Skip to Content

ئۆپەرێتی گۆڤارەکانی منداڵان … نوسینی: عەلی حەمەڕەشید به‌رزنجی

ئۆپەرێتی گۆڤارەکانی منداڵان … نوسینی: عەلی حەمەڕەشید به‌رزنجی

Closed
by ئه‌یلول 10, 2018 General, Kids Literature

کۆمەڵێک منداڵ لەسەر شانۆ کە دەردەکەون، یان ھەریەکەیان گۆڤارێکی منداڵانی پێیە،یان جلوبەرگەکانیان بە بەوێنەی بەرگی گۆڤارەکان نەخشاون،یان بەس بەرگەکانیان لکێنراوە بە سنگ و پشتی منداڵەکانەوە و کڵاوەکانیشیان ھەر لەو بەرگانە دروستکراون ،ئەم گۆرانییە دەڵێن:
گۆڤارەکان :

ببینن چــــــەند ڕازاوەین……….چــەپکە گوڵی ئەم ناوەین
ھــــاوڕێی گشت منداڵانین……….بۆیە وەک ئـــەوان جوانین
پڕ زانیـــاری گـــــرنگین……….بۆ تــاریکی گـــــزنگین
ڕوومــان کردە ھـــەرجێیە……….خەندە و خــــۆشی لەوێیە
نەخشاوین بە وێنەی جوان………..تا دڵخۆشببن ھەمــــووان
منداڵان: کۆمەڵێک منداڵی تر کە لە کوڕ و کچ پێکھاتوون لەملاولای شانۆکەوە بە تێکەڵی وەستاون و ئەم گۆرانییە دەڵێن:
چــەندە جوان و دڵگیرن……….ھـــاوڕێمانن ،زۆر ژیرن
شـــادیتان پێیە کەدێن……….ھەموو دەڵێین بەخێربێن
گۆڤارەکان:
ھــاوڕێ ئازیزەکـانمان……….سوپاسی بێ پایانمــان
بۆ ئێوەی وریا و نــازدار……….منداڵانی گـوند و شــار
لەھەرکوێ پێمان دەگەن………..پێشوازیمــان لێدەکەن
منداڵەکان:
ھـەتا زیاتر بناسـرێن……….کە ئێوە چین؟ئێـوە کێن؟
دەی خــۆتان بناسـێنن……….ئێمــەی منداڵ بدوێنن
گۆڤارەکان:
ئێمەش وەک ئێوە جوانین……….گۆڤــــــاری منداڵانین
تایبەتین بە ئێوەی گوڵ……….خــۆشیتان دەخەینە دڵ
ئەوا بۆ خـــۆ ناساندن………..یەک یەک دێینە دواندن
منداڵەکان:
فەرموون ئازیزان فەرموون……….ھــاوڕێیانی پڕ ئەزموون
ئێمەی منداڵ ئامــادەین………..تەماشــای ئێوە دەکەین
یەکێک لە گۆڤارەکان بەلەنجەولار دێتە پێشەوە کە ئەویش گۆڤاری ( پەپولە) یە و جلەکانی کۆمەڵێک پەپولەی باڵنەخشین و ڕەنگاوڕەنگی پێوەیە لەگەڵ بەرگی گۆڤاری ( پەپولە) و دەڵێ:
منداڵە ڕۆح سوکەکــان…..نەشمیلە بچوکەکـــان
ھەتا زیـــاتر بمناسن…..وەرن وەرن بــۆ لای من
من گۆڤـارێکی شــەنگم…..ڕازاوە و ڕەنگــاوڕەنگم
بمبینن چـەند ڕەنگینم…..لای ئـێوە زۆر شـــیرینم
کێ بمکات بە ھاوڕێی خۆی….ســودی زۆرم دەبێت بۆی
مانگی جــــارێ دەردەچم…..بە دیدارتان شـــاد دەبم
پەڕەکانم نەخشـــــاون…..تیشکی زانست دەھـــاون
بە چیرۆک و ھۆنـــــراوە…..شیرینیم بە خــــۆم داوە
بمبینن لە ھــــەر جێیە…..زانیاری تـــــازەم پێیە
بمناسن ئــــــازیزانم…..پەپولەی ھــــاوڕێتانم
