Skip to Content

چەپکێک شیعری نیکۆڵاس کاتانۆ شاعیری ڕۆمانیی – کەنەدیی

چەپکێک شیعری نیکۆڵاس کاتانۆ شاعیری ڕۆمانیی – کەنەدیی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 7, 2018 General, Literature


تێبینییه‌کانی سه‌ر دیواری زیندانێک

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

—————————-

پایز

چ حەپەسانێک بوو
من و خۆر
به‌یه‌که‌وه‌ له‌هه‌مان ژووری زیندانا
دە‌مانتوانی بوونمان هه‌بێ
*
گه‌ڵا زه‌رده‌کان له‌ بێدەنگیدا ڕاده‌ماڵدرێن.
*
من ژماره نه‌وه‌د و چوارم.
*
خائینه‌کان ده‌بووایه‌ میلله‌ته‌کانیان بپارێزن و
قاره‌مانانه‌کانیش ده‌بووایه‌ بیانفه‌وتێنن.
*
باڵنده‌که‌ ئه‌گاته‌
پشت چاوه‌کانم و
ئه‌بینێ چۆڵ و هۆڵه‌.
*
گردەکانی دەوروبەر
لە ترساندا گرمۆڵە بوونە
*
گەردوون
بەردەوامی خۆی هەڵناوەشێنێتەوە
لەبەر دزێوی مرۆڤ
*
من زۆرجار
له‌ وشه‌کانم په‌شیمان ده‌بمه‌وه‌
بەڵام هه‌رگیز له‌ بێده‌نگییه‌کانم نا.
*
ئێستا تاکه‌ گه‌ڵایه‌ک به‌قه‌د داره‌که‌وه‌ نییه‌.
*
تەنها نهیلیستەکان دەیبەنەوە چونکە بە نیازی هیچن.
*
من باڵنده‌ی زیندانم.
*
بۆ ئه‌وه‌ی مه‌زن بی، ئه‌بێ بە هه‌ڵه‌ حاڵی بووبی.
*
که‌ منداڵ بووم که‌س نه‌ده‌مرد
به‌ڵام ئێستا مردن به‌رده‌وام ڕووده‌دا.
*
واقیع داهێنانی ئاره‌زوو و لە ئەندازە بەدەرمانه‌.
*
بێده‌نگی له‌تیرۆر باڵا ده‌ستتره‌.
*
گه‌ڵاکان گوێمن و
گوێم لێ دەگرن
*
هیچ ناڕەوایە لە درۆی ئەبسوردێکەوە تا بۆگەنترین تاوان.
*
من دەژێم و تاجی پاشاییشم ناوێ.
*
ئه‌وه‌ی لێره‌ مرد بێناوه‌.
*
من به‌رده‌وام هه‌ڵه‌م کرد
بۆ ئه‌وه‌ی ببم به‌خۆم.
*
شەو و ڕۆژ
زۆرانبازییە لە پێناو دەسەڵاتدا.
*
من خەریکی لابردنی جاڵجاڵۆکه‌ی مردووم له‌سه‌ر
لێوی په‌نجه‌ره‌یه‌کە.
*
چونکە مردن ناچارییەکی حاشاهەڵنەگرە
مرۆڤ چارەنووسی بە شکستە.
*
کۆتاییەکان ئەنجام نین.
*

زستان

زەمەن لە نێو بێدەنگیدا عاسی بووە.
*
قۆڵەکانم ماندوو بوون
لەوەی وەکو باڵ خۆ بنوێنن.
*
دەتوانم دڵم وەربگرمەوە؟
*
ئێرە ئەو شوێنەیە کە هەموو فێڵەکانی
خۆکوژی تیا فێر دەبی.
*
شۆڕشەکان تاجیان خستە سەر تاوانباران.
*
هیچ شتێک لە زیندان لە هوشیاری
بێ تاوانێک ناخۆشتر نییە.
*
ئامانجێکی تایبەت ببەخشە بە ژیان
ژیان یەکسەر مانای خۆی لەدەست دەدات.
*
مانگی ئاسمان وەکو ئاوێنەکە شکاوە.
*
کەس ناتوانێ خۆی بە لایەکدا بخات
چونکە هەموو کەس هەم ڕاستن و هەمیش هەڵەن.
*
چونکە هەموو فێڵ دەکەین
بۆیە لە یەکتر دەبوورین.
*
ئەگەر مردم
تۆڵەم مەکەننەوە.
*
ئەگەر ژیری لە خەوندا بوایە
چیم لە خەوتن پێدەدزرا.
*

