Skip to Content

نووسەر سۆران ئازاد لە وەڵام بە دەنگەکان سەبارەت بە کارڵ مارکس

نووسەر سۆران ئازاد لە وەڵام بە دەنگەکان سەبارەت بە کارڵ مارکس

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 21, 2018 General, Marxism, Opinion

ئەم چاوپێکەوتنە بەشێکە لە مەلەفی ” مارکس لە ئێستادا” کە فریای بە چاپکردن نەگەشت لەگەڵ چاوپێکەوتنەکانی تردا….
کتێبی مارکس لە ئێستادا لە کوردستان لەم لەم کتێبخانانەی خوارەوە دەست دەکەوێت:
کتێبخانەی (جێژوانی خوێنەر و ئەندێشە) لەشاری کەرکوک، چەمچەماڵ – کتێبخانەی چەرموو، سلێمانی کتێبخانەی ئەندێشە دەستدەکەوێت
http://dengekan.info/archives/7490
گۆران

———————————————————————-


سەرنجێک بۆ خوێنەران

من پاش و پێشم بە پرسیارەکانی کاک گۆران کردووە. هۆکاری ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ بە پێشەنگزانینی هەندێک پرسیار. لە هەمان کاتدا، پرسیار هەیە، کە تێکەڵم کردوون، چونکە پێم وایە بۆ وەڵامدانەوەکەی من، هەم وا گونجاوتر بووە، هەمیش بەو شێوەیە زیاتر یارمەتیدەرە بۆ خوێنەر.

دەنگەکان:

له‌ دۆخی ئێستادا چۆن ماركس بخوێنینه‌وه‌؟ چۆن مارکس له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌ی ئه‌و راڤه‌ ئایدیۆلۆژییه‌ و تێگه‌یشتنه‌ دۆگماییه‌ ده‌ربهێنین که‌ له‌ تاکه‌ ره‌هه‌ندێکی ئایدیۆلۆژییدا کورتکراوه‌ته‌وه‌؟ ئایا باڵاده‌ستی گوتاری ماركسیزم به‌سه‌ر ژیاریی خۆرئاواوه‌ كۆتایی هاتووه‌ یاخود ئه‌و گوتاره‌ به‌شێوازی جیاواز بوونی هه‌یه؟‌

سۆران ئازاد:

من بۆچوونم وایە، کە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستیمان بەوەیە بزانین لە کوێدا دەست بە خوێندنەوەی (کاڕل مارکس) بکەین. دۆزینەوەی دەستپێک لە فەلسەفەی (مارکس) گرنگ و جەوهەرییە. دوای ئەو دۆزینەوەیە و تیشک خستنە سەر هزری (مارکس)، باوەڕ دەکەم ئەوە لە خۆیدا بەشێک لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت دابین بکات.
دیارە بەر لە ئێمە، (مارکس) خۆی باسی کێشەی دەستپێک لە هەر بوارێکی زانستیدا دەکات و دەڵێت: “دەستپێکەکان لە زانستدا هەمیشە قوڕسن”. دەستپێک بە تەنیا خاڵی دەستپێکردن نییە، چونکە خاڵی دەستپێکردن واتە ئێمە دەزانین لە چییەوە دەست پێ دەکەین و ئاڕاستەی باسەکەمان بۆ کوێ دەڕوات. بەڵام ئەو هاوکێشەیە بۆ فەلسەفەی (مارکس) و هەر فەیلەسووفێکی گەورەی تر دەست نادات، چونکە ڕەگوڕێشەی هەر بابەتێکی فەلسەفی لەو شوێنەدا نییە، کە باسی لێوە دەکرێت و دەست دەکرێت بە شیکردنەوەی، ئەوەیش لەبەر ئەوەی، کە هەر بابەتێکی فەلسەفی وابەستە و پێوەندیدارە بە بابەتەکانی پێش و پاش خۆی.

بۆیە دیاریکردنی دەستپێک بۆ فەلسەفەی (مارکس) ڕووبەڕووی هەمان کێشەی مێتۆدیمان دەکاتەوە، چونکە ئەو دەستپێکە نادیارە، یان بە واتەیەکی تر کێشەدارە و بیروڕای دژ بە یەکی لە خۆ گرتووە، بە تایبەت، کە باسەکەمان پێوەندیی بە یەکێک لە کێشەدارترین فەیلەسووفەکانی دنیاوە هەیە، کە (مارکس)ە و بە چەندین شیکردنەوەی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بۆیە سەرەتا هەر باسکردنێکی پێوەندیدار بە (مارکس)ەوە پێویستە لەو شوێنە دەست پێ بکات، کە پێمان بڵێت لە کوێوە دەست بە (مارکس) دەکەین و لە چ وێستگە و گۆشەنیگایەکەوە باس لە (کاڕل مارکس) دەکرێت. ئەگەرنا، هەوڵەکان توانای تێپەڕاندنی ئەو چوارچێوەیان نابێت، کە ڕۆشنبیرانی ڕووکەش لە بارەی (مارکس)ەوە دروستیان کردووە. ئەو چوارچێوەیەی، کە پێی وایە هەر کەسێک باسی (مارکس)ی کرد، (چ بە باش و چ بە خراپ!)، ئەوا مانای وایە لە قووڵایی فەلسەفەی (مارکس) تێگەیشتووە. من یەکەم کەسم، کە ددان بەوەدا دەنێم ئەو باوەڕەم هەبوو لەو کاتەی دەستم کرد بە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە کوردەکان، بەڵام لە دوایدا دێمە سەر ئەو باسەی، کە چۆن ئەو وەهمە وردە وردە تێکشکا.

لێرەدا من پەنا بۆ بۆچوونەکانی (بۆب جیسۆپ- Bob Jessop) دەبەم، کە یەکێکە لە ڕەخنەگر و ئەکادیمیستە دیارەکانی جیهانی ئەمڕۆمان. خۆشبەختانە لە مانگی ئابی ساڵی 2016، بواری ئەوەم هەبووە لە یەکێک لە وانەکانی بەشدار بم، کە لە زانکۆی (ڕۆسکیلدە)ی (دانمارک) لە کۆڕسی (بەڕامیاریکردنەوەی سەرمایەداری-Repoliticing Capitalism) پێشکەشی کرد. ئەو بەشێکی گەورەی وانەکەی، کە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند، بۆ دۆزینەوەی دەستپێک لە فەلسەفەی (مارکس) تەرخان کرد. لە دیدی ئەودا، دەستپێک بۆ فەلسەفەی (مارکس) یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان، چونکە ئەو فەیلەسووفە خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جیاوازە و کۆکردنەوەی هەموو بەرهەمەکان لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئەودا، نزیکمان ناکاتەوە لە مێتۆدێکی زانستیانە بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لە فەلسەفەی (مارکس).

یەکەم کتێب، کە پێویستە لێیەوە دەست پێ نەکەین و بیرەکانی (کاڕڵ مارکس)ی تێدا سنووردار نەکەین، (مانفێستۆی کۆمۆنیسم)ە. ئەو جۆرە تێڕامانە ڕووبەڕووی پرسیارمان دەکاتەوە، چونکە ئەو بەرهەمەی (كاڕل مارکس) و (فریدریچ ئەنگڵس) بوو بە ئایدیۆلۆگیا و بانگەشنامەی چەندین بزوتنەوەی ئایدۆلۆگی و هزری. لێرەدا من نامەوێت باسی ئەو جۆرە بزوتنەوە و پێوەندییان بە فەلسەفەی (مارکس)ەوە بکەم، تەنیا بە دیدێکی ڕەخنەگرانە لەو باسە دەڕوانم. خاڵی ڕەخنەگرانە لەوەی، کە بۆ گونجاو نییە لە کتێبی (مانیفێستۆی کۆمۆنیسم) دەست پێ بکەین ئەوەیە، کە یەکەم مانیفێستۆ یان مانیفێستنامە ژانرایەکی ئەدەبییە و لە شێوەی بانگێشتنامە دایە. لەو کاتەشدا هیچ بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بوونی نەبوو.

بونیادی ئەو پارچە نووسینە لە ڕووی ستایشەوە بەهێزە و لە ڕووی خوێندنەوەی زانستیانە لاواز. ئەو بەرهەمە بانگەشەیەکی ستراتیجانەی جەوهەرییە (strategic essentialism). ئەو بانگەشەیەی پێداگری لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی گرووپ و بزوتنەوەکان دەکات. هەر بۆیە ئەو جۆرە بەرهەمە ڕێگەخۆشکەری ئەو جۆرە بانگەشەیەی بزوتنەوە کۆمۆنیست و مارکسییەکان هەبووە و لە هەمان کاتدا ئەو بەرهەمە بەردەوامی پێداگری لەسەر گرنگییەکەی کراوە. لە لایەکەوە کورتە و ئاسانە بۆ خوێندنەوە، لە لایەکی ترەوە لەبەر ئەوەی لەڕووی خوێندنەوەی زانستیانە لاوازە و زیاتر لایەنی ستایشی تێدا بەهێزە، بە ئاسانی توانای کۆکردنەوەی گرووپ و بزوتنەوەی جیاوازی هەیە. بۆیە دەستپێکردن لەو بەرهەمە دەستپێکێکی فەلسەفی و ڕەخنەگرانە نییە. یەکێک دەشێت پاش ئەوەی خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ بەرهەمەکانی (مارکس) و چەمکە جۆراوجۆرەکانی بکات، لە دوایدا ئەر بەرهەمە بخوێنێتەوە، چونکە خودی ئەو بەرهەمە ڕەنگدانەوە و بانگێشتمانەیە بۆ چەمک و ئەو کێشە مێژوویی و فەلسەفانەی، کە (کاڕل مارکس) بە کورتی ئاماژەی بۆ کردوون. لە ڕووی مێژوویشەوە، نووسینی (مانیفێستۆی کۆمۆنیسم) دەکەوێتە پێش نووسینی شاکارە گەورە ڕەخنەییەکەی، کە (سەرمایە)یە. لە هەمان کاتدا، نووسینی ئەو بەرهەمە دەکەوێتە پێش زاڵبوونی مۆدی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری.

