Skip to Content

داعش موتوربەیەک بەقەدی مێژووەوە …. بەهاوبەشی: شووشان و موتەڵیب

داعش موتوربەیەک بەقەدی مێژووەوە …. بەهاوبەشی: شووشان و موتەڵیب

Closed
by ئه‌یلول 4, 2018 General, Opinion, Slider

عەیامێکە مێژوویەک بەتاوان سیاپۆش و بەخوێن سورکراو وەکو مریشکێکی توڕە لەسەر دەیان هێلکەی داعشئاسا گڕکەوتووەو هەر دەیەیەک دانەیەک ئەتروکێنێت. هێلکەی داعشی تروکاندو ئێستاش کەداعش زەعیف بووە، بزانین هێلکەی دوایئەو چی ئەبێت.

شەریعەتی ئیسلام هاوشێوەی دەستوری وڵاتانە، لێ جیاوازیەکە ئەوەیە ناتواندرێت لەیاساوڕێساکانی ئیسلامدا کەلیمەیەک زیاد یان کەم بکرێت. چونکە سەوابتن و سەردەمەکان دەبێت خۆیان لەگەڵ بگونجێنن و بەشێوەیەکی مەتاتیش داڕێژراون. یانی بەگوێرەی یاساکانی ئیسلام شوێنکەوتووان دەتوانن موسوڵمانی میانڕەو، ئاشتیخوازو مرۆڤ دۆستبن. هەر بەهەمان یاساش دەتوانن بکوژ، وێرانکارو توندڕەوبن.

یانی ئیسلام دوو ڕوخساری هەیە، ڕووە جوانەکەی ئەوەیە کە دایکو باوکانی ئێمەومانان پەیڕەوی ئەکەن، کەجگە لەمیهرەبانی، مرۆڤدۆستی و گیانی بەیەکەوەژیان شتێکیترنییە. ئەم دیوە جوانەی ئیسلام بەردەوام نیشاندەدرێت و خەڵکی پێئاراستە ئەکرێت.

وەلێ کەم کەس توانیویەتی خۆی لەقەرەی باسکردن لەدیوەکەیتر بدات. لێرەدا ئێمە دەمانەوێت ڕووی دووەمی ئەم مێژووە هەڵماڵین، بەتایبەتی ئاراستەی سەلەفی ئەهلی جیهادی قیتال و ئیسلامی داعشئاسا. ئەوانەی ئینکاریی ئەوە دەکەن داعش لەناو دەقەکانی ئیسلامدا جێینابێتەوە، بەشێکیان لەمێژووی فتوحات تێنەگەیشتوون، بەشێکیشیان هەوڵدەدەن ڕووە باطینیەکەی داپۆشن. ئێمەش ئەمانەوێت ئەم دەمامکە لادەین و بڵێین ئەوەی داعش دەیکات لەچوارچێوەی دەقەکانی شەریعەتدا جێگای دەبێتەوە، بەڵام لەپێناو پوختکردنەوەی بابەتەکە تەنها تەرجەمە کوردیەکانیان وەکو خۆی ئاماژەپێدەدەین.

لەحەدیسێکدا پەیامبەر دەڵێت: (من نەنێردراوم وەكو خوا سزا بدەم، بەڵكو نێردراوم بەلەملدان و توند بەستنەوەیان)! وەكو لە(سیرەی ابن هشام و رحیق المختوم- گولاوی سەرەمۆر)دا هاتوه:( كافرێك هەبوو له مەككه به شیعرەكانی زۆر كافرانی هاندەدا بۆ شەڕ له دژی ئیسلام. بۆیه پێغەمبەر فەرمووی به هاوەڵەكانی، كێتان هەیه لەناوی ببات؟ محمدی كوڕی مەسلەمە فەرمووی: من یارسول الله، ئیتر چوو كوشتی و كەگەڕایەوە سەحابەکان دەستیان كردە اللەاكبرو سەری كەعبی كوڕی ئەشرەفی بڕی بوو.

کەواتە سەربڕین شتێکی نامۆ نییە لەکلتوری ئیسلامداو نە شتێکی تازەشە. زۆر بەکورتی ئەمانەش چەند فەرمانێکی ڕێبەرانی ئیسلامن بۆ سەربڕینی نوسەرو ڕۆشنبیران: (مەحەمەدی مەسلەمە، سەری کینانی کوڕی ڕەبیعی یەهودی بڕی بەفەرمانێکی سەروی خۆی. عبدوڵای کوڕی مەسعود سەری ئەبو جەهلی بڕی لەغەزای بەدرو هێنایەوە.

ئەبو دووجانە کەسەحابەی دەستەڕاستی پێغەمبەربوو، سەری جابری کوڕی عەبدوڵای بەشمشێر پەڕاند. فەیروز سەری ئەسوەدی عەنەسی لێکردەوە کاتێک وتی بوومەتە پێغەمبەرو سەرەکەی هێنا بۆ پێغەمبەر. علی کوڕی ئەبی تاڵب سەری عەزوەکی یەهودی بڕی و پەیامبەریش مژدەی بەهەشتی پێدا). ئەوانەی سەرەوە مشتێکن لەخەرمانێک، بەڵگەی ڕوونیشن کە سەربڕین بەشێکی دانەبڕاوبووە لە کلتوری ئیسلام و عەڕەبدا. وە عەڕەب لەبەرگی ئیسلامدا بەزەبری شمشێر بوونی خۆی لەناوچەکەدا سەلماندووەو ”شمشێرو سەربڕین” دوو تاکە دروشمی ناسینەوەی عەڕەب و ئیسلامن.

تەنانەت ئیسلام پێیوایە لەڕووی زانستی پزیشكیشەوە، بڕینی مل بەڕەحمترین جۆری كوشتنە، چونكە كەسی كوژراو هەست بەهیچ ئازارێك ناكات! لەبەرئەوەی خانەی بەرپرس لەهەستكردن بەئازار لەمێشكدایەو بڕینی دەمارەكانی مل بەخێرایی، ناهێڵێت ئازارەکە بگاتە مێشك! بۆیە داعش کۆمەڵێک بیدعەکار نین، بەڵکو تەمسیلی ڕاستەقینەی مۆدێلێکی ئیسلام دەکەن و وەفادارو شوێنکەوتووی سەرکردەکانی پێشوتری ئیسلامن و شەریعەت جێبەجێدەکەن.

داعش، قاعیدە و حیزبە ئیسلامییەکانی ناو حکومەت هەریەکێکن و گشتیان لەیەک مەنهەج فیکریان هەڵدێنجن، کەشەریعەتی ئیسلامە. حیزبە ئیسلامییەکان بەژداری هەڵبژاردنی دیموکڕاسیانە دەکەن و لەناو پەڕلەمانن و باسی ئازادی دەکەن. ئەوان هەتاکو ئەو کاتەی دەسەڵاتی ئیسلام ناوچەکە کۆنتڕۆڵدەکات ئەو ڕووخسارە میانڕەویە نیشاندەدەن، ئەگینا گەر دەمامکیان لادەی جیاوازیان نییە لەگەڵ داعش و هەمان فیکرو تێڕوانینیان هەیە، سەبارەت بە شەریعەت.

بەڵام ئەوان جیهادی قیتالیان بۆ داعش جێهێشتووەو خۆشیان لەناو کۆمەڵگادا وردەوردە کۆمەڵگا بەئیسلامی دەکەن و دەیانەوێت هەموو ژنان حیجاب ببن و
مەیخانەکان دابخرێن و لەهەموو کۆڵانەیەکیشدا مزگەوتێک بونیاد بندرێت. حزبی ئیسلامی تیرۆری فیکری دەکەن و داعشیش تیرۆری فیزیکی دەکات. حزبی ئیسلامی عەقیدەی ئیسلام بە دیدە تەکفیرییەکەی دەرخواردی خوشک و براکانی ئێمەمانان دەدەن و داعشیش فیشەک و شمشێری ئاراستەی مل و دەمی برا پێشمەرگەکانمانیان دەکرد. ئەوان هەردوکیان ئەرکیان تیرۆرە، جا یەکێکیان تیرۆری فیکری و ئەویتریان تیرۆری فیزیکی.

ئیسلامییەکان ئازادییە تاکەکەسییەکانی وەکو جلوبەرگ، قسەکردن، خۆشەویستی و هەڵبژاردنی ئایین لەناودەبەن، تەکفیری ڕۆشنفکران دەکەن، سنور بۆ هەموو چالاکییەکان دادەنێن کەیەکانگیر نەبێت لەگەڵ شەریعەت. دواتر شوێنکەوتوویەک بەرهەمدێنێن هەموو شتێکی بەرامبەرەکەی پێ ڕەفزە. تاکە پێوەری مرۆڤی باش لای ئەو، گەنجێکە ئەهلی مزگەوتەو خوشکێکی باڵاپۆشە. ئەوان لەڕووکەشدا ئاڵاو لۆگۆ و دروشمیان جیاوازەو لەباطیندا یەکێکن. لەزاهیردا ئیسلامییەکان موجامەلەی هەوادارانی خۆیان دەکەن و ئیسلام بەجۆرێکیتر تەفسیر دەکەن کەموتوربەیەک بێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستایان، کەواتە لەجەوهەردا هەمان باتینن و فەڕقێک لەگۆڕێدانییە لەنێوان موعتەدیلەکان و موتەشەدیدەکاندا.

هەموو ئەوانەش چ ناوێکیان هەیە گرنگ نییە، چونکە هەمویان ئەو مناڵە توندڕەوەن لەدامێنی شەریعەتەوە لەدایکبوون. بەعس و داعش لەژێر ڕۆشنایی سوڕەتی ئەنفال دەیان هەزار کوردیان بەزیندوویی خستە ژێر گڵەوەو ژنەکانیشیان کردن بەکۆیلەو لەلایەن جەنگاوەرە جیهادییەکانەوە هەتککران. لەڕابردوشدا ئیسلام بەزەبری شمشێر کوردستانی داگیرکردو جەنگاوەرەکانی عەڕەب هەزاران ژنی کوردیان کردە کۆیلەو هەزاران لەبابوباپیرانی ئێمەییان سەربڕی. لەقورئاندا ئایەتی (النساء) دەڵێت: ئەو ژنە ناموسوڵمانانەی لەجەنگدا بە ”غەنیمە” بەتاڵانی دەکەونە دەستتان بۆتان حەڵاڵن و دەتوانن بەبێ ڕەزامەدی خۆیان سێکسیان لەگەڵ بکەن! یانی ئەوەی داعش لەشەنگال دژی ئێزیدیەکان کردی ڕێک جێبەجێکردنی شەریعەت بوو. هەتائێستاش هەموو عولەمایانی ئیسلام نەیانتوانیوە بڵێن داعش ئیسلام نییە. ئیسماعیل سوسەیی، کەئیمامێکی بەناوودەنگە پێش گرتنی وتی: پێشمەرگە لەبەرەی غەرب و سیستەمێکی عەلمانییە بۆیە شەهید نییەو ناچێتە بەهەشتەوە، بەڵام داعش بانگەوازی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات و جیهاد لەپێناوی خودادا دەکات بۆیە ئەوان شەهیدن و دەچن بۆ بەهەشت.

کەواتە تۆی موسوڵمان ئەگەر هەموو گروپە جیهادیستەکان بەتیرۆریست بزانی یان لەمێژوی فتوحاتی ئیسلام تێنەگەیشتووی یان لەگروپە تیرۆریستییەکان! عبدڕەحمان سەدیق بانگخوازو شارەزای فیکری ئیسلام وتی: هەموو ئەوەی داعش دەیکات لەناو کتێبەکانی ئیسلامدا هەیە. لەدەستبڕین، سەربڕین، ڕەجمکردنی ژنو هەڵدانەخوارەوەی خەڵک. (مەبەست بەرزاییە) تەنانەت دەڵێت: فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەش بەگوێرەی ئایەتەکانی ئیسلام سوتاندیان. چونکە داعش بەڵگەی قورئانی هێناوەتەوە کە، سەحابە شیشی سورکراوەی کردووە بەچاوی دوژمن و بەئاگر سوتاندونی، بۆیە ئەوانیش فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەیان سوتاندووە.

mutalib_shushan_journalist@hotmail.com

Previous
Next
Kurdish