلی لەتیف” بە خۆیی و زیاتر لە ٥٠ ساڵ کار و خەباتی بێوچانی هونەریی و وەرزشیی و هەڵوێستی نەتەوەییانەوە، کاراکتەرێکی درەوشاوەی لەبیرنەکراوی ئەم مەیدانەیە و یەکبینە دەست و خامە و فڵچەکەی، داهێنان لەدوای داهێنان و تابلۆ لە پاش تابلۆی خستۆتە سەر خەرمانی بەپیتی هونەری نەتەوەکەیی و بازاڕی مرۆڤدۆستانەی دنیاوە. ڕەنجی ئەم کاروانە دوورودرێژەی خزمەتەکانی مامۆستا، سەنگ و بایەخی مێژوویی و هونەریی خۆی هەیە.

هونەرمەند هەر لە منداڵییەوە ،حەز و خولیایەکی زیندوو هاوڕێیەتی ژیانی کردووە. ئەم ئارەزووە دواتر بۆتە ئاوات و داهێنان و گۆڕان و سەرئەنجام مامۆستا عەلی لەتیف، سەراپای ژیانی قاڵبوو لە کاری هونەر دا و بووە خاوەنی تایبەتمەندێتی سەربەخۆ و خاوەن مۆرک و ڕەسەنایەتی خۆی، کە بارگاوییە بە ستاتیکای ڕەهەندە نەتەوەیی و جڤاکییەکانی نەتەوەکەی. ئەم حاڵەتەش بۆ مامۆستا گەیشتن بە هەواری ئاسوودەیی هەست و دەروونی بووە،کە لە دەروازەکانییەوە دەرەتانی خەونی خزمەتی هونەری کوردی و گەیاندن و ناساندن و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی ڕەوتی کاروانی گەلانی دنیای پێشکەوتوو دەبینێتەوە. ساردیی و گەرمی ژیان بەو سەختییەوە هەتا ئێستا نەیتوانیوە، لە مامۆستا عەلی لەتیف خۆشەویستی بۆ هونەر زەوت بکات و مەملەکەتی هونەرستانی داگیر بکات.
مامۆستای هونەرمەند و وەرزشکار،لەم دیمانەیەدا بە تێروتەسەلی و وردیی و ڕاستگۆیانە، تیشک دەخاتە سەر زۆر لایەنی ژیانی هونەریی و کۆمەڵێ یادگاریی ئەزموونی وەرزشی خۆیی و کوردستان.

پرسیار: هونەرمەند عەلی لەتیف، دەیەوێت بە کارەکانی چ پەیامێک ڕابگەێنێت و ئاڕاستەی کێی دەکات؟ واتە هونەری تۆ بۆ چییە و بۆ کێیە؟

ع. لەتیف: من لەوەتەی دەستم داوەتە وێنەکێشان، کە لەخۆیدا هەستێک بوو لە ناخم دا پەنگی خواردبۆوە و نەمدەتوانی بەرەنگاری بکەم یان بەرهەڵستی ببم. من وەکو منداڵەکانی گەڕەک بزێو نەبووم، هەر بۆیە ئەو هەستە زوو منی دەستەمۆ کرد و تاوەکو لە ڕوانگەی ئەوەوە ناخی خۆم دەبڕم. زۆر شت هەبووە، لەژیانم دا بەسەرما تێپەڕیوە و نەمتوانیوە ئەنجامی بدەم. وەیان خواستی من نەبووە، هەر بۆیە پەنام بردە بەر هونەر تاوەکو لەو ڕوانگەیەوە ئەوەی دەمەوێت و لە ناخمدایە لەم دەروازەیەوە بیخەمە ڕوو. بەڵێ من هەر زوو لەکەناری هونەردا، هەواری خۆم هەڵدا و دەروونم ئارامی بۆوە.
هونەر لای من پەیامێکی مرۆڤایەتی نەتەوەییە. لەڕێی هونەرەکەمەوە ژیانی خۆم کەسوکار و گەڕەک و شار و نەتەوەکەم دەگێڕمەوە. وە پێش ئەوەی من هونەر بۆ نەتەوەکەم بکەم، بۆ هەستەکانی خۆمی دەکەم. ئەو هەستانەی کە پەیوەندە بەناخی خۆمەوە. لەوەتەی دروست بووم، ئازار و ئەشکەنجەی ناخی خۆم و نەتەوەکەم لە ڕێی کارە هونەریییەکانمەوە بە هێڵ و ڕەنگ دەردەبڕم و هەرکاتێک نەتەوەکەم و ڕۆڵەکانی لە کارە هونەرییەکانم دا، هەستیان بەوە کرد کە ژیانی ئەوان دەگێڕمەوە و وەکو ئاوێنەیەک خۆیانیان تێدا بەدی دەکەن، ئەوکاتە نەتەوەکەم و ڕۆڵەکانی بە بەشێک لەخۆیان وەیان بە موڵکی خۆیانم دەزانن. ئەودەم هونەرەکەم دەبێتە موڵکی نەتەوە، بێ ئەوەی خۆم بە زۆر بیسەپێنم بەسەریان دا و هیچ خاترانەیەکی تێدا بێت.

پرسیار: تۆ چەکی هونەرت بەدەستەوەیە، ئەم چەکەش کاریگەر و بڕندەیە. دەکرێت باسێک لە شێوازی هەڵسوکەوتت لەتەک ئەم دەستاوێژەدا بکەیت؟.

ع. لەتیف: ئاشکرایە کە هونەر لە هەموو سەردەمانێکدا، چەکێکی زۆر گرنگە لە هەموو بوارەکانی ژیان دا. هەر وەکو پێشر باسم کرد، من ئەو چەکەم هەڵبژاردووە، ویستوومە ئەوەی بەسەر خۆم و نەتەوەکەم دا هاتووە، ئاشکرای بکەم و لە ڕوانگەی هونەرەکەی خۆمەوە ئازار و مێژووی ڕابووردووی بە گەلانێکی تری ئەم سەر زەمینە، ئاشنا بکەم و پێناسەیەکی جوانی نەتەوەکەم بکەم. هەر وەکو دەیان ڕۆشنبیر لە ئەوروپا هاتوونەتە لام و زۆر بەخۆشییەوە وتوویانە، ئێستا دەزانین نەتەوەکەت کێیە و لەکوێ دەژین و چەند بەشن. هەندێکیان بۆ نموونە پرۆفیسۆر”یۆهانیس یۆردان”و هونەرمەندی ئەمەریکی “نۆرمان رۆجەرز” کە چەندین جار ئەوەیان وتووە، کە لەڕێی تابلۆکانی منەوە نەتەوەکەمیان ناسیوە و کەوتوونەتە پەیداکردن و خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی لەسەر کورد نوسراون، بەزمانی خۆیان و چەندجار لەکاتی پێشانگاکانم دا، سیمینار کراوە لەسەر ” کورد و کوردستان”، کە لەڕێی سلاید و فلیمەوە خۆیان ئامادەیان کردووە و لەسەری دواون. وە لە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاری جیاجیادا، لەسەر ژیان و نەتەوە و کارەکانم پسپۆڕانی باش لەسەریان نووسیوم.

پرسیار: بەشێکی بەرچاوی تابلۆکانت بە فیگۆری ئافرەت و جەستەی ڕووتی نەخش بووە،مانای ئامادەگی بەردەوامی توخمی مێینە بەوچەشنە لە کارەکانتدا چییە؟.

ع.لەتیف: لە ڕاستیدا چەند جارێکی تریش ئەم پرسیارەم لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا لێکراوە. وتوومە ئەم کارانەم کە لەسەرەتای هەشتاکانەوە، تا کۆتایی هەشتاکان بەردەوام بوو، سەردەمی هونەریی سریالی من بوو. ناچاربووم پەنابەرم بۆ ئەو قوتابخانە هونەرییە،کە ئافرەتی ڕووت لە زۆربەیان دا بەرجەستە دەکرا. من لەو قۆناغەدا مەبەستم لەو بیرۆکانە هیچ پەیوەندییەکی بە واتای دەرخستی لەشی ئافرەت و سێکسەوە نەبووە. بەڵکو دەربڕینەکانم، هەستە نەتەوەییەکانم، ئازارەکانم، دەردە کۆمەڵایەتییەکانم، بەوە دەربڕیوە، تاوەکو رژێمی چەپەڵ تێنەگات، من باسی چی دەکەم. وە دیسان ڕۆژانێک دێت کە بزانن من چیم کردووە.

بۆ نموونە تەنها لەسەر یەک تابلۆ دەڕۆم و شیدەکەمەوە و هەڵبەتە ئەوانی تریش هەر لەو ڕوانگەیەوە و بەهەمان مەبەست کراون. یەکێک لەو تابلۆیانە کەلە سایتەکەمدا هەیە، بەڕەنگی ڕۆنی بە قەبارەی ١١٠/١٤٠سم کردوومە، ئافرەتێکی ڕووتە لەسەر پشت پاڵکەوتووە، بەڵام سەری تەنها کەللەسەرێکە و گۆشتی پێوە نەماوە. کۆمەڵێک قەلەڕەشکە هاتوونەتە سەر لاشەکەی، بەدەنووک گۆشتی لەشی دەخۆن و لەبەشی خوارەوەی ڕانی پەپوولەیەکم دروستکردووە نیشتۆتەوە و کۆمەڵێک ئافرەتیش وەکو باڵندە، بە ڕووتی بە ئاسماندا دەفڕن. لێرەدا مەبەستم لەو ئافرەتە خاکی کوردستانە، کە وەکوو ئەو ئافرەتە قژ زەردە جوانەیە و بەعسییە ڕەشەکانی هاتوونەتە سەر لاشەمان، خوێنمان دەمژن و پارچە پارچەمان دەکەن. پەپوولەکەش هیوای ئەو میللەتەیە، کە چاوەڕێی سەرفرازی و بەهارێکی نوێی ترە. وە ئافرەتەکانی ئاسمان ڕۆڵەی نەتەوەی کوردن،کە رۆژێک دێت بە ئازادی وەکو باڵندە بە ئاسمانی کوردستان دا گوزەر بکەن. تابلۆی زۆری ترم لەو شێوازە بۆ (هەڵەبجە و ئەنفال) کردووە و نەترساوم و لە سلێمانی و لە بەخدا لە “هۆڵی ڕەشید” پێشانگام کردۆتەوە و وتم چی دەبێت با ببێت. دەرهێنەر “ناسر حەسەن” شاهیدە و ئەو زوو تەلەفونی بۆ کردم کە بەغدا بەجێبهێڵم ،چونکە ڕژێمی بەعس بەهەر بیانوویەک بێت دەیانویست بمکوژن. ئەوە بوو پێشانگاکەم لەبری ئەوەی ٣ هەفتە بخاێنێ تەنها ٣ یان ٤ ڕۆژی خایاند. زۆربەی تابلۆکانمیان دڕاندبوو. دوای تەواوبوونی ئەو پێشانگایەم بە ٣ مانگ بە دزییەوە ئەو تابلۆیانەی کە مابوون هێنرانەوە سلێمانی.

پرسیار: سیمایەکی دیکەی بەرهەمەکانت کار لەسەر “کەللەسەر”ی مرۆڤە. ئەو هێما و مانایانەی تابلۆکانت لەم ستایلەدا دەینوێنێت بۆ تۆ هەڵگری کام ئەندێشە و دەربڕی کام ژان و ئازار و پەنابردنە بەر کام لە سیمبۆلە مرۆیی و فەلسەفیی و هونەرییەکانە؟.

ع.لەتیف: لە ڕاستیدا هەر وەکو پێشتر باسم کرد لەو سەردەمەدا، یان لەو قۆناغەدا چەند تابلۆیەکم ئەنجام دا،کە زیاتر فیگەری کەللەسەری مرۆڤ بوون. ئەگەر بە وردی سەیریان بکرێت،چی ئازار و ئەشکەنجە و ناخی مرۆڤەکەیە، خستومەتە سەر ڕواڵەتی کەللەسەرەکان و بە ئاسانی نەکرابوون. دیارە ئەوانە هێمایەک بوون بۆ ئازار و ئەشکەنجە و کیمیایی و گۆڕی بەکۆمەڵ کە دەرهێنانیان ئەو ڕواڵەتانەیان پێوە دیار بوو.
پرسیار: هەندێک جار ناسینەوەی فیگۆرەکان لە نێو شەپۆل و هێڵکاری ڕەنگەکان دا بۆ تەماشاوانێکی سادە دژوارە. وەڵامی هونەرییانەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
ع.لەتیف: هونەری شێوەکاری هەروەک ئەدەب و شیعری ئەمڕۆ کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و دەبێت بە گوێرەی ئەو گۆڕانکارییانە، منیش ئەسپی خۆم لەنێو شەپۆلی ڕەنگدا تاو بدەم. هەمیشە ویستوومە کارێک بکەم، پێشتر نەکرا بێت. واتە پەنام بردۆتە بەر ڕەنگ ئەو ڕەنگانەی نەتەوەکەم پێیان ئاشنایە. لە کەلوپەل و جلوبەرگدا، کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکان کە بەکاردەهێنرێت یان بەکار هاتووە. چونکە زۆربەی دەربڕینەکانم، بە ڕەنگەوە، ڕەنگ لای من جۆرە ئازادییەکی هونەریم پێببەخشێت و سنووری دیاریکراوم بۆ دانانێت. چونکە هونەر سنووری نییە و بۆیە من زۆر هەست بە ئازادییەکی بێسنوور دەکەم لە بەکارهێنانی ڕەنگ دا. ئاخر دەشێت ڕەنگ هەموو شتێک بێت، لە کاری هونەری شێوەکاریدا و بگرە زۆر کایەی هونەری دیکەشدا.

پرسیار: هزر و ڕامان یان تەکنیک و فڵچەکاری مەرجی گرنگن بۆ سەرکەوتنی هونەرمەند؟

ع. لەتیف: ئەم پرسیارە زۆر گرنگە بۆ من. لێرەدا باسی تەکنیک یان فڵچە دێتە پێشەوە. لەڕاستیدا هونەرمەند گەر بێت! و بایەخ بە تەکنیک وەیان تەکنیکی جیاواز نەدات،لەکارەکەیدا هەروەک ئاسنی سارد بکوتێت وایە. من نزیکەی ٥٠ ساڵە خەریکی هونەری شێوەکاریم. ئەوەی تێگەیشتووم ،گەر هونەرمەند هەر هونەرمەندێک بێت، لەهەر بوارێکدا بێت،گەر خاوەنی تەکنیکی جیاوازی خۆی نەبێت،هونەرەکەی وەک لاساییکردنەوە و سوونەوەی، شێوازە کۆنەکانی هونەرمەندانی پێشتر یان یەکێکی ترە. بۆیە هەردەم هەوڵم داوە بەردەوام کار بکەم و ئەو کارەی کە ئەیکەم، بزانم چیم کردووە! یان چی دەکەم! بۆیە ماوەی ٦ ـ ٧ ساڵە من بەتەواوی، لەم قۆناغەدا بە هیچ جۆرێک فڵچە بەکار ناهێنم لە کارەکانمدا، مەگەر زۆر بەدەگمەن نەبێت. وە ئەو کەرەستانەی بەکاریان دەهێنم، زۆربەیان خۆم دروستیان دەکەم لەتەختە و تەنەکە و پلاستیک و ئەسفەنج و شتی تر، تاوەکو شێوازێکی تایبەتی خۆم هەبێت و هونەرەکەم بە شەقڵی منەوە بناسرێتەوە. لەبەرئەوە ئەمڕۆ گەر هونەرمەند نەتوانێت ئەو کارە بکات، بڕواناکەم هونەرەکەی ئەو بایەخەی پێ بدرێت، بەتایبەتی لەلایەن ڕەخنەگرانی هونەری شێوەکارییەوە. دیارە ئەم وەڵامە زیاتر دەخوازێت لەسەری بڕۆم چونکە گرنگە.

پرسیار: پێداویستی خوێندنەوەی قوڵی مێژوو و شارەزایی لە ڕەهەندە هزریی و مەعریفییەکان و سیاسەت دا چەند پێویست و گرنگن بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەری جوان و بەهێز لەلایەن هونەرمەندەوە؟

ع.لەتیف: هونەرمەند وەکو سەربازێک وایە لە جەنگدا.گەر ئەو سەربازە چەکی تەواوی بەرگری و هێرشی پێ نەبێت،زوو لەناو دەچێت. هەروەها هونەرمەند پێویستە زۆریش گرنگە ئاگاداری گەورە و بچووک و کۆن و نوێی مێژوو و بەسەرهاتی نەتەوە و کۆمەڵگاکەی بێت. تاوەکو هەموو کات وەکو زەخیرەیەک بەکاریان بهێنێت لە کارە هونەرییەکان دا. دووبارە زۆر گرنگە لە کۆمەڵگا و نەتەوە جیاجیاکانی ئەم سەرزەمینە ئاشنایەتییەکی کەم یان زۆری هەبێت. بەڵام زۆر گرنگە زیاتر لە بواری هونەری ئەو نەتەوانە و هونەرمەندانیان ئاشنا بێت. کە وەکو زەخیرەیەکی ڕۆشنبیریی بۆ هونەرمەند گرنگە. وە بەراوردکردنی هونەری خۆی و هونەرمەندانی ئەو نەتەوانە بەتایبەتی نەتەوە پێشکەوتووەکان لە بواری هونەرددا زۆر پێویستە و گرنگە،تاوەکو ئاستی هونەری خۆی بزانێت و لەو ڕوانگەیەوە پەرە بە هونەرەکەی بدات وەیان گۆڕانکاری وەیان داهێنان بە دەست بهێنێت. هونەرمەند چەند پاشخانی بەهێزی هەبێت،هێندە زیاتر دەرەتانی سەرکەوتنی بۆ واڵا دەبێت.

