Skip to Content

230 Views

سێ فیلمنامە بۆ فیستیڤاڵی سینەمایی! … نیگار نادر

سێ فیلمنامە بۆ فیستیڤاڵی سینەمایی! … نیگار نادر

Be First!
by November 21, 2018 Cinema, General, Slider
image_print

لەپاش ڕووخانی رژێمی بەعس و ئەمریکاسەروەری و یاریەکانی لە عێراقدا گوومانی تێدانیە کە کورد لەدەوڵەتی عێراقدا سیاسەتی*( مارو پەیژە) ی لەگەڵ پیادەدەکرێت ، لەنەخشەی سیاسەتی گشتی دەوڵەتدا تەواو رۆڵی کارکەنارە و تەنها لە چەند پۆستێكی کارتۆنی و چەند پۆستێکی جۆکەردا پشکدارە ،هەروەها پشکداری کورد لە دەستوردا پشکداریەکی خاڵی و لەرزۆک و دەستکورتانەیە لەژیر ناوی فیدراڵیزمدا.
لەڕووی جوگرافیەوە هەرێمی کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ سێ دەوڵەتی تر کە هاوشێوەی عێراق پڕکێشەترین و شۆڤێنیترین دەوڵەتن لەوسەردەمەدا ،ئەوەی ڕوونە پاش پەسەندکردنی یاسای وەبەرهەمهێنان لەهەرێمدا نیولێبڕاڵەکانی ئەمەریکا سیاسەتەکانی خۆیان بە چەند جۆرە شێوازێکی جیاواز لەهەرێمدا پیادەدەکەن، یەکێکیان لە ڕێگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی پەترۆل و دوومیان لە ڕێگەی بنکە سەربازیەکانی کە پاش جەنگی داعش لەوناوچەیە نیشتەجێی کردون سێەمیان ئەجیندای سەربەخۆنەبوونی کوردە و بەستنەوەی هەرێمە بە بەغداوە ،هەر لەبەر ئەوەش ئەمەریکا بۆی گرنگە چۆن و کێ بەسەرۆک کۆماری عێراق دادەنرێت کورد چ پێگەیەکی لەوێ پێدەبرێت !

ئەوەی لە ئێستادا زۆر جێگای دڵگرانیە ئەو هەڵاو هەڵپە سیاسەیە کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بەدەستهێنانی پێگەو پۆستەکانی حکوومەتی عیراق ڕوودەدا ،چونکە ئەوجارە پێگەی کورد زۆر زۆر جیاوازترە لەسەردەمانی پێشوو لەبەرئەوەی کورد بە قۆناغی پۆست ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا تێدەپەڕێت ! لەهەمان کاتدا نێوەی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە داگیرکراوەتەوە مادەی ١٤٠ لەجێی خۆی سڕکراوە و کەرکووک لەدەست کورد دەرهێنراوەتەوە ،
لەبەر ئەو شۆکە سیاسیە پێویست بوو کورد لە ئیستادا بە ئیرادەیەکی خۆکردی پۆست ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردبا نەوەک ئەو هەنگاوە گەورەیی سەربەخۆیی بەدانوساندن لەسەر وەدەستهێنانەوەی چەند پۆستێک لە بەغدا چروک کردبا و بەو دوبەرەکیە کوشندەوە دووبارە هاوبەشی خۆی لەگەڵ بەغدا راگەیاندبا.

ئەو کۆمەڵگەی بووەتە سینەما ڤیستیڤاڵی سینەما سازدەدات

باڵادەستی هەژموونی ئەمەریکانیزم لە کوردستاندا تەنها لە کۆپی کردنەوەی هۆڵیود دانیە بەڵکو تێكرایی ژیانی سیاسی و زانستی و هونەری و رۆشەنبیری داتەنیوە ،ئەوان هەوڵدەدەن لەڕێگەی ئەو مۆدێلە قێزەوەنەی ڕانانی بزنسستارو مێدیاستارو فیلمستار و نەوەیەکی کوردی بەدەڵ گۆشبکەن .
تۆ سەرنجبدە چەند کۆمێدیایە گەلێک تاکە فیلمێکی سینەمایی نەبێت ،پیشەسازی سینەماو کوولتووری چوونە سینەماو تیایەتری نەبووبێت ، کوولتورێک لە فیلمسازی و بازاری فیلمی نەدیتبێ و بێت ڤیستیڤاڵی سینەمایی سازبدات ؟! لەژیر تایتڵی نێودەوڵەتیشدا بە سپۆنسەری میدیاو پیاوانی حیزبی! هەربە تەنها سازدانی ئەو ڤیستیڤاڵە بۆخۆی فیلمنامەیەکی زۆر سەیروسەمەرەی ژیانی کوردیە نمایشێکە بۆ ئەو قاوغە بە مۆدیرن بووەی کوردستان کە پرۆ ئیرانی و پرۆ ئەمەریکاییە و پڕپڕە لە مرۆڤی ناکامڵ و ناوبانگی سیاسی و هونەری دێز و خاڵی، خۆی ئەگەر فیلمسازێکی بەتوانا هەبێت بتوانێت فیلنامەیەک بنوسێت کە تەنها ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابروودوی کە بەسەر هەرێمی کوردستان هاتوون بکاتە فیلم، لەسەر ژیانی سیاسی و سیاسیەکان ، هونەرو هونەرمەندان ، رۆشەنبیرو بازرگان مێدیاکاران هتد …، ئەوا دڵنیام لەیەککاتدا تراژیدیترین وکۆمێدیاترین فیلمی سینەمایی سەردەم دەردەچێت!
لەوچەند ساڵەی دواییدا ئەو ئازارەی هەرگیز لەدڵم دەرناچێت ڕوخاندنی باڵەخانەی مێژوویەکانی کوردستان بوون لەوانە دادگای کۆنی هەولێر، سینەما سیروان و سینەما سەلاحەدین کتێبخانەی کۆن لە هەولێر ، وە دڵنیام لە سلێمانیش زۆر جێگەی تر بەوشێوەیە وێرانکران کراون و بوونەتە باڵەخانەی نوێی بازرگانی! ئەو مێژووە زۆر کۆن نیە هەر شەش حەوت ساڵێکە و هەر لەژێر دەسەڵاتی ئەو کەسانەدا کە ئەوڕۆ هاتوون ڤیستڤاڵی سینەمایی بەڕێوەدەبەن باڵەخانەی سینەمایەکان روخێنراون.

تاقە شەرفە بۆ کوردبوون ئاخافتن بە زمانی کوردیە

زمانی کوردی تا ئێستا بە هەزاران جوامێر خوێنی بۆ ڕشتوە و بەسەدان زانا شەونخونی بۆ پاراستنی کردوە تاکە هێمای زیندوو مانەوەی نەتەوەیەکە بۆیە زمانێکە جێگای شانازی و سەروەری بەڵام ئەوەی جێگای تاسان بوو کاتێک نادیە موردا یەک لە قوربانیەکانی شەنگال خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت ڕاستەوخۆ بە رەسمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و زۆر لە سیاسیە پلەدارەکان پەیامی پێرۆزبایان بۆ نارد، لەدوای ئەوەش دەستەولەجێ بە پۆل بە ڕەوە ژنە چالاکوان و ژنە خاوەن هەموو تایتڵەکانی کورد پیرۆزبایە پڕ لە سازش و ماستاوەکانی خۆیان بەسەرداباراند ، ئەوەی لێرەدا بۆمن زۆر جێگای سەرنج و هەژان بوو ئەوەبوو ئەگەر ژنێک ئامادە نەبێت بەزمانی دایکی خۆی بئاخڤێ کە زمانی کوردیە؟ چۆن کورد بەگشتی وا بۆی خرۆشان؟! بەتایبەت ژنە خاوەن تایتڵ پرۆفیشینەڵەکانی لەهەرێم و لە دەرەوە!

دواتر من بڕوای تەواوم بەوە هەیە زمانی دایک شەرەفێکی مەزنە هەروەها لەو جیهانەدا هیچ دەستدرێژیەک یان ئەشکەنجەیەک لەو دەسترێژیە گەورەترنیە کە رێگات نەدەن بەزمانی دایکی خۆت قسە بکەی! جا لەژێر هەر مەرجێکدا و لەهەر شوێنێکی ئەو دونیایەدا بیت! ئەگەر وایدابنێن نادیە موردا رێگەی نەدرابێ بە کوردی قسە بکا؟!
بەڵام ئەی بۆ بە عەرەبی قسەی کرد؟یان لەبەر هەر جۆرە هۆکارێکی تربێت یەک وەک کورد دوو وەک ژن بۆ من جێگای داهێزان و هەڵوێستەیەکی زۆر گەورەیە چونکە هەر کەسێک ئامادە نەبێت لەسەر زمانی دایکی خۆی گیانی فیدا بکات ئەوە خەوشەکی هێجگار مەزنە لە کەسایەتی دا ، هەروەها لەگەڵ ئەوەش بە دڵ نزا دەکەم رۆژێک نادیە موردا ئاوڕێک لە خوشکەکانی خۆی بداتەوە خوشکە خاوەن پیرۆزبایەکانی باشوور مەبەستمە! بەڵکو ئەوە خوایە ئەو پۆلە چالاکوان و فیمێنیست و نوسەرانە یان رێگا یان ناویان بخزێنرێتە ناو لیستی نۆبڵ لەو جیهانەداو کەمێک بەرزببنەوە!

لەگەڵ ئەوەش من لە ڕوویەکەوە دڵخۆشم کە بینیم ئەو هەموو ژنە شارەزایانەی کورد بوونیان هەیە و گەلەکۆمی دەکەن و وەها کتوپڕ بەیەک دەنگ و هاوهەڵوێستی خۆیان لەمەڕ پرسێک نیشاندا،هەروەها لە سەر تێکستی پیرۆزبایەکەش کە پێموایە زیادەڕۆیی و پێداهەڵدانێکی بێئەندازی تێدابوو تاساندنمی.
بەڵام لەلایەکی ترەوە شتێک بۆ من جێگای ئومید بوو کە ئەو کۆمەڵە ژنە کە لە تایتڵەکان دا ئەماژە بە جۆرەها شێوە لە خاوەنکاری و ئەکادیمستی و شارەزایی و رۆشەنبیرکراوە وەها ئاسان هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بکەن ، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە کاتێک کۆمەڵگایەک ئەو هەموو تایتڵە بەرزو سەرنجڕاکێشەی لەرەگەزی ئافرەت تێدا هەڵکەوتبێ بۆ دەبێت تا ئێستا ئافرەت لەو دۆخە سەرەتاییە دا خاوەن هێزی کارو پێگەو فیگەری رۆشەنبیری بێت ؟! بۆ لە مەکینەیەکی بەکاربراوی سیاسی و بازرگانی ئەو سەردەمەی سەرمایەداری هیچ جێ هزرو جێدەستی بەسەر کۆمەڵگایەکەیەوە نەبێت؟ بۆ ژنە رۆشەنبیرو چالاکوانەکانی هێندە لێکپەرتەوازەو بوغزنن لەگەڵ یەکتردا؟! بۆ تا ئێستا لە هیچ پلاتفۆرمێکی سیاسی کۆمەڵاتی رۆشەنبیری دا ژنان رێکنەکەوتوون !

ئەو سێ ڕووداوەی زۆر بە خێرایی لە هەفتەیکدا روویانداوە لە هەرێمدا ، دەشی سێ فیلمنامەی زۆر نایابیان لێ دروستبکرێت لەهەمان کاتتدا جێگەی خۆیەتی هەم لە ڕووی سایکۆلۆژی سیاسی ، سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی ، سایکۆلۆژی رۆشەنبیری یەوە ، لەو کۆمەڵگەیە بهزرین و هەرەوەها ئەرکی زانکۆیەکانە لە ڕووی کۆمەڵناسیە ئەو هەموو دژەلێکچوون و کۆمێدیایە دەستنیشان بکرێن و بکرێنە بابەتی بەرچاوی تێهزرێن و لێکۆڵێنەوە لەلایەن رۆشەنبیرو شارەزایانەوە ! هەروەها هیواداربووم فیلمسازێکی وا بەتوانا هەڵکەوتبا هەر بەتەنها ئەو سێ رووداوەی ئەو هەفتەیەی لەفیلنامەیەک دا داڕشتبا تا توانرابا تاریفێکی هونەری ئەو سەردەمەو ئاستی کۆمەڵگەی کوردستانی تێدا نیشان دابا جا ئەو کات مانای سینەماو ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی زیاتر ڕوون دەبۆوە!

لە دووماهیەدا ئەوەی تائێستا ئەزموونم کردوە و گەواهی بۆدەدەم و هەرگیز لێی پەشیمانیم بۆ قوناغی ئێستای کۆمەڵگە ئەو پێناسەیەیە کە زۆربەی هەرە زۆری نوسەرو رۆشەنبیرەکانی زۆر سەرەتاییتر و ترسەناکترو بیرکۆڵترن لە سیاسیەکانی ، ژنە فیمێنیست و چالاکوانەکانی زۆر سپڵەترو تەڵەکەبازترن لە بازرگانەکانی ، پزیشکەکانی زۆر ساختەچیترن لە فیتەرەکانی ،هونەرمەندەکانی زۆر پولەکیترن لە دەلاڵی خانوبەرەکانی، ئەکادیمستەکانی زۆر جۆکەرسازترن لە مەلایەکانی هتد..، ئەو دەردەشە کرۆکی سەرەکی هەموو نەهامەتیەکان و رێگری هەرە گەورەیە لەنەتەوەسازی و دەربازبوون لەو کورتهێنانە مێژوویەی کورد و چەقبەستن لەو پاشکۆیەتیەی کوردستان پێوەی دەتلێتەوە .

*مارو پەیژە: یاریەکە لەشێوەی شەترەنج

Negar nadir \2018 October

Previous
Next

Leave a Reply