بەرهەمێکی تر، کە بە دانانی وەکو دەستپێک نزیکمان ناکاتەوە لە فەلسەفەی (مارکس)، نووسینی (پارچەنووسینی ئابووری و فەلسەفی 1844- Economic and Philosophic Manuscript of 1844)ە، لەبەر ئەوەی ئەو بەرهەمە کۆمەڵێک یاداشتی ئەو فەیلەسووفەن و کاتێکیش خۆی لە ژیاندا بوو، بە چاپی نەگەیاندوون. ئەو یاداشتانە زیاتر لە کتێبی (سەرمایە) خراونەتە چوارچێوەیەکی فەلسەفی، کە تێیدا (مارکس) بە مێتۆدی فەلسەفیانەی خۆی ڕەخنە لە کەپیتاڵیزم دەگرێت و ڕووبەڕووی شیکردنەوە و لێکدانەوەی فەلسەفی دەکات. کێشەی مێتۆدی ئەو بەرهەمە لەوە دایە، کە زۆر کێشەی ئابووری و ڕامیاری بە تێرمی فەلسەفی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لە هەمان کاتدا، یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە، کە کۆپییە نووسراوەکە ئاڵۆز و ناڕۆشنە، بۆیە کە چاپ و بڵاویش کراوەتەوە بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆنتێکس و تێرمانە کراوە، کە (مارکس) بە کاری هێناون. جگە لەو دوو بەرهەمە، پارچە نووسینی (پێشەکی 1859- 1859 Preface)، ڕووبەڕووی هەمان کێشەی مێتۆدیمان دەکاتەوە کاتێک دەمانەوێت لەوێوە دەست بە خوێندنەوەی (مارکس) بکەین.

کەواتە لە کوێوە دەست پێ بکەین؟ چۆن بتوانین ئەو کێشەیەی (مارکس) خۆی باسی کردووە چارەسەر بکەین و بیکەین بە خاڵی دەستپێک؟ لە ساڵی 1857دا، تێکچوونێکی ئابووری و بازرگانی گەورە کۆمەڵێک شاری گەورەی جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری کردەوە. ئەو تێکچوونە یەکەم قەیرانی ئابووری جیهانی بوو، چونکە لەو کاتەدا بوو، کە تازە ئابووری نێودەوڵەتی یان جیهانی گەشەی بە خۆوە بینی. سەرچاوەی ئەو قەیرانە لە (ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا) سەری هەڵدا و کۆمەڵێک شاری تری پیشەسازی و ئابووری جیهانی گرتەوە، لەوانە (لەندەن)، (لیڤەرپول)، (گلاسگۆو) لە (بەریتانیا)، (پاریس) لە (فڕەنسا)، (هامبۆرگ) و (لایپزیگ) لە (ئەڵمانیا)، (ڤیەنیا) لە (نەمسا)، (ئەمستردام) لە (هۆڵەندا) و (کۆپنهاگن) لە (دانمارک).

ئەو قەیرانە کاریگەری گەورەی لەسەر جووڵەی پیشەسازی و هێزی کار (labour power)ی کرێکارەکان هەبوو. شکستی بە زیاتر لە هەزار بانکی گەورەی (ئەمەریکا) هێنا. بەڵام هێشتا ئەوە گرنگییەکەی نییە، بەڵکو لە دوای ئەو قەیرانەوە، سەرمایەداری گەشە دەکات و دەبێت بە دیفاتکۆی ئابووری جیهان. ڕەنگە یەکێک بپرسێت چی وای لە (مارکس) کرد هێندە سەرنج بخاتە سەر ئەو ڕووداوە ئابوورییە جیهانییە. بەر لە هەر شتێک، دۆخی ژیانی (مارکس) لەو کاتەدا لەو پەڕی خراپیدا بوو. ئەوە بە ئاشکرا لە کۆمەڵێک نامەی بۆ (ئەنگلس)ی هاوڕێ و هاوپێنووسی دیارە و تەنانەت ئاماژە بەوە دەدات، کە هیچ کاتێک لە ژیانیدا هێندە لە ڕووخانی ئابووریدا نەبووە. ئەو بۆ ماوەی دە ساڵ بژێوی خۆی لەسەر نووسینی ڕۆژنامەوانی پەیدا دەکرد. بەشێکی ئەو نووسینانەی لە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تریبون- The New York Tribune) بڵاو کردووەتەوە. خراپبوونی دۆخی ژیانی زەمینەی گەورەتری بۆ بیرکردنەوە و نووسینەکانی تری خۆش کرد، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، ئێرە دەبێتە دەستپێک. ئەو دەستپێکەی بە دوایدا دەگەڕاین، دەتوانین لێرەدا بیدۆزینەوە. دەستپێکی ئەو لە خۆڵەمێشی ناخۆشی و سەختی ژیانی خۆیەوە سەری هەڵدا. ژیانی (کاڕڵ مارکس) زۆر شتمان لە بارەی فەلسەفەکەیەوە پێ دەڵێت.

بۆ (مارکس)، ئەو قەیرانە سەرەتای سەرهەڵدانێکی نوێی مۆدێلی ڕامیاری و ئابووری جیهانە، کە پێوەندیی بە دەستەڵات و پارەوە هەیە. حکومەت و ڕامیارڤانەکان ڕۆڵی دەستەڵات و بانکەکان ڕۆڵی پارە دەگێڕن. قەیرانی لەو شێوەیە دروستکراون و پێوەندییان بە بەردەوامیدان بە کەشی قەیران و سوڕی پارەوە هەیە. لەو کاتە دایە، کە (مارکس) دەست دەکات بە نووسینی کتێبی (ڕەخنە لە ئابووری ڕامیاری). لەوێدا ئاماژە بەوە دەدات، کە توێژینەوەکەی دەبێت لە لێکۆڵینەوە لە شمەک (Commodity) دەست پێ بکات. لە بەشی چوارەمی کتێبی (سەرمایە)، کە لە ژێر ناونیشانی (دامەزراوەی گشتی سەرمایە)یە، یەکەم ڕستە بەو شێوەیە دەست پێ دەکات: (سوڕی شمەکەکان خاڵی دەستپێکی سەرمایەیە. بەرهەمهێنانی شمەکەکان و سوڕی گەشەی فۆڕمەکانیان، یان بڵێن بازرگانی لە پێشبیرەکانی مێژووەوە، کە لەژێریدا سەرمایە سەر هەڵ دەدات، یەک دەگرن.)
بە پێچەوانەی چەمکی (کۆمۆنیسم)، چەمکی شمەک یان شتومەک دەبێت بە خاڵی دەستپێک، چونکە لای (مارکس)، کێشە و دژەکان (contradictions)ی سەرمایەداری لە شمەکەوە دەست پێ دەکات. شمەک خەسڵەتی بەکارهێنان (use) و بەها (value)ی هەیە. بۆ نموونە ئاڵتوون هەم بە کار دێت و هەم بەهای هەیە، بەڵام بەهای ئاڵتوون وەکو شمەک ئاڵوگۆڕی (exchange)ی پێ دەکرێت. بۆیە هەر شمەکێک، کە خاوەن خەسڵەتی بەکارهێنان-بەها بوو، دەتوانێت بە شمەکێکی تر، کە خاوەن خەسڵەتی بەکارهێنان-بەهای هەیە، بگۆڕدرێتەوە.

لێرەدا شمەک دوو هاوکێشەی جیاوازی هەیە. یەکەمیان ئەوەی (مارکس) پێی دەڵێت (شمەک – پارە – شمەک Commodity – Money – Commodity/)، واتە شمەکێکمان هەیە، کە خاوەن بەهای ئاڵوگۆڕە و بە پارە بەهاکەی دیاری دەکرێت، بەڵام ئامانجی پارەش بۆ دەستخستی شمەکی ترە. (مارکس) بەو هاوکێشەیە دەڵێت هاوکێشەی سادە یان سرووشتی، واتە ئەو کرداری ئاڵوگۆڕە سەرەتاییە و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە، وەک خۆی دەڵێت (فرۆشتن لە پێناو کڕیندا). هاوکێشەی دووەمیان هاوکێشەی کەپیتاڵیسمە و بەو شێوەیەیە؛ (پارە – شمەک – پارە/ Money – Commodity – Money). جیاوازیی ئەو هاوکێشەیە لەگەڵ هاوکێشەی یەکەم گەورە و جەوهەرییە، چونکە ئەگەر لە یەکەمیاندا بەکارهێنانی شمەک و ڕۆڵی پارە بۆ بەردەوامیدانە بە سووڕی ژیان و ئاڵوگۆڕی، ئەوا لە دووەمیاندا ئامانج لەو ئاڵوگۆڕە پارەیە. یەکەم ئێمە پارەمان هەیە و دەیدەین بە شمەکێک و دواتر دووبارە ئەو شمەکە دەکەینەوە بە پارە، وەکو خۆی پێی دەڵێت (کڕین لە پێناو فرۆشتندا).

(مارکس) پێی وایە هەر بە تەنیا گۆڕانی ئەو سوڕە سەرهەڵدانی سەرمایەدارییە. هەر لەو هاوکێشەیەدا، شمەک ون دەبێت، چونکە ئامانجەکە دەبێت بە پارە بۆ پارە، کە شمەک تەنیا بابەتی ئەو هاوکێشەیەیە. (مارکس) لە هەمان ئەو بەشەی ئاماژەمان پێی دا، بەو شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: (ئەگەر من 2000 پۆند (کە دەکاتە یەک تۆن) لۆککەم بە سەد پاوەند دەست کەوت و هەمان ئەو 2000 پۆندە بە 110 پاوەند بفرۆشم، ئەوا مانای وایە من 100 پاوەندم بە 110 پاوەند گۆڕیوەتەوە، پارە بۆ پارە). دیارە (مارکس) پێی وایە هەر شتێک بەهاکەی پارە بێت، پارەیە، بۆ نموونە لە یەکەی بانکی هەر کەسێک، لە جیاتی پارەی دەستی، ئێمە پارەی ژمارەییمان هەیە. بانک پێمان دەڵێت یان پێشان دەدات، کە چەند پارە لەسەر یەکەی بانکیی ئێمەیە. بۆ (مارکس) هەموو فۆڕمەکانی پارە، پارەن، گرنگ نییە دەستی بێت یان ژمارەیی مادام بەهای پارەی هەیە.

بەرهەمهێنانی ئەو شمەکە و گۆڕینەوەی بە پارە پێویستی بە کۆمەڵێک پڕۆسێسە. مادام ئێمە شمەک بۆ پارە بە کار دەهێنین، ئەوا هێزی کاریش هەمان ئامانجی دەبێت. لەو دۆخەدا، پارە دەبێت بە کرێ (wage). ئەو کرێکارەی ئیش دەکات، نرخ لەسەر تواناکەی خۆی بەرانبەر بە کرێ دادەنێت. هێزی کار (labour power) تاکە سەرچاوەیە بۆ بەهای زیادە (surplus value) و هۆکاری جێگرەوەی بەرهەمهێنان (substitutable factor of production). مادام لێرەدا ئامانج کڕینی پارەیە بۆ پارە، لە پێناو بەهای زیادە یان قازانج، ئەوا هەموو هاوکێشەکانی تر لە چوارچێوەی ئەو سوڕەدا دەتوێنەوە. هێزی کار، کە هێزێکی مرۆییە دەبێت بە ئامانجی سەرمایەداری و لە پێناو گەشەدان بە خۆی، بە کاری دەهێنێت. ترسناکیی سەرمایەداری هەڵوەشاندنەوەی هەموو بونیادە کۆمەڵایەتی و مێژوویی (social and historic constructions)ەکانە. هێزی کاری کرێکاران دەبێت بە داینامیکی بەردەوامیدانی بەرهەمهێنان و نرخ و بەهای ئەو هێزەش لە بەکارهێنانی دایە، نەک لە هەبوونی.

کەواتە دەستپێکردن لە کتێبی (سەرمایە) و (ڕەخنە لە ئابووری ڕامیاری) زۆر دەروازەی گرنگ و بنچینەیمان بۆ دەکەنەوە. خوێندنەوەی ئەو دوو کتێبە هێزی ئەوەمان پێ دەبەخشن فەلسەفەی (مارکس) بە قووڵاییەکەی خۆیەوە بناسین، نەک بە تەنیا لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بانگەشە. دەستپێکردنی خوێندنەوەی هەر فەیلەسووفێک و هزرێکی قووڵ لەو شوێنە دەست پێ دەکات، کە چەمکە بنچینەییەکانی ئەو فەیلەسووفە یان هزرەی لەسەر دامەزراوە. بۆ (مارکس) کەلتوور و نەریتی سەرمایەداری کێشە گەورە و بنچینەییەکەیە و لەوێوە خوێندنەوە بۆ دنیا و مێژوو دەکات. یەکێک لەو فەیلەسووفانەی، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرگری لەو بۆچوونە دەکات، (سلاڤۆی ژیژەک)ە. لە پێشەکی کتێبی (توندوتیژی)، (ژیژەک) ئاماژە بە نامەیەکی (مارکس) بۆ (ئەنگڵس) لە ساڵی 1870 دەدات، بەم شێوەیە (ژیژەک) شیکاری کردووە: “نامەکەی (مارکس) دەربڕینی ترسە خەستەکەیەتی؛ ئایا شۆڕشگێڕان ناتوانن بۆ دوو ساڵێك چاوەڕێ بکەن؟ ئەو هێشتا (سەرمایە)ی تەواو نەکردووە.”

(مارکس) لەو فەیلەسووفانە نییە ئێمە بۆچوونەکانیان بخوێنینەوە. بۆچوونەکانی (مارکس) هەر بۆچوون نین، بەڵکو کەرەستەی توێژینەوە و خوێندنن. بۆچوونەکان هێندە ئاسان نییە بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین باوەڕمان پێیەتی یان نا، چونکە فەلسەفەی ئەو لە دەرەوەی باوەڕە. بەڵکو، هزری (مارکس) وا دەخوازێت ئێمە خاوەن توانای توێژینەوە و ڕەخنەگرتن بین. هەر خۆی لە کۆتاییی یەکەم پێشەکی کتێبی (سەرمایە) دەڵێت، “هەر بۆچوونێک، کە لەسەر ڕەخنەی زانستیانە بونیاد نراوە، بەخێرهاتنی دەکەم.” لێرەدا، وەک هەر فەیلەسووفێک (مارکس) بانگەشەی ئەوە ناکات، کە ڕەخنە فەلسەفییەکانی ڕەهان، بەڵکو بەکراوەیی وەکو بابەتێک بۆ توێژینەوە و ڕەخنەی زانستیانە دەیهێڵێتەوە. کتێبی (سەرمایە) دابڕینی (مارکس)ە لە زۆربەی ئەو خوێندنەوانەی بۆ (مارکسی ئایدیۆلۆگی) دەکرێت. فەلسەفەی (مارکس) فەلسەفەیەکە، کە توانای گۆڕانی گەورەی مێژوویی و جیهانی هەبووە و هەیە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو زەمینەیەکی گەورەی بۆ ڕەخنە و فەلسەفەی ئابووری دامەزراندووە.

دەنگەکان:

2- ئایا بواری رۆشنبیریی و سیاسییمان به‌ ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری مارکس بووه‌؛ چیتر پێویستی به‌ مارکس نه‌ماوه‌؟ ئاخۆ ڕاسته‌ به‌ راگه‌یاندنی مه‌رگی ماركس، هه‌موو تێز و بیرکردنه‌وه‌کانی وه‌لا بنێین؟
4. ئایا توانای فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم له ‌گۆڕینی كۆمه‌ڵگادا كۆتایی هات، یاخود ئه‌وه‌ هه‌ر ماركسیزمه‌ که‌ توانای گۆڕینی كۆمه‌ڵگای هه‌یه‌؟

سۆران ئازاد

من لێرەدا وەڵامی پرسیاری چوارەمیشتان دەدەمەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوییەک بۆ بۆچوونەکانم دابمەزرێنم. جگە لەوە هەوڵ دەدەم لە چەند ڕوانگەیەکەوە لە ئامادەیی مارکس لە کۆمەڵگەی کوردی بڕوانم.
سەرەتا پرسیارەکەی تۆ ئاڕاستەیەکی ڕووی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردییە و ئاڕاستەکەی تری نێوەندی سیاسی. بۆیە سەرەتا پێویست دەکات بزانین نێوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە چییە و کێن ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن، ئینجا دەتوانین لەوە تێبگەین ئایا ئەو نێوەندە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ هزر و فەلسەفەی (مارکس) هەبووە تاکو بڵێین پێویستی پێی نەماوە. لێرەشەوە دۆزینەوەی دەستپێکێکیش بۆ ئەو باسە قوڕسە، چونکە خودی نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی ئاڵۆزە و نازانین باس لە کامە نێوەند و کامە ڕۆشنبیرەکانی دەکەین. یەکەم ئێمە بەرهەمی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەمان لەبەر دەستدا نییە تاکو بزانین پێویستیان بە (مارکس) ماوە یان نا.

دەگمەنن ئەو بەرهەمە فەلسەفیانەی بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی (مارکس)ەوە نووسراون. نەک لە بارەی (مارکس)، بەڵکو هەر فەیلەسووفێکی ترەوە. زۆر نابێت (د. محەمەد کەمال) تەواوی هەوڵەکانی خۆی خستۆتە کار بۆ دروستکردنی زەمینە. وەکو تر، نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی نێوەندی حوکمدانی پەیامبەرانەیە. ڕۆشنبیری ئێمە ڕۆشنبیری هەموو شت زانە و خۆی دەخاتە ناو هەموو بوارێکەوە وەک ئەوەی شارەزاییەکی بواری تەواوی لە هەموو بوارەکان هەبێت.

بەر لە هەر فەیلەسووفێک، (ئیمانوێڵ کانت) مەترسی ئەو دیاردە ڕۆشنبرییەی بۆ دیاری کردووین. لە پێشەکی نووسراوی (بناغەدانان بۆ مێتافیزیکی ڕەوشتەکان)، (کانت) ئەوانەی، کە خۆیان بە (بیرمەندە سەربەستەکان) ناو دەبەن، بەم شێوەیە ئاگادار دەکاتەوە، “ئەوانەی بە دوای تێرکردنی ئارەزووی ئاستی جەماوەرەوەن، بەلایانەوە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی، کە [بابەتی] ئەزموونی لە تەنیش هۆشەکی بە تێکەڵەی کەرتێک لە هەموو جۆرەکانی تر، کە خۆشیان سەریان لێ دەرناچێت، بفرۆشن و بە خۆشیان بڵێن ‘بیرمەندە سەربەخۆکان’، بە ئەوانەیشی خۆیان بۆ بەشی تایبەتی هۆشەکیی فەلسەفە تەرخان کردووە بڵێن ‘وشکەکان’.

ئایا وەکو سەرجەم، شتەکان بۆ کەسی شارەزا باشتر پێش نەدەکەوتن، ئەگەر هاتباو ‘بیرمەندە سەربەخۆکان’ ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی هەر لە خۆوە دوو بەرهەم، کە زۆر لە یەکتر و لە شێوە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جیاوازن، هەڵنەگرن؟”. نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی پڕیەتی لەوانەی، خۆیان بە بیرمەند یان نووسەری ئازاد و سەربەخۆ ناو دەبەن و دەست بۆ هەموو بوارە جیاوازەکانی هزر دەبەن. هەر (کانت) لە پێشەکی ئەو نووسراوەدا، پێ لەسەر ئەو دادەگرێت، کە “لە هەر شوێنێک کارەکان بە وردی دابەش و لە یەکتر جیا نەکرابێتنەوە، لەو شوێنەدا هەر کەسەو وەستای هەموو-شت-زانە و هەر لەو شوێنەدا بوارەکان لەو پەڕی دواکەوتوویدا دەمێننەوە.” بۆچوونی (کانت) بۆ دۆخی ڕۆشنبیری و کەلتووری ئێمە پێناسێکی تەواوە. لە نێوەندی ئێمەدا هەر کەسەو دەست بۆ هەموو شتێک دەبات و ئازادانەش حوکم دەفرۆشێت.

(بەختیار عەلی) یەکێک لە نموونەکان بۆ وەها تێگەیشتنێکمان بۆ فەراهەم دەکات. لە بابەتی (خۆگێلکردن وەکو ستراتیژ) لە بارەی (مارکس)ەوە دەڵێت: “مارکس لە گەشبینە دەگمەنەکانی مێژووی فەلسەفەیە، بەڵام هیچ ڕەشبینێک لە مێژووی سیاسەت و فیکردا وەک ئەم گەشبینە تاقانە و ناوازەیەی مێژووی فیکر «مارکس» زەوی پڕنەکرد لە دیکتاتۆرییەت و زیندان و جینۆساید و ترس.” لێرەدا (بەختیار عەلی) نە لە پێش ئەم پەرەگرافە و نە لە بەشەکانی تردا، پێمان ناڵێت گەشبینیی (مارکس) لە کوێ دایە و بۆچی دنیای پڕ کردووە لە دیکاتۆریەت، زیندان، جینۆساید و ترس! ئایا ئەو چوارانە (مارکس) دروستی کردوون و لە پێش ئەودا بوونیان نەبووە؟ ئەی ئێستا، کە دیکتاتۆریەت، زیندان، جینۆساید و ترسمان هەیە، بەرهەمی (مارکس)ن؟ دێکتاتۆریەتی پادشایانی کەنداو هەڵەی (مارکس)ە؟ زیندانەکانی دنیا (مارکس) نەخشەی بۆ کێشاون؟ جینۆسایدی (جولەکەکان)، (ئەنفال) و بەم دوایەش (یەزیدیەکان) بانگەشەی (مارکس)ن؟

(بەختیار عەلی) بەوە ناوەستێت و دەنووسێت: “دەگەڕێمەوە سەر ڕستەکەی مارکس کە دەڵێت «کاری فەیلەسوفان تا ئێستا تەفسیری دونیا بووە، ئێدی کاتێتی بیگۆڕن». ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە بەڕێزتان {سیروان عەبدول} و هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکان و پۆزەتیفیستە لیبرالەکانیش لە خۆرهەڵات باوەڕیان پێیەتی. لە ژێر باڵی ئەم رستەیەوە هەموو دیکتاتۆرییەتەکانی سەدەی بیست هاتنەدەرێ. ” من لە کاتی خۆیدا نامەیەکم بۆ (بەختیار عەلی) نووسی و هەر لە سایتەکەی ئێوەدا (دەنگەکان) بڵاوم کردووەتەوە و خوێنەر دەتوانێت لەوێدا بیخوێنێتەوە. بە پێویستی دەزانم ئەو سەرنجەی ئەو کاتە لە بارەی ئەو حوکمە ڕووکەش و ڕەهایەوە نووسیومە، جارێکی تر لێرە دایدەنێمەوە، کە بەو شێوەیەیە:
“یەکێک بیەوێت (مارکس) لە نێوەندی ڕۆشنبیری کوردییەوە بناسێت، دەتوانێت چی لەو حوکمە ڕووکەشانە فێر بێت؟ ئایا ئەو جۆرە حوکمانە هیی کەسێکن، نەک بڵێن بەلای (مارکس)ەوە چووبێت، چونکە ئەو زمانە هەرگیز ناگاتە ئاستی باسکردنی ئەو فەیلەسووفە، بەڵام هەر بەلای فیکرەوە چووبێت و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش بێت جیاوازیی لەگەڵ ئەو کەلتوورە پڕ لە حوکمی سواو و ڕەهایە دروست کردبێت؟ وەڵامەکە نەخێرە.

زمانی نووسەرێکی قووڵ و داهێنەر هیچ کاتێک لەو ئاستەدا لە دنیا و فیکر ناڕوانێت.”
جگە لەو بۆچوونە، بەو مێتۆدەی (بەختیار عەلی) و هاوبیرەکانی، وەکو بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئاینی بێت، (کاڕڵ مارکس) بەپرسیاریەتی تەواوی تاوانەکانی دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیستی دەکەوێتە ئەستۆ، ئەویش بە یەک ڕستە. ئەو بۆچوونە نەک لە ڕووی لۆگیکیشەوە، بەڵکو لە ڕووی مێژوویشەوە، ناتەواوە. بە هێنانەوەی ئەو نموونەیەی (بەختیار عەلی)، کە نوێنەرایەتی نێوەندێکی گەورەی ڕۆشنبیریی کوردی دەکات، لەوە تێدەگەین، کە بیری (مارکس) نەک هەر لەو نێوەندەدا نەبووە و نییە، بەڵکو بۆ ڕەتکردنی ئەو فەیلەسووفە، ڕۆشنبیرانمان پەنایان بۆ هەموو جۆرە حوکمێکی ڕووکەش و سواو بردووە. لێرەدا پێویستی نەدەکرد ڕۆشنبیرانمان ئەو ئەرکە سەختە بگرنە بەر مادام مەلاکان دەمێکە (مارکس) بەو شێوەیە خستووەتە بەردەم دادگای حوکمەکانیان.

بەڵگەی ئامادەیی هەر فیکرێک زمانە. ئەگەر بۆ ئاستی زمان و هۆشیاریی خۆمان بگەڕێینەوە، دەرکەوتەکانی ئامادەیی (مارکس) لە هۆشیاری ئێمەدا نائامادەن و نین. لە زمان و هۆشیاری ئێمەدا گرنگی و قوڕسایی هەر بیرێک لەوە دایە، کە چەندە دەتوانێت باوەڕەکانمان پتەوتر و بەهێزتر بکەن. کەم نین ئەوانەی لەژێر کاریگەری هەژموونی ڕەوتی ئایدۆلۆگیای کۆمۆنیستی، دووبارە لە وەهمی باوەڕێکەوە بۆ وەهمی باوەڕێکی تر بازیان داوە.

بۆیە هەر زوو بەشێکی زۆری ئەوانە، لە دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەتی و بلۆکی کۆمۆنیسم لە سەر ئاستی ئایدۆلۆجیا یان گەڕانەوە بۆ باوەڕە کەلتووری و ئاینییەکەیان، یان وەکو شوێنکەوتوانی بەسۆزی کۆمۆنیسم لە نامۆیی و گۆشەگیرییەکی قووڵدا، بە هیوای زیندووبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی وەها ڕەوتێک، مانەوە. یەکێک لە کێشەکانی ئەو بزوتنەوانە ئەوە بووە، کە وەکو پەیامبەر مامەڵەیان لەگەڵ (مارکس) کردووە. وێژەیانە هەموو قسە و بۆچوونەکانی مارکس وەرگیراوە و باوەڕێکی ڕووتی لێ بەرهەم هێندراوە. پابەندبوون بە فێرکارییەکانی مارکس وەکو پانەبدبوون بووە دەقە ئاینییەکان. هێزی ئەو بزوتنەوانە لە ناوەوەی کۆمەڵگە سەرچاوەی نەگرتبوو تاوەکو بتوانێت گۆڕانی ڕیشەیی دروست بکات. بۆیە بۆچوونەکانی لە زۆر شت کورت کرابوویەوە.

یەکێک لەو نەریتانەی ئەو بزوتنەوانە، یان بڵێین ئەوانەی خۆیان لەژێر چەتری فەلسەفەی (مارکس) پێناسە دەکرد، هەمان ئەو چەمکە بوو، کە لە ڕەخنەی ئەدەبی ئیمپڕیالیزم بە (لۆگیکی دووانەیی ئیمپڕیالیسم- binary logic of imperialism) ناسراوە. (لۆگیکی دووانەیی ئیمپڕیالیسم) ئاماژەیە بەو لۆگیکە کەلتوورییەی دەوڵەتی (داگیرکەر) دژ بە دەوڵەت و کەلتووری (داگیرکراو) بە کاری دەهێنا، بۆ نموونە داگیرکەر پێشکەوتووە، خاوەن شارەستانییە، باڵادەستە، هەڵبژێرداوی خوایە، داگیرکراو دواکەوتووە، وەحشیگەرە، شایەن بە ئازادی نییە، نەفرەت لێ کراوە و زۆری تر.

لای ڕۆشنبیری کۆمۆنیستی هەمان لۆگیک بەرانبەر بە کۆمەڵگەی کوردی پەیڕەو کراوە. کۆمەڵگە کۆنەپەرست، ژن چەوسێنەر، نائازادیخواز، دواکەوتووە، بەڵام کۆمۆنیسم ئازادیخواز، تازەگەر، یەکسانخواز و پێشکەوتووە. دەبینین وەک چۆن ئایین بەربەستی زۆر گەورەی بۆ ئازادی و یەکسانی ڕەگەزی هەیە، ئاوا ئەو بزوتنەوانە سەرنجی زۆریان لەسەر ژن وەک بابەت نەک خۆ هەبووە. ئەوە بەبێ ئەوەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنمان بۆ کەلتوور و بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی هەبێت. شەپۆلی ئەو بزوتنەوانە دژ بە هەموو بەها کۆمەڵایەتیەکان بووە و سەرجەمی بونیادی کۆمەڵگەی بەلاوە نا بە خۆزگەی ئەوەی کۆمۆنیسم هێزی ڕزگارکەرە. گوژمی ئەو جۆرە بزوتنەوانە زوو دامرکایەوە، چونکە هێزەکەی لە کۆمەڵگەوە سەرچاوەی نەگرتبوو و خاوەن تێگەیشتن بۆ بونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووری نەبوو.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە، کە ئەو ژینگە و پاشخانەی (مارکس) فەلسەفەی خۆی لەسەر دامەزراندووە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئامادەیی نەبووە. (مارکس) فەیلەسووفێکە لەسەرووی هەموو بەربەستەکان، لەوانە جیاوازی نەژاد، ئایین، نەتەوە و ڕەگەز قسە دەکات و پڕۆژەکەی گشتگیرە. بە هەمان شێوەیش، ڕەخنەکانی (مارکس) نەک بە تەنیا ئاماژەن نین بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، بەڵکو باسن لە وەرگێڕانی ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی لە دەرئەنجامی گۆڕان و گواستنەوە لە شێوەی بەرهەمهێنان و چالاکی ئابووری. ئەو گۆڕان و گواستنەوانە کاریگەریی گەورەی لە وەرگێڕانی چالاکییە مرۆییەکان هەبووە، تەنانەت لە دابەشبوونی چینایەتی، نەژادی و ئاینیش. بۆیە ڕەخنەکانی (مارکس) گشتگیرن، بەڵام زەمینەی لە دایکبوونی ڕەخنەکانی (مارکس) لە نەریتە فەلسەفییەکانی پێش خۆی جیا ناکرێتەوە. بێ ئاگابوون لەو زەمینە، هەلومەرج و پاشخانەی فەلسەفەی (مارکس) تێیدا سەری هەڵدا، تێگەیشتنێکی ناتەواومان پێ دەبەخشێت.

بە گشتی، بەر لەوەی باس لە بەلاوەنانی (مارکس) و تێزەکانی بکرێت، ئێمە پێویستە باس لە هەژاری و کەمتوانایی نێوەندی ڕۆشنبریی خۆمان بکەین. تا زەمینە بۆ ڕەخنە و دامەزراندنی پڕۆژەی فەلسەفەیانە دروست نەبێت، بڕیار نییە بەو مێتۆدە کرچوکاڵانە، کە یان ستایشین، یان نەفرەتی لە (مارکس) و هەر فەیلەسووفێکی تر تێ بگەین. ئەوە ئاستی گەشەی هۆشیاری ئێمەیە، کە ئاڕاستەی گۆڕان دیاری دەکات. ئێمە ناکرێت چاوەڕێی گۆڕان لە هیچ فەلسەفەیەک بکەین، بەڵکو ئەوە ئێمەین، کە بڕیار دەدەین هۆشیاری ئێمە چ ئاڕاستەیەک وەربگرێت و چ گۆڕانێک بەرهەم بهێنێت.

دەنگەکان:

3- پاش رووخانی سیسته‌می سۆسیالیزم و وده‌ركه‌وتنی تێزی “كۆتایی مێژوو” له‌ لایه‌ن فۆکۆیاما و هاوڕاکانییه‌وه‌، ئایا ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ واتای مردنی ماركسی فه‌لسه‌فیی بوو؟ یان مه‌به‌ستی ئه‌و ماركسه‌ به‌ ئایدیۆلۆژییكراوه‌یه که‌‌ کۆتایی هات؟

سۆران ئازاد:

وەڵامەکەی من ئەوەیە، کە هیچ یەکێکیان. هۆکار بۆ ئەوە ئەوەیە، کە بیری فەلسەفی لە چوارچێوەی دوالیزمدا بڕیار و حوکمی لەسەر نادرێت. نەریتی دوالیزم یان دووانەیی، خەسارمەندییەکی گەورەی لە هێزی تێگەیشتنی فەلسەفیانەی هۆشیاری مرۆڤ داوە. ئێمە کاتێک دەتوانین ئازادانە بیرێکی فەلسەفی لێک بدەینەوە، کە لە هەڕەشەی پێشبیر و پاشبیرەکانی حوکم و بڕیاردان دووریان بخەینەوە. هەر بیرێک خاوەن خەسڵەتێکی پڕی ناتەواوە لە خۆیدا. ئەو پڕییە ناتەواوییە دەرئەنجامی بەریەککەوتن و تێکەڵبوونە لەگەڵ پێشبیر و پاشبیرەکانی دوای خۆی. بەو پێیە بێت، بیری فەلسەفی هەمیشە کراوەیە؛ شایەن بەوەیە لەگەڵ پێکهاتە و کەرەستەی نوێ یەک بگرێت و لە پێکهاتەی پێشووی خۆشیەوە داببڕێندرێت.

ڕەگی سەرچاوەی بۆچوونەکەی (فۆکۆیاما)، دیدی فەیلەسووفی ئەڵمانی (هیگڵ)ە لە بارەی مێژوو. ئەگەر پێش (هێگڵ) خوێندنەوەی مێژوو خۆی لە دابەشبوونی زنجیرەیی ڕووداو و ساڵەکاندا بینیوەتەوە، ئەوا لای (هێگڵ) ئەو تێگەیشتنە ڕووبەڕووی هەڵوەشاندەوە دەبێتەوە، کە لە کتێبی (فەلسەفەی مێژوو) بۆچوونەکانی خۆیی تێدا دامەزراندووە. لە دیدی (هێگڵ) گرنگیی فەلسەفەی مێژوو لەوەدا نییە لە چ ساڵێکەوە بۆ چ ساڵێکی تر دەمانبات، بەڵکو تێپەڕاندنی سەردەمێکی هۆشیارییە بۆ سەردەمێکی تر، یان گۆڕانی پاڕادایمەکانی گەشەکردنی هۆشیارییە بۆ بە دەستهێنانی ئازادی. هەر لە هەمان کتێبدا، (هێگڵ) ئاماژە بە دەستکەوتنی ئازادی دەکات و لەوێدا مێژوو دەگات بە کامڵیی خۆی.

یەکەم توێژینەوەی (فۆکۆیاما) لەو بارەیەوە لەژێر ناونیشانی (کۆتاییی مێژوو؟) لە ساڵی 1989 لە گۆڤاری (The National Interest) بڵاو کرایەوە. (فۆکۆیاما) هەوڵی داوە ئەو بۆچوونەی (هێگڵ) بۆ پێشکەوتنەکانی خۆرئاوا لەژێر سایەی دیمۆکراسی و زاڵبوونی هەژموونی لیبڕالیزم، کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، خەریکە دەبێت بە تاکە مۆدێلی چارەسەر بۆ تەواوی ناکۆکییەکان، بەکار بهێنێت. وەک خۆی دەنووسێت: “ئەوەی ئێمە دەیبینین بە تەنیا کۆتایی شەڕی سارد یان تێپەڕین بەناو کاتێکی تایبەتی مێژووی دوای شەڕ نییە، بەڵکو کۆتایی مێژوو خۆیەتی؛ واتە خاڵی کۆتای گەشەسەندنی ئایدیۆلۆگیی ڕەگەزی مرۆڤ و بە گەردوونیبوونی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ وەک کۆتا فۆڕمی حوکمڕانیی مرۆڤ.” زمانی (فۆکۆیاما) زۆر گەشبینانەیە. ئەو وای دەبینی، کە تارمایی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ خەریکە تەواوی جیهان دەگرێتەوە.

زۆرێک لەو پێشبینییە گەشانەی (فۆکۆیاما) باوەڕی پێی هەبوو، لە جیهانی ئێستاماندا پێچەوانەکەی هاتووە دی. (فۆکۆیاما) پێی وابوو، کە لە کاتێکی زوودا، جیهان چیتر ڕووبەڕووی کێشە و ناکۆکی گەورە نابێتەوە. مانشێتی ڕۆژنامەکان کێشەی سادە و لاوەکی لە خۆ دەگرن، چونکە مێژوو وا دەگات بە کۆتایی و کامڵێی خۆی، کە تێیدا هەمووان لەژێر سایەی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ چێژ لە بوونی خۆیان دەبینن. ئاوەڕدانەوەیەک لە کێشەکانی جیهان پێچەوانەکەمان بۆ دەسەلمێنێت. وڵاتێکی وەکو (چین)، کە (فۆکۆیاما) پێی وابوو بەرەو دیمۆکڕاسی هەنگاو دەنێت، بووەتە سەرمایەداری تۆتالیتاری. کاریگەرییە ئابوورییەکانی (چین) لەسەر هاوکێشەی بازاڕ حاشەهەڵنەگرە و ناتواندرێت بەلاوە بندرێت. ئەو بۆچوونەیشی، کە هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت دیمۆکراسی بۆ (ڕووسیا) فەراهەم دەکات پێچەوانەکەی دەرچووە.

جیهان بەدەم کێشەی لاوەکی نا، بەڵکو بەدەم کێشەی زۆر گەورەوە دەناڵێنێت. گەرمداهاتنی زەوی و گۆڕانی کەش، کە یەکێکە لە ئاکامەکانی گەشەی سەرمایەداری و ئەو بەرهەمهێنانەی، کە وا دەخوازێت لەپێناویدا سرووشتی زەوی تێک و پێک بدرێت هەر بە تەنیا بۆ ئەوەی گەشە بە خۆی بدات. کۆمپانیا و وڵاتە زلهێزەکان تەواوی سەرمایەی مرۆیی و سرووشتیان بۆ بەردەوامیدان بە گەشەی هاوتەریبی ئابووری (Exponential Growth) تەرخان کردووە.

دۆخی مرۆیی لە وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکان، کە خاوەن سیستەمێکی تۆتالیتارین، وەکو (چین) و (سینگاپور) ڕەچاو ناکرێت، چونکە توانا ئابووریەکەیان نکۆڵی لێ نەکراو و کاریگەری گەورە لەسەر ئابووری جیهان دادەنێن. (چین) خاوەن یەکەم چوار بانکە گەورەکانی جیهانە. بە گوێرەی یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانی (زانکۆی کۆپنهاگن)ی دانمارکی، ئایفۆنی هەر بەکاربەرێک کرێکارێک لە چین دەکوژێت! چونکە ئەو کرێکارانەی ئەوێ هەموو ژیانیان لە کارگەکاندا بەسەر دەبەن و تەنانەت وەچەکانیشیان دەبنەوە بە هێزی کرێکار، کە پێشەنگی ئەو کۆمپانیایانە (فۆکسیکۆن – Foxconn)ە. ئەوە تەنیا تایبەت نییە بە کۆمپانیای ئەپڵ، بەڵکو ئاماژەدانێکی بچووکە لەوەی، کە دۆخی مرۆیی چۆن لەپێناو پاراستنی گەشەی ئابووری جیهان پشتگوێ خراوە.

(مارکس) لە بەشێکی گەورەی ئەو مەترسیانە دواوە و هەستی بەو هێزە شاراوە ترسناکە کردووە، کە سەرمایەداری دەیجووڵێنێت. گەڕانەوە بۆ (مارکس) گەڕانەوەیە بۆ یەکەم ڕەخنەی فەلسەفەی ئابووری لەسەر سەرمایەداری. کێشەی گەورە لە بۆچوونەکانی (فۆکۆیاما)دا هەن، بەڵام پێشەنگترینیان ئەوەیە، کە هەوڵی داوە فەلسەفەی (مارکس) وەکو پەیامێکی ئایدیۆلۆگی کورت بکاتەوە، کە پەیوەست بووە بە کاتێکی دیاریکراو و لەگەڵ هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت، ئەو پەیامە دەورانی خۆی گێڕا و کۆتایی پێ هاتووە. (مارکس) پەیامێکی کورتی ئایدیۆلۆگی نییە. ئەو ڕەخنەکانی بۆ سیستەمێکی ئابووری جیهانی بەرز دەکاتەوە، کە سەرتاپاگیرە و بڕیار لەسەر کایەی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی جیهان دەدات. سیستەمێک، کە لەپێناو درێژەدان بە خۆی، هەموو شتێک لە خۆیدا دەتوێنێتەوە و دەخاتەگەڕ.

دەنگەکان:
٥- به‌ بۆ‌چوونی ژاك دێریدا، ئه‌وه‌ی كوژراوه‌ ماركسی ئایدیۆلۆژییه‌ نه‌ك فه‌لسه‌فیی. ئه‌و ماركس به‌ تارمایی هاملێت ده‌‌چووێنێت، به‌وه‌ی ئه‌و هه‌ر كاتێك بیه‌وێت‌ ده‌توانێت‌ بگه‌ڕێته‌وه لای و ‌ له‌حه‌قیقه‌تی تاوانی باوك كوشتندا ئاگادارمان بكاته‌وه‌. که‌واته‌ ئایا ماركسه‌كه‌ی ناو زمانمان كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بێته‌ گۆ؟

٦- با قسه‌یه‌كی بابه‌كی ئه‌حمه‌دی له‌باره‌ی ماركس بێنینه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت “ماركس ده‌رمانی ڕزگار بوونمان ناداتێ‌, به‌ڵام ئه‌وه‌مان بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشین ‌و واچاكتره‌ مشورێكی چاره‌سه‌ركردنی خۆمان بخۆین، ئه‌و هه‌ندێ‌ ده‌رمانیشمان بۆ ده‌ست نیشان ده‌كات, به‌ڵام له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ كه‌ له‌ئاست كاریگه‌ری ئه‌و ده‌رمانانه‌ بتۆژینه‌وه‌” عه‌قڵی ئێمه‌ له‌كوێی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌یه‌؟

سۆران ئازاد

چونکە پرسیارەکەت وێژەیانەیە و ئەو بۆچوونەی (جاک دێریدا) لە پەرتووکەکەی (تارماییەکانی مارکس)دا پێداگری لەسەر کراوە، کە ناوەڕۆکی ئەو پەرتووکە دەوڵەمەندە بە وێنەی وێژەیی، هەوڵ دەدەم بە هێنانەوەی شیعرێکی (ڕینە ماریە ڕیلکە) دەست پێ بکەم:

“لەدەستدانیش هێشتا هیی خۆمانە، تەنانەت لەبیرکردنیش
هێشتا خاوەن شێوەیەکە لە شانشینی گواستنەوە.
کاتێک شتێک دەڕوات، دەخولێتەوە و ئەگەرچی
ئێمە بە ئەستەم چەقی بازنەکەیەن،
بە دەورماندا هێڵە نەشکاو و سەرسوڕهێنەرەکەی
دەکێشێت.”

ئەگەر بمانەوێت ناوەڕۆک و گوڕی ئەم شیعرە بۆ ئامادەیی (مارکس) لە جیهانی ئەمڕۆماندا بە کار بهێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین، کە (مارکس) خۆی ڕۆیشتووە، بەڵام فەلسەفەی بەدەورمانەوەیە و بۆ شێوە و خوێندنەوەی جیاواز گوازراوەتەوە. (جاک دێریدا) لە کتێبەکەیدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی لە جیاتی (تارمایی مارکس)، کە ئاماژەیە بە یەک تارمایی، (تارماییەکانی مارکس)، کە ئاماژەیە بە جۆرەها تارمایی، بە کار هێناوە. لە دیدی ئەودا، (مارکس) خاوەن یەک تارمایی نییە، بەڵکو بە دەورمانەوە و لە جیهانماندا تارماییەکانی (مارکس) جۆراو جۆرن. تارمایی خاوەن گیان نییە و جەستەیشی نییە. (دێریدا) وێژەیانە پێوەندیی نێوان تارمایی و گیان ڕوون دەکاتەوە، کە یەکەمیان نابێتە جەستە و نایەتە ناو ژیان، بەڵام دووەمیان جەستە دروست دەکات و دەبێت بە بەشێک لە جیهان. تارمایی ئامادەییەکی نائامادەی هەیە. وەکو لە بابەتێک ئاماژەم پێی داوە، مرۆڤ توانیویەتی شەڕی زۆر گەورە بکات، بەڵام هەرگیز لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕێگە لەو تارماییەکان بگرێت لەو کاتەی، کە دەردەکەون. (مارکس) بەوەدا خاوەن یەک تارمایی نییە، لەبەر ئەوەی فەلسەفەکەی بەرفراوانە، ئەو بەرفراوانییە تارمایی جیاواز بە دەوری جیهاندا دەکێشێت.

دیارە مەبەستی (دێریدا) ئەوە نییە، کە گیانی (مارکس) بووەتە تارمایی و وەکو گیانی پەیامبەران ئاگایان لە جیهانە، چونکە خودی (مارکس) بە هاوتا لەگەڵ (ئەنگڵس) لە کتێبی (ڕەخنە لە ئایدۆلۆگیی ئەڵمانی) ئاماژە بەوە دەدات، کە ئاگایی مرۆڤ هیچ نییە جگە لە ئاگامەندیی ژیان. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاگامەندە و ئەو ئاگامەندییەش لەناو ژیاندا دێتە بوون، نەک ئەوەی ئاگامەندی پێش بوونی مرۆڤ، وەک ئەوەی فەیلەسووفانی مێتافیزیک پێداگری لەسەر دەکەن، لەوانە (پلاتۆ) و (دێکارت)، هەبووبێت و دواتر لە جەستە و بوونی مرۆڤدا خۆی بەرجەستە بکات. مەبەستی (دێریدا) لە خودی فەلسەفەی (مارکس)ە، کە خاوەن خوێندنەوەیەکی بێ وێنەیە بۆ دۆخەکانی مرۆڤ و ئەو شێوازانەی (سەرمایەداری) دەیگرێتە بەر.
(مارکس)ی ناو زمانی ئێمە هەبوویەکی جێگیر و لەپێشتر نییە تاوەکو بتوانێت بێتە گۆ.

بوونی (مارکس) ئاگامەندییە. پڕۆژەکانی ئەو ئاگامەندییە بەردەستن و توانای خوێندنەوەی هێزی شاراوەی ژیانی ئابووری مرۆڤ لەناو سیسیتەمی سەرمایەداریدا هەیە. (مارکس) بەر لەوەی بۆچوونەکانی بێت، ئەو وزە فەلسەفییەیە، کە خاوەن گوڕێکی بەهێزە لە خوێندنەوەی دیاردە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداری. بۆچوونەکانی (مارکس) جێگەی ڕەخنە، شیکاری و ڕەتدانەوەشن، بەڵام ئێمە پێویستییەکی گەورەمان بەو گوڕە فەلسەفیەیە، کە توانای دۆزینەوە و شیکارکردنی ژیانی ئێمە لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە. توانای ئەوەی هەیە ببینێت چۆن مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ئاگامەند لە سیستەمی سەرمایەداریدا کورت بووەتەوە بۆ بەهای بەکارهێنانی. فەیلەسووفی دانمارکی (سۆرێن کیاکەگارد) لە ستایشی ژیانکردن لە شاری (کۆپنهاگن)دا دەڵێت: “بۆ من، بە پێچەوانەوە، [کۆپنهاگن] هێندە گەورەیە کە وەکو شار ڕەچاو بکرێت و هێندەش بچووکە، کە هیچ نرخێکی بازاڕ لەسەر مرۆڤەکان نییە.” دیارە (کیاکەگارد) لەگەڵ (مارکس)، هاورچەرخ بوو، بەڵام پێش ئەو کۆچی دوایی کرد.

ئەو بۆچوونەی (هیچ نرخێکی بازاڕ) من وای بۆ دەچم لەژێر کاریگەریی هەمان بۆچوونی (ئیمانوێڵ کانت) بێت لەبارەی فەلسەفەی ڕەوشت. لە دیدی (کانت)، مرۆڤ خاوەن شکۆمەندییە و بوونەوەرێکە بە هیچ شێویەک نابێت مامەڵەی نرخ و بەکارهێنانی لەسەر بکرێت. ئێمە لەڕووی ڕەوشتەوە بۆمان نییە مامەڵە بە شکۆداریی مرۆڤ بکەین و نرخی بخەینە سەر. (کیاکەگارد) هەستی بەوە کردووە، کە لە شارەکانی تر وا خەریکە نرخی بازاڕ دەکەوێتە سەر مرۆڤەکان. (مارکس) خوێندنەوەیەکی گشتگیر و پڕکۆ لەبارەی دینامیک و شێوازەکانی سەرمایەداری تەرخان دەکات، كە چۆن نرخ دەخاتە سەر بەهای مرۆڤ و لە پێویستبوون و نەبوون کورتی دەکاتەوە. پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بدەم. لە سەردەمی (مارکس) کارگەرکان پێویستیان بە هێزی کارە و مامەڵەیان لەگەڵ کرێکرەکان بە کەمترین کرێ و لە خراپترین ئاستدا دایە. بەڵام لە ئاکامی هۆشیاربوونەوە و یاخیبوون لە ئاست ئەو سیستەمە، دەبینین کە زۆر وڵاتانی جیهان ناچارکراون، کە هەوڵی دامەزراندنی سیستەمی دادپەروەرانە بدەن. دەبین، کە کرێکارەکان خاوەن کاریگەرییەکی گەورەن، چونکە ئەگەر ئەوان نەبن، سیستەم دەکەوێتە شۆکەوە.

بەڵام لە ئێستادا مەترسییەکی گەورەتر هەڕەشە لە بازاڕ دەکات، ئەویش ئەوەیە، کە خەریکە وردە وردە هاوکێشەی بازاڕ لەژێر سایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجی بە لایەکدا دەشکێتەوە، کە کەمترین و کەمترین فەرمانبەر و کرێکاری پێویستە. کەمتر و کەمتر نوخبە پێویستی بە دەستی کاری کۆمەڵگە هەیە. ئەوە دۆخێکی دروست کردووە، کە پێی دەگوترێت بێکەڵکی (dispensability). شەڕی ئێمە ئێستا لەسەر ئەوە نییە خراپ مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، بەڵکو لەسەر ئەوەیە ئاخۆ ئەوان پێویستیان بە ئێمەیە یان نا. هەر لە دۆخی ڕامیاریی کوردستانیش ئێمە ئەو کێشەیەمان هەیە. پێشتر ئەگەر یەکێتی و پارتی پێویستییەکی گەورەیان بە هێزی کۆمەڵگە هەبوو، ئێستا ئەو پێویستە وا کەمتر و کەمتری دەکەنەوە. ئامانجی هەوڵەکانیان بێکەڵکردنی توانای خەڵکە. یەکێتی و پارتی بەشی ئەوە سەرمایەیان دەست بەسەردا گرتووە بۆ ئەوەی بتوانن پێی بمێننەوە. مەگەر بوون بە ئەندام ئامانج لێی گۆڕانکاریکردن بێت، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانەیش هەر خۆیان دەستنیشانیان کردوون.

بارزانی، کاتێک هەستی کرد دەمامکی ئایدۆلۆگیاکانی پارتەکەی خەریکە یەک لە دوای یەک دەکەون، پەنای بۆ بانگەشەی (دەوڵەتی کوردی) برد، چونکە بۆی دەرکەوت لانی کەم بەو بانگەشەیە دەتوانێت ماوەیەکی زۆرتر بۆ باڵادەستبوون مسۆگەر بکات. ماوەیەکی زۆر تەنیا هەڕەشە بە ڕێفراندۆم دەکرد و کاتێکش بینی ڕەوایەتداریی سەرۆکایەتییەکەی بەتاڵ بووەتەوە، ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند. لەژێر ئەو چەترەدا، بۆ بەشێکی ئەوانەی، کە پێش بوون بە لایەنگری بارزانی دەکەوتنە بەردەم پرسیاری خۆیان، ڕیفراندۆم ئەو بەربەستەی بۆ شکاندن. بوون بە لایەنگری بارزانی، واتە بوون بە لایەنگری دروستبوونی دەوڵەتی کوردی. ئێستایش بەشی ئەوە و بە هۆکاری شکستی ڕیفراندۆم، سوپاس بۆ وەچەکانی تاڵەبانی، کە بە پێشەشکردنی 150 گیانی پێشمەرگە وەکو دیاری بۆ (حەشدی شەعبی)، ڕەوایەتیان بە شکستەکە دا، بواری هەیە درێژە بە سەرکۆنەکانی بدات و بیخاتە سەر وەچەکانی تاڵەبانی. بۆ (مارکس) ئەوە سرووشتی هەرە ڕاستەقینەی ئایدۆلۆگیایە. ئێمە لە ڕێگەی ئایدۆلۆگیا و بانگەشەکان بەلاڕێدا دەبرێین و بەری ئەوەمان لێ دەگیرێت ڕاستەقینەی دۆخی مرۆڤ و جیهان وەک خۆی ببینین. بینینی ڕاستەقینە هێزی هۆشیاری پێویستە.

دیارە ئەوە واتای وانییە، کە ئاستی هۆشیاری بارزانی هێندە گەورەیە، کە توانای چەواشەکردنی کۆمەڵگەی هەیە. لە زانستی ئابووریدا چەمکێک هەیە پێی دەگوترێت (بنەمای هەر وەک- the principle of As If). بۆ نموونە، تۆ پێویستت بە زانینی ورد و دروست لە بیرکاری نییە بۆ ئەوەی بزانیت کاتێک دەچیت بۆ بازاڕ چی بکڕیت و بە چ نرخێک بیکڕیت، چونکە (هەر وەک) هەموو ژمێریارییەکە بزانیت، تەنانەت ئەگەر خوێندەواریشت نەبێت. با بڵێین تۆ 20 دۆلارت پێیە، دەتەوێت شەکر و برنج بکڕیت. نرخی یەک کیلۆ برنج یەک دۆلار و نرخی یەک کیلۆ شەکر دوو دۆلار، جگە لە کرێی تەکسی کە چوار دۆلارە. ئەگەر ئابووریانە و بیرکاریانە ئەوە لێک بدەینەوە، بەو شێوەیەی خوارەوەیە:
(نرخی برنج* کیلۆ برنج + نرخی شەکر* کیلۆ شەکر + کرێی تەکسی= داهات
1*ب+2ش+4=20). ئەگەر یەک کیلۆ برنج و یەک کیلۆ شەکر بکڕێت، ئەوا دەکاتە: 1*1+1*2+4= 7 دۆلار و 13 دۆلارت بۆ دەمێنێتەوە. تۆ دەزانیت، کە پاش کرێی تەکسی، دەتوانی یان 16 کیلۆ برنج، یان هەشت کیلۆ شەکر بکڕیت. بەڵام دەتوانی، بۆ نموونە، هەشت کیلۆ برنج و چوار کیلۆ شەکر بکڕیت. ئەگەر بیرکاریانە ئەوە لێک بدەیتەوە، دەکاتە: 8*1+4*2+4=8+8+4=20. ئێمە رۆژانە وا هەڵسوکەوت دەکەین (هەر وەک) ئەوەی هەموو ئەو ژمێریارییە بزانین. بێگومان دەکەوینە هەڵەشەوە، بەڵام نەبوونی زانین لەبارەی ئەو ژمێریارییە واتای وانییە ناتوانین بڕیاری دروست بدەین. چونکە یەکێتی و پارتی ئەزموونیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک هەیە، خستەگەڕی تەواوی هێزی میدیا و ئایدۆلۆگییان، (هەر وەک) ئەوەیە، کە بزانن چی دەکەن. نەک ئەوان، بۆ نموونە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر وروژاندنی هەستی ناڕەزایی خەڵک دروست بوو. هەر گۆڕانێک لە هاوکێشەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی تر، بە تەواوی لە زمانی ڕاگەیاندنەکەیان ڕەنگی دەدایەوە. کۆمەڵە و یەکگرتووی ئیسلامی هێزی خۆیان لەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگە بونیاد ناوە، کە متمانە بە لایەنەکان لەسەر بنەمای ئایین دەبەخشێت.

(مارکس) دیدی وابوو، کە باوەڕ، بەها و ئایدیاکان هێزیان لە پەرەپێدانی سەرمایەداریدا هەیە. لە ئەمەریکا ئەو پەرتووکانەی لەبارەی دەوڵەمەندبوون، گەشەی کەسی و نهێنیەکانی سەرکەوتن و زۆر ناونیشانی تر لە پڕفرۆشترین پەرتووکەکانن. لە بنەڕەتدا، ژمارەیەکی زۆر کەم توانای ئەوەی هەیە لە چینێکی کۆمەڵگە بۆ چینێکی تر بەرز ببێتەوە. بەڵام ئەو پەرتووکانە، بۆ نموونە، ڕۆڵی پەرەپێدانی سەرمایەداری دەگێڕن. ئەو ئایدۆلۆگیایە بڵاو دەکەنەوە، کە سەرکەوتن بەرهەمی گەشەی کەسییە و ئەوانەی دەوڵەمەندنن بەهۆی کۆششی خۆیانەوە گەیشتوون بەوێ و تۆش دەتوانی وا بکەیت. یان بۆ نموونە ئایین هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت، ئەویش یەکەم بە نکۆڵیکردن لە گرنگیی ئەو ژیانەی ئێستا و ئەو بۆچوونەی، کە پێی وایە پێدراوەکان لە لایەن خواوە پێیان دراوە.

(ئەنتۆنیۆ گڕامشی) ئەگەرچی مارکسیستە، بەڵام بۆچوونی وایە، کە مادام ئێمە دەزانین ئایدیاکان، بەهاکان و باوەڕەکان هێزیان هەیە، پێویستە هەوڵی ئێمە بۆ دابینکردنی زەمینەی گەشەپێدانی ئایدیا و بۆچونەکان بێت. پێویستە ئێمە بتوانین گەشە بە هۆشیاری گشتی بدەین و ببین بە کارەکتەری چالاک و هۆشیار لە بوارە جیا جیاکاندا بۆ ئەوەی هێزی گواستنەوەی دۆخە ئابووری و ڕامیارییەکانمان هەبێت. لێرەدا گرنگ نییە سەرمایەداری چەندە گشتگیر و باڵادەستە، هێزی ئایدیاکان و هۆشیاری دەتوانێت زەمینەی گەورە بڕەخسێنێت.
بە بۆچوونی (سلاڤۆی ژیژەک) کۆتایی بە وەڵامەکەم دەهێنم. فێربوون واتە هۆشیاربوونەوە. ئێمە بوونەوەری ئاگامەندین و ئاگامەندی تاکە خەسڵەتی جیاکاری ئێمەیە لەگەڵ بوونەوەرانی تر. ڕۆڵی مێژوویمان، ژینگە، جیهان و ئاستی کۆمەڵایەتیمان لەژێر هەڕەشەی خۆمان دایە. ئێمە خۆمان ڕووبەڕووی پرسیار نەکردەوە، کە بۆچی گیانی 150 پێشمەرگە وەکو دیاری بە (حەشدی شەعبی) بەخشرا.

لە خۆشمان ناپرسین چۆن بەرگری لە ڕیفراندۆمێک دەکەین، کە خاوەن هیچ زەمینەسازییەکی پێشکات نەبوو! کۆمەڵگەی ئێمە هێندە چەواشە کراوە، کە بەها بنەڕەتییەکانمان لەبیر کردووە. هەر یەکێک لەو 150 پێشمەرگەیە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە بوون، کە هەم پارتی و هەمیش یەکێتی لێیەوە بەرپرسن. کەچی هێشتا شەڕی ئێمە لەسەر ئەوەیە، کە چەندە بە دڵی ئەوان بین. پرسیار لەوە ناکەین، کە چۆن دەبێت تاکی ئێمە، وەکو (سەردەشت عوسمان)، (سۆرانی مامەحەمە)، (کاوە گەرمیانی) و (ویداد حسێن) لەسەر ڕادەربڕین بە دڕندەترین شێوە بکوژرێن.

هێزی نیوەی کۆمەڵگەی ئێمە، کە ژنە، کپ کراوە. کۆمەڵگەیەک نیوەی هێزەکەی کپ کرابێت، چۆن چاوەڕێی گەشە و گۆڕانی لێ بکەین؟ هۆشیاری ئێمە پێویستە لەسەرووی بەربەستەکانەوە بفڕێت بۆ ئەوەی تەکان بە دۆخە چەقبەستووەکاندا بدات و ژیان بۆ ئاست و کێشەی باڵاتر، نەک بێکەڵکتر بەرز بکاتەوە. هەڵبژاردن لە دەست خۆمانە. کرانەوە بەڕووی هۆشیاریدا ڕۆڵگێڕانی ڕاستەقینەی ئێمەیە. فێربوونی ناوەڕۆکدار لەهەر کاتێکی تر زیاتر پێویستە. (مارکس) زوو بانگی لە کرێکاران کرد لە دژی چەوساندنەوە یەکبگرن. ئەو بانگە هەمیشە لەوێیە، نەک بە تەنیا لە دژ چەوساندنەوەی کرێکاران، بەڵکو لە دژ هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکی تر. ئەو بانگە هۆشیارانەیە و واش دەخوازێت هۆشیارانە بەرەو ڕووی بانگەکانی تر بچین.

———————————————————–
تێبینی/
لە ڕاستیدا من مارکس-ناس نیم و رۆژێک لە رۆژان مارکسی نەبوویمە. خولیای ڕەخنەگرتن و فێربوون ئەو بەشە زانینەی لەبارەی فەلسەفەی (مارکس) و دۆخی جیهان پێ بەخشیووم. دەمێکە پەیمانم بە کاک (گۆران) داوە، کە وەڵامی پرسیارەکانی بدەمەوە، بەڵام بە پێویستیم زانی ئاقاری زانینم سەرەتا لەبارەی (مارکس) بەرفراوانتر بێت، بەر لەوەی ئەو مافە بە خۆم بدەم لەو بارەیەوە بدوێم. بۆیە هیوادارم بۆچوونەکانم بە زانینی ڕەها لەبارەی ئەو فەیلەسووفە مەزنە لێک نەدرێتەوە و باقی ڕەخنەی زانستیانە بۆ خوێنەران جێ دەهێڵم و وەک (مارکس) بەخێرهاتنیان دەکەم. لە سەرووی هەموو ئەوانەیشەوە، هیوادارم خوێنەران سوودی لێ ببینن.

Previous
Next
Kurdish