لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا چی فێردەبین؟ … ئاسۆ کەمال


” ڕێزگرتن لەم یادە گرنگیدانە بەو مەسەلانەی کە شۆڕش چارەسەری نەکردوە”. لینین

ڕوسیا لە سەدەی نۆزدەدا وەک قەڵای کۆنەپەرستی لە دنیای مۆدێرندا مایەوە و شۆڕشە بورژوایی و کرێکاریەکانی ئەو سەدەیە کاریگەری خۆیان دوای سەدەیەک لە ئەم کۆمەڵگەیە دانا. لەڕوسیادا لە سەدەی ٢٠دا سێ شۆڕش ، لەماوەی دوو دەیەدا و دوابەدوای یەک ، شۆڕشی ١٩٠٥، شوباتی ١٩١٧ و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧کرا. شۆڕشی ئۆکتۆبەر تایبەتمەندیەکی چینایەتی و جیهانی هەبوو لەچاو شۆڕشەکانی تردا. ئەم شۆڕشە هاوتا و هاوشێوەی شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس بوو کە بۆیەکەم جار لە مێژوودا چینی کرێکار خۆی سەربەخۆ شۆڕش دەکا نەک پاشکۆی بورژوازی یان حزبی چینەکانی تر و دەسەڵاتداران بێت.

ئەم دوو شۆڕشە ئایدیا و مافی شۆڕشکردنی کرێکارانی دژی چینی تازە بەدەسەڵات گەشتوی بورژوازی لە ئاستی جیهانی و لە ڕای گشتیدا جێگیرکرد، هەرچۆن بورژوازی مافی شۆڕشکردنی دژی دەرەبەگایەتی لە پرۆسەیەکی دورودرێژی چەندین سەدەی سیاسی و فکریدا لەدەستور و یاسادا سەپاند. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕش دژی دەرەبەگایەتی و ئیمپریالیزم و دواکەتویی سەرتاپای جیهانی کۆنی گرتەوە و نیوەی جیهان بوە سیستەمێک کە لە ڕوسیادا بەناوی “سۆشیالزم”ەوە جێگیربوو. ئێستا هەرچەند ئەم “سۆشیالیزم”ە نەماوە بەڵام بورژوازی ناتوانێ ئایدیا و مافی شۆڕشکردنی کرێکاران و چینە چەوساوەکان و تارمایی شۆڕشی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بەسەر کۆمەڵگەی نایەکسان و دژی ئینسانی سەرمایەداریدا بسڕێتەوە. یادی کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر هەمیشە بۆ مرۆڤایەتی پەیام و ئیلهامی ڕزگاری لە دەست سەرمایەداری دەبەخشێ.

شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە دەرس وەرگرتن لە کۆمۆنەی پاریس توانی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری و مانەوەی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە لەماوەی ٣ ساڵدا بەرامبەر دڕندەیی وهێرشی سەربازی و ئابڵوقەی ئابوری و سیاسی بورژوازی ڕوسیا و سەرمایەداری دنیای دوای شەڕی جیهانی یەکەمدا مسۆگەربکا. بەڵام ئەم شۆڕشە نەیتوانی سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ و لە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا شکستی هێنا. هەربۆیە ئەمڕۆ ئێمە لە ڕیزگرتن لەم هەوڵەی چینی کرێکاری ڕوسیادا پێویستە بچینە سەر ئەو مەسەلەیەی کە ئەم شۆڕشە چارەسەری نەکرد ، واتە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی تاکو بزانین ئێمە چ دەرسێک لەم تەجروبەیە وەردەگرین؟ تا وەک بەلشەفیەکان کە دەرسەکانی کۆمۆنەیان کردە پەیڕەوێک بۆ سەرکەوتن لە ئۆکتۆبەردا ، ئێمەش بۆ شۆڕشی ئێستامان بەرچاومان ڕۆشن بێت کە پێویستە چی بکەین بۆ دوبارەنەکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕیەکانی ئۆکتۆبەر؟
کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر بەشێک لەم مێژووی هەوڵدانە فکری و سیاسی و پراتیکیەن کە پێویستە ئەمڕۆ گەشەیان پێ بدەین تا بتوانین ئەو مەسەلانەی ئەم شۆڕشانە نەیانتوانی ئەنجامی بدەن ئێمە پێیان هەڵسین.
ئێمە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیادا هەنگاو و سیاسەتی زۆرمان ناوە کە پیویستە هەمویان بە شێوەیەکی زانستی بدەینە بەرباس و لێکۆڵێنەوە و ئەم تەجروبە دەوڵەمەندە بەباشی تێبگەین و هەڵیسەنگێنین.

لێرە ئێمە لەگەڵ دیاردەی حزب و دەوڵەت و دامودەزگای بەڕیوەبردن و فەرهەنگ و سیستەمی ئابوری و کێشە سیاسی ناوخۆ و ململانێی جیهانی و پەیوەندی ئەنترناسیونالی و یاسا و دەستور و مافە مەدەنی و ئازادیە سیاسەکان و زۆر مەسەلە و گرفتی کۆمەڵایەتی تر دەرگیرین کە هەموو ئەمانە کۆی سیستەمی کۆمۆنیستی و ئینسانی ئێمە پێناسە دەکا. هەربۆیە بۆ ئێمە ئۆکتۆبەر تەنیا یادێک و ڕیزگرتنێک نیە لە مێژووی چینی کرێکار کە لە بڕگەیەکی مێژوویدا چی کردوە بەڵکو پێناسەکردنەوەی جارێکی تری بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیە کە دنیا چۆن ڕزگاردەکا لەدەست سەرمایەداری و چۆن جارێکی ڕەوابونی شۆڕشی کرێکاری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی و ئینسانی نیشان دەداتەوە و چۆن ڕیوایەتێک و تەفسیرێکی تر لەم مێژووە و لە ئایدیا و کاریگەریەکانی ئەم تەجروبەیە بە دنیا نیشان دەدا .ئێمە ناتوانین تەنیا بە وتنی ئەوەی “ئەوەی ڕویدا لە سۆڤیەت سەرمایەداری دەوڵەتی بوو و پەیوەندی بە کۆمۆنیزمەوە نەبوە” شانی خۆمان خاڵی بکەینەوە لەوەی دنیای ئەمڕۆ هەر ئەو تەفسیرەی هەیە لە کۆمۆنیزم کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و سۆڤیەتەوە ڕویداوە و ئێمە دەبێ وەڵاممان بۆ ئەم تەجروبەیە پێ بێت کە لەڕوانگەی ئێمەوە چی ڕویداوە و بۆچی شکستمان هێنا و چۆن ئاکامی شۆڕشی کرێکاری بو بە جێگیردنی شێوازێکی تر لە سیستەمێکی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری لەڕوسیادا و ئەمە بوە سیمای ناساندنی کۆمۆنیزم.

