Skip to Content

هونەر چییە؟ …. کاوە جەلال

هونەر چییە؟ …. کاوە جەلال

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 24, 2018 General, Literature

هونەر لە فراوانترین واتادا چالاکییەکى مرۆڤە کە بەرهەمێک دەخاتەوە. ئەم چالاکییە هونەرییە بە کوردى ناو دەنرێت “وەستایەتى”. ئێمە هەروەها دەتوانین لە نووسینەکانى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیسدا دیدى گریکەکان بۆ هونەر بخوێنینەوە. ئەوان لە “تێشنێ”ى، واتا لە هونەرى پاپۆڕسازى، پزیشکى، جەنگ، بیناسازى و هتد دەدوێن، کەواتە مەبەستى ئەوان وەستایەتییە بۆ دروستکردنى بابەتێک یان ئەنجامدانى پیشەیەکى وەک پزیشکى بە شێوەیەکى هونەرى. وشە ئەڵمانییەکەى هونەر (Kunst) لە توانستەوە (Können) وەرگیراوە و واتاکەى بریتییە لە: توانست بۆ سەروەربوون بەسەر کارێکدا.

گەر لە واتایەکى تەسکدا لە تێگەى هونەر بڕوانین، ئەوا دەبێت تێگەى وەستایەتى یان توانست پتر روونبکەینەوە، چونکە کێشەکە لەم پەیوەندیەدا دروستکردنى بابەتە زەرووریەکانى ژیان نییە، وەک خانوو، پێڵاو، پۆشاک و هتد، بەڵکو دروستکردنى بابەتگەلى ئەوتۆیە کە کاریگەرییەکى خۆیى (واتا: ئێستێتیکى) دەنوێنن یان گەرەکە بینوێنن. هونەر لەم حاڵەتەدا ناچێتە خزمەتى مەبەستێکى دەرەکییەوە، بەڵکو مەبەستەکەى لەنێو خۆیدایە، بەواتایەکى دى، ئەو خۆى مەبەستە.
لێ ئەم دیاریکردنە درشتەى سەرەوە تەنیا تا رادەیەک لە تێگەى هونەر نزیکمان دەخاتەوە. بۆ تێگەیشتنى وردتر لە هونەر پێویستە پاڵهێزى ئەم چالاکییە خۆمەبەستە دیاربهێنین. لە زۆرینەى ئێستێتیکەکاندا دەتوانین بخوێنینەوە کە هونەر چالاکییەکى ئافرێنەرانەى مرۆڤە و ڕەمەکیانە سەرهەڵدەدات. هونەر گرنگترین دەسوێژە بۆ خۆدەربڕین. بە هەر حاڵ، هونەر شتێکى ریالە، کەواتە بوونێکى سەربەخۆى لە هونەرمەند هەیە.

مۆرکى سەرەکیى کارى هونەرى، لە بەراورد بە بابەتە زەرووریەکانى ژیان، ئەوەیە کە دەبێت “جوان” بێت، جوانیش ئەوەیە کە مرۆڤ هۆشسام دەکات، کەواتە ئەو کارە رۆژانەیى نییە یان جیاوازە لە شتە ئاساییەکانى ژیان. جگە لەمە کاتێک لە پیشەى دەستیدا کەرەسەى دەرەکى (خشت و گەچ) وەردەگیرێت و بەڕێیەوە بابەتێک (خانوویەک) دروست دەکرێت، واتا بەدیدەهێنرێت، ئەوا لە حاڵەتى کارى هونەریدا بەدیهێنانمان نییە، بەڵکو “دانەوە”مان هەیە، لێ ئەوە کە هونەرمەند دەیداتەوە، بەرهەم نییە، بەڵکو “ناوەرۆک”ى داڕشتنە، کە وەک خانوو نییە و لە شتێکەوە دروستبکرێت، بەڵکو “لەنێو شتێکدا” دیاردەهێنرێت، کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە “لە چییەوە” ئیشێکى هونەرى دروست بکرێت، بەڵکو ئەوەیە کە “لە چیدا”، واتا لە چ مێدیەمێکدا، ئەو ناوەرۆکە دەدرێتەوە.

بێگومان ئەوە فۆرمە کە لە هونەردا هۆشسامى دەخاتەوە نەک ناوەرۆک. بە تێڕوانینى فریدریش شیلەر نابێت لە کارێکى هونەریى جواندا ناوەرۆک هیچ رۆڵێک، لێ دەبێت فۆرم هەموو رۆڵێک بگێڕێت. ئاخر، وەک شیلەر دەبێژێت، تەنیا بەڕێى فۆرمەوە کاردەکرێتە سەر سەرجەمێتیى مرۆڤ، بە پێچەوانەوە ناوەرۆک تەنیا کاریگەرى لەسەر تاکە هێزى مرۆڤ دەنوێنێت. ناوەرۆک، جا چەند مەزن و هەمەلایەنى بێت، هەردەم بە شێوەیەکى سنووردار کاردەکاتە سەر هۆش، لێ مرۆڤ تەنیا لە فۆرم دەتوانێت چاوەڕوانى گەیشتن بە ئازادیى ڕاستەقینەى ئێستێتیکى بکات.

هونەر پێش هەموو شتێک لە خزمەتى هونەرمەنددایە، ئاخر ئەوە هونەرمەندە کە بە خۆدەربڕینى ئافرێنەرانە بە ئازادى دەگات: ئەو لە ئافراندندا شوێن ڕەمەکێکى ناخەکى دەکەوێت، ئەم ڕەمەکە بە موئانات کاری تێکراوە، پاشان ئەو بە کارە هونەرییەکەى ساتاردەبێت و بە باڵاترین فۆرمى ئازادى دەگات. بەدووى ئەمەدا، وەک ساتاربوونى لاوەکى، ناساندنى (ئیئترافى) کارەکەى لە لایەن کەسانى دییەوە واتا وەردەگرێت، ئەویش بەوە کە ئەوان ڕەچاوى هونەرەکەى دەکەن، یان سەرسامیى خۆیانى بۆ دەردەبڕن، یان دەیکڕن. بێگومان لەبەر ئەوەى هونەر تواناى ڕوونکردنەوەى هەیە و پێى دەکرێت قووڵترین پرسە موئاناتاوییەکانى مرۆڤ دەرببڕێت، ئەوا هونەر لە خزمەتى کۆمەڵگەشدایە. هونەر دەتوانێت مرۆڤ پێبگەیەنێت، دەتوانێت لاى وەرگر (رێسیپیەنت) هەڵوێستى ڕەخنەیى بێداربکاتەوە.

کارە هونەرییەکان بەگوێرەى هێز و بەردەوامیى کاریگەرییە ئێستێتیکییەکەیان دەنرخێنرێن، واتا چۆنێتیى نزم یان بەرزیان پێدەدرێت. ئەوە جوانیى و ڕەسەنێتیى و یەکجارەکێتییە کە دیاریکەرى تەمەنى هونەرەکانە، بە پێچەوانەوە ناوەرۆکگەلى کۆکراوە و بەپاڵ یەکەوە دانراو، کارێکە کە بێگومان ئاماژە بۆ خواستى خۆدەبڕیبن دەدات، لێ تێیدا هاوکات نەبوونى تواناى فۆرماندن، کەواتە ناهونەرمەندێتى، دەردەکەوێت. یان با ئەمە بە زمانى ئەڕیستۆتێلیس دەرببڕین: ئەو کارە نیشانەیە بۆ لاوازیى زەین، لێرەشدا کەسی بابەت خەرەوە جارێ “تێگەى گشتێتى”، واتا تێگەى فۆرمى نییە. لەم ڕوانگەیەوە کەس هەوڵ دەدات هەستى هەژاو بەبێ پێگەیشتنى زەینیى بکات بە هونەر، لێ ئەوە کە ئەو دەیخاتەوە، هونەر نییە، چونکە فۆرماندن هەمیشە لەنێو پێکەوە کارابوونى زەین و هەستدا ڕوودەدات.

ئێمە بەم شێوەیە لە حاڵەتى کاریگەریى هونەردا دەکەوینە بەردەم پرسیارى نرخاندنى هونەر، واتا لێرەدا لاى وەرگرى هونەرین. لێ زەحمەتە بتوانین لەم پەیوەندییەدا بە پێوەرێکى ئۆبژێکتیڤى بگەین. هونەر، جا شێوەسازى، موزیک، هۆنراوە یان شانۆ بێت، بۆ هەندێک کەس جوانە گەر ڕوو لە هەست بکات، بۆ هەندێکى دى جوانە گەر ڕوو لە زەین بکات. ئاشکرایە مرۆڤێکى سادە هیچ لە هونەرى ئەبستراکت حاڵى نابێت. جگە لەمە کەسانى هۆشئاوەڵا و هەستمەند هەن و هونەرێک بە جوان دادەنێن کە هاوکات ڕوو لە زەین و هەست دەکات. گوێتە دەبێژێت: ئەوە کە جوانە، گەرەکە شارەزا بینرخێنێت، لێ ئەوە کە ڕازێنراوەتەوە، تەنیا بۆ ئاپورە دەئاخڤێت.
لێ پرسیارى زۆرتر لە بەردەمماندا زین دەبنەوە: ئایا لاساییکردنەوەى هونەرى گەلانى دى هونەرە؟ ئاخر ئاشکرایە کە لاسایى لە ڕەمەکى سپۆنتانى مرۆڤەوە هەڵنەقوڵاوە، بەڵکو پێشنموونەیەکى هەیە و کەسى لاسایکەرەوە، بۆ نموونە گۆرانیبێژ، لە جیهانەکەى خۆیدا کۆپیى دەکات.

جگە لەمە لە سەردەمە داڕزاوەکاندا دەکەوینە بەردەم پرسیارى چۆنێتیى هونەر. ئایا هونەر لەم جۆرە سەردەمانەدا پێى دەکرێت بەختیارى یان هەستى شادى دابڕێژێت؟ لە بنەڕەتدا هۆنینەوەى هەستى شادى لەم سەردەمانەدا نێشانەی ناڕاستگۆییە، هەر بۆیە بەهۆى ناڕاستگۆییەوە دەبێت بە کیچ، بەڵێ تەنانەت فۆلکلۆر (بۆ نموونە شایى) دەبێت بە دیاردەیەکى ناجوان، چونکە ئەو کەسە کە لەنێویدا دەست دەگرێت، لە ناخەوە نامۆیە بە ڕیتمە کرۆکییەکانى هەر شاییەک، بۆیە خوازیارانى فۆلکلۆر وەک کەسانى سادە و چێژشێواو هانا بۆ سادەترین جۆرى شایى دەبەن کە “شایى چەپی”یە. پێدەچێت لە سەردەمە داڕزاوەکاندا تەنیا ڕشانەوە گوزراشت لە دۆخى مرۆڤ و بێڕیشەبوونى بەها کۆمەڵایەتییەکان بکات. بەم شێوەیە هونەر لە سەردەمە داڕزاوەکاندا دەکەوێتە بەردەم ئەرکى ئاڵۆز، تەنانەت خۆیشى ئاڵۆز دەبێت.

بە دیدى ئادۆرنۆ نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێ بدرێت کە هونەر کۆمەڵایەتییانە بەکاربهێنرێت و نامۆ بکرێت، بە پێچەوانەوە هونەر دەبێت دڕکێک بێت لە چاوى جیهانێکدا کە پەچە بە ڕووى خۆیدا هەڵدەواسێت. لە بنەڕەتدا ئەم پەچەیەى داکەوتى کۆمەڵایەتییە کە هونەرمەند بەرى دەکەوێت، ئەوجا لەبەر ئەوەى ناتوانێت هیچ ئیجرایەک بەرانبەرى بنوێنێت، ئیدی تووشى موئانات دەبێت. هونەر وەک شتێکى زیادە، وەک ئوتۆنوم پێویستە هەڵوێستى دژبەرى خۆى بەرانبەر کۆمەڵگە بپارێزێت، چونکە تەنیا بەم شێوەیە بۆى دەلوێت پەیوەندییە ڕیالەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە.

———————————————
Adorno, Theodor W.: Gesammelte Schriften. Band 7: Ästhetische Theorie. 6. Auflage. Frankfurt am Main 1996.
Kuhr, Rudolf. Was ist Kunst. http://www.humanistische-aktion.homepage.t-online.de/kunst.htm
Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish