Skip to Content

170 Views

دەق و پاش دەق … گەڕانێک بە دونیای شیعریی تەیب جەباردا …. نووسینی: دیار لەتیف

دەق و پاش دەق … گەڕانێک بە دونیای شیعریی تەیب جەباردا …. نووسینی: دیار لەتیف

Be First!
by August 18, 2018 General, Literature, Slider
image_print

یەكەم: سەرەتا.
نووسین، سێكسكردنە بە شاراوەیی.

نووسین پرۆساندنی دەقە؛ دەقیش، یارییەكی ئایرۆنییە لەگەڵ زمان. كرداری نووسین فڕێدانی تۆپەڵەیەک لە پیت و وشە و ڕستە و بەتاڵكردنەوەیەكی كێوییانەی خود نییە، ئەگەر بەشێک لە خۆخاڵیكردنەوەش بێت، ئەوا بە شێوە ڕەوتێكی بارگاوی بەكۆزانین. نووسینی ڕاستەقینە، گەڕانێكی قووڵە بۆ گەیشتن بە فیكر و دۆزینەوەی گۆشەنیگاكان و، خۆداماڵینە لە چەقین و بەستوویی. نووسین بەگژداچوونەوەی مەرگە، ڕووەو نەمریی. لەززەتی نووسین، ڕۆچوونە بە پنتە نادیارەكاندا و، تەنیا بكەرە بەو ساتە هەستدەكات، ڕێک وەک ئەنجامدانی سێكس. لە پاڵ هەر چەژە وەرگرتنێكدا لە نووسین، تاقیكردنەوەی ترسێكیشە. قووڵایـیی نووسین خۆهاوێژتنێكی میتافۆریانەیە بەبێ‌ هارنس. ئەو دەمەی دەگەینە ڕاستەقینێتی نووسین، كە بە تونێلی سەرچڵییەكان تێپەڕیبێتین؛ كەواتە یەكسان دەبینەوە بە وەی، نووسین بۆ خۆی سەرچڵییە بە زمان.
ساڵانی حەفتاكان، یەكەم وێستگەی شیعریی تەیب جەبار بوو، ئەو سەردەمە لەگەڵ كۆمەڵێک گەنجی هۆشیار بە واقیعی سیاسیی و هەڵاوسانی قەیرانی كولتووریی، زیاتر ئاشنای فەلسەفە و ئەدەبیات دەبێت و لە بیری بوونخوازی نزیك دەبێتەوە، ئەمە وا دەكات وەک هزر بكەوێتە تۆڕی بوونگەراییەوە، بـەڵام ئەگەر ورد ببینەوە لە ئەدەبیاتی شاعیر، بە گشتی ئەو كاریگەرییە بوونخوازییە، بە بەراورد كەمتر دەردەكەوێت و ناڕوونە.
لە سەرەتاكانی دەستپێكردنی دەقنووسیندا لای شاعیر، بوونگەرایی زۆرتر وەک فەلسەفەی ژیان دەردەكەوێت، نە وەک پرۆسەی نووسین. هێشتا ئەو هزرە لە نووسینی شاعیرانەیتیدا، بەكەمییش فۆرمی بە خۆیەوە نەگرتبوو.
……..

چەمكی “خودا” لە چامە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم”دا، وێناندنێكی میتافیزیكییە و، بەرەو گۆڕینی وێنەسازیی هەنگاوی نەهاویشتووە. لەو دەقەدا، چەمكی “خودا” كاریگەرە بە ڕێكاری ئایینییەوە، تاوەكوو هەر وەزیفەیەكی ئەدەبییەوە. خودای شیعریی تەیب جەبار، لەو دەقەی ناوبراودا، خودایەكی ماتریاڵ و ناو زەوینی نییە، بەڵكوو پەروەردگارێكی ئایینیی شێوە نەگۆڕاوە. دوو جۆر “من” لە دەقەكانی تەیب جەباردا هەست پێ دەكرێت، ئەوەی پەیوەندی بە سەرەتاكانی شیعرنووسینییەوە هەبێت، نموونە بۆ ئەوەشمان “لاواندنەوەی خۆڵەمێش”ە، پتر “من”ێكی كۆگەرای نەتەوەیی بە ڕووخساری دەقەكانەوە زاڵە؛ بـەڵام كە دەگاتە “ئەو ڕۆژەی من دەمرم،” ئیتر بە كاوەخۆ ڕێچكەی ڕۆیشتنی چەمكی “من” پێچ بە لای “منێكی سەربەخۆدا” دەكاتەوە. “من”ی شیعریی قۆناغی حەفتاكانی تەیب، “من”ێكی شۆڕشگێڕە، وەک لەوەی “من”ێكی بیركەرەوە بێت، ئەمەش بە هۆی بارودۆخی فەزای سیاسیی ئەو دەیەیەوەیە.
ساڵانی حەفتاكان، ڕۆژگاری قوربانیدانی بەشێک لە شیعرییەت بوو، لە پێناوی سەربەستی نەتەوەیەكدا. شیعر لەو ماوەیەدا، لە پاڵ خەباتی چەكەوە، بە فەرمی دووەم ناسنامەی بەرگریكردن بوو، لە شووناسی كورد، وەک نەتەوەیەكی زوڵملێكراو. ئیتر بۆیە “من”ی ئەو قۆناغە شیعرییە چێوەدراو بەو كەشە ئاگراوییە، “من”ێكی یاخیی و خەباتكاری لێ دەردەچێت، زیاتر لەوەی “من”ێكی مەعریفی بێت؛ “من”ێكی دەستەكۆمەڵ دروست دەكات، وەک لەوەی “من”ێكی تاكگەرا.
سەرەتاكانی دەستپێكردنی نووسینی شیعریی تەیب جەبار، بۆ قۆناغی حەفتاكان و سەرهەڵدانی نوێگەری لە شیعر و ئەدەبی كوردیدا دەگەڕێتەوە، بۆیە یەكەم كۆمەڵە شیعری “لاواندنەوەی خۆڵەمێش” كە دەكاتە ئەو شیعرانەی كە لەو كتێبەدا نووسراون، زۆر بە ڕوونی كاریگەری بزاوتی “گرووپی كفری” بە گشتیی و لە ناویشیاندا “لەتیف هەڵمەت” بە دەقەكانەوە دیارە. لە فەزای شیعریی “لاواندنەوەی خۆڵەمێش،” زۆربەی جار دەنگی شیعریی لەتیف هەڵمەتی تێدا دەبیسترێت. بە گشتی، لە دەقەكانی تەیب جەباردا، بێ‌ لە یەكەم كۆمەڵە شیعری “لاواندنەوەی خۆڵەمێش،” جۆرە سوریالییەتێكی درامی دەبینین، كە بۆخۆی بە قازانجی دونیای شیعرگەراییی شاعیر كەوتووەتەوە. دونیابینینی شیعریی تەیب، دونیابینینێكی مرۆڤانەیە، خاوەن ڕوانینێكی تایبەتە بە خەونبینین بە بێگەردی دونیاوە.
…..


دووەم: سەرەتا.
بەهای ناونیشان.

ناونیشان پێكهاتەی دیواری دەقە، هەوڵێكە بۆ فراوانكردنی ناساندنی ڕووبەری دەق. ئەو وشانەی ناونیشان چێدەكەن، گرنگە پتر سەر بە كێڵگە لێكسیمییەكان بن، تاوەكوو كێڵگە ڕێزمانییەكان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كێڵگە لێكسیمییەكان جیا لە كێڵگە ڕێزمانییەكان، وەكوو باخچەیەكی بژاركراو وایە، لە دڕک و داڵی كەرەستە و ئامڕازە ناپێتڤەكان. ئەو واژانەی لە دانانی ناونیشاندا بەكار دەهێنرێن، باشتر و بە بایەخترە، كورت و ئیستەتیكی و فانتازی بن. لەبار نییە ناونیشان بە تەواوی گەیەنەری مانای بوونیادی دەقەكە بێت. هیچ مەرج نییە، تەواوی ئاماژەكانی دەق، لەسەر دێڕی تێكستەكەدا كۆ بكرێتەوە.
بڕێک لە ناوەخنی ناونیشانی ئەدەبیی، لە تەمتومانیدا جوانە، بە جۆرە گرێیەكی شێلگیرەوە، پەرژینی ماناكەی بەسترابێت. جگە لەوەش تا زۆرترین ڕادە دەبێت ناونیشان هونەریی و سەرنجڕاكێش بێت، ئەمەش بە شارەزابوون لە ژێرخانی ئەدەبیی و پاشخانی مەعریفییەوە بە چنگ دێت.

