Skip to Content

276 Views

زۆڵێتیی و حەرامزادەیی سیاسەت، پەرلەمان و دەسەڵاتدارێتی …. ئەحمەد ڕەسوڵ

زۆڵێتیی و حەرامزادەیی سیاسەت، پەرلەمان و دەسەڵاتدارێتی …. ئەحمەد ڕەسوڵ

Be First!
by September 19, 2018 General, Opinion, Slider
image_print


ئاڵۆزی و سادەیی یان حەقیقەت

پێچاوپێچکردن لەنێو زماندا و دروستکردنی ئاڵۆزیی لە مانادا لە هەندێ باردا دەکرێت خۆی بەشێک بێت لە پڕۆسێسێکی فراوان بۆ بەرهەمهێنانی ڕێژەیی تێگەیشتن و ئەستەمبوونی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی ڕەها و بڕەر، واتا ڕێگر بێت لە زاڵکردنی فۆڕمێکی دیاریکراوی داوەریکردن و ڕێگربێت لە سەروەربوونی نۆڕمێک یان چەند نۆڕمێکی دیاریکراو، بەڵکو ئەم ئاڵۆزیە هەمیشە زەمینە خۆشبکات بۆ فرە تێگەیشتنی جیاواز و بۆ نۆڕمگەلی جیاواز. واتا پێچاوپێچیی زمان و ئاڵۆزیی مانا دەکرێت ڕێگای گەیشتن بێت بە پلوراڵیزمی ڕاستەقینە و سەروەرنەبوون و زاڵنەبوونی هیچ تێگەیشتنێکی دیاریکراو، بەڵکو هاوشانبوونی تێگەیشتنگەلی جیاواز و بەتەنیشت یەکدیەوە ڕاوەستانی نۆڕمگەلی تەواو لێکجودا. واتا ئاڵۆزیی دەشێت ڕێگایەک بێت بۆ گەرانتیکردنی فرەیی، جیاوازیەکان و هاوشانبوونیان.

هەروەکچۆن دەکرێت لە زۆر باریشدا پێچاوپێچکردن لە نێو زماندا و دروستکردنی ئاڵۆزیی لە مانادا، بەشێک بێت لە پڕۆسێسی شێواندن ، ونکردن و لێدان لە حەقیقەت. کۆتەیشتنی ناپێویست و ناپەیوەندیدار لەگەڵ ووردکردنەوەیان لە چێوەی نوسینێکدا جگە لەوەی گەمەیەکە بۆ ڕێگرتن لە ئەنجامگیریەکی سیسیتماتیک، گەمەیەکیشە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزیی و بەژێر خۆڵەوەکردنی حەقیقەت. ڕیزکردنی ناوی فەیلەسوفان و کتێبان، ڕیزکردنی چەندین چەمک گوایا بابەتەکە چەمکسازی و بەرهەمهێنی چەمکی نوێیە، ڕیزکردنی چەندین تێما و ئایدیا کە بەشێکن لە پڕۆسەی ئالۆزکاندن، جگە لە شێواندن و لێدان لە حەقیقەت، کردنیشیەتی بەباتێک بۆ دەستپێڕانەگەیشتن و بە بابەتێک بۆ تێنەگەیشتن. واتا ئەو جۆرە لە نوسین هێندەی هەوڵە بۆ بەژێر خۆڵەوەکردنی حەقیقەت و کردنی حەقیقەت بە موعەممایەک کە قابیلی دەستپێڕاگەیشتن و تێگەیشتن نیە، هێندە هەوڵ بۆ تێگەشتن و ڕۆشنکردنەوەی نیە.
هەڵبەت حەقیقەت وەک بابەتێکی ئەبستراکت و ئەبستمۆلۆجی جگەلەوەی خاوەنی ڕوخسارگەلێکی زۆر و لێکجودایە، هەروەها بابەتێک کە هەم پێویستی بە ئاڵۆزیی و چەمکسازیی هەیە و قۆناغبەندیی لە ئەنجامگیریدا. سەرباری ئەوانەش حەقیقەتێکی نەگۆڕ و دیاریکراو یان بەرجەستە و هەستپێکراو بوونی نیە، بەڵکو دەتوانین بڵێین حەقیقەتگەلی جودامان هەیە و دەکرێت بە هێندەی دیکەش و بگرە زێدەتریش لە حەقیقەتی جیاواز بگەین. واتا دەتوانین حەقیقەتگەلی زۆری دیکەی جودا بەرهەم بهێنین.

حەقیقەت لە ڕیاڵەوە

ئەوەی من لێرە لەم ڕووبەرە کورتەی نوسیندا دەمەوێ قسەی لەبارەوە بکەم، حەقیقەت نیە لە ناوەڕاستی کێڵگەیەکی ئەبستمۆلۆجیدا، حەقیقەت نیە وەک بەئامانجگیراوێکی ئەبستراکت، بەڵکو حەقیقەت وەک ئەزمون و ڕیاڵ. حەقیقەت وەک بەرکەوتن و هەستپێکردن. واتا حەقیقەت لە ڕێگای ژیان خۆیەوە.
حەقیقەت لە ڕێگای ژیان خۆیەوە ، سادە و ڕوونە. ئەگەر لە دەرەوەی چێوە تەسکەکانی ئایدیۆلۆژیا و بازنە بەتاڵەکانی سیاسەتەوە جێمان گرتبێت، سادە و ئاسان دەتوانین ئەو حەقیقەتە ببینین و لێیتێبگەین کە لە ژیانی خۆمانەوە بەریدەکەوین و هەستی پێدەکەین. حەقیقەتی ئەزمونکراو لە فەزای گشتی کۆمەڵگای ئێمەدا نە پێویستی بە کاری تیۆری درێژ و نە چەمکگەلی قەبە و نامەفهوم هەیە.
واتا ئەو ڕێگەیەی کە دەتوانین حەقیقەتی فەزای گشتی و کایەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێنیشانبدەین و بیخەینە ڕوو پێچاوپێچی زمان و ئاڵۆزیی مانای نەگەرەکە، بەڵکو زمانێکی ساف و مانای سادەیە. واتا هەم سادە نوسین و هەم سادەگۆیی ڕاستترین، ڕاستەوخۆترین و ڕوونترین ڕێگای پێشاندانی حەقیقەتە. لەم دۆخەدا سادەنوسین و سادەگۆیی نە سادەکردنەوەی حەقیقەتە بەمەبەستی شێواندن و لێدانی، نە مەبەست لە زاڵکردنی فۆڕمێکی دیاریکراوێتی، بەڵکو ڕێک لێتێگەیشتنێتی وەکو خۆی و بینین و پیشاندانیێتی وەکو خۆی، بێکەم وزیاد بە ڕەنگ، تام و بۆنی خۆیەوە.

زۆڵێتی و حەرامزادەیی بە مانای دیکەوە

“زۆڵێتی و حەرامزادەیی” لە نێو زماندا و بەگوێرەی ئەو مەدلول و مانایانەی لە پشتیانەوە وەستاون، بە بوونێک دەگوترێت کە بوونێکی ڕەوا و دانپێدانراو نەبێت. واتا ئەوەی لە نێو زماندا پێیاندراوە بە مانای ناشەرعی و نایاساییبوونی منداڵ یان هەر بوونێکە کە لە دەرەوەی چێوەی باو و زاڵی شەرعیەت و ڕەوایەتی هاتبێتە بوون. بۆ نمونە ئەگەر منداڵێک دایک یان باوک یان هەردووکیانی نەزانراوبن ئەوا بە زۆڵ یان حەرامزادە ناودەبرێت.

هەڵبەت ئەوە ڕاستیەکی سادەیە کە سروشت، ماهییەت و ئاکاری مرۆڤانەی ئینسانێکی لەو جۆرە مەرج نیە ڕاستەوخۆ وێنەدانەوەی چۆنێتی هاتنە بوونەکەی بێت. واتا ڕاستیەکی سادە لەم پەیوەندەدا ئەوەیە مرۆڤێک کە جۆرێتی هاتنە بوونەکەی بەوشێوەیە بێت کە پێشتر هێمای بۆکرا، دەشێت سروشت، چییەتی و ئاکاری مرۆڤانەی لە فۆڕمێکی هەرە جوان و بەرزدا بێت، هەروەک دەشێت بوونێکی دزێو و نزم بێت. هەمانشێوە بۆ هەر مرۆڤێک کە هاتنە نێو بوونەکەی هاتنەبوونێکی ئاسایی و دانپێدانراوی نێو چێوەی زاڵ و باوی تێگەیشتنی کۆیی بێت، دەشێت سروشت، چییەتی و ئاکاری مرۆڤانەی لە ئاستی بوونێکی جوان و بەرزدا بێت و هەروەک دەشێت بوونێکی دزێو نزم بێت. بەڵام ئەو مانایەی لێرەدا من دەمەوێ بیدەمە پاڵ هەر یەک لە ووشەکانی (زۆڵێتی و حەرامزادەیی)، خیانەتە لە ژینگەی هاتنەبوونمان و ناپاکیە لەو دنیایەی ئێمە سەربە ئەوین. واتا کاتێک ئێمە لە سەرزەمینێکی هەژارانە و لە ڕووبەرێکی ستەملێکراوەوە دێینە بوونەوە و لەوێوە دنیا دەستپێدەکەین، دواتر خیانەت بەو سەرزەمینە و ناپاکیی بەو ڕووبەرە بکەین، جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەیی چیدیکە نیە. ئێمە لەسەر زەمینێکەوە دێین هەژاری تەنها ڕوخساری ڕاستەقینە و جێگیریەتی، بەڵام دواتر کاتێک تۆ دەتەوێ دژ بە ڕەگی خۆت بجەنگیت و خیانەت بەو سەرزەمینە بکەیت و پێبنێتە سەرزەمینی تاڵانچیە ئەرستۆکراتەکانەوە، دەتوانین چی ناولێبنێین جگە لە زۆڵێتی؟ کاتێک تۆ ناپاکیی لە ڕووبەری بنەڕەتیی هاتنەبوونت دەکەیت کە ڕووبەرێکی ستەملێکراوی کارەساتبارە و دەتەوێت بچیتە نێو ڕووبەری ستەمکارانەوە و لە تەنیشتی ستەمکارانەوە جێبگریت، جگە لە حەرامزادەیی دەتوانین چیدیکەی ناولێبنێین؟
ڕوون و سادە، تۆ لە ناوجەرگەی هەژاری و تراژیدیاوە لە ناو دڵی گەرمیانەوە دێیت و دەتەوێت لە سیتیەکان و گوندە ئەوروپییەکان نیشتەجێببیت و بە پارەی تاڵانچێتی پەرلەمان و ڕاوێژکاریی، بڕوانامە بەرزەکان بخوێنیت و لە سێکیوریتی، ئاو و کارەبای بەردەوام، خوێندنگەی تایبەت بۆ منداڵەکانت، شەقامی پاک، پڕ لە گوڵ و سەوزاییدا بژیت و لە نێو شورا و چێوەکانی سیتی و گوندە شاهانەییاکاندا بژیت. بۆ ئەمە تەنها مانایەک کە لە خۆی بگرێت بتوانین لە ناونانیدا هەڵەمان نەکردبێت، جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەییمان زێتر چیدیکە بەردەست نیە.

تێگەیشتن لە هێزێک بە گوتارەکەیدا یان بکەرەکانی

بەڕاست ئەوە چ داکۆکیکردنێک لە هەژارانە کە خۆت لەهەژاران و شوێنی ژیان و گوزەرانیان جیاکردبێتەوە؟ ئاخر فەرمانبەرێکی خاوەن بڕوانامە دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ خزمەت ئینجا بتوانێت ببێتە خاوەنی تەنها زەویەکی ١٠٠ بۆ ١٥٠ مەتری لە گەڕەکێکی بێتاپۆ بەبێکەمترین خزمەتگوزارییش، جەنابیشت بەو تەمەنە کەمەوە و بەو خزمەتە کەمەوە ببیتە خاوەنی خانووی ١٠ بۆ ١٥ دەفتەری لە پڕۆژەکانی سیتی و گوندەکان، چ دادپەروەریەکی کۆمەڵایەتیە، چ یاسا و پەرلەمانێکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خەڵک؟ جگە لە تاڵانچێتی بە ناوی موچەی یاسایی و خانەنشینی یاساییەوە کە جگە لە خۆتان هیچ کەسێک نادۆزنەوە ئەوەی پێقبوڵ بێت و بە کارێکی وێژدانی و ئەخلاقی دابنێت.
ئاخر بەڕێزێک کە شەوانە لە تیڤیەکانەوە هەموان لە عەدالەتخوازی و هەژاردۆستیدا بۆڕدەدا، بەڵام بە موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان و بە خانەنشینیەکەی نەک هەر لە نێو گەرمیانە هەژار و دڵقرچاوەکەی خۆی و لە تەنیشت هەژارانەوە ناژی، بەڵکو لە سلێمانی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی سلێمانی “کە نرخی هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون تێیدا، ژمارەیەکی خەیاڵیە بۆ خەڵکی هەژاری گەرمیان و سلێمانی” نیشتەجێدەبێت، ئەمە چیە جگە لە بارکردنی چەمکی عەدالەت، وەکیەکی ئینسانەکان و داکۆکیکردن لە هەژاران بە ماناکانی پووچیی و بێهودەیی.

بەڕێزێک کە خانمە پەرلەمانتارێک بوو لە ماوەی پێشوودا فەرمووی کە پەرلەمانتار حەقی خۆیەتی بە مووچەیەکی شایستە خانەنشین بکرێ. ئاخر بەڕێزێک کە لە بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیدا دەیفەرموو کە بەهەژاری خۆی پێگەیاندووە و داکۆکیکەری هەژاران و دابینکەری هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت، دواتر لە نێو گەراجی ماڵەکەیدا بە موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان پڕادۆ ئاخر مۆدێلەکەی ڕادەگرێت و شەرمدەکات لە هێنانە دەرەوە و لێخوڕینی بە هۆکاری دژبەرێتیکردنی لەگەڵ قسە، گوفتار و بەڵێنەکانیدا، ئەمە چیە لە دەبڵ مۆڕاڵیی و جگە لە ناشیریکردنی هەر خەمخۆرێەک بۆ جڤات و بێماناکردنی هەر بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتیش.
ئاخر بەڕێزێک کە لەپەرلەمان پڕ بە گەرووی هاواریدەکرد (بودجەکەتان لە قوڕگ دەردێنین) و دواتریش وەک ئاوی نەرم و شل و خۆ گونجێن بایدایەوە و بە پێچێک نەک پشتی کردە هەموو بەڵێنەکانی و هەموو کاروکردەوەی ڕابردووی و هێزە سیاسیەکەشی بەڵکو هەر جۆرێکی ئەکتی بەرەنگاری و داکۆکی لە بەرژەوەندی گشتی کردە ئەکێکی پووچ و بێمانا. زۆر بەڕێزی دیکە کە هەموویان شوناسی ئەو هێزە و بکەرەکانی بەیاندەکات کە لێرەدا ڕیزکردنیان بەپێویست نازانم ئەوانە چەند نمونەیەک بوون.

ئاخر هێزێک ئەگەر بە بکەرەکانیدا نەیاناسینەوە و لەڕیی ئەکت و ڕیاڵیتی ژیانی بکەرەکانیەوە تێینەگەین ئەی بەچیدا بیناسینەوە و تێیبگەین؟ بە گوتاری فووتێکراو و قاندراو بە چەمکگەل و دەستەواژەی بریقەدار؟ بە هوتافات و دروشمە ئیعلامیە بێناوەڕۆک و بەتاڵەکانیدا؟ نا بۆ من ئەوانە ناخوات، ئەوانە با بۆ ئەو کەسانە بن کە بەهەوا دەژین و دۆگماتیزمی حزبی-سیاسی لە عەقڵ و لە پڕۆسەی داوەریکردنی عەقڵانی و لۆژیکی خستوون. ئەوانە با بۆ کەسانێک بن کە تەنها تا ئاستی دروشم لە دادپەروەری و وەکیەکی ئینسانەکان تێگەیشتوون.

ئاخر هێزێک بووبێتە پلە و پەیژەی سەرکەوتنی کۆمەڵێک کەس بۆ نهۆمی سەرەوەی شاهانەی ژیان و جێ بۆخۆکردنەوەیان لەسەرەوەی کۆمەڵگا و پێرەوابینینی خۆیان موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان، وەزارەتخانەو دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان و عێراقیشدا چۆن بە پولێکی قەڵب لێیان وەردەگیرێت کە گوایا پەرلەمان بۆ گۆڕانکاری هێشتا تاکە ڕێگایە؟ چ گۆڕانکاریەک؟ هەمان موچە و هەمان خانەنشینی وەک سەرانی دوو خێڵەکە ئۆلیگارشیەکەی کوردایەتی؟ ئاخر کامە بوو جیاوازی نێوانتان کە هەمان بڕی موچە و هەمان ژمارەی پاسەوان و هەمان ئیمتیازات؟
ئەوەی تروسکاییەکی ئومێدی لەئاست ئێوە و ئیسلامیەکان و دووخێڵەکەی کوردایەتی مابێت بۆ گۆرانکاری لەبەرژەوەندی هەژاران، بۆ وەکیەکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، بۆ دادپەروەری و بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی نێوان چینە ئەرستۆکراتیە مشەخۆر و تاڵانچیەکە لەلایەک و زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک لەلایەکیتر ئەوە بەڕاستی دەبێت گومان لە ئاستی ژیریی و پڕۆسەی داوەریکردنی ئاوەزدارانەی بکەین.

نۆڕمەڵایزی سووکیی و لە شکۆمەندیی خستنی مرۆڤ لەوێوە دەستیپێکرد، کە پەرلەمانتاری، مووچەی قەبە و ئیمتیازاتی زۆروزەوەند، کورسی وەزارەت و بەڕێوەبەرێتیە گشتیەکان، پۆستەکانی ڕاوێژکاری و وەکیل وەزیری … هتد بوونە خودایەک بۆ پەرستن. لە پێناوی گەیشتن بە جاه و جەلالی نێو دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی هەموو هەڵویست و کار و ژیانی خۆتانتان بۆ لەقاڵبدا و بەو ئامانجە ئاڕاستەتان کرد. بڕوانامەی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و وەزارەتخانە، بەشداریکردنی لە خۆپیشاندان بەکارهێنا بەو مەبەستە، قوربانیبوونی کەسوکاری خۆی بەکارهێنا بەو ئامانجە. هەرچی کەیس و دەردەداریەکانی نێو کایە و کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمەتان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بەو پلە و پێگەیەی کە چاوتان تێبڕیوە و خۆتانی بۆ دەپسێنن. ئاخر لە دوای گەیشتنتان بە پەرلەمان و وەزارەتەکان بەگوێرەی چ لۆژیک و بە چ پێودانگێک گێچی خۆپەرستیی و بەرژەوەندیخوازیتان تا دواپلە نافڕێت و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بەو هەموو بەڵێنە قۆڕ و سواوانە؟ ئەوەی نەتوانێت ئەزمونی ڕابردوو بۆ تێگەیشتن شەنوکەوبکات، هەرگیز تێناگات و بۆ سەدان جار و بگرە زیاتریش لە هەمان کونەوە، هەمان مار پێوەی دەدات.

ئاخر کامتان هەیە پلانی بۆ دوای گەیشتن بە چەوری، غەز و بەزی پەرلەمان و وەزارەتەکان دانەنابێت بە مەبەستی چۆنێتی گۆڕینی ژیانی خۆتان، هەر لە خانوو،ئوتومبیل، شێوە ژیانی ماڵ و مناڵتان و چاوبڕینە سەفەر و گەشتە بێسەمەرەکانی سەر حساب و شانی خەڵکی هەژار و دەردەدار؟
ئاخر دوڕوویی و درۆڕیزکردنی بەردەوامتان ژیان، کەسێتی و هەڵویستتان ڕەنگڕێژدەکات. ئاخر ئەو جۆرە کەسێتیە چەماوە و دەبڵ مۆڕاڵیەیە کە دواتر وەک ئاو نەرم و خۆگونجێن دەبێت و دەتانکاتە ڕۆبۆتێکی حزبی لە نێو پەرلەمان، نەک داکۆکیکەری ژیانی گشتی کۆمەڵگا و هەژاران. ئاخر ئەمانەمان هەموو لە ڕابردوو بینی کە ئەوانەی بانگەشەی پاڵەوانبوونیان بۆ بەرپاکردنی عەدالەت دەکرد، جگە لەوەی کە بوون بە بارێکی قورسی دیکەی سەر شانی کۆمەڵگا و گەورەترکردنی گاپی نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە چیدیکە نەبوون.
من دەزانم کە ئێوە تەنها دەتانەوێ ژیانی خۆتان بگۆڕن نەک خەڵک.

مرۆڤێک بە هوتافات و دروشمی قەبەوە، بە ڕیزە درۆ و سەرمایەگوزاریکردنەوە لەسەر هەر ڕەفتار و هەڵویستێکی کە ئەم خواستەی بۆ دەستەبەر بکات لە کۆمەڵگەیەکی هەژار و دەردەدارەوە خۆی دەگەیەنێتە پەرلەمان و دواتر خۆ دەوڵەمەندکردن و نیشتەجێبوون لە سیتی و گوندە ئەوروپیەکان، خانووی گرانبەها و ئوتومبیلی مۆدێلبەرزی گرانبەها، خانەنشینیەکی قەبە، واتا جێهێشتنی ژینگەی هەژاران و جێبۆخۆکردنەوە لە نێو ژینگەی ئەرستۆکراتیە تاڵانچیەکان، جێهێشتنی ژینگەی بێخزمەتگوزاری خەڵک و جێگرتن لە ژینگەی پڕ خزمەتگوزاری و بە شورا چواردەوردراو و بە سێکیوریتی و کامێرا تەنراوەکان. خوێندنگە و شوێنی تایبەت و پشتکردنە خوێندنگە گشتی و شوێنە گشتیەکان، بۆ من هیچ مانایەکی نیە جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەیی. ئەمەیە سیاسەت، پەرلەمان، وەزارەت و دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان. ئەمەیە زۆڵێتی و حەرامزادەیی.

Previous
Next

Leave a Reply