Skip to Content

80 Views

پەروەردەکردنی منداڵان بە ئازایەتی ئەدەبی  … رەزا شوان

پەروەردەکردنی منداڵان بە ئازایەتی ئەدەبی … رەزا شوان

Be First!
by November 3, 2018 General, Kids Literature
image_print

بێگومان هەموو دایکان و باوکان ئاواتەخوازی ئەوەن، کە منداڵە خۆشەویستەکانیان لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا، ئازا و بوێر و دلێربن، بڕوا و متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت؛ بە ئەوپەڕی ئازادی و ئازایەتیشەوە، بە بێ ترس و شەرم، گوزارشت لە هزر و لە راو لە راز و نیـازە پاکەکانیان و لە بۆچوونەکـانی خۆیـان بکەن.

ئازایەتی ئەدەبی، خەسڵەتێکی گرنگ و جـوانە لە خەسڵەتە ئەرێنییەکانی هەر مرۆڤێک. خەسڵەتێکی زۆر پێویستە و بەشێکی سەرەکییە لە سیمای کەسایەتی مـرۆڤ، بەڵکو بە بـڕبـڕەپشتی بنیاتنانی کەسایەتییەکی بەهـێز و هاوسەنگ و رەوشت ئاسایی دەزانـرێت.
لەم پێودانگەوە، پێویستە لەسەر دایکـان و باوکـانی خـۆشەویست، هـەر لە منـداڵییەوە منـداڵەکـانیان لەسەر ئەم خەسڵەتە گـرنگ و پێویستییە رابهێنن و پـەروەردەیان بکەن. تا لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی داهـاتوویاندا، بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و بەسـەر ترس و شەرم و دڵەڕاوکێـدا زاڵـبن، تا بە ئەوپـەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە رووبەڕووی ئەو کێـشە و هەڵـوێست و بەرەنگارییانە ببنەوە کە دێنە رێیان. ئـازادانە و ئـازایەتییانە بڕیـاری راست و دروست بـدەن، بێ دامان و رامان گـوزارشت لە بیرۆکەکانیان بکەن.

ئازایەتی ئەدەبی، کارێکی هاوسەنگە، پەیوەندییەکی تێکەڵی و بەهێزی لەگەڵ ئازایەتی جەستەییـدا هەیـە.. بەڵـکو هـەردووکیان بە تەواکـەری یەکـتری دادەنـرێن.
ئازایەتی ئەدەبی لە منداڵانـدا، ئەوەیە کە بـڕوایان بە خۆیان هەبێت، ئازا و بوێربن، بە ئـازایەتی و بە ورەبـەرزیییەوە، بە بیرکـردنەوەیەکی قـووڵ و دانـاییەوە، بەرپەچی هەر هەڵـوێستێکی دژوار و نـەرێنی بدەنـەوە کە رووبـەڕوویـان دەبنەوە.. سەرسەختـانەش داکۆکی لە باوەڕەکانیان و لە مافەکانیان بکەن و سازشیان لەسەرنەکەن، ملکەچی رای سەپێنراوی کەسانی تـریش نەبـن.

پێویستە ئەوەش بـزانین، کە ئـازایەتی ئـەدەبی، ملهـوڕی و لەخۆبـایی و خۆسەپانـدن و هەمیشە خۆبەڕاست زانین ناگەیەنێت. پێویستە ئازایەتيیەکی گونجاوبێت، هەڵە نەکەن و سنوور نەبەزێنن و هەستی کەسانی تر بریندارنەکەن و پێشێلی ئازادی و مافـەکانیشیان نەکەن، رێزیان بۆ دابنێن و بە کەمیان نەزانـن.. ئـازایەتی ئـەدەبی، ئەوە ناگـەیەنێت کە لە ئاستی راستییەکاندا، کەلەڕەقی و نکووڵی بنوێنن، تەنیا هەر قسە و را و بیرۆکەکانی خۆیان بە راست و دروست بزانن. راو و بیرۆکە جیاوازەکانی کەسانی تـر رەتبکەنەوە.
ئـازایەتی ئـەدەبی تا رادەیـەک خەسڵەتێکی بۆمـاوەیە، لە هەمـان کاتیشدا خەسڵەتێکی وەرگـیراوە. منـداڵان لە دایکان و باوکان و لە کەسانی تـرەوە ئەم خەسڵەتە وەردەگرن.

دەکرێت لە هەڵوێستەکانی رۆژانـەدا، بە پێی قۆناغەکـانی تەمەنی منداڵان، هـێدی هـێدی منداڵان لەسەر خەسڵەتی ئازایەتی ئەدەبی رابهێنرێن. تا ببێت بە بەشێک و بە بەهایەکی بەرزی چەسپاو لە ژیانی کەسایەتییاندا.. دایکان و باوکان و مامۆستاکان رۆڵێکی گرنگ و کارتێکەر و بەرچاویان هەیە، لە هانـدان و لە روانـدنی ئـازایەتی ئـەدەبی لە دەروونی منداڵەکانیاندا. بۆ نموونە: بە ئامادەبوونی دایکان و باوکان، یا بەبێ ئامادەبوونیان، ئەو بـزانن کە بە چ شێوازێک منداڵەکانیان گفتوگۆ لەگەڵ کەسانی نائاشنا و نامـۆدا دەکەن.. چـۆن بە بێ ترس و شەرمکردن و لەڕووهـاتن، لەگەڵ کەسانی نامـۆدا دەدوێـن.. یا لە ئاهـەنگی یادی ساڵـڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیاندا، سەرەنجیان بدەن و بزانن، کە چۆن پێشوازی و بەخێرهاتنی هـاوڕێ بانکراوەکانییان دەکەن، چـۆن بە بێ شەرم و شـڵەژان قسەدەکەن و گوزارشت لە دڵخـۆشی و شـادی خۆیان دەکەن، بە چ شێوازێکی شیرین و شایستەش سوپاسی ئامادەبوونی هـاوڕێکانیان دەکەن.. یا لە پۆلی خوێندنـدا، یا لە کاتی ریزبوونی رۆژانەی پێش دەستپێکـردنی وانەکـان لە قوتابخانەکانـدا، ئایـە منـداڵەکـانتان ئـەو ئازایەتییە ئەدەبییەیان هەیە، کە بەبێ شەرم هۆنراوەیەک، یا پارچە پەخشانێک، یا چـالاکییەک بە دەنگـێکی بـەرز و بـە شـێوازێکی فانتـازی، لە بـەردەم مامۆستاکـانیان و هـاوڕێکانیانـدا پێشکەش بکـەن.. منداڵان لە رێی ئەم هەڵـوێستانە و لە هاوشێوەی ئەم هەڵـوێسـتانەوە، دەتوانن ئـازایەتی ئـەدەبی خۆیـان دەربخەن و سەرنجی کەسـانی تر بۆ لای خۆیان رابکێشن.. زۆر لە منـداڵان هەن، کە گەلی بیرۆکە و رای جـوان لە ناخیاندا هـەن، بەڵام ئـەو ئازایی و ئازایەتییە ئەدەبییەیـان نییە، کە بە قسەکـردن دەریان ببـڕن.

بەشێکی زۆری توێژینەوەکانی ئەم بـوارە، ئەوەیـان سەلمانـدووە کە هۆکـاری شەرم و ترس و نەبوونی ئازایەتی ئەدەبیی منداڵان، دایکـان و باوکانیانن. ئەمەش بە کەلێنێکی پەروەردە دەزانرێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە دایکان و باوکان، زیـادەڕۆن لە چاودێری و لە پاراستنی منداڵەکانیان، هەمیشە بە دوایانەوەن، بـواری ئەوەیان نـادەنی کە پشـت بە خۆیان ببەستن. هەموو شتێکیان لێکردوون بە بڤە و ئێوە ناتـوانن، ئێوە هێشتا منداڵن، قسەمەکەن و قـوڕوقەپ، دەمتان داخـەن.. بەم شـێوە نادروسـتانە تەریقـیان دەکەنەوە.
(یۆنـامات) دەڵـێ”تـا تەمـەنی سیانزە ساڵـیم، وامـدەزانی کە نـاوم ـ دەمـت داخـە ـ یە”

دایکان و باوکان، لە منداڵەکـانت بگەرێن، با دەمیان دانەخـەن و بە ئازادی و ئازایەتی گـوزارشت لە ناخـی دەروونیان و لە حەز و راز و نیازەکـانیان و لە را و بیرۆکە و لە بۆچوونەکـانیان بکەن، ئەگەر هەڵـەشیان کرد، لێیان تووڕەمـەبن و چاوتـان لێیان زەق مەکەن و سەرکوێریان مەکەن، تەریقیان مەکەنەوە.. بە داخەوە کە هەندێ لە دایکان و باوکـان شانـازی بـەوەوە دەکـەن، کە منـداڵەکـانیان ناوێـرن لە ئاستیاندا فـزەبکەن، یا چـاویان هـەڵبێنن. ئەمـە رەفـتارێکی هـەڵـەیە و ئەنجـامێکی خـراپی لـێدەکەوێتـەوە.
گەر بتانەوێت منداڵەکانت بە ئازایەتی ئەدبی پەروەردە بکەن، پێویستە بە شێوەیەکی راست و دروست پەروەردەیان بکەن، پشت بە بنەما دەستوورییەکان و بەرنامەیەکی داڕێژراوی سیستەماتیک ببەستن، کە شیاو و گونجـاوبن لەگەڵ قۆناغەکـانی تەمەنی منـداڵاندا. پێویستە دایکـان و باوکـان، هەست بەوە بکـەن، کە منداڵەکـانیان هـەر لە منداڵییەوە، رەنگـدانەوەی شەرم و بێـدەنگی و لەروونەهـاتنیان پێوە دیـارە.. بەشێکی زۆریـان ئـازایەتی گوزارشتکـردن و دەربـڕینی حـەز و نیـاز و رازەکـانیان نین.. ئەگەر هەر وابمێننەوە، کە گـەورەشبن ئەم خـەسڵەتە نەرێنـیانە دەبـن بە بەشێک لە ژیـانیان.
کە مامۆستا بووم لە قوتابخانەیەکی شاری کەرکوکی کوردستانی، وانەی ماتمـاتیکم بە پـۆلی پێنجەم و شەشەمی بنـەڕەتی دەوتەوە ـ دوور لە خۆهەڵکـێشان ـ هەمـوو ساڵێک سەرپەرشتیاری ماتماتیک لە بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک، داوی لێـدەکردم کە وانەیەکی نموونەیی بۆ مامۆستایانی ماتماتیکی قوتابخانەکانی کەرکوک بڵێمەوە. زۆر بە ئاسایی و سەرکەوتووییەوە دەمـوتەوە.. جارێکـیان بە سەرپەرشتیارەکـەم وت، ئەمساڵ داوا لە مامۆستایەکی تر بکە با وانەیەکی نموونەیی لە ماتماتیکدا بڵێتەوە، با هـەر مـن نەبم، سەرپەرشتیارەکەمان وتی:” بـڕوابکە، دوام لە زیاتر لە پەنجـا مامۆستا ماتماتیک کـردووە، لە وەڵامـدا پێیان وتم، بە راستی ئێمە شەرم دەکەین و ناتوانین لە بەردەم ئەو هەموو مامۆستایانەدا، بە سەرکەوتوویی وانەیەیەکی نموونەیی لە ماتماتیکـدا بڵێینەوە، داوای لێبووردنیان لێکردم” من هۆکاری نەبوونی ئـازایەتی ئەدەبیی ئەو مامۆستایانە و بە هەزاران گەورەی تریش بۆ تافی منداڵییان دەگەڕێنمەوە، ئۆباڵیان لە ئەستۆی دایکان و باوکان و مامۆستاکانیانن، دەبوایە زوو هەستیان بەم خەسڵەتە نەرێنییە بکردایە و بە راهێـنان و بە یارمەتیـدانی پێویـست چـارەسەریان بکـردایە و نەیـان هێشتبایە ببـێت بە ترس و شەرمکردن و بە دیاردەیەکی نەخوازراوی چەسپاو لە کەسایەتی و ژیانیاندا.

ئـازایەتی ئەدەبیش، خەسڵەتێک نییە، کە بە ئاسانی و تەنیا بە قسـەی رووت بێـتەدی، وەک ئەوەی کە دایکـان و باواکـان بە منداڵەکانیان بڵـێن “دەبـێ ئـازایەتیتان هەبێـت” خەسڵەتێکیش نییە کە بتـوانن، لە مـاوەی چەنـد مانگـێک یا ساڵێکـدا ئەم خـەسڵەتە لە دەروونـی منـداڵەکـانتان بـڕوێـنن.. بەڵـکو بۆ رۆانـدنی ئـازایەتی ئـەدەبی لـە دەروونـی منداڵەکـانتان، پێویستیـتان بە ئـارامی و قـوربانیـدان هەیە.. چونکە پەروەردەکـردنێکی راست و دروست کاتێکی زۆر دەخایەنێت و پێویستی بە پشوودرێژی و درێژەدان هەیە.

(ئـەرسـتۆ) دەڵـێ”رەگـی پـەروەردە تـاڵـە.. بـەڵام بـەرەکـەی شـیرینـە”
بە کورتی لەم خـاڵانەی خـوارەوەدا، باس لە گرنگترین رێگاکانی گەشەکردنی ئازایەتی ئەدەبی لە منداڵاندا دەکەین.. بەو هیـوایەی کە دایکان و باوکان سوودیان لێوەربگرن:
١ـ دایکان و باوکان ئاوێنەی منداڵەکانیان، پێویستە هەموو دایک و باوکێک نموونەبن لە ئازایەتی ئەدەبیدا و ببن بە پێـشەنگ بۆ منداڵەکانیان، چونکە منداڵان چاولێکەرن و لاسایی گەورەکـان دەکەنەوە، بە تایبەتیش رەفـتار و کردارەکـانی دایکـان و باوکـانیان.
(ویـن دایـەر) دەڵـێ:”منـداڵەکـانتان دەڕواننـە هەمـوو ئەو کـردارانـەی کە لە ژیـانتانـدا دەیـانکـەن.. نـەک لـەو قسـانـەی کـە دەیـانکـەن”
٢ـ چیرۆک رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەروەردەکردنی منداڵاندا، پێویستە دایکان و باوکان ئەو چیرۆکـانە بۆ منداڵەکانیان بگـێڕنەوە یا بخـوێننەوە، کە باس لە ئـازایەتی ئـەدەبی و ئـازایەتی جـەستەیی دەکەن، بە تایبەتیش ئەو چیرۆکـانەی کە پاڵەوانەکـانیان منـداڵانن.
٣ـ راستگۆیی خەسڵەتێکی گرنگی ئـازایەتی ئەدەبییە، پێویستە دایکان و باوکان هەر لە منـداڵییەوە، منداڵەکانیان بە راستگـۆیی پـەروەردەبکەن و رایـان بهێنن و فـێریان بکەن کە راستگۆیی یەکێکە لە هەرە خەسڵەتە جوانەکانی کەسایەتی مرۆڤ، فێریان بکەن کە ئازایەتی ئەوەیان هەبێت کە دان بە هەڵکانیاندا بنێن.. گەر كچۆلەیەک قاپێکی لە دەست بەربۆوە و شکا و کەس چاوی لێنەبوو، بە دایکی بڵێت ئەو قاپە لە دەستی من بەربۆوە و شکا.. پێویسـتە دایـکی سوپـاسی بکـات و هـانی بـدات، کە کچـۆلەکـەی راسـتگـۆییە، هـیوای ئەوەشی بۆ بخـوازێت کە هەمیشە راستگـۆبێت.. چـونکە ئـەم منـداڵە ئـازایەتی ئـەدەبی هەیـە و لـەوەش ناتـرسێـت کە ســزای راستگـۆییەکـەی چیـدەبێـت بـا ببـێت.

٤ـ پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان بە هەموو شـێوازێک هـانی منداڵەکـانیان و قوتابییەکانیان بـدەن، کە بە ئەوپەڕی ئازادی و ئازاییەوە گوزارشت لە هـزر و خەیاڵ و لە را و لە بیـرۆکە و لـە بۆچـوونەکـانی خۆیـان بکـەن. بـۆ ئـەم مەبەسـتەش دەتـوانـن گەلێ دەرفـەت و بواریان بۆ بڕەخسێنن.. بۆ نموونە لە (وانـەی داڕشـتن) دا، پێویسـتە مامۆستای زمـانی کوردی، هانی قوتابیانی پۆلەکەی بدات، کە داڕشتنەکانیان لە بەردەم هـاوڕێکانیانـدا بخـوێنـنەوە، تا شەرمیـان بشـکێ و لەسـەر ئـازایـەتی ئـەدەبـی رابـێن.
٥ـ بەشداریکردنی منداڵان لە تیپی سروود و موزیک و گۆرانی قوتابخانەدا بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی شەرم دەکەن، تا شەرمیان نەمێنێت و ئەو ئازایەتییە ئەدەبییەیان هەبێـت کە خۆیان دەربخەن و لە بەردەم هاوڕێکانیاندا بێ شەرم و شڵەژان بتوانن گۆرانی بڵێن.
٦ـ پێویستە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان ئەوەبـزانن، کە کـردارەکان کاریگەرتـرن لە قسەکـان، ئـەم راستییەش بـووە بە چەمکـێکی گـرنگی پـەروەردەی نـوێی منـداڵان.
٧ـ هەرگیز نابێت گاڵتە و تەڵفیسی بە قسەکانی منداڵان بکرێن و رووشکێنیان بکەن. تا نەتـرس و شـەرم نەکـەن و خۆیـان بـە لاواز و بێ تـوانـا نـەزانـن.. هـانیان بـدەن تـا بە ئـازایەتی تواناکـانی خۆیـان لە بەردەمی کەسانی تـردا دەرببـڕن. لە هـەڵـە و شکستیش نەترس، لە رێی هـەڵە و شکستییەوە، دەتوانن رێگای راستی و سەرکەوتن بـدۆزنەوە.
٨ـ منداڵان زۆر جار ناتوانن لە خۆیانەوە بەهـرەی ئـازایەتی ئەدەبی لە دەوروبەریانەوە وەربگرن. پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان بە ئەوپەڕی توانایانەوە یارەمەتییان بـدەن و ئاراستەیـان بکەن تـا زاڵـبن بەسەر ئـەم کێشەیـەدا و پشـت بە خۆیـان ببەستن.
٩ـ بـڕوابەخۆبوون، پێویستی و خەسڵەتێکی گرنگی کەسایەتییە، پاڵنەر و هاندەریشە بۆ درێـژەپێـدان و سەرکەوتـن.. ئەو منـداڵانەی کە بـڕوایەکی تەواویان بە خۆیان هەیە، بە گـەشبیـنیەوە پـشت بە خۆیـان دەبەسـتن، بە ئاسایی و ئاسانی و بە بێ شــەرم و تـرس، دەتوانن لە بەردەمی منداڵانی تـردا، گـوزارشت لە را و لە باوەڕ و بیرۆکەکانیان بکەن.

١٠ـ بۆ هاندان و گەشەکردنی بەهـرەی ئـازایەتی ئـەدەبی لە منـداڵاندا، پێویستە ساڵانە لە وەرزی دووەمی خوێندنـدا لە لایـەن بەڕێوەبەرێتی چـالاکییەکانی قوتابخـانەکان کە سـەر بـە بەڕێـوەبـەرێـتی پــەروەردەی شارەکـان و شارۆچکەکـانە “پێـشبرکـێی ئـەدەبی” بـۆ خۆێنـدنەوەی ” هـۆنراوە و چیرۆک و پەخـشان” بۆ قوتابیانی قوتابخانەکان سازبکەن، لە لایەن منداڵانی بەهـرەمەنـدی ئەم بوارانـەوە پێشکەش بکـرێن.. خەڵاتی جوانیش بە هەموو منداڵە بەشداربووەکان پێشکەش بکـرێن.. ئەم پێشبڕکێیانە رووحـی ملمـلانێی و وتووێـژ ئـەدەبی لە نێوان منداڵانـدا دەوروژێـنن، منداڵانی بەهـرەمەند بە هـەلی دەزانـن کە بەهـرە و ئـازایـەتی و توانـا ئـەدەبییەکـانی خۆیـان دەردەبخـەن.
١١ـ “بەڕێـوەبەرێتی گـشتی رۆشـنبـیری منـداڵان” کە سـەر بـە وەزارەتـی رۆشنبـیری کوردستانە، دەتوانێت سـاڵانە ” پێشبڕکێ ئـەدەبی بۆ منـداڵانی کوردستان” بۆ منـداڵانی بەهرەمەند لە بواری “ئـەدەبی منداڵان” دا سازبکات، پێویستە لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیشەوە، چەند منداڵێک بۆ ئەم پێشبڕکێیانە بانگ بکرێن.. خەڵاتی جوانیش پێشکەش بە هەموو منداڵە بەشداربووکان بکـرێن.. بە داخـەوە کە وەزارەتـی رۆشنبـیری کوردســتان، تـا ئێسـتا بایەخێـکی ئەوتـۆیان بە بەهــرە و بە چـالاکییەکـانی منـداڵانی کوردسـتان نـەداون.. ئەوەیـان لەبەرچـاو نەگـرتوون کە منـداڵانی ئەمـڕۆمـان هیـوای داهـاتووی کوردسـتانن.. کە منـداڵان بەشێکن لە ئەمـڕۆ و هەموو داهاتووشن.

١١ـ راگەیاندنەکان و میدیاکانی کوردستان، دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە هاندان و لە گەشەکردنی ئـازایەتی ئـەدەبی لە منداڵانـدا، پێویستە کەناڵە تایبەتییەکانی منـداڵان بایەخێکی زیاتر بە چالاکییەکانی منداڵان بدەن.. چونکە هێشتا لە ئاستی پێویستدا نین.
١٣ـ شانۆ بوارێکی گرنگە، بۆ هـاندان و راهێـنانی منـداڵان بە ئـازایـەتی ئـەدەبی و بۆ رەواندنەوەی تـرس و شەرمیان. زۆربـەی منـداڵان حەزیـان بە نوانـدن هـەیە. لە رێی نواندنەوە دەتوانن تواناکانیان دەربخەن و ئازایەتی ئەدەبی و جەستەییان پێشان بـدەن.
١٤ـ من پێشنیاری ئەوە دەکەم، کە لە ساڵی خوێنـدنی ( ٢٠١٨ـ ٢٠١٩ ) دا، لە هـۆڵێ کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگاکـانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و دهۆک و هەڵەبجە،
چەنـد کۆڕێکی ئـەدەبـی بۆ قوتابیانی قوتابخانە بنەڕەتییەکـانی شارەکانیان، بۆ چـالاکی ئەدەبی منداڵان سازبکەن، هەر جارەی کۆمەڵێک لە منداڵانی بەهرەمەند، هـۆنـراوە و چـیرۆک و پەخـشان پێشـکەش بکـەن.. گـەر بیانـەوێـت ئەمـە کـارێـکی گـران نیـیە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٣١ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٨

Previous
Next

Leave a Reply