ناونیشان لای تەیب جەبار، بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەبێت:
جەمسەری یەكەمیان: لەو دەقانەدا ورد دەبێتەوە كە لە بازنە هزرییە شۆڕشگێڕیی و یاخییەكەیدا دەستنیشان دەكرێت.
جەمسەری دووەمیان: ئەو دەقانەن، كە لەو هزرەی ناوبرا تێپەڕیون.
ناونیشان لە جەمسەری یەكەمدا: زیاتر مەیلخوازی بەرەو هێماگەری دەشكێتەوە, ئەوەش بۆ هۆكاری كەش و هەوای ڕامیاریی و وێژەیی و كۆمەڵایەیتی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. لە جەمسەری دووەمدا: ناونیشان هیچ گەشەیەكی بە بەراورد لەگەڵ جەمسەری یەكەمدا بە خۆیەوە نەبینیوە.
ناونیشان لە جەمسەری دووەمدا: ڕیالیستە و كەمتر ڕووپۆشی هونەریی پێوە دیارە؛ ئەو خەسڵەتی نەشاردنەوەی لەشی ناونیشان وایكردووە، زۆربەی هەرە زۆری ناوەكان كتوپڕ مانابەخش و هەواڵدەر بن؛ بە كەمترین ئاراییشتی هونەریبوونەوە.
هەرچەندە لەڕووی فۆرمەوە تازەكارییان تێدا كراوە، بەڵام ئەگەر هاتبا ڕەچاوی هونەریبوونی زۆرتری تێدا كرابا، ئەودەم ئاستی ناونیشان لاسەنگ نەدەبوو، بە تەنیا فۆرم گشت مەرجی نوێخوازی نییە، بەڵكوو سەرجەم ڕەهەندەكانی دیكەش، لە ئافراندنی پانتایی نوێگەریدا بەشدارن.
…..

سێیەم سەرەتا:
هێزی زمان.

توخمی زمان، كاراییەكی تەواوەتی بە دەق دەبەخشێت، “دەقی پڕ” ئەو دەقانەن بە داینەمۆی بەكارهێنانی ئەندازەیەكی ناوازەی زمانەوە فەراهەم دێن. شلی زمان ڕۆحی دەق دەكوژێت، زمان كۆڵەكەی سەرەكی دەقە. هەموو تازەگەرییەک لە زمانەوە سەرهەڵدەدات، بە گەڕخستنی زمان بە نیمچەیی، دڵی داهێنان دەمرێنێت. هەرچی بینای فۆرمە لە دەقدا، بە یارمەتی زمان بە دەست دێت. دەق هەرچۆن خاوەنی فۆرمێكی نوێ بێت، بەبێ‌ زمانێكی بەگوڕ و تین, هێشتا ئەوە دەقێكی ناتەواوە، بە پێوەری ماناكانی تازەگەری و داهێنان.
شێواز هەموو شتێكی دەق نییە، زمان ئەو وزەیەی لە ناوخۆیدا هەیە، كە دەقێكی شێوەدار و لە هەمانكاتدا بە مانا بەرهەم بهێنێت، ئەمەش بە زمانێكی زیرەک دەكرێت. جوانی دەق لە زمانەكەیدایە، نەک بە تەنیا شێوازی بوونیادیی. زمان و فۆرم پێكەوە دەرەنجامی دەقێكی سەركەوتوون.
زمانی شیعریی لای تەیب جەبار، تەواو لە ئاستی پێویستیدایە، زمانێكی زیندووە و توانای بەرگەگرتن و خۆژیاندنەوەی هەیە و، كرداری ئەركی خۆی ڕاپەڕاندووە، ئەمە بە تایبەت بۆ هەردوو كۆمەڵە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم،” ئەو شیعرانەی ئاوڕ بۆ پێشەوە دەدەن. هەستی بەرپرسیارییەتی بەگڕخستنی زمان لای تەیب جەبار، بەكارلێكێكی پڕ شیعریێتەوە بەكاربراوە. چامە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم،” یەكێكە لە جوانترین دەقەكان بە گشتی و سەرنجڕاكێشترین دەق لە مێژووی تازەی ئەم ساڵانەی ئەدەبیاتی كوردی.
چەند ناڕێكییەكی زۆر چكۆلەی تەكنیكی لەم دەقەدا بەرچاو دەكەون، كە بەدەست خستنەسەری هیچ بەهایەک لە پێكهاتەی دەقەكە ناهێنێتە خوار.
لە شوێنێكدا، دەقەكە ئاوا هاتووە:

ئەو ڕۆژەی من دەمرم،
لە پێچی كۆڵانەكەماندا،
ئاو دەخلیسكێ‌ و بە پشتا دەكەوێ.
دەست و پێی دەردەچێ.
ناتوانێ‌ سەری بەرزكاتەوە،
ناتوانێ‌ بجووڵێ.
چەند فیكە لێدەدا…
كەس فریای ناكەوێ.
دەست و پێی بهێنێتەوە جێ.

لێرەدا پێویستی نەدەكرد “دەست پێی دەردەچێ” هاتبا، لەبەرئەوەی تا ڕادەیەک لە سەرەتاوە كۆدی كۆپلەكەی شكاندووە، گرنگ نەبوو ئەو ئاماژە بهاتبا، چوونكە خوێنەر لە كۆتایی كۆپلەكەدا بەری دەكەوت. هەروەها، ڕستەی “ناتوانێ‌ سەری بەرز كاتەوە، ناتوانێ‌ بجووڵێ‌،” لێرەدا شاعیر دەیتوانی ئاوا ئەم ڕستەیە ڕێكبخاتەوە: “ناتوانێ‌ سەری بەرزكاتەوە و بجووڵێ‌،” پێویستی بەوە نەدەبوو قەرزی وشەیەكی ناپێویست بكات، بە پێی ڕادەی پێویست ئەو وشەیە، نەبووەتە هۆكاری چێكردنی جوانكاری.
لەكۆپلەیەكی تردا، ئاوها دەڵێت:

ئەو ڕۆژەی من دەمرم،
ئاگر لە سەرمانا دەلەرزێ‌،
دێتە بەر دەرگای ماڵ، زمانی گۆ ناكا،
چاو دەگێڕێ‌، بەڵكوو
لە یەكێ‌ بپرسێ:
بۆچی مرد؟!
بۆچی مرد؟!
پاشای عەرشی سەدەی بیست و سێ؟!

هەستدەكەین ناوپۆشی ئەم كۆپلەیە، پێویستی بەم ئامڕازە لێكدەرە نەدەكرد، كە دەكاتە “بەڵكو،” ئامڕازەكان بە گشتی چڕی شیعر شی دەكەنەوە و هەندێجار لە شیعربوونی دەخەن و، بەرەو بازنەی پەخشان پەلكێشی دەكەن.

ڕەشەبا لە شوێنی خۆی دەوەستێ‌،
كزومات، بێ‌ تاقەت
لە ژێر ساباتی خۆڵ بارینا.

لەم زەمینەدا، وشەی “بێتاقەت،” هیچ خستنە سەرێكی بۆ دەقەكە نییە، لەبەر ئەوەی “كزومات” خاسێتێكە بۆ بێتاقەتی دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێكی كەم، وشەی عەرەبی تێدایە، ئەگەر وشەی كوردیبان، هیچ زیانێكی بە چێژی دەقەكە نەدەگەیاند.
بە كورتی ئەم هەڵە بچووكە هونەرییانە، هیچ نەبووەتە بارگرانی بەسەر دەقەكەوە. لای شاعیر تەیب جەبار, بە تایبەتی لە هەردوو كۆمەڵە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم” و “ئەو شیعرانەی ئاوڕ بۆ پیشەوە دەدەن” دەقەكان خاوەن كێشێكی ناوەكین، كە خۆرسک و ڕەسەنانە هاتووەتە دی. هەروەها، بەراژووكردنەوەی ژیربێژیی و كیمای وشە، ڕۆڵێكی یەكجار بەرچاویان لەبەرەو پێشبردنی دەقەكانی شاعیردا بینیوە، كە ئەمەش وایكردووە شێوەی تەرزە زمانێكی تایبەت بە مۆركی تەیب جەبار بڕسکێ.

بارۆخ: بارودۆخ، زەمینە، زەوینە، وەک تیبینی: بە هۆی ئەوەی وشەی “بارودۆخ” وشەیەكی لێكدراوە بە یارمەتی ئامڕازی ناوبەند دروستبووە، بۆ ئاسانكاری لە شێوەی دەربڕیندا، وشەكەمان لە بۆتەی داڕێژراودا داڕشتەوە.

—————————

سەرچاوە:

١- سەردەمانێ‌… تاریكی سپی بوو، تەیب جەبار، چاپخانەی پەنجەرە، 2015.

Previous
Next

Leave a Reply