Skip to Content

139 Views

کچان پانۆرامای ژان و ژیان …. ماریه پاکنەهاد

کچان پانۆرامای ژان و ژیان …. ماریه پاکنەهاد

Be First!
by November 11, 2018 General, Opinion, Women
image_print

ژن و پیاو ئەو بوونەوەرن که به پێ چۆنیەتی هەڵسەوکەوتیان داب و نەریتەکانیان دەر ئەخەن و مانای پێ ئەبەخشن. کاتێ روو لە هەر کۆمەڵگایەک ئەکەین، پێش هەموو شتێک لەگەڵ نەریتە گشتییەکان رووبەروو ئەبینەوە، که پێناسەیەکی گیشتیمان به دەست ئەدا. بەڵام کاتێک کە بە وردی له ژیانی هەر تاکێک ئەکۆڵینەوە، بۆمان دەرئەکەوێ لە ناخی نەریتە گیشتییەکاندا هەر تاکێکیش هەڵگری تایبەتمەندییەکە کە لە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگای جیا دەکاتەوە.

ماوەی چەندین ساڵە کە باس لە کێشەکانی ژنان ئەکرێ و له لایەن شارەزایانی بواری ژنانەوە دەستنیشان ئەکرێن و قسەیان لە سەر ئەکرێ. بۆ هەمووان ئاشکرایه کە کێشەکانی ژنان، کێشەی سەرەکی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتییه و تا ئەو کێشەگەلەش چارەسەر نەکرێن، ناتوانین باس لە ئازادی کۆمەڵگا بکەین.

جیا لەمانە ئەزانین کە زۆربەی نەهامەتییەکانی ژنان هەر لە بنەڕەتەوە بە هۆی سیستمی زاڵی کۆمەڵگاوە واتە سیستمی پیاوسالار خوڵقاون. ئەگەر سەیری ئیستە و رابردووی خۆمان بکەین، ئەبینین کە رێژەی تاوان، کوشتن، دەستدرێژی و توندوتیژی، خۆ سووتاندن، لەشفرۆشی، خەتەنە کردن و ئێعتیاد و دەیان خەساری دیکە بەردەوام روو لە زیاد بوون‌دایه و برینەکان نەک به پێ پێویست سارێژ نابنەوە بەڵکوو قووڵ و قووڵتر ئەبن.

کاتێ کە دینی ئیسلام هاتە نێو کۆمەڵگای ئینسانییەوە سوننەتە دواکەوتووەکانی نەزانین، واته جاهلیەت، سەبارەت بە مافی ژن، لە نێو خۆی‌دا گوم و گۆڕ کرد. مافی خاوەن دەسەڵات لە ناو برا، ئەوەی کە مافی خۆیان بوو زۆر و بە سەختی ئەیانتوانی بە دەستی بێرن. خەڵکی خۆیان لە نەزانین ئەدا و قەبووڵیان ناکرد کە پیاو و ژن پێکەوە بەرابەرن و هیچکامیان بە سەر ئەوی‌تریانە مافی جیاوازی و فێرکردنی نییه.

خودایش پییان وتی: “ٳن ٲکرمکم عند الله ٲتقیکم”. (بە راستی چاکترینی ئێوە له لای خودا، خواناس‌ترینتانە).فەرهەنگ و داب و نەریتێکی دیکە کە لەگەڵ بناغه و ئەسڵی دین‌دا یەک ناگرن، ئەم باوەڕە نادروستەیە سەبارەت به تەڵاق و جیایی و ژن هێنانی دووان و سییان و چوار، بێ ئەوەی هیچ مەرجێکی مرۆڤایەتی لەبەرچاو بگیرێت، به شوو دان و ژن هێنانی کچان و کوڕان به زۆرەمڵی و گەورە بە بچووک کردنیان، پێش چاو خستنی شەرع و دین له کێشەی ژن بە ژن‌دا، کڕین و فرۆشتنی ژنان، ژن له جیاتی خوێن، توند و تیژی دژ به ژنان، لێدان و بێ حورمەتی و کۆ کردنەوە و کونتروڵی بێ ئەندازەی ژنان، هەموویان چیرۆکی نابەرابەری فەرهەنگێکە له ئێران و کوردستان‌دا کە پێویست به رەچاو کردنی هەموولایەنەی ژیانی ژنانی ئێران و کوردەواری هەیە. له هەر روانگەیکەوە کە بیری لێ بکەینەوە، ژن ئەیتوانی رووبە پێشکەوتن بڕوات؛ بەڵام بە داخەوە کۆمەڵگای پیاوسالاری بوو بە مانع سەر رێگای پێشکەوتنی ژنانی هۆنەروەر و پێک هێنەر و رۆشن‌بیر، بە تایبەت ژنانی شاعیر.

و بە راستی کە بە بۆنەی هەڵسووکەوتی کۆمەڵایەتی تایبەت کا لە کۆمەڵگا و وڵاتی ئێمەدا بوو، ژنانی شاعیر دەرفەت و مەیدانێ بۆ وەروخستنی هۆنەر و شیعرەکانی خۆیان نەئەدۆزیەوە. هەمیشه دەبوایه له پشتی پەرده و له کونجی ماڵدا شاراوە بوایەن. بە هۆی داب و نەریتەکانی نێو کۆمەڵگا، ژنان نەیانئەتوانی و نەئەبوا! بۆ گوڵ کردنی هەست و هۆنەریان دەرفەتێک بەدەست بهێنن. هەمیشە پێنووس له دەستی پیاوان بوو و ژنیش چاوەڕوانی دەستی نیزامی پیاوسالارانە بوو.
لە نیزامی پیاوسالارانە تا پێش شۆڕشی سەنعەتی له ئۆرووپادا بابەتە گرینگەکان لای ژنان، زیندوو مانەوە بوو، بۆ تەواوی ژیانیان و خۆشەویست بوونیان و مناڵ بوونیان(بە تایبەت کوڕ بوونیان)، هەر وەکوو فردوسی ئەڵێ: “زنان را بود در جهان یک هنر، نشینند و زایند شیران نر”.

هەروەها ئەم شاعیرە لە بەرابەر ژنێک کە ترسی دابووە بەر خۆی و له عیشقێکی قەدەغه قسەی کردوو، کارێک کە پیاوان هەمیشه تێیدا ئازاد بوون، وەها تووڕە ئەبێ کە ژن و ئەژدیها وەک یەک دائەنێ: “زن و اژدها هردو در خاک به جهان پاک از هر ناپاک به”.
پاش شۆڕشی سەنعەتی، هەرچەند پیاوان و ژنان له ئێراندا لە ژێر فشاری جیهانی، پێیان بە مۆدێرنیزم دانا بەڵام هەرگیز دڵیان پێ نەدا و لە پاشمله خەریک ململانی کردن لەگەڵ مۆدێرنیزم‌دا بوون، لەگەڵ هاتنی کتێبخانە و زۆر کردن بۆ دەرس خوێندن، کچانی لاو لەگەڵ مۆدێرنیزم‌دا ئاشنا بوون، فێری زانیاری و عیلمی رۆژ بوون بەڵام سوننەت خوازەکان هەمیشه له مۆدێرنیزم ئەترسان.

کۆمەڵگای باوکسالاری: کوشتنی ژنان بە ناو نامووسەوە

کوشتن به ناوی نامووسەوە نەریتێکی خێڵەکیه کە رەگ و ریشەی لە سیستمی باوکسالاری‌‌دا هەیه. هەندێک مرۆڤ‌ناس پێیان وایه کە سیستمی باوکسالاری لەگەڵ سیستمی موڵکایەتی‌دا به دونیا هات. واتە کاتێک پیاو بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بەوە بوو کە پارچە زەوییەک بکاتە هی خۆی و بیکێڵێ، ژنیش بوو بە یەکێک لەو شتانەی کە بوو بە موڵکی پیاو و مافەکانی زەوت کرا.
لە سیستمی باوکسالاری‌دا ئەوە پیاوە کە بڕیار ئەدات لەسەر ئەو بەها و نەریتانە کە پێویستە له کۆمەڵگادا چاودێری
پێ بکرێن. زۆربەی نەریتەکانی کۆمەڵگای باوکسالاریش بە قازانجی پیاوانە.

بە گیشتی باس لە کێشەکانی ژنان کرا بەڵام ئەو کێشەی کە زۆرتر ئەبێتە هۆی مەترسی کۆمەڵگا و مروڤەکان، کێشەی خۆکوژی و خۆ سووتاندنی ژنانە.
خۆکوژی کردار یان هەڵسوکەوتێکی وشیارانەیە کە مروڤ بۆ سڕینەوەی جەستەی خۆی به کاری ئەبات. خۆکوژی وەک خەسار و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی به ئەژمار دێ که ئەبێتە هۆی لاواز بوونی هێزی چالاکی کۆمەڵگا و تەندرووستی مرۆڤ و کۆمەڵگا ئەخاتە مەترسییەوە.

هۆکارە جۆر به جۆرەکانی وەک دەروونناسی، بیولۆژی و کۆمەڵایەتی له کەم کردنەوە یان پەڕە پێدانی ئەم خەساره کۆمەڵایەتییه رۆلی تایبەت ئەگرێ. به پێی ئەو راپۆڕتانەی کە ساڵانە له پێوەندی لەگەڵ دیاردەی خۆکوژی بڵاو ئەبێتەوە، ئەم خەساره کۆمەڵایەتییه کە بەشێکی کوردستانی لە خۆی گردووه و تەندرووستی مروڤەکان و کۆمەڵگای کوردی خستووە مەترسییەوە، سێزدەهەمین هۆکاری مردن له جیهانە و هەروەها سێزدەهەمین هۆکاری مردنی خەڵکانی تەمەن (پانزدە تا سی وچوار) ساڵە. بۆیه خەسارناسان و پسپۆڕانی بواری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان گرینگی پێ ئەدەن و بەردەوام لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی لە سەر ئەکەن.

زۆربه‌ی کۆمه‌ڵناسان خه‌ساره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان خۆکوژی به‌ سێ ده‌سته‌ دابه‌ش ئه‌که‌ن؛

٭ هۆکاری خه‌سارناسی(نه‌خۆشی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و نه‌خۆشیه‌ نه‌فسیه‌کان).

٭ هۆکاری ئابووری(ده‌توانین له‌م په‌یوه‌ندیه‌‌دا ئاماژه‌ به‌ بێکاری، کێشه‌ی ئابووری و له‌ ده‌ست چوونی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌م هۆیه‌وه‌ بکه‌ین).

٭ هۆکاره‌ سۆزداریه‌کان(شکەست له‌ بواری خوێندن، شکست له‌ خۆشه‌ویستی، له‌ ده‌ست دان و مردنی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی نێزیکی بنه‌ماڵه‌، شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ که‌ زۆر جار توند و تیژی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌).

به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی بوونی سیستمێکی پیاو سالاری له‌ کوردستان که‌ داب و نه‌ریتی دواکه‌وتوانه‌ خۆی خستۆته‌ ناو هه‌موو قوژبنێکی ژیانی تاکه‌که‌سییه‌وه‌ ژنان ده‌که‌ونه‌ به‌ر توندترین شێوازه‌کانی توند و تیژی و هه‌ر به‌و پێه‌و و دوای بێ هیوا بوون له‌ ژیان ده‌ست ده‌ده‌نه‌ کرده‌وه‌ی خۆکوژی و له‌ ئاکام‌دا جه‌سته‌ی خۆیان ده‌سڕنه‌وه‌.

یه‌کێک له‌و دیارده‌ مه‌ترسیدارانه‌ی له‌ کوردستان باوه‌ و ژنانی کورد بۆ سڕینه‌وه‌ی جه‌سته‌ی خۆیان که‌ڵکی لێ وه‌رئه‌گرن ئاگره‌.

بەڵام بۆچی ئاگر؟!

عەتا نەهایی ئەڵێ: “له‌ خۆوه‌ نییه‌ که‌ خۆکوژی ژنان له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌ زۆری خۆسووتاندنه‌. کاتێک وه‌بیر خۆمانی بێنینه‌وه‌ که‌ کێشه‌ی ژن له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌ زۆری کێشه‌یه‌که‌ که‌ له‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێ. جه‌سته‌ له‌م کۆمه‌ڵگانه‌دا دیارترین نیشانه‌ی ژن بوونی ژنه‌و نمایشی ژنانه‌یی ئه‌کات. هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ که‌ به‌رامبه‌ری ئه‌کرێ به‌ هۆی جه‌سته‌وه‌یه‌تی.

کاتێک ژن بیر له‌وه‌ ئه‌کاته‌وه‌ وه‌رگرتن و وه‌رنه‌گرتنه‌کانی له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ریه‌وه‌، وه‌رگرتن و وه‌رنه‌گرتنه‌ له‌به‌ر جه‌سته‌، ئه‌وسا زیاتر له‌ هۆی هه‌ڵبژاردنی ئاگر بۆ خۆکوژی و نه‌فره‌ت کردنی له‌ جه‌سته‌و ناحه‌ز کردنی جه‌سته‌ی ئه‌گه‌ین.

له‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگانه‌ی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، مرۆڤ به‌ر له‌ مرۆڤ بوونی ژن یان پیاوه‌. به‌ زمانێکیتر ئه‌وه‌ ژن بوون یان پیاو بوونی مرۆڤه‌، که‌ به‌ر له‌ تواناکانی جێگه‌ و ئاست و راده‌ی مرۆڤ بوونی له‌ کۆمه‌ڵگادا دیاری ئه‌کات.

ژن یان پیاو بوون وه‌ک سه‌ره‌کیترین فاکته‌ری شوناس بۆ وه‌رگرتن و بۆ دیاری کردنی جێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌ڵبژاردنی ئاگر بۆ خۆکوژی ژنان جگه‌ له‌مانه‌ش هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک په‌یامی تایبه‌تیتره‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ خودی هه‌ڵبژێردراوه‌که‌، واته‌ ئاگرو، تایبه‌تمه‌ندیه‌ دیار و شاراوه‌کانی و ده‌وری (ئاگر) له‌ ژیانی به‌رهه‌ست و نابه‌رهه‌ستی مرۆڤ و به‌ گشتی په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رجه‌می ئه‌و مانایانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئاگر له‌ ناخ و جه‌وهه‌ری خۆیدا هه‌ڵیگرتوون”.

باشلار ره‌نگه‌ یه‌که‌م که‌س بێ به‌ پێچه‌وانه‌ی که‌سانێکی وه‌ک فڕۆید که‌ له‌ ده‌روون شیکاری مرۆڤه‌کان ئه‌فکرن و ئه‌کۆڵنه‌وه‌، له‌ ده‌روون و شیکاری شته‌کان (چوار شتی سه‌ره‌کی، ئاو – با – خاک و ئاگر) به‌ تایبه‌ت ئاگر ئه‌کۆڵێته‌وه‌ و له‌ کتێبێکدا به‌ ناوی “ده‌روون شیکاری ئاگر” لێدوانێکی تێر و ته‌سه‌ل له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ پێشکه‌ش ئه‌کات.

ئه‌م ئه‌دیب و فه‌یله‌سووفه‌ فه‌رانسه‌ییه‌ له‌ سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌می کتێبه‌که‌یدا به‌م شێوه‌ له‌ ئاگر ئه‌دوێ: “ئاگر دیارده‌یه‌کی شازا که‌ توانای شه‌رح و گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ژیان نمایشی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ئه‌کات که‌ گورج و به‌په‌له‌ ئه‌گۆڕێن، ئه‌وه‌ ئاگره‌ که‌ ئه‌توانێ گۆڕانی گورج و به‌په‌له‌ی ئه‌و شتانه‌ بگێڕێته‌وه‌… ئاگر وه‌ک بوونێکی ئه‌وپه‌ڕی گیاندارو ئێجگار زیندوو، له‌ لایه‌که‌وه شه‌خسی و خۆیی و ده‌روونییه‌، له‌ ناخی جه‌وهەره‌وه‌ سه‌رهه‌ڵئه‌داو له‌ شێوه‌ی عه‌شق ده‌رئه‌که‌وێ. ئاگر شاراوه‌ و کۆ وه‌ک نه‌فره‌ت و قین ئه‌خزێته‌ ده‌روونی شته‌‌کانه‌وه‌. له‌ ناو هه‌موو دیارده‌کاندا ئاگر ته‌نیا دیارده‌یه‌که‌ ئه‌توانێ زۆر به‌ ئاشکرا دوو جۆره‌ ئیعتباری دژبه‌یه‌ک وه‌ربگرێ. واته‌ هه‌م نمایشی خێر بکات هه‌م شه‌ڕ.

له‌ به‌هه‌شتدا بدره‌وشێته‌وه‌و له‌ دۆزه‌خدا بسووتێنێ…” به‌م بۆچوونه‌ دوو رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئاگر، له‌سه‌ره‌تای بوونیه‌وه‌ تا ئێستا، رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌کی دوو پۆ و هه‌ستی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌ ئاگر هه‌ستێکی دژواره‌.

ئاگر له‌ لایه‌که‌وه‌ تین و گه‌رماو رووناکی بڵاو ئه‌کاته‌وه‌، ره‌مز و هێمای پاککردنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو خه‌وشێکه‌، مه‌یلی جنسی و سێکس و سۆزو عاتفه‌ ئه‌بزوێنێ. (به‌ تایبه‌ت له‌ لای ژنان، چونکه‌ ئاگر به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاو نێره‌) له‌ لایه‌کیتره‌وه‌ ئه‌سووتێنی (له‌ش ئه‌سووتێنێ که‌ خه‌وشی گیانه‌) مرۆڤ له‌ لایه‌که‌وه‌ حه‌زی لێئه‌کات و به‌ره‌و پیری ئه‌چێ، له‌ لایه‌کیتره‌وه‌ لێی ئه‌ترسێ و لێی دوور ئه‌که‌وێته‌وه‌. ئه‌م دوو به‌ها دژوازه‌ی ئاگر له‌ لای مرۆڤ، یه‌که‌میان سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌تی زه‌ینی و تاکه‌ که‌سیدایه‌ و دووهه‌میان له‌ مه‌عریفه‌ت و تێگه‌یشتنی عه‌ینی و ته‌جره‌به‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێ.

له‌ کۆتایی دا ده‌بێ بڵێن ده‌بێ ژنان جه‌سته‌یان لا پیرۆز بێ و له‌ جیاتی سرینه‌وه‌ی جه‌سته‌ی خۆیان هه‌وڵ بۆ لابردنی یاسا هه‌ڵاواردن ئامێزه‌کانی کۆمه‌ڵگا بده‌ن و بۆ ده‌سته‌به‌ری مافه‌کانیان خه‌بات بکه‌ن و نه‌هێڵن کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ هۆی خۆکوژی ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتی و دواکه‌وتوو سه‌یری بکرێ و دیارده‌یه‌کی ناله‌بار به‌ ناو خۆکوژی له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان بنبڕ بکه‌ین.

سنە
ماریه پاکنەهاد

Previous
Next

Leave a Reply