بەهەمان ئەندازە هونەرمەند، دەبێت لەگەڵ ژان و ئازاری نەتەوەکەیدا، بژی و گوێ بە ترپەی دڵی نەتەوەوە بگرێ، تا لە ناخ و کرۆکی پێداویستییەکانی باشتر تێ بگات.

پرسیار: تۆ لە کارەکانت دا چ خەسڵەت و بنەمایەکی تایبەت پیادە دەکەیت،لەپێناوی سەنگ و بەهای هونەرەکەتدا؟وەک دەزانین هونەر گرنگی سەرەکی ژیانی تۆیە؟.

ع.لەتیف: من وەک خودی خۆم کارکردنم بەلاوە گران نییە،کەبڕیار بدەم ئەنجامی بدەم بەقەدەر ئەوەی کە لەلام زۆر قورسە کە من چی بکەم!. ئەوە گرنگە لای من،چونکە ئەنجامدان لەتەک شارەزایی بووندا زۆر گران نییە،ئەوەی بایەخی هەیە بەلامەوە ئەوەیە کاتێ کە بمەوێت کارێکی هونەری ئەنجامی بدەم ،لەسەرەتادا بەلامەوە زۆر سەخت و قورسە.
ئەوەی من دەمەوێت و بیری لێ بکەمەوە وەکو بیرکردنەوەی تەنانەت پێش یەک ڕۆژیش نییە. چونکە من وەکو دوێنێ نامەوێت بیر بکەمەوە. دەمەوێت کارێک ئەنجام بدەم، لە ڕووی تەکنیکەوە بەهێز بێت. بیرۆکە لەلای من زۆر قورس نییە، چونکە وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەوەندە بابەتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و بەسەرهاتەکانی لە مێشکمدایە،پێویستم بەوە نییە خەمی دۆزینەوەی بخۆم. ئەوەی بەلامەوە گرنگ و مەبەستە، چۆن بینەرێکی ڕۆشنبیر بڕوانێتە کارە هونەرییەکەم؟. گەر من توانیم ئەوە بکەم زۆر بەئاسانی ئەو بینەرە لێم دێتە پێشەوە و دەپرسێ کە من کێم و لەکوێوە هاتووم. ئەوجا دەزانم من توانیومە، ئەو ئاواتە یان خۆزگەیە بپێکم. ئەمەش ئەو ئاوات و ئامانجەیە،کە من هەوڵی بۆ دەدەم و لە ڕێی هونەرەکەمەوە بە بینەرانی ڕادەگەێنم.

پرسیار: بەئاگاداریی من هونەرمەند عەلی لەتیف بە دوو ئاڕاستە و لەسەر دوو جەمسەر کار دەکات،تاوەکو هونەری کوردی بگاتە ئاستی پێویست. ئالێرەوە دەمانەوێت بزانین لە ئاڕاستەت یەکەمدا،دەتەوێ چی بە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەت پێشکەش بکەیت و لە ئاڕاستەی دووەمدا،گەرەکتە چی بە بێگانە بناسێنێت؟.

ع. لەتیف: من هەمیشە ئەوەم وتووە، ڕۆڵەی کورد گەر بیەوێت خزمەتی نەتەوەکەی بکات، مەرج نییە هەر بە هەڵگرتنی چەک بێت. نەتەوەکەمان پێویستی بە هەموو کەسێک هەیە، کە خزمەتی بکات. نەتەوەیەک هەر تەنها چەک بەشانی هەبێت و بەرگری لێ بکات ناگاتە ئامانج و خواستەکانی نەتەوە، ئەو نەتەوانەی کە ئەمڕۆ لە ڕیزی پێشەوەی نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەتەنیا بە چەک نەگەیشتوونەتە ئەو ئاست و ڕادەیە، بەڵکو لە پشت یان لە پێش چەکەوە کەسانێک بوون، کە توانیویانە خزمەت بە نەتەوەکەیان بکەن و بێ ئەوەی ڕۆژێک دەستتیان بەر چەک کەوتبێت. بەڵکو ئەوان چەکی ڕۆشنبیریی و هونەرییان بەدەستەوە بووە. بوونە پێشمەرگە و هەڵگرتنی چەک لەوانەیە هەر کەس بتوانێ، وەلێ هەر تاکێک خاوەنی بەهرەی هونەریی نییە، بتوانێ تابلۆیەک بکێشێ یان پەیکەرێک داتاشێت. چەکی هونەریش پاڵپشت و تەواوکەری ئەرکی چەکی ڕاستەقینەیە و دەوڵەمەند و فرەلایەنی دەکات.

پرسیار: چ هۆکارێ زیاتر بۆ کێشانی تابلۆیەک دەتهەژێنێت؟.

ع.لەتیف: لە ڕاستیدا هۆکار زۆرن. بەتایبەتی ئەوانەی زیاتر دەمهەژێنن، زیاتر بارودۆخی نەتەوەکەمە. وە من بیر زیاتر لەوانەی دەکەمەوە، کە ئەو هۆکارە دەگونجێت لەگەڵ شێواز و تەکنیکی هونەری ئەمڕۆمدا و چەند هۆکارێک لەیەک بدەم و بیانکەمە یەک و بیانگونجێنم، لەتەک هەست و دەربڕینی هونەریم دا.
پرسیار: سلێمانی و سروشتی کوردستان لە پانتایی کارەکانی تۆ دا چ پێگەیەکیان هەیە؟لەم هەندەرانە قورسایی یادگار و بیرەوەرییەکانیان لەسەر هونەرەکەت چەندە؟.
ع.لەتیف: من کەسێکم و هاوڕێکانم هەموو ئەوە دەزانن کە من شارەکەم سلێمانی هێندەی خۆم خۆشم دەوێت. دیارە من هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستانم لا پیرۆز و خۆشەویستە، بەڵام سلێمانی پارچەیەکە لە هۆش و هەست و گیانم. خاوەنی ژمارەی زۆر زۆری تابلۆم لەسەر ئەم شارە و هەروەها، سلێمانی بۆتە بەشێکی هەرە گەورەی ژیانم. وە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە ئەڵمانیام و بە ڕۆژانە خەریکی کاری هونەریم وە لە ٩٠% ی تابلۆکانم بیرەوەرییە نەتەوەیی کوردییەکانە. لەبەر ئەوە ناتوانم بۆ تەنهاساتێکیش بەبێ ئەو یادەوەرییانە، هەناسەی ژیان هەڵبمژم و بژیم.
چ هێزێک پەی پێنابەم، لەم جیهانەدا جگە لەمەرگ، بتوانێت کۆڵان و گەڕەکەکانی شار و دیمەنی چیاکانی دەوروبەری و جوانی سەیرانگاکانی و و چێژ و لەزەتی خواردنیی و دەنگی هونەرمەندەکانی و گۆڵمەزی شێتەکانی و نوکتە و سەرگورشتەی پیاوە قسەخۆشەکانی و هەزاران هەزار دیاردە و وێنە و بەسەرهات و بابەت و بەسەرهاتم لەم شارەدا لە بیردا بسڕێتەوە.
پرسیار: کام ڕەنگت بۆ هونەرەکەت زۆر لا سەرەکی و گرنگە؟ئایا ڕەنگی هەمەجۆر مانایجیاواز نمایشت دەکات یان فەنتازیای هونەرمەند،بڕیار لەسەر هەڵبژاردنیان دەدات؟.
ع.لەتیف: من کەسێکم عاشقی ڕەنگم و جەسوورانە و بێترس هەموویانم بەکارهێناوە. هەروەک ڕۆژنامە ئەڵمانییەکان باس لەو نەترسی و کەرنەڤاڵە ڕەنگینەی من دەکەن. وە یان ئاماژە بە تەقینەوەیەکی ڕەنگەکان لە تابلۆکانمدا دەکەن. پێشتر باسم کردووە، من بە ڕەنگ دەدوێم، هەستەکان،دەربڕینەکان بەڕەنگ دەیانهێنمەوە دەرەوە،چونکە تاموچێژێکی هونەری و ئازادییەک لە بەکارهێنانی ڕەنگدا بەدی دەکەم. من هەموو ڕەنگەکان بەکار دێنم و زۆرجار ئەو ڕەنگەی وەک پێویست دەبێت بۆ فیگەرێک بەکاری بهێنم. من ئەوە بیری لێناکەمەوە. بەڵکو زۆرجار لە ڕواڵەتی مرۆڤێکدا دەیان ڕەنگ بەکار دەهێنم و دەیخەمە ڕوو. هەروەک ناخی ئەو مرۆڤەکان من بە ڕەنگ بەرجەستەی دەکەم، بەڵام زۆری تابلۆ تازەکانم ڕەنگی سوور و شێوەکانی تری ئەو ڕەنگە وەکو پاڵەوانێکی تابلۆکان بەکار دەهێنم و زۆرجار گەڕاوم بۆ ئەو ڕەنگانەی کە فسفۆڕین و کاریگەرییان لەسەر چاو و هەست هەیە بەکاریان دەهێنم.

پرسیار: وەک ئاگادارم هەتا هەنووکەش ڕۆژانە زیاتر لە شەش کاتژمێری خۆتان بۆ کاری هونەریی تەرخان دەکەن. شاراوە نییە ڕاپەڕینی کاری هونەری بەتایبەت شێوەکاری. ئەرک و خەرجییەکی زۆری پێویستە. ئایا بەرهەمەکان داهاتی درێژەدان بە کارەکان دابین دەکات؟داخۆ بازاڕی هونەری کوردی هێندە گەرمە داوای زۆری لەسەر بێت؟دەنا بەتەنیا باڵی لە ژیانی فرە جەنجاڵی ئەوروپادا چ دەرەتانێ بۆ کاری هونەری دەمێنێتەوە؟.

ع.لەتیف: من ١٥ ساڵە لە ئەڵمانیام و هەر لە یەکەم ڕۆژەوە خۆم لای کاربەدەستان وا نیشان داوە کە هونەرمەندم و جگە لە هونەر هیچ کارێکی تر نازانم. هەر بۆیە هەتا ئێستا ڕۆژێک بەرەسمی کارم نەکردووە. بەردەوام سەرگەرمی کاری هونەریم و لێپرسراوانی هونەری ئەم شارەی تێیدا دەژیم جێگەی تایبەتییان بێبەرامبەر پێبەخشیووم، کە چەند ژوورێک و باخێکی باشیشی هەیە، وەک ئاتێلیی بەکاری دەهێنم. ئێستا ڕەنگە ٧٠٠ ـ ٨٠٠ تابلۆی تازەی تێدا بێت و لە ساڵی ١٩٩٥ وە،کە یەکەم پێشانگام بووە تا ئیمڕۆ، من ساڵانە پێشانگای تایبەتی و بەشداریم هەبووە. بەردەوام لەو پێشانگایانەدا تابلۆیان لێکڕیوم و ڕەنگە لە هونەرمەندەکانی ناوخۆی ئەم شارە زیاتر تابلۆم لێکڕدرابێت. دیارە هەمیشە ڕێزم لە هونەرەکەم گرتووە، بە سووکی پێشکەشم نەکردووە، هەربۆیە هەمیشە گرانترین نرخم لەسەر داناون. هەندێ جاریش سەردانی ئاتێلیییەکەم دەکەن و ناوبەناو تابلۆم لێدەکڕن کە بەشی چوارچێوە و بۆیە و کارتۆن و کانفاس دەکات. من زۆر ئەرکم لەسەر ژیان نییە هەر من و خێزانەکەمین و هەردوو کوڕەکەم پێگەیشتوون و خۆشبەختانە پێویستیان بەهاوکاری من نییە. لەمەش زیاتر ژیانم هێندە بەقورسی نەگرتووە و بەگوێرەی بەڕەکەی خۆم پێ ڕادەکێشم. بەختەوەری من لەوەدایە، کە تابلۆیەکی جوان ئەنجام بدەم، ئۆخژنێکم بەدڵدا گوزەر دەکات. کاتێک لە دیمەنی بەرهەمێکی تەواوبووم دەڕوانم، دەستبەجێ ڕۆحم ئارام دەبێتەوە و پشوو دەدات.

پرسیار: ئایا تاراوگە و ژیانی ئاوارەیی بۆ ئێوەی هونەرمەند دەکاتە گەیشتن بە کەناری حەسانەوە و هاتنەدی خواستەکانی دڵ؟ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی هەندەرانت چی نوێی پێ بەخشیویت و چی لێ سەندوویتەوە؟.

ع.لەتیف: لەڕاستیدا ژیانی تاراوگە بۆمن لە ڕوانگەی هونەرییەوە گەیاندوومییەتە لووتکەی حەز و ئاوات. بەوەی من بە درێژایی ئەم ساڵانە، لە نهێنییەکانی زۆر لایەنی هونەر تێگەیشتووم و لە ئەزموونەکانی هونەری ڕۆژانەی خۆمدا مامەڵەم لەتەکدا کردوون و بە وریاییەوە ئەنجامم داون و چەندە هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و ناودار بوونەتە هاوڕێم. هەروەها شاعیران و نووسەرانیش کە بۆ من خەونێک بوون هەمووی هاتەدی. دەستگایەکی ڕۆشنبیریی هونەریی کتێبێکی هونەری لەسەر ژیان و کارە هونەریییەکەی من دەرکردووە، کە ٥٥ لاپەڕەیە و بەشێوەیەکی زۆر قەشەنگ و نایاب چاپیان کردووە. ئەوە هەتا هەنووکە لە کوردستان بەداخەوە بۆمن نەکراوە. هەروەها لەتەک چەند شاعیرێکدا، چەند نامیلکە و کتێبی بچووکمان ئەنجام داوە،کە هیچیان بۆ من یەک سێنتی تێنەچووە و لەسەر ئەرکی هونەرمەندە ناسراو و گەورە پیاوانی ئەم شارە چاپکراوە. ڕێز لەخۆم و هونەرەکەم بەو قەبارە و سەنگە گیراوە. لەمەش زیاتر لە یەکێک لە کتێبەکاندا پارێزگاری شاری دارمشتاد پێشەکی کتێبەکەی نووسیوە و باسی منی کردووە. ئەمەش بەر لەمن بۆ نەتەوەکەم جێی شانازییە. لەلایەن د. کلاوس قۆڵبەرت سەرۆکی ئینیستیتوتی هونەریی و ئەدەبی ١٠٠٠ هەزار مارک خرایە سەر کۆنتۆکەم، بۆ ئەوەی کەرەسەی هونەریی باشی پێبکڕم و زۆر یارمەتی تریش دراوم، لەلایەن ئەوانەی هونەرەکەی منیان لاپەسەندە. لەدەرەوەی ئەمانەش ڕۆژنامەی ئەم شارە کە زۆر بڵاوە، بێ ئەوەی ئاگام لێبێت، سایتی هونەریی بۆ کردوومەتەوە و هەروەکو هونەرمەندێکی شارەکە ڕێزیان لێگرتووم. لە ئەرشیفی هونەریی ئەم شارە کردوومیان بەئەندام لەتەک کەڵە هونەرمەندەکانی خۆیاندا دایان ناوم. زیاتر لە ٧ ساڵە بە فەرمی بوومەتە ئەندامی شێوەکارانی جیهانی و پێناسەم هەیە کە سەردانی هەموو گەلەرییەک یان مۆزەخانەیەک بکەم بەخۆڕایی. شایانی باسە لە زۆر ماڵی هونەرمەند و ڕۆشنبیری ئەم شارە تابلۆی منیان هەڵواسیوە،کە لە پێشانگاکانمدا دیویانە و بەلایانەوە جێی سەرنج بووە و دواجار کڕیویانە.

سەبارەت بەدیوی دووەمی پرسیارەکەت، ئەوەی لەدەستم داوە و لێم سەندراوەتەوە،دووری کوردستان و شارەکەم بە تایبەتی هاوڕێ دێرینەکانم، کە ڕۆژانە بۆ ساتێکیش بێت لەیادم ناچن و لە خەیاڵمدان. شاراوە نییە نامۆیی و حەسرەتی وڵات و مەینەت و کولەمەرگی ژیانی نەتەوەکەم، کڵپەی گڕێکی ناو دەروونمە، بە هیچ شتێک دانامرکێتەوە و هەرگیز ئۆخژنم نایەت. لاتان سەیر نەبێت هونەرمەند هەست ناسکتر و زووتر و زیاتر دەرک و هەست بە ڕووداوەکان دەکات و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. من چەند بە لاشە دوور بم،هەزار هێندە بە ڕۆح و هەست نزیکم. مەگەر مرۆڤ هەست و هۆش و باوەڕ نییە؟!.دوا وتەم لەم ڕووەوە وەبیرهێنانەوەی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ئەویش من بەخواستی خۆم نیشتمانی دایکم بەجێنەهێشتووە،کۆمەڵێ پاڵنەر هەبوون لە ویستی من مەزنتر بوون و ناچاریان کردم ڕوو لە هەندەران و ئاوارەیی بکەم. بۆ ڕازاندنەوە و گوزارشتی تەواوی ئەم دۆخەی من لێرەدا دەمەوێ بۆ تۆی ڕووماڵ بکەم، کۆپلە شیعرێکی مامۆستا هێمن دێنمەوە،کە پێم وایە زۆر شاعیرانە و هونەرمەندانە دەردەکەی پێکاوە:
دەردی دووری دەردی دووری کوشتمی
دەردی وشیاری سوبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردووم قەرار و خورد و خەو

پرسیار: ژیانی ئێوەش وەک تاکێکی کورد و هونەرمەندێکی دیار بە دوور نەبووە لە شاڵاو و چەپۆکی داگیرکەرانی کوردستان. تۆ لەسەرەتای لاویدا ١٩٦٣ زیندانی کراویت و کەسوکارت لە زیندانی بەعسییە فاشییەکاندا گیرابوون و کۆمەڵێ ڕووبەڕووبوونەوە و تەحەدی دیکە هاتۆتە بەردەم ژیانتان. لەگەڵ ئەمانەش دا هونەرمەند عەلی لەتیف لە داهێنان و درێژەدان بە هونەر کۆڵی نەداوە. ئەم دیاردەیەمان چۆن بۆ ڕوون دەکەیتەوە و شانازییەکانی چین؟

ع.لەتیف: من هەروەک هەموو هونەرمەندێک لەسەردەمی لاوێتیم دا، بە کلاسیک دەستم پێکرد. دوایی بە واقیعی و دواتر واقعییەکی تەعبیریی، کە جێی فڵچەکان دیاربوون و هەندێ یاری بەڕەنگ لە کارەکان دا و خەستی ڕەنگەکان و ئەستووری بەکارهێنانیان. ئەوانە زیاتر تا ناوەڕاستی حەفتاکان بوو. دواتر ڕێبازی تەعبیریی ـ دەروونی زیاتر باڵی بەسەر کارە هونەریەکانمدا کێشاوە و قەناعەتم بە کلاسیک و واقیعی زۆر کەم بووەوە و حەزم بە گۆڕان و جیاوازی دەکرد لە نێوان هونەرمەندانی برادەرم دا. لەسەرەتای هەشتان لە هێڵکارییەوە بۆ بۆیەی ئاویی و دواتر ئەو پرۆژانە کرانە بۆیەی ڕۆنی، کە شێوازێکی دۆزییەوە چوراپاڵوو ـ تعکیبی، من کردم بە سێگۆشە و کە شتێکی تازە بوو لە دنیای هونەری کوردی دا.
دوایی ئەو شێوازە بووە شێوازێکی کریستاڵی و دۆزینەوەیشی بە ڕێکەوت بوو بەهۆی عەکسبوونەوەی تیشکی ڕۆژ لەسەر قاپێکی کریستاڵی و لەسەر دیوارەکە دەکەوت و دوایی من کردمە شێوازی خۆم و هەتا هاتنە دەرەوەم لە ساڵی ١٩٩٤ دا ئەو شێوازەم چەند پێشانگایەکم لە سلێمانی و بەغدا پێکردەوە. بەڵام کە هاتمە ئەڵـانیا نیوەی ئەو تابلۆیانەم لەگەڵ خۆم هێنا و لێرەش پێشکەشم کردوون و زۆر لەو کارانەم بەو شێوازە بە پارەیەکی باش فرۆشران. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٧ وە هەوڵم دا شێوازێکی تایبەتی خۆم هەبێت و تاوەکو ببێتە پێناسەی هونەری خۆم. ئەم هەوڵ و گەڕان و شەونخونییەم نزیکەی ٧ ـ ٨ ساڵی خایاند تاوەکو توانیم شێوازێک بۆ خۆم بدۆزمەوە کە تەعبیری تەجریدییە. تێیدا زیاتر یاری بە ڕەنگ دەکەم بەبێ ترس و حیساب و فڵچە بەکار ناهێنم و جگە لەو کەرەسانەی خۆم دروستم کردون یان پەیدام کردوون. کەجێی ڕەزامەندی زۆربەی ڕەخنەگران و هونەرمەندانی ئێرەیە. بابەتەکان هەمووی کوردییە لە بەرگێکی مۆدێرن دا تاوەکو سەرنجی بینەری ئەوروپی ڕابکێشم بەلای کارەکانمدا و تا ئەم ساتە هەر لەسەر ئەو شێوازە دەڕۆم.

پرسیار: تۆ وەک نەمامێک لەسەر بەهرەی دوو ڕەگی تایبەت و قەشەنگی (هونەر و وەرزش)هەڵچوویت. کاری هونەریت هەتا هەنووکە دڕێژەی هەیە. دەکرێت بزانین توانا و ئارەزووی وەرزشیت چەند بووە و تا کوێ ئێستا پێوەی خەریکیت؟ عەشقت بۆ وەرزش هەرماوە؟ خۆشترین یادگاری سەردەمی وەرزشەوانیت چییە؟.

ع. لەتیف: من هەر لە منداڵییەوە پێش ئەوەی بچمە قوتابخانە واتە لە تەمەنی ٥ ـ ٦ ساڵیدا خراومەتە حوجرەی مەلا بۆ فێربوونی قورئان و کتێبی ئایینی. لەو تەمەنەدا ئارەزووی هونەرم هەبوو، کە یادەوەرییەکی زۆر گرنگ هەرگیز بیرم ناچێتەوە. ئەوە دەسەلمێنێ ئەوەبوو من لەو تەمەنەدا لە حوجرەی مەلا محەمەد لە مزگەوتی شێخ سەلام، لە گەڕەکی قەسابەکان، بەرامبەر بە چایخانەکەی سەعەی تەها کۆیی بوو. مامۆستاکەمان وتی: ئەڕۆمە دەرەوە سەعاتێکم پێدەچێت، یەکێک لە قوتابییە گەورەکان کە ناوی حاجی ئەحمەد لیلان بوو ـ ئەحە لیلانی قەسابی کرد بە سەرپەرشتیار. من لەو ماوەیەدا لەسەر دیواری پشتی خۆمەوە، وێنەی جەژنم بە قەڵەم کێشا. دیوارەکە بە کاغەزی بۆر داپۆشرا بوو. وێنەی عەرەبانە و کورسی کورسی و زۆر شتی تر چەند قوتابییەک هاواریان کرد مامۆستا سەیری عەلی شێخ لەتیف بکە، چ وێنەیەکی جوانی کێشاوە!. هەر کە مامۆستا وێنەکەی بینی چاوی چووە پشتی سەری و هێنامییە ناوەڕاستی قوتابییەکانەوە و بە ٣ ـ ٤ کەس، منیان گرت و مامۆستا ٤٠ داری لە بنی پێم دا و گۆتی کردم. ساتێ قوتابییەکان بەربوون بەرەو ماڵەوە بڕۆن، من نەمتوانی بەڕێوە بڕۆم و لەبەر دەرکی حوجرەکەدا لوول بووم. ناردیانە شوێن باوکم و هاتە شوێنمدا و بە کۆڵ منی بردەوە بۆ ماڵەوە. ئیدی باوکم بڕیاری دا حوجرە ببێتە بەهەشت، هەرگیز منداڵی خۆی جارێکی دیکە نەنێرێتە حوجرە. هەر ئەوەش بوو بۆ ساڵێ ئایندە، باوکم لە قوتابخانەی ئەیووبییە ناوی تۆمار کردم و چوومە قوتابخانە.
وەلێ سەردەمی لاوێتیم دا، وەرزش باڵی کێشا بوو بەسەر هەموو حەزەکانم دا. هەرچەندە لەماڵەوە وێنەم دەکێشا بەتایبەتی کە دنیا زستان و باران بوایە و دەرفەتی وەرزشم نەبوایە . من لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا هەڵبژێردرام بۆ هەڵبژاردەی تیپی سلێمانی. واتە لە ساڵی ١٩٦٤ دا، لە هەردوو یاری تۆپی پێ و تۆپی سەبەتە دا و بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بەردەوام یاریم بۆ سلێمانی کردووە. چەندەها ساڵیش کاپتەنی هەردوو تیپەکە بووم. چەندەها بڕوانامەی ڕاهێنەریی و ناوبژیوانیم هەیە. وە ڕەنگە تاکە کەس بووبێتم لە شاری سلێمانی دا کە هونەر و وەرزشم پێکەوە بەستبێتەوە. عەشقی من بۆ ئەم دوو جیهانە بێ سنوور بوو. بێ خۆڵدانەوە وزەیەکم تێدا بوو، بۆ عەشقی ئەم دوو چالاکییە لە بن نەدەهات. بێگومان سەرەتای دەست بەکار بوونمان بوو لەم بوارەدا و چاک دەرکم بەوە کرد بوو، ئەم دوو نەریتە بە جوانی لە شارەکەم دا بچەسپێنم. قەناعەتێکی وام لا دروست ببوو، هونەر و وەرزش پێکەوە موتوربە بکەم و بیکەمە دیاردەیەکی گەش و خۆشەویست، عەشق و هۆگری لای نەوەی تازە پێگەیشتووی شارەکەم بۆ پەیدا بکەم. دەبێت ئەوە بزانرێت و ئاماژەی بۆ بکەم کە ئێمە بەوپەڕی ڕەوشتی بەرزەوە، لە مەیدانەکەدا دەجووڵاینەوە. لاتان سەیر نەبێت کە ئەمانەم وەک ئەرکێکی پیرۆز، بەرامبەر بە خاک و نەتەوەکەم دەهاتە بەرچاو بێ بەرامبەر. ئێستاش بەهەمان پرنسیپ و پێوەرەوە تەماشای هەردووکیان دەکەم.

هەر بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەم دەبێ بۆ مێژوو بڵێم من بووم چەندەها تابلۆی وەرزشی گەورەم ئەنجام دا و لە یارییە گەورەکاندا دەبرانە بەردەرکی سەرا و وەکو ڕێکلام بەکار دەهێنران بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و هاندانی وەرزش لە کوردستان دا. لە ساڵی ١٩٦٦ دا جامی جیهانی لە لەندەن بوو، من وێنەی باشترین یاریزانەکانی جیهانم بە گەورەیی دروست کرد و لە نیشتەجێی تیپی ئاری هەڵواسران. ڕەنگە دووبارە یەکەم هونەرمەند بوو بێتم، لە سلێمانی دا،کە بۆ یەکەمجار پەیکەرێکی وەرزشی بە بەرزی ١١٠سم دروست بکەم بۆ شەهیدی گەورە و سیمبۆڵی وەرزشی شارەکەم، مامۆستا (یاسین حەمە ساڵح)کە لەناو جامخانەی کۆگای (سپۆرت)، کە کەلوپەلی وەرزشی لێ دەفڕۆشرا، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دانرا.
یەکەم پێشانگای تایبەتیم لە ساڵێ ١٩٦٤ دا بوو، لە هۆڵی پەیمانگای مامۆستایان لە سلێمانی. بەڵام من هەر وەکو بەردەوامم لەسەر هونەر دووبارە بێ وەرزش ژیانم دۆزەخێکە و رۆژ نا ڕۆژێک وەرزش نەکەم ـ دیارە وەرزشێکم مەبەستە، کە بگونجێت لەگەڵ لەش و تەمەنی ئێستامدا ـ وا دەزانم دنیا ڕووخاوە و من زیانێکی گەورەم پێ کەوتووە.
خوشترین یادەوەریم،لە ڕاستیدا ئەوەندە زۆرن کۆتاییان نایەت. کاتێ لە کوردستان بووم سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ ئەو یادەوەرییە وەرزشییانەم لە( گۆڤاری سلێمانی)دا بڵاودەکردەوە. خەڵکی شار زۆریان پێخۆش بوو. هەر نەبێ ئەمە بەشێکی گرنگی مێژووی وەرزش لە سلێمانی دەگێڕێتەوە و لاشم وایە یەکێکم لەوانەی خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندم لەم بوارەدا و وەک بۆتانم گێڕایەوە خۆشم ئامادەگیم هەبووە. ئەم فاکت و بنەمایانە، جۆشوخرۆشێکی تایبەت و پەرۆشێکی گەورەی لێ کەوتەوە.

پرسیار: وەرزش لە جارانی سلێمانی دا چۆن بوو؟ کێ بوون یاریزانەکان و ئێستا وەرزش چۆنە؟.

ع. لەتیف: جاران وەرزش لە شارەکەماندا جۆرە چێژێکی تایبەتی هەبوو. ئەو خەڵکە وەرزشیان بۆ خۆشی دەکرد و لە پێناوی وەرزش دا، زۆر شتیان دەکردە قوربانی لەوانە کارکردن، قوتابخانە، خێزان، واتە دەرفەتیان لەم کار و ئەرکە گرنگانە دەخواستەوە بۆ هاندان و پشتیوانی تەماشاکردنی وەرزش. هەر پاش نیوەڕۆیان لێ دەهات ئەو دەشت و دەرە پڕ دەبوون لە لاو و گەنج بە جلی کۆنە و بێ پێڵاو و کەرەسەی وەرزشی باش، عارەقی شین و مۆریان دەردەدا. بێ ئەوەی شوێنێک یان لایەنێک یارمەتی یەک جووتە گۆرەوییان بدات و زۆر یاریزانی سەرکەوتوو و باش لەو کەشوهەوایەدا، هەڵکەوتن و بوونە سیمبۆڵی شارەکە. لەوانە شەهید( مامۆستا یاسین حەمە ساڵح، حەمەبۆر، جەمالی عەلی باپیر) و خوالێخۆشبووان (موعتەسەم فەتحی، ئەکرەم مەحمود و لەتیف مەحمود، داعووری، عەلی ئیسماعیل، قالە ڕەش و سەعدی بەگ) وە لەوانەی کە لە ژیان دا ماون وەکو (تالیب سەید عەلی، حەمەی فەتاح، عارف حەسەن، عومەر عەزیز، رەزاقە سوور ، فایەقە سوور، تایەر لەتیف، کەمالی حەبێ، عومەرە ڕەش، عوسمانی ئەبوبەکر، عوسمانی شێخ محەمەد، حەمە سیروان، فاتیح و بەندە).

من خۆم لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە یاریم بۆ سلێمانی و یانەی سلێمانی کردووە. لە دوو یاری سەرەکی تۆپی پێ و سەبەتە. من تا ساڵی ١٩٧٦ یاریم کردووە، لە هیچ لایەکەوە تەنانەت یانەکەشم جووتێ گۆرەویم وەرنەگرتووە. ئەوەی ئێمە حەز و ئاواتمان بوو تەنها ئەوە بوو، بەرەو پێشەوە بڕۆین و یارییەکان بە باشی و سەرکەوتووانە بکەین و ئاستی یانە و شارەکەمان و وەرزش لە کوردستان دا بەرزبکەینەوە. ئەمە پەڕۆشی ڕاستەقینەی ئێمە بوو. بەڵی وەرزش حەز و خواستمان بوو، هەمان کات چەکێکی بە بڕندەیش بوو بەدەست ئێمەوە، بۆ خۆ نواندن و سەلماندنی بوونە گەورە و پیرۆزەکەی کوردایەتی، یان کەینوونەی تاکی کورد. بەڵی لەو سەردەمەدا بۆ ئێمەمانان، دەرفەت بوو خۆ دەرخەین و هەبوونمان بسەلمێنین.

من وێنەی وەرزشیم زۆر هەیە،کە بە درێژایی تەمەنی وەرزشیم وەک ئەرشیفێ کۆم کردۆتەوە. یەکێک لە وێنەکان ، کە لە مۆزەخانەی سلێمانی نیشانم دا،لە ڕێگای پێشانگایەکی وەرزشی کە ١٠٠ وێنەی گەورەی فۆتۆگرافم تێدا پێشکەش کرد بوو. لەو وێنەیەدا من کاپتنی سلێمانی بووم. وەستاوم تەوقە لەگەڵ کاپتنی شاری عەممارە دەکەم لە یاری باسکتبۆڵ دا. لەو وێنەیەدا و لەو یاریگا مەزنەدا پێڵاوی یاریکردنەکەم دیارە هی باسکە نەبوو، بەڵکو کالەیەکی سپی تەنکی هەرزان باییەکان بوو،کە نرخی ١٥٠ فلس بوو،بەڵام بەرامبەرەکەم جوانترین پووتی یاری باسکەی لە پێدایە.

وەرزشی ئەم سەردەمە بەداخەوە جیاوازی ئەرز و ئاسمانی هەیە، وەک ڕەوشت و ئەمەک و هەڵسوکەوت. ئەو سەردەمەی کە من باسم کرد، تیپی سلێمانی لە خولی پلە نایابەکانی عێراق، یاری دەکرد لە هەردوو بواری فوتبۆڵ و باسکتبۆڵ دا. ئەمڕۆ بەو هەموو یاریگای چیمەن و تارتانە و سەرگیراوەوە و بەو هەموو پارەیەی کە ڕژاوە، کە خۆشیان نازانن چۆن خەرجی بکەن، ئینجا ئاستی وەرزش لەژێر سفرەوەیە. ئەوەتا دەڤەر و ناوچە و شار و شارۆچکە نەماوە، یاری لە تیپەکانی سلێمانی نەباتەوە. شار سیمای وەرزشی لێ بڕاوە، پەرۆش و خۆشەویستی کەم بۆتەوە و هەر نەماوە،هاوکاریی تەنها لە ڕێگای حیزبەوە بۆ حیزبییەکانە. ئیدی بەداخەوە بەو هەموو نووشووستییەوە، هەتا ئەمڕۆ یانەکان وەکو تاپۆکردنی لێهاتووە و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و ئەوانەی دامەزراون جێ چۆڵ ناکەن،تا هەندێ کەسی تر بێنە پێشەوە،هەندێ کەسی تازە هەڵکەوتوو، گوڕ و تینێک بکەنەوە بە بەر یانەکان دا و هەر نەبێت با ئەوانیش توانای خۆیان تاقی بکەنەوە.

من ١٨ مانگ لە سلێمانی مامەوە، واتە ساڵ و نیوێک و زۆر شتم بۆ ئاشکرا بوو. هەروەک سەردەمی حیزبی بەعس چۆن کۆمەڵێک دەسەپێندران بەسەر یانەکاندا و دەبوایە ئەوانە دەربچن ببنە دەستەی بەڕێوەبەری یانەکان. لە ڕێی ئەوانیشەوە کۆمەڵێک دڵسۆزی یانەکان دەرپەڕێنن، کە هەموو جوانی و لاوی خۆیان لەو یانەیەدا بەسەر بردووە. بینیم زۆری ئەو سەردەمە ڕەشە چەپەڵە، هەمان دەموچاوەکان زۆربەیان ماون و لەم سەردەمی کوردی و ئازادییەدا یانەکان و یەکێتییە وەرزشییەکان بەڕێوە دەبەن. زۆر مەخابن بۆ دەسەڵاتی کوردی، کە چاو لەو چەپەڵانە دەپۆشێت. من وەک ڕۆڵەیەکی شاری سلێمانی و وەرزشکارێکی دێرین، کە چەندەها بڕوانامەی ڕاهێنەرێتی و دادوەریم هەیە و لەسەردەمی بەعسیەکان دا، نەیان دەهێشت پێ بخەمە گۆڕەپانەوە، بەهۆی ئەوانەی دڵسۆزییان بوون جێی متمانەی بەعس بوون.

هەمیشە سووکایەتیمان پێدەکرا، چونکە سەر بەوان نەبووین و بۆ دڵی ئەوان هەڵندەسووڕاین. هەردوو یانەی وەرزشی سلێمانی و سیروان، من دروستکەری سەرەکییان بووم. مێژوو دەزانێ چەند هەوڵ و کۆششم دا، تا ئەو یانەی سیروانەم دروست کردەوە. چەند جار هەڕەشەی کوشتنم لێکرا، کە واز لەو هەوڵە بهێنم و دوای دووجار لەسەری گیرام هەتا کرایەوە. پێش ئەوەی بێم بۆ ئەوروپا، خۆم سکرتێری گشتی ئەو یانەیە بووم. کە ڕۆیشتمەوە زۆر بەداخەوە ساڵ و نیوێک لەوێ بووم، بۆ تەنها جارێکیش بانگ نەکرام سەردانی یانەکەی خۆم بکەم، یان من بناسێنن بەو وەرزشکارە لاوانە، کە من کێ بووم.

وەرزش ئێستا کە دەکرێت لە ئارەزوو و حەز و خولیا چۆتە دەرەوە و هەمووی لە پێناوی پارەدایە. لێپرسراوان و دەستەی بەڕێوەبەران و دەستەی یەکێتییە وەرزشییەکان ململانێی پارەیانە. وە ئەگەر بە فەرمی پارە نەمێنێ و بەکەسی نەدەن، بڕوا ناکەم شوێنێک لەو شوێنانە، کەسی تێدا بمێنێت. ئەوەی سەیتر بوو لەوێ کەس زاتی ئەوەی نەبوو، باسی من بکات وەیان بمناسێنن بە لیژنەی ئۆلۆمپی کوردستان، تا ڕاستییان بۆ دەربکەوێت. دنیای وەرزشی کوردەواریی، هێندە ئاڵۆز و سەقەت بووە، تەنانەت لەو میانەدا، من بەو هەموو مێژووی وەرزشییەوەمەوە، ڕووم نەدەدرایە. لەبەر ئەوە هەر هاوڕێ کۆنەکانی خۆم بوون، خۆیان لە من دەدزییەوە، نەوەک داوای شتێک بکەم، هەرچەندە ئەوە لەڕەوشتی مندا بوونی نییە.

پرسیار: بارودۆخی هونەر لە سایەی دەسەڵاتی ئیمڕۆی کورد دا چۆن دەبینن ؟گەر ئێوە بکرێنە بەرپرسی یەکێ لە دەستگا سەرەکییە هونەرییەکانی کوردستان،لە کوێوە دەست بەکار دەبن؟.

ع.لەتیف: دەسەڵاتی کوردی زۆر ئاگاداری بارودۆخی هونەر نییە، بەوەی کە بینیومە لە کوردستان تەنها ئەوە نەبێت هەندێ ناویان لایە و کە بۆیان نێردراوە و پشتگیرییان لێکراوە و لە شوێنی هەستیار دایان ناون،کە بەهیچ جۆرێک ناشێت و ناگونجێت، ئەوانە ڕابەر و سەرپەرشتیاری شوێنە هونەرییەکان بن.
هەر لە مۆزەخانە و گەلەرییەکان و شوێنە هونەرییەکان دا، کەسانێکن یەکەم خەڵکی ئەو شارە نین و زۆر ئەو توانا هونەرییەشیان نییە بۆ هەڵسوڕاندنی کاری هونەری لەو شوێنانەدا. ئایا شارێکی وەک سلێمانی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی،کەسانێکی وای بەتوانا نییە لەو جێگایانەدا دابنرێن؟!. چونکە ئاشکرایە حیزبەکان پاڵپشتی ئەو کەسانە دەکەن. هونەرمەندێکی بەتوانای بێلایەن، کە گەورەترین خزمەتی هونەری نەتەوەکەی کرد بێت، زۆر ئاشکرایە کە پەراوێزخراون و هەموو کەس ئەوە دەزانێت. من نزیکەی ٥٠ ساڵە خزمەتی بەردەوامی هونەری شار و وڵات و نەتەوەکەم دەکەم، لەدەیان پێشانگادا هەر لە یابانەوە تا کەنەدا و زۆر وڵاتی ئەوروپاش بەشداریم کردووە و یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی (یەکێتی هونەرمەندان ـ بەشی شێوەکاری)،کە لەو (کۆمیتەی پیرەمەگروون)تەنها ٣ هونەرمەند بووین. کاتێ ڕۆیشتمەوە تەنها یەک کەس بەرەو ڕووم نەهات و بەسەر نەکرامەوە. هۆکەشی ئەوەیە من هونەرمەندێکی بێلایەنم و هەموو هیوا و ئامانج و خواستم خزمەتی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمە، نەک تاکە لایەنێک. هەقە ئەوەش بڵێم مەسەلەکە بریتی نییە لە خودی خۆم، بە ئەندازەی ئەوەی پەرۆشیمە بۆ هەموو شتێکی کوردی و خودی کایە ورزشییەکە. خۆ گەر لە شاری سلێمانی دا، سەدانی وەک من هەبوونایە، وا ئاسایی بوو گەر فەرامۆشیش بکرێم.

گەر من ببمە بەرپرسی یەکێک لەو دەزگا هونەرییانە، سوێند دەخۆم بە وڵاتەکەم، ئەوەی خزمەتی نەتەوەکەم بکات لە بواری هونەریی و پێناسەی هونەری کوردی دا، ئەوە دەکەم، بە هێنانە پێشەوەی ئەوانەی خاوەن هەڵوێست بوون لەسەردەمی ڕژێمی داگیرکەری بەعس دا، بێ ئەوەی گوێ بدەمە ئەوەی کە سەر بە چ لایەنێکە. من هەڵسەنگاندن و نرخاندنم بۆ شەرەفی کوردایەتی، ئەم یان ئەوە، نەک حیزبی بوونی کەس.

لەمەش پتر ئەزموونی چەندەها ساڵی ئەوروپام دەهێنایە گۆڕێ و لە چوارچێوەی بەرنامە و نەخشەیەکی تێروتەسەلەوە دەمخستە گەڕ. دەزگای ئەرشیفی هونەرمەندانم دروست دەکرد،هەر وەک دوو ساڵ بەر لە ئێستا لەم بارەوە نووسینێکم بڵاوکردەوە. هەروەها بە پەرۆشەوە کارم لەسەر زیاتر ناساندنی هونەری کوردیمان بە ئەوروپاوە دەکرد و هەوڵی بەستنی ڕایەڵەی پتەوی پەیوەندی هونەر و دەستگا و ئینیستیتووتی ئەکادیمیا جیهانییەکان دەدا و بانگاشەی هونەرمەندانی بێگانەم بۆ کوردستان دەکرد. بە هەموو توانامەوە کارم بۆ دروستکردنی چەند گەلەرییەکی شیاو و هاوچەرخانە بۆ نمایشتیکردنی کاری دروست و پرۆفیشیۆناڵی دەکرد. بڕیاری دەرکردنی پەرتووک و گۆڤاری هونەریم لەسەر هونەرمەندان و بزووتنەوەی هونەریی لە کوردستان و جیهاندا دەدا.

گوڵبژێرێکی ئەو کارە هونەرییانەی کە ئاستی بەرزیان هەیە دەکرد تا لە مۆزەخانەیەکی نەتەوەیی شێوەکاریدا دابنرێت و لەتەک کەتەلۆگێک دەربارەی ژیان و کاری هونەرمەندانی کوردستان و زۆر شتی تر کە خزمەتی هونەری کوردیمان بکات.بە هەموو وزە و توانا و باوەڕەوە کارم بۆ هێنانە کایەی یەکێتییەکی هونەرمەندان دەکرد.

پرسیار: ئاستی هونەری کوردی لە کوێ دا دەبیننەوە و هونەرمەندی کورد تا ئەندازەیەک توانیویەتی نوێنەرایەتی هونەریی نەتەوەکەی بکات؟.

ع.لەتیف: هەروەک زانیارم هەیە لەسەر هونەری کوردی ئەمڕۆمان لە ڕێگای ڕۆژنامە ئەلەکترۆنییەکانەوە و ئەزموونی ساڵ و نیوێکی خۆشم ڕاستەوخۆ لە کوردستان،دەتوانم بڵێم بەداخەوە ئاستی هونەرەکەمان کز و لاوازە و لەو ئاستەدا نییە پێناسەی بکەیت،چونکە هاوشانی کێشەکانی کوردستان نییە. داهێنان زۆر کەمە و ڕەنگە هەر نەبێت. ئەوەی هونەرمەندان لە کوردستان نمایشتی دەکەن لای هەندێک بەتازەگەریی دایدەنێن، لای من هەرگیز وا نییە و تەنها سوونەوە و دووبارەکردنەوەی ستایلی جۆربەجۆری هونەرمەندە ئەوروپاییەکان دەکەنەوە بە شێوەیەکی سەقەت و ناڕۆشنبیرانە. ڕەنگە ئەو شێواز و بیرۆکەیەی کە هونەرمەندی ئەوروپایی هەیەتی و ئەم لاسایی کردۆتەوە،شیکردنەوەی جیاواز بێت و دوور لە ڕاستی بێت. بۆیە پێویستە هونەرمەندی کوردی بڕوا بەتوانای خۆی بکات و هەوڵ بدات خۆی گۆڕانکاری لە کارەکانیدا بکات و پشت بە بەهرە و ناخی خۆی ببەستێت،نەک بێنە سەر سفرەی ئامادەکراو و ڕێگا بە مێشکی خۆی نەدات لە خوڵقاندن و داهێنان بەشداری بکات و ڕۆڵی خۆی بلێزێ. بۆیەکا زۆر پێویستە هەر ساڵەی کۆمەڵێک هونەرمەند سەردانی ئەوروپا و وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکەی جیهان بکەن، بە ئامانج و مەبەستی بینین و تێگەیشتن لە دنیای هونەری هاوچەرخ. ڕەنگە بۆ من سەخت بێت بڵێم ئێمە هونەرمەندی خاوەن بەهرەی گەورەمان نییە، وەیان گەر بواریان بۆ بڕەخسێ پشت بەخۆیان ببەستن داهێنان و گۆڕانکاری گەورە ناکەن. بەڵکو بە پێچەوانەوە خاوەنی کەڵە هونەرمەندین،وەلێ دەرەتانیان نییە هەناسەی ئارامی هەڵمژن.

پرسیار: ئێوە لە هیچ کۆمەڵەیەک یان ڕێکخراوێکی هونەریدا کارتان کردووە؟ .

ع.لەتیف: من هەروەک پێشتر باسم کرد لە كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی هونەرمەندانەوە من وەک ئەندامێکی چالاک و کارا بەشداریم کردووە. زۆرجار وەک خودی خۆم بیرم لەدامەزراندنی ڕێکخراوێکی هونەریی نەتەوەیی کردۆتەوە. بەڵام گەر ئەو ڕێکخراوە هونەرییە پارتێک پاڵپشتی نەکات، ناتوانێت بەردەوام بێت و خواستەکانی هونەرمەند بەدەست بهێنێت. هەموو کات وتوومە لە چەندەها شوێن و چاوپێکەوتن دا،جەختم لەسەر کردۆتەوە. با هونەرمەند ئازاد و بێلایەن بێت و زیاتر نەتەوەیی بێت و بێترس و دڵەڕاوکێ خزمەتی هونەری نەتەوەکەی بکات. هونەرمەند بەو مانایەی نوێنەرایەتی ئازار و ژانی بندەستی نەتەوە یان دیاردە و بەسەرهاتە کۆمەڵایەتییەکانی میللەت وە یاخود دیمەن و شێواز و جوانی وڵاتی کوردەواری و جەوهەر و کرۆکی کارەکانی بێت. ئێوە دەزانن کە کار لەسەر دۆزی کورد بەو بارە ناسروشتییەی داگیرکراویی و دابەشکراوییەی و چارەنووسی پڕ لە ئەندێشە و مەملەکەتی ڕازاوە بە فەنتازیای خەیاڵ و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی نەتەوەیەکی بان ٤٠ ملیۆنی کام خزمەتە بە مرۆڤایەتی. کە دەڵێم نەتەوەیی ئا لەم پنتەوەیە، پێ لەسەر داخوازی نەتەوەیی بوونی هونەرمەندانی کورد دادەگرم.
بە هەموو دڵنییاییەوە ئەوەی لەم خاڵەوە هەنگاو نەنێ لە هەگبەدا ئەرکی خزمەتی کوردی هەڵنەگرتبێت ،وا مەحاڵە هیچ پەیامێکی دیکەی بۆ مرۆڤایەتی هەبێت. ئەوەی خزمەتی وڵاتی خۆی نەکات هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەی پێ ئاوەدان ناکرێتەوە. ئەمە دەستوور و لۆژیکی ژیانی هەر کەس و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێکی ئەم دنیا پانوبەرینەیە. چما من خۆم لەم ڕاستییە لا بدەم،هەر لەبەر خاتری خاتران و لەترسی ئەوەی پێم نەڵێن نەتەوەپەروەرم و خوانەخواستە بڕوانامەکەم بڕێک کاڵ بێتەوە. نەخێر و سەدجار نەخێر لای من خزمەتی ڕاستەقینە لە دەروازەی خزمەتی کوردانەوە دەست پێ دەکات و چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەکەم بەردەبازێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی دنیا و ئارام بەخشی بە مرۆڤایەتی.

بەڵی پێمخۆشە هونەرمەند نەتەوەیی بێت و بۆ نەتەوە کار بکات و نابێت سەر بە پارتێک بێت و خۆی قەتیسی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی بکات و لەئاست ئەرکە نەتەوەییەکانی دا کەمتەرخەمی بنوێنێ و کورت بهێنێت. کاتێ بەم هەست و گیانەوە بیرمان کردەوە و کارمان ئەنجام دا،ئەو کاتە بزانن چۆن هونەرمەند لە هەموو قوژبنێکی کوردستان دا،وەکو برا باوەش بۆ یەکتری دەگرنەوە و خزمەت دەکەن بەبێ گوشار و سانسۆر و ناوچەگەرێتی، بەوپەڕی دڵسۆزی و پەڕۆشەوە.

Previous
Next
Kurdish