Skip to Content

قەرتاڵەیەک ژانی شاعیر …  شۆڕش شڵماشی

قەرتاڵەیەک ژانی شاعیر … شۆڕش شڵماشی

Closed
by ئاب 27, 2018 General, Literature

تۆ ئەو شاعیرەی کە سەدان جار لە پەنگاوی ئازاری خۆتدا خۆتت سەرکۆنە کردووە؛ “گووبخۆم باشترە لە شعر نووسین” دەمارەکانت گرژبوون، خوێنت هەڵچووە بە تووڕەییەوە کاغەزت دڕاندووە، قەڵەمت شکاندووە، گریاوی، “گوو بە خۆم و شیعرم، گوو بە هەناسە و زات و وجوودم!” کاغەزی شیعرت دڕاندووە، سووتاندووتە و ژێر گڵت ناوە و گوتووتە: بڕۆ دەرێ لە وجوودم شیعر نامەوێی، نا!” شعر، وەکوو منداڵێکی لاسار پێت هەڵپڕوسکاوە و وشەکانی پێیانگوتووی: “تا تۆی شاعیر هەناسە بدەی، لە هەناسەتدا هەناسە دەدەین. بە تووڕەییەوە ڕوومەتی شیعرت گرتووە و فڕێتداوە، بەڵام شیعر بەرۆکی بەرنەداوی، ماچی کردووی و وە بیری هێناوییەوە.” سامی و کاکەی فەلاح و هێدی و جەلال مەلکشا و گۆران و ئەخۆل و سەدانی وەک وان… بۆ چرکەیەک پشتیان لە شیعر نەکرد. هەژار، سیلی هەڵێنا و شیعر هیوای پێبەخشی. قانع، نانی نەبوو، شعری کردە نان. ئەگەر شیعر نەبایە، هێمن لە زێدی خۆی هەڵنەدەهات. شیعر بوو عەبدوڵا پەشێوی پیر کرد. شیرکۆ تا دەمی مەرگ، شیعر هاودەمی بوو. زۆر لە شاعیران گیراون، قوڕقشمیان بە گەروودا کراوە و، هیچیان وەکوو تۆ نەنووزاونەوە.”

شەرمەزاری دایگرتی، کاتێ گوێت لە قسەکانی شیعر بوو، تووڕەییت شل بۆوە و دەمارەکانی لەشت خاو بوونەوە، بە ئارامییەوە بە شیعرت گوت: “لە خوێن و دڵ و دەروون و هەناسەمدای، خۆشم دەوێی شیعر، هەرچەند تۆ بوویتە هۆکاری جیابوونەوە لەو ژنەی کە دژی تۆ بوو. شیعر تۆ بووی هەڵتدام بەملاولادا و لەسەر تۆ تڕۆکرام. قاپ و دەوری لەسەرمدا شکا. بەڵام گەر تۆ نەبایەی شیعر، منیش وەکوو ئەوانی تر بۆ ورگم دەژیام و مەشکەم زل دەبوو و دەبوومە تورەکەیەک پیسایی. بەو شێوەیە لەگەڵ شیعر ئاشتبوویەوە و ئێستا شیعر دەنووسی، بەڵام گارسۆنی لە نادییەکی مەی خواردنەوە، لەوانەشە دوورخرابیەوە و لە دوورە شارێکی وڵاتی ئێران خەریکی پەتاتە هەڵکەندن بیت، یا لە جادەی مەولەویی سلێمانی، گۆرەوەی بفرۆشی، جووتی بە هەزار!. تۆ شاعیری، بەڵام ڕۆژانە لەبەر دەرکی سەرا، پێڵاو بۆیاغ دەکەی و، لەبەر خۆتەوە حەمە بچۆلی شێرکۆ دەڵێیەوە، وە گومان هەیە تۆ لە ئەمستردام بیت و، شەهوەتی شیعر تۆی کردبێتە سەنگە سەگ، واتە لە بەردەم ئاودەستخانەی ژن و پیاواندا ڕاوەستابی و هەر کەسێک بۆ چرکە میزێک یا خاڵیبوونەوەی ورگی بچێتە ئاودەست و، ئاوساری سەگەکەی بە ملی تۆدا بکا و، دواتر قڕوشێک، پووشێک فڕێداتە لەپی دەستەوە. گەرواش بێ گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆ شاعیری و، لە ساواییتەوە لەگەڵ هەڵمژینی شیری دایکت شیلەی شیعرت هەڵمژی و بە شیعر پێت هەڵگرت و، زمانت کرایەوە و لە باوەشی شیعردا بووی بەو شاعیرەی، کە چوار کتیبی شیعری چاپنەکراوی هەن، بەڵام هەر چواریان مەلۆتکەیەکی مردوون!. شیعر لای تۆ قەڵای ئومێد و باوەڕ بە خۆبوون و هاندەر بۆ هەناسەکانت، زۆرجار لە ئەفلاتون تووڕەبووی و گوتووتە: “جەنابی ئەفلاتون شاعیرەکان چ خەتایەکیان هەیە؟ دەیانڕەنجێنی و لە کۆمارەکەی خۆت فڕێیان دەدەیە دەرێ. جەنابی ئەفلاتون شاعیر و شیعر نەبن، خۆرەتاو چرا یان فتیلەیەکی مردوویە و، ئاسمان سەرە مەنجەڵێکی قووپاوە، لە جێی وەنەوشە و نێرگز، سەلکە کەرتەشی دەڕوێ، مرۆڤ بەبێ شیعر دەبێتە وەحشی و شەڕکەر. تۆ شاعیری و شیعرت هەڵبژارد، وەکوو براکەت لەسەر دۆشەکی پارە نەخەوتی، نەتوانی وەکوو خزمەکانت نازی هاوسەرگیریەکی ڕواڵەتی و بێمانا تەحەموول بکەی. تۆ پێشتر هاوسەرت هەبوو بەڵام هاوسەرێک شیعرەکانی لێدڕاندیی و میزی بە کتێبەکانتدا کرد و ماڵەکەی لێ سووتاندی. ئەی هاوڕێ شاعیرەکەم، ئەی هاوڕێ ڕەزاییەکەم، پەتاتەکانت بچنەوە، ئەوێ شاری تۆ نییە. ئیدی ئەو شارەی تێیدا دەژیا، بۆت جێهێشت و دات لە شەقەی باڵ.

چیرۆکونوسێک پێی گوتبووی: “شیعر لوسکەڵەیە و هەمیشە بە مەکر و نازە و، خۆی تیف تیفە دەدا و هیچ برینێکی پێوە نییە.” هەڵچووبووی و لاشەی شیعرت ڕووتکرد بۆوە، برینێکی سەر دڵی شیعرت نیشاندا بوو،

کونی گیراوی کۆنە شمشالم،
خەونی ئاڵۆز و خاترەی تاڵم.

دواتر پەنجەت لەسەر مەمکی چەپی شیعر دانابوو،

سەدان ساڵە لە وێرانە ماڵی خۆمدا،
کتکە کۆرەی مەتبەقی سوڵتانم.
سەدان ساڵە حەوش و بەرەی خۆم واڵایە و،
لە بەردەرگەی دزانی خۆم پاسەوانم.

دواتر دەستت خستبووە سەر نێوکی شیعر و گەرمە برینی ئەفریقانامە، بە تامی شیعرت نیشاندابوو،

وای چەند سەختە بیستن، لە کۆماری کۆنگۆ.
چەکدارە تووندڕەوەکان دەسدرێژیان دەکردە سەر ژنان.
ماسیکا، دەیگێڕایەوە کیر و گونی پیاوانیان دەبڕی و،
دواتر دەرخواردی ژنەکانیان دەدران.

بە دڵتەنگییەوە لە کاکی چیرۆکنووست ڕوانیبوو”ئێوە هەر بڵێن شیعر لوسکەڵەیە و با ئەفلاتونیش لە کۆمارەکەی بمانکاتە دەرێ. ئەگەر هەموو دونیا ڕاومان نێ، ئیمە شیعر دەنووسین و هەر شاعیرین. لە دوا وشەی ئەم نووسینەدا، تۆ ئەو شاعیرەی، کە شەکەتی و ماندووبوون و ڕەنج ناتوانن لە شاعیریت بخەن.

شۆڕش شڵماشی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish