Skip to Content

بانگەوازی کۆمەڵێک لە ئاکادێمیسیەن و ڕوناکبیرانی کورد بۆ لایەنە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بانگەوازی کۆمەڵێک لە ئاکادێمیسیەن و ڕوناکبیرانی کورد بۆ لایەنە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Closed
by ئه‌یلول 12, 2018 General

لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧دا هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین هێرشی موشەکییان کردە سەر دەفتەر و کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە شاری کۆیە، واتا قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانی ئێراق بێ ڕەچاو کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئەم هێرشانە بوونە هۆی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندمانی ئەم حیزبانە و دانیشتوانی مەدەنی وا لە کەمپەکان دەژین.
لەهەمان ڕۆژدا، ڕێژیمی ئێران سێ بەندکراوی سیاسیی کوردی بە ناوەکانی ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان مرادی و زانیار مورادی لەسێدارە دا. فەرمانی لە سێدارەدانەکان بەڕێوە چوون سەرڕای ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە کەموکورتیی ئاشکرای شێوەی دەستبەسەرکردن و دادگایی کردنەکەیان دووابوون و داوایان کردبوو حوکمی لە سێدارەدانی ئەو سێ کەسە ڕابگرن.
پاشخانی بەرفراوانتری ئەم توندوتیژییانە قەیرانی قووڵی کۆمەڵایەتی – ئابووریی ناوخۆیی لە ئێراندا و قۆناغی کۆتایی شەڕی ناوخۆیی سوریایە کە تێیدا هێزە جۆراوجۆرە نێوخۆیی و ناوچەییەکان لەسەر وێرانەی شەڕی ماڵوێرانکەری ناوخۆیی سوریا لە ڕکابەری دان کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەردەوام بووە.؛ شەڕێک کە ئێران و تورکیا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان دەورێکی سەرکیی تێدا دەگێڕن.
سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیان، دەوڵەتەکانی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە وەک هەمیشە یەکگرتوون بۆ لێسەندنەوەی ئەو دەستکەوتانەی خەڵکی کورد و هێزە سیاسییەکانیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە خەبات و بەرخۆدانی بەردەوام و ئازایانەیان بەرانبەر بە داعش بەدەستیان هێناوە. ئەم دەوڵەتانە زۆرجار نیشانیان داوە کە ویستوویانە و دەتوانن هەموو جیاوازییەکانی نێوانیان وەلا بنێنێن تا خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بۆ مافی چارەنووسی خۆی سەرکوت بکەن.
بەداخەوە، هەمان یەکێتیی ئامانج و کردار لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کورددا بەگشتی و، بەتایبەتی لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە. ئەم نیگەرانییانە لە ئێستا دوو هێندە زیاد دەبن کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات خۆی لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا دەبینێتەوە. ئێستا خەباتە ڕەواکەیان بۆ مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان لەگەڵ دەرفەت و بەربەستی کەم وێنە بەرەوڕوو بووە لەکاتێکدا کە ڕێژیمی ئێران گیرۆدەی گەندەڵیی نێوخۆیی وگوشاری دەرەکیی بووە.
بەڕەچاو کردنی ئەم بارودۆخە گرنگە ئێمە واژوومان کرد کە:
۱. لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە حدکا و حدک و هەموو ئەوانە دەکەین کە کە خۆشەویستیکیان بەهۆی هێرشی بێ بەزەییانەی ڕێژیمی ئێرانەوە لەدەست داوە. هه‌ر وه‌ها سه‌ره خۆشی گه‌رمی خۆمان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ڕامین حوسێن په‌ناهی، زانیار مرادی و لوقمان مرادی ده‌كه‌ین و سێبورییان بۆ ده‌خوازین.
۲. داوا دەکەین لەهەموو هێزە سیاسییانەی کورد، بێ جیاوازی، کە ئێستا بۆ مافی سیاسیی کوردان خەبات دەکەن و لە ڕۆژهەڵات چالاکن، دەستبەجی کۆببنەوە بۆ پێکهێنانی بەرنامەیەکی لانی‌که‌می هاوکاریی سەربازی، ئاسایشی و دیپلۆماتیک وەک کاریگەرترین هەوڵ بۆ خۆڕاگریی لەبەرانبەر دەستدرێژیی بێ بەزەییانە، و کوێرانە و بێ جیاوازیی ئێران. بەشێوەیەکی ئایدیال ئەم گفتوگۆیانە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهاتنی یەکێتییەکی نەتەوەیی – دیموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵات. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەم داوایە بۆ پێکهێنانی بەریەکی یەکگرتوو زۆربەی گەلی کورد لەڕۆژ هەڵات پشتیوانی لێدەکات.
۳. داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد دەکەین کە لەسەرتای گفتوگۆکانیاندا بۆ ئەم هاوکارییە فرەڕەهەندییە، جیاوازییە ئایدۆلۆژیکی و سیاسییەکان بە ڕەسمی بناسن، ڕێزی لێبگرن و لەسەر بناغەیی ترین زەمینەی هاوبەش، واتا، مافەنەتەوەییەکانی کورد و بەرگریی، ئاسایش و سیاسەتی دیپلۆماتیکی هاوبەش بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێکوەرن.
۴. بەبیرهەموو پارتە ڕۆژەهەڵاتییەکانی دێنینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبەتەمایە و نەدەتوانێت گەرەنتیی ئاسایشی ئەوان لەبەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بکات.هەر بۆیە، ئەوان دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی بوونی فیزیکیی خۆیان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
۵. هەموو پارتە سیاسییە کوردەکان بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی کە بەشێوەی فەرمی پابەندبن بە پارێزکردن لە بەکار هێنانی چەک بۆ چارەسەری جیاوازییە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانیان. ئەم چەشنە جیاوازییانە، بەو جۆرەی کە هەن، پێویستە ئاشتییانە و لەڕێگای ئامرازی دیموکراتیکەوە بخرێنە بەرباس و گفتوگۆ و گەلی کورد دادوەری یەکلا کەرەوە بێت.

واژووکەران (بە پێی ڕیزبەندیی ئەلفوبێ):

1. د. ئازاد مورادیان (ره‌وانناس؛ به‌رپه‌رسى كومیته‌ی كۆرده‌كانی نیشته‌جێی ئەمریكا بو دیمۆكراسی و مافی مرۆڤ)
2. ئاگری ئیسماعیل نه‌ژاد (ڕۆژنامه‌وان)
3. د. ئالان فتوحی (زانکۆی کارۆلینسکا، سوێد)
4. ئالان گۆران (چالاکوانی مه‌دنی)
5. ئاڤا هوما (نوسه‌ر)
6. د. ئەحمەد محەممەد پوور (زانکۆی ماساچۆسێت – ئەمهێرست)
7. د. ئەمیر شه‌ریفی (زانكو ی ولایه‌تی كالیفورنیا لونگ بیج)
8. د. بەرزوو ئالیاسی (زانکۆی لینیێس، سوێد)
9. د. بێهروز شوجاعی (نوسه‌ر)
10. د. بێهنام ئه‌مینی (زانکۆی یۆرک، کانادا)
11. د. خالید خه‌یاتی (مامۆستای زانکۆ, سوێد)
12. جانی دیلان (ڕۆژنامه‌وان)
13. د. رامین مه‌فاخیری (لێکۆله‌ر)
14. د. ڕەحیم سورخی (زانکۆی کارلتن، کانادا)
15. ساسان ئەمجەدی (لیکۆڵەر، زانکۆی لۆسێرن، سویس)
16. د. سوڕەییا فەللاح (زانکوی ولایه تی کالیفورنیا)
17. د. سه‌ردار سه‌عدی (لێکۆله‌ر له‌ زنکۆی تۆرێنتۆ)
18. د. سیوان سه‌عید (مامۆستای زانکۆ)
19. شاهێد عەلەوی (ڕۆژنامه‌وان)
20. شه‌هلا دەباغی (چالاکوانی مه‌دنی)
21. د. کامران مەتین (زانکۆی ساکسێس، بریتانیا)
22. د. کەماڵ سولەیمانی (کوینز کالج، نیویورک)
23. د. کاوە قوبادی (لیکۆڵەر)
24. پرۆفیسۆر عەبباس وەلی (مامۆستای زانکۆ)
25. عه‌مار گۆلی (ڕۆژنامه‌وان)
26. د. ناسر ئه‌حمه‌دی، لێکۆڵەر
27. د. هاشم ئەحمەدزادە (مامۆستای زانکۆ، سوێد)
28. د. هێمن سه‌ییدی (نوسه‌ر)

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish