Skip to Content

چیرۆکە شیعر بۆ منداڵان … ھاوڕێیەتی ….. عەلی حەمەڕەشید

چیرۆکە شیعر بۆ منداڵان … ھاوڕێیەتی ….. عەلی حەمەڕەشید

Closed

ئێوارە بوو ئاســــکێکی جـــوان
پیاسەی دەکرد لە دارســـــتان
دەیڕوانییە ئەملاولای خـــــۆی
تا یەکێک بێت بە ھاوڕێ بـۆی
بینی زەڕافەی مـــــــــــل درێژ
لە گەڵی کــــــــەوتە وتوو وێژ
لە دوای کەمێک حــــــــەوانەوە
ھەر لە نزیک ئەوانــــــــــــەوە
مەیمونیش ھات و بوون بـــە سێ
لە گەڵیاندا بوو بـــــە ھــــاوڕێ
ئاســـــــک وتی:ھــــاوڕێکانــم
ئێســــــتا من زۆر شادمــــانـم
چـــــونکە لەگەڵ ئێوەی ھاوڕێم
بۆیە وا بە خــــــــۆشی دەدوێــم
مەیمونیش ڕووی کـــــردە ئاسک
وتی ئەی ھاوڕێی ھـــەست ناسک
بە تەنیایی ناخــــۆشە ژیــن
دەبێت ھــــاوکاری یەکتر بین
تا بەخــــۆشی و شادی بژین
ئیتر ھـــــاوڕێی یەکتر دەبین
بەیەکەوە ژیان جـــــــــوانە
تەنیا بژی زۆر گــــــــــرانە
سود لە یەکتری وەردەگــــرین
زانیاری لە یەک فــــێر دەبین
ھێندەیان زانی لــــــەولاوە
کەروێشکە سپی وەســـــتاوە
وتی ھاوڕێکانم ســــــــــڵاو
من ئەمڕۆ زۆر ماندووم تەواو
ھاتووم تا ھاوکاریم بکـــەن
بۆ کارێک یارمەتیــــــم بدەن
چونکە خانووەکــــەم ڕوخاوە
کــە ناخـــۆشـــترین ڕوداوە
بێچوەکانم بچکــــــــۆلانەن
لەدەرەوەن ، بە بێ لانـــــەن
زەرافەو ئاســــــک و مەیمون
بەرەو ماڵی کــەروێشک چوون
خانووەکەیان چـاکــــــکردەوە
ئەو ناوەیان پاکـــــــکردەوە
ئەوسا بە گــــۆرانی وتـــــن
لای ماڵی کــــەروێشکە خرپن
بە دڵخـــــــــۆشی و دڵنیایی
کردیان بە بـــەزم و بە شایی
گیاندارەکـــــــــانی دارستان
ھاتن بۆلای ئەمــــان وەستان
ئاســــــــک وتی ئێوەش وەرن
لەگـــــــــەڵ ئێمەدا ھەڵپەرن
ئەمڕۆ جــــــەژنی ھاوڕێبانە
ھاوڕێیەتی بەرزو جـــــوانە
وەرن وەرن ســــــــەرنج بدەن
ئێوەش وەکــــــــو ئێمە بکەن

عەلی حەمەڕەشید

Previous
Next
Kurdish