Skip to Content

123 Views

په‌یڤی سه‌ربه‌ستی؛ ژنان و کۆمه‌ڵگا … نووسینی: زانکۆ یاری

په‌یڤی سه‌ربه‌ستی؛ ژنان و کۆمه‌ڵگا … نووسینی: زانکۆ یاری

Be First!
by October 22, 2018 General, Opinion, Women
image_print

بە مەبەستی پاراستن ‌و ڕێزگرتن لە كەرامەت ‌‌و مافە سروشتییەكانی مرۆڤ و لە پێناو گەشەسەندنی مرۆڤ ‌و مرۆڤایەتی، لە پانتاییی جوگرافیا جۆراوجۆرەكانی دونیا هەوڵ ‌و تەقەلای زۆر دراوه، وه‌کوو سەرهەڵدانی هه‌ندێک له شۆڕش و خەباته مەزنەكانی مێژوو لە پێناوی ئازادی مرۆڤ و یەكسانی هەموو مرۆڤەكان. هه‌روه‌ها له مافێکی سەرەتایی، كە لە بەیاننامەی مافەكانی مرۆڤدا وەك ئەسڵی یەكەمی ئەو بەیاننامەیە هاتووە كە: “گشت مرۆڤەكان بە ئازادی لە‌دایك دەبن ‌و به‌رانبه‌ر لە نرخ ‌و پایە ‌و مافدا…”. (Universal Declaration of Human Rights) هه‌روه‌ها کۆمەڵگایەک کە ئامانجی پێشکەوتن بێ، دەبێ ڕووناکبیران و بیرمه‌ندانی به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه و بنه‌مایی له‌وه تێبگه‌ن که ئازادی ژنان، هه‌مان ئازادیی ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه و له هەموو بوارەکاندا ڕێگای پێشکەوەتنی ژنان خۆش بکه‌ن و هاندەر بن بۆ ئەوەی میلله‌ت بگەنە لووتکەی دادوه‌ری. ده‌ره‌نجامی په‌یڤی ئازادیی ژنانیش ئەوەیه که ئه‌وان بتوانن بگەنه مافە ڕەواکانیان له کۆمه‌ڵگا.

ڕێنسانس (Renaissance)، ئەو شۆڕشە هه‌موو لایه‌نه‌‌ی کە لە ماوەی سێ سەدەدا ئۆرووپای گرتەوە و لە ئاکامدا توانی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی کاریگەریی بەرچاوی هەبێ، توانی کاریگەری قووڵی لەسەر ڕوانینی مرۆڤ سەبارەت بە کولتوور، زانست، کۆمەڵگا، ئایین و سروشت ببێ و لە ئاکامیشدا ڕوانگەی مرۆڤ سەبارەت بە مرۆڤ، ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هات. بە سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە شاری فلۆرانسی ئیتالیادا ڕۆڵی ژن لە گۆڕەپانی خەباتدا پێی نایە قۆناغێکی نوێ. گه‌ر ئاورێکی خێرا له‌ وێنای ژن له‌ کولتوور و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می ڕێنیسانس‌ تاکوو ئێستا بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ نیگاره‌کانی سه‌رده‌می ڕێنیسانسدا که‌ درێژکراوه‌ی ئه‌نتیکه‌ بووه،‌ ڕۆڵی ژن له‌ بونه‌وه‌رێکی پاک‌، ژێرده‌ست و ملكه‌چه‌وه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ ژنێکی تر. ژنێک که‌ ده‌توانێت پابه‌ند نه‌بێ به‌ ڕۆڵه‌ خوازراوه‌کان که‌ کۆمه‌ڵگا بۆی دیاری ده‌کات،‌ ژنێک که‌ ده‌توانێت خۆی بنووسێته‌وه‌ و شێعر، ڕۆمان، مووزیک و هونه‌ر به‌رهه‌م بهێنێ.

به‌ڵام ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نۆرمی دژه‌ ژنان به‌ درێژایی مێژوو‌ هه‌ندێک هه‌ڵس و که‌وتی ژنانی مۆرال نیشان داوە و هه‌ندێکی تری خستۆتە ده‌ره‌وه‌ی مۆراڵه‌وه‌ و کاریکردووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی وێنایه‌کی نزم بۆ پێگه‌یان. له‌ زۆر کولتووردا سیفاتی مرۆڤانه‌ و به‌هێز دراونه‌ته‌‌‌ پاڵ پیاوان و ژنان پێگه‌یه‌کی نزمیان پێبه‌خشراوه‌. بەڵام زۆرجار ده‌که‌وتنه‌ به‌ر بێ ویژدانیی کۆمه‌ڵایه‌تی. هەروەها ترادیسیۆنی نووسینی پیاوانه‌، زیندووکردنه‌وه‌ و ڕاگرتنی پیاوگه‌رایی بوو؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش‌ ژن وه‌ک بونه‌وه‌رێکی لاواز و بێده‌سه‌ڵات له کولتوور و ‌ئه‌ده‌بدا وێناکراوه‌ و ‌کورتکردنه‌وه‌ی ژن ته‌نیا بۆ تێرکردنی حه‌ز و ئیرۆتیکی پیاو بووە. ئه‌م گرنگیدانه‌ به‌ ڕۆڵه‌ خوازراوه‌کان، جۆرێک له‌ حه‌زی ماسکۆلین لای کۆمه‌ڵگا زەق ده‌کاتەوە و له‌ به‌رهه‌می کلاسیکدا به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیی باوک‌سالارانه بووە. له‌و سه‌رده‌مه‌دا نووسه‌رانی تێکست زۆربه‌یان پیاو بوون و ئێدی نووسینه‌ ترادیسیۆنال و ستیریۆتایپه‌کان کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕۆلی ژن له‌ کۆمه‌ڵگا.

لە ژیانی مرۆڤدا، بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان ئەرکێکی پێویست و پیرۆزه و نەبوونی؛ بە مانای پەراوێزخستنی نیوەی کۆمەڵه. دەور و ڕۆڵی ژن بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی توندوتۆڵ، لە نێوان بزوتنەوەکانی دیمۆکراسی خوازی لە لایەک و ویست و داخوازییەکانی ژنان لە پێناوی خەبات و وه‌دێهێنانی مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌کاندا لە لایەکی تر یەکێکه لە پڕبایەخترین هۆکارەکانی بەشداریی ژنان لە دیسکۆرسی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە هەر وڵاتێک. زۆرجار لە لای هزرڤانان بیرمەندان، سەدەی بیستەم سەدەی گەشەسەندن چەكەرەكردن‌ ‌و هەروەها به‌ڕێوه‌بردنی مافەكانی مرۆڤ بووه و توانیوه وەرچەرخانێكی مەزن لە ئاستی كۆمەڵگای جیهانیدا بێنێتە گۆڕێ.

لە وڵاتانی گەشەسەندوودا، بەشداریکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە. جوڵانەوەی سیاسی ژنان لە کۆمەڵگای ڕۆژاوادا، توانیویەتی ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە. لەو بوارەدا بە هەوڵ و ته‌قالای زۆر، بزوتنه‌وه‌کەیان بەرەو ڕێگایەکی درووست کاناڵیزە کراوە. لە ئازادییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان چێژی تەواویان وەرگرتووە و توانیویانە بە خەباتی بێ وچان، تاکوو ڕاده‌یه‌کی باش مافی ئازادیی خۆیان وەدەست بێنن. به‌ڵام کاتێک کە فێمینیستەکان دەنگ هەڵدەبڕن و دەڵێن ژن دەبێ ئازاد بێ، باشتر ئەوەیە پرسیاریان لێ بکەی؛ بڵێی دەبێ لە چ شتێک ئازاد بێ؟ کەمتر کەسێک هەیە لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا (International Women’s Day)، وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە مەبەست لە ئازادی ژن چییە؟ لە کوێی جیهاندا دەتوانین وێنەی ژنێکی ئازاد بدۆزینەوە؟ ژنێک کە بۆ دۆزینەوەی بژێوی لە قەراخی شەقامەکان لەژێر چاوی حیزی هه‌ندێک له پیاوان دەستفرۆشی بکا، یان ژنێک کە بە پاره‌یه‌کی مەمرەوبژی دەبێ لە کارگا یان ڕێکخراوێکدا کار بکا، ئازادی ژن دەبێ چ واتایەکی هەبێ؟ ئه‌و کاته‌ش که باس له ئازادیی ژن دەکرێ، وڵاتانی گەشەسەندووی کاپیتالیستی (Capitalism)، پتر لە هەمووان دڵ بۆ ژنانی لە پاشکەوتووی جیهانی سێهەم و چوارەم دەسووتێنن کە مرۆڤ دەکەوێتە بیری گوتەیەکی بەنرخی فارسی کە دەڵێ؛ دایەنی دڵسۆزتر لە دایک!.

به‌ڵام به گوته‌یه‌کی کوردی، ده‌نگی ده‌هۆڵ له دووره‌وه خۆشه و ئه‌مه‌ش زۆر ڕاسته؛ چونکوو ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که له ‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ به‌م‌لاوه،‌ جه‌سته‌ی ژن ڕووبه‌رێک بووه‌ بۆ سیێکسوالیزه‌کردن، ده‌ربڕین، چه‌وسانه‌وه‌ و به‌کاڵاکردن. سه‌ره‌ڕای ئازادبوونی ژن له‌ زۆر ڕووه‌وه‌، وێناکردنی جه‌سته‌ و فێتیشایزکردنی و به‌کاڵاکردنی ژن وەکوو سیمایه‌کی دیاری کۆمەڵگا بووه، ئه‌و ژنانه‌ش که‌ له‌م وێناکردنه‌دا جێگایان نه‌ده‌بووه‌ به‌ ژنی که‌توو-خراپ (Fallen women) ناوزه‌د ده‌کران.

دونیای ئەوڕۆ گه‌واهی پێشێلكارییەكی سیسته‌ماتیك و بەرفراوانی مافەكانی مرۆڤە كە لەسەر دەستی دەسەڵاتە دیكتاتۆر‌ و تۆتالیتێرەكانی دەخوڵقێ‌. بۆ نموونه: بوونی دیاردەگەلێکی ئابڕووبەرانە وەک خانەی گه‌نده‌ڵی بەشێوەیەکی دیار و نادیار لە پێشکەوتووترین وڵاتانی کاپیتالیستی و کەڵک وەرگرتنی ئابڕووبەرانە لە پڕووپاگەندەی بازه‌رگانی، هەموو دەرخەری ئەوەن هەتاکوو ئەو کاتەی کە سیستەمی کاپیتالیستی بوونی هەیە، پەیڤدان لەمەڕ ئازادیی مرۆڤ بە تایبەت ئازادیی ژن، گاڵتەجاڕییە… به‌ڵام له به‌ر زۆر هۆکاری سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانین بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناڤین (Middle East) نەخۆشە و چه‌وسانه‌وه‌ و په‌راوێزخستنی ژنان له‌وێدا له ‌هه‌موو بواره‌کاندا، مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه‌.

کۆمەڵگای سوونەتی و لە حاڵ گەشەکردنی ئێمه، بە هێنانی شتی پڕوپووچ و بێ بنەما و دەمارگرژی بێ جێ، دەسەڵاتی پیاوسالاری و یاسا توندوتیژە ئایینییه‌کان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی ژنان، لە گەیشتن بە مافە سەرەتەییەکانی خۆیان بێ بەش کراون و هه‌روه‌ها بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەباتە پێش. لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، چەمکی ئازادی واتای تایبەتی خۆی هەیە و بە جۆرێک پیاوسالاری نەریتی بە سەریدا زاڵ بووه. دەوری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، به‌تایبه‌ت له مێژووی ئێراندا جێگای باسی زۆره. خەباتی ژن بۆ وەدەسهێنانی مافی ڕەوا و بەرانبەر لەگەڵ پیاو، له سەردەمی مەشروتە‌دا وردە‌وردە شێوەیەکی نوێ بە خۆیەوە گرت و زۆر بوێرانە و ئازایانە لە گۆڕه‌پانی خه‌باتدا بوون. له سه‌رده‌می ڕەزاشادا،له‌دوای هاتنە سەر کورسیی حوکم، هێندێک ئاڵوگۆڕی پێک‌هێنا، بەڵام ژنان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنه‌کاندا بەشداری بکەن و هه‌ر وەک هاووڵاتیی پله دوو سەیر دەکران!

لە کوردستان، بەتایبەت لە ئاواییه‌کاندا، بە ڕای زۆر کۆمەڵناسی کورد و غەیرە کورد، توێژه‌ری سیاسی و مێژوونوس؛ بە شانازییەوە، ژنی کورد لە چاو ژنانی نەتەوەکانی دراوسێ وەک فارس، تورک و عەرب بە درێژایی مێژوو ئازادتر بووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی جوگرافیای کوردستان، خەباتی دوور و درێژی کورد و ژیانی کۆچەری و کوێستان و گەرمێن. چونکوو جگه لە بەخێوکردنی منداڵ و کاری قورسی ناو ماڵ، لە بەرهەمهێنان و ئاژەڵداری و کشت‌وکاڵدا، کە بناخەی ئابووری کوردستانن، شان بە شانی پیاوان کاریان کردووه. بەشداریی ژنی کورد لە کۆمه‌ڵگادا، بۆتە هۆی ئەوەیکە وەک پێویست کەسایەتیی خۆی نیشان بدا و هەر بەو پێیشەش مافی ئامادەبوونی لە کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بووه. کۆمه‌ڵگای کوردی له مێژه‌وه باوەڕی بە ئازادی و پاراستنی مافی ژنان بۆ وەدێهێنانی مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌‌کانی هەبووە.

هه‌روه‌ها له ئه‌ده‌بیاتی کوردی و‌ نووسراوه‌کانیشدا ژنان پێگه‌یه‌کی به‌رزیان هه‌یه و بە درووستی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ کراوە. کچانی خێزانی كوردپه‌روه‌ر پابه‌ندبوونه به‌ کۆدی مۆراڵه‌وه‌ و تاکوو ڕاده‌یه‌ک پتر له نه‌ته‌وه‌کانی‌تر لە مافی کولتووری، ئابووری، سیاسی و کومەڵایەتیی بەرانبەر لەگەڵ پیاو کەڵکیان وەرگرتووه.

بەڵام ئەوەی گوتمان بەو مانایە نییە کە ژنانی کورد بە هه‌موو مافەکانیان گەیشتوون و زوڵمیان لەسەر هەڵگیراوە؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئه‌و هەموو هەوڵ و تەقالایه‌ی که ڕووناکبیران، زانایان و دڵسۆزانی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ بنبڕکردنی ئەو داب و نەریتە ناحه‌زه کۆمه‌ڵایەتییانە کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافی ژنان، ئێستاش کە سەرەتای هەزارەی سێهەمە، ژنان هه‌موو به‌شێوەیەکی تر دەچەوسێنەوە.. لە بەرانبەر کۆمەڵگا و گیروگرفتەکانی، چەکی ژنی کورد، لۆژیک و دیالۆگ و عەقڵانییە‌ته، ئەرکی سەرشانیانه و ده‌بێ چەکی خۆپەروەردەکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی زانست بە‌دەستەوە بگرن و بۆ خەباتی ڕزگاری و گەیشتن بە مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌‌کان تێ بکۆشن. چونکوو لە سروشت و خوڵقاندا، لە باری توانای ڕۆحی و بیرکردنەوەدا، جیاوازیان لەگەڵ پیاو نییە.

بیروبۆچوونی پیاوسالاری و هه‌ندێک داب و نەریتی کۆن و دواکەوتوون کە دەبنە هۆی درووستکردنی جیاوازییەکان و نە سروشت و یەزدان، هیچ لایان جیاوازیان بۆ ژن و پیاو دانەناوە. بە هیوای ئه‌وه‌یکه؛ ڕۆژێک کە ژنان لە پێناوی خەبات بۆ وەدێهێنانی مافە مرۆڤایه‌تییه‌‌کاندا و سروشتییه‌کاندا و لە پێناوی مافی بەرانبەر سەرکه‌وتوو بن و زوڵمی مرۆڤ بۆ مرۆڤ بە‌دەستی مرۆڤ بنبڕ بکرێ و لە هیچ شوێنێك هیچ چەشنە پێشێلكارییەكی مافی مرۆڤ نەبینین، و دونیا بەو ئاواتە لەمێژینەی خۆی: “ئازادی ژیان، بۆ تەواوی مرۆڤەكان”، پەرە بدات.

———————-
له زه‌وینی گه‌مه‌کانی منداڵیدا
چنرا بێ ده‌نگ گۆڵێکی جوان
تارایان دا له ده‌ور سه‌ری و
ده‌ستیان نایه ده‌ستی پیاوێک
دواتر ئه‌و گوڵه منداڵه
بوو به گوڵێکی وه‌ڕه‌زی نێو گوڵدان… «شه‌کیلا مه‌حموودی»
———————-

سەرچاوەکان:
1-ئه‌نتۆنی، گیدنزو (2009). حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا، “کۆمه‌ڵناسی”، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ئاراس.
2-شێرکۆ، دوکتۆر به‌له‌چ (1990). کێشه‌ی کورد، حه‌مه حه‌مه‌باقی کردویه به کوردی، ته‌برێز، چاپخانه‌ی ڕه‌زایی.
3-مه‌دیحه سۆفی (2016). ئه‌مڕۆی ژنی کورد و ڕه‌هه‌نده‌کانی ئازادی، ئه‌ڵمانیا.
4-لازاریف، م. س و دیگران، (1386). تاریخ کردستان، مترجمین کامران ایمن ێ‌وه، منصور صدقی. تهران، فروغ.
5-درویش‌پور، مهرداد (2001). (جامعه‌شناس). چالشگری زنان علیه مرادن،استکهلم-سوئد، جامعه‌شناس. نشر باران.
6-میرزایی، ملکیان، (1387). محمد؛ نگاهی به وچعیت اجتماعی زنان، تاریخ دسترسی به مقاله: 20/4/97، ێ‌درس اینترنتی: Org/farpages/articles/roozna13850601.htm.
7-جاسبی، عبدالله؛ (1379)، زن در گستره اجتماع، تهران: انتشارات دفتر فرهنگ، چاپ اول.

————-
(این مطلب در هفته‌نامه فرهنگی-اجتماعی ده‌نگی کوردستان، سال چهارم، شماره 68، مرداد 1397 به چاپ رسیده است.)

Previous
Next

Leave a Reply