لێرەدا چەندین پرسیار خۆی دەخاتەڕوو، کە بەشێکیان ئەمانەن؛بۆچی حزبی بەلشەفی تەنانەت دوای شۆڕش نەیتوانی ببێتە حزبی بەشێکی زۆربەی کرێکاران و بۆچی نەبوە ڕێکخستنی سەرجەم پێکهاتە وتواناکانی چینێک ؟ ئایا حزبی کرێکاری کە لەدەسەڵاتدایە بە حزبی نوخبەی کۆمۆنیستەکان و بەشێک لە چینی کرێکار دەمێنێتەوە؟ بۆچی لەناو ئەم حزبەی چینی کرێکاردا ڕێگە بە دروستکردنی فراکسیۆنی جیاجیا نەدرا وەک “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” و “ناوەندێتی دیموکراتی” و هتد..؟ ئایا دروسبونی بۆچونی جیا و خەت و سیاسەتی جیاواز لە ناو حزبی چینێکدا سادەترین دیاردە نیە و کارکردنی فراکسیۆنەکان لە ناو حزبێکی جەماوەریدا ناتوانێ میکانیزمێک بێت بۆ دانەبڕان و قەتیس نەمانەوەی حزب لە چینەکەی؟ ئایا لە حزبێکی کرێکاریدا بۆچی بیرۆکراتیزم و سیکتاریزم سەرهەڵدەدا ئەگەر پایەکانی ئەم حزبە لە نێوچینی کرێکاردایە و حزب وەسیلەیەکە بۆ نەهێشتنی نەک جیاوازی لە نێو چینی کرێکاردا بەڵکو کار بۆ بەرتەسک نەبونەوەی دەسەڵات لە دەست چینێکی دیاریکراودا دەکا و دەیەوێ دەسەلاتی چینایەتی لە پرۆسەیەکدا کۆتایی پێ بێنێ و ئیدارە و دەسەڵات و حزب بەرەبەرە هەڵوەشێنەوە و کۆمەڵگە لە دەست ئەم نوێنەرانەی خۆی ڕزگاری بێ؟ ئایا فەلسەفەی بونی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و بێ دەوڵەت و بێ حزب نیە؟ بۆچی تەقدیسی حزب و خەتێکی سیاسی و شەخسیاتی ڕابەری حزب و دروستبونی گروپی بیروکراتی لە حزبی بەلشەفیکدا لە گرتنە دەستی دەسەلاتەوە گەشە دەکا لە جیاتی ئەوەی لەناو بچێ؟

لەسەر دەوڵەت و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی ئەم پرسیارانە لە ئارادایە؛بۆچی لە جیاتی شورا و سۆڤێتەکان سیستەمی تاک حزبی بەلشەفیک دەبێتە دەسەڵاتدار؟ بۆچی بۆ هەر بڕیارێکی گەورە و بچوک” دەگەڕێنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی ‘پۆلیت بیرۆ”ی حزب؟ بۆچی دەبێ حزب دەسەڵات بدات بە سۆڤێتەکان و خۆیان خاوەنی دەسەڵات نەبن لەدوای ٣-٤ ساڵ لە شۆڕش؟ بۆچی ئازادی سیاسی بۆ هەموو حزبێک نامێنێ و تەنیا حزبی بەلشەفی ئازادە؟ بۆچی دەوڵەت لە ئۆرگانی سەرکوتی هێرش و بەرەنگاری هێز و سوپا بورژوازیەکانەوە دەگۆڕێ بە دەوڵەتێک کە خۆی سوپای پیشەیی دروست دەکا و دەهێڵێتەوە؟ بۆچی هیچ پرۆسەیەکی نەمانی دامودەزگای بیرۆکراتی دەوڵەتی دەست پێ ناکا و لەجێگایدا دژایەتی کۆنترۆڵی کرێکاری لەلایەن سەندیکا کرێکاریەکانەوە دەکرێ و حزب دەبێ کۆنترۆڵی کارگە و دامەزراوەکان بکا؟ بۆچی تیۆریە کۆمۆنیستیەکانی ناو”دەوڵەت و شۆڕش” لەسەر بەرتەسک بون و کاتی بونی دەوڵەت و پیویستی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت لە پراتیکی چەند ساڵەی بونی لینیندا هەر هەنگاوەکانی جێگیرکردنی ئیدەی دەوڵەت و کۆنترۆڵی حزبی و بەرتەسک بونەوەی ئەڵقەی دەسەڵاتدارێتی شوراکان ودەخاڵەتی سیاسی کرێکارانی لێ دەبینین؟ هەربۆیە ئەو بۆچونانەی وەک ترۆترسکی کە شکستی شۆڕش تەنیا لە نەمانی لینین و لینینزم و سەرهەڵدانی ستالینیزم و بیرۆکراتیدا، دەبینێ هێشتا لێکدانەوەیەکی بەرتەسکە و نەبینی سەرجەم کێشەکانی سیستەمی سۆڤیەت و هۆکارەکانی شکستی شۆڕشە لە چارەسەری ئەو کێشە حزبی و ئیداری و ئابوریانەدا. سەرجەم ئەم زەمینە سیاسی و ئابوری و حزبیانەیە کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنی ستالینزم و کۆتایی هاتنی ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاری لە ڕوسیادا.

لە بواری ئابوریدا پرسیار ئەوەیە؛ بۆچی هەرەوەزیەکان نەبونە شکڵی سەرەکی شیوازی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و لەو هەنگاوانەی دەوڵەت لە ئابوری کۆمۆنیستی ٢ ساڵی یەکەمدا پاشەکشە دەکرێ؟ بۆچی دەسەڵاتی هەرەوەزیەکان لە بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەدا نابینرێ؟ کۆنترۆڵی کرێکاری لە کارگە و دامەزراوەکاندا جێگای دەسەڵاتی حزب ناگرێتەوە؟ بۆچی سۆشیالیزم دەکرێ بە “کارەبایی کردن” و ” پیشەسازی گەورە” و سەرمایەداری دەوڵەتی، ئایا مانای سۆشیالیزم گۆڕینی یاساکان و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری نیە بۆچی بازگانی ئازاد و موڵکایەتی دەوڵەت جێگای نەمانی موڵکایەتی یان موڵکایەتی کۆمەڵگە دەگرێتەوە؟ ئایا خۆماڵیکردنی بانکەکان و دروستکردنی ترەستە پیشەسازیەکان چ پەیوەندیەکی لەگەڵ کۆمۆنیزمدا هەیە و ئایا سیستەمی کردیت ناتوانێ لە سیستەمی سودی بانکی و بازرگانی جیابکرێتەوە؟ ئەو بۆچونەی مەنسور حیکمەت کە دەڵێ “لینین و بەلشەفیکەکان “بەرنامەیەکی ئابوری دیاریکراویان نەبوە و شۆڕش لە ناڕۆشنی ئەرکە ئابوریەکانیدا” شکستی خوارد و دواتر لینینزم نوێنەرایەتی نەکرا”، دیسانەوە بۆچونێکی یەکلایەنە و ناکامڵە وئەم کێشانە وەک کێشەی سیستەمێکی سیاسی و ئابوری لێکهەڵپێکراوی سۆڤیەت نابینێ ، بەتایبەت کە لە دەورانی ڕاگوزەردا سیاسەت بڕێنەرەوەیە و پرۆلیتاریا هەڵەی ئابوری زۆر دەکا.

ئەوەشی پێی وایە “نەبونی بەرنامەی ئابوری گەڕانەوەی سیاسی و بیرۆکراتیزمی دروستکردوە” لێکدانەوەیەکی دوور لەواقیعە لە کاتێکدا دەزانین لینین و بەلشەفیەکان بەرنامەی نیپ و سەرمایەداری دەوڵەتیان هەبوو، هەرچەند لینین دەڵێ تیۆریەکیان نیە کە ئەوە ڕۆشنبکاتەوە کە “سەرمایەداری دەوڵەتی لەسایەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا چۆنە؟”. بەڵام هەوڵی جواروجۆر هەیە لە ١٩١٧تا ١٩٢٤ کە ئابوری ڕوسیا بەپێی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی گەشەبکا و بازرگانی ئازاد هەبێ و موڵکایەتی تایبەت و بچوک ڕێگە پێ دراوە و حزب و دەوڵەتی حزبی خاوەنی دامەزراوە و کارگە و بەڕیوەبردنن و گەشەی ئابوری هەیە. هەربۆیە ئەوە تەنیا ناڕۆشنی بەرنامەی ئابوری نیە کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر شکست پێدێنێت بەڵکو سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزم لەلای بەلشەفیەکان هێشتا پێنەگەیشتوە و کەموکوڕیەکی زۆری هەیە سەرەڕای هەوڵ و توانایی گرنگی لینین لە گەشەپێدانی میتۆد و جیهانبینی و سیاسەتە کۆمۆنیستیەکانیدا.

بەکورتی ئەو مەسەلانەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر چارەسەری نەکرد ئەمڕۆ لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا پێویستی بەوەڵامە.لە بواری ناوخۆی حزب و پەیوەندی حزب و چینی کرێکار، دەوڵەتی سۆڤیەتی و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شوراکان، ئازادی سیاسی و گەیاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ بە ئەوپەڕی خۆی دوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، ئازادی لە دەست دەوڵەت و هێزی سەروو خەڵکی،هەرەوەزیەکان و کۆنترۆڵی کرێکاری و بەشداری ڕاستەوخۆی شوراکان لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و گۆڕینەوەدا، گۆڕینی شیوازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی بەرهەمهێنان کە کرێکاران و کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ خاوەندارێتی بەرهەمەکان بن نەک وەک کرێگرتەی دەوڵەت بن و قۆناغی گواستنەوە بریتی بێت لە هەنگاوەکان وچۆنیەتی نەهێشتنی یاسا و دامەزراوە ئابوریەکانی سەرمایەداری وەک کرێ و بانک و بازرگانی نەک گەشەپیدانی ئەمانە و جێگیربونی یەکسانی و نەمانی چینی جیاواز و موڵکایەتی سەرمایە. هەروەها دەوری دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهاندا.

کۆمۆنیزم جیهانبینی چینی کرێکارە کە دەیەوێ سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سیستەمێکی بێ چین و چەوسانەوە هەربۆیە لە هەموو هەوڵە تیۆری و پراتیکیەکانی تا ئێستای خۆی بەشیوەیەکی مێژوویی و دیالەکتیکی دەڕوانێ، کە بۆ گەیشتن بە ڕۆشنی و دروستی و زانستی پێویستی بە دەرس وەرگرتن لەو تەجروبە زیندوانەیە کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان لە کاروخەباتدا پێی دەگەن. ئەمەش وادەکا کە جیهانبینی کۆمۆنیستی هەمیشە خۆی لە گۆڕان و بەرەو پێشەوەچوندا دەبینێ و کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای دۆگم و ڕاستی ڕەها نیە بۆ لەقاڵبدانی عەقڵ و پراتیکی شۆڕشگێڕانە.

کۆمۆنیزمی سەدەی ٢١ پیویستە جیهانبینیەکی ڕۆشن بخاتەڕوو ،نەک هەر سەبارەت بەو کەموکوڕیانەی سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و ئابوری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا هەبوو، بەڵکو بە پشت بەستن بە هەموو ئەو گۆڕانکاریە ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتیانەی دنیای ئێستا کەزەمینەی کە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی جیهانی و ڕادیکاڵ و دروستکردنی دنیایەکی بێ چین و چەوسانەوە و بێ دەوڵەت و هێنانە دنیای ئینسانی ئازاد و کۆلیکتیڤیان فەراهەم کردوە پیویستی و ئیمکانیەتی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری بسەلمێنێ. بورژوازی لە چەندین سەدە و چەندین شۆڕشی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سیستەمی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتدارێتی پاشایەتی و کۆمەڵگەی تەقلیدی دینی گۆڕی ، کرێکارانیش لەدوای سەدەیەک لە ئۆکتۆبەر و سەدە و نیوێک لە کۆمۆنە پێویستیان بە درێژەدانی شۆڕش و خەباتی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە دژی سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری تاکو نمونە و فۆرم و پایە و دامەزراوەکانی خۆیان دەخەنە جێگای ئەم سیستەمەی لەسەر کۆیلایەتی کاری کرێ گرتە و ئینسان درێژە بەمانەوەی خۆی دەدا.


ئاسۆکمال