Skip to Content

یادی کەڵە مرۆیەکی شاعیر و ئەدیب و ڕەخنەگر و مامۆستا  فەرەیدون عەلی ئەمین

یادی کەڵە مرۆیەکی شاعیر و ئەدیب و ڕەخنەگر و مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2018 General, Literature

هەڵۆ بەرزنجی

——————

مردن، دوا قۆناغە،کە کۆتاییەکی تاڵ و دڵتەزێن و یەکجاری بە ژیانی مرۆڤ دێنێت. لەم یاسایەدا هیچ کەس هەڵنابوێرێت و هەموو لێرەدا یەکسانین. سەرباری ئەوەیشی کە چاوەڕوانی ئەم ئاکامە وا تاڵ و ناخۆشە،کەچی لە هەندێ باردا زۆر کەس هەن کە نائومێدی ژیان بەسەریاندا زاڵ دەبێت هێشتا بۆی بەئاواتن. گەلێکیش هەن بەرلەوەی ئەو مۆتەکە بێ ڕوحمە سەرسنگیان بگرێت، بەهیوای ئەوەن ئەو چەندەها ئاوات و پرۆژەیەی لە مێشکیاندا خول دەخوات بە ئەنجام بگەیەنن و پێشکەشی بکەن. بەکورتی و کرمانجیەکەی هەن لە پەراوێزی ژیان دا بێ بەرنامە دەژین و لەبەردەم وێستگەی مردن دا چاوەڕوانی دەکەن. هەشە هەمان ڕاستی مردن دەزانێ، وەلێ دەخوازێ پاش خۆشی ژیان هەربەردەوام بێت و خزمەتێ لە پاش خۆی بە خاک و نەتەوە و سەرجەمی مرۆڤایەتی بکات.
ئەم هاوکێشە بە سفتوسۆ و حەتمییە بۆتە یاسا و دەستوورێکی بەڵگەنەویست و لەگەڵ جوانی لەدایک بوون دا هەیە. هەر یەک لە ئێمەش لەگەڵ ماڵئاوایی ئازیز و دڵسۆز و خۆشەویستێکیدا تەزووی ئەو ژان و ئازارەکان پێیدا گوزەر دەکاتەوە و پرسیارە ئەزەلی گشتییەکەمان لەبەردەمدا قووت دەبێتەوە. ژیان چییە؟ بنۆڕە ژیان چەند بێ مانایە بۆ فڵان کەسیش نەما. سەرلەنوێ فلیمی یاد و یادگار دەکەونەوە کار و کسپە لەهەناو هەڵدەستێننەوە.

ژمارەی ئەو قوتابی و مامۆستا و ئەدیب و شاعیر و دۆست و ئازیزانە زۆرە کە هەر بەناوهێنانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، بروسکەی چەندەها و جۆرەها یاد و بیرەوەریی بەمێشک و خەیاڵیاندا تێدەپەڕێت و ئاخێکی پڕ ئەفسووس بۆ مەرگی ئەو هێژا و ئازیزە، بۆ ئەو کۆتاییە ناوەختە بۆ ئەو زیانە مەزنەی لەدەستدانی ئەو مامۆستا هێژایە هەڵدەکێشن.
خۆشحاڵم لە ڕێگای گۆڤاری (خوێندکاری کورد)ەوە،ئاوڕێک بدەمەوە لە یەکێ لە شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگر و کوردیزانی هەرە تێکۆشەر و پێشڕەوی ئەدەبی منداڵان و مامۆستایەکی بەئەمەکی بیری کوردایەتی و پسپۆڕێکی پەروەردەکاری بواری پەروەردە و زانستی کوردی. بەسەرکردنەوەی دڵسۆزیی و خزمەتی هەر تاکێکی شەونخوونی کێش و ماندوو و قوربانی دەر لە پێناوی سەرکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی نەتەوەکەمان دا، ئەرکێکی هەرە سەرەتاییە. هەمان کات تۆماری قەرزدانەوە و ئەمەکێکە بە ڕاستی و مێژوو. ئەوجا دادڕینی پەردەی فەرامۆشی ڕووخانی دیواری بێدەنگییە، کە بەهەق دراوە بەسەر چەند ڕۆڵەیەکی سەربازی ونناوی گەلەکەمان دا. لە ڕاستیدا تەرخانکردنی چەند لاپەڕەیەک بۆ کۆچی دوایی ناوادە و پڕ لە ژان و سوێی مامۆستا فەرەیدون، هەموو ئەو یادگار و هەڵوێست و دەریای وردو هەستی ناسک و بیری گەش و قووڵی کوردایەتی و پرۆژەی کار و بەرهەم و ژیانی گشتی مامۆستای پێ لە چوارچێوە ناخرێت.

مامۆستا فەرەیدون بە گەواهی ئەوانەی ناسیویانە و نەیانناسیوە کانییەک بووە، هەمیشە ئاوی ڕوون و شیرین و هیوا و خەندەی لێهەڵقوڵاوە. لە زۆر بواردا شاسوار و باڵادەست بووە. بەو ماڵئاواییە ناوەختەی هەم خۆی بە ئاواتی زۆر شت ڕانەگەیشت و هەم ئێمەی دۆست و بەپەرۆشی ئەدەب و فەرهەنگ و تینووی بیری کوردایەتی لە بەهرەی بەرهەمەکانی بێبەش بووین.
ژیانی ئەدەبی مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٤ وە بە بڵاوکردنەوەی شیعر و چیرۆک و ڕەخنە بابەتی سیاسی و هزری دەست پێ دەکات بۆ ماوەی چل ساڵ لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئاشکرا و نهێنییەکان دا بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە. یەکەم کۆمەڵە بەرهەمی هەر لەهەمان ساڵی ناوبراودا لەگەڵ مامۆستا (عومەر عەبدولرەحیم) بەناوی “پاڵەوانی دواڕۆژ” پێشکەش بە منداڵانی کورد دەکات.
مامۆستا شارەزایەکی لێوەشاوەی زۆر شێڵگێڕی ئەدەبی منداڵان بوو. سەرکەوتنی گەلەکەی و دواڕۆژی بەختیاری و یەکسانی لە نیگای چاوی زارۆیانی کورد دا دەدییەوە. تەماشا دەڵێت:
” ڕۆڵە جگەرگۆشەکان! نیشتمان چاوەڕێی هیممەت و هێزی بازووی ئێوەیە. دڵ پاک بن لەگەڵ یەک،دوور بن لە کینە و دژایەتی. هەوڵ بدەن پێ بگەن و ببن بە پێشڕەو”.

مامۆستا فەرەیدون چاک لە باری بندەستی و هەژاری و نەزانینی کورد گەیشتبوو،هێندە دژ بە نەزانین وەستابووە تا لەم بەیتە شیعرەدا ئاخ و داخی خۆی دەردەبڕێت:
ئاخ خوێندەواری داخ خوێندەواری……بۆ کورد دەبیتە مایەی بەختیاری
مامۆستا خەون و خەیاڵی شەو ڕۆژی و کاروپیشەی ئەدەبی و سیاسی خۆی هەر بۆ سوود و بەرژەوەندی و گەیشتنە دوا ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەکەی و گەیشتن بە کاروانی گەلانی دیکە بەکار دەهێنا. زۆر کوردپەروەر و مرۆڤدۆست بوو. هەقپەرستێک بوو لە پێناوی داکۆکردن لە ڕاستی، باکی لە هیچ هێز و دەسەڵاتێک و زیانی ماڵی و گیانی نەبوو. ڕەوشت جوان و بەرز بوو، بەویژدان و پاک و قسە لە ڕوو بوو. لەسەر بیروباوەڕی خۆی کە تێدا یەقین بوو سوور بوو. کوردایەتی دەکرد بە هەموو مانایەکەوە. سەرنجی ورد و هوشیارانەی دەربارەی مەسەلەکان هەبوو. لە نێو کۆڕی خەبات و یاران دا خۆشەویست و بەڕێز بوو. ماڵی دنیا و بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆی زۆر لامەبەست نەبوو. هەڵپەی پلەوپایەی نەبوو. کار و پلەیەک بە ڕەنجی خۆی نەهاتایە بەرهەم، ڕێزی لە خاوەنەکەی دەکرت.

پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ و خوڵقانی ئەو بارودۆخەی هەیە،سەرکردایەتی (پاسۆک)چەندین جار ڕوویان لێ ناو برا گەورەییان بۆ سەلماند کاریان لەگەڵ دا بکات، ئەو بە ئەمەک و هێژاوە خەباتی هاوبیرەکانی نرخاندوو، بە نەزاکەتەوە پێی ڕاگەیاندن:” کە ئەو ئامادە نییە بێتە سەرخوانی ئامادە بوو”.

مامۆستا فەرەیدون لە کادێر و سەرکردە هەرە دڵسۆز و خۆشەویست و ماندووبووەکانی “کاژیک” بوو. لە ساڵی ١٩٦٢ هەتا ١٩٧٥پێشمەرگەی شۆڕش و کورد بوو. لە ڕسکانی (پاسۆک)ئاگادابووە و پرس و ڕای پێ کراوە و باری سەرنجی خۆی هەبووە. مامۆستا بەوردی سەرنجی ڕووداوەکانی کوردستانی داوە و کۆمەڵێ یاداشت و دیدی خۆی تۆمار کردووە مەخابن دەرفەتی بڵاوکردنەوەیان نەبووە. هێندەی ئێمەش ئاگادارین وا خێزانی مامۆستا خەریکی کۆکردنەوە و رێکخستنی بەرهەمە بڵاوکراوە و نەکراوەکانێتی بۆ چاپ کردن. بەهیوای دڵ و چاوی هەمووانی پێ ڕوون بێتەوە.

مامۆستا فەرەیدون، لە ٢٩/٢/١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەی(ئەمینی کامە حەمەی)ناسراو هاتۆتە دنیاوە. ١٩٥٣ خوێندنی پەیمانگای مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کردووە. بە مامۆستایی لە شارباژێڕ و سلێمانی و چوارتا دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٥ بەکالۆریۆسی لەسەرپەرشتی پەروەردە لە زانستگەی موستەنسرییە تەواو کردووە و دەبێتە سەرپەرشتکار و لێکۆڵەری زانستی. ١٩٨٢ لەسەر داخوازی خۆی خانە نشین دەکرێت. لە ١٩٨٥ وە هەتا ١٩٨٩ لە بەشی کوردی کۆلیژی پەروەردەی زانستگەی بەغدا لێکچەر دەڵێتەوە. مامۆستا لە هەموو پیشە و کارەکانی دا دڵسۆز و سەرکەوتوو بووە.

مامۆستا فەرەیدون… لە دامەزرێنەران و دەستەی بەڕێوەبەرانی( یەکێتی نووسەرانی کورد ) و ئەندامی دامەزرێنەری (کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کورد)ە.
١٩٧٢ هاوسەری خۆی هەڵبژاردووە و دوو کوڕی بەناوی ئاسۆ و ئالان هەیە. ماندوو بوونی ڕۆژانی شۆرش و داخ و حەسرەتی باری ژیانی کورد،زۆر بە قورسی لە تەندروستی دەکەوێت. بۆیەکا لەمەنێکی زوودا و بە دنیایەک فەنتازی و ئاواتەوە لە ڕۆژی ٢٥/١١/١٩٩١ بە نەخۆشی بڕبڕەی پشت لە بەغدا، چاوەکانی لێک دەنێ و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ماڵ و منداڵ و کەس و ئازیزان و نیشتمانەکەی دەکات. لەسەر داخوازی خۆی بۆ گردی سەیوانی سلێمانی دەهێندرێتەوە.

مامۆستا فەرەیدون چرایەکی ڕۆشنبیریی و هەقپەرستی و گیانی پڕ لە ڕاستی و مەردایەتی کوردایەتی و نموونەی بەرزی گەلەکەمان بوو. بە پەڕۆشەوە هەوڵی هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیرکردنی دەدا. عاشقی خوێندنەوەی مێژووی کورد و ئەدەبەکەی بوو. چەندین بەرهەمی بۆ منداڵان بڵاوکردۆتەوە و چەندینیشی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ وەرگێڕاوین.

^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^
سەرچاوە: خوێندکاری کورد ژمارە٢٦ی گەلاوێژی ٢٦١٠ ـ١٩٩٨

دەقی ئەو قەسیدەی مامۆستا شێرکۆ بێکەسی ڕەوانشاد بۆ مامۆستا فەرەیدونی وتووە.

Previous
Next
Kurdish