بەهار

ئایا ڕووناکی دەرگای هەیە؟
*
گوڵ لە نێو بڵێسەی ئاگردا دەبێتە بەهار.
*
نوێژکەرەکان بۆ دۆراوەکان نزا دەکەن.
*
پەپوولەیەکی ڕەش
خۆری داپۆشی.
*
جارێک چەند جیهانێک هەبووە
لە نێوان وشەکان و نائامادەییدا.
*
لە چاوەڕوانی گوللە بارانکردن دام.
*
چ ئەلتەرناتیڤێکم هەیە،
پاش تاریکی؟
*
من لە کوێـم؟ ئایا من بێدارم؟
*
بەردەوام نیشتمانی خەونەکانم
دروست دەکەم.
*
هیچ شتێک لە بیرۆکە ترسناکتر نییە
وەختێ تەنها ئەومان هەبێ.
*
پێموابێ باخچەیەک هەیە
ناوی باخچەی خۆشەویستییە
گەر وایە،
منی تێدا نیم.
*
هەندێجار سەلامەتترە
دەست و پێ لە زنجیردا بێ
نەک ئازاد بی.
*
خەونەکانیش کێلی قەبرن.
*
بە بێ مەرگ
ڕزگاری نایەتە دی.
*
ئەگەر بە وەفا بیت بۆ ڕاستی
ئەوە ون بوویتە.
*
بوون بە قوربانی، تراژیدیایە
بوون بە مرۆڤیش تراژیدیایەکی ترە.
*

هەرگیز ناتوانم ببم بە شتێک
خۆم نەبم
نا ئومێدیشم لەوەی ببم بە خۆم.
*
خۆر دەدرەوشێتەوە
وەک ئەوەی مردن هەر نەبێ.
*
چاوەڕوانی بۆ کۆتایی هاتنی چاوەڕوانی
خۆی جۆرێکە لە چاوەڕوانی.
*
هاوین

شوێن ئەو گەورانە مەکەوە
کە چاو برسین.
*
مێشک ئەو یادەوەرییانە هەڵدەگرێ
کە دڵ ناتوانێ هەڵیان بگرێ.
*
لێرە هیچ ئەلتەرناتیڤێکی تر نییە
جگە لە خۆشەویستی یان مەرگ.
*
هیوا لە زانیاری ناتەواوەوە
پەیدا دەبێ.
*
تەنها کەسێک لەوانەیە ببێت بە شەیتان
بەڵام کۆمەلە کەسێک پێکەوە دەبن بە بەربەری.
*
گوێم لە هاوارە لاوازەکەیەتی.
*
سەرکەوتن بە بێ ئەخلاق چی دەگەێنێ؟
*
گرنگترین ڕاستی فەرمان دەرکردنە
هەموو کەسێک دەیەوێ فەرمان بدا.
*
پرسیار ئەوە نییە ئایا بڕوامان بە خوا هەیە
بەڵکو ئەوەیە ئایا خوا بڕوای بە ئێمە هەیە؟
*
سەرما لە گوڵی چیمەنتۆوە دەڕوێ.
*
مێشک قەت ڕێنمایی دڵ ناکات
بەڵام لە تاواندا دەبنە هاوڕێی یەکتر.
*
ئایا هیچ و پووچ دەتوانێ بەخشندە بێ؟
*
هەموو مرۆڤ بۆ هەتا هەتا دەژێت و
بۆ هەتا هەتا دەمرێت.
*
وەک دەریاچەیەکی مردوو
تاریکی پێچامییەوە.
*

پایز

هەورەکان مێژوویان نییە.
*
پایز لووتکەی گەڵا مردووەکان و
شکستخواردووەکانە.
*
من لێرەم
تا چەندین شکستی خوات پێبڵێم.
*
یان دەبێ یەکترمان خۆش بوێ
یان بمرین.
*
من و درەختەکان
زوو ڕووت دەبینەوە.
*
هەتاو لەسەر دیوارەکە توایەوە و
تیشکەکانی لی دەچۆڕێ.
*
گوێم لە دەنگی شوێن پێکانمە
بە بێوچان بە شوێنمەوەن.
*
ئایا دیوارەکان دەتوانن بمخۆن؟
*
تۆ بڵێی ئەمە دوایین خەونم بێ؟
*

نیکۆڵاس کاتانۆی لە ساڵی ١٩٢٦ لە ڕۆمانیا لە دایک بووە. خوێندنی پزیشکی و فەلسەفەی لە زانکۆی کلوج ناپۆکا لە ڕۆمانیا خوێندووە. لە ساڵی ١٩٦٢ دێتە کەنەدا و دوای شەش ساڵ دەبێتە هاوڵاتیی کەنەدی. لەساڵی ١٩٦٢ تا ساڵی ١٩٧٠ وەکو رادیۆلۆجیستێک(شارەزا لە بواری بەکارهێنانی تیشک) لە مۆنتریاڵ و فدریکتن کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ وە بە شێوەیەکی بەربڵاو گەشتی کردووە و ماڵی لە ئەڵمانیا و فەرەنسا داناوە. کاتانۆی بە زمانەکانی ڕۆمانی و ئەڵمانی و فەرەنسی و ئینگلیزی و ئیسپانی دەنووسێت و زیاتر لە سی کتێبی بڵاو کردۆتەوە.

نیکۆڵاس ئەندامی یانەی:پێن” و ئەندامی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی شیعرە لە بەریتانیا و ئەندامی ناشناڵ جیوگرافی ئەمریکییە و ئەندامی ئەکادیمیای شاعیرانی نێونەتەوەیی مەدرەسەی هیندییە و هەروەها ئەندامی ئەی ئێس پی ئاڕ ئۆی ڕۆمانییە.
ئەدەب و شیعری ڕۆمانی لەڕووی مێژووییەوە کۆنترین دەقیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٢١ کە بارشۆڤ نووسیویەتی. کلتووری ڕۆمانی بە چڕی لەژیر کاریگەری کەنیسەی ئۆرسەدۆکس بووە. یەکەمین کتێب لە ڕۆمانیا کە کتێبێکی ئایینی بوو لە ساڵی ١٥٠٨ چاپکراوە. پاش ئەو مێژووە ئینجیل و گەلێ کتێبی ئایینی تر چاپکران. بەڵام وەک ئەدەب یەکەمین کتێبی ئەدەبی (شیعر) لە ساڵی ١٦٧٣ چاپکراوە و بووە بە سەرەتای بزووتنەوەی شیعری ڕۆمانی.

لە سەدەی هەژدەهەم خاکی ڕۆمانیا کەوتە چنگ دەسەڵاتی عوسمانییەکان و ئەوانیش تەنها ڕێگەیان بە کلتووری یۆنانی دەدا و لێرەوە کلتووری یۆنانی هەژموونی خۆی بەسەر ئەدەبی ڕۆمانیدا زاڵ کرد و بووە هۆی گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی ڕۆمانی. دوای بڵاوبوونەوەی بیری ناسیونالیستی لە ئەوروپا، ڕۆمانییەکانیش کەوتنە خۆ و ئەو ئایدۆلۆجییەیان گرتە دەست لەپێناو دەوڵەتی خۆیاندا. لەسەرەتای سەدەی بیستەم ئەدەبی ڕۆمانی گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی کە بە قۆناغی زێڕین ناو دەبرێ. ڕۆمانیا جگە لەوەی ژانری ڕۆمان تیایدا گەشە دەکا، گەلێ بەهرەمەندی تری تیا هەڵدەکەوێ لەوانە کە ڕۆڵیان دەبێ لە بنیادنانی بزووتنەوە ئەدەبیی و هونەرییەکانی خۆرئاوا..دوای ئەم پلەیە لە گەشە ئیتر ڕۆمانیا تێکەڵ بە کلتووری خۆرئاوا دەبێ. دوای جەنگی جیهانی دووەمیش ڕۆمانیا بیروباوەری ستالینیزم و دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێ لە گەشە و سەرهەڵدانی ئەدەبی کۆمۆنیستی ڕۆمانی. ئەدەب و شیعری هاوچەرخی ڕۆمانی لە کاروانی گەشەی شیعر و ئەدەبی جیهانی دانەبراوە و شاعیران و نووسەرانیان لە داهێنان بەردەوامن.

نیکۆڵس کاتانۆی شاعیر لەم شیعرانەدا شیعر-یادەوەری یان یادەوەری شیعریی ئەزموونی ژیانی زیندان و دووبارە زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی سەردەمی گەنجی شاعیرە کە لە زیندانەکانی ڕۆمانیادا دەست بەسەر بووە، کە ئەو کات لەلایەن ڕوسیاوە داگیر کرابوو. سێجار بە ڕێکەوت دەیهێننەوە دەرەوە تا ئیعدامی بکەن، بەڵام کاتانۆی یەکێک بوو لەو دوو سەد زیندانییەی کە لە ئیعدامکردن ڕزگاری بوو. دوای ئازاد کردنی نیکۆڵس لە یادەوەری خۆیدا بەریەکەوتنی خۆی وەک زیندانییەکی سەدەی بیستەم هێناوەتە ئاراوە. تێکستەکان بەراوردی دوو دەنگی جیاوازن کە بە ئیقتباسی شیعری شاعیرانی تر و قسەی نەستەق خۆی پڕ دەکاتەوە. کاتانۆی ژانرە کۆنەکان تێک دەشکێنێت و داوامان لێ دەکات بە پێچەوانەوە بیان خوێنینەوە هەروەک چۆن ڕاست و ڕاست دەیخوێنینەوە، بۆ دۆزینەوەی درۆی مرۆڤایەتی لە کەلێنی کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا. وەک کاتانۆی خۆی دانی پیادا ناوە هیچ شکۆ و ڕێزێک لە زیندان وەک خۆی گوزارشتی لێکردووە، بوونی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا تێبینییەکانی سەر دیواری زیندانێک گیڕانەوەی شکۆیە بۆ ڕوحی مرۆڤ.

نیکۆڵس کاتانۆی وەک لە نامەیەکیدا بۆ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی ناردووە دەنووسێ ” تێبینییەکانی سەر دیواری زیندانێک” هەم یادەوەرییە و هەمیش شیعرە” هەروەها سینسیا مئسینجەر لە کۆتایی کتێبەکەدا کە وەک پاشەکییەک دانراوە دەنووسێت ” من پێشنیار دەکەم کە ئەم تێبینییانە وەک شیعرێکی دریژ بخوێنرێنەوە.” هەروەها دەنووسێت ” ئێستا و دوایی تێکستەکان لەگەڵ فرەیز و ڕستە ئاماژەن بۆ بێدەنگی، بێگومان بێدەنگیش یانی مەرگ”. دواجار لە میانی تێکستەکانەوە دەبینین شیعری جوان و نووسینی جوان خۆیان نمایش دەکەن. وەک سینسیا دەڵێ ” شاعیر قووڵترین مەینەتی لە جیهاندا ئەزموون کردووە و بەردەوامیشە لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا.

تێبینییەکانی وەرگێڕ :
١- تێبینییەکانی سەر دیواری زیندانێک کتێبێکی کۆشیعرە و من تەنها ئەم چەند شیعرانەم لێ هەڵبژاردووە و وەرگێڕاوە.
٢- شیعرەکان زۆر زۆر کورتن و هەندێکیان دێرێک یان چەند وشەیەکن.

سه‌رچاوه‌کان :

1- Notes on a Prison Wall
Nicholas Catanoy
Vancouver, Canada 1994
2- http://49thshelf.com/Books/N/Notes-on-a-Prison-Wall
3- http://ronsdalepress.com/authors/nicholas-catanoy/
4- http://en.wikipedia.org/wiki/Romanian_literature

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish