Skip to Content

هەی لە جەژن! … کەریم سەرکەش

هەی لە جەژن! … کەریم سەرکەش

Closed
by ئاب 23, 2018 General, Poems

من نە یادگارییەکی خۆش و
نە پێکەنینێکی بە جۆش و
نە دەست و دیارییەکی تۆشم نەبووە
تا تۆم بیر بێتەوە!

بیرمە هەموو ئەو بەیانانەی کە دەهاتی
مەلاکان هەموو تێکڕا
لە بڵندگۆی مزگەوتەکان
بە مەرگ و
سزای گۆڕ و
ئاگری دۆزەخ و
شەق و تێهەڵدان، دەیانترساندم
بە نەڕە نەڕ و
بە هاتوو هاواری هایوهووی بێ تام وەڕەس
سپێدەی جوانی ئەو بەیانانەیان دەگەچڵاندم

بیرمە دایکم چەند شەکەت و ماندوو دەبوو
لەبەر هاتنی تۆ
بەڵام تۆ قەت دڵی ئەوت خۆش نەکرد
بیرمە باوکم هەر لە ماڵ نە دەبوو
زۆر دەگمەن لامان دەبوو
بۆ پارەی پارووە نانێ
بۆ ئێمە!
خوشک و برا جوانەکانم

بیرمە کە تۆ دەهاتی
هەژاری و نەداری و قەرزاری و
بێ بەشی و چارە ڕەشی
لە ماڵەکەمان و لە بەر دەرگاش لە ماڵە دراوسێکان
لە کۆڵان، لە گەڕەک، لە شار
لە هەموو بستێکی زەوی و ئاسمانی
ئەو نیشتیمانە بێ ناسنامە و
ئەو نیشتیمانە ستەم لێکراوە و
ئەم نیشتیمانە ئەتک کراوە و
ئەو نیشتیمانە بە پەنگ براوەم
وەک چەتەوڵ
وەک ملۆزمێکی خوێنتاڵ پەیدا دەبوو!
ئامادە دەبوو!
خواش لایەکی لێ نە دەکردنەوە
هەر وەک چۆن قەت لایەکی لێ نەکردبوونەوە
هەر وەک نەبێ
هەر وەک کوێر و مجرۆبێ
هەر وەک کەڕ و کوند و حول و بێ ئاگابێ
ئەگەر هەبوو بێ
ئەگەر هەبێ!

ئوپسالای سوید 2018.08.21

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish