پرسی شۆڕش – بەشی دووەم …. کاوە جەلال


بەشی دووەم

1

لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا ئەو تێزەمان وەک زەمینەی سەرجەم نووسینەکە دانا، کە “چەپ”-ەکانی کورد هەر ئەوەندەیان پێکراوە کە بنەما کرۆکییەکەی ئیسلامی سوننی لە وەرگرتنی هزرە شۆڕشگێرییەکانی جیهاندا، وەک مارکسیزم و وجودییەت، بەگەڕبخەنەوە، واتا چۆن بەدەوییەکەی بیابان سووک و ئاسان دەبێت بە موسڵمانی خۆبەختکردوو بۆ داواکاریەکانی خودا، بە هەمان شێوە چەپەکانی کورد دەبن بە خەباتگێڕی چەپ، بەبێ ئەوەی ڕەخنەییانە کاریان لەوەدا کردبێت کە چۆن مەئریفەی مارکسیستی و بەمەش چۆن کەسێتیی مارکسیستی دێنە گۆڕێ، کەواتە بەبێ ئەوەی هەوڵیان دابێت “هەستی هەژاو”ی خۆیان بۆ سۆسیالیزم، کارەکتەری خێڵەکییانەی خۆیان، بەڵێ تەنانەت هەڵپەکانیان بۆ جیاکردنەوەی خۆ لە “ئەوانیدی” و بەمەش خۆدەرخستنیان لە هەستی کەمنرخیی کەسێتییەوە و هتد، بهێنن بۆ ژێر پرسیار. ئەوجا بە نموونەی کۆنکرێت، واتا ئەستێرە کەریم، پێشانمان دا کە هەڵوێستوەرگرتنی ئاشکرا بەرانبەر ترادیسیۆن، ئەوەش بە ئاگایی هەبوونی خۆوە لەنێو جیهاندا، یەکەم بنەمای شۆڕشگێڕێتییە، پاشان بە نموونەی تێگەی مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی لای سارتر مرۆڤی سوننەتیی دەڤەرەکەمان بە نموونەی گەنجی ناگەنج وەک ناسەرڕاست هەڵماڵی.

2

پەیوەند بە کوردەکانەوە یەک جار شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە مێژووی ئەوان و هۆزەکانی دیکەی ئێراندا ڕووی داوە کە زەردەشت (نزیکەی لە نێوان سەدەی دەیەم و حەوتەمی پ.ز.) هەڵیگیرساند. ئەو دەمە چەندین ئایینی سروشتی لەنێو هۆزە جیاکانى ئێراندا بڵاو بوون و جادوگەریى سەروەر بوو، هەروەها کۆچەرێتی بریتی بوو لە شێوەی بەربڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی. ئێستاش ئەم پەیامهێنە ناوچەی ئێران لە کۆچەرێتییەوە دەپەڕێنێتەوە ڕووەو یەکتاپەرستی و نیشتەجێبوون و کشتیاری.

مۆرکێکی شۆڕشگێڕانەی ئەم جیهانبینییە ئایینییە ئەوەیە کە زەردەشت جەخت لە بڕیاری ئازادی تاکەکەس دەکات، واتا لەوە کە چۆن تاکەکەس ئازادانە بڕیار بۆ کردار دەدات. مرۆڤ لە ڕەوتی هزریندا بۆی دەلوێت خودا وەک سەرەتا و کۆتایی گەردوون بناسێت. مرۆڤ بە چاوی زەین دەرکی خودا دەکات – خودا وەک سەرچاوەی چاکە لە جیهاندا (بڕوانە یەسنای 31، 8). ئەوجا کاتێک خودا لەش و ژیان، هۆش و ویژدان دەئافرێنێت، هاوکات لەتەکیاندا ئاوەز بە مرۆڤ دەدات، تاکو هەر کەسێک بەو ڕێیەدا بڕوات کە ئەو خۆی هەڵیبژاردووە (بڕوانە یەسنای 31، 11).

ئێتیکی زەردەشت بریتییە لە بنەمای “هزرینی چاک، گوتاری چاک، ڕەفتاری چاک”، ئەمەش لە ڕوانگەی زەردەشتەوە ئەنتیتێزێکە بۆ “هزرینی ناچاک، گوتاری ناچاک و ڕەفتاری ناچاک”. پرسەکە لەم ئێتیکەدا ئەوە نییە کە مرۆڤ تەنیا چاک بهزرێت، بەڵکو هەروەها گەرەکە چاک، واتا ڕاستگۆیانە بئاخڤێت، لێ هاوکات گەرەکە لەتەکیدا کرداری دروست بنوێنێت. مرۆڤ لە ئاخافتنی ڕاستگۆیانەدا کە پەیوەندە بە هزرینی خۆوە، لەوە ناترسێت کە کەسی بەرانبەر بڕوای پێنەکات، ئەوجا لە ترسدا سوێند بە خودا، بە سەری کاکە هەڤاڵی ئامادە یان بە “گۆڕی شەهیدان” و هتد بهێنێتە نێو ئاخافتنێکی نێویەکییەوە. ئاخر لەبەر ئەوەی لای زەردەشت پێگەیاندنی ویستی ئازادی خۆ (مرۆڤ ئەوە دەکات کە دەیەوێت بیکات)، هەروەها بەرپرسیاریی ئێتیکی-ڕەوشتییانە ی تاکەکەس لە شێوەی ڕاستگۆییدا، لە نێوەندی کۆششی مرۆڤیدان، ئەوا لەم ئایینەی فەزیلەدا دەرفەت چی نابێت بۆ ئەوەی مرۆڤ شوێن سوننەتی سەپێنراو بکەوێت. لە زەردەشتایەتیدا جێی ئەم جۆرە خۆژێرخستنە، تەسلیمبوونە بۆیە نابێتەوە، چونکە خودا وەک ڕۆناهی و چاکە دیاری دەکرێت و بەدەرە لە ئەدگارەکانی وەک “قەهار” و “مونتەقیم”. کەواتە هیچ پێویست نییە کە پیادەکەری ئایینەکە لە خودا بتۆقێت. لێرە جێی مرۆڤی لەخواترس نابێتەوە.

گومانی تێدا نییە کە لە ناخی هەموو کەسێکدا زۆرانێکی سەخت لە نێوان مەیلی ئەودا بۆ کرداری چاک لە لایەک، هەروەها بۆ کرداری بەد، یان کرداری ناڕەوا بەرانبەر مرۆڤان و ئاژەڵان و ڕووەک (بەگشتی سروشت) لە لایەکی دی، لەگۆڕێیە. لێ ئاوەڵایی هۆش و ژیری ڕێ بۆ تاکەکەس خۆش دەکەن بڕیار بۆ چاکە بدات. بە پێچەوانەوە کەسانی هۆشتەسک و ناژیر، کەواتە کەسانی نەزان، کە دەخۆن و دەخۆنەوە، لە خۆیانەوە یان لە سوننەتەوە قسان دەکەن و دەنوون، ناتوانن بڕیار بۆ چاکە بدەن، چونکە ئەوان تەنیا گرنگی بە نێو ماڵی خۆیان دەدەن و خاوێنییەکەی دەپارێزن، لێ ئامادە نین بەرپرسیاری بۆ ئەودیو دەرگەی ماڵی خۆیان وەربگرن، نەخێر ئەوانە بە لایانە ئاساییە کە نەوت و بەنزین، بەڵێ ژەهری کوشندەی وەک “موعجیزە” بڕژێن و بنیشنە نێو زەوییەوە، یان بە لێشاو ڕووەو کانی و چەم و ڕووبار ڕەوت بگرن! ئاخر ڕووداوەکە لە دەرەوەی ماڵی ئەواندایە.

زەردەشت داوا ناکات کە مرۆڤ زەوی بۆ مەبەستی خۆی بەکاربهێنێت، واتا دەسەڵاتی بەسەردا بنوێنێت، وەک چۆن لە تەوراتدا دەگۆترێت، بەڵکو مرۆڤ فێر دەکات ڕێز لە چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر بگرێت. هەڵوێستی ژینگەپارێز، واتا پیسنەکردنی چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر، یەکێکە لە فەزیلە بنەڕەتییەکانی ئەم جیهانبینییە ئایینییە. هەروەک هێرۆدۆت دەنووسێت: زەردەشتییەکان هەرگیز تف ناکەنە ڕووبارەوە. ئەوان ڕێزێکی زۆر لە ڕووبار دەگرن. (Herodot 1. Buch Absatz 138). لێ لەم جیهانبینییەدا نەک تەنیا دژایەتیکردنی هەڵوێستی ژینگەپارێز، بەڵکو هەروەها خاو و خلیچکی، پانبوونەوە و “دەمە-تەقێ” و ژیان لەسەر حسابی کەسانی دی، زۆر بێزراون. مرۆڤ بەرپرسە لەوە کە گوزەرانی بە کۆششی خۆی دابین بکات، چونکە “مرۆڤ تەنیا بە چوستی و کارکردن گەشەی ناخەکی دەکات” (یەسنای 51، بەیتی 12).

3

تەنینەوەی ئیسلام بە هێزی شمشێر و ئیجرای ئابووری (سەپاندنی جزیە بەسەر ناموسڵماندا) لە ناوچەکانی ئێرانی دێریندا بریتی بوو لە نەفیکردنی زەردەشتایەتی، کەواتە ناتوانرێت تاکلایەنە تێزی فتوحات بسەپێنرێت و کردارەکەش ناوبنرێت هیدایەتدانی “کافران” بە دینی محەمەد. ئاخر گۆڕینی ئایینی خۆ بە ئایینێکی دی لەژێر زەبری چەک و سزای ئابووریدا هەڵوێستێکی ناچارانەیە نەک هیدایەتدان. بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەو پرسە گرنگ نییە کە چۆن ئیسلام زۆر توخمی بنەڕەتیی زەردەشتایەتیی وەک خۆی وەرگرتەوە، هەروەها ئەو لایەنەش بابەت نییە کە چۆن زۆر توخمی زەردەشتایەتی هێشتا هەر لای موسڵمانانی نوێی ئێران مانەوە، بەڵێ تەنانەت تێکهەڵکێش بوون بە ڕەفتارە داواکراوەکانی ئایینی نوێ، بۆ نموونە نزیکی لە سروشت، حەزی فرەڕنگی لە خۆپۆشیندا، سەما و شایی تێکەڵی (ڕەشبەڵەکی) نێر و مێ و هتد، کە سەرباری بەرهەڵستیی توندی مەلایان و نوێنەرانی توندڕەوی ئیسلامی سوننی هێشتا هەر بە زیندوویی مانەوە. گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە ئیسلامی سوننی جۆرە کەسێتییەکی جیاواز لەو کەسێتییە جۆر دەدات کە پێشتر لەو ناوچانەی ئێراندا هەبوو، ئەمەش لەسەر بناغەی پەیڤی خودایی بەدیدەهێنێت: ئێستا بۆ ئەم کەسێتییە سوننییە پەیڤی دەربڕراو، لێرەشەوە وشەی تۆمارکراوی سەر کاغەز، دەبن بە بەرجەستەی ڕاستی ی ڕەها. بێگومان ئاشکرایە کە لەبەر ئەوەی ڕاستییەکە وەک ڕەها (ئەب-سولوت = لێ-جیابۆوە) گریمانە دەکرێت، ئەوا ڕاستییەکە تەنانەت بە تۆمارکراویش هەر سەربەخۆ لە ئەو دەمێنێتەوە، بەڵێ وەک سەربەخۆ بەرانبەر ئەو زیتدەبێتەوە، ئەمەش بە واتای کە نەشیاوە بەندەی ئیماندار بتوانێت ڕەخنەییانە بیخوێنێتەوە، واتە بیهێنێت بۆ ژێر پرسیار. نەخێر، لەبەر ئەوەی ڕاستییەکە وەک ڕەها لە ئەو سەربەخۆیە، ئەوا ئەو تەنیا پێی دەکرێت خۆی بخاتە ژێر ڕکێفییەوە و ئەوجا هەوڵ بدات “ئاقڵانە” تەفسیری بکات. کەواتە نەک هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار لەبارەی پێگەی خۆ لە جیهاندا، نەک وەرگرتنی هەڵوێستی ڕۆشنی ژینگەپارێز، نەک هاوشانیی نێر و مێ لە بەڕێوەبردنی ژیانی سۆسیالدا، کە لە ئایینی یەکتاپەرستیی پێشیندا هەبوون، بەڵکو ئیسلام کە وەک ئایینێکی نەفیکەری زەردەشتایەتی خۆی دەسەپێنێت، هاوکات بنەما ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی وەک لەبریی بۆ بنەماکانی ئایینی پێشین دادەنێت.

هاوکات ڕەهایەتیدان بە کتێبی پیرۆزی ئیسلام دەرفەت دەڕەخسێنێت کە ئاسانتر کەسێتییە بەدەوییەکەی نیمچە دورگەی ئارەبی ئیدیالیزە بکرێت، واتا ئەو جۆرە کەسێتییە کە بەزۆریی بەدەوییانە سۆسیالیزە کراوە و وەک پێشتر گۆتمان مۆرکەکانی بریتین لە تاڵانی، شەهوانیەت، پیسوپۆخڵی، تەمەڵی و هتد. سەرەڕای ئەوە دیاریکردنێکی بەم چەشنەی ئەو کەسێتییە یەکلایەنی دەبێت، کەواتە ناتەواوە، چونکە ئەو مۆرکی کولتوریشی هەیە: ئەو لە سروشتییەوە هۆزانڤانە، لای ئەو شەڕە هۆزان هاوشێوەی شەڕە شمشێرە: گەر هۆزانڤانی هەڵکەوتووی خێڵەکەی لەدژی هۆزانڤانی هەڵکەوتووی خێڵێکی دی لە شەڕێکی پەیڤیی هۆزانیدا بیدۆڕێنێت، ئەویش سەرشۆڕانە مەیدانی شەر چۆڵ دەکات! ئەم کەسێتییە سامییە ئەوها زۆر پەیڤی خۆش دەوێت! لەم ڕوانگەیەوە بەرەهاییکردنی قورئان هاوکات کودەتایەکە بەسەر ئەو بەدەوییە ئازادانەی بیاباندا کە خاوەنی زانینی زۆر باڵا بوون، هەروەها لێبوردەیی ئایینی هەڵوێستی ناخەکییان بوو، بەڵێ لە کاتەکانی ساڵانەی حەجکردنی ئەواندا دەشیا دوژمنانی خوێنەخۆ بە یەک بگەن بەبێ ئەوەی بۆ “خاتری ئەو کاتە موبارەکە” دەستی بەزەبر بۆ یەکدی بەرن. ئەوان شەهامەتیان هەبوو.

4

نوێنەرانی ئایینی خۆسەپێن، ئیسلام، سەرجەم وەڵامەکانیان وەک سوننەت، واتا وەک کرداری باو یان وەک پێوەری نەریتی دەسەپێنن. بێگومان ڕاستە کە سوننە لە ئیسلامدا بەگشتی ناوێکە بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی کرداری محەمەد، لێ پێورە نەریتییەکان، یان ڕەچاوکردنی کردار و شێوە هزرینی باو، بریتی بوون و بریتین لەو بنەمایانە کە وەک دەسوێژی سۆسیالیزەکردن (پێرسۆنالیزاسیۆن، کولتورالیزاسیۆن)ی تاکەکەس بەگەڕ دەخرێن. لێرەدا ئاشکرایە، سۆسیالیزەکردن خۆشەکردنی تاکەکەسە بۆ فێربوونی ڕێنوماکانی ڕەفتار و کردار و شێوەهزرینێکی دیاریکراو، کە سەرەتا لە خێزاندا بەردەخرێت، لێ پاشان لە باخچەی منداڵان، فێرگە و زانستگەکان و شوێنی کار درێژەی پێدەدرێت. لێ ئەم جۆرە کەسێتییە، کە بەهۆى خۆشەکراوییە ترادیسیۆنییەکەیەوە لە هەڵوێستی ڕەخنەیی دەترسێت، تەنیا ئەوەى پێ دیارى دەکرێت و هەروەها دەخوازێت تەنیا ئەوە بە ئاخافتن یان نووسین دیارى بکات، کە لەنێو مەوداى ئاسۆی خۆیدایە. کێشەی کەسێتیی سوننی ئەوەیە کە ئەو چە لە وەرگرتنی تێکستە ئایینییەکان و چە تیۆرییە خۆرئاواییەکاندا ڕێگەی راڤەکردنی ئاقڵانە دەگرێتە بەر: چۆن کەسێتیی سوننی لە شێوەی پیاوى ئاییندا لە ناخەوە لە بەردەم قورئاندا دەچەمێتەوە و هێدى هێدى ئەو بابەتە، کە ئەو مەحاڵە بتوانێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، دەخزێنێتە نێو هۆشى خۆیەوە، ئەوجا گەر پتر لە کۆششی ئایینیدا پێشکەوت، ئیدی فێری تەفسیرکردنی دەبێت، بە هەمان شێوە خوێنەرەوەی تێکستی خۆرئاوایی مامەڵە دەکات، واتا هەردووکیان هەر نووسراوێک تەنیا وەک وشەى تۆمارکراو دادەنێن: دەیکەن بە “شت”، ئەوجا بە تەفسیرکردنی دەروویەک بۆ پەیوەندییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە دەبیننەوە. ئێمە ئەمڕۆ بە ڕۆشنی دەبینین، کە چۆن هزرینی سوننی لە خوێندنگە و زانستگەکاندا کتومت بە شێوازە تایبەتییەکەی دەرخکردن پیادە دەکرێت، هەروەها دەبینین کە چۆن چەپەکان بەهۆی سۆسیالیزەکراویی سونییانەوە تەنیا پێیان دەکرێت کە ئەوپەڕی تەفسیری سارتر، لێنین یان ترۆتسکی و هتد بخەنەوە.

-ماویەتی-

——————-

پەراوێز

(1) نابێت توخمەکان بە تایبەتی بەڕێی ژەهری لاشەوە پیس بکرێن، بۆیە بە پێویست دەزانرێت، بۆ خاتری پاراستنی پاکژیی چوار توخمەکە، لاشەی مردوو لە زەویدا نەنێژرێت، بەڵکو لەسەر چیایەک دابنرێت، تاکو لەوێ مەل گۆشتەکەی بخوات.

سەرچاوەکان

Dr. Bahram Varza: Gataha. http://www.gataha.info.
Kurt Scharf: Zarathustra und die Religion der Arier. www.taz.de/fileadmin/static/pdf/Kurt-Scharf_Zarathustra_erweit.pdf