Skip to Content

کورد لەنێو یاریکەرەکاندا… نوسینی:لوقمان محەممەد شلانی

کورد لەنێو یاریکەرەکاندا… نوسینی:لوقمان محەممەد شلانی

Closed
by ئه‌یلول 10, 2018 General

ئەوەی لەسەردەمانی زوو ڕوویدا،بۆ کورد بەهەموو چینێکەوە هیچ نەبوو ،جگەلە مێژو. مێژوش نوسراوە لەلایەن لایەندار و بێلایەنەکان، بەواتایەکی تر بوو بە مەرەکەبی سەر کاغەز(حبر علی الورق). بۆ ئەم سەدەمەش هەر ڕاستە و بەزیادەوەش. چونکە کورد نەیتوانی ببێتە ئەزمونداری کەڵک وەرگرتوو، بەڵکو بووە گێڕەرەوەیەکی خراپ و درۆزن. ئەوەی بە باشی زانیوە بۆ خۆی (وەک تاک)و خانەوادەکەی بەزێڕی نوسیویەتەوە و بۆشی زیادکرد،ئەوەی تریشی لەگۆڕنا و خستویەتیە ملی کەسان و بەرانبەرەکەی خۆی حاشایی لێدەکات.

کورد لەوەتەی هەیە، نە شت وەردەگرێ (بە حاکم و محکومەوە) و نەدەشییەوێ وەریبگرێ.جا کارەسات لەمەدایە کەباسی گەل و میللەت و دواجار وڵاتێک دەکەی ،ئەوان خۆیان زۆر لەوان پێ باشتر و نایەبترە و مامۆتکترە.
بۆنمونە کاتێک باسی دەوڵەتێکی وەک کویت و ئیسڕائیل دەکەی،سەرکردەکان و مەسینەهەڵگر و بنکردەکان و بندەستەکان گەمە وشۆخییان پێدەکەن و پێکەنینیان پێدێن.

ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی(بزوتنەوەی چەکداری کوردستان بەهەر چوار بەشیەوە) دەرکەوت کە هەمویان داردەست و بەکرێ گیراوی دوژمنێکن.هیچیان خاوەنی ڕاو سەرنجی خۆیان نینە. تەنانەت بۆ پاکتاوکردنی لایەنی بەرابنەریان کە هاوخەباتی خۆیان بوە،سڵیان لە مل شۆڕی و قورمساغی بۆ نەیارانی کوردستان نەکردۆتەوە.ئامادەبونە دەستی ئاشتی بۆ هەمو کەس و لایەنێک درێژبکەن تەنها کوردەکانی هاو زمانی خۆیان نەبێ. ئەوەش هەر لەم سەردەمە نەبوە، لە میرنشینەکانەوە بگرە تاکو ئەو سەردەمەی کە ئێمە دەبینین لە دژی یەکتر چیدەکەن.ئەمیان کەرکوک ئەمیان شەنگال.ئەویان کۆیە، ئەویان قندیل و برادۆست و بادینان… نۆکەرایەتی و بێگانە پەرستیشیان نیوەبەنیوەیە.

تا ئێستا کورد نەبۆتە ئەزموندار، نە دۆستی لایەنێکی ئاقڵ و بەرژەوەندی کورد ویست، نەخۆشی هیچی بەدەست هێناوە لەدانوستانا. کەوابوو ئەوەی ماوەتەوە ئاشی نەزانە و خوا ئەیگێڕێ.بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیربچێ،کەوا ئەو کاربەدەست و کەسەیەکەمەکانی هەمو پارت و جوڵانەوەکان ئەوندەی بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و ئافەرینیان ویستوە، هیچ کات بیریان بۆ ئەوە نەچووە کەوا دەمڕاست و پێشەکەوتووی ئەو گەلە پەرتەوازەن.

ئێستا شین و شەپۆر و ئاوەیلای ناوێ، بەڵکو چاوکراوەی خەڵکەکەی دەوێ. ناکرێ چیتر بەتەمایی ئەو بەناو سەرکردەو کۆلکە خوێندەواران و کۆلکە کارد و داردەستی وڵاتان بین.
ناکرێ بەتەمایی نیسک لەئیمان بگەڕێین. ئەگەر باس باسی کوردایەتی و کوردستانە کەس ئامادەی شەڕکردن نیە، جگەلە کوڕە هەژارو نەدار. تۆ سەیرکە ئەوە کوڕە هەژارە شەهید دەبێ !! ئەوە قارەمانەکانن خۆیان دەکەنە قەلغان …. لەبەرانبەردا ئەوە کەسە چاوچنۆک و ناکەسبەچەکەکانن لەگەڵ دوژمن مامەڵەی بازرگانی دەکەن. با کەس باسی کۆیە بەتاقی تەنیانەکات،بەڵکو باسی حوسێن پەنهانی و هاوڕێیەکانیشی بکات. باسی سەڵاحەدین دەمیرتاش و باکور بکات. باسی زەکی شەنگالی و قەندیل و باڵەکایەتیش بکەن،خۆ ئەوانیش کوردن.کاتی هاتووە ئێمە بە بیر و تێڕوانینەکانی خۆماندا بچینەوە. ئەوان خیانەتیشیان لەنێوان خۆیان بەدادپەروەری دابەشکردووە. سەیری ئەو دوبنەماڵەیە بکەین ئاخۆ ئەوان کێن و لەکوێن و چییان کردووە؟ بەتەمان چی بکەن؟

کەوابو دەبێ ئێستا کورد بزانێ کە لەکوێی یاریەکەیە؟!ئایا یاریگایە تاکو یاریەکەی تییابکرێ؟یان یاریزانە یاری دەکات؟ یاخود تۆپەکەیە یاری پێدەکرێ؟ یانژی هاندەرە و خۆی یەکلایکردۆتەوە بۆ یەکێک لەدژەکان؟ تاکو ئێستا کورد لام وابێ خاکەکەی یاریگایە و خۆشی تۆپەکەیە. لەمسەر بۆ ئەوسەر لەژێر لاقی یاریزانەکان دەڕوا و دەچێت. چونکە زانیمان هیچ یەکێک لەو دوو پارتانە نە کوردستانی و نەبۆ ئەوانیشن.ئەگەرنا حاڵی ئەو گەلە وای لێنەدەهات.ئەوان چاودەپۆشن لە بەرانبەر یەک دۆلارو یەک لیرە و تمەن .

ئەوەی ڕۆژی پێنج شەممە و هەینی ڕویدا لە بەسڕا، تەواودیارکەری شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیرانە.ئەمریکا توانی گەورەترین کۆبوونەوەی پەڕلەمان گرێبدات. وەلێ نەیتوانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دروست بکات،دواتر سەرۆکی پەڕلەمان و حکومەت و دەوڵەت هەڵبژێرێ.ئەو توانی گۆلێک لەئیران بکات و ئیرانیش بەهەمان شێوە گۆلەکەی خۆی کردەوە کەنەیهێشت مەرامەکانی ئەمریکا بێنەدی. دوو هێزە کوردیەکە کەزۆرترین کورسی تەزویری پەڕلەمانیان هەیە،تاکو ١٢ شەو لەگەڵ ئەمریکیەکان بوون. کەچی ١٠بەیانی هاتنەوە بەرەی ئیران. لەبەرئەوەی خاوەنی دنیا بینی خۆیان نینە ناتوانن وەکو پێویست بڕیاربدەن. بۆیە دەبێ ئەمجارە گەلی کورد چیتر ڕدێنی خۆی نەداتە دەست ئەو نەشارەزایانە و بەتەمایی ئەوان نەبێ. دەبێ لەسەر ئاستێکی باش و هۆشیار بتوانێ قسەلەگەڵ ئەو دوو یاریزانە و سەرجەم یاریزانەکانی تربکا، کامەیان بۆ کورد و دواڕۆژی کورد باشبوو خۆی یەکلای بکاتەوە،ئەگەر نەشبێتە یاریزانی سەرەکی و زەخیرە وبەڵکو ببێتە هاندەرێکی باش بۆ یاریزانەکەی دۆستی …

نوسینی:لوقمان محەممەد شلانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish