Skip to Content

لەکۆشکی کچێتی بۆ زیندانی بێوەژن … هاوتا کوردستانی

لەکۆشکی کچێتی بۆ زیندانی بێوەژن … هاوتا کوردستانی

Closed
by ئاب 23, 2018 General, Opinion, Women

کێ بێوەژنە ، چەند کەس بێوەژنە و ناتوانێ بەدلێری و دەنگ هەڵبڕێت و بڵێ بەڵێ منیش بێوەژنم ، بێوەژنبوون تەنها لێکەوتەیەکی کۆمەڵایەتی نیە بەڵکو بێوەژنبوون ئەو شوناسە پڕ کاریسە و تراژیدیای کۆمەڵگەی کوردیە کە شوناسێکی پڕ جەور و ستەم و پڕ لە ئاڵۆزی و پڕاوپڕیش بووە لە غەم و نائومێدی ،
بێوەژنبوون خۆی لە خۆیدا ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیەی خێزانداریەیە و وە ئەم پەیوەندیەش پەیوەندیەکی پەرەسەندنە و بەچەندین قۆناغی جیاوازدا گوزەر دەکات سەرەتا دوای ئەوەی کە ئافرەت ئەچێتە قۆناغی هاوسەریەوە لە قۆناغی کچ بوونەوە ئەچێتە قۆناغی ژن بوون و دواتریش بە لێکەوتە و خستنەوەی منداڵیش ئەچێتە قۆناغی دایک بوون و دواتریش پەرەسەندنی زیاتر دوورتر گەشە دەکات .

بەڵام کە لەقۆناغی ژنبووندا جوودابوونەوەی هاوسەری و پووچەڵبوونەوەی گرێبەستی هاوسەری ڕوو دەدات ، ئیتر لێرەوە شوناسی بێوەژن بە یەخە و گەردنی ژندا هەڵدەکۆڵرێت و لە کۆشکی کچێتی دەچێتە زیندانی بێوەژنبوون و تەنها شوناسێک نیە و بەس ، بەڵکو قۆناغ و ژینێکی پڕ تراژیدی دەست پێ دەکات ئیدی لێرەوە دوونیایەکی دیکە و ژیانێکی دیکە دێتە گۆڕێ ، ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتیەش هەمان ڕێچکە لە خۆناگرێت و لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی دیکە دەگۆڕێت ، ئەو دونیا کاریسە و تراژیدیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرجەستەیە لە کۆمەڵگایەکی دیکەدا هەمان شوناس و هەمان ڕەهەندی کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە ئەمەش وابەستەیە بەهۆشیاری تاک و خێزان و ڕەنگدانەوەی ئەو پێشکەتنە فیکری و کۆمەڵایەتیەی کە بەرجەستەی کۆمەڵگایە .

بێوەژنبوون کائینێکە کە تەواو لەپرسی ئینسانبوون پەراوێز دەخرێت و وەک مرۆیەکی تاوانکار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ، کاتێک کە لەکۆمەڵەیەکدا قسە دەکات بێدەنگ دەکرێت چونکە ئەو مێینەیە و بێوەژنیشە ، کاتێک بەڕێگایەکدا دەڕوات جۆرەها توانج و گێرەی پێ دەکرێ ، کاتێک دەچێتە دەرەوە دونیایەک بیانووی پێ دەگرن گوایە کەئەم بێوەژنە و قسەیان دێتە سەر ، کاتێک دەچێتە بازاڕ و خۆی دەکات بە قەیسەریەکدا یەکێ تەسبیحێکی دوو مەتری قەزوانی بەدەستەوەیە وەک سەرچۆپی ڕایدەوەشێنێ و یەکێک خۆی لێ ئەبێتە فەنی و دەست دەکات بەگۆرانی وتن و بێوەژنە و بێوەژن و بێوەژنە دەستی دووە ، وە هەمووی بەجارێ بن گونی دەخورێت دەست دەکەن بە بن گوون خوراندن و یەکێک بەدەنگی بەرز بەوی دی ئەڵێ ئەوە ژنت نەهێنا با بێوەژنێکت بۆ مارە بکەین ، وە کاتێک شتێک دەکڕێت چاوێکی لێ هەڵدەتەکێنن و دە لای بە با عایدی خۆمان بێت ، ئەمە تەنها لەچوونە بازاڕێکدا ئەمەی بەسەر دێت ، ئەمەیە بێوەژنبوون لەکۆمەڵگەی کوردیدا ، ناتوانێت بەدڵی خۆی قسە بکات ، بەدڵی خۆی پۆشاک بپۆشێت ، بەدڵی خۆی بجوڵێتەوە نا نەکەی تۆ بێوەژنی ، تەنانەت بۆنیش بەکاردێنێت بیانووی پێ دەگرن چون ئەو بێوەژنە .

هەر تراژیدیایەک نیە و ببڕێتەوە ، ژینیان لێ بووەتە دۆزەخ ، لەهەموو شوێنێکی ئەم دوونیایە هەست بە نامۆیی دەکەن ، مووچەیەکی 100 هەزاریشیان هەبوو بەدەیان ڕیسوایی و شەرمەوە وەریان دەگرت ئێستا ئەوەشیان لێ بڕین ، وەک بڵێی بارگرانی بن بەسەر حکومەتێکی زەبەلاحەوە و دەستیان خستە گەرووی بێوەژن و نان بڕاویان کردن ، هەر لەوێشدا وەک مرۆێەکی ئاسایی نەدەبینران وەک بڵێی خێریان پێ بکرێ ، لەهیچ شوێنێک و لەهیچ سەدایەک لەنێو پرسی ئینسانبووندا نین و خراونەتە دەرەوەی پرسی ئینسانبوون ، ئەمە هەموو غەم زامی بێوەژنی کۆمەڵگای کوردی نەبوو بەڵکو ڕەنگە پەڕەی یاداشتنامەی یەک ڕۆژەی بێوەژنێک بێت ، ڕەنگە هەر تاکێک لەناو ئەم غەمانەدا بێت و هەستی پێ بکات و ئەو پرسیارەی لەلا دروست ببێت و بڵێ ئێ بە باسکردنی چ دەگۆڕێت ؟ ، هەموومان غەمەکانیان دەبینین بەڵام هەموومان هەست بەو ئازار و زیندانە ناکەین کە ئەوان ژیانی تێدا دەکەن ، بۆ ئەمەش دوو ئیمکان هەیە بۆ چارەسەر

یەکەم پەروەڕدەیەکی تەندروست بۆ تاک و بۆ خێزان ئەمەش بەهۆشیاریەکی قۆناغ درێژی پێویستە ، ئەمەش بەچەندین ڕێگای جۆربەجۆر ئەتوانین خاوەن پاشخانێکی پەروەردەیی و مۆڕاڵی بین
دووەم ئەرکی مەدەنیەت و ڕێکخراوی مەدەنی و لایەنی دەسەڵات لەسەر ئەم پرسە بێنە پێشەوە و کاری جدی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت و لایەک لەم گرفتانە بکەنەوە ئەم کێشەیە بە ئەندازەی مادەی 140 ئێمەی نیگەران کردووە و ئەوەندەی ئەو کێشەیە گرنگی هەیە و ئەوەندەی گرفتی شەفافی کەیسی نەوت جێی گرنگیە ، وە پێویستی بە چارەسەری هەنووکەییە ، چونکە چارەسەر نەبوونی ئەم کێشانە سەرجەم دەروازەکانی کرانەوە و بەرەوپێشچونمان لەسەر دادەخات ، وە بۆ ئەمەش ئەم دوو ئیمکانەی دەربازبوون هەیە .

Previous
Next
Kurdish