جوانم ،ھەروەکو خۆتان…..چونکە تایبەتم بۆتــان
گۆڤاری (جگەرگۆشەکان) دێتە پێشەوە کە وێنەی کۆمەڵێک منداڵی پێوەیە و بەرگی گۆڤارەکەشی پێوەیە و دەڵێ:
منیش جگەرگۆشەکـــــانم………ھەروەکو پەپولە جـــوانم
لەگەڵ ئەو و لەگەڵ ئێوەش……….ھــــاوڕێیەکی میھرەبانم
دەی بمکەن بە ھاوڕێی خۆتان……….سودی زۆرم دەبێت بۆتان
منیش جگەرگۆشەکــــــانم…….گۆڤارێکی شەنگ و جـــوانم
دەی بمکەن بە ھاوڕێی خۆتان…….سودی زۆرم دەبێت بۆتــــان
بە بابەتی جــۆرا و جــۆرم…….بە زانیـــــاری باش و زۆرم
بە چیرۆک و بە ھۆنــــراوە…….جوانیم زیاتر بە خـۆم داوە
وەکـــــــو گوڵزاری ڕازاوە……تــــا بمناسن لە گشت لاوە
ڕاھاتووم مانگی جارێک دێم…….بۆ لای ئێوەی جوان و ھاوڕێم
بە بـــابەت و زانیاری نوێم……لەگەڵتاندا بێدەنگ بدوێم
گۆڤاری (خەندە) ش دێتە پێشەوە بەپێکەنین وڕوی خۆشەوە و بەرگی گۆڤارەکەی پێوەیە و دەڵێ:
وەکــو پەپولە و جگەرگۆشەکان……….خەندە دەخەمە سەر لێوەکانتان
ھەموو بمناسن گۆڤاری خەندەم………..ھاوڕێی ئەوان و ئێوەشم ھەردەم
ســــودێکی زۆرم ھەیە بۆ ئێوە………بچمە لای ھەرکەس خەندەی لە لێوە
ئــازیزانم مـن گۆڤــــاری خەندەم…….ئای کە دڵخۆش و شاد و ئاســــوودەم
ســــودێکی زۆرم ھــــەیە بـــۆ ئێوە……بچمە لای ھەرکەس خــەندەی لە لێوە
چیرۆکی خـــۆش و ھۆنــراوەی شیرین……وێنەی ڕەنگا و ڕەنگ ڕازاوە و ڕەنگــین
بابەتی تـــازە ی پڕ لە زانیـــاری……..بۆ ئێوەی منداڵ دەکەم بە دیـــاری
گۆڤاری (گوڵەکان) ھەموو گیانی گوڵە و وێنەی بەرگی گۆڤاری گوڵەکانیشی پێوەیە دەڵێ:
من گۆڤاری گوڵەکــــانم……….بە بینینتان شادمــــانم
ھاوڕێی گۆڤاری پەپولە و………..خەندە و جگەرگۆشەکانم
من گۆڤاری گوڵەکانم……بە بینینتان شادمانم
وەکو ئێوە منیش جوانم……سەربڵندم ھاوڕێتانم
پڕ لە بابەت و زانیاریم……بۆ ئێوە جوانترین دیاریم
ئەو کاتانە زۆر دڵخۆشم……پڕ بە دڵ شادی دەنۆشم
کە دێم پێشوازیم لێدەکەن……لەگەڵ خۆتاندا من دەبەن
بە چالاکی و بە دەست و برد……دەمخوێننەوە جوان و ورد
(کانی) گۆڤارێکی ترە و لە شاری مھاباد دەردەچێت بۆ منداڵان بە گۆرانی دێتە پێشەوە و دەڵێ:
من کــانی مھابـــــــادم……..بە دیدارتــــان دڵشــادم
منیش وەک ھــــاوڕێکانم…….گۆڤــــــــاری منداڵانم
کە مانگـــــانە دەردەچم……..ئەوەندە دڵخــــۆش دەبم
وەک گوڵی بۆنخۆش و ئاڵ……..دەگــــەمە دەستی منداڵ
دەمکەن بە ھاوڕێی خۆیان……..زانیاریم پێیە بۆیــــان
(سڤۆرە) ش کە گۆڤارێکی منداڵانە و لە شاری دھۆک دەردەچێت دێتە پێشەوەو دەڵێ:
ئەز سـڤۆراپڕ ئەڤینم……..بۆ زارۆکـا خوێن شیرینم
پڕ خۆشتڤی و دەلالم…….شەنگ و شۆخ و شەپالم
سەرێ ھەیڤا دیارم……..بۆ ھـــــەڤالا نازدارم
ب نڤیسین و ھـــــۆزان……..ب چیرۆکـــــا زارۆکان
ب وێنە و زانیــــاری…….بۆ وە دەبم دیــــاری
گۆڤــارا ســــڤۆرەمە…….بۆ وە گەلــــەک فایدەمە
@@@
گۆڤاری( منداڵی سەردەم): دێتە پێشەوە و بەرگی گۆڤارەکەی پێوەیە و دەڵێ:
منیش گۆڤـــاری منداڵی سـەردەم…..بەھـــاوڕێیەتی ئێوە ئاســـودەم
لەگەڵ گۆڤاری جوانی گوڵەکـــان…..پەپولەو خەندە و جگەرگۆشەکـان
ھەموو ھاوکار و ھاوڕێ و ھاوڕازین……خۆشی بۆ ئێوەی منداڵ دەخــوازین
منیش منداڵی ســەردەم……شیرین و لێو بەخەندەم
گۆڤــــارێکی جیاوازم……بەخـــــۆمەوە دەنازم
وەک تایبەتی کارکردن…..کە بۆتە پێناسەی من
ھـەر چیرۆکێکم تیایە…..ھی زمانی جیا جیایە
کە کــراون بە کوردی…..بە شــیرینی و بە وردی
ھــەر وێنەکانی خۆیان…..دانراوەتەوە بۆیـــــان
زانیاری تازە و سـەردەم…..پێشکەش بە منداڵ دەکەم
دڵخۆش و شــــــادمانم…..کە ھــــاوڕێی منداڵانم
گۆڤاری( زەنگ و بەنگ): کە گۆڤارێکی تری منداڵانە و لە شاری دھۆک دەردەچێت ،دێتە پێشەوە و دەڵێ:
گۆڤارا زەنگ و بەنگم……بۆ زارۆکێن چەلەنگم
ئەزم ھاڤکار و ھەڤال……بۆ وەیێن جوان و دەلال
پڕ لە وێنە و ژ نەخشم……ئەڤینا خۆ د بەخـشم
ب چیرۆک و ھـۆزانم…..بۆ ھەمی ھــەڤالانم
منداڵێک دێتە پێشەوە و دەڵێ:
دڵمـــان پڕ لـە خۆشییە……….بۆیە ئاســـودە دیـارین
بەم ھـــاوڕێ ئـازیزانە………..زیاتر شـاد و بەختیارین
وا ئێستا ئێمــەی منداڵ……….ھاوڕێی پۆلێک گۆڤارین
گۆڤارەکان:
ئێمەی گۆڤـــار بە دیــاری……..بابـــەتی نـــوێ و زانیاری
چیرۆکی بە ســـــود و خۆش……..بزوێنەرێنەری ھەست و ھۆش
ھـۆنراوە و وێنـــەی ڕەنگین……..دێنین بـــۆ ئێوەی شـــیرین
ھەمــــوو مانگێک بەم شێوە……..دێینە دیـــــــــداری ئێوە
بە بابـــــەتی نوێوە دێین……..منداڵ لە کــوێ بێ لـەوێین
منداڵێک دێتە پێشەوە و دەڵێ:
ئەی ئێوە ھەر ئەوەندەن……..زانیاریمــــان پێدەدەن
ھاوڕێکانی ترتان کوان؟……..بۆچی نەھاتوون ئەوان؟
گۆڤارەکان:
ئازیـــزان ئێوە ژیــــرن……..دیــــارە کـــە ڕۆشنبیرن
ئێستا ھەر ئێمە ھاتووین…….ھەموومان تازە دەرچووین
ھەر کامێکمان زوو دەرچین…….لاتــــان ئامــادە دەبین
منداڵ:
حــەز دەکەم ئازیــزانم…….ناوەکــــانیان بزانــم
دەی ناوەکــــانیان بڵێن……..خۆ ئەوانیش ھەر ھاوڕێن
تــا ئـەوانیش بناســین……..بزانین ناوەکــــان چین
ئەوسا گۆڤارەکان یە یەکە دێنە پێشەوە و ناوی گۆڤارەکان دەڵێن کە ماوەیەک پێش ئێستا دەردەچوون بۆ منداڵان:
گۆڤاری پەپولە :
(پێلستانک) و(جــــۆلانێ)……..(تـــۆم و جیری) و (دیلانێ)
(باباگوڕگوڕ) و( گــــۆران)……..لەگەڵ (مێرگی منداڵان)
گۆڤاری گوڵەکان:
(بەرخەکــەم) و (حاجیلە)…………یان( شەمـامە) و ( گردیلە)
یــان (سمۆرە) و (کـــۆلارە)………..تا ئێستا ناویان دیارە
گۆڤاری زەنگ و بەنگ:
(کـــەپر) و (دنیای منداڵان)………یان (پێنووس) و (پەریستان )
(ئاگا) و(پەڕەسێلکە)و (ھەنگ )……( ئاڵەکۆک) و (شۆخ و شەنگ)
گۆڤاری کانی:
(پەلکـــــــەزێڕینە) ی ڕەنگین…….(منداڵی کـــورد)ی شــــیرین
(چریکە) ی جـــــوان و (نایە)…….. (جریوە)وەتــــــان بیرنایە
گۆڤاری خەندە:
(ھەرمانگ) و (مشکە) و (تان تان)…..یــــــــان (روداوی مـــنداڵان)
ئەی گۆڤـــــاری (ئەستێرە)……….یەکەم گۆڤـــــار بوو لێرە
ئا لەم بەشــــەی کوردستان……….بوو بە دیـــــاری منداڵان
گۆڤاری منداڵی سەردەم:
ئەی (کــــاروانی منداڵان)………(کەناری) و (کۆچەر)یش وان
(لالە) و( نێرگز) و( ژیــار) ……..(ئاوات و ھێڤی) و (گــوڵزار)
گۆڤاری جگەرگۆشەکان:
(ھێلانــــەی منداڵان) یش……….ھــــەر بۆ منداڵ دەردەچوو
پڕ وێنەی ڕەنگــــاوڕەنگ و……….زانیاری بەکـــــەڵک بوو
ئەی (بوکەبەبــــارانە)ش……..ھــەر لە ئێوەی جوان دەچوو
ھەموو گۆڤارەکان:
گڕوگـاڵی منداڵانی کورد پێشەنگ بوو
وەکو یەکەم گۆڤار کە بۆ منداڵ دەرچوو
بۆ منداڵان وەکو دیــاری چوارچرا بوو
ھی کۆمـــــاری کوردستان و پێشەوا بوو
تا ھەتـــایە لە مێژوودا ناوی دیارە
وەک کارێکی پڕ بایەخی ئەو کۆمــارە
گۆڤاری پەپولە و زەنگ و بەنگ و گوڵەکان وسڤۆرە:
ئێستا زانیتان کە چەندین گۆڤار
دەرچوون بۆ ئێوەی شیرین و نازدار
گۆڤاری منداڵی سەردەم و خەندە و کانی و جگەرگۆشەکان:
کەواتە ئێوەی ئازیز و گوڵڕوو
ئێوە دڵ پڕ لە خۆزگە و ئارەزوو
خوێندنەوەمان بکەن بە پیشە
تا سەرکەوتوو بن لە ژین ھەمیشە
ھەموو:
بۆ سەربەرزی نیشتمان ھاوکاری یەکتر دەکەین
ھەمیشە لە ھەوڵداین تا بە ئاواتمان دەگەین
گۆڤارەکان:
ئێمەش بڕیارمــان داوە بۆ خزمەتی منداڵان
بابەت و زانیاری نوێ پێشکەش بکەین بێوچان
تا ئێوە ڕۆشنبیر و ئازا و وریا و چــالاک بن
لە ئێستاوە دڵسۆز و خەمخۆری گەل و خاک بن

****************

تێبینی: لەوانەیە گۆڤاری تری منداڵان ھەبێت و من بیرم چوو بێت ، بۆیە ھەر ئازیزێک ناوی گۆڤاری تری لابوو دەتوانێت بەم ناونیشانە بۆم بنێرێت زۆر سوپاسی دەکەم.
alihamarashedbarznji@yahoo.com

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish