Skip to Content

کچان و کێشەی وێنەکان …. مەلەک محمد

کچان و کێشەی وێنەکان …. مەلەک محمد

Closed
by ئاب 27, 2018 General, Women

کێشه‌ له‌ ناردنی وێنه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌دا نییه‌، زۆرێکمان هه‌ر له‌ فه‌یسبووکدا خۆمان وێنه‌ی خۆمان بڵاو کردووه‌ته‌وه‌، که‌ ئاساییه‌، به‌ڵام خۆ ده‌شکرێ هه‌ر ئه‌م وێنانه‌ ببرێن و به‌ مه‌به‌ستی خراپ به‌کار بهێنرێن. که‌واته‌ کێشه‌که‌ له‌و بیرکردنه‌وه‌دایه‌ که‌:

یه‌ک: ئێمه‌یان وا بار هێناوه‌ له‌ وێنه‌ بترسین. له‌ کاتێکدا نابێ وێنه‌ی کوڕ و کچ هیچ جیاوازییه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدا هه‌بێت. واتا ئێمه‌ی ژنان ئه‌بێ وه‌ک شتێکی زۆر سروشتی بۆمان هه‌بێت وێنه‌ی خۆمان بڵاو بکه‌ینه‌وه‌. که‌سێک ئه‌گه‌ر نه‌یه‌وێت به‌ وێنه‌ ده‌ربکه‌وێت ئه‌وه‌ ئاساییه‌. به‌ڵام نابێت هۆکاره‌ ترس بێت. هه‌ڵبه‌ت ده‌زانن که‌ ئه‌م ترسه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ و له‌ کۆمه‌ڵگه‌ دروست ده‌بێت.

دوو: ده‌بێ ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ و دایکوباوکان و خوشک و برایانمان بگۆڕین و وا باریان بهێنین که‌ سروشترین شتێک هه‌بێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کچێک وێنه‌کانی بڵاو بکاته‌وه‌ وه‌ک چۆن کوڕێک ئه‌مه‌ ده‌کات.

سێ: که‌ توانیمان کۆمه‌ڵگه‌ی کورد وا بار بهێنین له‌ وێنه‌ی کچ نه‌ترسن. ئه‌وکات ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش به‌تاڵ ده‌بنه‌وه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی وێنه‌بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ کچ بکه‌ن. که‌ وێنه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ بوو به‌ شتێکی سروشتی، ئه‌وکات که‌س ناتوانێت ئه‌مه‌ وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ به‌کار بهێنێت.

چوار: چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ داوا له‌ یه‌کتر بکه‌ین وێنه‌ بڵاو مه‌که‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ خۆدزینه‌وه‌ و ڕاکردنه‌، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ بده‌ین،

پێنج: به‌ڵام ئه‌گه‌ر وێنه‌کان وێنه‌ی سێکسی بوون، ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندیی به‌ نێوان که‌سه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، کاتێک که‌سێک متمانه‌ی پێ ده‌کرێت، یان خۆشه‌ویستی و سۆز له‌ نێواندا هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌ ئه‌م جۆره‌ وێنانه‌ ئاڵۆگۆڕ ده‌کرێن، پێم وا نییه‌ خه‌تای ئه‌و که‌سه‌ی تێدا بێت که‌ وێنه‌کان ده‌نێرێت. تۆ چۆن بزانیت خۆشه‌ویسته‌که‌ت ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ده‌بێته‌ دڕنده‌یه‌ک؟ من نانێرن وێنه‌ بنێرن یان نا، به‌ڵکوو ده‌ڵێم کێشه‌که‌ له‌وێدا که‌ چۆن به‌ ناوی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ مرۆڤ وێران ده‌کرێت.

شه‌ش: ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مێشککراوه‌ بووینایه‌، مه‌سه‌له‌کانی وه‌ک سێکس و وێنه‌ی ڕووت و وێنه‌ی کچ و ئه‌م شتانه‌ له‌ لامان شتی نۆرماڵ بوونایه‌ وه‌ک ئه‌ورووپا… ئه‌وا ئه‌و کچه‌ له‌ ئێمه‌ و بنه‌ماڵه‌که‌ی و کۆمه‌ڵگه‌ نه‌ده‌ترسا و ئه‌م کاره‌ساته‌ش ڕووی نه‌ده‌دا. که‌واته‌ به‌ ته‌نیا هه‌ڵه‌ی ئه‌و کوڕه‌ نییه‌، به‌ڵکوو هه‌ڵه‌که‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌ پشته‌ و هه‌موومان خه‌تابارین.

حەوت:گەورەکانی خێزان وا خۆیان رابهێنن کەزوو زوو بریار لەسەر شتەکان نەدەن لەجێگای زیادکردنی کۆڵێک قسەی ناشرین و ئازاردانی منداڵەکانیان، گوێیان لێ بگرن و هەوڵ بدەن کێشەکان بەرێگایی یاسایی و تەندروست لەم کاتانەدا چارەسەر بکەن.

هەشتەم:کردنەوەی دەرگای خوێندنەوە لە منداڵەکان کە لەبارەی بابەتی متمانە پێکردن و چۆنیەتی هاورێیەتی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بەرەو تێگەیشتنی تەندروست برۆن.

نۆیەم:دانانی مەنهەجێکی تایبەت بۆ مندالەکانمان لە قوتابخانەکان کە فێری خۆراگری و بەرگەگرتنی فشاری دەروونی لە حاڵتە نەخوازراوەکان.
دەیەم:کردنەوەی دەرگایەک لە لایەن خێزانەوە کە مندالەکان بتوانن ئەوان هەڵبژێرن بۆ باسکردنی کێشەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەک بێدەنگ بمێنەوە و بترسن تا کارەسات رووبدات.

مەلەک محمد

Previous
Next
Kurdish