Skip to Content

دوو هاوڕەگەزخواز ئاشکرادەبن، یەکێکیان هەڵدێ و ئەویتریش چارەنووسی نادیارە!

دوو هاوڕەگەزخواز ئاشکرادەبن، یەکێکیان هەڵدێ و ئەویتریش چارەنووسی نادیارە!

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 21, 2018 General

راپۆرتی: هێمن شەوکەت
—————

هەڵبەتە ئێستا لە چوارچێوەی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی کردەیی لە سەرتاسەریی جیهان بە تایبەتییش لە ئەوروپا و وڵاتە رۆژئاواییەکان.. خەریکە مافەکانی هاوڕەگەزخوازانیش جا چ هی (نێوان نێر و نێر) بێ چ هی (نێوان مێ و مێ) وەک سەرەتایەکی دڵخۆشکەر جێی خۆیان دەگرن.. بەڵام هێشتاش زۆری ماوە بە تایبەتییش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین وەک تابوو و بێ رەوشتییەکی گەورە لە لایەن سیستەمی دەسەڵات و کۆمەڵگەوە تەماشا دەکرێ و هاوڕەگەزخوازان ناوێرن بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی خۆیان ئاشکرا بکەن و ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەریی دەگوزەرێنن.. واتە بە شێوەیەکی ئاسایی دووچاری سووکایەتیی پێکردن و راوەدوونان دەبنەوە و زۆر دڕاندانە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن.. تەنانەت زۆر جار رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە بێ ئەوەی هیچ کەس و دەزگایێک بتوانن سادەترین بەرگرییان لێبکەن تەنانەت دەزگا میدیایەکانیش ناتوانن رووماڵی ئەو کێشە هەستیارە بکەن مەگەر جاروبارێک ئەویش بە شێوەیەکی زۆر شەرمنانە و هێندەکیشیان بە پێی فەرهەنگە باوەکە وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی دەیخەنەڕوو!

پاش ئەوەی دەنگۆی ئاشکرابوونی دوو گەنجی هاوڕەگەزخواز لە شارۆچکەی (سەیدسادق)ی سەر بە پارێزگای (سلێمانی) لە باشووری کوردستان وەک رووداوێکی ناوازە و بێ رەوشتیی کۆمەڵایەتیی بووە باسوخواسێکی گەرم و سەرنجڕاکێش لە نێو خەڵک.. وەک رۆژنامەنووسێکی ئازاد لە بەریتانیا توانیم لە رێگەی هاوکاران و پەیوەندییەکانم لە کوردستانەوە هەندێک زانیاریی سەرەتایی بەو شێوەیە بەدەستبخەم:

● ئەو دوو کوڕە هاوڕەگەزخوازە؛ (ز.س.ع، تەمەن ٣٥ ساڵ) و (ش.ح.ئـ، تەمەن ٣٣ ساڵ) دوو گەنجی خەڵکی شارۆچکەی (سەیدسادق)ن.
● (ز.س.ع) و (ش.ح.ئـ) ساڵانێک بوو دوو هاوڕێی زۆر نزیک و خۆشەویستی یەکتر بوون و زۆربەی کاتەکانی خۆیان بەیەکەوە دەگوزارند تا لە بەرواری (٣١/٨/٢٠١٨) برایەکی (ش.ح.ئـ) هەر لە ماڵەکەی خۆیان هەردووکیان بەیەکەوە لە ناو جێگە و بە رووتیی دەگرێ.. ئیتر هێرش دەکاتە سەر هەردووکیان و زۆر دڵڕەقانە ئەشکەنجەیان دەدا.. سەرئەنجام لە دەرفەتێکدا (ز.س.ع) لەبەردەستی هەڵدێ و خۆی رزگار دەکا.
● هەر لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەم لەگەڵ هاوکارانم لە کوردستان لەم دواییانە پەیوەندییان پێوەکردم و پێیانڕاگەیاندم کە ”بە داخەوە تا ئێستا چارەنووسی (ش.ح.ئـ) دیار نییە و کەس نازانێ لە کوێیە و چی بەسەرهاتوە.. بەڵام وەک دەڵێن هاوڕێیەکەی واتە (ز.س.ع) رووی لە ئەوروپا کردوە، ئێمە لە هەوڵی خۆمان داین و هەر زانیارییەکی نوێمان دەربارەی (ش.ح.ئـ) دەستبکەوێ بە زووترین کات بۆت دەنێرین”.

ئیتر پاش بەدواداچوونێکی چڕوپڕ خۆشبەختانە دەرکەوت کە (ز.س.ع) لە کوردستان رزگار بووە و لە بەریتانیا گیرساوەتەوە، هەر زوو هەموو هاوڕێ و هاوکاران و رێکخراوە پەنابەرییەکانم تێگەیاند و لە ماوەی چەند رۆژێک ژمارە تەلەفۆنی (ز.س.ع)م پەیداکرد و پەیوەندییم پێوەکرد:

لە سەرەتادا هەستمکرد دەترسا و نەیدەویست خۆی ئاشکرا بکا.. بەڵام پاش هەوڵدانێکی زۆر تا دڵنیام کردەوە کە من رۆژنامەنووسم و لەمێژە لە بەریتانیا دەژیم و منیش بە هۆی نەبوونی ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک تۆ ئاوارەی ئێرە بوومە ئەنجا وردە وردە خۆی ئاشکرا کرد، هەر لەو پەیوەندییەشدا خۆشبەختانە توانیم رازیی بکەم کاتێک و شوێنێک بۆ دیتنی دابنێین تا چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیی لەگەڵ ئەنجام بدەم.

لە کات و شوێنی دیاریکراودا خۆم گەیاندە کاک (ز.س.ع)، ئەوەی زۆر مایەی شادمانیی من بوو ئەوە بوو لە چوارچێوەی قسەکانیدا کە هێندەک باسی خۆی و سەربردەکانی خۆی کرد کەسێکی هۆشیار بوو و بە ئاگاییەوە بە دوای مافەکانی خۆی کەوتبوو.. واتە رێک بە پێچەوانەی فەرهەنگی باوی میللەتەکەمان و تەنانەت هی جیهانیش کە هاوڕەگەزخوازان بە کەسانی لاواز و خۆپەرستی جەستەبازیی دەزانن! دیاربوو ئەو کەسێکی بەهێز و تۆکمە پڕ زانیاریی بوو و باوەڕی بەوە هەبوو کە کێشەکە هەر خۆی و هاورگەزخوازانی وەک ئەو نییە بەڵکە پێویستە مرۆڤەکان لە هەر جێگەیەک هەین رێز لە هەموو ویست و حەز و مافەکانی یەکتر بگرین و خەباتیشی لە پێناودا بکەین تا ژیانێکی ئاسوودە و دوور لە توندوتیژیی و بێ چەوسانەوە بنیاتبنێین، هەروا گوتیشی بەڵام من حەز ناکەم هەموو ئەو قسانەی دەیانکەم بڵاویانبکەیەوە بەڵکە تۆ بە پێی پێویستی ئەو کێشەیەی من پرسیاری خۆت بکە و منیش بە پێی توانا وەڵامت دەدەمەوە و هەر ئەوانەش بڵاوبکەوە، ئیتر رێکەوتین بەو شێوەیە چاوپێکەوتنەکەمان ئەنجام دا.

ئەمەی خوارەوە پرسیارەکانی من و دەقی وەڵامەکانی ئەون رێک وەک خۆیان و بە بێ دەستکاریی:

سەرەتا بە پێویستی دەزانم – ئەگەر بتەوێ – بە کورتیی خۆت بناسێنی؟
+ من ناوم (ز.س.ع)، تەمەنم ٣٥ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی (سەیدسادق)م.

– کەی بەڕێزت هەستتکرد کەسێکی جیاوازی لە زۆرینەی ئەو خەڵکەی کە بەزۆر بەسەریان داسەپاندوون دەبێ خۆشەویستیی و سێکسکردن تەنیا لە نێوان نێر و مێدا بێ؟
+ من کە تەمەنم ١٣ – ١٤ ساڵ ئەبوو ئەو هەستەم تیا دروست نەبوو کە وەکو زۆرینەی هاوڕێکانم حەزم بۆ رەگەزی بەرانبەر هەبێت.. ئیتر کارەساتەکە لێرەوە دەستی پێکرد؛ نامۆیی بە خێزان، کۆمەڵگە، کەلتوور، دین پێش هەمووشیان بە جەستەی خۆم! چونکە هەستم دەکرد ئەم گیان و جەستەی منە بە هەڵە دروست کراون واتە هەستی کەسێکی هاورەگەزخواز لە جەستەی پیاوێکدا..
ئیتر تەمەنی من بە نمایش و شانۆگەریی دەستی پێکرد.. بە خۆ حەشاردان لەو راستیەی کە لە ناخمدایە، هەر لە سەرەتادا وەکو منداڵانی هاوڕێم ئەوانەی باسی هەستی خۆیان ئەکرد کە فڵان کچ جوانە و فڵان خۆشە بەڵام من هیچ قسەیەکم نەبوو بتوانم بیکەم.. هەندێ جار ئیرەییم بەو کچانەش ئەبرد کە ئەمان حەزی لێ ئەکەن!

وەک کەسێکی هاوڕەگەزخواز تەمەنت چەند بوو کە یەکەم جار لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆت ئەو پەیوەندییەت دروست کرد؟
+ لە راستییدا لە سەرەتای تەمەنی ١٥ ساڵییدا لە کوڕێکی دراوسێمان نزیک بوومەوە کە ئەویش هەمان هەستی هەبوو، سەرەتا هاوڕێ بووین بەڵام دواتر پەیوەندییەکەمان لە هاوڕێیەتی دەرچوو.. تا گەیشتینە ئەوەی چەندین جار پێکەوە بووین وەک دوو هاوڕگەزخواز.. بەڵام زۆر بە دزیی و نهێنی! ئیتر ئەمە سەرەتای ئەوە بوو کە بە لاشە و هەستی خۆم ئاشنا بم کە چیم دەوێت…

هەستت بە چی دەکرد.. واتە باری دەروونییت چۆن بوو و تا چەند ئاسوودە یان نائاسودە بووی بەو بارودۆخەی ژیانت؟
+ من تا تەمەنی ٢٥ ساڵییم ژیانم هەر بەم شێوەیە بەڕێکرد.. بەڵام پاشان بارودۆخی ژیانم زۆر سەختتر و نالەبارتر بوو.. واتە ون بوونێک لە هیچدا.. تا بڵێی نیگەران بووم و هەر لە خۆ خواردنەوە و ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیام! بەو بارەشەوە هێشتا خێزانەکەم لێم نەدەگەڕان وەک خۆم بم و دەبووایە وەک هاوڕێکانم بم.. واتە هەر زوو خستمیانە ژێر گوشاری قورسی ژن هێنانەوە! بەڵام من هەر رەتمدەکردەوە بە بیانووی ئەوەی ئەم کچانەی ئێوە ئەیدۆزنەوە لە ریزی مندا نیین و هیچ شتێکی هاوبەشمان نییە، بەم شێوەیە چەند ساڵێکم تێپەراند.. بەڵام تا دەهات گومانی ئەوانیش قووڵتر دەبۆوە کە بۆچی ژن ناهێنم؟! پاشان لە تەمەنی ٢٩ بەزۆر ملکەچیان کردم کە ژن بهێنم.. منیش بۆ ئەوەی گومانەکەیان بڕەوێنمەوە ناچار رازییبووم و کچی پوورەکەمیان بۆ خواستم و ئەڵقەیان لە دەستمان کرد!

چۆن توانیت ئەوە بکەی لە کاتێکدا وەک پێکەوەژیان و سێکس هیچ هەستێکت بۆ ژن نەدەجوولا؟
+ لە راستییدا ئەوە مردنێک بوو بۆ خۆی! سێ ساڵ بە درۆ و شانۆگەریی من دەسگیراندار بووم.. بەوەش هەر زوو کچە پوورەکەم تێگەیشت کە من پیاوی ژن هێنان نیم بەڵام ئەویش بەزۆر ناچار کرابوو کە رازیی بێ بە هاوسەرگیریی لەگەڵ من.. سێ ساڵ وەک ئەوەی لەگەڵ مقەبایەکدا بم هیچ هەست و خۆشەویستییم پێی نەدا تەنانەت یەک جار نەمووت خۆشم ئەوێیت.. تەنیا هەستێک بۆیم هەبوو هەستی بەزەیی بوو! ئای کە چەند ناخۆش و ئازاربەخش بوو! ئاخر هەر بە خۆمەوە نەوەستابووم بەڵکە کچێکی سادە و ساکاریشم کردبووە قوربانیی!

– سەرئەنجام، ئەو دەسگیراندارییەت بە کوێ گەیشت؟
+ دوای سێ ساڵ لەم پەیوەندییە کوڕێکم ناسی بە ناوی (ش.ح.ئـ)، بە هۆی ئەوەی هەموو هەڵسوکەوتێکمان بە یەک دەچوو زۆر زوو ئاشنای یەک بووین و تەواو نزیک بووینەوە تا کەوتینە پەیوەندیی خۆشەویستیی.. چ ژیانێکی پڕ لە شانۆگەریی؛ لەملاوە لەگەڵ کچێک دەسگیراندارم لەو لاشەوە لەگەڵ کوڕێک ئەکەومە خۆشەویستیی!
هەر زوو پەیوەندییم لەگەل پوورزاکەم تێکچوو چونکە نەیدەتوانی بەرگەی ئەم هەموو بێ هەستییەی من بگری.. ئیتر داوای جیابوونەوەی کرد یان راستتر بڵێم من ناچارم کرد کە داوای جیابوونەوە بکات.. هەرچەندە دەرفەتێکی پێدام کە کێشە نییە ئەگەر زەماوەند بکەین و بیگوازمەوە.. بەڵام من بە بیانووی ئەوەی جارێ پارەی تەواوم نییە بۆ ژن گواستنەوە و ماڵ دانان و ناتوانم خۆم بخەمە ژێر باری قەرزەوە.. سەرئەنجام جیابووینەوە.. هەرچەندە هەستمکرد زۆر ناخۆش بوو بۆ ئەو و زۆر بەزەییم پێیدا هاتەوە بەڵام من نەمویست پتر درۆ لەگەڵ خۆم و لەگەڵ ئەویش بکەم.

باشە، ئەی لەگەڵ (ش.ح.ئـ) بە کوێ گەیشتن.. ئەویش بەو بەزمەی دەسگیراندارییەتانی زانیبوو؟
+ بەڵێ زانیبووی.. ئەویش زۆر نیگەران بوو بەوەی کە من ئەو جۆرە پەیوەندییەم هەبووە.. بەڵام لەبەرئەوەی منی زۆر خۆشدەویست زۆر ئاسوودە بوو بەوەی کە جیائەبمەوە و ئیتر دەبم بە تەنیا کەسێک لە ژیانی ئەودا! تا دەهات نێوانمان خۆشتر و گەرمتر ئەبوو.. وای لێهات پەیوەندییەکەمان گەیشتە ئاستی خۆشەویستییەکی زۆر شێتانە! ئەوەش بووە مایەی ئەوەی خزم و کەسوکاری هەردوو لامان هەڕەشەمان لێبکەن تەنانەت چەندین جار بە لێدانیش لێیانداین بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی یەکتر نەکەین بەڵام ئەمە لە کاتێکدا بوو تەنیا گومانیان هەبوو و هیچ بەڵگەیەکیان پێ نەبوو ئەگینا تەنیا بە لێدان رزگارمان نەدەبوو!
ئەم پەیوەندییەمان هەر بە ژێر بە ژێریی درێژە پێدا و سێ ساڵی خایاند.. تا رۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم کە کەسیان لە ماڵەوە نییە و بڕۆم بۆ لای.. منیش بە پەلە خۆم گۆڕی و هەندێک بۆنی خۆشم لەخۆمدا و رۆیشتم بۆ ماڵیان..

دوای ئەمە چی روویدا.. ئایە ئەمە دوا ژوانتان بوو یان یەکتریتان بینیەوە؟
+ بەداخەوە کە ئەمە دوا ژوانمان بوو.. تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێک توانیمان بە ئاواتی لەمێژینەی خۆمان بگەین و هەستمان دەکرد ئیتر ئەمە رۆژی ئێمەیە.. بەڵام بە داخەوە بەختی رەشمان هەر زوو ئەم خەونەی لە گۆڕ ناین.. براکەی بەسەرماندا هاتەوە و هەردووکمانی لە ژووری نوستن پێکەوە گرت.. ئیتر هیچ بیانوویەکی نەما بۆ ئەوەی کە نەمانکوژێ! بە شێوەیەکی زۆر وەحشیانە کەوتە سەرمان و تا هێزی تیا بوو لێیدەداین.. ئێمەش هەردووکمان تەنها بەرگرییمان ئەکرد.. کاتێکم زانی خۆشەویستەکەم پڕی پێدا کرد و دای بە عەرزا و هاواری ئەکرد کە من رابکەم بەڵام من دڵم نەدەهات بە تەنیا بەجێیبهێڵم چونکه ئەمزانی ئەو زۆر دڕندەیە و بۆ دەرفەتێکی ئاوا دەگەڕ کە بیکوژێ.. کەچی ئەو دیسان هاواری کردەوە و گوتی: ” تکایە تۆ بڕۆ و خۆت رزگار بکە.. با من بکوژێ و خەمی منت نەبێ” ئیتر منیش زۆر ترسام و هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو جگە لە راکردن.. بەڵام نەموێرا بچمەوە ماڵێ و یەکسەر بەرەو گۆڕستانی شار چووم و لەوێ خۆم حەشاردا.. تاکە کەسێک کە هەستم دەکرد دەتوانێ لەو بارودۆخە پڕ مەترسییدارەم رزگار بکا خوشکەکەم بوو کە هەموو راز و نهێنیەکی منی ئەزانی.. بە ناچاریی تەلەفۆنم بۆی کرد و سەرئەنجام ئەویش هاوسەرەکەی نارد بە شوێنما و لەگەڵ خۆی بردمی بۆ سلێمانی.. بە کورتتییەکەی لە ماوەی پێنج رۆژدا هەموو شتێکی بۆ رێکخستم و لەگەڵ قاچاغچییەک رێکەوت تا بمگەیەنێتە دەرەوەی وڵات.. ئیتر بە دڵ و دەرونێکی زۆر تەنگ و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە وڵاتم بەجێهێشت!

زۆر بە داخەوە کە ئاوەهات بەسەرهاتوە، ئەی لێرە.. ئێستا هەست دەکەی گیان و ژیانت پارێزراوە؟ ئاسوودەیت لێرە؟
+ بێ گومان بەڵێ.. چونکە لێرە یاسا حاکمە و وڵاتی مەدەنیەتە، بەڵام هێشتا ئاسوودە نیم چونکە خۆشەویستەکەم لەدەستچوو و چارەنووسیشی نادیارە.. ئێستا بە سەدان کەسی وەک ئەویش لە وڵاتی ئێمەدا ژیانیان لە مەترسیی دایە.. هیوادارم ئێوە وەک میدیاکاران بەدواداچوون بۆ ژیانی ئەو و خەڵکانی وەک ئەو بکەن..

بێگومان.. دڵنیابە ئەوەی لە توانامادا بێ دەیکەین.. زۆر سوپاس کە دەرفەتت داین ئەم دیدادرەت لەگەڵ سازبکەین.. سەرکەوتوو بی.
+ زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.

١٩/١٠/٢٠١٨
hemn.shawkat@yahoo.com

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish