دانیێل دیفیرت و چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک له‌ پاڵ فۆکۆ دا … دیدار مه‌سیفی



لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە
٤-١١-٢٠٠٧

—————————————–

‌‌

هه‌ر کاتێک ناوی په‌تای ئه‌یدز دێت رۆڵ و ناوی ئه‌و پیاوه‌ به‌ ویقاره‌شی له‌ ته‌کدا ده‌نوسرێت که‌ ته‌مه‌نیکی درێژی له‌ وه‌ستان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ترسه‌ جیهانیه‌ ته‌رخان کردووه‌ و چه‌ندین ریکخراوی جیهانی پێکهێناوه‌. ئه‌و پیاوه‌ ئه‌فه‌ندییه‌ ژیره‌ی که‌ له‌وانه‌یه‌ لای زۆرینه‌ی خه‌ڵک ته‌نها به‌ گوێگرتن له‌ ووشه‌ی ئه‌یدز و زانینیان به‌م په‌یوه‌ندیه‌‌ درێژه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ فۆکۆدا هه‌یبووه، ئه‌و نموونه‌یه‌کیش بێت بۆ بێشه‌رمی و سه‌رلێشێوانی ئینسانی بیرمه‌ند.

ئه‌و پرۆفیسۆره کۆمه‌ڵناسه‌‌ به‌ ویقاره‌ له‌ ته‌مه‌نێکی زوودا ده‌ستی دا کتێب و به‌ باڵای پله‌ ئه‌کادیمییه‌کاندا هه‌ڵگه‌ڕا، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌م هه‌موو کار و کرده‌وه‌‌ گه‌وره‌انه‌ی که‌ له‌ ته‌مه‌نیدائه‌نجامی داون، ئه‌و زۆر که‌م خه‌م و که‌م ته‌رخه‌م بووه‌ له‌ خۆبه‌ده‌رخستن له چاو ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی که‌ له‌ باکوری ئه‌فریقیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا کار و کتێبه‌کانی دۆسته‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی ئه‌ویان سانسۆر کراو وه‌رده‌گێرا سه‌ر زمانه‌کانی خۆیان وه‌ یان ئه‌وانه‌ی نوسینه‌کانی فۆکۆیان به‌ زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی و کوردی ده‌خوێنده‌وه‌ و له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و نوسینه‌کاندا ناوی فۆکۆ ببوو به‌ وێردی سه‌ر زوبانیان. ئه‌وان هه‌موویان له‌ دانیێل دیفیرت گه‌رمتر و زیاتر له‌ قسه‌ کردن و جل له‌به‌رکردن و له‌ وه‌ستان له‌ به‌رده‌م کامیرادا خۆیان وه‌ک فۆکۆ نیشان ده‌دا. بێئه‌وه‌ی هیچیان شێلگیرانه به‌ نزیک سنوورێک دا بچن که‌ فۆکۆ له‌ سه‌ریدا تاق و ته‌نیا به‌ سه‌ر و قوونی رووته‌وه‌ جوێنی به‌ هه‌ر شتێک ده‌دا که‌ ناوی دسپلین و ده‌سه‌ڵاته‌!

دانیێل دیفیرت له‌ ته‌مه‌نێکی گه‌نجدا ببوه‌ دۆستی فۆکۆ و به‌ته‌مه‌ن ده‌ ساڵ له‌ ئه‌و بچووکتر بوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ر له‌وه‌ی ببێت به‌م پیاوه‌ به‌ ویقاره‌ که‌سێکی گورج و شۆڕشگێر بوو و کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌کانی فۆکۆ دانا. بۆیه‌ له‌وانه‌بوو ئه‌گه‌ر دیفیرت له‌ ژیانی فۆکۆ دا نه‌بووایه‌، کتێبه‌کانی ئه‌و که‌متر بۆنی شۆڕش و ریفۆمیان لێده‌هات. هه‌روه‌ها فۆکۆ له‌ بوونی دیفیرت له‌ پاڵیدا وه‌ک پاله‌وانێکی سه‌ر په‌تی سێرک هه‌رده‌م هه‌ستی به‌ له‌نگه‌رگرتنێکی زیاتر ده‌کرد به‌ تایبه‌ت کاتێک دووچاری‌ ره‌خنه‌ی‌ تووند ده‌بوو‌ه‌وه‌ له‌ لایه‌ن فه‌یله‌سوفانی به‌ ته‌مه‌ن له‌ خۆی گه‌وره‌تر وه‌ک سارته‌ر و دێ پۆڤوار و ئالتوسیر، یان ئه‌وانه‌ی بیرمه‌ندی راستره‌و بوون و تیوره‌کانی فۆکۆیان له‌سه‌ر شۆرشی ئیسلامی ئێران کردبووه‌ چه‌کی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچن به‌ گژ هه‌موو لێکدانه‌وه‌کانی دیکه‌ی فۆکۆ که‌ سه‌باره‌ت داپڵۆسین و ده‌سه‌ڵات و سێکس هه‌یبوون.

دانیێل دیفیرت هه‌رده‌م له‌ پاڵ دۆسته‌که‌ی دا ده‌وه‌ستا کاتێک دژ به‌ فۆکۆ و ره‌خنه‌گرانی ده‌چوون روو په‌ڕی رۆژنامه‌ فه‌ره‌نسییه‌کانیان به‌ هه‌واڵێک داده‌پۆشی که‌ گه‌وره‌ترین پارادۆکسه‌ له‌ ژیانی ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ سه‌ر رووته‌. له‌ هه‌ر وه‌ستانێکی ئه‌ودا له‌ به‌رگری گه‌لان ئه‌وان ده‌چوون دانیشته‌که‌ی فۆکۆیان ده‌هێناوه‌ گۆڕی که‌ له‌گه‌ڵ خومه‌ینیدا کردبووی ئه‌و کاته‌ی له‌ پاریس په‌نابه‌ر بوو، وه‌ هه‌رده‌م به‌ ره‌خنه‌ فۆکۆیان سه‌رکۆنه‌ ده‌کرد کاتێک ئه‌و شۆرشه‌ی ئه‌و رۆژگارێک به‌رگری لێکردبوو له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌ ده‌رزه‌ن چه‌پ و کورد له‌ سێداره‌ ده‌دات. ئه‌وان فۆکۆیان به‌وه‌ تاوانبار ده‌کرد که‌وا هاوسۆزی ئیسلامه‌.

به‌ر له‌م ته‌نگژه‌یه‌شدا له‌ ژیانی فۆکۆ، دانیێل دیفیرت هه‌رگیز هاوپشتی و هاوسۆزی ده‌ ساڵ پێشووتری فۆکۆی له‌ یاد نه‌ده‌چوه‌وه‌ کاتێک پۆستی سه‌رۆک به‌شی فه‌لسه‌فه‌ له‌ زانکۆی کلیمنت-فیرراند له‌به‌ر ئه‌و جێده‌هێلێت بۆ ئه‌وه‌ی دواتر کوردی ئاسا دوای شاگرده‌که‌ی ‌که‌وێت.

له‌ تونس سێ ساڵ پێکه‌وه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، دیفیرت له‌ زانکۆ ده‌رس ده‌ڵێته‌وه‌ و فۆکۆش هه‌موو کاتی بۆ نوسینێک ته‌رخان ده‌کات به‌ ناوی ئه‌رکیۆلۆژیای مه‌عریفه‌ت.

دانیێل دیفیرت به‌ درێژایی ئه‌و چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ی که‌ له‌ پاڵ ناودارترین فه‌یله‌سوفی سه‌رده‌م ژیا، بۆ ئاره‌زووێکی ناپه‌سند ئاماده‌بوو هه‌موو تواناکانی خۆی بخاته‌ په‌راوێز و له‌ سێبه‌ردا گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌ دۆست و خۆشه‌ویسته‌که‌ی میشێل فۆکۆ بکات. دواتریش کاتێک ده‌بینێت دۆسته‌که‌ی له‌ به‌ر چاوی ئه‌و ده‌بێته‌ قوربانی نه‌خۆشیێک که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ مه‌رگێکی مسۆگه‌ری به‌ دواوه‌یه، بریتیه‌ له‌ کابوسێکی پڕ له‌ شه‌رمه‌زاریش، به‌ تایبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌می که‌ فۆکۆی تێدا مرد‌، دانیێل دیفیرت چۆن ته‌واوی ژیانی خۆی بۆ فۆکۆ ته‌رخان کرد که‌ له‌ ژیاندا بوو، دوایی مه‌رگی ئه‌ویش به‌ر له‌ هه‌موو که‌سێک چوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م په‌تا جیهانیه‌ هه‌نووکه‌یه‌دا وه‌ستا و هه‌ڵستا به‌ پێکهێنانی یه‌که‌مین رێکخراو له‌ جیهاندا بۆ بنبڕ کردنی ئه‌یدز. دانیێل دیفیرت هێشتا له‌ ژیاندایه‌ و تاوه‌کو ئێستاش که‌سێکی کارایه‌ له‌م بواره‌دا، هه‌ر کاتێک باس له‌ ئه‌یدز بکرێت ئه‌و یه‌که‌مین که‌سه‌ پرسی پێده‌کرێت ئه‌وه‌ی لێره‌ش له‌ دواییدا بۆ ئه‌و نوسینه‌ ده‌مینێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا کاتێک رۆشنبیر باس له‌ فۆکۆ ده‌کات، ده‌بێت چۆن باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نه‌خوازراوه‌ بکات که ئه‌و‌ بۆ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ دانێێل دیفیرتدا هه‌یبووه‌، وه‌ یان چۆن ووته‌ زیندووه‌کانی دۆسته‌ سه‌ر رووت و مردووه‌که‌ی ئه‌و بخوێنێته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت “ده‌بێت له‌ یه‌ک کاتدا هه‌م ره‌چاوی سێکسی بێ سنوور، و هه‌م ره‌چاوی ده‌سه‌ڵاتی بێ پادشا بکه‌ین”!

دیدار مه‌سیفی

dmasifi289@yahoo.ca