Skip to Content

سێگۆشەیەک …  ناڵە حەسەن

سێگۆشەیەک … ناڵە حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 26, 2018 General, Poems

من لەنێو سێگۆشەیەکی
ڕەنگ خۆڵەمێشی هاتمە دنیا
هەر لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
بۆ یەکەمینجار
چاوم بە ڕووناکییەکی تاریک کەوت
چاوم بە بنمیچێکی گزیری و
ژوورێکی پڕ دەلاقە و
تاقیسکەیەکی بڵند و
فانۆسێکی کز و
ئاوێنەیەکی درێژ و
چاوم بە سندوقێکی ڕەنگاوڕەنگ کەوت
هەر لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا زمانم هاتە گۆ
فێری ئەوەبووم بڵێم ( نا )
لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
خەمی نان و ئازارەکانم
بوون بە یەکەمین مامۆستام
کتێبیش بوو بە نزیکترین هاوڕێم
ئازادیش منی بە شیعر ئاشناکرد
لە کتێبەکانمەوە فێری ئەوەبووم
هەمیشە خەون ببینم
مامۆستاکەشم فێریکردم
بەدوای خەونەکانمدا بڕۆم
لە قەڵەمەکەشم فێری ئەوە بووم
ببم بە خۆم و هەموودەم هەر خۆم بم
هەر خۆم بم و
ملکەچی هیچ هێزێکی ئاسمانی و
هیچ پاشا و گەدا و کوێخایەک نەبم
لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
عەشق فێری ئەوەی کردم
بەسەر پشتی مەرگ بازبدەم و نەکەوم
بەنێو کۆڵانە پێچاوپێچەکانی
گەردەلوول و ڕەشەبا و تۆفان
تێپەڕم و نەکەوم
بەنێو ئۆقیانووسی
نائومێدی و تەنیایی و عەبەسییەتدا
بپەڕمەوە و نەکەوم
لە کاتی دەرگا لەسەرخۆداخستن و
لەنێو خەیاڵە شوومەکانی خۆکوشتنیش
شیعر دەستم دەگرێت و
بە چرپەوە پێمدەڵێت
( ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە
هەڵسەوە
خۆرەتاو فەرشی نارنجی بۆ ڕاخستوویت
بەردەوامبەوە / تۆ لەودیو سنوورەکانی مردنیت …! )
هەر لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
فێری ئەوە بووم
خۆم و خەونەکان و
مرۆڤ و ماسییەکان و
ئومێد و ئاوێنەکان و
پاییز و پەپوولەکان و
باران و باڵندەکان و
نەسیم و نێرگزەکان و
شەپۆل وشەوەکان و
بروسکە و باخچەکان و
ڕێواس و ڕووبارەکان و
سێو و سنەوبەرەکان و
هەموو شتەجوانەکانم خۆشبوێن
ئەم سێگۆشەیەی من
گۆشەیەکی بە نوونی نیشتیمان و
گۆشەیەکیتری بە میمی مرۆڤ و
دواهەمین گۆشەشی
بە ئای ئازادی / دەورەدراوە
نوون نوون نوون
میم میم میم
ئا ئا ئا
نیشتیمان / مرۆڤ / ئازادی
مرۆڤ / ئازادی / نیشتیمان
ئازادی / نیشتیمان / مرۆڤ
هەمیشە وا هەستدەکەم
من بۆ /
نیشتیمان و مرۆڤ و ئازادی
هاتوومەتە دنیا
هەربۆیە لەوەتەی هەم
عاشقی ئازادی و نیشتیمان و مرۆڤم
لەوەتەی هەم
هەر بۆ /
مرۆڤ و ئازادی و نیشتیمان
دەنووسم
چونکە هەر لە ئەزەڵەوە
من پێکهاتە و من هاوکێشە و
من شنەبای / ئامانجێکی سەرکەشم …!

حوزەیرانی ٢.١٧

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish